Draw Media

ئاڵنگارییەكانی بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان

ئاڵنگارییەكانی بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان

2025-10-17 19:06:03



 
درەو:
" سانت لیگۆی هەمواركراوی 1.7 و فرە بازنەیی، ساختەكاری، دەنگ كڕێن، بایكۆت و هێزو پارە" لە دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەن كە روبەرووی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و كاندیدە سەربەخۆكان دەبێتەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە كە كێبەركێی توند دەبینڕیت لە نێوان هێزە باڵا دەستەكان بۆ چنینەوەی كورسیەكانی پەرلەمان و نیشاندانی نفوزی خۆیان، هەربۆیە یاسای هەڵبژاردنیان لەبەرژەوەندی خۆیان هەمواركردەوە، سانت لیگۆی هەمواركراو بۆ دابەشكردنی دەنگەكان و دیاریكردنی كورسیەكان زیان بە دەنگ و كورسی بەشێكی زۆری ئەو حزبانەی دەگەیەنێت كە دەنگیان كەمە، كڕینی كارتی دەنگدان و دەنگی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، لەپاڵ بەخشینەوەی پارە، ئەو هەنگاوانەن كە هێزە باڵا دەستەكان پەنای بۆ دەبەن، لەپاڵ ئەم ئاڵنگارییانەدا دەنگی بەشێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەڵكشاندایە...  


هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11/11
ئێستا هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت لەسەرتاسەری عێراقدا كە بڕیارە رۆژی 11/11/2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە (329) كورسی پێكهاتووە، كە (320) كورسی گشتی و (9) كورسی كۆتایە، لەو ژمارەیە (46) كورسی بەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەكەوێت كە (44) كورسی گشتی و (2) كورسی كۆتایە.
لەسەر ئاستی عێراق (21 ملیۆن و 404 هەزارو 291) كەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە (3 ملیۆن و 68 هەزارو 350) كەسی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەو (18 ملیۆن و 335 هەزارو 880) كەسی لە پارێزگاكانی تری عێراقە. 
لە هەرێمی كوردستان بەپێی راگەیەندراوی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق (3 ملیۆن و 68 هەزارو 350) كەس كارتی بایۆمەتری نوێكردووەتەوە و مافی دەنگدانی هەیە ,(815 هەزارو 151) كەس بایۆمەتریان پڕنەكردووەتەوەو بەشداری ناكەن. لەو ژمارەیە (224 هەزارو 333) كەسی دەنگدەری تایبەتە بەڕێژەی (7%) و (2 ملیۆن و 844 هەزارو 51) كەسی دەنگدەری گشتیە بەڕێژەی (93%).

ئاڵنگارییەكانی بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەڵبژاردندا
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان و لایەنەكانی دەرەوەی هێزە باڵا دەستەكان، لەبەردەم كۆمەڵێك بەربەست و ئاڵنگارییدایە، كە هەندێك لە ئاڵنگارییەكان هەر لەسەرەتاوە كێبەركێی هەڵبژاردنەكە ناهاوسەنگ دەكات، لە نێوان هێزە باڵا دەستەكان كە (هێزو پارەو دەسەڵات و ناوچەی جێ نفوزو پەیوەندییەكانیانیان) بەدەستەوەیە.
دەكرێت بەشێك لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە چەند خاڵێكدا دیاری بكرێت:


یەكەم: سانت لیگۆ
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو 1.7) ئەنجام دەدرێت، ئەم شێوازە بۆ دابەشكردنی ژمارەی دەنگ و كورسیەكان بە زیانی حزبە بچوكەكان و لە قازانجی حزبە گەورەكانە. 
(سانت لیگۆ) شێوازێكە دابه‌شكردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن و  لایەن (ئەندرێ سانت لیگۆ) زانای فەرەنسايیه‌وه‌ لە ساڵی 1912داهێنرا. دواتر بەشێك لە وڵاتان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن پەیڕەویان كرد، بەپێی شێوازی سانت لیگۆ، ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر لایه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردندا، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارە تاكەكاندا (1، 3، 5، 7 ،9 ، 11.......)، پاشان كورسییەكان دابەشدەكرێن بەسەر گەورەترین ژمارەكانی لیسته‌كه‌دا.
لە هەڵبژاردنەكانی عێراقی دوای روخانی رژێمی بەعس یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی 2005 پەسەندكرا، تا 2018 هەمواركرایەوە بە سیستەمی تاكبازنەیی و سانت لیگۆ، بەڵام لە ساڵی 2019 خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیان كرد و لە 2020 یاسای هەڵبژاردن هەمواركرایەوەو هەر پارێزگایەیەكی بۆ چەند بازنەیەك هەمواركردەوە، لە پێناو چونی كەسایەتی سەربەخۆ و حزبی نوێ بۆ ناو پەرلەمان، بۆیە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمان بەم یاسایە كرا، بەڵام بەهۆی زیانی حزبە گەورەكان لەو شێوازی فرە بازنەییە بۆیە لە ساڵی 2023 یاساكەیان لەبەرژەوەندی خۆیان هەمواركردەوەو كردیانە سانت لیگۆی هەمواركراو 1.7، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی حزبە گەورەكان و بە زیانی كەسایەتییە سەربەخۆكان و حزبە نوێ و بچوكەكان، چونكە بەشی زۆری دەنگەكانیان دەفەوتێت. 
ئەم یاسای هةڵبژاردنە لە عێراق لەبەرژەوەندی گەورەی حزبە تەقلیدی و گەورەكانەو لە هەرێمی كوردستانیش لەبەرژەوەندی پارتی و یەكێتیە، زیانی گەورە دەدات لە كاندیدی سەربەخۆ و حزبە بچوكەكان ئەوانەی دەنگیان دیاریكراوە. 
بەپێی ئەم شێوازە (سانت لیگۆی 1.7) لایەنێك بۆ نمونە (A) ئەگەر (20) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، ئەو (20) هەزار دەنگە بۆ بەهای كورسیەك ئەژمار ناكرێت بەڵكو دەبێت داەبشی (1.7) بكرێت كە دەكاتە (11.8) هەزار دەنگ، واتا دەنگی راستەقینەی خۆی كە (20) هەزارە بۆ كورسیەك ئەژمار ناكرێت و (11.8) هەزار دەنگ ئەژمار دەكرێت كە ئەویش ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی نیە. 
نمونەی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2024 و بە پەیڕەوكردنی شێوازی (سانت لیگۆ 1.7) 
بازنەی هەولێر


بازنەی سلێمانی بە هةڵەبجەوە


بازنەی دهۆك 

دووەم: فرە بازنەیی
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، عێراق دابەشكراوە بەسەر (18) بازنەی هەڵبژاردندا، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا هەرێمی كوردستان یەك بازنەبوو، كە ئەمەش لە قازانجی حزبی بچوك و كاندیدی سەربەخۆیەو هیچ دەنگیكێان نافەوتێت.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی كوردستان كراوەتە سێ بازنەی هەڵبژاردن، بەتایبەت بۆ كاندیدی سەربەخۆ و حزبی بچوك زیانی زۆر دەكات، بۆنمونە:
ئەگەر حزبی (B) لە یەك بازنەییدا (10) هەزار دەنگی هێنا بێت ئەوا بە ماوەی بەهێز كورسیەكی دەبرد، بەڵام كە بوو بەسێ بازنە ئەو (10) هەزارە دابەشی سێ بازنە دەبێت (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) واتا لە فرە بازنەییدا هیچ كورسیەك نابات، واتا فرە بازنەیی دەنگی هێزە بچوكەكان بە تەواوی دابەش دەكات و ناتوانێت كورسیەك بەرێت.
بۆ نمونە لە یەك بازنەییدا لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا حزبی شیوعی بە (8063) كورسیەكی مسۆگەر كرد، بەڵام لە فرە بازنەییدا ئەو (8063) دەنگە كە دەنگی هەولێر و سلێمانی و دهۆكیشە، دابەشی سێ دەبێت دەبێتە هەر بازنەی (3) هەزار دەنگ ، ئەو (3) هەزار دەنگەش بە شێوازی سانت لیگۆ دابەشی 1.7 دەكرێت واتا دەبێتە (1800) دەنگ. 

سێیەم: بایكۆت
بە پێی ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەتایبەت لە (15) ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا ئاستی دەنگدان بەرزتر بووە وەك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چونكە گوتاری حزبەكان زیاتر بۆ ناوخۆ گەرمتربووە وەك لە بەغداد.
لە دوایین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو بایكۆت (28%) بووەو بەشداری (72%) بووە، بەڵام لە دوایین خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو بایكۆت (64%) و بەشداری (36%) بووە، مەگەر ئەو ساڵانەی كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق پێكەوە كرابن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق (3ملیۆن و 883 هەزارو 501) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام بەپێی راگەیەندراوی فەرمی كۆمسیۆن (815 هەزارو 151) كەس بەڕێژەی (21%) كارتی بایۆمەتریان نوێنەكردووەتەوەو بەشداری هەڵبژاردن ناكەن، تەنیا (3 ملیۆن و 68 هەزار و350) كەس مافی دەنگدانیان دەبێت بەڕێژەی (97%) واتا بەبێ دەنگدان (21%) بایكۆتی كردووە.
بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بەشی زۆری بۆ نائومێدی خەڵك دەگەڕێتەوەو زۆرترین ئەو كەسانەیە كە سەربە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی خۆڵەمێشییە، واتا بەشی زۆری زیانی بایكۆت بەر لایەنە بچوك و كاندیدی سەربەخۆ و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكەوێت.

چوارەم: هێزو پارەو دەسەڵات
هەرێمی كوردستان دابەشی (3) بازنەی هەڵبژاردن كراوە،بەڵام بەسەر دووناوچەی جێنفوزی (سەوز و زەرد)دا دابەش بووە، ئەم دوو ناوچەیە كەبەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون هەریەكەو هێزی تایبەتی خۆی، سەرچاوەی دارایی خۆی، پۆست و پلەو دەسەڵاتی خۆیان هەیە.
ئەم دابەشكارییە ئەمنی و دارایی و دەسەڵاتە، دواجار لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەكار دەهێندرێن.
یەكەم: هێزی ئەمنی
لە هەرێمی كوردستان (433) هەزار كەس لە سلكی ئەمنی و سەربازین، ئەم هێزانە بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبوون، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆرینەی زۆری دەنگەكانیان بۆ ئەو دوو حزبەیە چی لە دەنگدانی تایبەت و چی لە دەنگدانی گشتی.
مارەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان
-    پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس
-    پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس
-    خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس
كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس دەكاتە (38%)ی كۆی موخۆرانی هەرێمی كوردستان. 
 كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 45%ی كۆی موچەی موچەخۆران
رێژەی دەنگدان لەناو دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (97%) بووە، زۆرینەی ئەم هێزانە دەنگەكانیان بۆ یەكێتی و پارتی دەچێت، چونكە پێش دەنگدان چەندین رێوشوێن دەگرنە بەر لەناو هێزە ئەمنییەكان.
-    داوای كارتی دەنگدانی خۆیان و خێزان و منداڵەكانیان دەكرێت
-    فۆرمی دەنگدانیا نپێ پڕ دەكرێتەوە
-    لە رێگای رابەر سیاسیەكانیانەوە چەندین كۆڕ و سمیناریان پێدەكرێت بۆ دەنگدان بە حزبەكانیان
-    پێش دەنگدان چەندین راهێنانیان پێدەكرێت بۆ چۆنیەتی دەنگدان
-    هەر 10 كەسیان كەسێكیان بۆ دادەنرێت بۆ سەرپەرشیتكردنیان
بەم رێگایانە دەیانەوێت پارسەنگی كورسی و دەنگەكان بگۆڕن، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوشدا دەنگی هێزە ئەمنییەكان و دەنگدانی تایبەت هەڵبژاردنەكانی یەكلا دەكردەوە. 
خۆ ئەگەر ئەو ژمارەیە (433) هەزار كەس لە سلكی ئەمنی و سەربازیە (95%)ی دەنگ بدات كە هەڵبژاردنی پێشوو (97%)ی دەنگیاندا دەكاتە (411) هەزار دەنگدەر، لەو رێژەیە (75%)ی دەنگەكانیان بۆ یەكێتی و پارتی بێت (چونكە دەنگی سوتاو زۆر بووە پێشتر تەنیا لەناو هێزە ئەمنییەكان 60 هەزار دەنگی سوتاو هەبوو)، ئەوا دەكاتە (308) هەزار كەس لەو ژمارەیە نیوە بە نیوە بۆ یەكێتی و پارتیش بێت بۆ هەریەكەیان دەكاتە (154) هەزار دەنگ، ئەم رێژەیە بەشیك لە كورسیەكان دەبات.
بۆیە هەرلەسەرەتاوە یەكێتی و پارتی بناغەی كورسیەكانیان داڕشتووە. 

 

سێەم: پۆست و پارە
زۆرینەی زۆری پلە پۆستە حكومیەكان و فەرمانگەو دامەزراوەكان لای پارتی و یەكێتیە، لە ئێستاداو لە هەڵمەتەكانی هةڵبژاردندا ئەو دوو هێزە بە جۆرەها شێوە رێوشوێن دەگرنەبەرو پۆستەكان بەكاردەهێنن بۆ كۆنترۆڵكردنی دەنگی دەنگدەران و فۆرمی دەنگدان بە كارمەندان و فەرمانبەران پڕ دەكەنەوەو هەموو پرۆژەو خزمەتگوزارییەك دەكەنە دەستكەوت بۆ حزبەكانیان.
بە رێژەی (97%)ی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرەوە تا خوار لای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە ئەوان ئەو پۆستانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و فشاركردن بۆ دەنگی كارمەندەكانیان بەكار دەهێنن.
لە ئێستادا پارەیەكی زۆر لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن خەرج دەكرێت، بەحۆرێك ئەو پارەیە زۆر ناهاوسەنگە لەگەڵ هەڵمەتی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، ئێستا سەرەرای ئەوەی پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت لە كڕینی كارتی دەنگدان، هەر كارتێكی دەنگدان بە (75 -100) هەزار دینار دەكڕدرێت.
بەڵام لەپاڵ ئەو هەنگاوانەدا دەنگ و پێگەی بەشێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەڵكشاندایەو ئەگەر ئاستی دەنگەكانیان بەرز بێتەوە سانت لیگۆ زیانی كەمتر دەگەیەنێت بە كورسی و دەنگەكانیان. 

راپۆرتی پەیوەندیدار

پێشبینیەكان بۆ كورسی لیستەكان لە هەرێمی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand