Draw Media

لەهەولێر دەستگیركراوەو رادەستی توركیا كراوەتەوە

لەهەولێر دەستگیركراوەو رادەستی توركیا كراوەتەوە

2023-02-28 13:02:47


 درەو:
بە وتەی هاوسەرەكەی، (رەمەزان گونەش) ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە شاری هەولێر بەدەستكیسەی هاوڕێیەكی خۆی لە ئۆپەراسیۆنێكی میتی توركیدا دەستگیركراوە، هەینی رابردوو لە شاری هەولێربووە، بەڵام نیشتەجێی شاری سلێمانی بووەو زیاتر لە سێ ساڵە وازی لە پەكە*كە هێناوە. 
ئەمڕۆ دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) بڵاویكردەوە لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە ناو شاری سلێمانی توانیویانە (رەمەزان گونەش) ناوسراو بە (شۆڕش/ شۆڕشگێڕ) دەستگیربكەن و بێگەڕێننەوە بۆ توركیا، بەپێی راگەیەندراوی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) رەمەزان گونەش سەربە هێزە تایبەتییەكانی پەكە*كەیەو بەتۆمەتی (12) كردەوەی تیرۆریستی و كوشتنی (60) كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگری میت دەستگیركراوە، ناوەندی راگەیەندنی هەپەگەش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: رەمەزان گونەش سەربە بزوتنەوەی ئێمە نیەو ماوەی سێ ساڵە وازی لەناو ریزەكانی ئێمە هەڵهاتووە. 
هاوسەری رەمەزان گونەش بە (درەو)ی راگەیاند هاوسەرەكەم (رەمەزان گونەش) كەلە 1989/7/1 لەدایك بووە   خەڵكی جۆلەمێرگی باكوری كوردستانە لە رۆژی 9/12/2022 لە شاری هەولێر لە نزیك پردی كەسنەزان دەستگیركراو برایە كونسوڵخانەی توركیا،
هاوسەرەكەی دەڵێت: رەمەزان ماوەی سێ ساڵە وازی لە پەكەكە هێناوەو لە هەولێر خۆی تەسلیمكرد، دواتر هاتە سلێمانی و ئێستا ئیقامەی سلێمانی هەیە، هاورێیەكی خۆی پێكەوە كاریان دەكرد و بەردەوام دەهاتنە ماڵمان كاتی خۆی لە شاخ پێكەوە بوون، رۆژێك كەنداڵی هاوڕێی وتی: سەیارەم پێ نیە ئەگەر ئەتوانیت با پێكەوە بچین ژن و منداڵەكەم بهێننینەوە لە خاڵی سنوری سوریا، چونكە ژنەكەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوو، رەمەزانیش وتی باشەو لەگەڵی رۆی سەعات 7:30 خولەك لە سلێمانی دەرچوون، سەعات 10:45 خولەك لە هەولێرەوە تەلەفۆنی بۆكردم وتی: كەنداڵ دەمانچەی خستووەتە سەر سەرم، ویستویەتی بمكوژێت بەڵام من توانیومە دەمانچەكەی لێبسەنم فڕێی بدەم ئێستا دەڵێت دەبێت تەسلیمی میتی توركی بم، كەنداڵ وتویەتی خانەوادەكەم گیراوە لای میتی توركی وتویانە ئەبێت رەمەزان بكوژێت ئینجا خێزانەكەم بەردەدەن، وتی ئێستا فڕۆكەو هێلی كۆپتەر بەسەرسەرمانەوەن و دەڵێن دەبێت بێن بۆ كونسوڵخانەی توركیا، وتویانە دەتبەین بۆ توركیا، دواتر ئێمە ئاسایشی هەولێرمان ئاگاداركردەوەو بۆیە ئاسایشی هەولێر بەدوایانەوەبوون، ئاساییشی هەولێر توانیویانە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ چەند چەكدارێك كە میتی توركی بوون رەمەزانیان لەگەڵ بووە دەستگیركراوون، لە ئێستادا توركیا بەدوای ئەو چەكدارانی میتی خۆی دەگەڕێت، بۆیە نابێت هیچ بڵێن لەسەری.
هاوسەرەكەی كە خەڵكی شاری سلێمانیەو ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیریان كردووە دەڵێت: رەمەزان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە شاری سلێمانی كاری دەكرد، لەو ماوەیەدا چەندین جار میتی توركی پەیوەندیان پێوەكردووەو بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن بەڵام ئەم رەتی كردووەتەوە، وتویەتی تەواو من خەریكی ماڵی خۆمم و وازم لە سیاسەت هێناوە.
هاوسەرەكەی ئەوەش دەگێڕێتەوە كە چەند جارێك قسەی لەگەڵ كردووەو ڤیدیۆو سەوتی زۆری لەلایەو دوایین جار هەینی رابردوو واتا 24/2/2023 قسەی لەگەڵ كراوە لە ئاسایشی هەولێربووە، وتویانە هیچی لەسەر نیەو بەری دەدەین، بەڵام توركیا زۆر فشاری كردووە بۆ ئەوەی رادەستیان بكرێت. 
بەدواخەوە ئەم بەیانیە دایكی لە باكوری كوردستانەوە تەلەفۆنی كردو وتی: رەمەزان لە توركیایەو دەستیگیركراوەو وێنەكەی بڵاوكراوەتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand