Draw Media

جەنگی ئۆكرانیا نەخشەی وزەى جيهان و ستایلی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی گۆڕی

جەنگی ئۆكرانیا نەخشەی وزەى جيهان و ستایلی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی گۆڕی

2023-02-24 09:41:54


 درەو:

ئەمڕۆ جەنگی ئۆكرانیا پێدەنێتە ساڵی دووهەمییەوە, هێشتا دیارترین ڕوداوی سەر گۆڕەپانی جیهانە, لەگەڵ ئەوەی لەڕوكەشدا جەنگی نێوان دوو وڵاتە, بەڵام لەجەوهەرو كاریگەریشدا جەنگێكی كەونییە بەهەموو پێوەرێك, ئەم جەنگە سەرلەنوێ‌ وێنەی ئابوری جیهانی كێشایەوە, ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەر هێڵەكانی گواستنەوەی وزەدا هێنا, ستایلی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی لەسەر ئەم هەسارەیە گۆڕی, قەیرانی هەژاری و برسێتی قوڵتركردەوە.

بەیانی ڕۆژی (24)ی شوباتی ساڵی (2022), ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا لەپەیامێكی تەلەفیزیۆنیدا دەستپێكردنی "پرۆسەی سەربازی تایبەت"ی بۆ سەر ئۆكرانیا ڕاگەیاند, لەژێر ناوی داماڵینی چەكی ئۆكرانیاو لەناوبردنی نازییەت و, بەرگریكردن لەهەردوو كۆماری لۆهانسك و دۆنیتسكی جوداخواز لەخۆرهەڵاتی ئۆكرانیا, كە بەگەورەترین هێرشی سەربازی دادەنرێت لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە. 
مۆسكۆ پێشبینی دەكرد جەنگێكی خێراو كتوپڕبێت و, بەزوویی بتوانێت كۆنتڕۆڵی كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا بكات و مەرجەكانی بسەپێنێت,  بەڵام ئەوەی بۆ پۆتین و جیهانیش جێی سەرسوڕمان بوو,  ئەو بەرگرییە بەهێزو بێوێنەیە بوو كە ئۆكرانییەكان كردیان لەپایتەختەكەیان.
 لەڕۆژانی سەرەتای جەنگدا, سوپای ڕوسیا توانی چەند ناوچەیەكی گرنگ لەباشوری ئۆكرانیا داگیربكات, لەباكوریشەوە لەسنورەكانی بیلاڕوسیای هاوپەیمانییەوە, بەرەو كیێڤ پێشڕەوی كردو توانی چەند ناوچەیەك لەدەوروبەری پایتەخت داگیربكات, بەڵام  لەسەرەتای مانگی نیساندا ناچاربوو سوپاكەی بەرەو خۆرهەڵات بكشێنێتەوە.

سەدان هەزار قوربانی و ملیۆنان ئاوارە
ماوەی چەند مانگێكە, مۆسكۆ و كیێڤ هیچ زانیارییەكیان لەبارەی زیانە گیانییەكانی ئەو جەنگە بڵاونەكردووتەوە, بەڵام بەپێی خەمڵاندنەكانی سەرۆكی ئەركانی سوپای نەرویج, لەماوەی یەك ساڵی جەنگدا (180) هەزار سەربازی سوپای ڕوسیاو (100) هەزار سەربازی ئۆكرانیا كوژراون و برینداربوون, وێڕای كوژرانی (30) هەزار هاوڵاتی مەدەنی.
ڤلادیمێر پۆتین, لەتازەترین لێدوانیدا بەبۆنەی ڕۆژی بەرگریكاران لەنیشتمان, قسەی لەسەر جبخانەی ئەتۆمی وڵاتەكەی و پلانەكانی مۆسكۆ كرد, بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەسازی چەك بەشێوەیەكی گشتی.
پۆتین وتی: بایەخی زیاتر دەدەین بە سێكوچكەی ئەتۆمی, وەك ئاماژەیەك بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لەوشكانی و لەناو دەریا لەڕێی كەشتی و لەئاسمان لەڕێی فرۆكەوە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی ڕوسیاو ئۆكرانیاوە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن مۆسكۆوە بووەتە مەترسییەكی جیهانی, لەگەڵ ئەوەی ڕوسیا لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەو چەكەی وەك ئامرازێكی بەرگری پێناسەكردووە نەك دەستپێشخەربێت لەبەركارهێنانی, بەڵام زۆرێك لەناوەندە جیهانییەكان مەترسی ئەوە ناشارنەوە ئەگەر ڕوسیا لەم جەنگەدا شكست بهێنێت, دورنییە وەك دواین بژاردە پەنابەرێتە بەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بۆ تۆڵكردنەوە لەئۆكرانیاو خۆرئاواش, كە بەچەك و جبەخانە هاوكاری كیێڤ دەكەن دژی مۆسكۆ.
جەنگی ئۆكرانیا بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی كۆچی بەكۆمەڵی بێوێنە لەئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە, بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمیسیۆنی كاروباری پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان, زیاتر لە (8)ملیۆن كەس لەئۆكرانیا هەڵاتوون, بەتەنها پۆلندا(1) ملیۆن و (500) هەزار پەنابەری لەخۆگرتووە, ملیۆنەها هاوڵاتی كە زۆرینەیان دانیشتونی ناوچەكانی خۆرهەڵات و باشوری ئۆكرانیان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

قەیرانی هەژاری و برسێتی قوڵتر كردەوە 
دوای تێپەڕبونی سالێك لەجەنگ , قەیرانی ئۆكرانیا سەرلەنوێ‌ وێنەی ئابوری جیهان كێشایەوە, نەخشەی ئابوری جیهان گۆڕدرا, هێڵەكانی گواستنەوەی وزە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا هات, لێكەوتەكانی  لەسەر ئابوری جیهان كارەستاویبون, شەپۆلێكی هەڵاوسانی بێوێنەی لەئابورییەكاندا دروستكردو هەندێكی نزیك كردەوە لەلێواری داڕمان, نرخی وزەو كەرەستە خۆراكییان ژمارەی پێوانییان تۆماركرد, ستایلی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە گۆڕی, قەیرانی هەژاری و برسێتی لەجیهان قوڵتركردەوە.
بەپێی تازەترین لێكۆڵینەوە كە پەیمانگای ئابوری ئەەڵمانیا(IW) بڵاویكردووەتەوە, جەنگی ئۆكرانیا لەساڵی (2022)دا, (1)تریلیۆن و(300)ملیار دۆلار زیانی بە ئابوری جیهان گەیاندووە, پێشبینیشیكردووە, زیانەكانی ئەو جەنگە لەسەر ئابوری جیهان لەم ساڵدا(1) تریلیۆن دۆلار بێت.  
پێشبینی دەكرێت لێكەوتەكانی جەنگی ئۆكرانیا تاساڵانێكی دورودرێژە بە ئابوری جیهانەوە دیاربێت, بەتایبەت بەهۆی ئەو سزا ئابورییە زۆرەی كە خۆرئاوا بەسەر ڕوسیادا سەپاندویەتی و ژمارەكەی گەیشتووەتە (6) هەزار سزاو, زۆرینەی كەرتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە, وێڕای كۆچی بەكۆمەڵی كۆمپانیا جیهانییەكان لەمۆسكۆ, كە دابینكارێكی سەرەكی وەزەی جیهانەو, دووەم گەورە بەرهەمهێنەری وەزەیە لەڕێكخراوی ئۆپێك. 
پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیاش بەشێكی ترە لەو بارگرانییانەی كەدوای كۆتایهاتنی جەنگ سەرهەڵدەدات, بەوتەی دینیس شمیگال سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا, تێچوی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەی بە (700) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
شمیگال, لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكی ڕایگەیاندووە: بەپێی خەمڵاندنی ئانا بیرد جێگری سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی, ئەو زیانانەی بە ئۆكرانیا گەیشتووە بە نزیكەی (700) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ڕونیشككردووەتەوە, خەمڵاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتی لەخەمڵاندنەكانی كیێڤەوە نزیكە, كە پێشتر ڕایانگەیاندووە, وڵاتەكەیان پێویستی بە (750) ملیۆن دۆلارە بۆ سەرلەنوێ‌ ئاوەدانكردنەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand