Draw Media

"عێراق رێگری ده‌كات له‌ گه‌یشتنی هاوكاری ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌"

"عێراق رێگری ده‌كات له‌ گه‌یشتنی هاوكاری ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌"

2023-02-20 11:37:00


(درەو): 
بڕیارە رۆژی 24ی ئەم مانگە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا وەڵامی نامەیەك بداتەوە كە سێ ئەندامی كۆنگرێسی وڵاتەكەی لەبارەی دۆخی عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە ئاڕاستەیان كردووە، تێیدا داوا دەكەن ژمارەیەك گەورە بەرپرسی عێراق بخرێنە ناو لیستی سزاكانی ئەمریكا‌و پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، نامەكە باس لە سزادانی نوری مالیكی‌و میلیشیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێران‌و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە‌و رێگری لە گەشتی بەرپرسانی عێراقی دەكات بۆ ئەمریكا.
لە نامەیەكدا بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان، سێ ئەندانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوا دەكەن سزا بەسەر ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا بسەپێنێت‌و رێوشوێن بگرێتە بەر بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسی ملكەچی عێراق بۆ ئێران‌و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بكات. 
ئەوانەی نامەكەیان بۆ بایدن نوسیوە، سێ ئەندامی كۆماریی كۆنگرێسن لە هەردوو لیژنەی توێژینەوە‌و كاروباری دەرەوە‌و بە دۆستەكانی كورد ناسراون، پێكهاتوون لە هەریەكە لە:
•    مایكڵ واڵتز
•    كیڤن هیرن
•    جۆ ویڵسۆن
ئەو سێ كۆنگرێسمانە رۆژی 10ی ئەم مانگە نامەكەیان ئاڕاستەی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كردووە، واتە بەر لە سەردانی وەفدی حكومەتی عێراق بۆ واشنتۆن، تێیدا لەبارەی دۆخی عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە (13) پرسیاریان كردووە‌و چاوەڕێ  دەكەن رۆژی 24ی ئەم مانگە سەرۆكی ئەمریكا وەڵامیان بداتەوە. 

دەقی نامەكە: 
ئازیزمان سەرۆك جۆ بایدن
داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین پێداچوونەوە بكات بە سیاسیەتەكانی لەبەرامبەر عێراق، بەتایبەتیش كە حكومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر لایەنگیری بۆ رژێمی ئێران، پێویستە هەر سیاسەتێكی گشتگیری ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران، لەهەمان كاتدا عێراقیش بگرێتەوە، چونكە بووە بە دەوڵەتێكی بەكرێگیراوی ئێران لەبری ئەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام وەكو دەوڵەتێكی دیموكراتی ئاشتیخواز دەربكەوێت، بۆ نموونە لە كانونی دووەمی 2023دا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و حكومەتەكەی، لەسەرتاسەری عێراق، بەناو پەرلەمانیشەوە، مەراسیمیان سازكرد بۆ یادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فیرقەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و هاوبەشەكەی (ئەبو مەهدی موهەندیس) فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراق.
سەرباری دواكەوتنی، جێگەی خۆشحاڵیمانە فشارەكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بووە هۆی جێبەجێكردنی چاودێریكردنی حەواڵەی دراوی كاشی ئەمریكا‌و ئەمە هاوكار دەبێت بۆ رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارەی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن هەندێك لە بانكەكانی عێراقەوە، ئەو هەوڵانە هەنگاوی بەرایی باشن، بەڵام پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ رێگرتن لە پرۆسەكانی گواستنەوە كە ئێران‌و سوپای پاسدارانی ئێران‌و هەندێك لە میلیشیاكانی عێراق لێی سودمەند دەبن.
گەلی ئێران كە لە شۆڕشدایە دژی رژێمی تیرۆریست‌و دڕندەی ئێران هێشتا دەناڵێنێت‌و لە هەمان كاتدا ئێران؛ حكومەتی عێراق‌و سیستەمە داراییەكەی بەكاردەهێنێت بۆ دەربازبوون لە سزا ئابورییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی روون بۆ روبەڕووبونەوەی ئێران دەبێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاڕاستەی هەژمونی ئێران بكرێت لە عێراقدا. 
ئێستا كاتی ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕوونی حكومەتی عێراق لە ئاكامی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ ئێران ئاگاداربكاتەوە. دەبێت ئەم سیاسەتە دان بە واقعی هەژموونی ئێراندا بێنێت‌و بەردەوام نەبێت لە پێدانی دراوی كاش بە سیستەمی بانكیی عێراق‌و بواردنی لە سزاكان، كە ئەمە رێگری لە سەربەخۆیی عێراق دەكات‌و وا دەكات بە پاڵپشتی ئێران گەندەڵی زیاتر بكات. 
هەروەها پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق چڕبكاتەوە تاوەكو هەرێمی كوردستان كە یەكێك لە متمانەپێكراوترین هاوپەیمانەكانمان، بەرگەی تێچووی زیاتری سیستەمی فیدراڵی عێراق بگرێت كە ئەمریكا رۆڵی بنەڕەتی لە دیزاین‌و جێبەجێكردنیدا بینیوە.
لە كۆتایشدا، روبەڕووبونەوەی كارای قۆستنەوەی دامەزراوە سیاسی‌و یاسایی‌و سەربازییەكانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، پێویستی بەوە هەیە هەندێك لەو بەرپرسە عێراقییانەی كە لایەنگری ئێرانن، سزای گەورەیان بەسەردا بسەپێندرێت بەهۆی پێشێلكاری جددی مافەكانی مرۆڤ‌و گەندەڵی‌و پاڵپشتیكردنیانەوە لە تیرۆر. هەر شتێك لەمە كەمتر، بەردەوامی دەدات بە تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە‌و گەشەكردنی گەلی عێراق. 
وەكو ئەندامانی لیژنەی توێژینەوە‌و لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران پابەندین بە روبەڕووبونەوەی رەفتارە خراپەكانی ئێران‌و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری عێراق‌و دامەزراوەكانی. داوای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەكەین كاتێك ئیدارەكەتان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوە‌و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەكەین لە وادەیەكدا كە رۆژی هەینی 24ی شوباتی 2023ی كاتژمێر 5:00ی ئێوارە تێپەڕ نەكات. 
•    ئایا وەزارەتی دەرەوە یان وەزارەتی خەزێنە ئەوەیان دیاریكردووە (فایەق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێوەری سزا سەپێندراوەكانی مافەكانی مرۆڤی تێدایە وەكو بریكارێكی بیانی‌و گەندەڵ‌و پاڵپشتیكاری ماددی بەپێی ئەوەی لە یاسای ماگنیتسكی جیهانی‌و E.O.13818دا هاتووە. 
•    پاكێجی سزاكان بۆ تیرۆرو گەندەڵی دژی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر لە چ دۆخێكدان؟
•    ئەمریكا چۆن زامنی حكومەتی عێراق دەكات لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە روبەڕووبونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی كە هاوپەیمانی ئێرانە‌و بەشێوەیەكی نادەستوریی دروستكراوە‌و دەوترێت فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێران- فەیلەقی قودس وەردەگرێت؟! حكومەتی ئەمریكا چۆن داوای بودجەیەكی عێراقی دەكات كە پارێزبەندی دەستوری بۆ هەرێمی كوردستان فەراهەم بكات؟
•    ئەمریكا چۆن پارێزگاری لەو وەبەرهێنانانەی بواری وزە دەكات كە خۆی لە هەرێمی كوردستان پارەیان بۆ دابین دەكات؟ ئێستا گەورەترین سەرمایەگوزاری ئەمریكا لە عێراق، لە هەرێمی كوردستاندایە، كە پێویستە بۆ ئەوەی هەرێم داهاتی پێویست بەدەستبهێنێت، ئەم سەرمایەگوزارییانە لەبەردەم هەڕەشەی ئێران‌و حكومەتی عێراقدان.
•    ئەمریكا چۆن گرەنتی ئەوە دەكات حكومەتی عێراق پاڵپشتی لە هەموو هێزە سەربازییەكانی دەكات بەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگەی كوردیش لەخۆبگرێت‌و پێدانی پارە بە گروپە تیرۆرستییەكان رابگرێت؟ 
•    ئەمریكا بودجەی بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هەواڵگری‌و كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كورد دابین كردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری عێراق رێگری لە رادەستكردنی ئەو كەلوپەلانە دەكات، ئەمریكا چۆن گرەنتی ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان دەستی بە كەلوپەل‌و توانا تەرخانكراوەكانی كۆنگرێس بگات ؟
•    سەرۆك وەزیرانی عێراق جارێكی تر پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندیی گەڕاندوەتەوە كە پێشتر سەرپەرەشتی سیستەمی بانكیی عێراقی كردووە‌و سودی لە حەواڵەی نەختینەیی ئەمریكا بینیوە بۆ سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران، ئایا وەزارەتی دەرەوە‌و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئەوەیان دیاریكردووە (عەلی محسین عەلاق) پێوەرەكانی سزای ماگنیتسكی جیهانی تێدایە ؟ 
•    ئایا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاریداوە لەبارەی ئەوەی هەریەكێك لە ئەندامانی حكومەتی عێراق‌و ئەندامانی ئەو وەفدەی سەردانی ئەمریكا دەكات، لەناویاندا پارێزگاری بانكی ناوەندی‌و سەرۆكی دادوەران، ئەو پێوەرانەیان تێدایە كە بەپێی یاسای تەرخانكردنی وەزارەتی دەرەوە‌و پرۆسەكانی دەرەوە‌و پرۆگرامی پەیوەندیداری ساڵی 2019دا هاتووە، پێدانی ڤیزا پێیان قەدەغە دەكات‌و وا دەكات بەرپرسانی بیانی‌و ئەندامانی خێزانەكانیان نەتوانن بێنە ناو ئەمریكاوە ئەگەر بەڵگە هەبوو لەسەر ئەوەی تێوەگلاون لە گەندەڵی گەورە، لەناویاندا گەندەڵی تایبەت بە دەرهێنانی سامانە سروشتییەكان یاخود پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ؟ 
•    بواردنە بەردەوامەكانی بانكی بازرگانی عێراق لە سزاكان سەپێندراوەكان، نەبوەتە هۆی باشبوونی كەرتی كارەباو غاز لە عێراق‌و پشت نەبەستن بە وزەی ئێران. ئەمریكا چۆن بەشێوەیەكی كاراتر هەڵسەنگاندن دەكات بۆ بواردن لە سزاكان بۆ ئەوەی عێراق لە وزەدا كەمتر پشت بە ئێران ببەستێت؟
•    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا دەیگرێتە بەر بۆ رێگریكردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەوەی نەچێتە ناو بواری هاوكاریی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران كە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادایە، هەروەها میلیشیاكانی عێراق لەناویاندا عەسائیبی ئەهلی حەق‌و كەتیبەكانی حزبوڵاو ئیمام عەلی ؟  
•    ئەو رێوشوێنانە چین كە وەزارەتی خەزێنەو یەدەگی فیدراڵی دەیگرنە بەر بۆ ئەوەی حەواڵەی ئێستای كاشی ئەمریكا بەشێوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ سود بە ئێران‌و بریكارەكانی ناگەیەنێت، لەرێگەی فرۆشتنی كاش بە بانكە ناوەندییەكانی عێراق‌و پاڵپشتیكردن لە حەواڵەی بانكیی بە دۆلار، ئایا بڕیارێكی یاسایی هەیە لەبارەی حەواڵەكردنەوە بە دۆلار لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لەسەر پێشكەشكردنی یارمەتی دارایی بە میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێران. بەو رێكخراوانەوە كە ئەمریكا بە رێكخراوی تیرۆرستی ناویان دەبات ؟ 
•    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا دەیانگرێتە بەر بۆ رێگریكردن لە دانانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق كە سەربە رێكخراوە تیرۆرستییە دیاریكراوەكانن، لەناویاندا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق‌و وەزارەتی كارەبا‌و وەزارەتی بەرگری‌و دەزگای هەواڵگری عێراق ؟
•    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا گرتویەتیە بەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگەی یاسای پێدانی دەسەڵات بە بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2020 كە رێگری لەوە دەكات وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پاڵپشتی پێشكەشی هیچ دامەزراوەیەكی عێراقی بكات كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە فەیلەقی قودس بكات؟ ئەمە چۆنی پاڵپشتی ئەمریكای بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق گۆڕی؟ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand