Draw Media

(درەو): روسیا سیناریۆی سوریا دووبارە دەكاتەوە، خاكی ئۆكرانیا داگیر ناكات، لەسەر سنورەوە ئاگرباران دەكات‌و ئەمباری چەكی ئۆكرانیا لەناو دەبات، ئاژاوەی سیاسی لە ئۆكرانیا دروست دەكات، پێشبینییەكان بەمشێوەیەن.  قسەكانی پێشووی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی ئەگەری چونەناوەوەی روسیا بۆ ناو خاكی سوریا ئەگەرێكی دوورە، دەریدەخات رەنگە ئەمریكا لە بەكەمگرتنی مۆسكۆدا لە قەیرانی ئۆكرانیا، سەرلەنوێ بكەوێتە هەڵەوە.  سایتی (ناشۆناڵ ئنترێس) دەڵێ" ئەمریكا بەر لە چەند ساڵێك بەدووری دەزانی روسیا بچێتە ناو خاكی سوریاوە، ئەمە هەڵە دەرچوو، هێزەكانی روسیا‌و فڕۆكە جەنگییەكانی چونە ناو دڵی قەیرانی سوریاوە".  سایتەكە باسلەوە دەكات، هەندێك وانە هەن كە دەبێت ئەمریكا سودیان لێ ببینێت، ئەمەش لەڕێگەی چاوحشاندنەوە بە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەمە هەندێك ئاماژە لەبارەی قەیرانی ئێستای روسیاو ئۆكرانیا بەدەستەوە دەدات". چوار وانە لە سوریاوە یەكەم: دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، لەبری جەخت خستنەسەر گەڕاندنەوەی خاك بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەد، بەشێوەیەكی سەرەكی چڕبووەوە لە وێرانكردنی توانای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی سوریا. ساڵی 2015 كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانایان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دیمەشق زیاتر بوو بۆ لادانی ئەسەد لە دەسەڵات، كرملین بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو ململانێكانی سوریا، ئەمەش لەرێگەی بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی‌و گورزی موشەكیی، لەمەشدا تیمی سەربازی روسیا كاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرد.  دووەم: سوربوونی روسەكان لەسەر بەجهێشتنی " كەمترین شوێن پێ" لەسەر خاكی سوریا، ئەمەش لەو رێگەی سەرەنج ناخەنە سەر داگیركردنی خاك‌و بەرپرسیارێتی حوكمڕانی لە سوریا ناگرنە ئەستۆ.  تەنانەت روسەكان لە چەندین حاڵەتدا نێوەندگیرییان كرد بۆ راگرتنی شەڕ‌و هێشتنەوەی ناوچە گرنگەكان لە دەستی خاوەنەكانیاندا، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا حكومەت كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری خاكی سوریا بكات‌و پاشان سەرلەنوێ هەژموون بۆ حكومەتی دیمەشق بگەڕێندرێتەوە.  سێیەم: هەر كاتێك پێویست بە هێزی زەمینی بوبێت، روسەكان پەنایان بۆ كۆمپانیای سەربازی تایبەت یاخود هێزی سەربازی نارێكخراو بردووە، ئەمە وایكرد سەربازانی روسیا لە سوریا كەمتر بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەربكەون‌و زیانی گیانیشیان كەم بێت.  دواجار لەرێگەی وەشاندنی موشەكی (كالیبر كروز) لە گەشتیگەلی دەریای قەزوینەوە، روسەكان توانای خۆیان لە وەشاندنی گورزی كوشندە نیشاندا لەو بنكانەوە كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە. بەكارهێنانی ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای قەزویندان، ئەو پەیامەی گەیاند كە توانا سەرەكییەكانی روسیا پێویستیان بەوە نییە ببرێنە ناوچەكانی ململانێوە‌و روبەڕووی مەترسی بكرێنەوە.  ستراتیژیەتێكی پتەو لە ئۆكرانیا هەڵمەتی سەربازی روسیا لە سوریا ئاماژەی ئەوەمان پێدەدات ئەگەر روسیا بڕیار بدات هێزی سەربازی دژی ئۆكرانیا بەكاربهێنێت، ئەوان پەنا بۆ وەشاندنی گورزی دوور مەودا دەبات بۆ وێرانكردنی جبەخانەی ئۆكرانیا، بەتایبەتیش ئەمباری فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی‌و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییە رێكخراوەكانی.  حاڵەتی سوریا ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە روسەكان تا بۆیان بكرێت خۆیان بەدوور دەگرن لە پەڕینەوە لە سنور‌و لەسەر هێڵی سنورەوە ئاگری خۆیان دەوەشێنن.  ژماری هێزی تایبەتی ئۆكرانیا بۆ جەنگ‌و بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی دژی تانك‌و زرێپۆشەكانی روسیا، كاراییان نابێت ئەگەر روسیا هاوشێوەی هێرشەكەی بۆسەر سوریا، هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیاش.  لەكاتێكدا هەندێك پێشبینی دەكەن، روسیا هەڵمەتی زەمینی ئەنجام بدات بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا، دەستەی گشتی ئەركانی سوپای روسیا پلان دادەنێت بۆ وێرانكردنی توانا‌و لاوازكردنی رۆحی مەعنەوی سوپای ئۆكرانیا‌و دروستكردنی دۆخی ئاژاوەی سیاسی لەو وڵاتە.  ئەمریكا گریمانەی كردبوو روسیا "ترس"ی هەیە لە سەرچڵیكردن‌و رۆیشتن بۆ سوریا، ئەم هەڵەیەی ئەمریكا دەكرێت لە ئێستا لە ئۆكرانیاش دووبارە ببێتەوە.   


 راپۆرتی: درەو بەشی یەکەم زیاتر له‌ سه‌د ساڵه‌ نه‌وت له‌م ناوچه‌ جوگرافییه‌ی که‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان ناسراوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ڕێگه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی گیراوه‌ تا دوای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی  کوردستان له‌ ساڵی 1991، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی (کۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتییەکان) دەدرێت، ئەم کۆمیتەیە کاری هەوڵدان بووە بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەناوچەی تەق تەق و شێواشۆک، بۆ یه‌که‌م جاریش به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی له‌ (26/12/1994) یەکەمین گاڵۆن نەوت لە بیرە نەوتی شێواشۆک دەردەهێنرێت. پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق و لە (17/7/2002) یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێم - ئیدارەی سلێمانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیای (جەنەڵ ئینێرجی) ئیمزا کرا، کە یەکەمین گرێبەستی نەوتی بوو لەمێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی واژۆ کرابێت. یەکەم: دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەو ناوچە جوگرافییەی کە ئێستا بە هەرێمی کوردستان ناسراوە، لە مێژە کێڵگەی گازی و نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لە ساڵانی (1900) بەدواوە، کێڵگەی نەوت و غاز لە کەرکوک و چەمچەماڵ و قادرکەرەم (کۆرمۆر) دۆزراونەتەوە، پاشان لە ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دوای ئەویش لە وڵاتانی کەنداو تونراوە نەوت بدۆزرێتەوە. بەڵام بەهۆکاری سیاسی ڕێگە لەوە گیراوە وەبەرهێنان لەم سەرچاوە سروشتییانەدا بکرێت بە تایبەت لەم سنورە جوگرافییە، جگە لە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک، سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی لەم سنورە بوون داپۆشران و تا نزیک لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس هیچ وەبەرهێنانێکیان تێدا نەکرا. ئەمە دەری دەخات نزیکەی سەدەیەک ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ڕێگربوونە لەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە سودمەندبن لەم سەرمایە گرنگە، سەرباری ئەوە ڕێگە لەوە گیراوە زانیاریشی لەبارەوە بڵاوببێتەوە، بە تایبەت لە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن جێگەیەکی ئەوتۆ بۆ ئەم سامانە گرنگ و نەتەوەییە نەکراوەتەوە تا خەڵکی زانیارییان هەبێت دەربارەی سەروەتێکی وەها گرنگ.    دووەم: یەکەم هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە پاش راپەڕینی خەڵکی لە باشوری کوردستان (باکوری عێراق) و دروستبوونی قەوارەیەکی سیاسی نیمچە سەربەخۆ بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە، مەسەلەی نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لە خەڵکانی شارەزای ناوخۆییەوە هەوڵی بۆ دراوە، هەوڵەکانیش سەرەتا بە نهێنی بوونە، تا لە مانگی تشرینی یەکەمی (1993) لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی (کۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتییەکان) دەدرێت، ئەم کۆمیتەیە کاری هەوڵدان بووە بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەناوچەی تەق تەق و شێواشۆک. کۆمیتەکە لەلایەن ئەندازیاری نەوت (حەمە جەزا ساڵح) سەرپەرشتیکراوەو سەرۆکی وەزیرانی ئەوکات (کۆسرەت رەسوڵ عه‌لی) سەرۆکی کۆمیتەکە بووە. بە سوود وەرگرتن لەو پاشماوە ئاسنینانەی کە لە کارگەی شەکرەکە سلێمانی هەبووە، توانراوە پاڵاوگەیەکی بچووک دروستبکرێت و لە (26/12/1994) یەکەمین گاڵۆن نەوت لە بیرە نەوتی شێواشۆک دەردەهێنرێت، لە (28/ 12/ 1994) نموونەیەک لەو نەوتە دەبرێتە ئێران و لە تاقیگەکانی ئێراندا دەپشکنرێت و پاش ماوەیەک بە ئەنجامێکی ئەرێنییەوە دەگاتەوە کوردستان. ئەم پاڵاوگەیە لە سەرەتای ساڵی (1995) دەست دەکات بە دەرهێنانی نەوت. بەرهەمەکەی دەبرێت بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی سەرچنار و بازیان، بەشێکیش لە پێداویستییەکانی نەوت لە دەڤەری سلێمانی دابین دەکات، بە تایبەتی بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی لە بواری گەرمکردنەوەدا بەکاردەهێنرێت. هەندێک ئەم پاڵاوگە بچوکە بەسەرەتای دامەزراندانی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناودەبەن. بەڵام لەوکات بەدواوە بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکی پرۆسەکە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگیەیە پەکی کەوتووە، ئەوانیش؛ یەکەم؛ حکومەتی عێراقی (ڕژێمی بەعس) دژی بەرهەمهێنانی نەوت بووە لە هەرێمی کوردستان. دووەم: شەڕی ناوخۆو ململانێی یەکێتی و پارتی دەرفەتی نەداوە بە بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە. جارێکی ترو پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس، کە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، چەند کێڵگەیەکی نەوتی دۆزرابوونەوە وەکو ناوچەکانی (زاخۆ، تەق تەق و گەرمیان) و هەر لەم قۆناغەدا بوو هێشتا سەردەمی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانی بوو، یەکێتی چەند گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی ئیمزا کرد. زۆرینەی ئەو بلۆکە نەوتییانەی گرێبەستیان لەسەر کرا، پێشتر نەوتیان تێدا دۆزرابوویەوە یان بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندرا بوو. یەکەمین گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانی ئیمزا کران. لەو پرۆسەیەشدا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی دەستپێشخەر بوو، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ساڵانێکی درەنگتر و تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە ساڵی (2003)دا، نەهاتە ژێرباری پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە. پێش ساڵێك لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق و لە (17/7/2002) یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێم - ئیدارەی سلێمانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیای (جەنەڵ ئینێرجی) تورکی ئیمزا کرا، کە یەکەمین گرێبەستی نەوتی بوو لەمێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی واژۆ کرابێت.  هەر پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس بوو لە (14/1/2003) حکومەتی هەرێم - ئیدارەی سلێمانی دوو گرێبەستی دیکەی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پوولخانە لەگەڵ کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ) ئیمزا کرد. بەوەش ژمارەی گرێبەستەکانی ئیدارەی سلێمانی بۆ سێ گرێبەستی نەوتی هەڵکشا. سێیەم: دەرهێنانی نەوت لە پاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق و داگیرکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، پاش ئەوەی گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان لابرا، تا ئەوکاتە تەنیا یەکێتی نیشتمانی لەڕێگەی ئیدارەی سلێمانییەوە دەستی بە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی کردبوو،  بە ساڵێك دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، بۆ یەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی ئیدارەی هەولێرەوە دەستی بە ئیمزاکردنی چەند گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان کرد. لە (25/6/2004) حکومەتی هەرێم - ئیدارەی هەولێر سێ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی (تاوکێ، ئەربیل و دهۆک) لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر ئیمزا کرد. ئەوەش یەکەمین بەشداریی ئیدارەی هەولێر بوو لە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی و لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا. هەر لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانیدا، گرێبەستێکی دیکەی نەوتی لە نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر لە ڕێککەوتی (4/5/2006) ئیمزا کرا. لە دوای یەکگرتنەوەی کابینە حکومییەکانی هەولێر و سلێمانی، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دەرهێنانی نەوت و پێشخستنی بواری پیشەشازی نەوت کرد. بە خێرایی پەرەدان بە کەرتی نەوتی هەرێم و گربەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت دەستی پێکرد. چونکە ئەو گرێبەستانەی پێشوو بوون بە سەرەتایەک بۆ بلۆکبەندی کوردستان، پاشان لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بارودۆخی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان لە سایەی یەکگرتنەوەی حکومەتەکانی هەولێر و سلێمانی لەلایەک و بوونی دەستورێکی نوێ لە عێراق لە لایەکی تر ڕێگەی بۆ هەرێمی کوردستان خۆشکرد پرۆسەی نەوت پەرە پێبدات. سەرەتای بەرفراوانبوونی کەرتی نەوت و گازی هەرێمیش لەوەوە دەستی پێکرد کە چوارچێوەی جوگرافی له‌ هەرێمی کوردستان بەسەر کۆمەڵە بلۆکێکی بچوک بچوک دابەشکرا که‌ ژماره‌یان (48) بلۆک بوو له‌ (8) ناوچه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستاندا (دواتریش کرا بە (57) بلۆک)، ئەم دابەشکردنەش ئاراستەی سیاسەتی کۆمەڵە کۆمپانیاییەکی بیانی بۆ خۆی ڕاکێشا لە یەک کاتدا بۆ پەرەپێدان و بوژانەوە و وەبەرهێنان له‌ کەرتی نەوتی هەرێم هاتنە پێشەوە.  له‌ ساڵی (2006) و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێکهێنرا، ساڵێک دواتر یاسای نه‌وت گاز له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچوێنرا. لێره‌ به‌دواوه‌ کۆمپانیا بیانییه‌کانی بواری نه‌وت ڕویان له‌ هه‌رێمی کوردستان کردو تا ساڵی (2014) ده‌یان کۆمپانیای گه‌وره‌و دیاری بواری نه‌وت‌ چه‌ندین گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامدا، که‌ دیارتینیان کۆمپانیاکانی (جەنەڵ ئینێرجی، پیت ئۆیڵ، دی ئێن ئۆ، ویسترن زاگرۆس) له‌ دوای ساڵی (2009)ه‌شه‌وه‌ (16) کۆمپانیای نوێ ڕویان له‌ هه‌رێمی کورستان کرد که‌ به‌ ناوبانگترینیان بریتی بوون له‌ (کۆمپانیای دانا گاز، هانت ئۆیڵ، گۆڵف کیستۆن) دواتریش کۆمپانیاکانی وه‌ک (ئیکسۆن مۆبیل، شیفرۆن، گازپرۆم) هاتنه‌ نێو پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. کاری کۆمپانیاکان به‌شێوه‌ی جیاواز بۆ گه‌ڕان و پشکنین و هه‌ڵکه‌ندن و ده‌رهێنانی نه‌وت بووه‌، تا ساڵی (2014) زیاتر له‌ (180) هه‌ڵکه‌ندن ئه‌نجام دراوه‌و په‌ێی زانیارییه‌کان (55-60%) هه‌ڵکه‌ندنه‌کان ئه‌نجامی باشیان هه‌بووه‌.   سەرچاوەکان   د. قەیوان سوارە ستوەیلی، هەرێمی کوردستان و پرۆژەکانی گازی سروشتی، نوسینەگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوەو ڕاگەیاندن، هەولێر، 2013. مەسعود مەلا هەمزە. یەکەمین هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. چاپخانەی هێڤی، هەولێر 2017. ڕێبین فەتاح، چۆن نەوتی هەرێم کەوتە دەست کۆمپانیا پڕوپووچەکانەوە؟، پێگەی کوردستان تایمز؛ https://kurdistantimes.org/2020/09/03/%DA%86%DB%86%D9%86-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85-%DA%A9%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%95-%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA-%DA%A9%DB%86%D9%85%D9%BE%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7-%D9%BE%DA%95/ ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا، نەوت نیعمەتە یان نەهامەتییە بۆ گەلان؟!: گەشتێکی کورت بەناو مێژووی خوێناوی نەوت لە جیهاندا، پێگەی مێژووی کورد هەروەها کوردستانی نوێ؛ http://www.historyofkurd.com/2020/06/22/%DA%AF%DB%95%D8%B4%D8%AA%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AA-%D8%A8%DB%95%D9%86%D8%A7%D9%88-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%D8%AE%D9%88%DB%8E%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%D9%86%DB%95%D9%88/   https://knwe.org/?p=35891 شهريار شيخلر، نمو قطاع النفط في إقليم كوردستان مقارنة بالعراق، موقع روداوو؛ https://www.rudaw.net/arabic/business/09112018?fbclid=IwAR3PzEJqiSIAUdg5cvhOajbtpDnCJ3znr9e24WDS1jrS4R78Yo_yQDfeS8M  


 (درەو):  (درەو) بۆ یەكەمجار دەقی رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و رەوتی سەدر بڵاودەكاتەوە، ئەم رێككەوتنە (13) خاڵییە، هەموو لە خزمەتی بنیادنانەوەی عێراقدایە‌و خۆی لە چارەنوسی كوردستان‌و ناوچە دابڕاوەكان نەداوە، رێككەوتنەكە دژایەتی خۆی بۆ (ئیسرائیل) راگەیاندووە‌و داوای دادگایكردنی گەندەڵكاران دەكات لە 2003وە بۆ ساڵانی دواتر، وا دەردەكەوێت لەمەدا بەدیاریكراوی (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق كراوەتە ئامانج كە نەیاری سەرسەختی موقتەدا سەدرە. رێككەوتنەكە جەخت لەسەر هەمواركردنی دەستوری عێراق دەكات لەماوەی ساڵێك‌و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا‌و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان‌و تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكات. ئەمە نوسخەی یەكەمی رێككەوتنەكەیەو دواتر گۆڕانكاری بچوك لە چەند خاڵێكیداكراوە.  دەقی رێككەوتنی بارزانی‌و سەدر ئەوە روونە عێراق بوەتە دیلی گەندەڵی‌و وابەستەیی، بەبێ یەكخستنی ئیرادەی ئازادو توانای فەراهەمكردنی بنەمایەكی نیشتمانی پتەو، دەرچوون لەم قەیرانە درێژخانەی كە ئاڕاستەكانی پرۆسەی سیاسی كۆنترۆڵ كردووە، بوونی نییە، بۆ دەربازكردنی وڵات لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گشتگیر كە دەكرێت دووبارە بەها بۆ بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەكان بگەڕێنێتەوە، لەرێگەی تەواوكردنی بنیادنانی دەوڵەت‌و دەزگاو دامەزراوە دەستورییەكان‌و گەڕاندنەوەی شكۆ لە هەموو گۆڕەپان‌و بوارەكاندا، ئەمەش بەدی نایەت، بەبێ رزگاركردنی ئیرادە نیشتمانییەكەی‌و پاكتاوكردنی هەموو ئەو شتانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانیدان لەچوارچێوەی دەستورو بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و بەهێزكردنی رۆڵی هەریەكەیان‌و دەستوەرنەدان لە كاروبارەكانیان. لەم سۆنگەیەوە، ئەوەی پێویستە بكرێت بكرێت، ئەمەیە:  یەكەم: دوای ئیمزاكردن لەسەر ئەم یاداشتە، كرانەوە بەڕووی هەندێك لەو هێزە سیاسییانەی كە ئامادەن ئەم یاداشتە تەبەنی بكەن بە بنەما سەرەكییەكانی‌و هەر شتێك كە ناوەڕۆكەكەی دەوڵەمەند بكات، بەمەرجێك هەموان پەنا بۆ دەستورو ئەو ئیرادە میللییە ببەن كە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرجەستەی كردووە.  دووەم: رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی بۆ رزگاریی‌و گۆڕانكاریی، كە بنكەكەی زۆرینەی نیشتمانییە‌و باوەڕی هەیە‌و تەبەنی هەر شتێك دەكات بۆ رزگاركردنی وڵات لە بەڵای تائیفیەت‌و رەگەزپەرەستی، ئەمەش لەڕێگەی كاری هاوبەش بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی بەئاڕاستەی بنیادنان‌و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەوڵەت‌و پشتبەستن بە هاوڵاتیبوونی یەكسان‌و ئازاد وەكو بنەمایەك بۆ حوكمڕانی‌و بڕیاردان.  ئەو لایەنانەی كە ئیمزا لەسەر ئەم یاداشتە دەكەن‌و ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەت‌و گرەنتیكردنی بەردەوامبوون‌و پێشكەشكردنی پاڵپشتی‌و لێپرسینەوە لە حكومەتەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ لەچوارچێوەی دەستوردا، بەبێ دەستوەردانی راستەوخۆ لە كاروبارەكانیدا، ئەوان بەرپرسیارن لە سەركەوتن یا پەككەوتن یاخود شكستهێنانی.  سێیەم: رێزگرتن لە بنەمای بوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە پەرلەمان كە چاودێری دەزگای حكومییەكان‌و دامەزراوەكان لەئەستۆبگرێت، بەجۆرێك رۆڵی چاودێریكردن لە چوارچێوە دەستورییەكەیدا، بەهێز بكات.  چوارەم: كاركردن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیەك بۆ هەمواری دەستور لە پەرلەمان، بەگوێرەی میكانیزمە دەستورییەكان‌و پێداویستییەكانی، لەماوەیەكدا كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت.  پێنجەم: سەرپەرەشتیكردنی جێبەجێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنی كە لەنێوان هەردوولادا بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دەبێت پەنا بۆ عورفی نێودەوڵەتی‌و یاسای عێراقی ببرێت.  شەشەم: پابەندبوونی عێراق بە سیاسەتی دژایەتیكردنی زایۆنیزم‌و بەتاوان ناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.  حەوتەم: كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەقە دەستوری‌و یاساییانەی كە بەهای ئەخلاقییەكان دەپارێزن، حەرامكردنی هەر شتێك كە لادان‌و رەفتاری پێچەوانەی ئادابی گشتی‌و تایبەت دروست دەكات.  هەشتەم: رێزگرتن لە شكۆی دەوڵەت‌و دامەزراوەكانی، بەتایبەتیش دەسەڵاتی دادوەریی‌و رێگریكردن لە دەستوەردانی حزب‌و كوتلە سیاسییەكان لە هەموو ئەو شتانەی كە پەیوەندیدارن بە دەسەڵات‌و دەزگاكانییەوە، بەرپەرچدانەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی‌و بەتاوان ناساندنی‌و پاراستنی سنورو دەروازەكانی عێراق لە دەسەڵاتی دەرەكی‌و حزبەكان‌و درێژكراوەكانیان.  نۆیەم: پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارە حكومییەكانی عێراق لە هەردوو كاروباری ناوخۆیی‌و دەرەكی، لە هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی.  دەیەم: هێزە چەكدارەكان لەڕووی ئامادەیی‌و مەشق‌و راهێنان‌و پڕچەككردنەوە، ئامادەبكرێن‌و توانای بەرگرییان بۆ پاراستنی سەروەری‌و سەربەخۆیی وڵات بەهێز بكرێت، پاڵپشتی هێزە ئەمنییە فەرمییەكان‌و سەرچاوە‌و پێداویستییەكانیان بكرێت‌و، بەگوێرەی چوارچێوە دەستورییەكان، شكۆ‌و ئامادەییان بۆ پێكهاتەكانی بگەڕێندرێتەوە‌و لەم چوارچێوەیەدا گەشەپان پێبدرێت، كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی پێكهاتە دەوڵەتییەكانەوەن‌و تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەگەڵ پێویستی لەبەرچاوگرتنی كۆنترۆڵكردن‌و رێكخستنی حەشدو پاككردنەوەی لەخەڵكانی ناپابەندو هێشتنەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.  یانزەیەم: عێراق وڵاتێكی سەربەخۆو خاوەن سەروەرییە، بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە، بەمشێوەیە كاردەكرێت: ا- رێكخستنی پەیوەندییە دەرەكییەكان‌و فەراهەمكردنی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی تردا. ب- بەهێزكردنی رۆڵی باڵیۆزخانەكانی عێراق‌و ئامادەكردنیان بۆ نوێنەرایەتیكردنی عێراق بەجۆرێك شایەنی پێگە‌و رۆڵی عێراق بێت. ج- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی پاسپۆرتی عێراق وەكو ئەوەی پێشتر هەبووە، بەجۆرێك لەناو هاوشێوەكانیدا رێزلێگیراو بێت. دوانزەیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا كە دەسەڵاتێكی فراوانی هەبێت، بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ وردبینیكردن‌و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی حكومەت لە ساڵی 2003وە بۆ ساڵانی دواترو لێپێچینەوە لەوانەی كەمتەرخەم‌و گەندەڵ بوون بە رێوشوێنی توندو روون‌و، رێگریكردن لە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەكان لە كاری ئەم لیژنەو، شەش مانگ جارێك چاودێركردنی كارەكانی بكرێت‌و كار بكرێت بۆ پەسەندكردنی یاسای " من این لك هژا ؟". سیانزەیەم: پێشكەشكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە بۆ بەرژەوەندی گشتی پێویستن بە پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەریان‌و ئەنجامدانی ئەوەی پێویستە بۆ پەسەندكردنیان، تەواوكردنی بنیادنانی دامەزراوە دەستورییەكان‌و پێدانی ئەولەویەت بە پرۆژەیاساكانی (ئەنجومەنی فیدراڵ، ئاوەدانكردنەوە، نەوت‌و غاز)، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردن‌و جێبەجێكردنی یاسای دەستەی گشتی بۆ گرەنتیكردنی مافی هەرێم‌و پارێزگاكان ژمارەی (26)ی ساڵی 2016‌و یاسای دەستەی گشتی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكان ژمارە (55)ی ساڵی 2017. 


درەو: ڕاپۆرتی بنكۆڵ كاریی: رێكخراوی ئاران   لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆخانەی حكومی هەیە (48 هەزار) كەس یەك نەخۆشخانەی بەردەكەوێت و (10 هەزار) كەس (11) پزیشكیان بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەر‌و كرینی دەرمان‌و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومیەكان زیاتر لە ( 3 ملیار) دۆلارە، ئەو پارەیەی خەڵكی لە ساڵێكدا  بەهۆی سەردانیكردنی عیادە پزیشكییەكان خەرجیدەكەن (437 ملیار) دینارە.    دەقی راپۆرتەكەی رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی تەوەرەكان:-  یەكەم / كەرتی تەندروستی گشتی:-  پێناسەیەكی كورتی نەخشەی تەندروستی گشتی لە هەرێمی كوردستان:- 1-    بەپێی دواین ئامار لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆشخانەی حكومی هەن، روبەری دابەشبوونی جوگرافی نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرە و بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:-   بەم پێ یە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكی هەر (48,000) كەسێك یەك نەخۆشخانەی بەر دەكەوێت. 2-    لەهەرێمی كوردستاندا (915) مەڵبەند‌و بنكەی تەندروستی هەیەو روبەری جوگرافیەكەیان بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:-   بەم پێ یە لە هەرێمی كوردستاندا هەر بنكەیەك یان مەڵبەندێكی تەندروستی بۆ (6,744) كەسە. (ئەمە بەشێوەیەكی گشتی‌و تێكەڵاو دابەش كراوە، دامەزراندنی مەڵبەندی تەندروستی‌و بنكەی تەندروستی بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و ستانداردی عێراقی دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتوانی ناوچەكان بێت‌و لەبەشەكانی دیكەی ئەم راپۆرتەدا شوێنی مەڵبەند ‌و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان شی كراوەتەوە. 3-    لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتی هەر (10,000) كەسێك (11) پزیشكیان بەر دەكەوێت‌و بەپێی پارێزگاكانیش  هەر (10,000) كەسێك بەمجۆرە ژمارەی پزشكیان بەردەكەوێت:-    4-    لە هەرێمی كوردستان هەر (10,000) كەسێك چوار پزشیكی پسپۆریان بەردەكەوێت‌و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكی پسپۆر بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 5-    لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك سێ پزیشكی دانی بەر دەكەوێت ‌و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی ددان بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-    6-    لەهەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك (17) پەرستاری بەردەكەوێت، دابەشبوونی جوگرافی پەرستار بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-    7-    لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك دوو پزیشكی دەرمانسازی بەردەكەوێت‌و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی دەرمانساز بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-  8-    لە هەرێمی كوردستاندا هەر(10,000) كەسێك (14) كارمەندی تەندروستی بەردەكەوێت‌و دابەشبوونی جوگرافی كارمەندانی تەندروستی بە پێی پارێزگاكان بەمجۆەرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-  9-    روپێویەكی مەیدانی مەڵبەند‌و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان. تیمەكانمان لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا لە سنوری هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان توانییان زانیاری لەسەر (405) بنكەی تەندروستی‌ومەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كۆبكەنەوە كە وەك سامپڵی كەرتی گشتی تەندروستی وەرگیراون، مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كە لە بنكەی تەندروستی فراوانترە یەكێكە لەناوەندە هەرە گرنگەگانی كەرتی گشتی كە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، لەسنوری پارێزگای دهۆك زانیاری لەسەر (61) بنكەی تەندروستی‌ومەڵبەندی تەندروستی وەرگیراوە، هەولێر (102) سلێمانی (233) و هەڵەبجە نۆ بنكەو مەڵبەندی سەرەكی تەندروستی. بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و ستانداردی تەندروستی عێراقی دەبێت بۆ هەر (10) هەزار كەس  دو تا سێ مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی هەبن، هەروەها بۆ یەك هەزار تا دوو هەزار كەس لە ناوچەیەكی نیشتەجێبووندا یەك بنكەی تەندروستی هەبێت، بەڵام سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیانەی تیمەكانی ئاران كاریان لەسەركردوون هەریەكەو بۆ زیاتر لە(10) هەزار كەسە، هەروەها بنكە تەندروستیەكان بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر كەمترن لەو ستاندەرەدەی هەیە، ئەمەش وایكردوە بنكە تەندروستیەكان هیچ سودێكی ئەو تۆ نەیەگەینن‌و مەڵبەندە تەندروستیەكانیش بكەونە ژێر لێشاوی خەڵكەوە. بنكە تەندروستیەكان لەلایەن كارمەندانی تەندروستیەوە بەرێوە دەبرێن، بەڵام مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان پزیشكیان تیا دادەنیشێت، بەپێی بەدواداچونەكانی تیمەكانی ئاران، سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیانەی لەدهۆك كاریان لەسەر كراوە پزیشكیان تیا دادەنیشێت، هەر یەك لە سلێمانی‌و هەولێر‌و هەڵەبجە 70-80% یان پزیشكیان لێ یە، ستافی تەندروستی كارمەندان لە مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان لەنێوان 7 تا17 كەسن هەروەها لە بنكەكان لەنیوان دوو تا پێنج كەسن، ستافی مەڵبەند‌و بنكەكانی هەولێر زیاتر راهینراوترن بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان. پزیشكی ددان زۆرترین ژمارەی هەیە لەنێو پسپۆریە پزیشكیەكان ئەوانەی لەمەڵبەندە پزیشكیەكان دەوام دەكەن. پزیشكان كە لەكەرتی گشتیدا كار دەكەن، 100% ئەوانەی پلەی پزیشكی راوێژكاریان هەیە دوو كار دەكەن كارێك لە كەرتی گشتی‌و كارێك لە كەرتی تایبەت، بەپێی مەرجەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەبێت پزیشكی راوێژكار (35) كاتژمێر لە یەك هەفتەدا كار بكات، بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا ئەوە دەركەوت بەدەگمەن پزیشكێك نابینی پابەندی ئەو رێنماییە بێت، بەشی هەرە زۆری پزیشكانی راوێژكار ڕۆژانە كەمتر لە چوار كاتژمێر كار دەكەن لەكەرتی گشتیدا كە هەفتانە دەكاتە كەمتر لە (20) كاتژمێر، ژمارەیەك لە پزیشكانی راوێژكار رۆژانە لەكاتژمێر‌و نێوێك تا دوو كاتژمێر كار دەكەن كە ئەمەش دەكاتە هەفتانە نزیكەی (10) كاتژمێر یان كەمتر، ئەمەش لەكاتێكدا هەمان پزیشك لە كلینەكە تایبەتەكەی خۆی تا درەنگانی شەو كار دەكات، بەشێكی زۆر لەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكان لە قاوشەكان دەخەوێندرێن گرفتی سەرەكیان ئەوەیە پزیشكەكانیان لە رۆژانی پێنجشەممە جێیان دەهێڵن تا یەكشەممە، هەندێكیان نەخۆشی هەستیارن‌و بارودۆخیان تایبەت‌و مەترسیدارە، ئەمانە بە پزیشكی ئیشكگر دەسپێردرێن، پزیشكە ئیشكگرەكان پسپۆرییان لەگەڵ بەشی هەرە زۆری نەخۆشەكان جیاوازەو ناتوانن هیچی ئەوتۆیان بۆ بكەن، لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا یاوەری چەندین نەخۆش دوێندران كە باسیان لەوە دەكرد پزیشكی نەخۆشەكانیان ئامادەنین جوابی تەلەفۆنیش بدەنەوەو دەبێت چاوەڕێ بكەن تا رۆژی یەكشەممە پزیشكی پسپۆر دێتەوە بۆ دەوام، بەڵام ئەم بارودۆخە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان تەواو پێچەوانەیە، نەخۆش دەتوانێ زوو زوو لەگەڵ پزیشكەكەیدا پەیوەندی بگرێت‌و لە كاتی هەر پرسیارێكدا ستافی نەخۆشخانە ئەهلیەكان پەیوەندی بە پزیشكی نەخۆشكەوە دەكەن‌ورێنمایی لێ وەردەگرن، واتا هەمان پزیشك كە وەڵامی یاوەرانی نەخۆشی خەوتوو لە نەخۆشخانە حكومیەكان ناداتەوە ئامادەیە لە شەوێكدا چەندین جار لە رێگای تەلەفۆنەوە رێنمایی بدات بە نەخۆشەكەی كە لەنەخۆشخانەی ئەهلی ماوەتەوەونەشتەرگەریی یان چارەسەری بۆ كردوە، یاوەرانی نەخۆش ئەوانەی لە قاوشی نەخۆشخانە حكومیەكان ماونەتەوە بە ئاسانی هەست بەوە دەكەن كە ئەمە بەشێكی سەرەكی یە لە پرۆسەی ئاراستەكردنی نەخۆش بۆ كەرتی تایبەت. دووەم / سیمی پرایڤت  - نیمچە تایبەت :- لە ساڵی 2014 وە لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، وەزارەتی تەندروستی بە ئامانجی ئەوەی خەڵك ناچار نەبێت پەنا بۆ كەرتی تایبەت‌ونەخۆشخانەی ئەهلی ببات ئەم سیستەمەی داهێناوە، واتا نەشتەرگەریی بە نیوە نرخ لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە ئامێری حكومەت‌و كارمەندی حكومەت‌و لەناو بینای حكومەتدا دەكرێت، بەپێی رێنماییەكان دەبێت سەرجەم نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت لە دوای كاتژمێر دووی پاش نیوەرۆوە بكرێن، وە دەبێت لە كاتی بەیانیاندا پزیشكەكان ئەو پشكەی كە بۆیان دیاری كراوەو پێویستە بە بێ بەرامبەر وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بەهاووڵاتیانی بكەن تەواو كردبێت دوای ئەوە نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، بەپێی زانیاریەكان هەر پزیشكێك لەسەریەتی بەپێی توانای نەخۆشخانەكە رۆژانە بێ بەرامبەر پێنج نەشتەرگەریی بكات، كە ئەویش یەك نەشتەرگەری گەورە‌و دوو نەشتەگەری ناوەند‌و دوو نەشتگەری بچوك، دەكرێت دوو نەشتگەری گەورەو یەك بچوك یان یەك ناوەند بكات، دوای ئەوە ئەگەر داواكاریی نەشتەرگەریی زیاتر بوو ئەوا دەكرێت نەخۆشەكان ئاراستەی سیستەمی سیمی پرایڤتبكرێن بە نیوەی نرخی بازار نەشتەگەریان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ بكرێت. ئایا رێنماییەكانی سیستەمی سیمی – پرایڤت وەك خۆی جێبەجێ دەكرێن؟ بەپێی رێنماییەكان دەبێت نەخۆشخانە حكومیەكان 100% ئەو توانایەی بۆ بەیانیان هەیانە بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری حكومی بێ بەرامبەر خستبێتە گەڕ، ئەو كات نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، وە نابێت پێش كاتژمێر دووی دوا نیوەرۆ هیچ نەشتەرگەرییەكی سیمی پرایڤت لەنەخۆشخانە حكومییەكان بكرێت،بەڵام ئەم رێنماییە بە تەواوی لەلایەن نەخۆشخانە حكومییەكانەوە پێشێل كراوەو كار گەیشتوەتە ئەوەی بە دەگمەن نەشتەرگەرییەكی بێ بەرامبەر لەنەخۆشخانە حكومییەكان دەكرێت، مەگەر نەخۆشەكە برابێتە بەشی فریاكەوتن‌و بێهۆش بێت‌وبارودۆخی لە مەترسیەكی تەواودا بێت، بەشێكی زۆرلەو نەخۆشخانەی لە سیمی پرایڤت نەشتگەرییان بۆ دەكرێت لەپێش كاتژمێر 12ی نیوەرۆ بۆیان دەكرێت، نەشتەرگەریی هەیە لە كاتژمێر 10  بۆ 11ی پێش نیوەرۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش پێشێل كردنی زەقی بریارەكەیەو پێچەوانەی یاسایە، گرفتێكی دیكەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حكومیەكان دوری نۆرەی بەركەوتنە، بەشێوەیەكی گشتی نۆرەی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە سێ مانگی بۆ سێ ساڵە،نەخۆش هەیە بۆ نەشتەرگەرییەك بێ بەرامبەر پێی وتراوە سێ سالًی دیكە وەرەوە، نەخۆش هەبوە لە 2020 سەرەی 2023 یان بۆ نوسیوە، بەڵام بە سیمی پرایڤت هەمان رۆژ یان بەهیچ جۆرێك لەیەك هەفتە تێپەڕ ناكات، لەكاتی ئامادەكردنی ئەم   راپۆرتەدا  تیمەكانی ئاران زانیاری ئەوەیان دەست كەوتوە كە پزیشكی وا هەبوە وتویەتی من لەكاتژمێر 9 تا 2ی پاش نیوەرۆ تەنیا فریای ئەنجامدانی سێ نەشتەگەریی بێ بەرامبەر دەكەوم چونكە نەشتەرگەریی دەبێت بە وردی ‌و لەسەرخۆ ئەنجام بدرێت،  بەڵام هەمان پزیشك لەكاتژمێر2ی پاش نیوەرۆ تا 7ی شەو شەش نەشتگەری لەسیستەمی سیمی پرایڤت یان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەنجام دەدات، كە ماوەكە هەمان ماوەیە بەڵام نەشتەرگەرییەكان دوو هێندەن، شارەزایانی كەرتی تەندروستی حكومی پێیان وایە ئەم سیاسەتەی حكومەتی هەرێم گرتویەتیە بەر بەناوی سیمی پرایڤت– نیمچە تایبەت راهێنانی خەڵكە لەگەڵ ئەوەی كەرتی گشتی تەندروستی نەمێنێت‌و بەرەو كەرتی تایبەت خەڵك ئاراستە بكرێت، ئەمەش لەژێر كاریگەریی حیزبەكانی دەسەڵاتدا، چونكە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی بواری دەرمان‌و تەندروستی‌و نەخۆشخانە ئەهلیەكان هی حیزبەكان یان بەرپرسە باڵاكانی حیزبەكانن،ئاراستە كردنەكەش ئاراستەكردنە بەرەو بازاری رەش نەك بیمەی تەندروستی‌و پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە.  سیمی پرایڤت جگە لەنەشتەرگەریی كاروباری دیكەی پزیشكی گرتۆتەوە، بۆنمونە تیشكی MRI و CT-Scan بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان دەبێت بە نرخی (25,000)دینار بۆ هاووڵاتیان بگیرێت ئەو كاتەی پزیشك داوای دەكات، بەڵام بەو نرخە نۆرەی ئەنجامدانی ئەو تیشكە بەم جۆرەیە لە هەندێك لەو نەخۆشخانانەی لۆدیان كەم لەسەرە مانگێكی پێدەچێت، ئەوانەی لۆدیان مام ناوەندە سێ مانگ‌و ئەوانەشی لۆدیان زۆر لەسەرە لەشەش مانگ كەمتر نیە، گوێش بەوە نادرێت كە نەخۆش باری تەندروستی خراپە، بەڵام بە هەمان ئامێر‌و لەناو هەمان بینادا ئەگەر بێت‌و نەخۆش ئامادە بێت بە سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت كە نرخی هەر تیشكێك (70,000) هەزار دینارە بیگرێت ئەوا هەمان رۆژ ئەو جۆرە تیشكەی بۆ دەگیرێت كە لەناو خەڵكدا بە ئەشیعەی تەنوری ناو دەبرێت. ژمارەی ئەو تیشكانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان لەبواری MRI و Ct Scan لە 2021دا لە پارێزگای سلێمانی گیراون (20,000) تیشك تێپەڕ دەكات، لە پارێزگای دهۆكیش لەساڵی 2020 ژمارەی ئەو تیشكانەی لە هەردوو بوارەكەدا گیراون بریتی یە لە (26,335) تیشك كە(19,979) تیشكی Ct Scan و (6,356) تیشیكی MRIین، بەپیًی ئەو زانیاریانەی دەست تیمەكانی رێكخراوی ئاران كەوتوون 61% تیشكە گیراوەكان لە هەردوو بوارەكەدا لە هەردوو پارێزگا لە ئێواران‌و بە نیمچە تایبەت گیراون كە نرخی هەر تیشكێك لەو دو بوارەدا (70,000) دینارە.  بەتایبەت كردنی كەرتی حكومی ‌و ناچار كردنی خەڵك كە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە پارە نەشتەرگەریی ئەنجام بدەن، هەروەها ناچاركردنی خەڵك كە بەپارەیەكی زۆر لە كەرتی تایبەت‌و نەخۆشخانەی ئەهلی خزمەتگوزاری تەندروستی وەربگرن، هیچ بارگرانیەكی لەسەر شانی حكومەت سوك نەكردوە، حكومەت هەمان بودجەو موچەی ساڵانی رابردوو بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان دەكات، بەم جۆرە:- تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی  حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەم بڕە پارەیە دابین بكات:- •    مانگانە برٍی (50,520,000,000) پەنجا ملیار‌و پێنجسەد‌و بیست ملیۆن دینار. •    ساڵانە (606,240,000,00) شەش سەد‌و شەش ملیار‌و دوسەد‌وچل ملیۆن دینار.  كۆی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2011 وە تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی تەرخان كراوە بریتی یە (6,062,400,000,000) شەش تریلۆن‌وشەست و د‌و ملیار‌و چوار سەد ملیۆن دینارە، كە یەكسانە بە(4,096,216,000) چوار ملیار‌و نەوەد‌و شەش ملیۆن‌ودوسەد‌وشازدە هەزار دۆلار، هەرچەندە بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە لەساڵی 2014 وە داتاكان وەك پێویست بەردەست نین بەڵام كۆی ئەو پارەیەی لە (10) ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو پێداویستیەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی تەرخانی كردوە حەوت ملیار دۆلار تێپەر دەكات،   بەڵام بێ بەرهەمەو بێ پلان بەكار هێنراوە، كۆتاییەكەی هەرەسی كەرتی گشتی بوەو خەڵكی لەگیرفانی خۆیان نەخۆشەكانیان چارەسەر دەكەن، كۆمپانیای حیزبی‌و كەسانی دەسترۆیشتووی حیزب‌و خاوەن بەرژەوەندی هەرەسیان بە كەرتی گشتی تەندروستی هێناوەو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكاریان هێناوە، كە سەرەرای ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە (10) ساڵی رابردوودا داهاتی ووڵاتەكەیان سەروی حەوت ملیار دۆلاری بۆ كەرتی تەندروستی خەرج كراوە، بەڵام هیچ هاووڵاتیەك حالًی حازر ناتوانێت بە ئاسانی نەشتەرگەریەكی بێ بەرامبەری لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەگەر بێت‌و زۆر زەروریش بێت. وەزارەتی تەندروستی نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت كە بە پارە كراون دەكات بە چالاكی خۆی. دامودەزگاكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان مانگانەو ساڵانە ئاماری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی‌و خزمەتگوزاری تەندروستی لە وێبسایتەكانیان‌و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكەنەوە، كە گوایە وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بە هاووڵاتیان كراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو نەشتەرگەریانەو ئەو خزمەتگوزاریانە بە پارە لەناو نەخۆشخانە حكومیەكاندا كراون، بەڵام حكومەت وەك چالاكی خۆی‌و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەر نمایشیان دەكات.     سلێمانی:-  لە سنوری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بە هەموو ناوچەكانی پارێزگاكەوە بەپێی ئەو ئامارەی راگەیەنراوە لە ساڵی 2021دا ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكان بەمجۆرەن:- •    ژمارەی ئەنجامدانی كۆی نەشتەرگەریی 13,357 نەشتەرگەریی. •    نەشتەرگەریی تایبەت‌و سەروگەورەو گەورەو ناوەند 2,645 نەشتەرگەریی. •    نەشتەرگەریی دڵ وەك قەستەرەودانانی باڵۆن‌وفەتح سەدر 6,720 نەشتەرگەریی. ئەوەكانی دیكە یان نەشتەرگەریی بچوكن یان پۆڵێن نەكراون كە چی جۆرێكن.  بەپێی بەدواداچوونەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران، 67% رێژەی ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی ئەنجامدراون بە پارە واتا بەنیمچە تایبەت كراون.      دهۆك:-  پارێزگای دهۆك تائێستا ئاماری ساڵی 2021ی رانەگەیاندوە، بۆیە ئەم راپۆرتە كاری لەسەر ئاماری 2020 كردوە، ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2020دا بەم جۆرەیە:-  •    كۆی نەشتەرگەریی لە 2020دا  34,430 نەشتەرگەریی. •    نەشتەرگەریی قەستەرە  1,330 •    نەشتەرگەریی دانانی گورچیلە 43 تەندروستی دهۆك تەنیا ئەو دوو جۆرە نەشتەرگەریەی پۆڵێن كردوە‌و ئەوەكانی دیكەی دیاری نەكردوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی ئاران رێژەی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی دهۆكدا 65% تێپەڕ دەكات.     هەولێر:-  ماڵپەری تەندروستی هەولێر هیچ ئامارێكی كارەكانی بڵاو نەكردۆتەوە، بەشی هەرە زۆری پۆستەكانی ماڵپەڕەكە ئاگادارییە بۆ كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی بواری تەندروستی.     هەڵەبجە:-  پارێزگای هەڵەبجە تەنیا پارێزگایە كە تەندروستیەكەی ئاماری نەشتەرگەری بێ بەرامبەر‌ونیمچە تایبەتی ئێوارانی جیا كردۆتەوە، ئەگەر نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە بە نمونە وەربگرین ئەوا بۆ مان دەردەكەوێت كە نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت واتا بە پارە لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا چۆن شان لەشانی نەشتەرگەریی بێبەرامبەر دەدات، بەپێی ئەو ئامارەی خودی تەندروستی هەڵەبجە بڵاوی كردۆتەوە، لە ساڵی 2021 لەو نەخۆشخانەیە (950) نەشتەرگەریی جۆراو جۆر ئەنجامدراون، كە (650) نەشتەرگەریی لەوانە بەنیمچە تایبەت كراون‌و تەنیا (300) نەشتەرگەریی بەبێ بەرامبەر ئەنجام دراون، لەكاتێكدا كۆی ئەو نەشتەرگەریانە لەناو هەمان هۆڵی نەشتەرگەری‌و هەمان نەخۆشخانەو هەمان ئامێر ئەنجامدراون، بەڵام ئەوانەی توانویانە پارە بدەن ئەوا چانسی ئەوەیان هەبوە زوتر و زیاتر نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت. نرخی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرەیە:- •    نەشتەرگەری بچوك 100,000 تا 150,000 دینار •    نەشتەرگەریی ناوەند  300,000 تا 500,000 دینار •    نەشتەرگەریی گەورە لەسەروی یەك ملیۆن دینار •    نەشتەرگەریی تایبەت بەپێی جۆری نەشتەرگەریەكە دەگۆرێت بەزۆری لەسەروی سێ ملیۆن دینارەوەیە. نرخی بەشێك لەنەشتەرگەریەكان لەسیستەمی نیمچە تایبەتی حكومی لەنرخی بازار زیاترە، بۆ نمونە جۆرێك لە نەشتەرگەریی برٍبرەی پشت لە نیمچە تایبەتی حكومی بە (1,500,000) دینار ئەنجام دەدرێت، لەنەخۆشخانەی ئەهلیش هەمان نرخە، جۆرێكی تر لە نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت لەنیمچە تایبەتی حكومی بە(3,000,000) دینار ئەنجام دەدرێ بەڵام لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان لەخوار ئەو نرخەوەیە. بەشێوەی گشتی لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان رێژەی ئەو نەشتەرگەریە نیمچە تایبەتانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان دەكرێن  دەگاتە 70% هەروەها  100% ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانەكانی بوژانەوەی دڵ لەبوارەكانی قەستەرەو دانانی باڵۆن‌و شەبەكەو كردنەوەی سینگ (فەتح سەدر) ئەنجام دەدرێن بەپارەن‌و لەو بوارەدا نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر نەماوە. ئەو پارەیەی لە هاوولاتیان وەردەگیرێت لە سیستەمی نیمچە تایبەت كە لەناو تەندروستیدا بە سیمی پاریڤد ناسراوە، 20% بۆ كارمەندانی تەندروستیە ئەوانەی بەشداریی لە نەشتەرگەریەكەدا دەكەن 40% بۆ پزیشكی ئەنجامدەری نەشتەرگەرییە، 40% بۆ وەزارەتی تەندروستیە، ئەمەش ئەوە دوپات دەكاتەوە ئەو كارمەند‌و پزیشكانەی موچەی حكومەت لەبەرامبەر خزمەتكردنی خەڵك وەردەگرن لە هەمان كات‌و هەمان شوێن‌و بە هەمان ئامێر‌و پێداویستی بە پارە رێگەیان پێدراوە كاری نیمچە تایبەت ئەنجام بدەن، كە ئەمەش پێچەوانەی ناوەرۆكی یاسای كارگێڕی عێراقە كە لە وەسفی فەرمانبەری دەوڵەتداو لەریزی ئەو كارانەی كە نابێت فەرمانبەر لەسنوری فەرمانگەكەی خۆیدا بیكات ئەوەیە  نابێت بە ئەنجامدانی هەندێك كاری بازرگانی هەڵبسێت كە پەیوەندی بەفەرمانگەكەی خۆیەوە هەبێت، جگە لەمەش داهێنانی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی زەقی دەستوری عێراقە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە، دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ماددەی 31دا ئاماژەی بەوە كردوە هەموو هاووڵاتیەك مافی چاودێریی تەندروستی هەیەو دەبێت دەوڵەت گرنگی بە تەندروستی گشتی بدات، بەپێی هەمان ماددەی دەستور دەبێت دەوڵەت پارێزگاریی تەندروستی دابین بكات‌و هۆكارەكانی چاودێری تەندروستی‌و چارەسەر بە دامەزرادنی جۆرەهای نەخۆشخانەو دامەزراوەی تەندروستی دابین بكات، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە سیستەمی نیمچە تایبەت پێچەوانەی ماددەی 31ی دەستور هەڵسوكەوت دەكات. كێ سودمەندی داهێنانی سیستەمی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەتە؟  وەزارەتی تەندروستی تەنیا 40% داهاتی ئەو نەشتەرگەریانەی بەر دەكەوێت، 60% دەروات بۆپزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی بەشدار لە نەشتەرگەریەكاندا، ئەمەش دەری دەخات حكومەت وەك پێویست لێی سودمەند نابێت،  لەمیانی هەمو ئەو رێشوێنانەی بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە گیرانە بەر لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئەوە كراوە كە وەزارەتی تەندروستی ئەم سیستەمە پەیرە و دەكات بێ ئەوەی وەك پێویست لێیی سودمەند بێت‌و بارگرانیشی خستۆتە سەر هاووڵاتی، ئایا دەبێت هۆكارەكەی چی بێت؟ ئەنجامەكان ئەوەن كە حیزبە دەست رۆشتوەكان‌و كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب كاریگەریی تەواویان لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەیەو هەر ئەو جۆرە كەس‌ولایەنانە بەپلان كار بۆ نەهێشتنی كەرتی گشتی تەندروستی دەكەن‌و لەبەرژەوەندی كۆمپانیاو نەخۆشخانە ئەهلی‌و كۆمەڵگا پزیشكیەكانیان كەرتی گشتی بەرەو هەرەس یان هاوشێوەكردنی بە كەرتی تایبەت دەبەن، داهێنانی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت بەشی هەرە سەرەكی ئەو پیلانەیەو نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكان‌و ناچاركردنی خەڵك بە كرینی دەرمان لەبازار تەواوكەری بەشەكانی دیكەی پیلانەكەیە. سێیەم / كلینكە پزیشكیە ئێوارانەكان:-  بەهۆی نائومێدبوونی لە كەرتی گشتی‌و دەستنكەوتنی خزمەتگوزاری پێویست لەو كەرتەدا خەڵك ناچارن رو لەبازار‌و لەونێوەندەشدا رو لە كلینكە پزیشكیە ئێوارەكان(عیادەكان) بكەن، كۆی ژمارەی كلینە پزیشكییە ئێوارەنەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (3037) كلینكە، بەپێی بەدوادا چوونەكانی تیمەكانمان لەماوەی (10) مانگی رابردوودا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی كلینەكەكانی ئێواران دەكەن لەنێوان نۆ نەخۆش بۆ (62) نەخۆشن بۆ هەر كلینكێك،  بەشی هەرە زۆری كلینەكەكان ژمارەی نەخۆشەكانیان لەنێوان (15 بۆ 30) نەخۆشدایە، بۆیە ئەم راپۆرتە (15) نەخۆشی وەك ژمارەی تێكرا بۆ كلینیكە ئێوارانەكان داناوە، بەم پێ یە رۆژانە (45.555) كەس وەك نەخۆش سەردانی كلینكە ئێوارانەكان دەكەن. نرخی بینینی نەخۆش لەلایەن كلینكە ئێوارەنەكانەوە، بەپێی بە دواداچونەكانمان بەشی هەر زۆریان (15,000) دینارە، بەشێك لە كلینكەكان (20,000) دینار ‌و هەندێكیش بەتایبەت ئەوانەی لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكان كار دەكەن‌وبەسەربەخۆ نەخۆش دەبینن (35,000) دینارە، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە كلینەكان كە لە كۆمەڵگا پزیشكیەكاندان(3000) دینار وەردەگرن‌و كلینكی واش هەیە  (5000) دینار تا (10,000) دینار وەردەگرێت ، بەڵام بەشی هەر زۆر لەنێوان (15,000 بۆ 20,000) دینارە، ئەم راپۆرتە نرخی (15,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە، بەم پێی یە ئەو پارەیەی رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشكەكانەوە لە كلینكە ئێوارانەكان بەم جۆرەیە:-  •    رۆژانە (683,325,000)  شەش سەد‌و هەشتاو سێ ملیۆن‌و سێ سەد‌و بیست‌و پێنج هەزار دینار. •    پێنج رۆژی هەفتەیەك (3,416,625,000) سێ ملیار‌وچوار سەدوشازدە ملیۆن‌وشەش سەد‌وبیستوپێنج هەزار دینار. •    بیست رۆژی مانگێك (13,666,500,000)  سیازدە ملیار‌و شەش سەد‌و شست‌وشەش ملیۆن‌و بینجسەد هەزار دینار. •     لە ساڵێكدا (163,998,000,000) سەد‌و شەست‌و سێ ملیار‌و نۆسەد‌و نەوەدو هەشت ملیۆن دینار. هەر بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان هەر نەخۆشێك كە سەردانی پزیشكی ئێواران دەكات جگە لە پارەی بینینی پزیشك برٍی ئەو پارەیەی بۆ پشكنین‌وكرینی دەرمان دەیدات لەنێوان (15,000 دینار بۆ 75,000) دیناردایە بەشی هەرە زۆری نەخۆش ئەو پارەیەی دەیدات لەنێوان (20,000 بۆ 40,000) دیناردایە، ئەمە جگە لە حاڵەتە تایبەتەكان كە تێچونێكی بەرزی هەیە، هەروەها جگە لە نەخۆشانی كۆرۆنا كە حاڵەتیان تایبەتەو تێچوونی كۆرسێك دەرمانیان لەنێوان (100,000 بۆ 300,000) دیناردایە، ئەم راپۆرتە نرخی (25,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا بۆ تیچوونی هەر نەخۆشێك بەدەر لە كرێی بینینی نەخۆش داناوە، كە ئەمە وەرگرتنی لانی كەمی تێچوونە، بەم پێ یە  ئەو پارەیەی لەهەرێمی كوردستاندا خەڵك دەیدات بە پێداویستیەكانیان كاتێك سەردانی عیادە پزیشكیەكان دەكەن جگە لە كرێی بینینی پزیشك  رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە بەمجۆرەیە:-  •    رۆژانە (1,138,875,000)  یەك ملیار‌و سەدوسیو هەشت ملیۆن‌و هەشت سەد‌و حەفتاو پێنج هەزار دینار . •    پێینج رۆژی هەفتەیەك (5,694,375,000)  پێنج ملیار‌و شەش سەد‌ونەوەد‌و چوار ملیۆن‌و سێ سەد‌و حەفتاوپێنج هەزاردینار. •    بیست رۆژی مانگێك (22,777,500,000) بیست و دوو ملیار‌و هەشتسەد‌و حەفتاو حەوت ملیۆن‌و پێنجسەد هەزار دینار. •    ساڵێك (273,330,000,000) دووسەدو حەفتاو سێ ملیار‌و سێ سەد‌وسی ملیۆن دینارە.  كۆی ئەو پارەیەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا  بەهۆی سەردانیی كردنی عیادە پزیشكییەكان دەیدەن بە كرێی بینینی نەخۆش‌وتێچووی نەخۆشەكانیان بریتی یە لە (437,328,000,000) چوارسەد‌و سی‌وحەوت ملیار‌و سێ سەد‌و بیست هەشت ملیۆن دینار.   چوارەم/ نەخۆشخانە ئەهلیەكان:- لە دوای كلینكە ئێوارەكان نەخۆشخانە ئەهلیەكان وێستگەی دوەمی نەخۆشن لە هەرێمی كوردستاندا، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە لێشاو روو لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن بۆ چارەسەر كردن، ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان تا تەواوبوونی ئەم راپۆرتە (79) نەخۆشخانەیە، ئەم ژمارەیە لە گۆراندایە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ساڵانە نەخۆشخانەی نوێ دەكرێتەوەو هەندێك نەخۆشخانەش دادەخرێن، بەهۆی لاوازی كەرتی گشتی‌و پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری پێویست بە هاووڵاتیان, نەخۆشخانە حكومیەكان جمەیان دێ لە خەڵك، بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن زیاتر بۆ نەشتەرگەرییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەبێ بەرامبەر بە ئاسانی بۆ هاووڵاتی ناكرێت‌و دەبێت بە نیمچە تایبەت بیكەن،  نرخی نیمچە تایبەتیش نزیكە لە نرخی نەخۆشخانە ئەهلیەكانەوە، بۆیە هاووڵاتی وای پێ باشە بچێتە نەخۆشخانەی ئەهلی چونكە ئەو پارە هەردەدات، پێی باشترە بیدات بە نەخۆشخانەی ئەهلی بۆ ئەوەی رێزی زیاتریان لێ بگیرێت‌و خزمەتی زیاتر بكرێن، تێكڕای ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەری بۆ هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە هەرێم پێنج نەشتەرگەرییە، نەخۆشخانەی وا هەیە رۆژانە (10) نەشتگەر ئەنجام ئەدات، كەمترین ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەرگەریی لە رۆژێكدا بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكان چوار نەشتەر گەرییە، ئەم راپۆرتە پێنج نەشتەرگەریی وەك ژمارەی تێكرا وەرگرتوە، نرخی نەشتەرگەری گەورە لە(450,000) دینارەوە دەست پێدەكات تا شەش ملیۆن دیناری دەروات، نەشتەرگەری تایبەت‌و هەستیار هەیە نرخەكەی لەسەروی (30,000) دۆلارەوەیە، ئەم راپۆرتە تەنیا ئەو نەشتەرگەریانەی وەرگرتوە كە ئەكرێت لە نەخۆشخانە حكومیەكان ئەنجامبدرێن، بەڵام لەبەر باش نەبوونی كەرتی گشتی هاووڵاتی ناچارە لە كەرتی تایبەت ئەنجامیان بدات. رۆژانە لەسەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان (395) نەشتەرگەری جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێن،  ئەم راپۆرتە نرخی تێكڕای بۆ هەر نەشتەرگەریەك بە (500,000) هەزار دینار داناوە، كە ئەمە كەمترینە، ئەو پارەیە لەهەرێمی كوردستان دەدرێت بەكرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەمجۆرەیە:- •     رۆژانە (197,500.00) سەدو نەوەد‌و حەوت ملیۆن‌و پێنجسەد هەزار دینار. •    شەش رۆژی هەفتە (1,185,000,000)  یەك ملیار‌و سەد‌و هەشتاو پێنج ملیۆن دینار. •    (24) رۆژی مانگێك (4,740,000,000) چوار ملیار‌و حەوت سەد‌و چل ملیۆن دینار.  •    ساڵانە:- (56,880,000,000) پەنجاو شەش ملیار‌و هەشت سەد‌و هەشتا ملیۆن دینار. ئەو پارەیەی ساڵانە لەلایەن خەڵًكی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە هەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان، بەدۆلار‌و بە نرخی ئەمرۆی بازار دەكاتە (38,432,000) دۆلار.     مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان:-  بەپێی بەدوادا چوونی تیمەكانی ئاران هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی بەشێوەیەكی بەردەوام رۆژانە یەك تا (10) نەخۆشی تێدا دەمێنێتەوە، نەخۆشخانە هەیە ژمارەی ئەوانەی تێیادا دەمێننەوە دەگاتە (12) نەخۆش، بەڵام زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام شەش نەخۆشیان تیادا دەمێنێتەوە،  ئەم راپۆرتە شەش نەخۆشی وەرگرتوە لە رۆژێكدا، كەئەم ژمارەیە لە زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا هەیە، جگە لەچاودێری چڕ بە زۆری نەخۆشخانەكان لە رۆژانی شەممە تا پێنجشەممە دەهێڵدرێنەوە، واتا لەو شەش رۆژەدا زۆرترین ژمارەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە، بۆیە ئەم راپۆرتە شەش رۆژی هەفتەی وەرگرتوە،  نرخی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە زۆریی لە (50) هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا (100) هەزار دینار، هەندێك نەخۆشخانە نرخەكەیان دەگاتە زیاتر لە (250) هەزار دینار بۆ یەك شەو مانەوە،  نەخۆشخانە هەیە لەهەرێمی كوردستان نرخی یەك شەو مانەوە تیایدا بۆ نەخۆشێك لەبەشی ئاسایی (700,000) دینارەو لەبەشی چاودێری چڕ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە (75,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا  بۆ كرێی مانەوەی شەوێك لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دیاری كردوە، بەم پێَی یە رۆژانە (474) نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە كە كۆی نرخەكەی بەم جۆەیە:-  •    رۆژانە (35,550,000) سی‌وپێنج ملیۆن‌و پێنجسەد‌وپەنجا هەزار دینار •    هەفتانە (213,300,000)  دوسەد‌و سیازدە ملیۆن‌و سێ سەد هەزاردینار •     مانگانە (853,200,000) هەشت سەد‌وپەنجاو سێ ملیۆن‌و دوسەد هەزاردینار. •     ساڵانە دەكاتە (10,238,400,000) دە ملیا‌ودوسەد‌وسی‌وهەشت ملیۆن‌و چوارسەدهەزار دینار. كۆی ئەو پارەیەی كە لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە دەدرێت بە كرێی مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە دۆلار‌و بە نرخی ئەمرۆی بازار بریتی یە لە (6,917,000) شەش ملیۆن‌و نۆسەد‌و حەڤدە هەزاردۆلار.      مانەوە لەبەشی چاودێرییی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان:-  بەشیًوەیەكی بەردەوام‌و بە تێكڕا رۆژانە دوو نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەمێننەوە كە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (51) نەخۆشخانە بەشی چاودێریی چڕیان هەیە، كەمترین نرخ بۆ مانەوە لەبەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان (500,000) هەزار دینارە وە زۆرترین نرخ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە كەمترین نرخی وەرگرتوە كە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپێناو مانەوەی نەخۆشەكانیان دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەویش برٍِی (500,000) هەزار دینار  بۆ (24) كاتژمێر مانەوە، بەپێی ئەو ئامارەی دەستی تیمەكانی ئاران كەوتوە رۆژانە بەلای كەمەوە دوو نەخۆش لەبەشی چاودێری چڕی ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانە دەمێننەوە كە ئەو بەشەیان هەیە، ئەمەش  دەكاتە (102) نەخۆش، لەهەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بۆ مانەوە لەبەشی چاودێری چر بەمجۆرەیە:- •    رۆژانە  (51,000,000) پەنجاویەك ملیۆن دینار. •    حەوت رۆژی هەفتەیەك (357,000,000) سێ سەد‌و پەنجاو حەوت ملیۆن دینار. •    سی رۆژی مانگێك (1,530,000,000) ملیار‌و پێنجسەد‌و سی ملیۆن دینار.  •    ساڵێك (18,360,000,000) هەژدە ملیار‌و پێنجسەد‌و بیست ملیۆن دینار بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشخانە ئەهلیەكان زۆربەیان بیناكانیان وەك تەلاری بازرگانی دروستكراون، كەمترین مەرجی نەخۆشخانەیان تێدا هەیە، بەشێكیان نزیكی شوێنی نیشتەجێبوونن‌و لەناو گەڕكەكاندان، ئەوەش وای كردوە ببنە هۆی بێزاركردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، بەتایبەت لە روی راگرتنی ئۆتۆمبێلەوە كە زۆربەیان پاركی تایبەت بە راگرتنی ئۆتۆمبێلیان نیە، پسپۆرانی بواری تەندروستی باسی حاڵەتێكی زۆر مەترسیدار دەكەن لە نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا ئەویش سیستەمی ئاوەرۆی ئەو نەخۆشخانانەیە، ئاوەرۆی بینای نەخۆشخانە ئەهلیەكان هەر وەك بینای ئاسایی دروست كراون‌و تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەو پاشەرۆیانەی لە نەخۆشخانەكاندا بە ئاو پاك دەكرێًنەوەو دەرژێنە ناو ئاوەرۆوە دەبێت چاڵی تایبەتیان بۆ هەڵبكەندرێت‌و بە تانكەر دەربدرێن‌و لە شوێنی گونجاودا بە شێوەی زانستی لەناو ببرێن، بەڵام سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكان‌و بگرە نەخۆشخانە حكومیەكانیش ئەو مەرجەیان تیا نیە، پسپۆرانی تەندروستی لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا باسیان لەمەترسی ئاوەرۆی نەخۆشخانەكان كرد كاتێك تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئاوەرۆی گشتی شار زۆرجار دوبارە بەكار دەهێندرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری شارەكان ئاوەرۆكەیان بۆ بواری كشتوكاڵ‌و سەوزە بەكار دەهێندرێتەوە، بۆیە تێكەڵبوونی ئاوەرۆی نەخۆشخانە بە ئاوەرۆی گشتی زۆر مەترسیدارەو چەندەها زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ دە بێت، بەتایبەت وا لەلەشی مرۆڤ دەكات لەكاتی نەخۆش كەوتن‌ووەرگرتنی چارەسەردا دەرمان لەسەر لەشی چالاك نەبێت، ئەم گرفتەش لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بەدی دەكرێت، كە بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی ساغبونەوەی برٍێكی یەكجار زۆر دەرمان هەژمار دەكرێت پێنجەم / نۆرینەگەكان:- لەنەخشەی بازاری تەندروستی‌وكەرتی تایبەتی تەندروستی هەرێمی كوردستاندا نۆرینگەكانیش شوێنێكی فراوانیان هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پشت بە نۆرینگەكان دەبەستن بۆ چارەسەركردن، ئەوەش لەبەر ئەوەی نرخیان هەرزانترەو بەدەنگەوە هاتنیان خێراترەو نزیكیشن لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكەوە، نۆرینگەكان دابەشی ناو گەڕەك‌و شوێنە جیاوازەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بوون.     بەپێی داتاكانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (4230) نۆریگە هەن كە كارمەندی تەندروستی بە هەردوو جۆرەكەی پەیمانگاو زانكۆ بەرێوەی دەبەن، بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان رۆژانە هەر نۆرینگەیەك ژمارەی ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن لەنێوان هەشت بۆ (15)كەسن، كە زۆرینەی نۆرینگەكان ژمارەی سەردانیكەرانیان رۆژانە (10 – 15) كەسە، ئەم راپۆرتە تێكڕا (10) كەسی وەك ژمارەی گشتی سەردانی كردن بۆ هەر نۆرینگەیەك وەرگرتوە، هەروەها برٍی ئەو پارەیەی رۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەنۆرینگەكان دەدرێت بەكرێی وەرگرتنی دەرمان یان هەر پێداویستییەكی دیكە لە یەك هەزار دینار تا (15,000) دینارە، لە هەندێ  حاڵەتدا دەگاتە (20,000) دینار، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان  كە سەردانی نۆرینەگەكان دەكەن برٍی چوار تا (10,000) دینار دەدەن، ئەم راپۆرتە نرخی حەوت هەزار دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە كە زۆرینەی هاووڵاتیان بەو برٍە پارەیە خزمەتگوزارییان بەدەست هێناوە، زۆرینەی هەرە زۆری نۆرینگەكان لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ دوا نیوەروان كراوەن، هەندێكیان رۆژانی شەممە بەیانیانیش كراوەن، هەندێًكیان رۆژانی هەینیش كراوەن، ئەم راپۆرتە لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ واتا شەمە تا پێنجشەمەی وەرگرتوە، هەروەها لە مانگێكدا (24) رۆژ، كە رۆژانە (42,300) كەس سەردانی نۆرینگەكان دەكەن.     لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەو پارەیەی لەلایەن خەڵكەوە دەدرێت بە نۆرینگەكان بەم جۆرەیە:- •    رۆژانە (296,100,000)  دوسەد‌ونەوەد‌وشەش ملیۆن‌و سەد هەزاردینار. •    هەفتانە (1,776,600,000)  یەك ملیار‌وحەوت سەد‌و حەفتاو شەش ملیۆن‌و شەش سەد هەزار دینار. •    مانگانە (7,106,400,000)  حەوت دوملیار‌و سەد‌و شەش ملیۆن‌و چوار سەد هەزار دینار. •    ساڵانە (85,276,800,000) هەشتاو پێنج  ملیار‌و دوو سەد‌و حەفتاو شەش ملیۆن‌و هەشت سەد هەزار دینار. شەشەم / بازرگانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان:-  بازرگانەكانی دەرمان‌و دەرمانسازان‌و خەڵكی ئاساییش لە هەرێمی كوردستان وا وەسفی ئەم بازرگانیە دەكەن كەلە دوای نەوتەوە بە پلەی دوەم دێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئەو كۆمپانیایانەی لەهەرێمی كوردستاندا كاری هاوردەكردنی دەرمان دەكەن خواستی ئەوەیان نیە قەبارەی راستەقینەی نرخی دەرمانی هاوردە كراو ئاشكرا بكەن، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك كەلە سەرەكی ترینیان ئەوەیە كۆمپانیاكانی هاوردەی دەرمان لەلایەن بەرپرسە هەر باڵاكانی حیزب‌و دست رۆیشتوی ناو حكومەتەوە خاوەندارێتی دەكرێن‌و هەموو دەسەڵاتێكی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ شاردنەوەو ئاشكرا نەكردنی ئەو قەبارەیە بۆ رای گشتی، بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەو بارەیەوە ماندوبونێكی زۆر‌و كاری بنكۆڵیی هەناسە درێژی دەوێت، لە میانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتەدا رێكخراوی ئاران گەیشت بەو زانیاریەی كە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەو بوارەوە هاوردە دەكرێت بە ئامانجی فرۆشتنی بە خەڵك مانگانە (100,000,000) سەد ملیۆن دۆلار تێ پەڕ دەكات، ئەمەش لەسالًێكدا دەكاتە (1,200,000,000) یەك ملیار‌و دوسەد ملیۆن دۆلار، كەئەمەش قەبارەی 25% كۆی دەرمانی هاوردەكراوی هەموو عێراقە، كە ساڵانە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لەعێراقدا دەگاتە (5,000,000,000) پێنج ملیار دۆلار، 100% ئەو دەرمانەی كۆمپانیاكان هاوردەی دەكەن لەبازار‌و بەخەڵك دەفرۆشرێتەوە، چونكە ئەم قەبارەیەی لەسەرەوە باس كرا تەنیا ئەو دەرمانەیە بۆ ساغ كردنەوە لە بازار هاوردە دەكرێت‌و ئەو دەرمانە ناگرێتەوە كە حكومەت بۆ خۆی هاوردەی دەكات یان دەیكڕێت، ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن بەشی هەرە زۆریان لە بازار دەرمان دەكڕن، نەخۆشەكان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بڕێكی زۆری ئەو دەرمانانەیان دەست ناكەوێت كە بۆیان نوسراوە بۆیە رو لەبازار دەكەن، ئەم دیاردەیە لەلای ئەوانەی نەخۆشی كۆرۆنایان لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا هەیە بەگشتی دەبینرێت‌و دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا زۆر كەمەو دەبێت خاوەنی نەخۆش لەبازار بۆی بكرێت. بەم پێ یە بە رونی ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە هاوكات خەڵكی هەرێمی كوردستان ساڵانە یەك ملیار‌و دوسەد ملیۆن دۆلاریش دەدەن بە كرینی دەرمان لەبازار، ئەم برە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەسەرەوە باس كرا كە هەر نەخۆشێكی سەردانی كەر بۆ كلینیكە ئێوارەكان بری (25,000) دینار دەدات بە كرینی دەرمان‌و پێداویستی، ئەوە تەنیا ئەو كەسانە بوون كەسەردانی كلینكە پزیشكیەكان دەكەن، ئەمەی لێرەدا باس دەكرێت بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن ئەو هاووڵاتیانەوە دەكڕدرێت كە سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن‌و چارەسەریان بۆ دەنوسرێت‌و ناچارن لە بازار بیكرن، لەساڵی 2020دا سەرە رای ئەوەی رێشوێنی كۆرونا گیرابۆوە بەر‌و هێشتا حاڵەتی داخستنی شوێنە گشتیەكان هەر مابوون، بەڵام لەهەردوو پارێزگای سلێمانی‌و دهۆك‌و لەو ساڵەدا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكانیان كردوە، بەشی هەرە زۆری ئەوانە ناچاربوون لەبازار دەرمان بكرن كە لەلایەن پزیشكەوە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆیان نوسراوە. هاوردەكردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان بێ گرفت نیە، پسپۆرانی بوارەكە باس لەوە دەكەن بەم دواییە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێكی گرتۆتە بەر بەتایبەت دوای دانانی كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان‌و یەك خستنی كۆمپانیاكان تا رادەیەك كوالیتی ئەو دەرمانەی هاوردە دەكرێت باش بوە، بەڵام هێشتا هەر گرفت ماوە، ئەویش ئەوەیە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی هاوردەكردنی دەرمان هی كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب‌و حكومەتن‌و حاڵەتی وا هەیە كەسانێك بەپرسیارێتی گەورەیان هەیە لە خاڵەكانی داخڵكردنی دەرمان، لەهەمان كاتدا خاوەندارێتی كۆمپانیای گەورەی هاوردەكرنی دەرمانیش دەكەن، ئەمەش گومانی خستۆتە سەر پرۆسەكەوبەكارهێنانی ئەو پێگانە بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئەگەرێكی بەهێزە. حەوتەم / دروستكردنی دەرمان لەهەرێمی كوردستان:- لەهەرێمی كوردستاندا سێ كارگەی دروستكردنی دەرمان هەن، كە دوان لەوانە لەپارێزگای سلێمانی‌و یەك كارگەش لە پارێزگای هەولێرە، دوان لەكارگەكانی دەرمان لەلایەن هەردوو حیزبی دەسترۆیشتوی هەرێمەوە خاوەندارێتی دەكرێت لەگەڵ بوونی پشكی چەند سەرمایەدارێك تیایاندا، كۆمپانیایەكیش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی دەكرێت، كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبەرهەمی كارگەكانی دەرمانی هەرێم رازیەو وەزارەتەكە خۆی كڕیاری دەرمانەكانیانە، بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران ئەو كارگانە بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی هندستان‌و چین‌و هەندێك جاریش لە وڵاتانی ئەوروپاوە ماددەی بنەرەتی دەرمان دەهێنن‌و لێرە دەیكەن بەدەرمان، بەدواداچونەكانی ئاران لەم راپۆرتەدا ئەوەی نیشاندا ئەو كۆمپانیایانە تا رادەیەكی باش پابەندی مەرجەكانی گواستنەوەی ماددەی بنەرەتی دەرمانن لە كاتی هاوردەكردنداو گرنگی بەو بوارە دەدەن، ئەم كارگانە جگە لەبازارەكانی هەرێم‌و عێراق دەرمان بە وڵاتی ئوردن‌و ئیمارات‌و دەوترێ بە چەند وڵاتێكی ئەوروپیش دەفرۆشن، بەشێك لەدەرمانسازان‌و شارەزایانی بوارەكە بۆچونیان وایە كە ئەو كارگانە جیاوازی لە كوالیتی ئەو دەرمانانەدا دەكەن كە لەناو هەرێم‌و دەرەوەی هەرێم بەتایبەت دەرەوەی عێراق دەیفرۆشن، ئەم راپۆرتە بەدواداچوونی بۆ ئەو بوارەش كرد، جیاوازیەكە زیاتر لە كارتون‌و مەرجی ئەو وڵاتانە دەركەوت كەبۆ لەكارتون نانی دەرمان هەیانە نەك خودی چالاكیی دەرمانەكە.  لە وڵاتانی دیكە كارگەكانی دەرمان بۆ تێست كردنی بەرهەمەكانیان جگە لە تێستی تاقیگەیی تێستی مرۆیشی بۆ دەكرێت، واتا كەسانی خۆبەخش لەلایەن تاقیگەكانەوە ئامادەكراون تا دەرمانیان لەسەر تاقی بكرێتەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان‌و كارگەكانی دەرمان كەسانی خۆبەخشیان نیە، بۆیە ناچاربوون سەرەتا لە تاقیگەكانی وڵاتی هندستان ئەو تاقیكردنەوەیە بكەن‌و دواتریش لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق تاقیكردنەوەكە گواسترایەوە بۆ وڵاتی ئوردن، بەڵام پسپۆرانی بوارەكە وای دەبینن بۆ بابەتێكی هەستیاری وەك دەرمان باشترە لەناو خۆی وڵات ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر چوە وڵاتێكی تر ئەوا ئەگەری ساختەكردن یان شێواندنی ئەنجامەكان ئەگەرێكی بەهێزە. ململانێ یەكی توندی دور لە پیشەیی لەنێوان ئەم كارگانەشدا هەیە، ئەوانیش هەوڵی شكاندنی یەكتر دەدەن‌و پروپاگەندەی جۆراوجۆر بۆ یەكتر دەكەن بێ ئەوەی خۆیان لەپروپاگەندەكەدا بەشدار ببن، بەڵكو لەپشت پەردەوە قودوە دەرمان بە لۆگۆی یەكتر نیشان دەدەن كە بەبێ مەرج دروستكراوە‌و مێر‌و یان شتی دیكەی تێدایە، ئەوان ئامانجیان لەم كارە شكاندنی یەكترە، بەڵام ئەم كارە زیاتر خەڵك دەخاتە بەر دودڵی‌ورارایی‌و ئەوانەی لەو جۆرە دەرمانانەیان وەر گرتوە توشی دڵەراوكێ‌و حاڵەتی دەرونی خراپ دەبن.  هەشتەم / هێڵی زانیاریەگشتیەكانی ئەم راپۆرتە:- •    ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەر‌و كرینی دەرمان‌و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی دامەزاروە تەندروستیە حكومیەكان زیاترە لە سێ ملیار دۆلار، كە بۆ نزیكەی (3000) پزیشك‌و(79) نەخۆشخانەی ئەهلی‌و نزیكەی (4300) نۆرینگەو چەند كۆمپانیایەكی هاوردەی دەرمان‌و سێ كارگەی دروست كردنی دەرمان دەروات.  •    لە دە ساڵی رابردوودا خەڵكی هەرێمی كوردستان نزیكەی سی ملیار دۆلاریان لەچارەسەر كردنی نەخۆش لە كەرتی تایبەت‌و بازاردا خەرجكردوە. •    داهاتی ساڵانەی بەرپرسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب‌و حكومەت ساڵانە زیاترە لە یەك ملیار‌و پێنجسەد ملیۆن دۆلار.  •    لە دە ساڵی رابردوودا حكومەت زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە كەرتی گشتی تەندروستیدا خەرجكردوە. •    كەرتی گشتی تەندروستی گەیشتۆتە ئاستێك هیچ هاووڵاتیەك بە ئاسانی‌و لەماوەیەكی كەمدا خزمەتگوزاری وەك نەشتەرگەری‌و هاوشێوەكانی بۆ ئەنجام نادرێت.      سەرچاوەكانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتە:- 1.    گەڕان‌و سەردانە مەیدانیەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران. 2.    سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان 3.    سەندیكای پزیشكانی كوردستان 4.    دەزگای ئاماری هەرێمی كوردستان 5.    راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتی راند لەبارەی بارودۆخی كەرتی تەندروستی گشتی لە هەرێمی كوردستان.  6.    پسپۆرانی تایبەتمەندی سەرجەم بوارەكانی ناو راپۆرتەكە كە وایان بەباش زانیوە لەبەر بارودۆخی تایبەتی خۆیان ناویان نەهێندرێت. 7.    ئاماری هەرسێ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە.  سەرجەم داتاكانی ناو ئەم راپۆرتە لەماوەی نیسانی 2021 تا 15ی كانوونی دوەمی 2022 كۆ كراونەتەوە.  رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی نۆیەم / خاوەندارێتی ئەم راپۆرتە:- •    دەزگاكانی راگەیاندن‌و رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكان‌و سەندیكاكان‌و دامەزراوە حكومیەكان‌و توێژەران‌و قوتابیانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان یان قوناغەكانی دیكەی خوێندن مافی بڵاو كردنەوەو بەكار هێنانی كۆی راپۆرتەكە یان بەشێك لە زانیاریەكانی راپۆرتەكەیان هەیە بەو مەرجەی ناوی رێكخراوی ئاران وەك خاوەنی راپۆرتەكە بهێنن.  ستافی ئامادەكار بەرێوەبەری پرۆژە                    هەژار وهاب عوسمان بەرپرسی پەیوەندی‌وهەماهەنگی        ئاسۆ محمد مستەفا بەرپرسی دارایی                          نیزام نازم عبدل تیمی ئامادەكار لە پارێزگای سلێمانی  هاوژین یاسین محمد          سەرۆكی تیم بەختیار رحیم محمد         ئەندامی تیم سیڤان عمر                     ئەندامی تیم تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەولێر ئاری سابیر حەویز            سەرۆكی تیم گلێنە قوباد  حمد ئەمین                     ئەندامی تیم  پەشێو عمر حەوێز                   ئەندامی تیم. تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەڵەبجە رێبواری هەورامی      سەرۆكی تیم  حوسنا مەحمود جەعفەر  ئەندامی تیم  رەیان شەوكەوت محەمەد  ئەندامی تیم  دیزاینی راپۆرت      شوان رحیم        دیزاینی بەرگ    د- .ئەكرەم   فەرەیدون    


  درەو:   ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لەمانگی كانونی دووەمی رابردوودا هەرێمی كوردستان نزیكەی (14 ملیۆن ) بەرمیل نەوتی باركراوە كە بەتێكڕا رۆژانە دەكاتە ( 450 هەزار) بەرمیل، (30%)ی نەوتەكەی بە پۆنان و (21%)ی نەوتەكەی بە ئیسرائیل فرۆشتووە. بەپێێ ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت لەمانگی كانوونی دووەمدا نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە لە رێی (٢٠ )كەشتی قەبارە جیاوە باركراوە كە بۆ ( ٧)وڵاتی جیا ڕۆشتووە.  كۆی نەوتی باركراو لەماوەی ئەو مانگەدا بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 970 هەزارو 479) بەرمیل، كە بەتێكڕا رۆژانە (450 هەزارو 660)  بەرمیل نەوت بووە. لە راپۆرتەكەدا زیانیاری سەبارەت بە نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهان و لە سەر ناو وە ژمارەی ئەو كەشتیانەی نەوتی هەرێمیان باركردووە ، لەگەڵ بەروار و بڕی نەوتی باركراو لە هەركەشتییەكدا و ناوی ئەوكۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمیان كڕیوە و بۆ چ وڵاتێك ڕۆشتووە بڵاوكراوەتەوە. ڕاپۆرتی نەوتی باركراوی هەرێم لە ڕیی بەندەری جیهانەوە لە مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ یونان: 4248758  بەرێژەی 30% ئیسرائیل: 2920351  بەرێژەی 21% ئیتالیا:3778212  بەرێژەی : 27 بولگاریا: 570001  بەرێژەی: 4% كرواتیا:765784  بەرێژەی: 6% ئیسپانیا:1037372  بەرێژەی: 7% رۆمانیا: 650001  بەرێژەی 5%


راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەخولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران (38) رۆژ داوی دانیشتنی یەکەم و خولی دووەم دوای (151) ڕۆژو خولی سێیەم دوای (24) ڕۆژو لە خولی چوارەم دوای (30) ڕۆژ لە دانیشتنی یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (123) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردن (32) ڕۆژ بەسەر دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕییوەو تا ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە. بەپێی ئامارەکان لەماوەی چوار خولی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران (1020) دانیشتنی ئەنجامداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (690) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (20) پرساندن و (179) میوانداری و (30) پرسیار و (3) وەرگرتنەوەی متمانەو (3) ئیقالەی بەرپرسانی حکومەتی کردووە.  هەڵبژاردنی گشتی و دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (15/12/2005) بەڕێوەچوو (92) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (16/3/2006) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام پاش تێپەڕبوونی (38) ڕۆژ و لە (22/4/2006) (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو (100) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (14/6/2010) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام پاش تێپەڕبوونی (151) ڕۆژ و لە (11/11/2010) (جەلال تاڵەبانی) جارێکی تر وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە. پاشان لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو (63) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (1/7/2014) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (24) ڕۆژ و لە (24/7/2014) (د.فوئاد مەعسوم) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12/5/2018) بەڕێوەچوو (115) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (3/9/2018) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (30) ڕۆژ و لە (2/10/2018) (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو (91) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (9/1/2022) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، لە ئێستادا و پاش تێپەڕبوونی (32) ڕۆژ و بەسەر یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ململانێکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامەو دیار نییە ئەم خولەی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کێ و کام لایەنی سیاسی دەبێت  هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە چوار خولی ئەنجومەنی نەێنەرانی عێراق ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوار خولی خۆی تەواو کردووەو ئێستا پێی ناوەتە سەرەتای خولی پێنجەمی خۆیەوە، ئەرکی لە پێشینەشی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق. لە خولی یەکەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (130) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (266) ئەندام لەکۆی (275) لە (22/4/2006) دەستەی سەرۆکایەتی و لە نێویشیاندا (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی پێدرا. لە خولی دووەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (251) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (232) ئەندامی ئەنجومەنەکە لە (11/11/2010) بە ڕکابەری دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆک کۆماری عێراق جارێکی تر متمانەی وەرگرتەوە. لە خولی سێیەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (87) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (269) ئەندامی ئەنجومەنەکە لە (24/7/2014) بە ڕکابەری (93) کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (د.فوئاد مەعسوم) و لە گەڕی دووەمدا وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرت. لە خولی چوارەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (145) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (302) ئەندامی ئەنجومەنەکە لەکۆی (275) ئەندام لە (2/10/2018) بە ڕکابەری (23) کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح) و لە گەڕی دووەمی دەنگداندا وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرت. لە ئێستاشدا کە لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانداین (123) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا ڕۆیشتووەو پرۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار کۆتایی نەهاتووەو ململانێکان بەردەوامن. کاروچالاکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە چوار خولی ڕابردوو بەپێی ئامارەکان لەماوەی چوار خولی ڕابردووی خۆی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (1020) دانیشتنی ئەنجامداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (690) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (20) پرساندن و (179) میوانداری و (30) پرسیار و (3) وەرگرتنەوەی متمانەو (3) ئیقالەی بەرپرسانی حکومەتی کردووە، بەجۆرێک؛ خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (355) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (218) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (5) پرساندن و (71) بەرپرسانی حکومی کردووە. خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (255) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (215) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (3) پرساندن و (47) میوانداری بەرپرسانی حکومی کردووە. خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (278) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (166) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (11) پرساندن و (46) میوانداری و (25) پرسیار و (1) وەرگرتنەوەی متمانەو (2) ئیقالەی بەرپرسانی حکومی کردووە. خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەراورد بە خولەکانی تر کەمترین چالاکی هەبووەو (152) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (91) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (1) پرساندن و (15) میوانداری و (5) پرسیار و (1) وەرگرتنەوەی متمانەو (1) ئیقالەی بەرپرسانی حکومی کردووە. لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2006 - 2021) بەشێوەیەکی گشتی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوار خولی ڕابردوودا ژمارەیان لە نێوان (24 - 26) لیژنە بووەو ئەندامێتیش لە نێویاندا کەمترینی (7) ئەندام و زۆرترینی (21) ئەندام بووە. (11) لیژنەش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرچوار خولەکەدا دووبارە (تیکرار) بوونەتەوە، ئەوانیش لیژنەکانی (نەوت و وزەو سەرچاوە سروشتییەکان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاسایش و بەرگری، پەیوەندییەکانی دەرەوە، تەندروستی و ژینگە، هەرێم و پارێزگاکان، دارایی، دەستپاکی، ئابوری و وەبەرهێنان، یاسایی، وەرزش و لاوان).


 (درەو):  رێككەوتن نەكرا، بارزانی چەند پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم بافڵ تاڵەبانی، یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت و بەیەكەوە بچنە بەغداد لەسەر پۆستەكانی دیكەش رێكبكەون، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە‌و بڕیار دەدات. كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی لە پیرمام كۆتایی هات.  بەگوێرەی ئەو زانیارییە بەراییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، مەسعود بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە، هەموو ئۆپشنەكانی لەبەردەم یەكێتیدا كراوەیە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار ببن، هەموو پۆستەكانی تری بەغداد بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەم پێشنیازە رازی نەبووە.  مەسعود بارزانی پێشنیازێكی تری خستوەتەڕوو، رایگەیاندووە، پارتی ئامادەیە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشێتەوە، ئەگەر یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) بگۆڕێت.  سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، بافڵ تاڵەبانی هیچ بەڵێنێكی بۆ گۆڕینی كاندید نەداوە، بەڵام باسی لەوەكردووە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی دەكات‌و بڕیار لەسەر چارەنوسی كاندیدەكەی دەدات. بڕیارە ئەمشەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی گفتوگۆكەی بافڵ تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی‌و یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار.   ئەوانەی نزیكن لە گفتوگۆكانەوە‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن كۆبونەوەكەی بارزانی‌و بافل تاڵەبانی ئەرێنی بووە، سەرباری ئەوەی رێككەوتنی تێدا نەكراوە، بەڵام هەندێك لێكتێگەیشتن هاتووەتە كایەوە.  ئێستا كە هۆشیار زێباری لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە توشی كێشمەكێش كراوە، بارزانی وردە وردە سەرەنجی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لادەبات‌و دەیەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ یەكێتی، دەستبەرداری پۆستەكە ببێت. 


درەو: كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی كە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات ملیاردێربونی خۆی راگەیاند، (86%)ی داهاتەكەی لە 2022 دا لە نەوتی هەرێمی كوردستان بووە. ئەمڕۆ 10ی شوباتی 2022، كۆمپانیا (  DNO)ی نەرویجی كە تایبەتە بە نەوت و غاز لە سایتی رەسمی خۆیدا بڵاویكردەوە" كە كۆمپانیاكە ریكۆردێكی نوێی لە داهات تۆمار كردووە و بۆ یەكەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە ( ملیارێك) دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی رابردوو.  ئەویش لە دەرەنجامی بەرز بونەوەی نرخی نەوت و گازو بەرزی تواناو ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكەیە. كە ئەمەش وایكردووە قازانجی ساڵأنەی كۆمپانیاكە بگاتە 321 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی فەرمی كۆمپانیاكە، سەرۆكی جێبەجێكاری دی ئێن ئۆ، بیجان موسەڤەر وتی :"لەگەڵ بەردەوامی كاریگەری پەتای كۆرۆنا، دی ئێن ئۆ ساڵی ڕابردوو بوو بە كۆمپانیایەكی (ملیار دۆلاری) لە پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا". هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد "ئێمە وەك هەمیشە پابەندین بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەشێوەیەكی بازرگانی سەرنجڕاكێش بەڵام لە لایەنی كۆمەڵایەتیشەوە بەرپرسیارانە كاردەكەین و هەستیارین بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە" كۆمپانیای DNOی نەرویجی راشیگەیاندووە كە زۆرینەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندا بووە بەجۆرێك لە كۆی گشتی پوختەی داهاتی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2021 دا كە لە رۆژێكدا (94 هەزار) بەرمیل نەوت بووەو لەو ژمارەیە (81 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بووەو تەنها (12 هەزارو 900 )بەرمیل نەوتی بەرهەمی رۆژانەی بووە لە  كێڵگەكانی كۆمپانیاكە لە تۆڕی دەریای باكوور، واتا لە ( 86%) بەرهەمی نەوتی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندابووە  بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستادا لە ساڵی 2021دا بەمشێوەیە بووە:  •    كێڵگەی نەوتی پێشكەبیر تێكڕای 61 هەزار و 800 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا •    كێڵگەی نەوتی تاوكێ تێكڕای 46 هەزارو 900 ەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا •    تێكڕای نەوتی سەرجەم كێڵگەكانی 108 هەزارو 700 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا  بە تێكرای ساڵانە كۆی گشتی (81 هەزارو 500 )بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی بوووە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا، بە پێی راپۆرتی كۆمپانیاكە. هاوكات لەگەڵ ئاشكرا كردنی داهاتی ساڵانەی كۆمپانیاكە DNOی نەرویجی راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٢، DNO پلان دادەنێت بۆ خەرجكردنی كرداری (800ملیۆن) دۆلار بۆ فراوان كردنی پرۆژەكانی. لە هەرێمی كوردستان، DNO چالاكیە هەڵكەندنەكانی زیاتر دەكات بۆ هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمھێنانی كۆمپانیاكە لە نزیكەی )105 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بە درێژایی ساڵەكە. هەروەها بەشداری لە مۆڵەتی بەعشیقە بە زیادەی (4 هەزار) بەرمیلی رۆژانە.     


 راپۆرت: درەو مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوە، بڕیارە سبەینێ لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوە،هەرچەندە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبمەوە  چەند سینارێۆیەک ھەیە بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. بارزانی بەشداری نەکرد ! ئەمڕۆ ماوەی زیاتر لە چوار كاتژمێر، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبوەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووەو فایلی گفتوگۆكانی بەغدادی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووە. لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، سەرەرای ئەوەی پارتی سوربوونی خۆی لەسەر بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆمار دووپاتکردوەتەوە، بەڵام گفتوگۆكراوە بە ئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بۆ ئەوەی بەیەك كاندیدی هاوبەش بچنە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە. (درەو) زانیویەتی، ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێكنەكەون، پارتی فوئاد حسێن و هۆشیار زێباری كاندید دەكات، لە حاڵەتی یەكلاكردنەوەی كەیسەكەی هۆشیار زێباری و رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراوە، پارتی فوئاد حسێن دەكشێنێتەوەو هۆشیار زێباری دەبێتەوە بە كاندیدی پارتی، ئەگەر دادگا كاندیدبوونی هۆشیار زێباری رەتبكاتەوە، پارتی فوئاد حسێن كاندید دەکات. بۆچونێكی ھەیە دەڵێ، لەبەرئەوەی هەینی و شەممە پشووە، رۆژی یەكشەممە هاوكات لەگەڵ بڕیاردان لەسەر كەیسەكەی هۆشیار زێباری، دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت.  یەکێتی بەرھەم ساڵح کاندید دەکاتەوە ئەمشەو لە شاری سلێمانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بەشداری بەرهەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی كۆبوەوە. (درەو) زانیویەتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە جارێكی تر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار كاندید بكاتەوەو ئامادە نیە کاندیدەکەی بگۆڕێت. ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، نوری مالیکی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت، ئەگەرنا دەنگەكانیان "سپی" دەبێت. سبەینێ کۆدەبنەوە بڕیارە سبەینێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا ئێرانییەکان نێوەندگیری دەكەن بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی بە كاندیدی هاوبەشەوە بچنە بەغداد، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح و پارتیش سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت. سینارێۆکانی رێککەوتن ئێستا چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق: •    پێشنیازی دوو ساڵ بەدوو ساڵ  لەنێوان یەكێتی و پارتی، هەرچەندە ئەم پێشنیازە لە دەستوردا رێگە پێدراو نیە.   •    پێشنیازی چوار ساڵ بە چوار ساڵ بۆ یەكێتی و پارتی. •    پێشنیازی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار. •    پێشنیازی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە رامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار، (سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی)


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ترس لە گلۆبالیزم، لە بێکاریی و داکەوتنی ئاستی گوزەرانیی تاکەکان، لە پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی وشەکەساڵی و تۆفان، ترس لە کۆچی بەکۆمەڵ و بێگانە و گروپە توندڕەو و تیرۆریستەکان، ترس لە جەنگی جیهانی سێهەم و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، دیارترین و گەورەترین شێوەکانی ترسی سەدەی بیستویەکن. گەر ئەم پرسانە لە ئەوروپا و ئەمریکا کۆڵەکە سەرەکییەکانی ترس پێکبهێنن، ئەوا لە هەرێمی کوردستان ترسەکان هەندێ ڕەهەندی تریان هەیە. کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو ڕووەکانەوە لەبەردەم مەترسیی و هەڕەشەی گەورە و بچووکدایە. لە دونیای ئێمەدا ترسەکان تەنها مەترسیی دزینی مووچە و گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوت و بێکاریی و هەژاریی و باجی زۆر و ووشکەساڵیی و هەڕەشەی دووبارەسەرهەڵدانەوەی تیڕۆری داعش و بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا و تۆپبارانی ئارتەشی ئێرانیی و سەرهەڵدانەوەی قۆناغێکی تری گرژبوونەوەی پەیوەندی پارتیی و یەکێتیی نییە، بەڵکو ترسی بنەڕەتیی لە هەرێمدا بریتییە لە بەدمەستبوونی نوخبە سوڵتانییەکە بە دەسەڵات، تا ڕادەی خۆکوژیی سیاسیی. ئەوەی لەناو یەکێتیدا ڕوویدا و ئەوەی ئێستاش لەنێوان پارتیی و یەکێتییدا لەبەغدا ڕوودەدات، ڕوویەکی مەترسییداری ئەو ئیدمانەیە کە هەر یەک لە نوخبە سوڵتانییەکە بۆ دەسەڵات هەیانە. هەر جارێک کە بیر لە مۆدێلی دەسەڵاتی کوردیی دەکەمەوە یەکسەر فیلمە فەرەنسیی - ئیتالییەکەی (مارکۆ فێرێری) دەرهێنەرم بیردەخاتە، کە بەناوی بوفێ گەورەکە (La Grande Bouffe) لە ساڵی 1973دا نماییشکرا. ئەم فیلمە باس لە چوار هاوڕێی خۆشگوزەران دەکات کە لە ڤێلایەکدا کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن تا ئاستی ڕشانەوە و خۆکوژیی بخۆن، بخۆنەوە و سێکس و کەیف بکەن. بێگومان فیلمەکە ڕەخنەیەکی توندە لە کۆمەڵگای بەرخۆریی، ئەو کۆمەڵگایەی کە خەسڵەت و دیاردەکانی بەشێوەیەکی مەترسییدار گەیشتە کۆمەڵگای ئێمەش. نوخبە ئابووریی و سیاسییەکانی ئێمەش وێنەیەکی کوردییانەی هیدۆنیزمی سیاسیی و کولتووری بەرخۆرییە کە لە فیلمەکەی مارکۆ فێرێریدا بەرجەستەکراوە.  سەردەمی زێڕینی بەرخۆریی لە هەرێمی کوردستاندا کورت بوو. بەهۆی پێترۆدۆلارەوە ماوەیەکی کورت تاکەکان لە فەنتازیای ئەوەدا دەژیان کە دەتوانن هەموو شتێک هەڵبژێرن. لەم قۆناغەدا مۆدێلێک لە دیکتاتۆرییەتی هەڵاوێرد (ئیختیار) بوو بە ئایینی نوێی کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە تاکەکان حەزیان بەچی بکردبایە دەیانتوانی بە پارە بەدەستیبهێنن. نوخبەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵدا کە ئامادەبوو بە پارەیەکی خەیاڵیی ژمارەی دڵخوازی خۆی بۆ ئۆتۆمبیل و مۆبایلەکەی بکڕێت، عەقڵی وەبەرهێنانی سەرمایەکەیان تەنها لە زەوی و خانوو و شوقەکڕیندا چەقیبەستبوو؛ سەفەر، هاوسەرگیریی، خوێندن و پلە و پۆستی ئەکادیمیی و زۆر شتی تریشیان بە پارە وەدەستدەهێنا. ئەم نوخبە سوڵتانییەی کۆمەڵگای ئێمەش هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو بوو بە بەشێک لەو جیهانە نیولیبراڵەی کە بەهۆی پارەی پێترۆدۆلارەوە بۆ ماوەیەکی کورت مێژووی سەردەمی زیڕینی لە هەرێمدا پێنووسرایەوە. ئەو قۆناغە کورتە لە وەهمی خۆشگوزەرانیی هەمیشەیی تراویلکەیەک بوو، لەماوەیەکی زۆر کورتدا سەرلەبەری ڕەوییەوە. ئەم ڕەوینەوەیەش تەنها پەیوەندیی بە هاتنی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی بەو مۆدێلە فاشیلە لە سیاسەتی ئابووریی و ئیداریی ئەو نەوخبە سوڵتانییەوە هەبوو کە عەقڵییەتێکی بەرخۆریی مەترسییداری بەرهەمهێنا، بەهاکانی ئیمتیاز (privilege)ی لە کۆمەڵگای ئێمەدا گۆڕی بۆ حیزبی و ناحیزبیی، ئینتیمای بۆ نیشتیمان و ئەندامبوون لە کۆمەڵگا وەک هاونیشتیمانییەک گۆڕیی بۆ ئەندامبوون و وەلائەتی ڕەها بۆ خێزانە سیاسییەکان. چواردەوری ژیانی ئینسانەکانی ئێمە بە مەترسیی تەنراوە، هەر لە مەترسییە دەرەکییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە مەترسییە ناوەکییەکان، لە مەترسیی کۆمەڵایەتییەوە تادەگاتە مەترسیی پەروەردەیی، لە مەترسیی ئابوورییەوە تادەگاتە مەترسیی تێکچوونی ئاساییشی نیشتیمانیی. بەمچەشنە ترسەکان لە هەرێمەکەی ئێمەشدا شلبوونەتەوە، بەمانای ئەوەی دابەشبوون بەسەر بەرهەمهێنانی چەندین مەترسییدا، لە مەترسیی مووچەوە بیگرە تادەگاتە مەترسیی ئاساییشی تەندروستیی و خۆراک، لە مەترسیی مردنی هاونیشتیمانیانەوە بیگرە بەهۆی ڕێگاوبانی خراپەوە تادەگاتە مردنی خەڵک بە گاز و نەوت، لە مەترسیی کوشتنی بەهەوەسی خەڵکی مەدەنیی لەلایەن منداڵ و چەکدارانی خێزانە سیاسییەکانەوە، تادەگاتە نەدانی بەهەوەسی زەریبە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە. دەسەڵاتی کوردیی، دەسەڵاتێکی سوڵتانیی بێپەروایە، تاوەکو مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دروستنەبێت، نیگەرانیی و ترسەکانی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا نابینێت. ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە مەحاڵە تیایدا خۆمان لە ترس ڕزگاربکەین. دابەشکردنی ترسەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە مانای سەرقاڵکردنی ڕۆژانەی ئینسانەکانی ئێمەیە بە خەمی گەورە و باری گران و کێشەی زۆر و چارەسەری کەم، کە جەستە و سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیی کۆمەڵگا شەکەت و هەلاهەلا دەکات.  کۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە کۆمەڵگایەکی تاڵ، تاڵ بەو مانایەی ئینسانەکان هیچ شتێکیان بۆ گرنگ نەماوە، گاڵتەیان بە هەموو شتێک دێت. دانیشتوانی هەرێم نە بڕوایان بە مژدە ناسیۆنالیستییەکانی سیاسییە پیرەکانی سەدەی بیستەم ماوە و نە متمانەشیان بە مژدەی ئۆپۆزیسیۆنە پۆپۆلیستەکانی ئەم سەدەیەش هەیە و نە ئومێدیشیان بە دوعای ئیسلامییەکانە تاوەکو خودا سیاسییە جیاوازەکانیان عەزابی ئەم گەلە کەمبکاتەوە. خەڵکی ئێمە بێزارە لە هەموو قسە و کردەیەکی نوخبە سیاسییەکە و باوەڕی بە دواڕۆژێکی باشیش نەماوە، چونکە سیاسەت لەم وڵاتەدا پیشەی کەسانی باش نییە. ئینسانەکانی ئێمە تاڵبوون، تاڵبوون مانای لەیادچوونەوەی ئەو هەستەیە کە پێماندەڵێت ژیان دەتوانێت شیرین بێت. گەر لەسەردەمی بەعسدا ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگایەکی ترساومان هەبووبێت، ساڵانێکە دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی کۆمەڵگای ترسیان بەرهەمهێناوە. گەورەترین سەرمایەگوزاریی دەسەڵاتی کوردیی لەئاستە ئابوورییەکەی لە نەوت و گازدا بێت، لەئاستە سایکۆلۆژییەکەی سەرمایەگوزارییە لە ترس. بۆیە یەکێک لە مەترسییە جدییەکان بۆ سەر ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە ڕاهاتنە لەگەڵ ترس. مەترسیی ڕاهاتن لەسەر شتێک یان دۆخێک مانای قبووڵکردنی حاڵەتێکە کە نە بە چاک و نە بە خراپ نەتەوێت بیگۆڕیت. ئێمە ناتوانین ڕەهەندی ترس لە تێگەیشتنمان بۆ شەڕانییەت و خراپەکاریی دابڕێنین، ئەو مەترسییانەی ئێستا دونیای ئێمەی داگیرکردووە تەنها مەترسیی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و هەژاریی و کارەساتی ژینگەیی و نەخۆشیی نییە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامادەگیی دەسەڵات خۆیەتی بۆ داماڵینی سیاسەت لە هەموو چاکەیەکی گشتیی و دروستکردنی وەحشەتگەریی و ئاساییبوونەوەی شەڕانییەت لە هەموو شێوازەکانیدا. بەشی دووەم و کۆتایی  


  درەو: بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت" كێڵگەی غازی كۆرمۆر و  چەمچەماڵ توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە. بە پێی راپۆرتێكی سایتی (ئێس پی گڵۆباڵ)ی ئەمریكی، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی تا ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم دەگەیەنێتە 950 ملیۆن پێ سێجاو بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو غازەكانی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنێت دەتوانێتە كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم بهێنرێت. ئەمڕۆ 9ی سوباتی 2022 پاتریك ئەلمان وارد، بەرێوەبەری كۆمپانیای دانە غازی ئـیماراتی بە سایتەكەی راگەیاندووە: پێشبینیدەكەین بەرهەمێنانی غازی كۆمپانیاكە بەر لە ساڵی 2025 بگاتە (950 ملیۆن) پێ سێجا ئەوەش لەپاش ئەو فراوانكردنەی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن. ئێستا كۆمپانیای دانە غاز توانای بەرهەمهێنانی (452 ملیۆن) پێ سێجا لە گازی سروشتی هەیە و چاوەڕوانیش دەكات لە چارەكی دووەمی ساڵی 2023 دا 250 ملیۆن پێ سێجای دیكە بۆ ئەو رێژەیە زیاد بكرێت. هەروەها دانە غاز ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی فراوانكردنی دووەم بە بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجای دیكە لە كۆتایی 2024 یاخود سەرەتای 2025.  ئەلمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەین بۆ ڕێكەوتنی فراوانكردنی دووەم لە كێڵگەی كۆرمۆر بە بری 250 ملیۆن پێ سێجا و هیوادارین بە خێرایی گفتوگۆكان كۆتاییان بێت و بگەینە رێككەوتن." بەرهەمی دانە غاز لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا بە رێژەی (5٪ ) زیادیكردو گەیشتووەتە (33 هەزار و 800 )بەرمیل لە رۆژێكدا كە كۆندێنسەیت و گازی LPG لە خۆدەگرێت. ئەلمان وارد، وتیشی: "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو گازی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ببات ئەوا دەتوانێت كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم دەهێنرێت كە ئەوكات ڕەنگە توانای هەناردەكردنی كارەبا یان خودی غازەكەی هەبێت. ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ فراوانبوونی هێڵی بۆرییەكان لە كوردستان و یەكگرتنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەگەڵ هێڵی غازی هەولێر-دهۆك، توانای هەناردەكردنی غاز دوو هێندە زیاد دەكات. لە گفتوگۆكەدا ئەڵمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد، توركەكان پێشتر بۆری غازیان بۆ سەر سنوری توركیا دامەزراندووە، ئەمەش وا دەكات بە هەوڵێكی كەم بتوانین سیستمی غاز پێكەوە گرێ بدەین. وتیشی: ئەو سامانە گەورەیەی لەبەردەستماندایە لە كێڵگەی كۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو زیاتر دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.  


(درەو):  (دڵی سلێمانی) مەسڵەحەی كۆن كە روبەرەكەی (10) دۆنمەو لەسەر شەقامی سالمە دەكرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبون و شوێنی گەراجی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیش دەگرێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەھۆی ئەم پرۆژەیەوە كۆمیتەكانی (زانكۆ و پەیمانگاكان، پۆلیس و ئاسایش) كە سەربە مەڵبەندی یەكێتین، گوازراونەتەوە. ئێستا شوێنی دروستكردنی پرۆژەكە سیاجكراوەو ئامادەیە بۆ كاركردن، شوێنی پرۆژەكە بە گەراجەكەی مەڵبەندەوە (10) دۆنم زەوییە، (100) مەتری رووی لەسەر شەقامی سەرەكی (سالم)ە، لەم شوێنەدا هەر مەترێكی زەوی بەھاكەی زیاتر (2500) دۆلارەو تەنیا رووەكەی بەھاكەی دەگاتە (25 ملیۆن) دۆلار. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، خاوەنی پرۆژەكە بەنیازە لەم شوێنەدا (4) شوقەی (28) نهۆمی دروست بكات و بەشی پێشەوەی زەوییەكەش بكات بە دوكان و بازاڕ. شوێنی ئەم پرۆژەیە بە دیاریكراوی دەكەوێتە گەڕەكی (رزگاری) لە باشوری شاری سلێمانی و بە ( دڵی سلێمانی) دادەنرێت و بەشی پێشەوەی پرۆژەكە دەكەوێتە سەر شەقامی (سالم)و بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە. شوێنی ئەو زەوییەی دەكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون لەناو خەڵكدا بە "گەراجی مەسڵەحەی كۆن" ناسراوە، ئەم گەراجە ساڵی 1988 دراوە بە چەند كەسێك و بڕیاردراوە (72) پاسی هەبێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە تەنیا (12) پاس كاریان تێدا كردووە. ئەوانەی ئاگاداری چیرۆكی ئەم پارچە زەوییەن دەڵێن: لە چەندین قۆناغدا هەوڵدراوە بەكاربھێنرێت، ئیدارەی گشتی یەكێتی پارەی بەو كەسانە داوەو لە ساڵی 2005 دا داویەتی بە كۆمپانیای (بەڕێز) بۆ پرۆژەو دواتر لێی وەرگیراوەتەوەو قەرەبوو كراوەتەوە. لە قۆناغی دواتردا چەند ھەوڵێك ھەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام  لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)و (حاكم قادر حەمەجان) ئەندامانی پێشوی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگریان لێكراوە. ئێستا وەبەرهێنەرێك بە هاوبەشی ئیدارەی گشتی یەكێتی پرۆژە لەسەر زەوییەكە دروست دەكات، شوێنەكە سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەو لەلایەن ماستەر پلانی سلێمانییەوە پەسەندكراوە، خەڵكی ناوچەكە چەندینجار دااویانكردووە بكرێتە پاركێكی سەوزایی لەبەرئەوەی لەوناوچەیە سەوزایی كەمە، بەڵام دواجار بڕیاردراوە بکرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون. 


  درەو: پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی. بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی، لە پرۆژەكەدا هاتووە، شوێنی باخی گشتی سلێمانی كە (12) دۆنمە بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی و نهۆمی ژێرەوەی بكرێتە گەراجی ئۆتۆمبێل و نهۆمەکانی سەرەوەش بۆ هۆتێل و چێشتخانە. باخی گشتی دەكەوێتە سەرەتای شەقامی سالم، بەرامبەر هۆتێل سلێمانی پاڵاس لە ساڵی 1937 بونیاداراوە لەسەر ( ١٢ )دۆنم زەوی، كۆنترین و جوانترین باخچەیە لە شاری سلێمانی و پڕ سەوزاییە، پەیكەری ( چوار ئەفسەرە شەهیدەكە ) لەبەردەم باخی گشتی دانراوە، لە دەروازەكەیەوە پەیكەری كۆمەڵێك لە شاعیر و هونەرمەندان دانراوە، لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیانی زۆر رووی تێ دەكەن. درەختەكانی ئەم باخە بریتین لە ( توو، سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان و هەندێك) لەو درەختانە بتەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥ساڵەو لەبەردەركی سەرا تا دووڕیانەكەی سەرچنار سەربە باخی گشتی یە. باخی گشتی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٣٧ بونیادنراوە لەلایەن موتەسەریفی ئەوكاتی سلێمانی (مەجید یاقوبی). مەحمود ئەفەندی کە خەڵكی سلێمانی بووەو ئەندازیارو سەرۆكی شارەوانی ئەوكاتە بووە سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی ئەم باخەو كاركردن تێیداو ئەو كاتەی كە ئەم باخە دروستكراوە دەڵێت: ئەم ناوچەیە شوێنێكی چۆڵەوانی و قەراغ شاربووە تەنها گەڕەكەكانی ئابڵاخ و كانێسكان هەبوون، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ دروستكردنی باخێكی لەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی سەرچاوەی  ئاوی كارێزی كانێسكان بەم ناوچەیەدا تێ پەڕبووە و توانراوە بۆ باخداری سودی لێ وەربگیرێت .  


(درەو):  بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ سەردانی ئەنكەرەی كرد‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای بینی، ئەم سەردانە كتوپڕە سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی هەرێمە لەگەڵ توركیا، كە دوای نەوت، غازی هەرێمی كوردستانیش رادەستی توركیا دەكات، سایتێكی توركیا باس لە بایەخی غازەكەی كوردستان بۆ توركیا دەكات، دەڵێ ئەو غازە توركیا لە قەیران رزگار دەكات، توركەكان، تەنانەت چاویان لەو (كبریت)ەشە كە لەناو غازەكەی هەرێمدا هەیە.  دەقی هەواڵی سایتی (haber 7) لەبارەی غاز لە كورستان: توركیا 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە تەنیشت خۆیدا هەیە چارەسەری وزە لە تەنیشتی خۆماندایە، عێراق (900 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی هەیە، پسپۆڕان دەڵێن" دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە رزگارمان ببێ كە كاریگەری لەسەر جیهان بەگشتی دروستكردووە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە دەكەوێتە تەنیشتی خۆمانەوە". لە فڕۆكەكەیدا لەكاتی گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا، سەرۆك ئەردۆغان وتی" دەكرێت غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیا دابین بكرێت"، بەمەش وردەكاری پرۆژەكە ئاشكرا بوو.  پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باكوری عێراق (میدیا توركییەكە ناوی كوردستانی نەهێناوە) كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017وە پچڕا، لەبواری ئابوری‌و وزە‌و سیاسەتدا كاریگەر بوون.  ساڵی رابردوو (192 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەرێگەی ئەم هێڵەوە گواستراوەتەوە، كە رۆژانە توانای وەرگرتنی (ملیۆنێك) بەرمیلی هەیە، (گۆخان یاردیم) بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای (بۆتاش) دەڵێ" 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە باكوری عێراقدا هەیە.. توركیا دەستكەوتی مێژوویی بەدەستدەهێنێت لەرێگەی دامەزراندنی هێڵی وەبەرهێنان‌و گواستەوەی ئەم غازە لە پاڵ نەوتدا".  (عارف ئەكتورك) سەرۆكی پێشووی بەشی فرۆشتنی غازی سروشتی لە كۆمپانیای (بۆتاش) وتی" لە ساڵی 1974وە بازرگانی هایدرۆكاربۆنیمان لەگەڵ عێراق هەیە‌و ساڵی 2013 نوێكراوەتەوە، ئێمە دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە دەرباز ببین كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە، لەوێ كێڵگەی غاز هەیە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە تەنیشتنی خۆماندایە".  بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی توركیا، (گۆخان یەردیم) بە ئاماژەدان بەوەی ژێرخانی بازرگانی غاز لەگەڵ باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئامادەیە، وتویەتی" كۆمپانیاكانی (تاپكۆ)و (بۆتاش) كە دوو كۆمپانیای جیهانین، لەحاڵەتی رێككەوتنی فەرمیدا، تاپكۆ دەتوانێت لەماوەیەكی كورتدا كاری هەڵكەندن‌و دەرهێنان ئەنجام بدات.. هێڵی بۆریمان هەیە كە تا خۆرهەڵاتی توركیا درێژدەبێتەوە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێڵەكە لە خاكی عێراقدا دەكەوێتە سەر زەوییەكی تەخت‌و دەكرێت لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئامادە ببێت، یەدەگێكی نائاسایی غاز لە (مەنسوریە)‌و (كۆرمۆر) لە ناوچەی چەمچەماڵ هەیە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی توركیا‌و عێراق رەزامەندی لەسەر بدەن، توانای یەك ملیۆن بەرمیل بەس نییە‌و دەبێت هێڵێكی تری بۆری نەوت دروست بكرێت، ئەم توانایە هەیە‌و ئەو ژمارەیە گواستنەوەی لەرێگە تانكەر ناگرێتەوە‌و ئامانجەكە ئەوەیە لە پلانی سەرەتایدا ئاستی هەناردە لە (10 ملیار) مەتر سێجاوە بگەیەندرێتە (10 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە. لەپاڵ نەوت‌و غازدا، عارف ئەكتورك باس لە زنجیرەیەك سودی تر دەكات‌و دەڵێ" غاز لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بڕێكی زۆر كبریتی تێدایە، ئەگەر بتوانرێت ئەم كبریتە بخرێتە بازاڕەوە، ملیاران دۆلار سودی ئابوری تێدا دەبێت، بەڵام ئەگەر كبریتەكە لەناو كێڵگەدا بمێنێتەوە، شاخی كبریتی لەناوچەكەدا لێ دروست دەبێت‌و لەكاتی بارانباریندا ترشی كبریتی دروست دەكات‌و كارەساتی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە.  حكومەتی ناوەندی عێراق سكاڵایەتی یاسایی لەسەر توركیا بەرزكردوەتەوە كە پەیوەندی بە بازرگانی نەوتەوە هەیە لە ساڵی 2013‌و دواتر لەرێگەی هێڵی بۆری (IT Petrol)، كرۆكی سكاڵاكە كە بەرزكراوەتەوە بۆ بڕیاردان‌و هێشتا ئەنجامی حوكمەكەی رانەگەیەندراوە دەڵێ، حكومەتی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) دەتوانێت تەنیا رێژەی 17%ی نەوتی هەناردەكراو ببات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، توركیا دیپلۆماسیەتێكی چڕ لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە بەغداد‌و ئیدارەی بەرزانیدا پەیڕەو دەكات، سەرچاوە دیپلۆماسییەكان دەڵێن دەستكەوتی گەورە لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.   


راپۆرتی: درەو  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (8 ساڵی رابردوو)دا زیاتر لە (ملیارێك‌و 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام كەمتر لە (31 ترلیۆن) دیناری داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ، هەرێم بڕی (81 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لەدەستداوە‌و (45 ترلیۆن) دیناریش قەرزار بووە. پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەماوەی نێوان ساڵانی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن) دینار، لەم بڕە پارەیە تەنیا (15 ترلیۆن) دینار رەوانەی هەرێم كراوە، واتا بڕی (81 ترلیۆن) دینار لە پشكی هەرێم راگیراوە. یەكەم: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2004-2014) پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، واتا فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە وەكو پشكی كورد، بڕێكی زۆر پارە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم دەكرا، بەجۆرێك لە دوای ساڵی 2004 -2014، حكومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە.  بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانەی لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵ دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە، كە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بووە، بریتی بووە لە (75 ملیارو 177 ملیۆن) دۆلار (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش‌و گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، یاسای بودجە نەبوو، دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بە وەزارەتەكان، ئیتر لێرەوە پشكی هەرێم بڕدرا.  بەپێی توێژینەوەیەكی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005تاوەكو 2019 بڕی (96 ترلیۆن‌و 196 ملیارو 503 ملیۆن) دیناری لە بەغدادەوە وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2 ترلیۆن‌و 273 ملیارو 430 ملیۆن) دینار داهاتی خۆی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغداد گەڕاندوەتەوە.   دووەم؛ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی 2014-2021) لەدوای ساڵی (2014)ەوە دۆخەكە بەشێوەیەكی ترە، ئەگەرچی لە یاساكانی بودجەی (2014-2021) پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێم‌و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هیچ كات ئەو بڕە پارەی كە وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە، وەك خۆی بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛ پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (2021-2014) (دینار) تێبینییەكان دەربارەی خشتەی ژمارە (1)  1.    حكومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە. 2.    سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێك 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە. 3.     (6) مانگی سەرەتای ساڵی (2021) تێپەڕی بەڵام حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە، لە (6) مانگی دووەمی ساڵی (2021) بە شێوەی سلفە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە. شیكاری خشتەی ژمارە (1) 1.    پشكی هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن و 540) ملیار و 995) ملیۆن دینار. 2.    تەنها بڕی (15 ترلیۆن و 929 ملیار و 533 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە. 3.    بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە. سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆدا، لەماوەی ساڵی (2014) تا كۆتایی ساڵی (2021) زیاتر لە (1 ملیارو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بە تێكڕا بەرمیلێكی نەوتی بە بڕی (54) دۆلار فرۆشتووە، بەكۆی گشتی‌و بەبێ هیچ خەرجی‌و تێچونێك، بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی زیاتر بوو لە (55 ملیار دۆلار) بەرامبەر بە زیاتر لە (68) ترلیۆن دینار (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))   فرۆشی نەوتی هەرێم (2014- 2021) بەڵام بەپێی وتەی (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان) كە رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) لە كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكان‌و خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات تێچووی دەرهێنانی نەوتە‌و (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێت، بۆیە دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوت‌و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە (ساڵی ڕابردوو)دا لە ڕێگەی فرۆشتنی (1 ملیارو 103 ملیۆن‌و 211 هەزار) بەرمیل نەوتەوە، دەكاتە (25 ملیارو 485 ملیۆن 858 هەزارو 150) دۆلار، كە بەهای (1) دۆلار بە تێكڕا لەماوەی (ساڵی رابردوو) بریییە لە (1 هەزار و 211) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (30 ترلیۆن‌و 863 ملیارو 374 ملیۆن‌و 220 هەزارو 231) دینار وەك داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم (2014-2021)  پاش لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بكەین كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی كەوتووە، بەو بەشەی لە بودجەی عێراق لەدەستی داوە، ئەوا؛ 1.    حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422 ملیۆن) دینار بودجەی لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە. 2.    حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیارو 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8 ساڵ)دا هەناردە بكات، بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی بۆ بمێنێتەوە. 3.    ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەكەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار. پێنجەم: كەڵەكەبونی قەرزە گشتییەكان  بەهۆی كورتهێنانە بەردەوامەكان‌و بەتایبەتیش بەهۆی قەیرانەكانی ساڵانی (2014-2017و 2020)، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، كە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆران‌و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەكان‌و قەرزی دەرەكی‌و قەرزی بانكی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆین، بڕی ئەم قەرزانە زیاتر لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریكییە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) بەشێكی گەورەی قەرزەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێش كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بروانە چارتی ژمارە (3)). هاوكات (خشتەی ژماره (4))‌‌ دەربڕی قەبارەی قەرزە گشتییە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە درێژایی ساڵانی (2012 - 2021). چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) خشتەی (4)     سەرچاوەکان 1.    کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021. 2.    م.جهانگیر صدیق احمد، چاكسازى ئابوری له‌ هه‌رێمی كوردستان، پاساو و به‌ربه‌سته‌كان له ‌(2005 - 2019)، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، مجلة الدراسات السياسية و الأمنية - المجلد (الرابع) العدد (الثامن) كانون الاول ٢٠٢١؛ https://www.centerfs.org/files/2021/12/3-Vol.4-No.8k-81-112-3.pdf 3.    ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813 4.    ماڵپەڕی درەو میدیا، فرۆش  و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584 5.    ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611 6.    قانون الموازنة العامة الاتحادية للسنة المالية2021. 7.    ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة. 8.    Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand