توركیا لە مەرج قەدەغەی گەشتی سەرفڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرتووە

2025-10-14 20:25:28
درەو:
رۆژنامەی "العالم الجدید" راپۆرتێكی لەبارەی هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتەكانی سەر فرۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە بڵاوكردووەتەوە، بە ناونیشانی (مەرجەكان و نێوەندگیرییەكان... وردەکارییەکانی پشت هەڵگرتنی قەدەغەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە ئاشکرا دەکات) تیایدا دەڵێت:
تورکیا قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هەڵگرت، كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، لە هەنگاوێکدا كە بە پێشکەوتنێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنكەرەو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دادەنرێت كە خاوەنی هەژموونە لەو پارێزگايەو، بە درێژایی ساڵانی رابردوو توركیا تۆمەتباری دەكرد بە هاوکاریکردنی لەگەڵ گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دژی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی.
ئەم بڕیارەی تورکیا وەک پاداشتێکی سیاسی تەماشا دەکرێت دوای لێکنزیکبوونەوەی بەرچاوی نێوان هەردوولا لەسەر پرسی پەکەکە، کە لە چەند مانگی رابردوودا گۆڕانکارییە گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ رازیبوونی سەرکردایەتی ئەو پارتە بە دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەو دەستکردن بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەنكەرە.
چاودێران ئەم پێشهاتە دەبەستنەوە بە ئەنجامی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنكەرە و دیدارەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پێدەچێت هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنەکە یەکێک بووبێت لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسیانەی کە لەم سەردانەدا پێی گەییشتون.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار رایدەگەیەنێت، نزیکبونەوەی ئەم دواییەی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری کوردی وایکرد، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بكات نێوەندگیری بکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵیدا.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا رازیبووە بە هەندێک مەرج، دیارترینیان راگرتنی هەرچەشنە هاوكارییەكی دارایی و چەک بۆ پارتە کوردییەکانی تورکیاو سوریا، سنوردارکردنی تەنها لە چالاکیی سیاسیداو پێدانی ئازادیی بە کۆمپانیا تورکییەکان بۆ کارکردنی ئازادانە لە ناوەندەکانی هەژمونی یەکێتی، بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا داواشی یەکێتی كردووە له ناوچەکانی دەسەڵاتیدا به شاری کەرکوکیشەوه مافی تەواو بدات به پێکهاتەی تورکمان.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم ئاڕاستەیە دوای ئەو پەیامانە دێت کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووەو داوای لێدەکات خۆی لە بەرەی ئێران دوور بخاتەوەو بەڕووی تورکیا و دەوڵەتانی کەنداودا بکرێتەوە، وەک ئەوەی پارتی دیموکرات دەیکات.
وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە، ویستێکی ئەمریکی هەیە بۆ ئەوەی یەکێتی رووبكاتە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا، نەک ئێران، جەختیشی کردووە، سەرکردایەتی یەکێتی داوای نێوەندگیری لە سەرۆکی هەرێم کردووە سەبارەت بە هەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.
وەفا کەریم، هۆکاری ئەم ئاڕاستەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی سلێمانی دركی بە گەورەیی قەبارەی زیانە ئابوری و سیاسییەکانی دوورکەوتنەوە لە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو و وڵاتانی رۆژئاوا كردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابورییەکەی و جوڵەی ئاوەدانکردنەوەو بیناسازی لەوێ هەبووە، بەتایبەت دوای بایکۆتی کۆمپانیا تورکییەکان کە لەو پارێزگایەدا کاردەکەن.
ئاماژەى بەوەشكردووە، نێوەندگیریی پێشوی حکومەتی فیدراڵی شکستی هێنا، بەڵام کاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستوەردانی کرد و داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد قەدەغەکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت، دەستبەجێ رازی بوو.
باسی لەوەشكردووە، قوباد تاڵەبانی (برای بافڵ) جێگری سەرۆک وەزیران، سەرکردایەتی هەوڵەکانی ناو یەکێتییەکە دەکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتەکەی و تورکیا و دوورکەوتنەوە لە بەرەی ئێران، کە گەیشتووەتە لوتکەی لاوازی و وردە وردە بەرەو داڕمان دەڕوات.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دانی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانیدا نا لە هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتەكانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کرد لەو بارەوەیەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەدات.
هاوکات لەتیف شێخ، توێژەری کاروباری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات كۆمەڵێك فشار بۆ سەر یەکێتی دەستیان پێکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ لاوازبونی ئێران و کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە.
وتیشی: هەموو لایەک پێشبینی دەکەن ئێران روبەڕوی گورزێكی سەربازی نوێ ببێتەوە، هەربۆیە سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری داوە بەڕووی تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوادا بکرێتەوە، بەتایبەتی کە هەڵگرتنی قەدەغەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە دەروازەی یەکێتی دادەنرێت بەرەو ئەوروپا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، یەکێتی بەهەمان شێوە کەوتۆتە ژێر فشاری جەماوەریی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، بەو پێیەی ئاستی گەشەسەندنی هەولێر دەبینن لەگەڵ کرانەوەی بەڕووی کۆمپانیا و رێکخراوە نێودەوڵەتیەكان و پیاوانی خاوەن كار لەناوچە جیاوازەكانی جیهان بەهۆی پەیوەندیی پارتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، لە كاتێكدا سلێمانی رۆژ لە دوای رۆژ لە پاشەكشێدایە، بەو پێیەی پەیوەندی تەنها لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەر بۆیە بڕیاریداوە بەڕووی تورکیادا بکرێتەوەو پەیوەندییەکان لەگەڵیدا دروست بكاتەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تورکیا پاشەكشێی بەخۆوە بینی و ناكۆكییەكانیان پەرەیسەند، گەیشتە ئاستی بۆردومانكردنی ناوچە جیاوازەكانی سلێمانی لەنێوانیاندا فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی، یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی بەوە تۆمەتبارکران هاوكاری مادی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گروپەكانی سەر بەو حزبە دابین دەكەن، لەنێویاندا هێزەکانی سوریای دیموکرات.
غیاس سورچی، بەپرس لە یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، هەڵگرتنی قەدەغەی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە لاوازبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نییە.
سورچی وتیشی: پەیوەندی نێوان سلێمانی و ئێران پەیوەندییەکی دراوسێیەتی و جوگرافیا و درێژبونەوەی مێژووییە و ناكرێت کۆتایی بێت یان لاواز بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، ئامانجی ئێمە بەهرەمەندبوونە لە پەیوەندییە جیاوازەکان لەگەڵ تورکیا و هەموو وڵاتانی ناوچەکە.
سەبارەت بە لابردنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیش، پێیوایە، دوای پڕۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا هاتووە و چیتر تورکیا پاساوێکی نەماوە بۆ هێشتنەوەی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانە دوای ئەوەی ئەندامانی پەکەکە چەکەکانیان دانا.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ، ئەو تۆمەتانەی پێشتريش رەتدەکاتەوە کە ئەنكەرە ئاڕاستەی حزبەکەی کردبوو بە هاوکاری لەگەڵ پەکەکە، وتیشی: گەڕانەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانی دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنكەرە، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، لە ڕێگەی کردنەوەی نوسینگەکانی یەکێتی لە تورکیا یان لە ڕێگەی کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە سلێمانی.
