Draw Media

هاوپەیمانێتییەكانی پێكهێنەری حكومەتی سودانی لەبەردەم هەڵوەشانەوەدان

هاوپەیمانێتییەكانی پێكهێنەری حكومەتی سودانی لەبەردەم هەڵوەشانەوەدان

2023-02-27 19:44:39


درەو:
هاوپەیمانێتی حزبە نەریتەوانەكانی پێكهێنەری حكومەت عێراق, لەلێواری هەڵوەشانەوەو دابەشبوندان, شیعەكانی دەسەڵات بوون بە سێ‌ پارچەوە, سوننەكان بەدۆخێكی هاوشێوەدا تێپەڕدەبن, كوردیش نەك هەر لەبەغداد لەهەرێمیش پەرتەوازەیە, ئەوەی ماوە هێزە مەدەنی و تازە پێگەیشتووەكانە, كە لەناو هاوپەیمانی "گۆڕانی دیموكراسی" كۆبونەتەوە, ئەوان خۆیان بەجیاواز دەزانن, هەندێكیش پێیوایە هاوپەیمانێتییەكەی ئەوانیش, هەمان چارەنوسی حزبەكانی دەسەڵاتی دەبێت. 

پێناچێت هیچكام لەهاوپەیمانێتییە بەشدارەكان لەحكومەتی عێراق, بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی لەماوەی داهاتودا وەك خۆی بمێنێتەوە, بەتایبەت دوای كۆتایهاتنی پرۆسەی دابەشكردنی وەزارەتەكان و پۆستە گرنگەكان لەحكومەت و, سەرهەڵدانی ناكۆكی لەنێوان سەركردەی قەوارە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكان.
ناكۆكییەكان دواخران, بەهۆی سەرقاڵی هێزەكان بەو دۆخە سیاسییەی پێویستی بە ئارامی بوو, تاكاتی تەواوكردنی دابەشكاری پۆستەكان لەسەر بنەمای پشكێنە, وێڕای ئەوەی هەندێك لەسەركردەی حزبەكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان پێویستی بەگۆڕانكاری هەیە لەسەروبەندی خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان, كە بڕیارە لەمانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

هاوپەیمانی "چوارچێوە" لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە 
دیارترین هاوپەیمانێتییەكان هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی لەسەرە, كە ئەویش هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگییە"و, هێزە سیاسییە شیعییەكان جگە لەڕەوتی سەدر لەخۆدەگرێت, هەندێك سەرچاوە لەناو هاوپەیمانێتییەكە ئاماژە بەوەدەكەن, "چوارچێوە" بووە بەسێ‌ بەشەوە, یەكەمیان: لەعەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەو, حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر پێكدێت, دووەمیان: قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و, فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت, سێیەمیشان: نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو, محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی حكومەتە.    
سێ‌ سەرچاوە لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" بۆ ڕۆژنامەی "العربی الجدید" قسەیان كردووە و ڕونیانكردووەتەوە: یەكگرتوویی هاوپەیمانی چوارچێوە پاشەكشێی كردووە, ئەوەی تائێستا هاوپەیمانێتییەكەیانی لەهەرەسی تەواوەتی پاراستووە, هەڕەشەی ڕەوتی سەدرە, كە گەورەترین مەترسییە لەسەریان. 
بەوتەی سەرچاوەكان, حەكیم و عەبادی ناكۆكییان زۆرە لەگەڵ هێزەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی, كە پەیوەستە بە پرسی چۆنییەتی ئیدارەدانی قەیرانەكە لەگەڵ موقتەدا سەدرو, دۆسییەی حكومەت و گروپە چەكدارەكان و پەیوەندی لەگەڵ هەولێر, بۆیە ئەو دوانە ئەگەری كشانەوەیان نزیكترە لەهێزەكانی تر.
یەكێك لەسەرچاوەكان ئاماژەی بەوەكردووە, لەهەفتەكانی ڕابردودا ئەو لێكترازانە بەڕونی دەركەوتووە, كاتێك سودانی هەندێك لەڕاوێژكارەكانی كە سەر بە لایەنێكی چوارچێوە بوون, ئاڵوگۆڕی پێكردوون لەبەرژوەندی لایەنێكی تر, هاوكات هەندێك لەفەرمانبەرەكانی نوسینگەكەشی كە سەربە حەشدی شەعبی بوون, گۆڕیونی بە فەرمانبەرانی تر, كە سەربە حزبی دەعوەن.
سەرەڕای هەموو ئەو پێشهاتە ئاشكرایانەش, كە لە جیاوازی هەڵوێستی سیاسی پەرلەمانتارانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی و, دەمەدەمێی نێوان قەیس خەزعەلی و نوری مالیكی و, گۆڕینی ڕاوێژكارەكانی سودانیدا دەركەوتووە, محەمەد سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا, بوونی هەر جۆرە دابەشبونێك لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتدەكاتەوە.
سەیهود بە ڕۆژنامە قەتەرییەكەی ڕاگەیاندووە: هەندێك هەن بانگەشە بۆ ئەم جۆرە هەواڵانە دەكەن, نەك لەڕقی چوارچێوە, بەڵكو لەپێناو بێبایەخكردنی دەستكەوتەكانی حكومەتی سودانی, كە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لێدەكرێت.
هەرچی "هاوپەیمانی سیادەیە", كە گەورەترین هێزە لەسەر ئاستی حزبە سونییەكان, دۆخی زۆر جیاوازتر نییە لەو دۆخەی چوارچێوەی هەماهەنگی تیادایە, پەرلەمانتار هەیبەت حەلبوسی سەركردە لەحزبی تەقەدوم كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات, دانی بەوەداناوە كە بەمزوانە هاوپەیمانی سیادەی پەرلەمانیی كۆتایی پێدێت, كە ساڵێكە پێكهێنراوە, بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك ئەو پەرلەمانتارە نوسینەكەی سڕییەوە, هاوپەیمانی سیادەش لەبەیاننامەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە.
ئەو پێشهاتە دوای ئەوە هات, چوار پەرلەمانتار لە كوتلەی تەقدوم, كە لەژێر چەتری هاوپەیمانی سیادەدایە, دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لەحزبی تەقەدوم ڕاگەیاند, بەهۆی ئەو تێبینیانەی لەسەر شێوازی ئیدارەدانی حزبەكە هەیانە.  
لەهەرێمی كوردستانیش, دوو حزبە گەورەكە, یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی ڕابردودا هاوپەیمانێتیان نەكرد, بەهۆی قوڵبونەوەی كێشمەكێشەكانی نێوانیان, ئەو ناكۆكییانە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی سودانیدا دەستیپێكرد, بەدیاریكراوی لەكاتی دابەشكردنی پۆستە گرنگەكان, ناكۆكییەكانیان پێینایە قۆناغێكی سەختەوە, ئەوەش وایكرد هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێكنزیكردنەوەی بۆچونی ئەو دوو حزبە شكستبهێنێت, دیاریترن ناكۆكییەكانیش لەنێوان ئەو دوو حزبە پەیوەستە بە یاسای نوێی هەڵبژاردن لەكوردستان.

خۆڕاگری حزبە مەدەنی و نوێكان
حزبە مەدەنی و قەوارە سیاسییە تازە پێگەیشتووەكان كە لەهاوپەیمانی "هێزەكانی گۆڕانی و دیموكراسی"دا كۆبونەتەوە, هاوشانی حزبی شیوعی عێراقی, لەگەڵ ئەوەی كێشەی دارایی و لاوازی ڕێكخستن و سەختی ڕوبەڕوبونەوەی حزبە گەورەكانیان هەیەو, پێشبینی زۆریش هەیە لەبارەی هەرەسهێنانی ئەم ئەزمونەیان, بەڵام جوڵەی ئەو هێزانە پێدەچێت تائەم ساتە سەقامگیربێت.
رائید فەهمی, سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراقی ڕایگەیاندووە: گرنگترین شت كە دەبێتە مایەی سەركەوتنی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان, چاوخستنەسەر ئامانجە هاوبەشەكانە, بەهۆی ئەوەی زۆرینەی حزبە نەریتەوانەكانیش ئامانجی تایبەت و شەخسیان هەیە, بۆیە چارەنوسی هاوپەیمانێتییەكانیان هەرەسهێنانە.
رائید فەهمی بۆ ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی, ڕونكردووەتەوە: هێزەكانی هاوپەیمانی "گۆڕانی دیموكراسی" بەوریایی و هەنگاوی دیراسەكراوەوە كار دەكەن, لەگەڵ كۆدەنگییان لەسەر ئامانجی هاوبەش كە لەپێداویستی و داواكاریی عێراقییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە,  بۆ دەوڵەتێكی ڕاستەقینە كە لەخزمەتی خەڵكدا بێت.
لای خۆیەوە, ئەحمەد شەریفی شرۆڤەكاری سیاسی ڕایگەیاندووە: تەواوی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان, كە لەڕابردوودا هێزە نەریتەوانەكان پێكیانهێناوە, تەنانەت هاوپەیمانێتییە مەدەنییەكانیش, سەرجەمیان هەرەسیانهێناوە, بەهۆی مەزاجی سیاسی و بەرژوەندی شەخسییەوە.
شەریفی ئاماژەی بەوەشكردووە: كۆبونەوەی حزبەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی موقتەدا سەدر بوو, ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانی سیادەش ئەوەبوو محەمەد حەلبوسی بتوانێت پارێزگاری لە پۆستەكەی بكات, هەرچی كوردیشە, تائێستا نەیتوانیوە هاوپەیمانێتییەكی جێگیر دروستبكات, بەهۆی ئاڵوگۆڕی سەركردەكانی و دورخستنەوەی هەندێكی تریان, هێزە مەدەنییەكان و گەنجە تازەكانیش لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدان, بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا, چارەنوسی هاوپەیمانێتییەكان هەرەسهێنانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand