راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار
2023-02-23 12:03:26
درەو:
راپرسی (كۆمپانیای شیكار بۆ راپرسی و توێژینەوە)
• دەنگدەرانی پارتی (3.3%)یان بەشداریان نەكردووە، (1.9%) دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.3%)ی دەنگی پارتی بۆ نەوەی نوێ چووە.
• دەنگدەرانی یەكێتی (8.8%) بەشداریان نەكردووە، (2.2%) دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.3%)ی دەنگەكانیان بۆ یەكگرتوو چووە.
• دەنگدەرانی گۆڕان (20.9%)ی بەشداریان نەكردووە، (10.8%) دەنگدەرانیان دەنگیان بەنەوەی نوێ داوە، (8.4%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.2%) دەنگیانداوە بە پارتی.
• دەنگدەرانی نەوەی نوێ (5.6%)یان بەشداریان نەكردووە، (4%)ی دەنگیانداوە بە سەربەخۆكان، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكگرتوو، (1.6%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە.
• دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەری (16.7%)یان بەشداریان نەكردووە، (8.3%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە، (2.8%)یان دەنگیان داوە بەیەكێتی، (2.8%) دەنگیانداوە بە نەوەی نوێ، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكگرتووە.
• دەنگدەرانی یەكگرتوو (16.7%)یان بەشداریان نەكردووە، (7.1%) دەنگیانداوە بە سەربەخۆكان، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكێتی، (2.4) دەنگەكانیان سوتاندووە.
هەڵکشان و داکشانی دەنگی قەوارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەنیوان دوو هەڵبژاردندا.
پەرلەمانی کوردستان و عێراق
(٢٠١٨-٢٠٢١)
پێشەکی:
ئەم راپرسییە راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق لە ئوکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدراوە (لە ٢٣\١٠ تا ٢٩\١٠\ ٢٠٢١). ئامانج لەم راپرسییە زانینی کۆمەڵێک پرس بوو لەبارەی بەشداری هاوڵاتییان لەو هەڵبژاردنەدا. لەو پرسانەش چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لە رووی تەکنیکییەوە، هۆکارەکانی بەشداریکردن و بەشدارینەکردن، بەراوردی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠١٨ و ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ٢٠٢١ و چەند پرسێکی دیکە.
لەم راپۆرتەدا بەشێک لەو داتایانە دەخەینە بەردەستی خوێنەران و ئەوانەی بایەخ بە توێژینەوەکانی هەڵبژاردن دەدەن کە پێمان وایە بەڕچاوروونییەکی تێدا دەبێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشبوونی دەنگی هاوڵاتییانی هەرێم بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا. واتە ئەم راپۆرتە تایبەتە بە دابەشبوونی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (٢٠٢١) بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨.
ئێمە تەنیا دەنگەکانی هەرێمی کوردستانمان بەلاوە گرنگ بووە و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ماددەی ١٤٠ وەرنەگیراون بۆ ئەوەی جوگرافیایەکە هەمان جۆگرافیا بێت؛ بەوەش باشتر دەتوانین بەراوردی دەنگەکان بکەین. بۆیە ئەو رێژانەی دەبینرێن بەو مانایە نییە کە هەمان رێژەی دەنگە لە هەڵبژاردندا، بەڵکو ئێمە نموونەیەکمان لە خەڵک وەرگرتووە لە هەموو گروپ و کەتەگورییە کۆمەڵایەتییەکان و دەمانەوێت لە رێی بەراوردی دەنگدانی ئەوان لە هەردوو هەڵبژاردندا تیشک بخەینە سەر هەڵبەز و دابەزی دەنگی لایەنەکان و بەجێگیریی مانەوە و ناجێگیریی دەنگدەری لایەنە سیاسییەکان.
گرنگی ئەم راپۆرتە لەوەدایە کە داتاکان لە کاتێکی هەستیاردا کۆکراونەتەوە و لە کاتێکیشدا دەخرێنە بەر دەستی رای گشتی کە لایەنە سیاسییەکان خۆیان بۆ گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن ئامادەدەکەن و بڕیارە رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریبکرێت، بۆیە پێمانوایە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سوود لەو زانیارییانە وەرگرن و بزانن چەندە جەماوەرەکەیان جێگیر و پابەند ماوەتەوە و ئەوانەش کە دەنگی خۆیان گۆڕیوە بۆ چ لایەنێکی دیکە چووە و بە چ رێژەیەکیش جەماوەری هەر حزبێک بایکوتی هەڵبژاردنی کردووە؟
دەبێت ئەوەش بڵێین کە بارودۆخەکە بۆ هەموو لایەنەکان لەم دوو ساڵەدا زۆر گۆڕاوە، یەکێتی توشی لێکترازان هاتووە، پارتی کۆنگرەی کردووە و گۆڕانکاریی زۆر بەسەر سەرکرادایەتی و پەیکەرەکەیدا هاتووە، نەوەی نوێش زیاتر لە نیوەی ئەندام پەرلەمانەکانی لەدەستداوە.
کۆمپانیای شیکار بۆ راپرسی و توێژینەوە؛ لەم راپرسییەدا نموونەیەکی ٢٩٠٠ کەسیی وەرگرتووە لە هەموو قەزاکانی هەرێمی کوردستاندا وەک لە نەخشەکەدا دیارە. هەروەها نموونەکە لە هەردوو رەگەز و لە تەمەنە جیاوازەکان وەرگیراوە. لەبەر ئەوەش کە قەبارەی نموونەکە گەورەیە، بۆیە لەرووی دیمۆگرافییەوە؛ بە رێژەی بەرز خەڵکی تێدایە لە هەموو پیشەکان، ئاستی خوێندنی جیاواز و باری ئابووری جیا جیا.
دەنگی نموونەکە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا
وەک لە وێنەی (١) دا دیارە ٤٠.٦% ی نموونەکەمان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دەنگیان بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان داوە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ١٣.٩% دەنگی نموونەکەی بۆ چووە، نەوەی نوێ ٧.٦% و بزوتنەوەی گۆڕان ٥.١%. ئەوانەی دەنگی خۆیان سووتاندوە رێژەی ٧.٧% . باقی دەنگەکانی دیکەش بە رێژەی کەمتر بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا دابەش بوونە.
وێنەی (١) دابەشبوونی دەنگی نموونەکە بەسەر لیستەکاندا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠١٨
دابەشبوونی نموونەکە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا
لە وێنەی ژمارە (٢) دا دەردەکەوێت دەنگی پارتی بەرزبووتەوە بۆ ٤٤.٦% و یەکێتی گۆڕانکارییەکی وەهای بەسەردا نەهاتووە و بەڕێژەی ١٣.٥% دەنگی بۆ چووە. نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی زیادی کردووە (١١.٧%). سەربەخۆیەکان کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ بەشدارییان کرد توانییان دەنگێکی بەرچاو بەدەست بهێنن و دەنگی نموونەکەشمان بەرێژەی ٤% چووە بۆیان. بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد و ئەوانەش کە دەنگیان سووتاند بۆ ١٢.٢% هەڵکشاوە.
وێنەی (٢) دابەشبوونی دەنگی نموونەکە بەسەر لیستەکاندا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ٢٠٢١
بەراوردی دەنگەکان:
لە خوارەوە هەوڵدەدەین بەراوردێکی دەنگەکان بکەین و هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بکەینە بنەما و بزانین دەنگدەرانی هەر لیستێک کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بەو لیستە داوە چەندی بە جێگیری ماوەتەوە و چەندیش بۆ چ لیستێک چووە یان دەنگی خۆیان سووتاندووە یاخود بایکوتی هەڵبژاردنیان کردووە؟
پارتی دیمۆکراتی کوردستان
وەک لە وێنەی (٣) دا دیارە، پێدەچێت جەماوەری پارتی جەماوەرێکی جێگیر بیت بە رێژەیەکی بەرز، چونکە نزیکەی ٩٠% دەنگدەری پارتی کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بە لیستی پارتی داوە لە ٢٠٢١ هەر دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو حزبە داوە. ئەو ١٠% دیکە بە رێژەی جیاواز دەنگەکانیان دابەش بووە، زۆرترینی کە ٣.٣% دەنگەکانە ئەوانەن کە بەشداری دەنگدانیان نەکردووە و بایکۆتیان هەڵبژاردووە. لە دوای ئەوە ئەوانەی دەنگیان سووتاندووە و ئەوانەی دەنگیان بە کاندیدە سەربەخۆکان داوە رێژەی هەر یەکێک لەو دوو گروپە ١.٩%. نەوەی نوێ ١.٣% دەنگی پارتی بردووە و ئەو بڕە کەمەی دەنگەکانی دیکەش بە شێوەی جیاواز دابەش بووە. ئەوەی شایانی ئاماژەیە هیچ دەنگدەرێکی پارتی دەنگی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری نەداوە.
وێنەی (٣) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە پارتی داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
وەک لە وێنەی (٤) دا دیارە دەنگدەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە ٢٠١٨ بە رێژەیەکی زۆر بە جێگیری ماونەتەوە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (٨٢%)، بەڵام کەمتر لە دەنگدەری پارتی. دەنگدەرانی یەکێتی کە دەنگیان بە یەکێتی نەداوەتەوە لە ٢٠٢١ رێژەیان ١٨% دەبێت، ئەم رێژەیە بەم شێوەیە دابەش بووە: ٨.٨% واتە نزیکەی نیوەی دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، ٢.٢% دەنگدەران دەنگەکانیان سووتاندووە، ٢.٢% دەنگیان بە کاندیدە سەربەخۆیەکان داوە، ١.٣٪ ی دەنگی دەنگدەرانی یەکێتی بۆ پارتی و بەهەمان رێژەش بۆ نەوەی نوێ رۆیشتووە. ئەوەی شایانی ئاماژەیە هیچ دەنگێکی یەکێتی وەکو پارتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری نەچووە لە کاتێکدا لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمان بوون و لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە بێدەنگی لە هەندێک بازنە لێکتێگەیشتنێک لە نێوانیاندا هەبووە.
وێنەی (٤) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە یەکێتی داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان وەک لە وێنەی (٥) دا دیارە دەنگدەرانی ئەو بزوتنەوەیە نزیکەی نیوە ٤٩.٤% بە جێگیری مانەوە و نیوەکەی دیکە ٥٠.٦% دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو بزوتنەوەیە نەدا. ئەو رێژە زۆرەی دەنگدەرانی ئەو بزووتنەوەیە کە دەنگیان پێ نەداوە لە ٢٠٢١ بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون: زۆرترینیان نزیکەی ٢٣% بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردو بایکۆتیان هەڵبژارد. ٨.٤% ی دنگدەرانیش دەنگەکانیان سووتاند، ئەو دوو رێژەیە پێکەوە کە دەکات نزیکەی ٣١% دەنگەکانی گۆڕان رێژەیەکی زۆر بەرزەو جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە. نەوەی نوێ توانی بەشێکی بەرچاوی دەنگی دەنگدەرانی گۆڕان لە ٢٠٢١ بۆ خۆی ببات بە رێژەی ١٠.٨% و بەدوای ئەویشدا بە رێژەی زۆر کەمتر کە دەکاتە ٢.٤% هەر یەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی دەنگەکانی گۆڕانیان برد. پارتی دیمۆکرات و سەربەخۆیەکانیش بەڕێژەی ١.٢% دەنگی دەنگدەرانی گۆڕانیان بۆ رۆیشتووە. هەروەها بە هەمان رێژەش (١.٢%) دەنگیان بە سپی داوە.
وێنەی (٥) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە گۆڕان داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
نەوەی نوێ
نەوەی نوێش یەکێکە لەو قەوارانەی کە وەک پارتی و یەکێتی دەنگدەرەکانی تاڕادەیەکی زۆر بە جێگیریی ماونەتەوە (٨٤%) وەک لە وێنەی (٦) دا دیارە. ئەو دەنگدەرانەی نەوەی نوێ کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بەو جۆڵانەوەیە داوە و لە ٢٠٢١ جارێکی دیکە دەنگیان پێ نەداوەتەوە ڕێژەکەیان ١٦% دەبیت لە کۆی دەنگدەرەکانی. ئەو رێژەیە (١٦%) بەم شێوەیە دابەشبووە: زۆرترینی ٥.٦% ی ئەوانە بایکۆتیان هەڵبژاردووە، ١.٦% دەنگیان سووتاندووە و ١.٦% ی دیکەش دەنگیان بە سپی داوە. واتە زیاتر لە نیوەی ئەوانەی دەنگیان بە نەوەی نوێ نەداوەتەوە دەنگیان بە لایەنەکانی دیکەش نەداوە وەکو جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەنگدەری ئەو دوو لایەنە دەنگدەرێکی ناڕازی بووە لە بنەڕەتدا و لایەنەکانی دیکەیان قبووڵ نییە، هەر بۆیەشە دەبینین دەنگێکی زۆری دیکەی نەوەی نوێ بە ڕێژەی ٤% بۆ کاندیدە سەربەخۆیەکان چووە کە بەشێکیان لەو کاندیدانە بوون کە مشتومڕێکی زۆریان لەسەر هەبوو و لە بنەڕەتدا لە خەڵکی ناڕازی پێکدەهاتن. یەکگرتووی ئیسلامی لە هەموو لایەنەکان زیاتر توانیویەتی دەنگەکانی نەوەی نوێ بۆ خۆی ببات بەڵام رێژەکە زۆر نییە و تەنیا دەکاتە ٢.٤%. هەرسێ لایەن یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ هیچ دەنگێک لە دەنگەکانی نەوەی نوێیان بۆ نەچووە.
وێنەی (٦) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە نهوهی نوێ داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
کۆمەڵی دادگەریی
کۆمەڵی دادگەریی کە وا دادەنرا یەکێکە لەو حزبانەی دەنگەکانی جێگیرە، بەو جێگیرییە نەماوەتەوە و لە نێوان ٢٠١٨ و ٢٠٢١ دا گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر دەنگەکانیدا هاتووە (وێنەی ٧). تەنیا نزیکەی ٦٤% دەنگدەرانی بە جێگیری ماونەتەوە و ٣٦% دەنگدەرانی یان بایکۆتیان کردووە لە ٢٠٢١ یان دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە. دەنگە لە دەستچووەکانی کۆمەڵی دادگەری بەم شێوەیە دابەش بوونە: ١٦.٧% بایکۆتیان هەڵبژاردووە و ٨.٣% دەنگەکانیان سووتاندووە، ئەم دوو رێژەیە پێکەوە کە دەکاتە ٢٥%، رێژەی دوو لەسەر سێی دەنگە لەدەستچووەکانی کۆمەڵ پێکدەهێنن و نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵ کێشەی ناوخۆیی هەبووە و دەنگدەرەکانی خۆی تۆراندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەنگدەرەکانی سروشتێکی تایبەتیان هەیە؛ زۆر کەمتر دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە. یەکێتی نیشتیمانی، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەو لایەنانەن کە بەشێکی دەنگەکانی کۆمەڵیان بۆ رۆیشتووە بە شێوەیەکی یەکسان، بۆ هەر یەکێکیان ٢.٨%. پارتی دیمۆکرات و گۆڕان هیچ دەنگێکی کۆمەڵیان بۆ نەڕۆیشتووە.
وێنەی (٧) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە کۆمەڵ داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
یەکگرتووی ئیسلامی
کاتێک تەماشای وێنەی (٨) دەکەین هەست دەکەین یەکگرتووی ئیسلامیش وەکو کۆمەڵی دادگەری ٣٦% دەنگەکانی لەدەستداوە، بەڵام کاتێک دەبینین بەشێکی بەرچاوی دەنگەکانی یەکگرتوو بۆ سەربەخۆیەکان چووە لەوە تێدەگەین کە یەکگرتووی ئیسلامی کەمتر دەنگدەری خۆی لەدەست داوە، چونکە بەشێک لە کاندیدەکانی یەکگرتوو وەک کاندیدی سەربەخۆ دابەزیبوون. بۆیە ئەگەر رێژەی ٧.١% و ٦٤.٣% دەنگەکانی یەکگرتوو کۆبکەینەوە دەردەکەوێت یەکگرتوو کەمتر لە ٣% دەنگەکانی لەدەستداوە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێکی بەرچاوی دەنگدەرانی یەکگرتووش لە حزبەکەیان تۆڕەبوونە و دەنگیان بەو حزبە نەداوەتەوە، بەڵام دەنگیان بە لایەنەکانی دیکەش نەداوە، لە جیاتی ئەوە بە رێژەی ١٦.٧% بایکۆتیان هەڵبژاردووە و ٢.٤% دەنگەکانیان سووتاندووە. هەروەها ٢.٤% دەنگەکانی یەکگرتوو بۆ یەکێتی و ٢.٤% بۆ کۆمەڵی دادگەری رۆیشتوون و لە وێنەکانی پێشتریشدا بینیمان بەشێکی دەنگی ئەو دوو لایەنەش بۆ یەکگرتوو هاتبوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە هاوپەیمانیەتی و لێکتێگەیشتنێکی رانەگەیندراو لە نێوان ئەو لایەنانەدا هەبووە لە هەندێک بازنە.
وێنەی (٨) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگیان بە یەکگرتوو داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
دەنگ سووتاندن
وەک دەزانین بەشێک لە دەنگدەران کە لە ناڕازییەکانن دڵیان بە بایکوت و دەنگی سپی ئاو ناخواتەوە، بەڵکو دەچنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان و دەنگەکانیان دەسووتێنن. بەشێکی بەرچاوی نموونەکەمان لە ٢٠١٨ دەنگەکانیان سووتاندووە، ویستمان بزانین ئەوان چەندە لەسەر رای خۆیان جێگیر ماونەتەوە یان لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا بڕیارێکی دیکەیان داوە، دەرکەوت (وێنەی ٩) ئەوانیش بە رێژەیەکی بەرز جێگیر ماونەتەوە بەڕێژەی ٦٤%، لە بەرامبەردا ٣٦% لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ مامەڵەیەکی دیکەیان کردووە لەگەڵ دەنگەکانیان. بەشێکی زۆریان کە دەکاتە نزیکەی ٢٣% لە دوا هەڵبژاردندا بایکۆتیان هەڵبژاردووە و نەچۆنەتە سەر سندۆقەکانی دەنگدان. رێژەیەکی بەرچاوی دیکە نزیکەی ٦% دەنگیان بۆ نەوەی نوێ رۆیشتووە. سەربەخۆیەکان ٣% و پارتیش ١.٦% دەنگی ئەوانەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە. یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ هیچ دەنگێکی ئەوانەیان بۆ نەچووە.
وێنەی (٩) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨ دەنگی خۆیان سووتاندووە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
تەمەنی ٢٠ ساڵ و خوارتر:
ئەوانەی لە ٢٠١٨ تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە و مافی دەنگدانیان نەبووە، لە ٢٠٢١ تەمەنیان لە نێوان ١٨-٢٠ ساڵیدا بووە مامەڵەیان لەگەڵ دەنگدان سەرنجڕاکێشترە لە هەموو گروپە تەمەنییەکانی دیکە.
ئەم نەوەیە کە نەوەی ساڵی ٢٠٠٠ بە دواوەن و لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێیان دەگوترێت نەوەی Z بە رێژەی نزیکەی ٧٠% بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە لە ٢٠٢١ دا. ئەو بەشەی دیکەی دەمێنێتەوە (٣٠%)، نزیکەی نیوەیان بە رێژەی ١٤.٤% دەنگیان بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە، دوای پارتی نەوەی نوێ بە نزیکەی ٦% دەنگی ئەوانەی بۆ رۆیشتووە. یەکێتی بەرێژەی ٢.٢% و یەکگرتووی ئیسلامی و کاندیدە سەربەخۆیەکانیش هەر یەکێکیان بە رێژەی ١.٤%.
وێنەی (١٠) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨دا بەهۆی بچوکی تەمەنیان بەشدارییان نەکرد لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.
بەراوردی دەنگی لایەنەکان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردندا:
وێنەی (١١) تایبەتە بە لە دەستدانی دەنگدەری هەڵبژاردنی ٢٠١٨ و بەدەستهێنانی دەنگدەری نوێ لە ٢٠٢١ لەلایەن لیستە جیاوازەکانەوە. دەردەکەوێت نەوەی نوێ لە هەموو حزبەکان زیاتر توانیویەتی قەرەبووی دەنگدەرە لە دەستچووەکانی بکاتەوە، چونکە ١٦% دەنگدەری ٢٠١٨ لەدەستداوە بەڵام ١٦% دەنگدەری نوێی لە لیستەکانی دیکەوە بۆ هاتووە. پارتی کە ١٠% دەنگدەری خۆی لە دەستداوە و توانیویەتی ٣% دەنگدەری نوێ مسۆگەر بکات. یەکێتی نیشتیمانی رێژەیەکی دیاری دەنگدەرانی خۆی لە دەستداوە (١٨%) بەڵام نزیکەی ٨% دەنگدەری نوێی بۆ هاتووە. یەکگرتووی ئیسلامی نزیکەی ٢٩% دەنگدەری خۆی لە دەست داوەو نزیکەی ٧% دەنگدەری نوێی بۆ رۆیشتووە. کۆمەڵی دادگەری یەکێکە لەو حزبانەی کە دەنگدەرێکی زۆری لەدەستداوە (٣٦%) و نزیکەی ٥% دەنگدەری نوێی بۆ هاتووە. دواهەمینیش بزوتنەوەی گۆڕانە کە نزیکەی نیوەی دەنگدەرەکانی خۆی لە دەستداوە. کاندیدە سەربەخۆیەکانیش کە تەنیا لە ٢٠٢١ بەسدارییان کردووە نزیکەی ١٦% دەنگەکانیان مسۆگەرکرد.
وێنەی (١١) هەڵبەز و دابەزی دەنگی لیستەکان لە ٢٠٢١ بە بەراورد لەگەڵ ٢٠١٨ بەپێی دەنگی نموونەکە
ئاماژە و ئەنجامگیریی داتاکان:
ئەم داتایانە لەگەڵ ئەوەی داتایەکی نوێ نییە، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە رەفتاری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان. بە گشتی دەتوانین بگەین بە چەند ئەنجامێک:
جەماوەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە جەماوەری حزبەکانی دیکە جێگیرتر و نەگۆڕترە .
لە ناو نەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٠ دا پارتی چانسی لە هەموو حزبەکانی دیکە زیاترە.
یەکێتی ئەمجارە رێژەیەکی زیاتری دەنگدەرەکانی دەنگی پێ نادەنەوە.
وا چاوەڕواندەکرا کە جەماوەری نەوەی نوێ جەماوەرێکی جێگیر نەبێت و دوای سێ ساڵ دەنگ بەو جوڵانەوەیە نەدەن، بەڵام دەرکەوت جەماوەریان جێگیرترە لەوەی وێنا دەکرا.
گۆڕان زەرەرمەند بوو لە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، هیچ دەنگێکی یەکێتی بۆ کاندیدەکانی گۆڕان نەچووە.
بەشێکی زۆری جەماوەری گۆڕان کە دەنگیان بە گۆڕان نەداوە، بەملاو بەولادا نەڕۆیشتوون و رەنگە گۆڕان بتوانێت بەشێکیان ئاشت بکاتەوە.
یەکگرتوو توانی بەشێک لە دەنگەکانی بگێڕێتەوە لە رێگای کاندیدکردنی هەندێک لە ئەندامەکانی وەک کاندیدی سەربەخۆ.
کۆمەڵ بۆ پارێزگاریکردن لە دەنگەکانی پێویست دەکات لەگەڵ جەماوەرە تۆڕەکەی ئاشت ببێتەوە.