Draw Media

دادگای كۆمسیۆن لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا

دادگای كۆمسیۆن لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا

2023-02-21 10:52:25


 (درەو): 
دەستەی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداو گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیی بە "یاسایی‌و پەیڕەوی" پەسەندكرد، پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جارێكی تر تانە لە بڕیارەكە دەكەنەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە یەكێتیی دەستیكەوتووە، دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردن‌و پارتە سیاسییەكان، بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی سەبارەت بە چارەنوسی یەكێتی پەسەندكردووە. 
ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بە نوسراوێك گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتیی پەسەندكرد‌و بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناساند، ئەم بڕیارە روبەڕووی تانەی یاسایی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی بووەوە. 
ئێستا بەپێی دواین نوسراوی دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن، تانەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی رەتكراوەتەوە‌و تەواوی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی (هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرۆكایەتیی) لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە‌و دادگای كۆمسیۆن گۆڕانكارییەكان بە "یاسایی‌و پەیڕەویی" ناودەبات.
ئەم بڕیارە لەكاتێكدا دەرچووە، دوێنێ بۆ جاری دووەم دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگیی بڕیاریداو وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی ناساندی. 
سەرباری رەتكردنەوەی تانەكەیان لەلایەن دەستەی دادوەریی كۆمسیۆنەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی دەیەوێت جارێكی تر تانە لە بڕیارەكە بداتەوە بەهۆی دەستخستنی بەڵگەی نوێ لە دادگای هەولێرەوە، (درەو) زانیاری زیاتر لەسەر ئەم كێشمەكێشە یاساییە بڵاودەكاتەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand