Draw Media

مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   ساڵانێکی درێژ کورد بوونەوەرێکی نەبینراوی ناو جیهان بوو، کەسانێکی زۆر کەم دەیانبینی کە زۆربەیان رۆژنامەنوس و نووسەرو ئەم یان ئەو ئۆرگانی بەرگریکردن بوو لە مافەکانی مرۆڤ. لەم قۆناغەدا وێنەی کورد لای ئەو بەشە کەمەی کە دەیانبینی وێنەی میلەتێکی شاخاوی ئازابوو  کە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرتاییەکانی لە خەباتێکی خوێناویدا بوو، وێنەی گەلێک بوو قوربانی دەستی چەند دەوڵەتێکی سته‌مگەر لەناوچەکەداو  قوربانتی سیاسەتی ناپاک و مەسڵەحەتخوازیی جیهانیی ئەم وێنەیە دوای فەشەلی شۆڕشەکان و دوای پەلاماردانی ژەهراوی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی بڕێکی گەورەی نیشتیمانەکەیان، دەبێت بە وێنەی یەکێک لە قوربانییە گەورەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەم. لەدوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمیشەوە، دوای هەڵبەزو دابەزێکی زۆر، وێنەکە لە بەرچاوی جیهاندا دەگۆرێت بۆ وێنەی میلەتێک کە خەریکی بیناکردنی دیموکراسیەت و چەسپانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسایشە، لە ناوچەیەکدا پڕ لە جەنگ و کوشتن و نائارامی. بوو بە وێنەی خاڵێکی رووناک لەناو تاریکییەکی گەورە لە دەوروبەریدا. ئەم وێنەیە گەرچی پروپاگەندەی دوای جەنگی روخاندنی سەدام، بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوو، بەڵام وێنەیەکی جیهانیی بەربڵاوبوو.  سەرجەمی ئەم وێنانە لە دەیەی رابووردودا گۆڕانی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەردا هات. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی سەرەتا لە لایەن رۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی یاسا دەکەن، کەوتنە نووسینی راپۆرتی رەخنەیی و نێگەتیڤ لەسەردەسەڵاتدارانی هەرێم و وردەکاریی گەندەلیی و تالانیی و بێریزیەکانیان بە جیهان نیشانئەدا. ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتیی و ڕێکخراوی هیموان رایت ۆچ و ڕێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور و چەندانی تر رۆلی سەرەکییان بینیی. ئەمانە بێسڵکردنەوە و دوور لە پروپاگەندەی ئەمریکییەکانەوە وێنە راستەقینەکەی هەرێمیان نیشانئەدا کە دورگەیەکە بۆ جەردەیی و بێدادیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دواتر ئەم وێنە نێگەتیڤە، سەرەڕای نکوڵیکردنی دەسەلاتدارانی هەرێم لە راستیی و دروستیی وێنەکە، تا دەهات زیاتر و زیاتر بە جیهانی دەبوو.  لەئێستادا هەم ژمارەیەکی گەورە لە رۆژنامەنوسان، ئەوانەی لەسەر هەرێم دەنوسن، نوسینی هێجگار نێگەتیڤ لەسەر دەسەڵاتدارن دەنوسین و ئەو کوشک و کەشتی و بازاڕانەی لەدەرەوەی وڵات بە پارەی دزراوی نەوت کڕدراون و ئەو پارەو سەرمایانەی دزەیانپێکراوەو بەناوی خۆیان و بنەماڵەو کەسانی نزیک لەخۆیانەوە لە بانکەکاندا دانراون، نیشانئەدەن. ھەم هاوکات سەرجەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و لە مافی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ژنان دەکەن، دیسانەوە وێنەیەکی هێجگار خراپی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی نیشانئەدەن. ئەوەی تازەیە هاتنە سەرخەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و خودی ئەمریکا خۆشیەتی بۆ نیشاندنی ئەو وێنە ناشیرینەی حوکمڕانانی هەرێم. ئەوەی راپۆرتەکانی جنین پلاسخارت ی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراو و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و دواهەمین وتاری وینسرۆپ رۆدگەرس لە گۆڤاری فۆرن پۆلسی بخوێنێتەوە،  چەسپاندنی ئەو وێنە نێگەتیڤەی لە ئاستێکی تەواو بەرفراوان و جیهانیدا بۆ دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا ئەو وێنەیەی لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دروستکراوە، وێنەی کۆمەڵێک دەسەڵاتداری جەردە و بێباک و نابەرپرسیارە کە رۆڵێکی هێجگار خراپ لە ورد و دروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا دەبینن کە حوکمڕانیی دەکەن. ئەو وێنەیەی کە ئەو راپۆرتە دروستیدەکات وێنەی دوو پارتی سیاسیی خۆسەپێن و ستەمگەر و وێنەی کۆەمڵێک بنەمالەی سیاسیی گەندەڵە لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج، کە کۆمەڵەک شێخی نەوتفرۆش و گەندەڵ و بێبەزەیین.  لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمیرکادا وێنەیەک ئامادەیە کە وردەکارییەکانی بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بێ سێ و دوو، ئەیناسێتەوە و رۆژانە لەگەل تەفاسیلەکانیدا دەژیی. راپۆرتەکە باس لەوەدەکات هەردوو پارتە سیاسییەکەی کوردستان هێزی ئەمنی و سەربازیی سەربەخۆی خۆیان هەیە کە بە پێی قازانج و مەسڵەحەتی دەسەلاتدارانی ئەو پارتانە بەکاردەهێنرێن. راپۆرتەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەستوری عێراقی مافی ئەوەی بە حکومتەی هەرێم بەخشیوە کە هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام پارتی و یەکێتی لەباتی ئاسیش و هێزی هاوبەش و نیشتیمانی هەر یەکەیان ئاسایشی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی، هەیە. هەردوو پارتەکە خاوەنی هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆی خۆشیانن، هەردووکیان هێزی پۆلیسی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بەناو لە ژێر کۆنترۆلی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدان. هەروەها هەردوو حیزبەکە دەزگای زانیاریی و موخابەراتی سەربەخۆیان هەیە کە بەناو لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدایە. بەشێکیش لەم هێزانە بەبێ هیچ لێپرسینەوە و سزادانێک کاردەکەن و کەس ناتوانێت لە کاروکردەوەکانیان بپرسێتەوە. راپۆرتەکە باس لە دۆخی بێیاسایی و گرتنی لە گۆترە و هەڕەمەکیش دەکات، باس لەوەدەکات زۆرجار هێزەکانی ئاسایش یاسایان پشتگوێخستوە تۆمەتبارانیان بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دەستگیرکردووە. لە ژێر سایەی یاسای دژە تیرۆریشدا، و زۆرجار دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەی درێژخایەن بەبێ تۆمەت لە زیندانەکاندا دەستبەسەرکراون. ڕاپۆرتەکە هاوکات باس لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی دادگاکان دەکات و نیشانیئەدەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان گرتوە و لە زینداندا گلیانداونەتەوە. باس لەوەش دەکات چۆن سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە هەستیارەکان هەیە و کاریگەرییان لەسەر  بڕیارەکانی سیستمی دادوەریی هەبووە و هەیە. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکەن چۆن کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییەی دروستکراوە، لەگەڵ ئەو زانکۆ و ناوەندانەی خوێندی باڵادا کە هەیە، بە حیزبیکراون و حیزب و بەپرسە گەورەکان دەستنیشانی ئەوەدەکەن کێ لەو شوێناندا کاربکات و بەرپرس بێت.  بە کورتییەکەی ئەو وێنەیەی بۆ حکومەت و حیزب و حوکمڕانەکانی هەرێم دروستبووە، تەنانەت لای خودی ئەمریکییه‌كان خۆیشیان، وێنەی نوخبەیەکی گەندەڵ و دزە، کە دەسەڵات بۆ قازانج و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، سڵ لەوە ناکەنەوە سنووری ئازادییەکانی مرۆڤ تەواو بەرتەسکبکەنەوە، پارەکانیان بە شێوازی جیاواز بنێرنە دەرەوەی وڵات و بەشێوازی جیاواز سپی بکەنەوە، ئینجا هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان ھەبێت کە بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و پاراستنی قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتیی خۆیان،  دروستکراون. بە کردەوەش هەرێمەکەیان بۆ زۆنی سیاسیی جیاواز لە غیابی لانی هەرەکەمی هەرجۆرە ئیجماعێکی سیاسییدا، دابەشکردبێت. ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەمان ئەو وێنەی بۆ حوکمڕانەکانی هەرێم هەیە کە ساڵانێکی درێژە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دروستیانکردوە و باسیدەکەن.  ئەمریکییەکان وێنەی ئەو دورگە دیموکراس و ئارامەی بۆ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانیان دروستکردبوو، گۆڕیوە بە وێنەی هەرێمێک کە کۆمەڵێک خێزان و حیزبی دەسەڵاتداری نابەرپرسیار و گەندەڵ بەڕێوەیدەبەن، بەجۆرێک دۆخێکیشیان دروستکردوە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لێیان هەڵدێن.  بێگومان ئەم وێنەیە ساڵانێکی درێژە لەلایەن میدیا و رۆشنبیر و خوێندەوارە بەرپرسەکانی ناو هەرێم خۆیەوە بۆ حوکمڕانانی هەرێمەکە دروستکراوە. لەناوخۆی هەرێم خۆیدا وێنەی نێگەتیڤ و ڕاستەقینەی هەرێم لەلایەن خوێندەواران و رۆشنبیرانی کوردەوە زووتر و بەر لە هەمووان بینراوە و باسکراوە، بەڵام چونکە زمانی نوسین و قسەکردنی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ حوکمڕانانی هەرێمەکەدا زمانی کوردیی بووە، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەش دەستیان بە ژمارەیەکی گەورەی ئەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانە گەیشتوە و سڵیان لە گرتن و راونان و تەنانەت کوشتنیان نەکردۆتەوە، بۆیە توانیویانە بەزۆر خۆیان وەک خاوەنی «خوێنی شەهیدان» و «پیاوی دیموکراسخواز» و کەسانی «سۆشیال دیموکرات» نیشانبدەن. وێنەیەکی درۆزنانە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئێستا ئیتر دونیای دەرەوە بەهەمان ئەو زمانە ئەدوێت کە ڕۆشنبیرانی کورد دوو دەیەیە پێی ئەدوێن و ئەونوسن. ئێستا ئیتر وێنە ڕاستەقینەکە لەبەرچاوی دەرەوە و ناوەوە روون و ئاشکرایە. هەردوولا سەیری هەمان شت دەکەن و هەردوولا هەمانشت دەبینن وەک هەمیشە کاردانەوەی دەسەلاتدارانی ھەرێم بەڕووی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە گەورەیەدا بریتییە لە ئینکارکردن و ئینشانوسین و موزایەدەکردنی سیاسیی و دینیی. یەکێکیان، بەنەفەسی هێزە ئیسلامیی و سەلەفییەکانی کوردستان، ئەمریکییەکان بە بەرگیکردن لە هاورەگەزبازیی تۆمەتباردەکات و کۆی وردەکارییەکانی دروستبوونی ئەو وێنە نێگەتیڤە بە هاورەگەزخوازییەوە گڕێئەدات. ئەویتریان بە زمانێکی ئینشایی باس لە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان دەکات. سێهەمیش بەشە رەخنەییەکەی کۆمەڵگای کوردیی تۆمەتباردەکات بە دروستکردنی ئەو وێنە نێگەتیڤە. هەموویان ئەو خاڵە دەشارنەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو وێنەیە خودی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقەیە کە وڵاتەکە و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان سەیردەکەن.              


راپۆرتی: هێمن خۆشناو  بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌ توركیا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان دیموكراسی نیه‌، ئازادی رواڵه‌تیه‌ و گوشار په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی. پێیوایه‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان ئه‌م وڵاته‌یان به‌ سیسته‌م و شێوازی دیموكراتیانه به‌ڕێوه‌ نه‌بردووه‌ و مافی مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا بوونی نیه‌. باس له‌ هه‌بوونی كۆنته‌رگه‌ریلا و ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ن. چه‌پی تورك له‌ توركیادا دژ به‌ كوده‌تا سه‌ربازیه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ قوربانی داوه‌. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له‌ ده‌گاته‌ سه‌ر كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ (چه‌پی تورك) ده‌بێته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارادۆكسی و دژ به‌ دونیابینیه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. كاتێك مه‌سه‌له‌ دێته‌ سه‌ر مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كلتووری و مێژوویی كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی دیموكراتیانه‌ی هه‌بێت دژ به‌ دیموكراسی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌.  به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك بانگه‌شه‌ دژ به‌ داگیركاری ده‌كات، خۆی دژ به‌ ئیمپریالیست و فاشیزم ده‌ناسێنێت. بۆ نموونه‌ هه‌بوونی سوپای ئه‌مریكا له‌ سوریادا به‌ توندی ره‌خنه‌ ده‌كات و ئه‌مریكا به‌هێزێكی داگیركه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. بێ سنوور پشتگیری له‌ ململانێی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ده‌كات دژ به‌ ئسڕائیل، پێیوایه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو مافه‌ سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریان هه‌یه‌. پشتگیری له‌ بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌مریكای لاتینی ده‌كات. بۆ نموونه‌، پشتگیری ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كۆڵۆمبیا بزوتنه‌وه‌ی (FARC)  به‌ڕێوه‌ی بردووه‌. به‌ توندی پشتگیری له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كرد كه‌ (نیلسۆن ماندێلا) له‌ ئه‌فریقیای باشوور رێبه‌رایه‌تی بۆ كرد له‌دژی سیسته‌می ره‌گه‌زپه‌رستی. بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ له‌جێی خۆیدایه‌ و مێژووش ده‌ینووسێته‌وه‌.  چه‌پی تورك له‌ به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بزوتنه‌وه‌یه‌ك سۆسیال شوڤێنه‌‌! به‌شێكی گرنگ له‌ بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك كه‌ مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ كورد دیموكراتخواز و سۆسیالیستخوازه‌، به‌ڵام كه‌ مه‌سه‌له‌ گه‌یشته‌ سه‌ر كورد سۆسیال شۆڤێنیسته‌. له‌دژی ئه‌و فۆڕمیله‌ چاره‌سه‌ریانه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی كورد به‌ درێژایی مێژوو ده‌خرێــ‍ته‌ڕوو. كاتێك كێشه‌ی كورد دێته‌ به‌ر باس ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو وشه‌ی (به‌ڵام – نه‌وه‌كو) ده‌كاته‌ رۆژه‌ڤ. بۆ نموونه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك له‌دژی خۆسه‌ری كورد، خوێندن به‌ زمانی دایك و قه‌بوڵكردنی مافی كلتووری كورد به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. بیانووی دژ وه‌ستانه‌وه‌شی به‌م شێوه‌یه‌ فۆڕمیله‌ ده‌كات:  ئه‌گه‌ر مافه‌كانی كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشاندا نه‌بێت له‌‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیشیاندا بێت پشتگیری ده‌كه‌ین.  ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م ره‌وته‌ سۆسیال شوڤێنه‌ كه‌‌ بێ‌ ئاگایه‌ له‌ زه‌حمه‌تكێش و كرێكار، به‌ناو ئه‌وانیش قسه‌ ده‌كات، له‌ رووی ستراتیژیه‌وه‌ پاراستنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته كه‌ له‌ بنه‌مدا دژ به‌ كورد فۆڕمیله‌ كراوه‌‌. له‌ ئه‌مڕۆشدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتی كرێكارانی توركیایه ‌(TİP). ئه‌م پارته‌ كه‌ هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی گه‌لانه‌ (HDP)، هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارت و رێكخراوێكی دیكه‌ی چه‌پی له‌ناو بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان هاوچاره‌نووسن، چاره‌نووسیان بۆ كێشه‌ی كورد لێڵ و ناڕوونه‌. له‌ رووی سۆسیۆلۆژی، كلتووری و مێژوویی بۆ مافی كورد دیارنیه‌ بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دیارنیه‌ له‌ رووی ستراتیژیه‌وه‌ بۆ كورد چیان پێباشه‌ و له‌دژی چی ده‌وه‌ستنه‌وه‌‌؟  بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌ په‌یامه‌كه‌م ده‌رباره‌ی پارته‌ چه‌په‌ هاوپه‌یمانه‌كانی (HDP) ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو: یه‌كه‌م: ئایا كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بینن؟ ئایا بۆ كورد پشتگیری له‌ بنه‌مای دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كات؟ دووه‌م: بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی كوردی چی ده‌ڵێن؟ سێیه‌م: بۆ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایك بیر له‌ چی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ پێیانوایه‌ كه‌ ده‌بێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زمانی توركی زمانی كوردیش به‌لانی كه‌م له‌ناوچه‌ كوردیه‌كاندا بخوێندرێت؟  چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌ن؟ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ په‌نای بۆ خه‌باتی چه‌كداری بردووه‌ یان وه‌كو زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ده‌یناسێنن؟  به‌رنامه‌ی (TİP) و پارته‌ چه‌په‌كانی دیكه‌، تا ئاستێكی دیار دیموكراتی و پێشكه‌وتخوازه‌، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی پڕ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له‌ دێته‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد ئه‌م پارته‌ هاوپه‌یمانانه‌‌ی كورد، تا ئاستێكی دیار ده‌بنه‌‌ سۆسیال شوڤێنست. زۆر ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر (TİP) و پارته‌كانی دیكه‌ دژ به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به‌ رێگای زه‌بر و زه‌نگ بوه‌ستنه‌وه‌‌. چونكه‌ بۆ پارتێكی ناو سیسته‌می سیاسی نابێت پشتگیری له‌ زه‌بر و زه‌نگ بكات، به‌ڵكو پێویسته‌ ململانێی سیاسی دیموكراتیانه‌ و خه‌باتی په‌رله‌مانی به‌ بنه‌ما بگرێت. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌م پارتانه‌‌ له‌ به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد ناڕوونه‌، ئه‌م ناڕوونیه‌ش گومانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و نیگه‌رانی دروست ده‌كات. چه‌پی تورك هه‌وڵده‌دات (HDP) وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵی قه‌تیس!  بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ روونتر بكرێته‌وه‌ زیاتر باسی هه‌ڵوێستی (TİP) كه‌ هاوپه‌یمانی (HDP) یه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیدا له‌گه‌ڵ (HDP) هیچ ره‌هه‌ندێكی سیاسی – ستراتیژی نیه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ (HDP) وه‌كو ركابه‌رێكی سیاسی بۆ خۆی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها (TİP) ده‌خوازێت  (HDP)په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی توركیا بپچڕێنێت و خۆی له‌ناوچه‌ كوردیه‌كانی باكووری كوردستان قه‌تیس بكات، له‌م رووه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات (HDP) بكاته‌‌ پارتێكی لۆكاڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیری (HDP) یش بۆ (TİP) وه‌كو ئه‌ركێك پێناسه‌ ده‌كات. له ‌ماوه‌ی رۆژانی رابردووشدا ئه‌م پارته‌ سۆسیال شۆڤێنه‌ به‌چه‌ند رێگا و شێوازێك گوشاری له‌ (HDP) ده‌كرد تا له ‌چه‌ند هه‌رێمێكی توركیادا كاندید بۆ په‌رله‌مانی توركیا دیاری نه‌كات و له‌ جێگای ئه‌مه‌ش داوا له‌ ده‌نگده‌رانی بكات ده‌نگ بۆ كاندیدی (TİP) بده‌ن. له‌ رێگای میدیا گوشار له‌ (HDP) ده‌كه‌ن! میدیای سیسته‌می ده‌وڵه‌ت به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن میدیای ئۆپۆزسیۆنی ناو سیسته‌م، گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌ (TİP) ده‌دات. به‌ڵام هه‌مان ئه‌م میدیایه‌ گه‌ماڕۆ ده‌خاته‌ سه‌ر (HDP) كه‌ سێیه‌مین پارتی گه‌وره‌ی توركیایه‌ و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كارا ده‌بینێـت. پێناچێت قه‌ڵه‌و كردنی (TİP) له‌ میدیادا به‌ تایبه‌تی له‌م قۆناخه‌دا شتێكی بێ به‌رنامه‌ بێت، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌م ستراتیژیه‌ی دژ به‌ (HDP) په‌یڕه‌و ده‌كرێت. دوای مكوڕیبوون و جۆرێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌ كردن ئیتر (TİP) به‌ ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ناو هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كاندا. ئه‌و پارته‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ ئیستانبۆڵ به‌ناوی خۆی نه‌وه‌كو ناوی هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كان به‌بێ هاوكاری (HDP)ده‌نگ بێنێت. ئه‌مڕۆ ئه‌م پارته‌ به‌ پشتگیری هه‌ندێك لایه‌نی نادیار له‌ قه‌باره‌ی خۆی زیاتر داوا ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ده‌خوازێ سه‌ودا بكات، ملكه‌چبوونیش بۆ داواكاری ئه‌م پارته‌ له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه‌.  بۆ (HDP) تا دوێنێ ناچاری بوو ئه‌مڕۆ ناچاری نیه‌! له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا چه‌ندین هۆكار هه‌بوو پاڵی به‌ (HDP) نا بچێته‌ به‌ره‌ی چه‌پی تورك. له‌وانه‌ نزیكی دونیابینی و فكری له‌ رابردوودا تا ئه‌و ساتانه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی پارته‌كانی سیسته‌م به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ تا له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. به‌ڵام له‌ هه‌موویان گرنگتر بۆ (HDP) ده‌رچوون بوو له‌ قاڵبی پارتێكی لۆكاڵی و خۆ ناساندن به‌ هه‌موو توركیا. (HDP) ویستی له‌ رێگای بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك به‌ توركیا بڵێت، ئێمه‌ پارتێكی جوداخوازنین، وه‌كو ده‌سه‌ڵات پێناسه‌مان بۆ ده‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تی ئێمه‌ هه‌موو هه‌رێمه‌كانی توركیا به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانیه‌وه‌ له‌ باوه‌ش ده‌گرێت. ده‌كرێت بڵێین (HDP) سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕیه‌كان و له‌ده‌ستدانی چه‌ندین ده‌رفه‌ت له‌ خۆناساندن و جێگرتن له‌ناو چه‌ندین هه‌رێمی توركیادا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناوه‌. به‌ڵام هه‌ڵوێست و گوشاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بۆ له‌ قاڵبدانی (HDP) ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت ئه‌وه‌ سبه‌ی ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ ئه‌م پارته‌ دروست ده‌كات.  له‌ هه‌مان كاتدا به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ری (HDP) داوا له‌ پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، تا له‌ به‌ره‌ی چه‌پی تورك بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌م پێیه‌ی ئه‌م پارته‌ش وه‌كو پارتێكی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌ناسێنـێت ناچاره‌ گوێ به‌م داواكاریه‌ شل بكات. راسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رفراوانترین به‌ره‌ی دیموكراسی دروست بكرێت، پێویسته‌ (HDP) له‌ سیاسه‌تدا نه‌رمی بنوێنێت، به‌ڵام هیچ كاتێك ناتوانێ چاو له‌ داواكاری جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی بگرێت.  ئه‌لته‌رناتیفی چه‌پی تورك بۆ (HDP) كێیه‌؟ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد، ناتوانێ تا سه‌ر چاو له‌و مه‌ترسیانه‌ بگرێت كه‌ له‌ چه‌پی توركه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، ده‌بێت رێگای خۆی له‌م بزوتنه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت په‌رست و بێ ناوه‌ڕۆكه‌ قه‌تیسكراوه‌ جیا بكاته‌وه‌.  ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ش تا پێش چه‌ند ساڵێك ئاسته‌م بوو، ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئاسته‌م نیه‌. چونكه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌وڵه‌ت بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نوێ به‌ به‌رگی دیموكراتیانه‌ له‌ناو سیسته‌می سیاسی توركیادا دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی گوتاریشدا بێت، تێڕوانینیان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌رێنیه‌. بۆ نموونه‌ ‌(Deva) كه‌ له‌لایه‌ن عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت. له‌ ئه‌مڕۆدا هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن: هه‌رچه‌ند (HDP) خۆی له‌ بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك دووربخاته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ قازانج ده‌كات. ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتووش له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌بنه‌ رێنوێیكار بۆ گۆڕینی ستراتیژی هاوپه‌یمانیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌ باكووری كوردستان و توركیادا.


ئامادەکردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی/ تایبەت بە روونبین   کێڵگەی شێخان •    گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL      لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە  وەبەرهێنان دەکەن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا تا ئێستا کۆمپانیاکە دوو گوژمە شایستەی دارایی وەرگرتووە.  گوژمەی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم دابوو  بریتی بووو لە  ٤٩.٥ ملیۆن دۆلار لەم بڕە ٣٨.٨ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی بووە و بڕی ١٠.٧ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵی هەنگاری بوو. ئەم بڕە پارەیە  بریتی بوو لەشایستەی مانگی ئابی ٢٠٢٢،  کە لە پاش ٥ مانگ وەرگیراوە لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا لە پاش ٣ مانگ شایستەکانیان وەربگرن واتە لەمانگی تشرینی دووەم دا. لەمانگی شوباتدا ئەم دوو کۆمپانیا یەهیچ بڕە پارەیەکیان  وەرنەگرتووە . گوژمەی دووەم لەمانگی ئازاردا وەرگیراوە،  کۆمپانیاکان بەیەکەوە  بڕی ٣٤.٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە  کە پشکی گۆڵف کیستۆن ٢٦.٩ ملیۆن دۆلار بووە و ئێم ئۆ ئێڵیش ٧.٤ ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە شایستەی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بوو واتە دوای ٦ مانگ شایستەکانیان وەرگرتووە.     داهاتی وەرنەگیراوی ئەم کێڵگەیە بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ی کۆمپانیاکان بە پێی میکانیزمە نوێکە بریتییە ٩٦.٦ ملیۆن دۆلار کە ٧٦ ملیۆن دۆلاری پشکی گۆڵف کیستۆنەو ٢٠.٩ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵە MOL.  داهاتی کۆمپانیان لە کێڵگەی شێخان ( وەرنەگیراوە)    داهاتی کۆمپانیاکان لە کێڵگەکە    گۆلف کیستۆن    ئێم ئۆ ئێڵ تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەم    ٩٦.٩    ٧٦    ٢٠.٩ بەڕای ئێمە دواکەوتنی شایستەی کۆمپانیاکان بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هەرێم بە هۆی ئەو داشکانە زۆرەی بۆ نرخی نەوتەکەی دەکرێت دەگەڕیتەوە، تاوەکو  لە ڕێی ئەو دواخستنەوە بتوانێت بۆشایی کورتهێنانی داهاتی پێ پڕ بکاتەوە کە دەتوانین بڵێین هەموو داهاتی نەوت بۆ مووچە بەکار دەهێنرێت. ئەمە یەکەم جار نییە هەرێم پەنا بۆ ئەم رێکارە دەبات، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دا  بەهەمانشیوە شایستەی ٤ مانگی کۆمپانیاکانی دواخست  و لە ئەنخامدا لە ماوەی نزیکەی ٢ساڵ دا و بە هۆی بەرزی نرخی نەوتەوە توانی هەموو شایستە دواخراوەکان بداتەوە کە قەرز بوو لای حکومەتی هەرێم. هۆکاری ئەم داشکاندنە بۆ فشارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هەرێم و کۆمپانیاکان لەلایەک وە  داشکاندنی زۆر بۆ نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە بازاڕی نەوتدا بەهۆی گەمارۆکانی رۆژائاوا لەسەر روسیا لەلایەکی تر  دەگەڕێتەوە. تێبینی دەکرێت داهاتی کۆمپانیاکان لە مانگی ئەیلولەوە زۆر کەمی کردووە بەراورد بە مانگی ئاب، ئەمەش بۆ پەیڕەوکردنی ئەو میکانیزمە نوێیە دەگەڕێتەوە کە لە ١ی ئەیلولەوە  وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیازی کردووە و پەیڕەوی دەکات بۆ دیاری کردنی  نرخی نەوتی هەرێم. هۆکارەکەش ئەوەیە لەو بەروارەوە نرخی نەوتی هەرێم لە سەر بنەمای تێکەڵەی نەوتی کوردستان (KBT) دیاری دەکرێت لە بەندەری جەیهانی تورکیا دوای داشکاندنی کوالێتی نەوتەکە لە گەڵ تێچوی گواستنەوەی بۆری هەناردەکردن،  لە بری میکانیزمە کۆنەکە کە بنەمای دیاری کردنی نرخ بریتی بوو لە بێنچمارکی برێنت.  بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان لە ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە میکانیزمە نوێکەی نرخاندن دەبێتە هۆی داشکاندی نزیکەی ١١ دۆلاری تر بەراورد بە میکانیزمەکەی پێشوو کە داشکاندن بوو بۆ نزی برێنت.   بە پێی میکانیزمەکەی پێشوو بە هۆی ئەوەی نەوتی شیخان نەوتێکی قورس و کوالێتی نزمە   لە ساڵی ٢٠٢٢ دا داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە بۆ هەربەرمیلێک نەوت دیاری کراوە. بەپێی میکانیزمە نوێ کە، تێكەڵەی نەوتی کوردستانە (KBT) بڕی ١١ دۆلار داشکاندنی تری بۆدەکرێت کە دەکاتە ٣٤ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە نەوتی شێخان دەفرۆشرێت. ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕدا ٨٠ دۆلار بێت ئەوا نەوتی شێخان بە ٤٦ دۆلار دیاری دەکرێت.  بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە کاتێکدا کۆمپانیاکە گۆڕانکاری پێشنیارکراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی MNR لە میکانیزمی نرخاندنی بۆ فرۆشتنی نەوتی شێخان قبوڵ نەکردووە، گۆڕینی نرخ لە بنەمای برێنت  بۆ تێکەڵەی کوردستان ("KBT") کە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ەوە کاری پێدەکرێت، داهات لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر ئەم بنەمایە دانپێدانراوە، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەدیهاتوو بەراورد بە میکانیزمی نرخدانانی پێشوو لەو ماوەیەدا نزیکەی 12 دۆلار/بۆ بەرمیلێک یان 23.4 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە. داشکاندنی KBT بۆ Dated Brent لە تشرینی دووەمی 2022ەوە توندتر بووەتەوە، کاریگەرییەکانی لەسەر نرخە وەدیهاتووەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخدانان لە شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ٦ دۆلار دابەزیوە. بەم پێیە لەمانگی شوباتدا داشکانی شێخان بەرانبەر نرخی برێنت بریتی بووە لە ٢٩ دۆلار بۆ بەرمیلێک.  لەسەرەتای پەیڕەوکردنی میکانیزمە نوێکەوە نرخی نەوتی شێخان مانگانە بەو بڕەی لەخشتەکەدایە  داشکاندنی بۆکراوە بە نرخی برێنت:   ئەم خشتەیەی خوارەوە کورتەیەک لە زانیارییەکانی نرخادن بۆ نەوتی هەرێم  KBT کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ١ی ٢٠٢٣، لەوانەش کاریگەری لەسەر نرخە بەدەست هێنراوەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخاندن:   لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە ٤٦،٨٠٠بەرملی رۆژانەبووە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی ئاستی بەرهەمی  شێخان بریتی بووە لە ٤٠٠ ,٤٤ بەرمیل نەوت ئەویش بۆ هەندێ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شۆرتی کارەبا لە یەکێك لە بیرەکاندا.    کۆمپانیاکە پێشتر لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند بڕیارە لە لە چارەکی چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەڵام  کۆمانیاکە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ بەم ئاستەی بەرهەم گەشت.  لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە نزیکەی ٤٩,٩٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ تێکڕای بەرهەمهی گشتی لە مانگی ئازار تا ئێستا نزیکەی ٥٣,٥٠٠ بەرمیل بووە لەرۆژێکدا  و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا ئاستی بەرهەم گەشتە نزیکەی ٥٥,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە.  واتە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ئێستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ٢٠٪ زیادی کردووە.  زیادکردنی بەرهەم بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی بیری   SH-16 لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە و دەستپێکردنی بیری  SH-17 لە لە شوباتی ٢٠٢٣دا دەگەڕێتەوە. بەرنامەی بەردەوامی کونکردن کە پێشکەوتن لە ئەدای کونکردندا پێشکەش دەکات کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت بیری  SH-17 لە شوباتی ٢٠٢٣دا تەواو بوو کەوتە بەرهەم، لە ژێر  ئەوبەجەی بۆی دیاری کرابوو وە پێش وادەی دیاری کراو. هەڵکەندنی بیری SH-18 بە باشی بەرەوپێش دەچێت چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٣  دەست بپێ بکات بەگوێرەی ڕینمای و بەرنامەی کار.  •    کاریگەرییەکی کەم لە ئەنجامی ڕاگرتنی کاتی هەناردەکردنی بۆریەکانی هەناردەکردن  لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دوای بوومەلەرزە  تورکیا و سوریا . تێچووی بەرهەم هێنانی بەرمیلێک نەوت (OPEX) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە.  کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە  و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا.  کێڵگەی شێخان ١٧ بیری تێدا هەڵکەنراوەو چاوەڕێ دەکرێت لە چەند مانگی ئایندەدا بیری ژمارە ١٨ ش تەواو ببێت و بکەوێتە بەرهەم. هەروەها  ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 .  کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوە بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە.   یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە:  •    یەدەگی سەلمێنراو  1P reserves: 199 MMstb  •    یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 509 MMstb   کۆمپانیای GKP  دەڵێت "بەپێی ڕاپۆرتی ("2022 CPR")  کە هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆی لایەنی سێیەمی نوێکراوە بۆ یەدەگ و سەرچاوەکانی کێڵگەی شێخان کە لەلایەن ERC Equipoise ("ERCE") ئامادەکراوە. توانای گەشەکردنی بەرچاوی کێڵگەکە نیشان دەدات و بەپێی ڕاپۆرتەکە رێژەی یەدەگی کێڵگەکە P2 دتوانرێت  بۆ ماوەی ٣١ ساڵی تر نەوت بەرهەم بهێنرێت لە کێڵگەکە لە سەر بنەمای تێکڕای بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٢". تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە زیاتر لە ١١٧ ملیۆن بەرمیل دەبێت. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ٨مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە و لە چوار مانگی کۆتایی هەمانساڵدا بە ٣٤ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نرخی نەوتی کێڵگەکە دیاری کراوە.  لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا داشکاندنەکە ٢١.٢ دۆلار بووە.


درەو: سایتی بلۆمبێرگی بەریتانی: - بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن بلومبێرگ نیوزەوە بینراوە و لەلایەن فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقییەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەرچووە، تیایدا هاتووە كە توركیا چیتر ڕێگە بە باركردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان  ناداتبەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی عێراق. بەڵگەنامەكە ئاماژەی بە بەرپرسێكی كۆمپانیای بۆتاشی دەوڵەتی توركیا كردووە و فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە. - ئەو كەسەی كە ئاشنایە بەو بڕیارە، هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی دوایین تانكەر باركرا، لەوكاتەوە هیچ كەشتییەكی دیكە ڕاپۆرتی ئەوەی نەداوە نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانی باركردێت. ئەو كەسە ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا وەرگرتنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری كوردستانەوە ڕاگرتووە. - بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن بلومبێرگەوە كۆكراونەتەوە، لە مانگی یەكدا رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل لە تێرمیناڵی جەیهاندا تێپەڕیوە، كە دەكاتە 1%ی پێداویستی جیهان. بەغدا ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل بۆ جەیهان دەنێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل دەنێرێت.  


  راپۆرت: درەو بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا، دەستی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دەكاتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی خۆی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بەبێ ئەمە عێراق دەتوانێت هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت كە رێژەی 77% داهاتی گشتی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، وردەكاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی نەوتی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە، لەم راپۆرتەدا.  توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت ؟  كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو.  دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەروەك هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. ئەوكات وردەكاری حوكمەكەی دادگای پاریس ئاشكرا نەكرا، بەڵام بەپێی هەواڵێك كە سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكردووە" دوێنێ شەو عێراق بەفەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە".  سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان". ئەم بڕیارەی توركیا، حكومەتی سودانی دەستكراوەتر دەكات بۆ ئەوەی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بۆچونەكانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، بەپێچەوانەوە لەسەر داوای عێراق دەكرێت توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت.  ئەم بڕیارەی توركیا دژی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، بەمدواییە ناوچەكە جموجوڵێكی چڕی دیپلۆماسی بەخۆوە دەبینێت، ئێران‌و سعودیە دوای چەندین ساڵ ناكۆكی‌و دابڕان، بەنێوەندگیری چین رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ئیمزا كرد، ئێستا سعودییەكان سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا‌و توركیاش لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان.  نەوت بەرامبەر بە ئاو ! ئەم پەرەسەندنە دوای سێ رۆژدێت لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، سەردانێك كە تێیدا رێككەوتن كرا سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی (بەسرە) بە توركیاوە لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە، پرۆژەیەك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، زیانی گەورە بە داهاتەكانی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل)  دەگەیەنێت.  سەرباری ئەوەی خۆیان هیچ ئاماژەیەكیان بۆ نەكردووە، بەڵام پێشبینی كراوە بابەتی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆی محەمەد شیاع سودانی بوبێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.  هەر  لەم سەردانەدا بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانیدا بەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە زیاد بكرێت. پێشترو بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسانی توركیا هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا یەكلابكاتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەن‌و بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد.  ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراق‌و رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێت‌و پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی "داعش"ی بەسەردا هات‌و ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو.  نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا‌و لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" جێبەجێ  بكات.  هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیا‌و ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیا‌و لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراق‌و توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا.  خشتەی بڕی ئەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم بە تانكەر فرۆشتویەتی حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد‌و بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد. كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیاو عێراقدا هەیە. عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن. سەرباری ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو.  نەوتی هەرێم لەژێر گەمارۆدا  رۆژی 4ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕو پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە ئەنكەرە. ئەردۆغان لەم سەردانەدا داوای لەنێچیرڤان بارزانی كرد، هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەرێم رەوانەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی وزە لەگەڵ توركیا ناودەبرێت، بەڵێنی پێدا دوای گەڕانەوەی، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا بكات.  11 رۆژ دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، رۆژی 15ی شوباتی 2022 دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو.  دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە بەغداد، ئەمە قورسترین بڕیار بوو كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە بەغدادەوە دژی هەرێم دەبچێت، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی چەندجارێك وەفدی ناردە بەغداد بۆ مامەڵەكردن سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا بڕیارەكەی رەتكردەوە‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی هێنا. رۆژی 24ی نیسانی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كردبووی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردو تێیدا داوای رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقیان بیانگونجێنێت، هەروەها وەزارەتی نەوت داوای پێكهێنانی كۆمپانیایەكی كرد بەناوی "KORC" بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كۆمپانیایە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا بێت، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت.  حكومەتی هەرێم داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد حكومەتی مستەفا كازمی دواتر چەند هەنگاوێك دژی هەرێم‌و لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵبگرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت‌و غاز لە هەرێم كرد، داوای لێكردن گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ بەغداد نوێ بكەنەوە، ئەگەرنا عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە لە هەرێمی كوردستان كشانەوە.  ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست).  نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان، حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە. تشرینی یەكەمی 2022 كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق دەستبەكاربوو، كابینەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، سودانی بەڵێنی دا بە كورد، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربكات‌و لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە نەوت‌و غاز بدۆزێتەوە. پێنج مانگی وادەكە تەواو بووە‌و هێشتا یاساكە دەرنەچووە. لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە هەولێرو بەغداد دەستیان بە دانوستانێكی نوێ كردووە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە لە  بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا رەتیكردوەتەوە هەرێم یاسای نەوت‌و غازو ئەنجومەنی نەوت‌و غازو بۆری تایبەت بە هەناردەی نەوتی خۆی هەبێت، بەڵام دانوستانەكان هێشتا بەردەوامن‌و هیچ لایەك بە فەرمی شكستی دانوستانەكانی رانەگەیاندووە.  یاسای نەوت‌و غاز فیدراڵ یەكێك لەو یاسایانە بوو كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، لەماوەی (18) ساڵی رابردوودا دووجارو لە ساڵانی 2007و 2011دا رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغداد، یاساكە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا.  بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی لە كەرتی نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمیش ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە".  لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.   ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێت‌و گرفت بۆ بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، ئەمە پاڵ دەرچوونی حوكمی كۆتایی دادگای پاریس‌و دەستبەردابوونی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە.  گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات‌و لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوت‌و غازدا. ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێم ناچار بكات هەندێك نەرمی بۆ یەكێتی بنوێنێت، رەنگە بەپێچەوانەشەوە لێكترازانی تەواوەتی لەنێوان هەردوو زۆنەكە دروستبكات.  نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات. لەكاتێكدا مانگی ئازار لە دواین رۆژەكانی خۆیدایە، حكومەتی هەرێم هێشتا بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی شوبات دابەش نەكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی.  بەپێی هەواڵەكەی سایتی (ئارگۆس)، لە كۆتاییەكانی مانگی یەكدا، كۆمپانیای گەورەی (ترافیگۆر) پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندووە، ئەم كۆمپانیایە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە بۆ بازاڕەكان. 


درەو: بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئەم مانگە ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%.  بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% پێگەی (euronews)بڵاویكردووتەوە: پاڵشت بەلێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاری كە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاوبوتەوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, دوای دابەشكردنی دەنگی ئەو دەنگدەرانەی دوودڵن و خۆیان یەكلانەكردووەتەوە لەڕاپرسییەكەدا, قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% دەنگەكانی بەدەستهێناوە, ئەردۆغانیش 45.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.  بەپێی دواین ڕاپرسیەكان كە كۆمپانیای (AR-G Research) لەڕۆژی (14) ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم, ڕێژەی دەنگەكانی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2% و دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش 43.1% دەبێت. هەر بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیاكە, موحەرم ئینجە 7.6% دەنگەكان و سینان ئۆغان 1.3% دەنگەگان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەدەست دەهێنن. ركابەرێتی ئەمجارە ! ركابەرێتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی توركیا لەنێوان چەند هاوپەیمانێتییەكدایە كە ئەمانەن:  هاوپەیمانی كۆمار ئەم هاوپەیمانێتییە لە 20ی شوباتی 2018 دامەزراوە، هاوپەیمانێتی نێوان پارتی (دادو گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدارە لەگەڵ پارتی (بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست). ئەم هاوپەیمانێتییە سیستەمی حوكمڕانی توركیای لە سیستەمی پەرلەمانییەوە (كە چەندین دەیە بوو بەركاربوو) گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەمەش لەرێگەی هەمواركردنی دەستورەوە لە ساڵی 2017دا.  پارتی "یەكێتیی گەورە" سەرباری ئەوەی بەفەرمی نەبووە بەبەشێك لەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام لەزۆرینەی وێستگەكاندا پشتیوانی خۆی بۆ هاوپەیمانێتییەكە راگەیاندووە‌و ئەم چەند هەفتەی دوایی هەوڵی بۆ ئەوە داوە بچێتە پاڵ پارتەكانی ترەوە.   هاوپەیمانێتی گەل لەسەر رەوتی (راستڕەوی میانڕەو) ئەژماردەكرێت، پێكدێت لە رەوتی پارێزگاری میانڕەو كە پارتی دادو گەشەپێدان نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ رەوتی نەتەوەپەرەستەكان كە دێرینترین رەوتن لەسەر گۆڕەپانی هاوچەرخی توركیا‌و تێڕوانینیان زۆر دور نییە لە تێڕوانینی كۆنەپارێزەكانەوە بەتایبەتیش لەبواری ناسنامەی كەلتوری توركیا‌و رێزگرتن لە میراتی ئیسلامی عوسمانییەكان.  لایەنەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە هاوڕان لەسەر دژایەتیكردنی (پارتی كرێكارانی كوردستان)‌و بزوتنەوەكەی (فەتحوڵا گولەن)‌و وازیان لە هەندێك لە تێزەكانی لیبرالیزم هێناوە.  ئەم هاوپەیمانێتییە یەكەمین هەڵبژاردنی لە 24ی حوزەیرانی 2018دا بردەوە كاتێك كاندیدەكەی (ئەردۆغان) لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە‌و هاوپەیمانێتییەكەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا بە رێژەی 53,7%ی كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان. ئەمجارەش ئەردۆغان دەبێتەوە بە كاندیدی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا.   هاوپەیمانێتی میللەت.. مێزە شەشقۆڵییەكە ئەم هاوپەیمانێتییە لە شوباتی 2022دا لەدایكبوو، لەپێناو هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵ دروستكرا. ئەم هاوپەیمانێتییە (6) پارتی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت، لە میدیاكانی توركیادا بە "مێزە شەشقۆڵییەكە" ناودەبرێت، پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە ئایدۆلۆژیایان جیاوازە‌و تێكەڵەیەكن لە "عەلمانی ئەتاتوركی"‌و "نەتەوەپەرەست"‌و "رەوتی راستڕەوی نەریتەوان". پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە:  •    پارتی (گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی (كەمال كلیچدارئۆغلۆ) •    پارتی (چاكە) بە سەرۆكایەتی خانم (میراڵ ئەكشنەر) •    پارتی (سەعادەت) بە سەرۆكایەتی (تەمەل كەرەمولائۆغلۆ) •    پارتی (دیموكرات) بە سەرۆكایەتی (گوڵتەكین ئویساڵ) •    پارتی (دیموكرات‌و پێشكەوتن) بە سەرۆكایەتی (عەلی باباجان) كە لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە •    پارتی (ئایندە) بە سەرۆكایەتی (ئەحمەد داودئۆغلۆ) كە ئەمەش بە هەمان شێوەی باباجان لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە لە 13ی شوباتی رابردوودا، ئەم لایەنانە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە لەبارەی رێككەوتنیان سەبارەت بە دووبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ حوكمڕانی توركیا.  ئەم هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (كەمال كلیچدارئۆغلۆ)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی ئایاری داهاتوو كاندید كردووە. هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی كورد پارت‌و رێكخراوە مەدەنییەكانی كورد لە توركیا، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو یەكێتییەكیان لەژێر ناوی هاوپەیمانێتییەكی گشتگیردا دروستكردووە كە نوێنەرایەتی كورد بكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا.  هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت لە:  •    پارتی گەلی دیموكرات (HDP) •    پارتی كار توركیا (TÎP) •    پارتی بزوتنەوەی كرێكاری (EHP) •    پارتی رەنج (EMEP) •    پارتی ئازادی كۆمەڵایەتی (TOP) •    یەكێتی ئەنجومەنە سۆسیالیستییەكان (SMF) تائێستا ئەم هاوپەیمانێتییە ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئاشكرا نەكردووە.  هاوپەیمانی "ئەتا" پارتی "سەركەوتن" بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. ئەم هاوپەیمانێتییە بەوە ناسراوە زۆر دژایەتی بوونی پەنابەرانی سوری دەكات لەسەر خاكی توركیا‌و بە دژە عەرەب ناسراوە.  وشەی "ئەتا" دەبەسترێتەوە بە ناوی (كەمال ئەتاتورك)ەوە‌و ئەتاتوركیش بەواتای "باوكی تورك" دێت.  ئەم هاوپەیمانێتییە (سەنان ئۆغان)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كردووە.  ئەردۆغان بومەلەرزە هێنای؛ بومەلەرزە دەیخات ؟  زۆرینەی چاودێرانی دۆخی سیاسی توركیا، ئەم هەڵبژاردنە بە سەختترین هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان ناودەبەن لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردوودا.  دواین راپرسییەكان لە توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، كەمال كلیچدارئۆغلۆ كاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە زیاتر لە 10 پۆینت لە پێش ئەردۆغانەوەیە.  راپرسییەكان دەڵێن هاوپەیمانێتی "میللەت" زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دەباتەوە. هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانیی توركیا روبەڕووی پارتی "دادو گەشەپێدان"ی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەكەی دەبێتەوە كە پارتی "بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست"ە‌و ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، روخساری سیاسی توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت.    راپرسییەكان باسلەوە دەكەن، پێناچێت ئەردۆغان بتوانێت بەسەر هاوپەیمانێتی "میللەت"دا سەربكەوێت، بەتایبەتیش دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ناوچەكانی باشوری وڵات (باكوری كوردستان) دروستبوون سەبارەت بە لاوازی حكومەت لە بەدەمەوەچوونەی خەڵك دوای بومەلەرزە وێرانكەرەكەی ئەمدواییە.  بومەلەرزەكە تائێستا نزیكەی 48 هەزار كوژراوی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەمە ناڕەزایەتی لە توركیا دروستكردووە سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت لە دروستكردنی بیناكانی نیشتەجێبووندا.  بومەلەرزە گەورەكەی پێشووی توركیا (بوڵنت ئەجەوید)ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیای خست‌و ئەردۆغان شوێنەكەی گرتەوە، رەنگە بومەلەرزەكەی ئەمدواییەش ئەردۆغان بخات‌و (كلیچدارئۆغلۆ) بخاتە شوێنەكەی.  ساڵی 1999 كاتێك بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەی (ئیزمیت)ی لە نزیك ئیستانبوڵ هەژاند، رەخنەی توند لە (ئەجەوید) گیرا بەوەی شكستی هێناوە لە دابینكردنی فریاگوزاری بەشێوەیەكی خێرا بۆ خەڵكی ناوچەكە، بومەلەرزەكە نزیكەی (18 هەزار) كەسی كوشت، ناڵەو ئازاری كەسوكاری قوربانییەكان، پارتی دادو گەشەپێدان‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەیانەوێت بەسەر شانی بومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە هەمان سیناریۆی ئەردۆغان دووبارە بكەنەوە.  سەرباری بومەلەرزەكە، هاوڵاتیانی توركیا توڕەن لە شكستی سیاسی‌و ئابوری سیاسەتەكانی ئەردۆغان، بەتایبەتیش دابەزاندنی نرخی سود كە بوەتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە وڵاتدا.  پایزی رابردوو هەڵاوسانی ئابوری توركیا گەیشتە پلەیەكی پێوانەیی لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا، كاتێك  ئاستی هەڵاوسانەكە گەیشتە 85%‌و ئێستا بۆ 55% دابەزیوە.  لە سەرەتای 2021وە بەهۆی رەشەبای پێچەوانەی ئابوری‌و سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە، دراوی توركی رێژەی 60%ی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستداوە.  لەپاڵ ئەمەدا، لەڕووی بازرگانییەوە توركیا توشی كورتهێنانێك بوەتەوە كە رێژەكەی دەگاتە 38%‌و فشاری خەرجی بژێویش چینی ناوەندی خستووە‌و لەناو هەژاریدا توشی نائومێدییەكی قوڵ بوەتەوە.  لەماوەی دوو دەیەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان توركیایەكی نوێی دروستكردووە كە تێیدا سیستەمی "پەرلەمانیی" لاوازكراوە‌و گۆڕی بۆ سیستەمێكی "سەرۆكایەتیی" هاوشێوەی ئەو سیستەمانەی كە تێیاندا تاكە كەسێك حوكمڕانی دەكات،  ئەمە وایكردووە ئەردۆغان بە "سوڵتانی نوێی توركیا" ناوببرێت، بەتایبەتیش كە دادگاكان‌و دامەزراوەكانی جێبەجێكردنی یاسا‌و خزمەتی شارستانی‌و دامەزراوەكانی هەواڵگری‌و هێزە چەكدارەكان‌و میدیاكانی لە نەیارانی خۆی پاككردوەتەوە‌و خەڵكانی لایەنگری خۆی تێدا داناون، بۆ ئەمەش زیاتر لە هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی 2016 سودی وەرگرت‌و سیستەمێكی سیاسی لە توركیا بەرپا كرد كە بەتەواوەتی دڵخوازی خۆیەتی. خاڵی هێزو لاوازی دوو ركارەبەر سەرەكییەكە  جگە لە ئەنجامی راپرسییەكان، خاڵی هێزو لاوازی تری هەردوو بەرە ركابەرەكەی توركیا بۆ هەڵبژاردن كاریگەری خۆیان لەسەر ئەنجامەكان دەبێت.  پەیمانگای واشنتۆن لە شیكارییەكدا دەڵێ" تاكە رێگەی بەردەم لایەنە ئۆپزسیۆنەكان ئەوەیە بچنە گەڕی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، چونكە لە گەڕی یەكەمدا كاندیدەكان زۆرن، لە گەڕی دووەمیشدا دەبێت كار بۆ ئەوە بكەن لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندی كۆماری توركیادا، سەرەنجی ئەو دەنگدەرانە بەلای خۆیاندا رابكێشن كە ئەتاتوركیان خۆشدەوێت، لەگەڵ راكێشانی دەنگی ئەوانەی كە لایەنگری پارتی دادو گەشەپێدان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستن، بەڵام توڕەن لە سیاسەتی ناوخۆیی پارتەكانیان". بەڵام شیكارییەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی بەهێزی گوتاری میدیایی پارتی دادو گەشەپێدانەوە بەتایبەتیش "گوتاری دەرەوە"، زۆرێك لەو لایەنگرانەی پارتەكە كە توڕە بوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ئامێزی پارتەكەیان بۆ ئەوەی جارێكی تر چانسی سەركەوتنی پێببەخشنەوە.  لەپاڵ ئەمەدا، شیكارییەكەی پەیمانگای واشنتۆن وای دەبینێت، هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كێشەی ناوخۆیی نییە، ئەمە بابەتێكە كە بەسەر هاوپەیمانێتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا "هاوپەیمانێتی میللەت" جێبەجێ نابێت، چونكە پێناچێت هاوپەیمانێتییەكەی پارتی گەلی كۆماری‌و پارتی (چاكە- İyi)و پارتە بچوكەكانی تر زۆر بەرگەی مانەوە بگرێت، بەتایبەتیش كە قسە دێتە سەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان‌و پۆستە وزارییەكان". ئەمە جگە لەوەی هێشتا هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات، هێشتا ئاڵنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم هاوپەیمانێتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەوپێیەی پارتی دیموكراتی گەلان ئەجێندای كاركردنی لەگەڵ ئەو پارتانەی تر جیاوازە.


شیكاری: درەو -  بەپێی داتاکانی ئۆپێک عێراق بە تێکڕا لە ساڵی (2015 - 2022) زیاتر لە (3 ملیۆن و 577 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە. تێکڕاش داهاتی هەر ساڵێکی زۆرتر بووە لە (75 ملیار و 265 ملیۆن) دۆلار. پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی (2015 - 2021)؛  -  داهاتی نەوت بە تێکڕا (84.65)%ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت.  -  داهاتی نەوت بە تێکڕا زیاتر لە (66%)ی خەرجییە گشتیەکان بۆ پێکدەهێنێت.  -  داهاتی نەوت دەتوانێت بە تێکڕا لە ماوەی (2015 - 2021) زیاتر لە دوو هێندە و نیوی بە رێژەی (258%) خەرجی وەبەرهێنان بگرێتەوە -  داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن زیاتر لە (90%)ە، واتە خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەتوانێت (90%)ی داهاتی نەوت هەڵبمژێت!! عێراق سامانێکی گەورەی نەوتی هەیە کە بە زیاتر لە (145 ملیار) بەرمیلی یەدەگی نەوت دەسەلمێنرێت، بەڵام ئەم سەروەتە بەنرخە وەک پێویست بۆ خزمەتکردنی پایە ئابوورییەکان عێراق بەکارنەهێنراوە. عێراق ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات و بە ملیارەها دۆلاری دەستدەکەوێت، کە بووە پایەی سەرەکی داهاتی گشتی و خەرجییە گشتیەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی خەرجییەکانی بەکاربردن، خەرجییەکانی وەبەرهێنانیش لە ژێر کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی نرخی نەوت و داهاتەکەیەتی. یەکەم؛ هەناردە و داهاتی نەوت عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 – 2022) بە تێکڕا زیاتر لە بڕی (3 ملیۆن و 577 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، بە تێکڕاش داهاتی هەر ساڵێکی زۆرتر بووە لە (75 ملیار و 265 ملیۆن) دۆلار، وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا دەرکەوتووە و تێیدا پشت بە داتاکانی رێکخراوەی ئۆپێک بەستراوە. خشتەی ژمارە (1)   دووەم؛ داهاتی نەوت و داهاتی گشتی داهاتی نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتە گشتیەکانە، ئەمەش زیاتر دەسەلمێت بە بەرزبوونەوەی قەبارەی ڕێژەی یەکەم بۆ دووەم، بەو پێیەی داهاتی نەوت لە ماوەی (2015 - 2021) بە تێکڕا (84.65)%ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت، یان بە مانایەکی دیکە سەرجەم داهاتەکانی تر کە بە داهاتە نانەوتییەکانیش ناودەبرێت (15.35%)ی داهاتی گشتی بە تێکڕا پێکدەهێنێت بۆ هەمان ماوەی ناوبراو، وەک لە خشتەی ژمارە (2) نیشان دراوەو پشت بە یاساکانی بودجەی ساڵانی نابراو بەستراوە. خشتەی ژمارە (2) ساڵی (2020) لە خشتەی سەرەوەدا ئاماژەی پێنەکراوە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە بۆ ئەو ساڵە، بە هۆکاری سیاسی، دارایی و تەندروستی، ئەگەر ئەو خشتەیەی سەرەوە بگۆڕێن بۆ فۆرمێکی گرافیکی بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە داهاتی گشتی تا چەند هاوتەریبە لەگەڵ داهاتی نەوت. ئەوا بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) لەم چارتەی سەرەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە کێرف (ئاست)ی داهاتی گشتی هاوتەریب و زۆر نزیکە لە کێرف داهاتی نەوت، بەو پێیەی داهاتی نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت. سێیەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی گشتی قەبارەو رێژەی بەشداری داهاتە نەوتییەکان بڕبڕەی پشتی خەرجی گشتی پێکدەهێنن، خشتەی ژمارە (3) ئاستی بەشداری داهاتی نەوت نیشان دەدات لە پڕکردنەوەی خەرجی گشتی لە ماوەی نێوان (2015 - 2021) کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی عێراق ئاماژەیان پێدراوە. خشتەی ژمارە (3) لەم خشتەیەی سەرەوەدا ڕوونە کە داهاتی نەوت بە تێکڕا زیاتر لە (66%)ی خەرجییە گشتیەکان بۆ ماوەی 2015-2021 پێکدەهێنێت و ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە، واتە داهاتەکانی دیکە (داهاتە نانەوتییەکان) لەئاستی پێویست نین و ناتوانن تەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان بەشداربن چونکە داهاتە نانەوتییەکان شێوەیەکی گشتی تەنها (15%)ی داهاتی گشتی پێکدەهێنن، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا. هەروەک چۆن داهاتی گشتی هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بەهۆی ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئەوەی دووەمیان داهاتی گشتش بەرز دەبێتەوە، بەهەمان شێوە هەست بە هەمان شت دەکەین سەبارەت بە خەرجییە گشتیەکان، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی هاوتەریب و نزیک لە هەمان ئاست خەرجییە گشتییەکان زیاد دەکەن، وەک لە چارتی ژمارە (2) دا رووندەبێتەوە. چارتی ژمارە (2) هاوسەنگ بوون و لێکنزیکی خەرجییە گشتیەکان لەگەڵ داهاتی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە ئاماژەیەکی ناتەندروستە، چونکە بەهۆی ناسەقامگیری داهاتی نەوت و هەڵاوسانی نرخی نەوت کە ملکەچی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزەیە، هەروەها بێتوانایی دەوڵەت لە کۆنترۆڵکردنی بڕی هەناردەی نەوت بەهۆی ئەندامێتی لە رێکخراوی ئۆپێک کە بڕی بەرهەمهێنان دیاری دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگی نرخی نەوتی نێودەوڵەتی. گەورەترین گرفتی ناسەقامگیری داهاتی نەوت ئاراستەکەیەتی، واتە داهاتی نەوت بەرەو لایەنی خەرجی بەگەڕخستن یان لایەنی وەبەرهێنان ئاڕاستە دەکرێت؟ ئەمەش لەم دوو خاڵەی خوارەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەوەی لە عێراق هەیە روی لە چی ئاراستەیەکە. چوارەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی بەگەڕخستن وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا بە کۆکردنەوەی ئەو داتایانەی لە یاساکانی بودجەی ساڵانی (2015 - 2021)ی عێراق دەڕوانیت، چەند ڕاستییەک روون دەبێتەوە، بۆ نمونە لە خشتەی ژمارە (4)دا کاتێک لە ستوونی کۆتایی خشتەی خوارەوە دەڕوانیت، تێبینی دەکەین کە داهاتی نەوت زۆربەی خەرجییەکانی دەگرێتەوە دەگرێتەوە و لە ساڵی (2015)دا سەرجەم و تەنانەت زیاتریش داهاتی نەوت خەرجییەکانی بەگەڕخستنی گرتووەتەوە! واتە تەنها خەرجییەکانی بەگەڕخستن داهاتی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرز هەڵدەمژن، بڕوانە خشتەی ژمارە (4). خشتەی ژمارە (4) وەک لە خشتەکەدا رونکراوەتەوە تێکڕای بەشداری داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن زیاتر لە (90%)ە لە ساڵانی (2015 -2021) واتە خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەتوانێت (90%)ی داهاتی نەوت هەڵبمژێت!! ئەمەش بەو مانایە نییە کە خەرجییەکانی بەگەڕخستن (90%)ی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنن، چونکە خەرجییەکانی بەگەڕخستن بە تێکڕا (73.8%)ی خەرجییە گشتیەکان پێکدەهێنن لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)، واتە داهاتی نەوت زیاتر لە قەبارەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەگرێتەوە. پرسەکە پەیوەندیدارە بەوەوە کە داهاتی نەوت تا چەند خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەگرێتەوە و تا چەند ئەمەی دووەمیان لەگەڵ یەکەمدا دەگونجێت، وەک لە (چارتی ژمارە (3))دا دەردەکەوێت. چارتی ژمارە (3) کاتێک تێبینی دەکەین کە خەرجییەکانی بەگەڕخستن نزیکە لە داهاتی نەوتەوە، ئەمە دەبێتە ئاماژەیەکی گەورەی ناتەندروستی ئابووری، ئەمەش لەبەر زۆر هۆکار، لەوانە؛ ئەوەی نەوت بەشدارە لە دەستخستنی سەرمایەیەک و سەروەت و سامانێک ناتوانرێت بۆ بەگەڕخستن بازرگانی پێوە بکرێت، چونەک نەوت لە نرخدا دەگۆڕێت و کاریگەری لەسەر داهات جێدەهێڵیت، کاتێکیش خەرجییەکانی بەگەڕخستن بە ئاراستەی دابەزین نەگۆڕن، بۆ نمونە لە ساڵی (2021)دا، کاتێک داهاتی نەوت کەمیکردووە، هاوکات خەرجییەکانی بەگەڕخستنیش کەمیکردووە کە ئەمەش ئاماژەیەکی هەڵەیە، جگە لەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای گشتی ئابوری دەبێت. پێنجەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی وەبەرهێنان پێویستە سەرەتا ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشداری داهاتی نەوت بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە مانای ڕێژەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە خەرجییە گشتییەکان نایەت، چونکە پەیوەندی بەو ڕادەیە هەیە کە خەرجییەکانی وەبەرهێنان داهاتی نەوت هەڵدەمژن و تا چەندی یەکەمیان لەگەڵ ئەم دووەمیاندا دەگونجێت. وەک لە (خشتەی ژمارە (5))دا رونکراوەتەوە داهاتی نەوت دەتوانێت بە تێکڕا لە ماوەی (2015 - 2021) زیاتر لە دوو هێندە و نیوی (258%) خەرجی وەبەرهێنان بگرێتەوە، بەڵام ڕێژەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە بودجەدا لە ئاستێکی نزمدایەوە، تەنها (26%)ی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنێت! خشتەی ژمارە (5) ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژە پێکردنە پرسی بە قوربانی کردنی وەبەرهێنانە، چونکە خەرجی وەبەرهێنان لە ئابووریی نەوتدا بە گشتی لاوازترین ئەڵقەیە، بەو مانایەی کە هەرکاتێک نرخی نەوت و داهاتی نەوت کەم دەبێتەوە، ئەم دابەزینە بە قوربانیدانی خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەرەبوو دەکرێتەوە. بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی ئاستی داهاتی نەوت تا چەند خەرجییەکانی وەبەرهێنان دەگرێتەوە و هاوسەنگ بێت، دەتوانرێت خشتەی سەرەوە بگۆڕدرێت بۆ (چارتی ژمارە (4)). چارتی ژمارە (4) وەک تێبینی دەکرێت، لە ڕێگەی ئەو چارتەی سەرەوە، کە خەرجییەکانی وەبەرهێنان هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بۆ ساڵانی (2015 - 2021)، زۆر دوورن لەیەکتر، واتە ئەو داهاتە نەوتییانەی کە دەچنە سەر خەرجییەکانی وەبەرهێنان زۆر کە ئاستی پێویست کەمترن. دەتوانین لەو خاڵانەی سەرەوە بەم دەرەنجامانە بگەین 1.    داهاتی گشتی هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوتدا دەڕوات، وهەمان شت بۆ خەرجییە گشتیەکان بە گشتی دەگونجێت. 2.    خەرجیەکانی بەگەڕخستن بەشێوەیەکی هاوتەریب و نزیکە لە هاوشانی داهاتی نەوتەوە، وە بەبێ هیچ نەرمی و مرونەتێک بە هەر دابەزین یان بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی داهاتی نەوت خەرجی بەگەڕخستن دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. 3.    خەرجی وەبەرهێنان هاوتەریب بەڵام نەگونجاو لەگەڵ داهاتی نەوت، ئەمەش گوزارشتە لە بێ بایەخی خەرجی وەبەرهێنان و ناتەبایی لەگەڵ قەبارەی داهاتی نەوت. بەم پێیەش پێوستە کار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت: 1.    داهاتی گشتی و خەرجییە گشتیەکان بە هاوتەریب لەگەڵ باقی داهاتەکانی تر بەرەوپێش بچێت، بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییە نەرێنییە گرێدراوەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت. 2.    خەرجی بەگەڕخستن هاوتەریب بێت لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان نەک داهاتە نەوتییەکان. 3.    کاربکرێت بۆ ئەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنانەکان هاوتەریب و هاوشانی داهاتی نەوت بکرێت، بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەی سەروەت و سامانی نەوت، و چاندنەوەی لە سەر زەوی ئەوەی لە ژێر زەوی دەرهێنراوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئابووری و کۆمەڵگا بکات. سەرچاوە 1.    حامد عبد الحسين الجبوري، النفط والمالية العامة في العراق، مرکز الفرات للتنمية والدراسات الاستراتيجية، 15/3/2023؛ http://fcdrs.com/economical/1822 2.    درەو میدیا هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022، 7/1/2023؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799  


(درەو):  توركیا دۆسیەی سكاڵاكەی عێراقی لە دادگای پاریس دۆڕاند، دوێنێ شەو بەڵێنی بە حكومەتی عێراقداوە چیتر بەبێ رەزامەندی بەغداد رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەدات.   سایتی (ئارگۆس) تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكرد، دوێنێ شەو عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە.  سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" ئەم بڕیارە گورزێكی دیكەیە بەر هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەكەوێت".  هەمان سەرچاوە بە سایتەكەی وتووە: توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان.  دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس ماوەی نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامە، عێراق لەم دادگایە سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردووە بەوەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، رێككەوتنی ساڵی 1973 تایبەتی بە بۆری نەوتی پێشێلكردووە.   


راپۆرت: درەو سەرۆكی فەڕەنسا ماددەی (49.3)ی دەستوری بەكارهێناو بەبێ دەنگدانی پەرلەمان، یاسای چاكسازی سیستەمی خانەنشینی تێپەڕاند، ئەمە روبەڕووی گەورەترین خۆپیشاندانی كردەوە كە (800 هەزار) كەس بەشداری تێدا كرد، ژنێكی فەڕەنسی دەڵێ" ماكرۆن بیری چووە، خەڵك دەنگیان بە بەرنامەكەی نەداوە، هەڵیانبژارد بۆ نەهێڵێن مارین لۆپان ببێت بە سەرۆك"، مامۆستایەكیش پێشبینی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان دەكات‌و دەڵێ" هیوادارم سەرنەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆیی". سەرۆكی فەڕەنسا دەڵێ" لەنێوان دابەزینی ئاستی جەماوەریم‌و بەرژەوەندی گشتی وڵاتدا، دووەمیانم هەڵبژارد"، دۆخی فەڕەنسا دوای تێپەڕاندنی یاسای نوێی خانەنشینی لەم راپۆرتەدا.  ماكرۆن لەبەردەم ناڕەزایەتییەكی گەورەدا سەدان هەزار كەس لە خەڵكی فەڕەنسا (800 هەزار كەس بەگوێرەی قسەی كۆنفیدراڵیەتی گشتی كرێكاران) بەشدارییان لە نۆیەمین خۆپیشاندانی میللیدا كرد لە شاری پاریسی پایتەخت. خۆپیشاندانەكە لە گۆڕەپانی (باستیل) دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران داوایان لە حكومەت‌و سەرۆك (ئیمانوێل ماكرۆن) كرد یاسای نوێی خانەنشینی بكێشێتەوە، كە بەگوێرەی ماددەی (49.3)ی دەستور تێپەڕێندرا. خۆپیشاندەران دروشمیان دژی سەرۆكی فەڕەنسا وتەوە، تۆمەتباریان كرد بەوەی "گوێ بۆ خەڵك ناگرێت"‌و لە بورجی عاجیدا دەژی. ئەم خۆپیشاندانە توندوتیژی لێكەوتەوە، بەپێی قسەی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا، 441 كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون‌و زیاتر لە 457 كەس لە خۆپیشاندەران دەستگیركراون.  "ئێمە باڵندەی زریانین كە لەئاسۆدا دەردەكەوین" ژمارەیەك لە قوتابیانی ناوەندی "ئیلین بوشیە" لە بازنەی 20ی پاریس ئەم نوسراوەیان لەسەر لافیتەیەك هەڵواسی بە دەرگای خوێندنگەكەیاندا، رێگرییان لە هاوڕێكانیان كرد بچنە ناو خوێندنگەكەوە.  ئەمە لەكاتێكدا بوو كە هێزە ئەمنییەكان دەیانویست رێگای بۆ ئەو خوێندكارانە بكەنەوە كە دەیانەوێت بچنە ژورەوە‌و دەوام بكەن، خوێندكارە مانگرتووەكان هاواریان لێ بەرزبووەوە، داوایانكرد هەموان پەیوەندی بە خۆپیشاندەرانەوە بكەن لە گۆڕەپانی (باستیل). دەیان هەزار كەس لە خەڵكی فەڕەنسا لەبەرەبەیانەوە بەرەو گۆڕەپانەكە بەرێكەوتن، لە 19ی كانونی دووەمی رابردووەوە پرۆژەی چاكسازی سیستەمی خانەنشینی لە پەرلەمان خرایەڕوو، ئەمە نۆیەمین خۆپیشاندان بوو كە دژی ئەو یاسایە لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو.  خۆپیشاندانی ئەمجارە دوای ئەوە هات، یاسای چاكسازی سیستەمی خانەنشینی لەرێگەی بەكارهێنانی ماددەی (49.3)ی دەستورەوە تێپەڕێندرا، ماددەیەك كە رێگا بە حكومەت دەدات بەبێ دەنگدانی پەرلەمان هەندێك لە یاساكان تێپەڕێنێت.  هەروەك ناڕەزایەتییە گەورەكە دوای رۆژێك هات لە وتارەكەی سەرۆك ماكرۆن كە تێیدا رەتیكردەوە پاشەكشێ لە پرۆژەكەی بكات بەبەهانەی ئەوەی "چاكسازی سیستەمی خانەنشینی كارێكی پێویستە".  خۆپیشانده‌ران له‌به‌رده‌م بینای (ئۆپیرا باستیل)دا ئەو بڵێسەی كە ئاگری توڕەیی هەڵكرد ! ئەوەی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی فەڕەنسای لە خۆپیشاندانەكانی پێشتری جیاكردەوە، بەشدارییەكی بەرفراوانی قوتابیان‌و لاوان بوو، لە نمونەی خوێندكارانی زانكۆی "سێرجی بونتواز" كە لافیتەیەكیان هەڵكرد بوو، لەسەری نوسرا بوو "ماكرۆن تۆ ماددەی 49.3 بەكارهێنا، ئێمە ماددەی 68 بەكاردەهێنین"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو خۆپیشاندانە مێژووییەی كە لە ئایاری 1968دا لە پاریس رویداو ژەنەراڵ (شارل دیگۆل)ی ناچار كرد كۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسا هەڵوەشێنێتەوە‌و لە 23و 30 تەموزی ئەو ساڵەدا هەڵبژاردنێكی نوێی پەرلەمانی رێكبخات.  خاتوو (ئاگات) كە تەمەنی (58 ساڵ)و دەترسێت هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، ئەو قسەی بۆ (فرانس 24) كردووەو وتویەتی" لەڕاستیدا فەڕەنسا لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، پرۆژەی چاكسازی سیستەمی خانەنشینی ئەو بڵێسەیە بوو كە ئاگری توڕەیی هەڵكرد.. موچەی هاوڵاتیانی فەڕەنسا زۆر كەمە.. ئاسایش نییە.. فەڕەنسا ئیتر ئەو فەڕەنسایە نییە كە لەمنداڵییەوە دەمانناسی. پێویستە بەردەوام بین لە كۆكردنەوەی خەڵك‌و ژمارەیەكی زیاتر لە خەڵك بڕژێنە سەر شەقامەكان". "كۆمپانیاكان گرێبەستەكانمان هەڵوەشێننەوە چی بكەین؟" ئەو ژنە دەڵێ" بۆ جاری یەكەمە خۆپیشاندان دەكەم، بەڵام پێموایە ئەمە دواجار نابێت. رێژەی 90%ی فەرمانبەران‌و كرێكاران لە فەڕەنسا دژی پرۆژەكەی ماكرۆنن. بۆیە دەبێت ئەوانیش بڕژێنە سەر شەقامەكان بەڵكو حكومەت گوێی لە دەنگیان بێت‌و پاشەكشێ بكات لە بڕیارەكەی".  خاتوو (ئاگات) كە ژمێریارە رەخنەی لە وتارەكەی رۆژی چوارشەممەی سەرۆكی فەڕەنسا گرت‌و ماكرۆنی بە "خۆبەزڵزان‌و خراپ" ناوبرد.  وتی:" ماكرۆن گوێ لە كەس ناگرێت‌و كەس نابینێت. تەنیا ئەو ستراتیژیەتە پەیڕەو دەكات كە خۆی بەتەنیا دایڕشتووە. بیری چووە خەڵك بۆیە هەڵیانبژارد بۆ ئەوەی رێ لە كەسێكی تر بگرن (مەبەستی مارین لۆپان)ە، نەك بەهۆی بەرنامەكەیەوە".  "پرۆژەی چاكسازی سیستەمی خانەنشینی پرۆژەیەكی دادپەروەرانە نییە، بەتایبەتیش بۆ ئێمەی بەساڵاچوان. چی بكەین ئەگەر ئەو كۆمپانیایانەی كاریان تێدا دەكەین گرێبەستەكانمان هەڵوەشێننەوە. ئایا دەكرێت كارەكەم بگۆڕم یان كارێكی نوێ بدۆزمەوە لەكاتێكدا تەمەنم 58 ساڵ تێپەڕی كردووە. ئەمە لۆژیكی نییە" خاتوو ئاگات بەمشێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا.   دوو مامۆستا كه‌ به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌یان كردووه‌ "گوڵ لەبری غازی فرمێسكڕێژ"  بەپێچەوانەی ئەوانەی پێشترەوە، ژمارەیەكی پێوانەیی لە خۆپیشاندەر بەشدارییان لە رێپێوانەكەی گۆڕەپانی (باستیل)دا كرد‌و لە زۆرێك  لە شەقامەكاندا سوڕانەوە لەوانە شەقامی (بومارشی)، ئەمە لەكاتێكدا كە هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی چڕ بڵاوبوونەوە (نزیكەی 5000 هەزار پۆلیس تەنیا لە شاری پاریسی پایتەختدا)، سەرجەم رێبەرانی سەندیكاكانی كرێكاران و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كرد لەوانە پارتی "سەوزەكان" بە  سەرۆكایەتی (یانیك جادو)، كە لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیدا بەرەو ڕووی ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكان رۆیشت‌و گۆڵی پێدان‌و دروشمی "گوڵ لەبری غازی فرمێسكڕێژ"ی بەرزكردەوە.  خاتوو (باربارا) سەرباری ئەوەی خانەنشینە بەڵام لە دەوروبەری پاریسەوە هاتووە بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكەدا، رەخنەی هەیە لەو رێگایەی كە ماكرۆن گرتویەتیە بەر بۆ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی خانەنشینی‌و بە (فرانس 24)ی وتووە:" تێناگەم بۆچی بەردەوام قسە لەسەر یاسا‌و شەرعیەت دەكەین لە فەڕەنسا. جارێك پەسەندی دەكەن (مەبەستی پەرلەمانتاران) جارێكی تر دەیگۆڕن یان دەیكێشنەوە، لەو سیستەمە دیموكراتیە تێناگەم كە تێیدا دەژین. گەل هەستدەكات تاكە كەسێك دەستدرێژی كردوەتە سەر كۆمارەكە". "ماكرۆن گەلی خۆشبویستایە وەڵامی دەدایەوە"  خاتوو باربارا وتارەكەی رۆژی چوارشەممەی ماكرۆنی بە وتاری كەسێك ناوبرد كە یاری رۆلێتی روسی دەكات، ئەو دەڵێ" هەموو ئەگەرەكان كراون، چونكە ئایندە تاریكە".  لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی هاتووە بۆ خۆپیشاندان لەكاتێكدا یاسای نوێی خانەنشینی پەسەندكراوەو تێپەریوە، (فریدریك) كە لە ناوەندییەكی دەوروبەری پاریس مامۆستایە دەڵێ" پێموایە گەل لەسەر حەقە نەك حكومەت، دیموكراتیەت ئیرادەی گەلە نەك ئیرادەی تاكە كەسێك. هەستدەكەم ماكرۆن لە خزمەتی گەلدا نییە بەڵكو لە خزمەتی بازنەكانی تردایە، چونكە ئەگەر گەلی خۆشبویستایە‌و هەستی بە ئازارەكانی بكردایە، گوێی بۆ تاكە داواكارییەكەی گەل دەگرت، كە ئەوەش كشاندنەوەی یاسای خانەنشینییە".  "لە فەڕەنسا نمونەیەكی كۆمەڵایەتیمان هەیە، دەبێت بیپارێزین" ئەو مامۆستایە دەڵێ" نازانم لایەنی دەرەكی لە پشت سەپاندنی ئەم یاسایەوەیە بەسەر ماكرۆندا، بەڵام دەزانم گەلی فەڕەنسا هەستاوەتەوە بۆ ئەوەی بڵێ بەسە ئەم هەڵسوكەوتانە.. روبەڕووبوونەوەیەكی سەخت هەیە لەنێوان سەرۆك‌و گەلی فەڕەنسادا، هیوادارم لەمەدا گەل بە سەركەوتووی دەربچێت".  "خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەك لە شێوەكان بەردەوام دەبن، هیوادارم سەرنەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، چونكە حكومەت پەنای بۆ بازووە بەهێزەكەی بردووە كە پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكانن بۆ ترساندنی خەڵكی ئاسایی، كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە خۆپیشاندان دەكەن. لە فەڕەنسا نمونەیەكی كۆمەڵایەتیمان هەیە كە پێویستە پارێزگاری لێبكەین"مامۆستاكە وای وت‌و بەمە كۆتایی بە قسەكانی هێنا" چۆن دەكرێت قوتابیەكانمان فێری بنەماكانی دیموكراتیەت‌و ئازادی‌و سودەكانی هەڵبژاردن‌و دەنگدان بكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا  حكومەتی فەڕەنسا‌و ماكرۆن رێز لەو بنەمایانە نەگرن. لەڕاستیدا من وەكو مامۆستایەك گومانم لە كاریگەریی ئەم بنەمایانە هەیە، ئیتر چۆن دەبێت خوێندكارەكانم فێری ئەمانە بكەم؟". "كۆمپانیا گەورەكان لەسەر شانی كرێكاران قازانج دەكەن". هەردوو خوێندكار (ئیمان)ی تەمەن (21 ساڵ)‌و (ناستا)ی تەمەن (22 ساڵ) بۆ جاری یەكەمە بەشداری لە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیدا دەكەن، جەخت لەسەر بەردەوامبوونیان دەكەن لە ناڕەزایەتییەكان تا ئەوكاتەی "ماكرۆن یاساكەی دەكێشێتەوە".  ئیمان وتی:" هیچ دەنگێك لە دەنگی گەل بەرزتر نییە. كاتێك سەرۆكی فەڕەنسا دەبینێت ژمارەی خۆپیشاندەران رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، ئیتر ئەوكاتە ناچار دەبێت یاساكە بكێشێتەوە، ئەگەر نا لە چوار ساڵی داهاتوودا مسداقیەت‌و ئاستی جەماوەری خۆی لەدەستدەدات".  ناستا كۆتایی بە قسەكان هێناو وتی:" گەیشتومەتە تەمەنی 22 ساڵ، بیر لەوە ناكەمەوە تا تەمەنی 64 ساڵ كاربكەم، دەمەوێت خوشی لە ژیان ببینم‌و گەشت بكەم‌و دنیا ببینم، دوای ئەوەی بەدەست پەتای كۆرۆنا‌و بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكانەوە ناڵاندمان. داواكارم پارە لە دەوڵەمەندو كۆمپانیا جیهانییەكان وەربگیرێت كە بەسەر شانی كرێكاری ئاسایی فەڕەنساوە قازانجی گەورە دەكەن". هه‌ردوو خوێندكار (ئیمان)و (ناستا) "له‌نێوان خۆم و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا"  دوای چەند هەفتەیەك لە ناڕەزایەتی‌و ئاڵۆزی، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا هیوای خواست لە كۆتایی ئەمساڵدا یاسای نوێی خانەنشینی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام دانی بەوەدا نا یاساكە پاڵپشتی خەڵكی لەگەڵدا نییە.   لەبارەی دەركردنی ئەم یاسایەوە، ماكرۆن چەند قسەیەكی بەناوبانگی هەیە  كە دەڵێ:  •    ئەم چاكسازییە پێویستە، بەمە دڵخۆش نیم‌و هیواداربووم ئەم كارە نەكەم، بەڵام پابەندبووم پێیەوە.  •    من هەوڵی ئەوە نادەم جارێكی تر بە سەرۆكی وڵات هەڵبژێردرێمەوە، بەڵام لەنێوان راپرسییەكاندا سەبارەت  بە كەمبونەوەی ئاستی جەماوەریم‌و بەرژەوەندی گشتی وڵاتدا، بەرژەوەندی گشتی وڵات هەڵدەبژێرم.  •    ئەگەر بڕیارە بەرگەی كەمبونەوەی ئاستی جەماوەریم بگرم، بەرگەی دەگرم.  •    هیچ چارەسەرێك نییە جگە لە كاركردنی زیاتر.  یاساكە چی تێدایە ؟ بەگوێرەی ئەو چاكسازییەی لە یاسای خانەنشینی فەڕەنسادا كراوە:  •    تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بەرزكراوەتەوە بۆ 64 ساڵ.  •    ئامانج لە چاكسازییە، پارێزگاریكردنە لە بودجەی خانەنیشانی فەڕەنسا.   


 درەو: لەكۆی (954) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی مانگی شوبات كە دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار تەنیا (340 ملیار) دیناری داهاتی نەوت خراوەتە سەر حساب بانكی وەزارەتی دارایی. بە پێی نوسراوێكی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی كردووە سەبارەت بە داهات و فرۆشی مانگی شوباتی نەوتی هەرێمی كوردستان. - لە مانگی شوباتدا هەرێمی كوردستان (12 ملیۆن و 419 هەزارو 713 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەن بە تێكڕا نرخی (76.83) دۆلار، كۆی داهاتی مانگی شوبات كردوویەتیە (954 ملیۆن و 274 هەزارو 988 ) دۆلار، كە بە نرخی ئەمڕۆ دەكاتە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار - ئەگەر بە رێژەی (46%) بۆ خەزێنەی حكومەت و (54%) بۆ خەرجی بێت ئەوا  دەبێت: - بۆ خەرجی كۆمپانیاكان: (515 ملیۆن و 308 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (799) ملیار دینار - بۆ خەزێنەی حكومەت: (438 ملیۆن و 966 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (680) ملیار دینار. بەڵام بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (340) ملیار دینار لە پارەی نەوت دراوە بە وەزارەتی دارایی واتا لە كۆی (680) ملیار دینار، تەنیا (340) ملیار دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی  واتا (50%)ی كۆی داهاتی نەوتی گەڕاوە بۆ حكومەت  


- ئەو ناوچەیەی ڕۆژێك لەڕۆژان وادەردەكەوت خالێكی ڕووناكی بێت ئەمرۆِ لەتاریكیەكی قوڵدایە - هۆكاری شكستی دیموكراسی و ئابوری لەكوردستان ئەو سەركردانەن كە لەخەمی خۆیاندان - پێویستە خۆرئاوا لێپرسینەوە لەبەرپرسانی كورد بكات لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ درەو: پێگەی فۆرن پۆڵەسی  ئەمریكی: 🔹چەمچەماڵ شارێكی هەژارنشین و بە سروشت توندن, دەكەوێتە نێوان ڕێگای كەركوك و سلێمانی, ئەم شارە هەندێك جار بە (تەكساس)یش ناودەبرێت, لەتەنیشت یەدەگێكی گەورەی غازی سروشتیە, بەڵاَم دانیشتوانەكەی بەزەحمەت سود لەو سامانە دەبینین كە لەژێر  زەوییەكەیدایە, بێكاری بەربڵاوە بەتایبەت لەنێو گەنجەكانیدا.   🔹كوردستان وەك نیمچە دورگەیەكی دیموكراسی و گەشەسەندنی ئابوری لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبرا, بەڵام وادەدردەكەوێت ئەمڕۆ لە تاریكایەكی قوڵدابێت. 🔹دامەزراوە سیاسییەكان دابەشبون, بەهۆی ململانێی ئەو سەركردانەی هاوڵاتیانیان بێبەشكردووە لەئازادی رادەربڕین. 🔹 جیاوازی چینایەتی و نەبونی دەرفەتی كاركردن, بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دروستبونی شەپۆلی كۆچكردن و گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتردا. 🔹ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی كوردەكانی عێراق بەتایبەت لەشارێكی بچوكی وەك چەمچەماڵ, زۆر جیاوازە لەژیانی ئەو دەستەبژێرە سیاسیەی كە لەپرۆژە نیشتەجێبونە ناوازەكانی هەولێرو سلێمانیدا دەژین. 🔹زۆربەی كات ئەم جیاكارییە لەلایەن دیپلۆماتكارەكانی خۆرئاواوە گوێی پێنادرێت, كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو لەگەڵ بەرپرسە حزبیەكان و خاوەنكارو گەنجە خوێندەوارەكان كۆدەبنەوە.  🔹ئەگەر جەنگی عێراق و لێكەوتەكانی شتێكی فێركردبێتین, دەبوو پەیوەندییەكانی خۆرئاوا لەگەڵ ناوچەكە لەسەربنەمای بەرژوەندی گەلەكەی بوایە, نەك بەرژەوەندی سەركردە سیاسیەكانی. 🔹لەكاتێكدا كوردستانی عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی شەرعیەت بووەتەوە, پێویستە لەسەر خۆرئاوا هەژمون و دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ لێپرسینەوە لەسەركردەكانی كوردی عێراق, لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ, لەبری پشتیوانیكردنیان لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە. 🔹پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئازادی ڕادەبڕینیان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان كۆتوبەندكردووە, لەڕێی هێزەوە ڕێگری لەسەرهەڵدانی ناڕەزایی دەگرن, ڕۆژنامەنوسان بەشێوەیەكی ڕێكخراو ڕوبەڕوی دەستگیركردن دەبنەوە. 🔹شكستی دیموكراسی و كێشەی ئابوری لەكوردستان, هۆكارەكەی ئەو سەركردایەتیە سیاسیەیە كە لە خەمی بەرژوەندی خۆیدایەو و لەلایەن سەركردەكانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت, كە بەدەگمەن لەسەر پێشێلكاری و خراپی ئیدارەدانیان بەئاشكرا سەرزەنشیان دەكەن.   دەقی راپۆرتەكەی فۆرن پۆڵەسی https://foreignpolicy.com/2023/03/22/iraq-kurdistan-region-democracy-war-invasion-united-states/?tpcc=recirc_latest062921  


(درەو):  ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆكەوە هەبێت.  پاتریك رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریكا هیچ بەشدارییەكی نەبووە لە گەشتی هێلیكۆپتەری هێزەكانی سوریای دیموكراتدا‌و "هەسەدە" هێزێكی سەربەخۆیە‌و ئۆپراسیۆنی تایبەتی خۆی دەكات.  لەرووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆك، وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وتی:" هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی هێلیكۆپتەرەكەوە نەبووە‌و بەر لە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە هیچ زانیارییەكیان نەبووە".  "هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوبەشێكی گرنگی ئێمە بوون لە روبەڕووبونەوەی داعشدا‌و بەردەوامی دەدەین بەم شەراكەتە، ئێمە لەسەرتاسەری جیهان راهێنان بە زۆر هێز دەكەین، زۆرێك لەوانە ئۆپراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدەن" وتەبێژەكە بەم كۆتایی بە وەڵامی پرسیارەكان سەبارەت بە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سنوری پارێزگای دهۆك هێنا. رۆژی 15ی ئەم مانگە لەنزیك ناحیەی (چەمانكێ) لە سنوری پارێزگای دهۆك، هێلیكۆپتەرێك كەوتەخوارەوەو تێكشكا، رۆژی 17ی مانگ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دوو هێلیكۆپتەریان لە سنوری دهۆك بەهۆی خراپی كەشوهەواوە تێكشكاوە‌و (9) شەڕڤانیان شەهید بووە.  هەسەدە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو دوو هێلیكۆپتەرە یەكەیەكی هێزی دژەتیرۆریان تێدا بووە‌و بۆ ئەرك بەرێگاوە بوون بۆ پارێزگای سلێمانی.  ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تائێستا كەوتنەخوارەوە یەك هێلیكۆپتەر پشتڕاستدەكاتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت ئەو هێلیكۆپتەرانە لەلایەن "گروپێكی ناو یەكێتییەوە" دراون بە هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوە لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات.  ئەمە كەیسێكی تری ئەمنییە كە چوەتە پاڵ كەیسەكانی تر لە پەیوەندی نێوان پارتی‌و یەكێتییدا وەكو دوو هاوبەشی سەرەكی‌و پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. توركیاش لەرێگەی میدیاكانییەوە یەكێتیی تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات.    


به‌دواداچوونی: هێمن خۆشناو له‌ ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ی رابردوو (20 ئاداری 2023) له‌و كاته‌ی خه‌ڵكی كوردستان خه‌ریكی ئاهه‌نگ گێران و پیرۆزكردنی نه‌ورۆز و هاتنی سه‌ر ساڵی نوێی كوردی بوو، له‌ناكاو هه‌واڵێك سۆسیال میدیای كوردی ته‌نیه‌وه‌، تا ده‌هات ده‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ زیاتر ده‌بوو، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی زۆرترین رووبه‌ری میدیا و سۆسیال میدیا له‌ كوردستان و ئه‌وروپا داگیر بكات.  به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌:" به‌ بیانووی هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌ورۆز عه‌ره‌بێكی هاورده‌ چوار هاوڵاتی كوردی له‌ جه‌ندرێس خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات."  (جه‌ندرێس) یه‌كێكه‌ له‌و هه‌شت شاره‌دێیه‌ی سه‌ر شارۆچكه‌ی (عه‌فرین)ﻩ، به‌دووری 22 كم ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای ئه‌م شارۆچكه‌یه‌. به‌ گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی 2015 ژماره‌ی دانیشتووانی 50 هه‌زار كه‌س بووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 95٪ كورد بوو. به‌ڵام دوای داگیركردنی له‌لایه‌ن توركیا له‌ به‌هاری 2018 دا له‌ رووی دیمۆگرافیه‌وه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌سه‌ر جه‌ندرێس داهات، 65٪ دانیشتووانه‌كه‌ی له ‌ناوه‌ندی جه‌ندرێس له‌ ترسی ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا زێدی باب و باپیرانیان به‌جێهێشت.  رووداوه‌كه‌ له‌ زمانی خه‌ڵكی جه‌ندرێس: به‌گوێره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناوه‌ندی شارەدێی جه‌ندرێس قسه‌یان بۆ كردین‌، له‌و كاته‌ی جه‌ندرێسیه‌كان خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد تا مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز ئه‌نجام بده‌ن، ده‌نگی چه‌ند ده‌ستڕێژی ته‌قه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ته‌نێته‌وه‌. دواتر هه‌واڵی كوشتی چوار كه‌س له‌ خانه‌واده‌ی (پێشمه‌رگه‌) كه‌ خانه‌واده‌یه‌كی دیاری جه‌ندرێسن به‌ شاره‌دێیه‌كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونەكانمان، خانه‌واده‌ی "پێشمه‌رگه‌ "له‌ ئه‌نجامی بۆمه‌له‌رزه‌ی 66ی شوباتی رابردوو خانووه‌كه‌یان رووخاوه‌. له‌ شوێنی خانووه‌ رووخاوه‌كه‌یان خێوه‌تێكیان هه‌ڵداوه‌ تیایدا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر. له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌، له‌ به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه‌یان له‌ناو ته‌نه‌كه‌یه‌ك ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ده‌وری ئاگره‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.  له‌م ساته‌نه‌دا (عەلی حەبیب خەلەف) كه‌ عه‌ره‌بێكی هاورده‌ی دێره‌زوره‌ و سه‌ر به‌ ملیشیای (سوپای ئه‌لشه‌رقیه‌) یه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی (حه‌بیب)‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ به‌ر ئاگره‌كه‌دا ده‌ڕۆن، كه‌ ده‌بینێ ئاگر كراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند كه‌سێك ده‌وری ئاگره‌كه‌یان داوه‌،  ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راده‌گرێت و داوایان لێده‌كات ئاگره‌كه‌ بكوژێنه‌وه‌. كاتێك ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ ئاگره‌كه‌ ناكوژێنه‌وه‌، عه‌لی حه‌بیب كه‌ به‌ (ئه‌بو حه‌بیب) ناسراوه‌ چه‌كه‌كه‌ی راده‌كێشێت و چه‌ند ده‌ستڕێژێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات. له‌ ئه‌نجامدا ده‌موده‌ست چوار كه‌س له‌ خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ناوه‌كانی (فه‌رحه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی محه‌مه‌د فه‌رحه‌دین پێشمه‌رگه‌ و هه‌ردوو براكانی به‌ناوه‌كانی نه‌زمه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه‌ و محه‌مه‌د عوسمان پێشمه‌رگه‌) گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.  ئه‌بو حه‌بیب كێیه‌؟  چه‌كدارێكی سه‌ر به‌ كه‌تیبه‌ی (خشامه‌) له‌ناو سوپای (ئه‌لشه‌رقیه‌) كه‌ ملیشایێكی جیهادی سوننه‌ی سه‌ر به‌ توركیایه‌. خه‌شام ناوی گوندێكی دێره‌زوره‌، ئه‌م گونده‌ به‌ دڵره‌قی به‌رامبه‌ر به‌ كورد ناسراون، رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ركوتكردنی كوردانی رۆژئاوا له‌ رووداوه‌كانی 12 ئاداری 2004 له‌ قامیشلۆدا. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانمان عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین پێشینه‌ی تاوانكاری هه‌یه‌. له‌ ساڵی 2018 دوای داگیركردنی عه‌فرین به‌ چه‌ند رۆژێك له‌ گوندی (چه‌قه‌لا جومێ) له‌ناو گۆڕه‌پانی یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كان دوو هاوڵاتی به‌ناوه‌كانی (حوسێن عه‌بدولڕه‌حمان حوسێن 24 ساڵی و وه‌لید جمیل ئه‌لسۆرانی 18 ساڵی) ده‌كوژێت. هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و) عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین جار ده‌ستی به‌سه‌ر به‌روبوومی دێهاتیه‌كانی جه‌ندرێس گرتووه‌. دواجار له‌ گوندی (حه‌مام) كه‌ له‌سه‌ر سنووری توركیایه‌، چه‌ندین ته‌نه‌كه‌ زه‌یتی دزیووه‌.  به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، بێمنه‌تی ئه‌م كه‌سه‌ له‌ پشت ئه‌ستووری به‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. هه‌ریه‌ك له‌ (حوسێن حه‌ماده‌) فه‌رمانده‌ی سوپای ئه‌لشه‌رقیه‌ و (مه‌حمود خه‌له‌ف) فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ی (خشام) ده‌ست له‌ پشتی ئه‌بو حه‌بیب ده‌ده‌ن، ئامانجیش له‌م كاره‌دا ناچاركردنی كورده‌كانه‌ تا جه‌ندرێس و ده‌وروبه‌ری به‌جێبێڵن.  كاردانه‌وه‌ی دوای رووداوه‌كه‌! شه‌هیدكردنی ئه‌م چوار هاووڵاتیه‌ كورده‌ كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه‌. به‌هێزترینیشان كاردانه‌وه‌ی كوردانی عه‌فرین به‌ گشتی و جه‌ندرێس به‌ تایبه‌تی بوو به‌ پێشه‌نگی ژنان، كه‌ دوای رووداوه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و هوتافیان دژ به‌ توركیا و ملیشاكان گووته‌وه‌. له‌ رێگای كامیرای مۆبایله‌كانیان داوایان له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌یان بگرێته‌به‌ر. له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌شدا كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی نه‌ورۆز، تا ناشتنی ته‌رمه‌كان خه‌ڵكی جه‌ندرێس له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌دیار ته‌رمه‌كانه‌وه‌ دروشمی دژی داگیركاریان ده‌گووته‌وه‌، خه‌ڵكی كوردیش له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عه‌فرین به‌ره‌و جه‌ندرێس ده‌هاتن. هه‌روه‌ها گووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی كرد و بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت داوای له‌ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ كرد تاوانكاران بدۆزنه‌وه‌ به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن و ڕێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌ی تاوانكاریی به‌م شێوه‌یه‌ بگیرێت. چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له‌ رۆژانی داهاتوودا كاردانه‌وه‌ به‌رفراوانتربێت، بڕیاریشه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ كوردانی ئه‌وروپا له‌دژی ئه‌م تاوانه‌ له‌چه‌ند وڵاتێك گردبوونه‌وه‌ و رێپێوان ئه‌نجام بده‌ن.  داوا ده‌كرێت عه‌لی حه‌بیب ده‌ستگیر بكرێت! پۆلیسی سه‌ربازی، كه‌ ناوه‌ندێكی ئیجرائیه‌ دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیا دامه‌رزاوه‌، له‌ ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌دا  له‌ ڤیدیۆیه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان سێ كه‌سیان به‌هۆی تاوانی كوشتنی چوار هاووڵاتی ده‌ستگیركردووه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌لی حه‌بیب كه‌ تاوانباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه‌یه‌ ده‌ستگیركرابێت. به‌ گوێره‌ی زانیاریه‌كان، عه‌لی حه‌بیب له‌لایه‌ن فه‌رمانداره‌كانیه‌وه‌ داڵده‌دراوه‌، تا كاردانه‌وه‌كان خاو ده‌بنه‌وه‌. له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی جه‌ندرێسیه‌كان له‌ كاتی ناشتنی ته‌رمی قوربانیه‌كاندا هوتافی ده‌ستگیركردنی عه‌لی حه‌بیب و له‌ سێداره‌دانی ده‌گووترایه‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا تا ده‌چێت كاردانه‌وه‌كان به‌ فراوانتر ده‌بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین سه‌كۆ و كه‌مپین دروستكراوه‌، كه‌ گرنگترینیان سه‌كۆی جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریه‌ له‌ جه‌ندرێس، كه‌ چه‌ندین رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی سیاسی و یاسایی له‌خۆ ده‌گرێت. ئایا كاردانه‌وه‌كان ده‌بنه‌ زه‌مینه‌ی سنوورداركردنی پێشڵكاریه‌كان؟ ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پارتی (وه‌حده‌) كه‌ پارتێكی كوردی سوریه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌ پێنجه‌مین ساڵیادی داگیركردنی عه‌فرین راپۆرتێكیان له‌باره‌ی پێشێلكاری ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا له‌دوای داگیركردنی عه‌فرین بڵاوكرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌م راپۆرته‌، ئه‌م حزبه‌ توانیوویه‌تی له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا، شه‌هیدكردنی 280 هاووڵاتی عه‌فرین له‌سه‌ر ده‌ستی ملیشیا چه‌كداره‌كان به‌ به‌ڵگه‌ پشتڕاست بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌م حزبه‌ پێشبینی ده‌كات ژماره‌ی قوربانیان به‌ چه‌ند قات له‌م ژماره‌یه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو زیاتر بێت. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌، پێشێلكاری گرووپه‌ چه‌كداریه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا له‌ عه‌فرین له‌ رۆژه‌ڤی چه‌ندین ده‌زگای میدیایی و مافی مرۆڤ دایه‌. به‌ڵام ئه‌م به‌ رۆژه‌ڤبوونه‌ سنوورداره‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێته‌ سه‌رخه‌ت و داوای سزادانی ملیشیاكان و تاوانباران بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی شه‌وی نه‌ورۆز جیاوازتر دیاره‌ له‌وانه‌ی پێشوو، چونكه‌ دوای داگیركردنی عه‌فرین یه‌كه‌م جاره‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ دێته‌ سه‌ر شه‌قام و به‌ ئاشكرا داوای كۆتایی پێهێنان و ده‌سه‌ڵاتی ملیشاكان و ده‌ركردنیان ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژی جه‌ندرێس ده‌كرێت ببێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و زه‌مینه‌ی به‌ نێوده‌وڵه‌تیبوونی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بێنێته‌ ئاراوه‌.


درەو:  كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی لەبەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویكردووەتەوە: 🔹دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە  سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە, لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای "ئەجیلیتی"یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی  كۆمپانیاكە تۆماركردووە,  بڕیاریداوە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار وەك قەرەبوو بدەن بەكۆمپانیاكە. 🔹 بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆمپانیای ئجیلیتی, دادگای ناوبژیوانی ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر داواكەی "تیلیكۆم عێراق و "ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ" و, داوا لەسەر تۆماركراوەكانی تۆمەتباركردووە بە ئەنجامدانی كاری ڕێكخراو بە ئامانجی بەرتیلدان و فێڵكردن لەبەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق, بەمەبەستی دەركردنی بڕیاری هەڵەو دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردوو كۆمپانیاكە لە كۆڕەك تیلیكۆم.  🔹 دادگا بەریتانیەكە فەرمانیكردووە كە داوا لەسەر تۆماركراوەكان, ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بدەن بەو دوو كۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجی یاسایی لەگەڵ سودەكانی, كە (1)ملیارو (329)ملیۆن دۆلاری دەدرێت بە كۆمپانیای "ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ"و (318.7) ملیۆن دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" دەبێت. 🔹 كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای ئجیلیتی كوەیتیە, لەگەڵ كۆمپانیای "ئینەرناشناڵ هۆڵدینگ"كە هاوپیشەی كۆمپانیای ئجیلیتیە, داوایەكیان بەتۆمەتی فێڵ و تەڵەكەكردن دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و هەردوو پشكدارە سەرەكییەكەی سیروان بارزانی  تۆماركرد, بەوهۆیەوە وەبەرهێنانەكانی هەردوو كۆمپانیاكە, كە بەهاكەی (810)ملیۆن دۆلارە, لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە دەستیان بەسەردا گیرا. لەمانگی نیسانی (2022)دا, میدیای (درەو) زانیاری وردی لەبارەی ئەم دۆسیەیە بڵاوكردەوە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2007), لەوكاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی  لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)، سیروان قەرزەكەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حكومەتی هەرێم وەكو كەفیل قەرزەكەی بۆ بداتەوە.  دادگای تێهەڵچونەوەی كوەیت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمێكی دەركرد، بەپێی ئەم حوكمە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (490 ملیۆن‌و 80 هەزار) دۆلار بدات بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی).  كۆمپانیای (ئەجیلیتی) كۆمپانیایەكی كوەیتییە كە لە بۆرسەی كوەیت‌و دوبەی تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (كازار كاپیتاڵ بارتنرز) حوكمی داوە، كە سەربە كۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە.  دۆسیەكە پەیوەندی بە قەرزێكەوە هەیە كە رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2007 كۆمپانیای (كازار) بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە‌و حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە كەفیلی كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم).  بڕی ئەو قەرزەی كە كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە (250 ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەكە لەسەر كۆڕەك تیلیكۆم ساڵانە بە بڕی (7%) دانراوە. كۆمپانیای (كازار) دوای دەرچوونی حوكمی دادگا لەسەر كەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حكومەتی هەرێم‌و بانكی نیشتمانی كوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی كردووە، دادگا لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكە حوكمی داوە بە قەرەبوكردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەكەی لەو رۆژەوە كە قەرزەكە كراوە.  دادگاكە حكومەتی هەرێم پابەند كردووە بەوەی %7ی سودی قەرزەكە بە كۆمپانیاكە بداتەوە تا ئەوكاتەی هەموو پارەكە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینكردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەكاندا.


درەو: چێنەر عەوڵا- ئەندازیاری چاككردنەوەی فڕۆكەوانی - كالیفۆرنیا 1  بەدواداچونەکان کۆمەڵێک زانیاری دوپات دەکەوە وە کۆمەڵیک پرسیاری لۆجيکیش بە خەیاڵدا دێن کە ڕەنگە رووی ڕاستی ئەم گەمە ئیستخباریەتیە زیاتر دەرخات! هەروەکو لە پۆستێکی پێشوتردا و لە سەرەتای ئەم ڕوداوە وردەکاریمان خستە ڕوو لە بارەی تەکنیکی فرۆکەکە وە دوو ئەگەرمان دوپاتکردەوە کە یان ئەوەتا هی کۆمپانیا سکوریەتیە تورکیەکان کە ئەوجۆرەیان هەیە و لە ناوچەکانی نزیک بیرەنەوتەکان کاریان هەیە. یان ئەوەتا لەو جۆرانەیە کە خاوەنداریەتی لای کۆمپانیای ئیرباس لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و یەکێتی تۆمار کرابوون واتە هی یەکێتیە و چۆن کەوتۆتە دەست لایەنی تر جێگای پرسیار بوو؟! لینکی بابەتەکەی پێشوترە  کە زانیاری زیاتری تێدایە لەو بارەیەوە  https://www.facebook.com/100000813880566/posts/5932441616792909/?mibextid=5zvaxg ئێستا کەمێک لێڵیەکان ڕونتر بونەوە و بەڵام گەمە هەواڵگریەکانی لەگەل ئەم ڕوداور قوڵتر بوون.  - ئەوە ڕوونبوەتەوە کە ئەم کۆپتەرانە لە ڕێی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی کە لەدەست یەکێتیدایە چەند ساڵێک بەر لەئێستا کڕدراون وە لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکراون چەند دانەیەک بۆ هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و چەند دانەیەک بۆ هەولێر گواستراونەوە بەڵام خاوەنداری سەرەکیان ownership certificate یان لای کۆمپانیای ئیرباس هەر بەناوی دەوڵەتی عێراقەوەن بۆیە پێویستە لەگەل هەر ئاڵایەکی تر ئاڵای عێراقیشیان پێوە بێ . چونکە هەرێم و هێزی ئەمنی و ئەوانە ناتوانن راستەوخۆ خاوەنی فرۆکە و کۆپتەر بن. - ئەو زانیاریانەی کە گەشتون و پشت راستکراونەوە لە دوای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و بێ پارە بونی ئیدارەی سلێمانی (یەکێتی حکومەتی مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەکات بەوەی بودجەی سلێمانی بڕیوە) بۆیە ئەم دوو کۆپتەرانە کە لەدەست دژە تیرۆردا بوون لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانیەوە فرۆشراون بە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا بە پارەیەکی زۆر زیاتر لە نرخی خۆیان ئەم جۆرە فرۆشتنانە نایاساین بۆیە زیاتر وەکو بەکرێدان وایە چونکە تۆماری خاوەنداریەتیان ناگوازرێتەوە وە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا مافی بونی فرۆکە و کۆپتەریان نیە بەپێی یاسا دەولیەکانی فرۆکەوانی. کەواتە ئەم کۆپتەرانە هەر لە زممەتی عێراقی و هێزە ئەمنیەکانی  یەکێتیدا بوون کاتێک کوردانی سوریا بەکاریان هێناون. - زانیاریەکی تر کە لە داتا نارەسمیەکانی فلایت رادار و چەند دانەیەکی تر تەئکیدی لێ کراوەتەوە ئەم کۆپتەران لە ئاسمانی ناوچەی چیاکانی گارە بوون، کاتێک دانەیەکیان دەکەوێتە خوارەوە. - راگەیاندنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات باسکردن لە گیان لە دەستدانی ٩ ئەندامیان لەگەل ئەوەی ناڕونە گومانەکانیش زیاتر دەکای چونکە زانراوە تەنها یەک کۆپتەر بەر بوەتەوە وە یەک کۆپتەریش ٩ کەسی تێدا جێگا نابێتەوە خۆی ٥ کورسی هەیە، ئەوەی لەسەرەتاوە ئاشکرا کرا کە ٧ تەرم دۆزراونەوە زیاتر ئەگەری راستی هەیە. بەدواداچونەکان لە ناسنامەی ٩ شەهیدەکە ئەگەری  ئەوە هەیە دووانیان  پێشتر لە شەری مینبەج شەهید بوبن. - بەربونەوەی دوو کۆپتەر بەهۆی کێشەی ئاو هەواوە زۆر دەگمەنە چونکە کۆپتەر خۆی بۆ حالەتی ئاوهەوای سەخت دروستکراوە شوێنێک کە فرۆکە بۆی نەچێ ئەوا کۆپتەر دەنێردرێن بە بەڵگەی ئەوەی هەمان چۆر کۆپتەر لە لایەن پارکە نیشتیمانیەکان و گاردی دەریاوانی ولایەتەکان لە ئەمریکا و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ حالەتەکانی سەختی ئاو هەوا بۆ ڕزگارکردن بەکار دەهێنرێن بۆیە ناچێتە عەقلەوە دوو دانە بەهەمان هۆکار بەربنەوە.  - گومان دەکرێ کە بەم بیانوە هێزەکانی سوریای دیموکرات دانەکەی تریان گێرابێتەوە بۆ یەکێتی دوای ئاشکرا بوونی ئەم ڕوداوە هەر بۆیە دەڵێن هەردوکیان کەوتونەتە خوارەوە. - پارتی کە پارچەکان و تەرمەکانی لەبەردەستە لە ئێستادا ئەمە وەکو کارتێکی فشار بۆ سەر پاڤێڵ تالەبانی بەکار دەهێنێ تا تەنازولی زیاتری پێ بکات بەرامبەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی وازی پێ لەو بەربەرەکانیە بهێنیە کە ماوەیەکە دەستیان پێکردوە ئەمەش لە داهاتوو ڕونتر دەبێتەوە کە ئایە کاریگەرە یان نا؟ - پارتی تورکیای لەم ڕوداور ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هێشتا پارچەکان و تەرمەکانی تەسلیمی تورک نەکردوە، بە حوکمی ئەوەی تورکیا بە ملیاران دۆلار و لە ئێستادا بایی ١٥٠ ملیار دۆلار ئۆردەری فرۆکەی لەگەل کۆمپانیای ئیرباس هەیە کە دروستکەری ئەم کۆپتەرانەشە لە بیانویەک دەگەرێ کە ئیرباس تۆمەتبار بکات بەوەی کە ئاسایشی تورکی خستۆتە خەتەرەوە بۆیە باس لەوە دەکرێ کە تورکیا داوا لەسەر ئیرباس و فەرەنسا تۆمار بکات یاخود داوای داشکاندن بکات لەو قەرزەی کە هەیەتی. بۆ ئەمەشیان پارچەکانی وەکو بەڵگە زۆر پێویستن و بەدور نازاندرێ پارتی ناچار بکات شتەکانی تەسلیم بکات. - هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایەنی کە خاوەنی ئەم جۆرە لە فرۆکەن بەدوای وەڵامی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەم دوو کۆپتەرەن چونکە ئەگەری ئەوە هەیە هەڵەیەک لە دیزاین یان فەتیگ لە ئیرفرەیمی fatigue in airframe کۆپتەرەکان هۆکاری بەربونەوە بوبن ئەمەش وادەکات هەموو ئەوانە مافی قەرەبویان هەبێ لە کۆمپانیای ئیرباس و وە دەبێ بەپەلە کێشە تەکنیکیە چارەسەر بکرێ.  - ئەوەی من زانیومە دەزگای سەلامەتی ئاسمانی نیشتمانی ئەمریکیش بەدوای ئەم وەڵامەدا خەریکی بەدواداچونن. - لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین جێگای سەر سوڕمانە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات چۆن کەوتونەتە ئەم هەڵە ستراتیجیەوە کە کۆپتەری کۆن بە پارەیەکی زۆر و بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانان لە پاڤێڵ و یەکێتی بکڕن لەکاتێدا  هاوپەیمانان و ئەمریکا بەتایبەت ساڵانە بە ئاشکرا بای دەیان ملیۆن دۆلار یارمەتی چەک و کەرەسەی سەربازیان دەدات بەڵام هۆکاری خۆی هەیە کە موشەکی دور هاوێژ و درۆنو و فرۆکەو کۆپتەریان پێ نادات، چونکە پاراستن و سیانە کردنی ئەم جۆرە چەکانە گرینگترە لە بونی چەکەکان کە ژێرخانی پێویست ئامادە نەبێ تا فرۆکەو کۆپتەر سیانە بکەی و pri flight check بکەی کەواتە بونیان کارەسات لێکەوتنەوەی حەتمیە. - ئەم روداوە گومان بێ متمانەی بەرامبەر پاڤێڵ و یەکێتی زیاتر دەکات لای هاوپەیمانانیش کاتێک بەو شێوەیە سەفەقاتی ژێر بەژێر لەگەل ئەم و ئەو بکات ئەی دەبێ لەگەل ئێران کە هاوسنوریەتی و گروپە شیعەکانی دژ بە ئەمریکا چ جۆرە بازرگانی و پەیوەندیەکی ژێر بەژێری گرێ دابێ وەڵامی ئەمەش لە هەڵوێستی ئەمریکا  لە داهاتوو زیاتر دەردەکەوێ. —————— وێنەکانیش هەمان جۆر کۆپتەرن لای هێزەکانی یەکێتی و سکێتچی ژمارەی کورسیەکان کە توانای ژمارەی سەرنیشینان ئاشکرا دەکات   2 کۆپتەری دروستکرووی کۆمپانیای ئیرباس هی کێ بوو لە دهۆک کەوتە خوارەوە؟ یەکسەر دوای ئەم ڕوداوە سەرەتا کەناڵی کوردستان ٢٤ ی نزیک لە سەرۆکی حکومەت راپۆرتێکی سەرڤیسی ناوەندە جیهانیەکان کرد کە فرۆکەکە تورکیە و ٧ سەربازی تێدا کوژراون بۆیە کەناڵی عەرەبیە و سەرەچاوە ئینگلیزیەکانی حکومەتی عێراقیش وایان بڵاو کردەوە کە هی تورکیە. چەند ناوەندێکی کەنەدیش هەمان شتیان بڵاو کردەوە. چەند سەعاتێک دواتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ کۆپتەرێکیان لە باکوری عێراق نەکەوتۆتە خوارەوە. هەر دوای راگەیاندنەکەی وەزارەتی شەڕی تورکی کەناڵێ ڕووداوی پارتی و باڵی نزیک لە تورکیا لەناو پارتی هەواڵەکەیان گۆڕی وایان بڵاو کردەوە کە دژە تیرۆرەکەیان لێکۆلینەوەی کردوە دەرکەوتوە کۆپتەرەکە هی پەکەکەیە و کوژراوانیش ٧ ئەندامی پەکەکەن ئەم هەواڵەشیان سەرڤیسی ئاژانسە جیهانیەکان کرد. لە ناوەندەکانی ئەلمۆنیتۆر و دەیان ناوەندی تر هەوالەکەیان گۆری کە سەرەتا پشتی بە کوردستان ٢٤ بەستبوو دواتر پشتیان بە روداو بەست بۆ گۆرینی هەواڵەکە. دواتر بەپێی راپۆرتی واشنتۆن پۆست و ناوەندی ئەی بی سی و ئەلمۆنیتۆر و هەمو وئەوانە باسیان کرد قسەکەری پەکەکە ئەم هەواڵەی رەتکردۆتەوە گوتویەتی ئێمە هیچ کۆپتەرێکمان نیە تا بەر بێتەوە. ئێستا: بەپێی ئەو وێنەی لە پاشماوەی تێکشکانی کۆپتەرەکە بڵاو بوتەوە کە رەقەم سریاڵی کۆپتەرەکە دیارە ئەمەش هەرچەند جێگای گومانە کە چۆن رەقەم سریالەکە دوای سوتان و تێکشکان وا ماوەتەوە! بەڵام با وا دابنێین وێنەی رەقەم سریالی کۆپتەرەکە راستیە، لەسەر ئەم ئەساسە بەدواداچونمان کردوە بە پشتبەستن بە aircraft blue book ی ئەوروپی و تۆماری دەزگای چاودێری ئاسمانی ئەمریکی FAA وە certificate data sheet ی خودی شەریکەی دروستکردنی کۆپتەرەکە بەم ئەنجامانە گوشتوین:- - ئەم کۆپتەرە دروستکراوی بەشی کۆپتەرسازی کۆمپانیای ئیرباسی ئەوروپیە و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە فەرەنسا لاشەکەی بەستراوە پەروانەو مەکینە رۆتەریەکەی لە ئەڵمانیا بەستراوە. - تەنها وڵاتانی تورکیا، ئیسپانیا سوید، پورتوگال، بەریتانیا، ئیتالیا خاوەنی ئەم فرۆکەیەن بەم sequence serial number ریزبەندی ژمارەی سیریال، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی سەلامەتی فرۆکەوانی ئەوروپی بۆیان دیاریدەکرێ. - ئەم فرۆکەیە سەربازی نیە بۆ بوارەکانی مەدەنی و فریاگوزاری لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپی تورکیەکان بەکار دەهێنرێت و جێگای ٧ کەسی تێدا نابێتەوە کۆی گشتی هەستانی لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ سەنتەری گراڤیتی بە پێشەوەدا دەچێ و هەڵناستێ. - وردەکاریەکانی ئەم فرۆکەیە: کێشی فرۆکەکە ١١٧٠ کیلۆیە و کۆی گشتی هەستانی نابێ لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ. تەنها ٥ کورسی لە خۆ دەگرێ واتە ٥ کەس دەتوانێ سوار بێ. فیوسلاژەکەی درێژی ١٠ مەتر و بەرزی ٣ مەتر شتێک زیاترە. توانای ئەسپی پەروانەکە ٨٤٨ ە تا خێرای ٢٤٠ کلم لە سەعاتێکدا دەروا و تەنها دەتوانێ ٤ سەعات بفڕێ بۆ دەووری ٦٦٠ کلم. تەنها ٤٠٠٠ مەتر بەرز دەبێتەوە. پەپێی ئەو وردەکاریە بێ کە روداو باسی کرد ئەگەر هی کوردانی ڕۆژئاوا بێ واتە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێیانداوە! وە ئەمریکا وەها فرۆکەیەکی نیە وە ئەم فرۆکەیە سەربازیش نیە تا سوپای ئەمریکا بەکاری بهێنێ! خۆ ئەگەر ئەندامانی لە سوریاوە گواستبێتەوە بۆ قەندیل ئەوا دوری ئەو دوو ناوچەیە لە ٦٦٠ کلم زیاترە واتە خاریجی توانای گەشتنی ئەم فرۆکەیە بۆیە ڕێی تێ ناچی و لۆجیکی نیە چونکە ٪١٠٠ دەزانی کە ناگاتە ناوچەکە و بەردەبێتەوە. کۆتا ئەنجام:- بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێستا لەبەردەستە ! ئەوەی ئەم فرۆکەیە لە ناوچەیەکی نزیک کۆمپانیای نەوت کەوتۆتە خوارەوە وە فرۆکەکە دروستکراوی ئەوروپیە و کۆمپانیا ئەوروپی و تورکیەکان بەکاری دەهێنن، وە مانگی ١٠ی ساڵی پاریش فرۆکەیەکی هەمان جۆر کەوتە خوارەوە ( وێنەکەی لە خوارەوەیە) لەشاری ئیزمیری تورکیا کە هی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی و سکیوریتی تورکی بوو بە ناوی (سادات) کە جەنەراڵی خانەنشینی سوپای تورکیا عەدنان تانریڤەردی لە ٢٠١٢ دامەزراوە بە نزیکیان لە ئەردۆغان ناسراون و کاری سەرەکیان پاراستنی کۆمپانیا تورکیەکان و بیرە نەوتیەکان و سەفارەتی تورکیە لە عێراق و کوردستان و ئیش و کاری گواستنەوە و کەلوپەلی لۆجستییان پێ سپێردراوە هەر لە سوریاو بنکەی سەربازی تورکی لە سودانەوە تا لیبیا. وە ئەم کۆمپانیا سکورتیانە هیچ چەکێکی راستەوخۆی تورکی یان سەربازی بەکار ناهێنن بەڵکو کەرەسە مەدەنیەکان دەکڕن و دەیانگونجێنن لەگەل ئەرکە سەربازیە نهێنیەکان. بۆیە لەوانەیە و پێدەچێ هەمان فرۆکە هی ئەوان بێ بۆ کارێکی نایاسایی بەپێی یاسا دەولیەکان نەدەبوایە لە خاکی عێراقیدابێ ئیتر کە کەوتۆتە خوارەوە وەزارەتی بەرگری تورکی ناچارە حاشایی بکات چونکە ئەمە ئابروچونێکی گەورەیە بەر لەئینتخابات بۆ دەسەڵاتی تورکی. پێویستە ئەم ئەگەرەش بخەمە ڕوو ئەگەر ئەم کۆپتەرە هی کۆمپانیای ساداتی پارا میلیتەری تورکی نەبێ ئەوە تەنها وڵاتێکی تر لە ناوچەکە کە کۆپتەری لەو شێوەیەی هەبێ هێزەکانی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیە کە لەبەردەستی یەکێتیە لەسەردەمی جەلال تالەبانی و وە وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانیش چەند کۆپتەرێکی لەو شێوەیان کڕی لە ٢٠١٠ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و وە وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە ٢٠١٧ هەمان جۆر لە فەرەنسا کڕیوە بەپێی هەواڵی خودی ئیرباس. بۆیە لێرەدا ئەگەر ئەمانە کەوتبنە دەست هەر لایەنێکی تر ئەوا گومان لەوە دەکرێ لەم رێگایەوە بن، ئەمریکیەکانیش لێکۆلینەوە لەم روداوە دەکەن ئەگەر هەیە زانیاری زیاتر ئاشکرا ببێ بەو نزیکانە. لینکی ئەمەش لە کۆمێنتە ————————- لینک و وێنەکان وردەری باسەکە پشتراست دەکەنەوە بۆ زیاتر لە سەر ئەم کۆمپانیا تورکیە سەربازیە لینک لە خواروویە https://aircraftbluebook.com/Navigation.do?product=ABB... https://apnews.com/.../iraq-helicopter-crash-pkk-kurdish... https://beta.ctvnews.ca/.../2023/3/16/1_6315578.amp.html https://nationalinterest.org/.../turkish-private-military...      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand