گفتوگۆی هەرێمو بەغداد لەسەر یاسای نەوتو غاز
2023-02-22 14:29:24
راپۆرت: درەو
حكومەتی ناوەند دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت، یاسای نەوتو غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە)، ئەمانە وردەكاری گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندە لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم لە (15) خاڵدا پێشنیازی خۆی لەبارەی یاساكە خستوەتەڕوو، حكومەتی ناوەند (10) خاڵی پێشنیازەكانی هەرێمی رەتكردوەتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری خاڵە كۆكو ناكۆكەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاساكەوە بڵاودەكاتەوە.
حكومەت تاوتوێی دەكات
لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، حكومەتی هەرێمی بانگهێشتكرد بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ.
دەرچوونی ئەم یاسایە، یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی بەشداری كورد لە كابینەی حكومەتی عێراقدا، لەچوارچێوەی رێككەوتنی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت كە ناویان لەخۆیانناوە "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"، سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غاز دەربكات، كابینەی سودانی (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا تێپەڕیوە.
لەسەر بنەمای داواكارییەكەی سودانی، بەمدواییە دوجار وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوەتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ.
وەفدەكە پێشنیازی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاساكە خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، وتەبێژی حكومەتی هەرێم كە خۆی ئەندامی وەفدەكە بووە دەڵێ" بەغداد دەبێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم یاساكە دەربكاتو رەچاوی پیشەسازی نەوتی هەرێم بكات، ناكرێت لایەنێك لەخۆیەوە رەشنوسی یاساكە بهێنێت، دەبێت بە یەكەوە ئامادەی بكەین".
وردەكاری گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوتو غاز تائێستا بە فەرمی بڵاونەكراوەتەوە، هەرچەندە پرۆژە یاساكە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و گفتوگۆی لەسەركرا، بەڵام (درەو) لە سەرچاوەیەكی ناو وەفدی دانوستانكاری هەرێمەوە، بەدواداچوونی كردووەو لەم راپۆرتەدا وردەكاری ناكۆكییەكان نێوان لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاساكە، دەخاتەڕوو.
ماددەی 111ی دەستور
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێك لەو بنەمایانەی كە وەفدی حكومەتی هەرێم لە دانوستانەكانیدا بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غاز پێشكەشی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، پابەندبوونە بە ماددەی (111)ی دەستوری عێراقەوە.
ماددەی (111)ی دەستور دەڵێ" نەوتو غاز لە هەموو هەرێمو پارێزگاكان، موڵكی هەموو گەلی عێراقە".
حكومەتی عێراق لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم، چونكە پێوایە ئەم ماددەیەی دەستور بنەمایەكی باشی لەسەر موڵكایەتی نەوتو غاز دیاریكردووەو تایبەتمەندی بە هیچ لایەك نە حكومەتی ناوەندو نە حكومەتی هەرێم، نەداوە.
دەسەڵاتی بەغداد بەسەر نەوتی هەرێمدا
بەپێی زانیاریی سەرچاوەكەی (درەو)، حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە بەڕێوەبردنی نەوتو غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی پێش جێبەجێكردنی دەستوری عێراق لە 2005، واتە ئەو كێڵگانەی ناویان لێنراوە "كێلگەكانی ئێستا"، بەشێوەیەكی هاوبەش بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم.
(درەو) زانیویەتی، حكومەتی ناوەند لەسەر ئەم پێشنیازەش قایلە، چونكە پێیوایە پێشنیازەكەی هەرێم گونجاوە لەگەڵ بڕگەی یەكەمی ماددەی (112)ی دەستوردا.
بڕگەی دووەم لە ماددەی (112)ی دەستور دەڵێ" حكومەتی فیدراڵی هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوتو غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان... ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت".
ئەوەی لەم بابەتەدا وەكو سەرچاوەی ناكۆكی دەمێنێتەوەو دەبێت هەولێرو بەغداد رێككەوتنی لەسەر بكەن، شێوازی بەڕێوەبردنە "هاوبەش"ەكەیە.
گواستنەوەی خاوەندارێتیی !
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە لە یاسای نەوتو غازدا رێگا بە "گواستنەوەی خاوەندارێتی نەوتو غاز بدرێت بۆسەر كەسانی تر لە خاڵی رادەستكردندا".
(درەو) زانیویەتی، حكومەتی ناوەند لەم پێشنیازەدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم ناكۆكەو دەڵێ ناكرێت بڕگەیەكی لەم شێوەیە لەناو یاسای نەوتو غازدا جێگیر بكرێت، چونكە پێچەوانەی ماددەی (111)ی دەستورە كە دەڵێ "نەوتو غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە".
حكومەتی عێراق پێشنیاز دەكات رێكخستنی بابەتی گواستنەوەی موڵكایەتی نەوتو غاز بەجێبهێڵدرێت بۆ ئەو گرێبەستانەی فرۆشتن كە بۆ ئەو مەبەستە ئیمزا دەكرێن.
ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ
لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ لە یاسای نەوتو غازدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ ئەندامێتی ئەم ئەنجومەنە بە تەوافوق بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم، رێگە بەوە نەدرێت ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە لایەنی جێبەجێكاری یاسا بنو دەڵێ كۆمپانیا نیشتمانییەكانی نەوت لایەنی جێبەجێكارنو تایبەتمەند نین لەبواری دانانی سیاسەتو بەڕێوەبردنی مۆڵەتەكان.
لەمەدا حكومەتی ناوەند هاوڕایە لەگەڵ پێشنیاری حكومەتی هەرێمو پێیوایە هاوتایە لەگەڵ بنەمای شەفافیەتو بێلایەنی لە بڕیاردانو رێگری لە بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان دەكات، بەڵام پێشنیاز دەكات دەسەڵاتی ئەوە بە ئەنجومەنی نەوتو غاز بدرێت میوانداری سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت بكات لە خولەكانی دانیشتنی ئەنجومەنەكەدا، بەوپێیەی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت لایەنی بەرپرسە لە جێبەجێكردنی یاسا.
سیاسەتی نەوتو غاز
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە (ئەنجومەنی فیدراڵ)و (ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوتو غاز) ئامادەكردنی سیاسەتی ستراتیژی نەوتو غاز بگرنە دەست.
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەی حكومەتی هەرێمە، دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی دەستورەو دەكرێت دەرگا بەڕووی دروستكردنی ئەنجومەن لە پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت بكاتەوە، سەرباری ئەمە دەبێتە هۆی فرەیی لەو لایەنانەی كە بەرپرسن لە دانانی ستراتیژیەتی گشتیی نەوتو غاز.
كێ هەماهەنگیی دەكات ؟
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ ئەركی ئاسانكاری هەماهەنگیی لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێمو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) بگرێتە ئەستۆ.
حكومەتی ناوەند لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا هاوڕایەو دەڵێ دژی ئەوە نین بابەتی هەماهەنگیی لەناو ئەركەكانی ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵدا بێت.
دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوتو غاز
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، لە یاسای نەوتو غازدا ئەم دەسەڵاتانە بدرێت بە ئەنجومەنی نەوتو غاز لە هەرێمەكاندا:
• دانانی بنەما گشتییەكانی سیاسەتو پلانی نەوت لە هەرێمەكاندا، بەتەنیا خۆی ئەم دەسەڵاتەی هەبێت.
• پەسەندكردنی گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمدا.
• دیاریكردنی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمدا.
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ دروستكردنی ئەنجومەنی نەوتو غاز لە هەرێمدا بەواتای فرەیی دێت لەسەرچاوەی بڕیاردا، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە دەرگای لەسەر دروستبوونی ئەنجومەنی هاوشێوە لە پارێزگاكاندا (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) دەكاتەوەو پێچەوانەیە لەگەڵ بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ.
پێدانی مۆڵەت
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، پێدانی مۆڵەتی (دۆزینەوەو دەرهێنان)ی نەوت لە دەسەڵاتی ئەو لایەنانەدا بێت كە لە دەستوردا دیاریكراوە، لەبەرامبەردا گرێبەستەكانی تایبەت بە كێڵگەكانی هەرێم بە تەنیا لە دەسەڵاتی هەرێمدا بێت، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور.
حكومەتی فیدراڵ ئەم پێشنیازە رەتدەكاتەوەو دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتی بە هیچ لایەك نەداوە، بەڵكو لە ماددەی 112دا نوسیویەتی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوتو غازی دەرهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا.
میكانیزمی پەسەندكردنی گرێبەستەكان
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێم ئیمزا لەسەر مۆڵەتی دۆزینەوەكانی نەوت بكاتو دواتر بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵو ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم، ئەگەر ناكۆكی هەبوو لەبارەی گرێبەستەكەوە، بڕیاری كۆتایی لەو گرێبەستانەدا كە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمدان، بۆ ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم بێت.
حكومەتی ناوەندیی ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" دژی ئەمەین، چونكە پێشتر ئێمە پێكهێنانی ئەنجومەنی نەوتو غازمان لە هەرێم رەتكردوەتەوە".
چاودێری پرۆسەكانی نەوتو غاز
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، خۆی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ئیدارەی پرۆسەكانی تایبەت بەو كێڵگانە بدات كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش جێبەجێكردنی دەستورو حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی هەموو پرۆسە نەوتییەكان لەناو هەرێمدا بكات، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور.
حكومەتی ناوەند لەوەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم كە بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیدارەی كێڵگەكانی بەر لە جێبەجێكردنی دەستور بدات لە هەرێم، بەڵام دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی پرۆسەكانی نەوت بكاتو دەڵێ" بەگوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی 112ی دەستور، ئیدارەدانی نەوتو غاز دەبێت هاوبەش بێت".
سیستەمی دارایی
حكومەتی هەرێم پێشنیازی ئەوەی كردووە لەڕووی داراییەوە پشت بە (یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007) ببەستێت.
حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" ناكرێت پشت بە یاسایەك ببەسترێت كە دادگای باڵای فیدراڵی هەڵیوەشاندوەتەوە".
گواستەوەی نەوت
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، بەگوێرەی دەستور خاوەندارێتی تۆڕەكانی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو رێكبخرێتو هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، مافی ئەوەیان هەبێت هێڵی بۆری نەوتو غاز دروست بكەنو خاوەندارێتی لێ بكەن، لەچوارچێوەی بازنەی ئیداری تایبەت بەخۆیاندا.
حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ" دەستور نوسیویەتی كە خاوەندارێتی نەوتو غاز بۆ گەلی عێراقەو رەشنوسی یاساكە گەرەنتی ماددەیەكی كردووە كە دەڵێ: خاوەندارێتی هێڵەكانی بۆری نەوتو غاز بۆ حكومەتی فیدراڵییە، بەوپێیەی خزمەتگوزاری گشتینو دەبێت بۆ خزمەتی گشتیش بن، ئەمە پاڵپشت بە بنەما گشتییەكانی هاتوو لە یاسای مەدەنی عێراقدا.
كێ نەوت بفرۆشێت ؟
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێمی كۆمپانیایەكی بەبازاڕخستنی تایبەت بەخۆی هەبێتو داهاتی نەوتی خاو بخاتە حسابێكی نێودەوڵەتییەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدا بێتو داهاتی فرۆشی نەوتی حكومەتی فیدراڵیش بخرێتە حسابێكی ترەوە.
حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوەو دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی یاسای رێكخستنی وەزارەتی نەوتو پەیڕەوی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتە، كە بەتەنیا ئەو خاوەنی دەسەڵاتە لە فرۆشتنی نەوتی خاودا، هەروەك پێشنیازەكە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای ئیدارەی داراییو یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵە كە دەڵێ دەبێت هەموو داهاتەكانی فرۆشی نەوتی خاو بخرێتە حسابێكەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دەكرێتەوە".
هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژەكان !
حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، چارەسەری بارودۆخی ئێستا بكرێتو هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە دژن لەگەڵ یاسای نوێی نەوتو غازدا (لەحاڵی پەسەندكردنیدا)، یاساكە هەندێك حوكمی ئینتقالی لەخۆبگرێت بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم، لەماوەیەكی زەمەنی گونجاودا، ئەمە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی كە پێچەوانەی دەستورن.
حكومەتی ناوەند لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمو دەڵێ لە رەشنوسی یاسای نەوتو غازدا بە ماددەیەك زامنی ئەوە كراوە هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێتەوە كە دژن لەگەڵ ئەم یاسا نوێیەدا.
لەبارەی یاسای نەوتو غازەوە
یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یاسایەكە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەند لەسەر چۆنیەتی نوسینەوەی ئەم یاسایە، یاساكە تائێستا دەرنەچووە.
محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان دەركرد بوو، لایەنەكانی شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڵێنیان دا، ئەگەر كورد (پارتیو یەكێتیی) بەشداری حكومەتی نوێ بكەنو پشتیوانی لێ بكەن، ئەوا كابینەی نۆێی حكومەت لەماوەی شەش مانگدا یاسای نەوتو غازیان بۆ دەردەكاتو چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی نەوتو بودجەی هەرێم دەدۆزێتەوە.
ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددام، كورد زۆر بە تەنگ دەرچوونی یاسای نەوتو غازەوە نەبوو، ئەمەش بەسودوەرگرتن لە ماددەی (115)ی دەستوری عێراق كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندیو حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە".
بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوەو بەپێی ئەو بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.
لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییەوە، حكومەتی هەرێمی بەپێچەوانەی ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئێستا لە لایەنە عێراقییەكان زیاتر خوازیاری دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵە، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، پرۆسەی نەوتو غازی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوتو وڵاتانی كڕیاری نەوتدا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نامێنێت.
لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت:
• یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوتو غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكاتو نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێتو بە هەماهەنگیو راوێژ بڕیارەكان دەربچن.
• دووەم رەشنوسی پێشنیاری یاسای نەوتو غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلایەن لیژنەی نەوتو وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگییو هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنو گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت.
بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوتو غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندیو ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوتو غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.
ئێستا كە دانوستانێكی نوێ لەسەر نوسینەوەی رەشنوسی نەوتو غاز هاتوەتە پێشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لایەنێكی خۆرئاوا بێتە ناو گفتوگۆكان، بۆ ئەمەش بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەردانی پاریسی كردو سەرۆكی فەڕەنسای بینی.
بەم بارودۆخەوە، ئەگەری رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوتو غاز ئەگەرێكی دوورەو رەنگە دەرگا لەسەر قۆناغێكی سەختتری ناكۆكی لەسەر بودجەو نەوت لەنێوان هەردوولا واڵا بكات.