پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) لە ساڵی (2022)دا
2023-02-24 17:43:43
شیكاری: درەو
پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت، بەراورد بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و ڕێو شوێنەکانی کۆمپانیای سۆمۆ پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) و (نەوتی هەرێم بە ڕێگەی سۆمۆ) لە ساڵی (2022)دا، بەم جۆرەیە؛
🔹 بە تێکڕا تێچوو خەرجی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە (45.93) دۆلار و لە عێراق (13.38) دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە (54%)ی داهاتی هەموو بەرمیلێک نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی و تێچووی پرۆسەکە و لە عێراقیش (14%) تێچووی پرۆسەکە بووە.
🔹 ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلکدا لەبری (39.06) دۆلار، (82.16) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی لەكۆی (12 ملیار و 331 ملیۆن) دۆلار داهاتی نەوتی هەرێم لە رێی بۆریەوە كە تەنها (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزینەی حكومەت گەڕاوەتەوە ، ئەوا ئەوكات (11 ملیار) دۆلاری بۆ خەزینەی حكومەت بۆ دەگەڕایەوە.
یەکەم: بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی (2022)
بەپێی شیکارییەکان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار.
بەپێی لێدوانی (دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا)؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی (70%)ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی (20%) هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە (16.1 ملیار) دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات".
پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق (86%) بووەو بڕی (%14)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا (82.16) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و (13.38) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە.
بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت، حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (84.99) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو و گەیەندراو بە دەستی کڕیارانی بیانی (لە ڕێگەی بۆرییەوە جگە لە ناوخۆ) بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلار و بڕی (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتی ناوخۆوە دەستکەوتووە، بەڵام تەنها بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم (وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان).
بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم (46%) بووەو بڕی (%54)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها (39.06) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و (45.93) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی زانیاریەکانی کۆمپانیای دیلۆیت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا (144 ملیۆن و 414 هەزار 412) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (رادەستی کڕیاران کراوە)، لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (84.99) دۆلار فرۆشراوە.
بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە و فرۆشتوویەتی بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە (12 ملیارو 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریکی بووە.
بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2022)دا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 819 ملیۆن و 362 هەزار و 171) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 487 ملیۆن و 944 هەزار و 323) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (54%)ی داهاتی نهوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا دراوە بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بهرههمهێنانی نەوت.
بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لە فرۆشتنی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2022)دا دەکاتە (5 ملیار و 618 ملیۆن 861 هەزار و 41) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (39.06) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە (20%ی بۆ خەرجی پرۆسەکە بڕۆشتبایە وەک ئەوەی لە سۆمۆ لەو کێڵگانەی بەدەستی کۆمپانیا بیانییەکانەوەیە خەرجی کردووە)، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2022) دا حکومەتی هەرێم بڕی (37.37) دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (5 ملیارو 417 ملیۆن و 429 هەزار و 58) دۆلاری ئەمریکی.
بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (5 ملیار و 618 ملیۆن و 861 هەزار و 41) دۆلار، نزیکەی دوو هێندەی ئەو بڕەی ئێستای دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە (11 ملیار و 36 ملیۆن 290 هەزار و 99) دۆلار. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی (دورەید عەبدوڵا)، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق (20%)ە بۆ لە (%70) بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە (30%)ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە (14%) لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا.
بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە (20%) داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک (14%).
خشتەی ژمارە (3)
سەرچاوەکان
- درەو میدیا، هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799
- درەو میدیا، پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12127
- سومریة نیوز، لماذا يدفع العراق 16 مليار دولار للشركات المستخرجة للنفط؟.. أسباب واحصائيات؛
https://www.alsumaria.tv/news