(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە و جەختیشدەكاتەوە كە چەندین جار بە یەكێتییان راگەیاندووە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەلای یەكێتی بووە و باشە ئەمجارە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت. پارتی لە راگەیەندراوەكەیدا ئامانجی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار روونكردوەتەوە و دەڵێت:" ئێمە كە داوادەكەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاهیدە كە ئێمە هەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی هەموو لایەك وا بكەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و كاریگەرییەكی باشتری هەبێت و داكۆكیكار بێت لە بەرژەوەندییەكانی كوردستان و بە كەڵكی میللەتەكەمان بێت نەك بێ تەئسیر و بێ سوود". لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا پارتی داوا لە یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكانی دواكۆبوونەوەیان و دەڵێت:" هیواداریشین ئەو راگەیاندراوەی بە ناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە، هەڵوێستی هەموو یەكێتی نەبێت.
( درەو میدیا): لە وەڵامی پرسیاری سێیەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ نوسەر و ڕوناكبیری كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت" مەریوان وریا قانع لەبارەی ئەم فۆرمە حزبایەتیەی كوردستان پێی وایە" ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت" پرسیاری سێیەم: درەو میدیا: دوای ئەو هەموو شكستە یەك لەدوای یەكانەی حزبی كوردی بەسەر كۆمەڵگای كوردی ھێناوة، هەر لە نەزانیی ئیدارەدانەوە تا دەگاتە مامەڵەنەكردنی ئینسانی كورد وەك تاکێکی خاوەن ماف و خاوەن كەرامەت، بە ڕای ئێوە حزبایەتی لەم فۆرمەی ئێستادا لە كوردستان كۆتایهاتوە؟ یان ئەوە سیاسییەكانی كوردن، پێویستە ڕەوانەی مۆزەخانەی شكست بکرێن؟ مەریوان وریا قانع: بە بۆچوونی من مەسەلەکان پەیوەندیان بە زانین و نەزانینەوە نییە، ئیدارەکەیان کە فاشیلن لەبەرئەوە نییە ئەوان لە ئیدارە نازانن، یان مامەڵەکردنیان بۆ مرۆڤی ئێمە وەک کەسێک کە ھیچ مافێکی نییە پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت کە نەزانن ماف چییە و مامەڵەکردنی دروستی مرۆڤ کامەیە. مەسەلەکە نەزانین و نووقسانیی لە زانیاریدا نییە، چونکە ئەگەر وابووایە ئەبوایە دوای وەرگرتنی یەک دوو کۆرس لەسەر ئیدارەدان و دوای خوێندنەوەی یەک دوو کتێبێک لەسەر ماف و چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، کۆتاییی بە کێشەکان بھاتایە. نەزانین مەسەلەیەکە دەکرێت بە ئاسانی لەڕێگای فرێبوونەوە چارەسەربکرێت، ھەندێک شارەزا دەھێنن و دەتوانن ئەو زانینانەیان فێربکەن. مەسەلەکە پەیوەندیی بەو مۆدێلە لە دەسەڵاتەوە ھەیە کە ئەوان دەیانەوێت سەروەریبکەن. مۆدێلی دەسەڵاتێکی سوڵتانیی کە تیایدا دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی خێزان و بنەماڵەیەک ئامادەبێت و ھیچ ڕێگا و میکانیزمێک لە ئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوە و چاودێریکردنی ئەو دەسەڵاتە. دەسەڵاتێکی ئەتۆکراتیی و ستەمگەر بتوانن لەڕێگایەوە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و چۆنیشیان بوێت بەوجۆرە بەکاریبھێنن. نەک ھەر دەزگاکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی داھات و فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات بە موڵکی شەخسیی خۆیان بزانن، بەڵکو تەنانەت خودی وڵاتەکەش و تەواوی دانیشتوانەکەشی بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن. بەم مانایە کێشەکە کێشەی نەزانین و کەمی مەعریفە و ناشارەزایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیەتی دروستکردنی دەسەڵاتێکی سوڵتانی بەو مانایەی باسمکرد. لەمەشدا حیزب یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پیادەکردنی ئەم ستراتیژە. بەڵام حیزب یەکەیەکی سیاسیی نەگۆڕ نییە. بە بۆچوونی من حیزبی کوردیی لەمڕۆدا بڕێکی زۆر لە ئاکارەکانی گۆڕانی سەرەکیان بەسەرداھاتووە و ئەرکی تازەیان وەرگرتوە. جاران حیزب جەنگاوەر و کادری سیاسیی پەروەردە ئەکرد، یەکێکی پەروەردە ئەکرد بتوانێت شەڕبکات و یەکێکیش بتوانێت قسەبکات. بەتایبەتی جەنگاوەرێکی دەویست ئامادەگیی ئەوەی تێدابێت لە پێناوی ئەوەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە گیانفیدایی بکات. ئەم ستراتیژە وەک پارادایمێکی سیاسیی لەناو دونیای ئێمەدا ئامادەبوو، لە ڕاستیشدا تەنھا پارادیمێکی سیاسیی نەبوو بەڵکو پارادایمێکی ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیش بوو لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا کاریدەکرد. جاران حیزب شتێک لە ئایدیۆلۆژیای ھەبوو، کۆمەڵێک پرنسیپی سیاسیی ھەڵگرتبوو، یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئۆرگانێکی تازەی ناو مێژووی ئێمەبوو. ئەوە ڕاست نییە پێمانوابێت حیزب وەک خێڵ کاریکردوە، یان شێوازی کارکردنەکەی شێوازێکی خێڵەکییانەبووە. لەناو حیزبدا ئەندامی چەندەھا خێڵ و ناوچە و پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز ئامادەبوون و ئەوەشی بەیەکەوە گرێیداون پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی نەبووە، بەڵکو کۆبوونەوەبووە لە دەوری چەند پرنسیپێکی سیاسیی. ئەوانەشی دەچوونە ناو حیزبە شوناسێکی تازەیان وەرگرتووە کە شوناسی خێڵەکەیان یان ناوچەکەیان نەبووە، بەڵکو ھەندێکانی لە ئایدیۆلۆژیایەکەوە و ھەندێکیان لە جەنگاوەربوونەوە و ھەندێکیان لە ئینتیما بۆ یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێوە وەریانگرتوە. ئینکارکردنی ئەم شتە سادانە بازدانە بەسەر سەرەتایترین پێدراوەکانی سۆسیۆلۆژیی سیاسیدا و چۆنیەتی کارکردنی ئۆرگان و ئایدیلۆژیا و خەونە سیاسییەکان و نوخبە تازە و تەقلدییەکان لەناو واقیعێکی کۆمەڵایەتی کۆنکرێتیدا. لەناو پارتە سیاسییەکانیشدا، پارتیشی لێدەرچێت ئەوانیتریان موڵکی شەخسیی ھیچ خێزانێک نەبوون. لەمانەش گرنگتر حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو. ڕۆڵی سەرمایەدار و خاوەنکارێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا نەدەبینیی، موچەخۆر و خانەنشین و بندیوار و لەشکرێک فەرمانبەری نەبوو. ھاوکات حیزب خۆی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناوی، خاوەنی میدیای زەبەلاح و تەلەفیزیۆنی ساتالایت و لەشکرێک نووسەر و ڕۆژنامەوان نەبوون کە بە پارە کار بۆ حیزب بکەن. مەریوان وریا قانع: ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ئەو مۆدێلە حیزبایەتییەی باسمکرد کۆتاییپێدێت و شوێنی خۆی چۆڵدەکات بۆ فۆرمێکی تر لە حیزبایەتی کە تیایدا حیزب وەک سەرمایەدارێکی گەورە و خاوەن ئابورییەکی زەبەلاح دەردەکەوێت. حیزب وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دەردەکەوێت، کە ھەم خودی دەوڵەت و ھەم کۆمەڵگا دەخوات و کۆنترۆڵدەکات. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دروستدەبێت کە ھەموو ئاکارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تێدایە، بەڵام دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و خێزانیی کە توانای قبووڵکردنی کۆمەڵگا و توانای قبوڵکردنی جیاوازەکانی ناو خۆشی نییە. لە پرۆسەیەکی کەموێنەی گەندەڵکاریشەوە دەئاڵێت کە سەرجەمی سیستمی بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و دۆخێک دروستدەکات تیایدا مرۆڤ ئامادەبێت لەپێناوی پارە و سەرمایەدا ھەموو ناشیرنیەکانی دونیا قبووڵبکات. دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت. مەریوان وریا قانع: دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت ئەم فۆرمە تازەیە لە حیزب لە بەشێکی زۆری ناوچەکەشدا دروستبووە، کە تەواو جیاوازە لەو حیزبانەی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمیشدا، تا کۆتایی ساڵانی ھەفتا، بوونیان ھەبوو. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی سەرەتا لەناو حیزبە عەلمانییەکانی وەک بەعس و ئیتیحادی ئیشتراکی میسریی و ئەوانیتردا دروستدەبێت، بەبێ ئەوەی حیزبەکان لەسەرەتادا موڵکی خێزان یان بنەماڵەیەکی سیاسیی بن، دواتریش مۆدێلە دینییەکەیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیی و ھێزە ئیسلامییە ئیخوانییەکاندا لەدایکدەبێت. تەنھا لە کۆتایی ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا ئەم حیزبانە ئەو ئاکارە خێزانییە وەردەگرن کە ئەمڕۆ چەندان حیزب ھەیانە. مەریوان وریا قانع: حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو بە کورتییەکەی حیزب و حیزبایەتیی کۆتاییان پێنەھاتوە و کۆتاییشیان پێنایەت، بەڵام فۆرم و ئەرک و کاراکتەرەکانیان گۆڕاون و لە ئێستاشدا فۆرمی کۆمەڵێک کۆمپانیان وەرگرتوە لەناو دونیا و ئابوریی و ئەخلاقیاتێکی نیولیبرالدا. واتە بوونەتە موڵکی شەخسیی و تایبەتیی کۆمەڵێک خێزان و نوخبەی دەسەڵاتدار و بوونەتە یەکەیەک بۆ کەڵەکردنی دەسەڵات لە ھەموو فۆرمەکانیدا: لە دەسەڵاتی ئابورییەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەمزیی. بەبۆچوونی من ئەوەی دەشێت چاوەڕوانیبکەین کۆتاییھاتنی حیزب و ژیانی حیزبایەتی نییە، ئەم ئەزموونە لە ھیچ شوێنێکی دونیادا بوونی نییە، ئەوەی دەبێت چاوەڕونیبین و کاری بۆبکەین بەگژاچوونەوەی ئەم مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و ڕێگرتنە لە پرۆسەی خەسخەسەکردنی. ڕزگارکردنی حیزبە لەوەی کە بکەرێکی ئابوریی گەورەبێت و وەک سەرمایەدارێک لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا ئامادەبێت. ھاوکات ڕێگرتن لەوەیش کە حیزب ببێت بە ھەژدیھەیەکی گەورە و سەرجەمی بەش و ئۆرگانە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنی قووتبدات، یان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی بێت و ئەو وێنانە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت کە دەیەوێت. ئەو شکستانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن خەتای حیزب نییە وەک دەزگا و ئۆرگانێکی سیاسیی مۆدێرن کە فۆرمێک لە شوناس دروستدەکات گەورەتر لە شوناسی خێڵ و شوناسە ناوچەییە بچووکەکان، بەڵکو خەتای ئەو بکەرانەیە کە دەستە بەسەر ئەو ئۆرگانەدا دەگرن و خەتای ئەو ستراتیژانەیە کە دەسەپێندرێن. ئەو مۆدێلی حیزبە جەماوەرییانەی لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چاکداریدا پێویستبوون، لە دوای ئەو خەباتەوە پێویستیی مێژووییان نامێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە حیزب لەم قۆناغەدا بگۆڕێت بۆ سەرمایەدارێکی زەبەلاح. ئەوەی پێویستە فۆرمێکە لە حیزبایەتی کە دەشێت بە "حیزبی ھەڵبژاردن“ ناویببەین، حیزبێک کە کۆمەڵێک کادری کەمی ھەبێت و لەباتی دروستکردنی ئەندام و ئۆرگانی سەرەتانیی زۆر و گەورە، خەریکی دروستکردنی ھەوادار و دەنگدەر بێت. حیزبی بچووک کە نەتوانێت بازاڕ و دەزگاکان و کۆمەڵگای مەدەنی کۆنترۆڵ و قۆرخبکات. بەبۆچونی من ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نشتیمانی كوردستان 1/6/1976 دامەزراوە، سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017، واتا تاڵەبانی بۆ ماوەی (41) ساڵ سەرۆكایەتی ئەم حزبەی كردووە. لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە سكرتێرێكی نوێ هەڵبژێرێت. یەكێتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 21/9/2013 بەڕێوەچوو، لە كۆی (111) كورسی، (18) كورسی پەرلەمانی بردەوە و (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێنا. خاڵی لاوازەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: • هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانە بووە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا لە هەرێم رویانداوە، یەكێتی سەرباری ئەوەی هەندێكجار رەخنەی لە ئەدای حكومەت هەبووە، بەڵام لە حكومەت نەكشایەوە، لەكاتێكدا ئەگەر كۆتایی بە شەراكەتەكەی لەگەڵ پارتی بهێنایە، حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا. • ناكۆكی ناوخۆی یەكێتی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. • لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانییەوە، یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە، بەتایبەت لە ئیدارەدان لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. • ناڕۆشتنی سیاسەت و بڕیاری یەكێتی لە زۆربەی رووداوەكانی چوار ساڵی رابردوو وایكردووە یەكێتی زیاتر وەكو شوێنكەوتەی سیاسەتەكانی پارتی دەربكەوێت، ئەمەش رەنگە هۆكارەكەی جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی ئاڕاستە جیاوازەكانی یەكێتی بێت. • تێوەگلانی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە بازرگانی نەوت و دۆسیەكانی گەندەڵی. • كاڵبونەوەی تێڕوانینی یەكێتی بۆ ئازادییە گشتییەكان و رودانی چەندین حاڵەتی گرتن و پێشێلكاری دژی ئازادییە گشتییەكان بەتایبەتی كاری رۆژنامەوانی و گرتنی خۆپیشاندەران. • پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز لەڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئەمە پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی ئەم ناوچەیەی لەدەستدایە. • روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ دەستەواژەی "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر"، لەحاڵێكدا هۆكاری راستەقینەی "16ی ئۆكتۆبەر" ریفراندۆم بوو كە پارتی سەركردایەتی دەكرد. • نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە وێنەی یەكێتی داوە لەلای دەنگدەران. خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: • هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، ئەمە دەكرێت كاریگەری گەورە لەسەر دەنگدەران دابنێت. • بەهێزی سەرچاوەی دارایی یەكێتی بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی خۆی. • سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و پەیكەری رێكخستنی خۆیەتی. • ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیەو لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكرێت. • تۆمەتباركردنی بە هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ئەمە كاریگەری خراپی لەسەر وێنەی یەكێتی لای دەنگدەران بەشێوەیەكی گشتی دروستكرد. • گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، گوڕێكی بەهێز دەبێت بۆ دەنگدەرانی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا.
(درەو میدیا): مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بە پارتی نەدرێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، دوێنێ مەسعود بارزانی نامەیەكی ئاڕاستەی ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی نشتیمانی و لایەنە شیعە و سوننەكانی عێراق كردووە لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە. لە نامەكەدا بارزانی هەڕەشەی كشانەوەی پارتی دەكات لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە كەسێك لە حزبەكەی. بارزانی لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی پارتییە و دەبێت كەسێكی پارتی ئەو پۆستە وەرگرێت.
( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەكارهێنانی مۆبایل لەناو بنكەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە. بە گوێرەی پەیڕەوی ژمارە (9)ی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەندیكردووە، رۆژی 30ی ئەیلول كاتژمێر هەشتی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت. هەروەها بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە رێگە نادرێت بەبردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆ بنكەی دەنگدان یان وێستگەی دەنگدان یان ناوەندی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختی كۆمسیۆنی لەسەر ئەم كارە نەبێت و كۆمسیۆن چەند بنكەیەك دیاریدەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە. هەروەها لە بڕگەیەكی تری پەیڕەوەكەدا هاتووە كە بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لە ناو وێستگەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.
راپۆرتی: درەو میدیا پارتی بەرەسمی و یەكێتی بەناڕەسمی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ژمارەیەك كاندیدی تر ڕكابەریی بەرهەم ساڵح دەكەن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەم ڕكابەرێتییە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتێكی ئیعلامی گەورە دژ بە ناوبراو، چی لەسەر ئاستی ماسمیدیا و هەم لەسەر ئاستی سۆشیال میدیاو، زیاد لەلایەنێكی سیاسی بەحزبەكەی خۆشیەوە، وەك كەسێكی بێوەفا و هاوڕێی نیوەڕێگای هاودیدەكانی و، پۆست پەرست وێنای دەكەن، بەڵام ئەمە هەموو وێنەیەكەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە "درەو میدیا" بەدواداچونی وردی بۆ كردووە و هەوڵدەدات لەم ڕاپۆرتەدا بەشێوەیەكی پیشەییانە وەڵامی بداتەوە، وێڕایی ئاشكراكردنی چەندین زانیاری تر كە بۆیەكەمجارە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاودەبێتەوە. گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەتەنیا بەجێیانهێشت لە سەروبەندی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، حزبەكەی ئەوكاتی بەرهەم ساڵح (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری) یەكێك بوو لە حزبە ناڕازییەكان هاوشانی (گۆڕان و كۆمەڵ یەكگرتوو)، بەرهەم ساڵح هەوڵیدا لەگەڵ ئەو سێ حزبە پێكەوە و، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی جۆرێك لە هاوپەیمانی پێكبهێنن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانیش، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەنجامنەدا و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە لەژێر فشاری یەكێتیدا گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكردووە. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، بەرهەم ساڵح داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كرد بیكەنە كاندیدی هەرچوار حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، واتە لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ڕەزامەندی پیشاندابوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو داوایەی ڕەتكردبوەوە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا پێنج كاندیدە دەرچوەكەی گۆڕان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق سوێندیان نەخواردووە، كۆمەڵی ئیسلامیش كە ڕاستەوخۆ داواكەی ڕەتنەكردبوەوە، سەلیم شوشكەیی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە كاتێكدا كۆمەڵ تەنها خاوەنی دوو كورسی پەرلەمانی عێراقە و كاندیدی سەرۆك كۆماریش پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمانە بۆ دەرچوون كە دەكاتە 220كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا سیناریۆی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووبارە بكەنەوە، كە ئەگەرێكی زۆر دوورە. پارتی فازیل میرانی دەكات بەگژ بەرهەم ساڵح دا دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ڕەسمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، مەسعود بارزانی بەچڕی هاتوەتە سەرخەت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، یان خۆ بڕیاردەری یەكەم بێت لەوەی كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەتویتێكدا بەڕوونی گوزراشتی لەم خولیایەی بارزانی كردووە و دەڵێ" ئەگەر هەموو پارتە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار ڕێكبكەون، نابێت بە سەرۆك، گەیشتن بە سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستی بارزانیە، بەوپێیەی ئەو پۆستە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە". سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: پارتی فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات و دەبێتە ڕكابەرێكی سەرسەختی بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، جەختیشیكردەوە، پارتی بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەبووە كە یەكێتی بەڕەزامەندی حزبەكەی ئەوان كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكات، بەڵام دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی تاكلایەنە، پارتی بڕیاری داوە كاندیدێكی بەهێزی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەوپۆستە كە ئەویش فازیل میرانیە. ئەگەرچی پێشتر پارتی بەردەوام داوای لە یەكێتی دەكرد كە خۆیان لەسەر یەك كاندید یەكلا بكەنەوە، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە نەبوون بژاردەی كۆتاییان بێتە سەر بەرهەم ساڵح، بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" پارتی دەیەوێت " فوئاد مەعسوم" بكرێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی پارتی نایەوێت كەسێكی بەهێز لەو پۆستەدا بێت. پێشتر "درەومیدیا" ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی بە تەلەفون لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری قسەیكردووە و پێڕاگەیاندون پارتی كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و داوای لێكردون پشتیوانی حزبەكەی بكەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق . ژمارەی ڕكابەرەكانی بەرهەم ساڵح لە هەڵكشاندان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی لە بەغداد چاوی كەوتووە بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ژمارەیەك كەسایەتی و هێز و لایەنی سیاسی و داوای لێكردوون پشتیوانی بكەن بۆئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق. لە سەروبەندی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید بە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیاندووە، لە دەنگدانی ئەواندا دەربچێت و دەرنەچێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵدەبژێرێت. پێشتریش فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح كاندیدی ڕەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو لەتیف ڕەشید كاندیدی نارەسمی ئەو حزبەیە. هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" كە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەتووە، سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سبەینێ بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پێشكەش بەفەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات. "درەو میدیا" پێشتر ئاشكرایكرد هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و مەلابەختیار و فازیل میرانی و سەلیم شوشكەیی و عومەر بەرزنجی و كەمال عەزیز قەیتولی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكردووە.
(درەو میدیا): سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سبەینێ كە دوا وادەی خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سروە عەبدولواحید بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بە خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستە، پێشكەشی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە فەرمی خۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، سروە عەبدولواحید وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات، نەك لەسەر هیچ لیست و قەوارەیەك. (درەو میدیا) ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا زانیاری ورد لەبارەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و تەواوی كاندیدەكان بڵاودەكاتەوە.
( درەو میدیا): گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی وەك كاندیدی فەڕمی لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت هەواڵێكی خۆش نەبوبێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەو پێشهاتە تازەیە تەبخەیەكی ئەمریكی بێت و ئامانجی لەقاڵبدانی پارتی و دروستكردنەوەی جۆرێك لەهاوسەنگی بێت، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكان و پاڵدان بەسەربازگەكەی مالیكی و عامری، لەعێراق. بارزانی لەگەڵ مالیكی و عامری قسەی كردووە سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبەغداد بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا كردووەو خواستی پارتی پێڕاگەیاندون كە بەنیازی دەستنیشانكردنی كاندیدێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو، داوای لێكردون پشتیوانی كاندیدەكەی پارتی بكەن، سەرچاوەكەی "درەومیدیا"ئەوەشی ئاشكراكرد، بارزانی بەعامری و مالیكیشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی بێت، ئەوان ئامادەن داوا لە بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن دەستلەكاربكێشێتەوەو، پشتیوانی كاندیدێكی یەكێتی بكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. بارزانی بەرهەم ساڵح بەمەترسی دەزانێت لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم هەڵوێستە تازەیەی پارتی، سەرچاوەكەی "دەرەومیدیا" وتی: هەر لەسەرەتاوە پارتی لەزیاد بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو پۆستە موڵكی لایەنێك نیە بەتەنیا، بەقسەی سەرچاوەكە، هەلوێستی ئەوكاتەی پارتی زیاتر تەكتیكی بوو، وەك ئەوەی هەڵوێستێكی ستراتیژی و یەكلابوەوە بێت و، زیاتر مەبەستیان دروستكردنی فشاربوو لەسەر یەكێتی تاكاندیدێك دیاریبكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدڵی پارتی بێت كە زیاتر مەیلیان بەلای (فوئاد مەعسوم و مەلابەختیار)دا، بوو، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی ئەمریكییەكان بۆ ناو یارییەكە و دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەجدی كەوتۆتە خۆی و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدات، بیانوەكەی ئەوەیە ڕێككەوتنی پێشوەختی هەبووە لەگەڵ یەكێتی، كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی هەردوولا دیاریبكەن، بەڵام جەوهەری مەسەلەكە ئەوەیە، پارتی ترسی گەورەی هەیە لەوەی لەلایەك بەرهەم ساڵح كێشە بۆ ئەو ڕۆڵە بەهێزە دروستبكات كەپارتی بەنیازە لەچوارساڵی داهاتودا لەعێراق هەیبێت و بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەبخەیەكی ئەمریكی بێت چی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر ئاستی عێراق و، هەم دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی یان لارنەبونی زیاتری تەرازوی هێز بەبەرژوەندی پارتی لەناوخۆی كوردستان و، ڕەنگدانەوەی لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كەپارتی خۆی داناوە دەسەڵاتداری ڕەهابێت تیادا. ئەمریكا نایەوێت پارتی زۆر پێ ڕاكشێت پێشتریش ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن و، پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكردبو، پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت. دروستكردنی تەگەرە بۆ بەرهەم ساڵح لەلایەن شەخسی بارزانیەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتیەوە بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەم ساڵح دوور لەچاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ بارزانی كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. بەڕای بەشێك لەچاودێران، پێداگریكردنی ئەمریكا لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق و، وەك بەربژێری یەكێتیش، جگە لەڕاگرتنی هاوسەنگیی، ڕەنگە هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەبێت، واشنتۆن نەیەوێت پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش دەستكەوتی زۆر زیاتر لەڕابردوو بەدەستبهێنێت، كە وەك جۆرێك لەپاداشتی نزیكبونەوەی لەئێرانیەكان تەفسیری بۆ بكرێت، ئەوەش هانی زیاتری هێزە كوردیی و عێراقییەكان بدات بۆ هەڵپەكردنی زیاتری نزیكبونەوە لەئێران.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كارو سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچننەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریی، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بووبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم رووداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەریان لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (39) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21/9/2013، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (38) كورسی بردەوە و لە پرۆسەكەدا (743 هەزار و 984) دەنگی بەدەستهێنا. لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی زۆرینەی جومگە گرنگەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە، بەتایبەتی (دۆسیەی نەوت، سیاسی، ناوخۆ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە)، ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لەدەستدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم كە پێشتر لەدەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بوو، ئێستا هەڵپەسێردراوە. بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵێكی نەرێنی پارتی بێت لای دەنگدەران، هاوكات دەشتوانێت خاڵێكی ئەرێنی بێت و پارتی ئەو دامەزراوە گرنگانە لە سودی خۆی و كێشكردنی دەنگدەران بەكاربهێنێت، هەروەك چۆن لە رابردوودا كردویەتی. خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوەیە. •ئاكامی شكستی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی یەكەم لەئەستۆی پارتیدایە بەهەمان لۆژێكی پێشوو. • شكستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی ئەو سیاسەتە بوو. •شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی هەرێمە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، بەوپێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. •شكستهێنانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول و گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد. •لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی، لەدەستدانی ئەو ناوچانە، بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە بوو. •لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بەهۆی خوێندنەوەی هەڵەی پارتی بۆ بارودۆخی ناوچەكە. •داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، تائێستاش ئەو دامەزراوەیە هەڵنەساوەتەوە. • سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. •تێكچونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد، كە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەخرێتە ئەستۆی "خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی" پارتی بەرامبەر بە هێزەكانی تر. •شكستهێنانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە "داعش" تۆماریكرد و بەهۆیەوە ناوبانگی لە جیهاندا درەوشایەوە. •شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم. •تێكچونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كورد لە پارچەكانی تر، بەتایبەتی كوردی باكور و رۆژئاوا و ئێستاش رۆژهەڵات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی پارتی لە سیاسەتەكانی توركیا لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و بێدەنگی هێرشی ئێران بۆسەر كوردی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمدا. خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە. •سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوە و نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات. •پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. •خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە. •رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن. • سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بردنەوەی ژمارەكی زۆر كورسی لەدوای شكستی ریفراندۆم .
( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا فازل بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونیی لە تەمەنی 52 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە هەولێر كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، تەرمی بەرواری لە پزیشكی دادی هەولێرە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شاری دهۆك دەكرێت و لەوێ دەنێژرێت. فازڵ جەمیل بەرواری ساڵی 1966 لە دهۆك لە دایكبووە و فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بووە و ساڵی 1980 تا 1991 فەرماندە بووە لە هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای روخانی رژێمی سەددام حسێن بەشداریكردووە لە دامەزراندنی دەزگای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی عێراق " دژە تیرۆر" و بووەتە فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی.
( درەو میدیا): بە گوێرەی ڕاپرسییەك كە مەكتەبی توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیداوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پارتی یەكەم و یەكێتی دووەم و گۆڕان سێیەم دەبێت. ئەو راپرسییە لە چوار پارێزگا و 13 قەزای هەرێم ئەنجامدراوە، سێ هەزار و 100 فۆڕم دابەشكراون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار فۆڕمیان بۆ گەڕاوەتەوە. بەپێی راپرسی مەكتەبی توێژینەوەی پارتی، 68%ی دەنگدەران بەشداری دەنگدان دەكەن و 14%یان تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە كە دەنگ بەكێ دەدەن و 18%یشیان بڕیاریانداوە كە بەشداری نەكەن و دەنگ نەدەن و رێژەی دەنگی حیزبەكانیش بەمشێوەیە دەبێت: - پارتی دیموكراتی كوردستان 41% - یەكێتی نیشتمانی كوردستان 18% - بزوتنەوەی گۆڕان 10% - جوڵانەوەی نەوەی نوێ 9% - بەرەی ئیسڵاح ( یەكگرتوو+ بزوتنەوەی ئیسلامیی) 6% - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 3% - هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی ( ئەگەر بەشداری بكات) 6%
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف هەفتەیەك ماوە بۆ راوەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لەسەر شەقام بەدی دەکرێت، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، تائێستا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ساردوسڕ بەڕێوەدەچێت. پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە زیاتر لە 10 ساڵە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی ستراتیژیدا پێكەوە كاردەكەن و لە حكومەتدا هاوبەشن، چەند رۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەدژی یەكتر توندكردوەتەوە. سەرەتای هێرشەكە لەلایەن یەكێتییەوە دەستیپێكرد، كاتێك قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتەیەكدا لەبەردەم لایەنگرانی وتی: "ئەو دەسەڵاتەی كە لە هەولێر قۆرخکراوە، دایدەبەزێنینە خوارەوە"، ئەم قسەیە بەرپرسانی پارتی توڕەكرد. بڕیاری مەسعود بارزانی شكێندرا ئەم وتانە، بەرپرسانی پارتی ناچاركرد بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەیان بشكێنن، كە لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند" نابێت وەڵامی هیچ كەسێك بدەنەوەو دەمانەوێت هەڵمەتێكی ئارام بەرێوەبەرین". بەرپرسانی پارتی لە چەندین شوێندا بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانییان دایەوە، بەڵام تاڵەبانی كوڕ كە رۆژانێك وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی تەماشا دەكرا، زیاتر دەڕواتو دەڵێ" كوڕان و كچان ئامادەبن، شەپولی سەوز گەیشتە هەولێر". فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەردەم لایەنگرانی حزبەكەیدا وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و وتی" زۆر زۆر نارەحت بووین بەو قسانە، بۆیە لێرەوە پێتان دەڵێین، ئەوە راگرن، ئەگەرنا ئێوە یەك قسەمان پێ بڵێن، ئێمە سەد قسەتان پێ دەڵێین". بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، میرانی هێرشی توندی كردەسەر قوباد تاڵەبانی و وتی" تۆ لەكوێ بویت كە حكومەتی هەرێممان بونیاد ناوە، ئەگەر مەسعود بارزانی و پێشمەرگەكانی نەبوایە ئێستا هێزی عێراقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بوون". هێمن هەورامی كە هاوشانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی پارتییە، لەبەردەم لایەنگرانیدا لە قەرەداغ رایگەیاند" پێمان سەیرە كەسانێك رویان بێت باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر، با ئەوان بچن جارێ كێشەی ناو ماڵ و ناو ماڵی حزبەكەیان چارەسەر بكەن ئینجا باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر". بانگەشەی لایەنەكانی تر سڕكرا هەندێك كەس لە چاودێران بڕوایان بەو شەڕە نییە كە ئێستا لە میدیاكانەوە پارتی و یەكێتی لەدژی یەكتر دەیكەن، لەمەشدا بەتایبەتی سەرەنجیان لەسەر قوباد تاڵەبانییە، بەوپێیەی تاڵەبانی كوڕ لە ماوەی رابردودا پشتیوانی سەرسەختی ئەو حكومەتە بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر هەژمونی بەسەردا كردووە. ئەمە وایكردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، هەڵمەتەكە تەنیا وەكو تەكتیكێكی هەڵبژاردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەماشا بكەن بۆ راكێشانی سەرەنجی دەنگدەران و دواجار كێشكردنیان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە ئێستا مەترسی زۆربونی ئاستی بایكۆتی و كەمی رێژەی بەشداری دەنگدەران هەیە لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا. لەلایەكی ترەوە، توندبونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتدار دژ بە یەكتر، بەتەواوەتی روناكی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكانی تری سڕكر، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا جڵەوی شەقامی بەدەستەوە بوو. "سەگوەڕ" شەڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەكێتی دوێنێ گەیشتە ئاستێكی توندتر، كاتێك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە لە نوێترین كاردانەوەی ئەو شەڕەدا وتی:" لە دوو رۆژی رابردوودا دەبینم دژبە یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەگوەڕێك دەستیپێكردووە، هەر لێرەوە پێیان دەڵێم، تكایان لێدەكەم سنور مەبەزێنن، ئەگینا ئەگەر سنور ببەزێنن، بە دەنگەكانمان ئاودیوی سنوریان دەكەین". "بە زمانی پلكی قسە دەكات" لەبەرامبەردا ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسنێكدا بەناوی" قوباد تاڵەبانی ئەرێ دەزانی؟" نوسیویەتی"چەند ڕۆژێكە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن قوباد تاڵەبانی وەك ئەوەی داهێنان بكات، دەیەوێ بەزمانی پلكی قسەبكات" كە مەبەست لێی " شاناز ئیبراهیم ئەحمەد"ە بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی توند لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەگرێت. لە بەشێكی نوسینەكەدا ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەكات" ڕاستە لە هەولێر كێشەی ئاو وكارەبا هەیە، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرە كێخوایی و بێساحێبی و مافیاو جوێن و فرت و فێڵ و قۆڵبرین نیەو نابێ، چونكە هەولێر خودانی هەیە، خودان". لە شەڕی شەقامەوە بۆ شەڕی فەیسبوك شاری سلێمانی كە لە چەند ساڵی رابردوودا چەقی ململانێ سیاسییەكان بوو، ئێستا جگە لە هەندێك پۆستەری كەمی كاندیدەكان لە شەقامەكان هیچ دیمەنێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەدی ناكرێت، كەژاوەی ئۆتۆمبیل و كۆبونەوەی جەماوەری و وتنەوەی دروشم، لەو روداوانەن كە ئێستا بەتەواوەتی بەرەو فەنابوون رۆشتوون. ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگەی شەڕی شەقامەكانیان گرتوەتەوە، زۆرێك لە كاندیدەكان پارەكانیان لە كڕینی ریكلام لە پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكان بەخەرج دەدەن.
راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دروست دەكات و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی پێنج ساڵی رابردووی دوای هەڵبژاردنی 2013 كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی 12ی ئایارو " گۆڕینی" دەنگەكان و" ساختەكاری" و پێگەی هێزەكان لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دروست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دروست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە. پێگەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیە، بەڵام هەولێر و دەنگی هەولێر و پێگەی هەولێر كاریگەری سیاسی لەسەر دۆخی هەڵبژاردن دەبێت. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992 لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانیان هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا. پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوە و شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوە و دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا سەپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگە و نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە دروست بكات. دووەم/ هەڵبژاردنی 2005 لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت. لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای رووداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%. سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010 لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو . چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014 بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە. پێنجەم/ هەڵبژاردنی 2018 پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018، كە (642232) هاوڵاتی دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (321920) دەنگ بەدەست بهێنێت ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79745) دەنگی بەدەستهێناوە لیستی نەوەی نوێ ( 70833) دەنگ بەدەست بهێنێت و هاوپەیمانی ( 50537 ) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی گۆڕان توانی (40863) دەنگ بەدەستبهێنێت ،لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36784) دەنگ و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24475) دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی بەشێك لە هێزەكان پێیان وایە" ساختەكاری كراوەو دەنگەكان گۆڕاوە" ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە، بۆیە چاوەڕەوانیش ناكرێت گۆڕانكاری گەورە روبدات لە ئاستی دەنگەكان لە پارێزگای هەولێر.
(درەو میدیا): لەماوەی رابردوودا بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك ككۆماری عێراق دووجار لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆبوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی بە رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت"ی راگەیاندووە، لەم ماوەیی دوایدا بەرهەم ساڵح دوور لە چاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆبوەتەوە بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. سەرچاوەكە كە داواشی كردووە ناوی ئاشكرانەكرێت ئاشكراشیكردوووە لەماوەی یەك دوو رۆژی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رادەگەیەنێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف ئێستا پرسیاری جەوهەری لای هاوڵاتیانی كوردستان ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردن گرنگی ماوە، ئایا هەڵبژاردن چی لەژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی گۆڕیوە، لەكاتێكدا هەڵبژاردنەكان گۆڕانیان لە ئاست و رێژەی دەنگ و كورسی هێزەكاندا درووست كردووە، بۆچی گۆڕانگاری لە نەخشەی سیاسی و پێگەو دەسەڵاتی هێزەكاندا درووست نەكردووە. سەرەرای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی " ساختەكاری و گۆڕانگاری دەنگەكانەوە" ناشرین كراوە، بەڵام هەڵبژاردنەكان كاریگەریان لەسەر زیادكردن و كەمكردنی دەنگ و كورسی حیزبە سیاسیەكان درووست كردووەو نەخشەی سیاسی هێزەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەو گۆڕانكاریانەی كە هەڵبژاردنەكان دروستیان كردوون كاریگەرییان لەسەر سیستمی حوكمرانی و دەموچاوی حكومەت درووست نەكردووە. هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان سەرەرای چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوهەڵبژاردنی پارێزگاكان، چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە ( 1992 ، 2005 ، 2009 ، 2013 )، لێرەدا بەووردی ئاستی دەنگ و كورسی هێزە سیاسیەكان دەخەینە روو لەو چوار هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لەماوەی 21 ساڵەدا چی گۆڕانكاریەك بەسەر دەنگ و كورسی ئەو هێزانەدا هاتووە، لە هەڵبژاردنی 1992 دا كە ( 1 ملیۆن و 112 هەزار ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو ( 971 هەزارو 953 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 87.4% )، هەرچەندە (لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای دهۆك 178 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەبوو 198 هەزار كەس دەنگیدا واتا رێژەكە 111% بوو ) بەڵام بەهۆی دیاریكردنی رێژەی 7% بۆ چونە پەرلەمان ئەویش بەپێی بڕگەی 3 لەمادەی 36ی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، 7 لیست بەشداریان تێدا كردوو تەنها لێستی یەكێتی و لیستی پارتی ئەو رێژەیەیان تێپەراندوو چونە پەرلەمانەوەو دواتر دەنگەكانی ئەو لیستانەشیان بەسەر خۆیاندا دابەشكرد كە رێژەی 7% یان نەهێنابوو لە هەڵبژاردنی 1992 دا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ( 438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و لیستی یەكێتی (423682 ) بەرێژەی ( 44.033% ) بەڵام ئەو لیستانەی نەچونە پەرلەمانەوە لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی (49073 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (5.100% ) و كە زۆرترین دەنگی دوای لیستی یەكێتی و پارتی هێناو نەچووە پەرلەمانەوە دواتریش لیستی سۆسیالیست (24867 ) دەنگ بەرێژەی( 2.584% ) بەدەستهێناو لیستی پارتی گەل (21106 ) بەرێژەی ( 2.193% )، لیستی حیزبی شیوعی( 9902 ) بەرێژەی (1.029% ) بەدەستهێناو لیستی دیموكراتخواز و بێلایەنەكانیش (500 ) بەرێژەی (0.519% ) بەدەستهێنا كۆی گشتی دەنگی ئەو لیستانەی كە نەچونە پەرلەمانەوە ( 105517 ) دەنگ بوو كە بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە فەوتان و خرانە سەر دەنگی یەكێتی و پارتی. كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بەسەر یەكێتی و پارتی ( 50 بە 50 ) دابەشكران، بەو پێیەش رێژەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان 50% و رێژەی دەنگەكانیشیان بە نزیكەی 44% بووە. بەڵام بەهۆی شەری ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە دوای 13 ساڵ لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنێكی تر كرایەوەو لە هەڵبژاردنی 2005 ی پەرلەمانی كوردستاندا كە (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكردوو، هەڵبژاردنی 2005 دا ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 1 ملیۆن و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 75.6% ) ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم كە لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو (1112000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (1178736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (51.5%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە رێژەی (75.6%) دەنگیاندا بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 (10%) كەمی كردووە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 1992 دا ئاستی بەشداریكردن (87.4%) بووە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 1992 بۆ 2005 ئاستی بەشداری هاوڵاتیان نزیكەی (12%) دابەزیوە لەو هەڵبژاردنەدا 13 لیست بەشداری كردبوو لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان كە لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو شیوعی و چەند لایەنێكی تر پێكهاتبوو (1570663 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (89.55% ) و لەكۆی 100 كورسی بێ كۆتاكان ئەو لیستە ( 93 كورسی ) بەدەستهێنا بەو شێوەیە یەكێتی ( 38 كورسی ) پارتی ( 37 كورسی ) یەكگرتوو ( 9 كورسی ) شیوعی ( 3 ) یەكێتی نەتەوەیی ( 1 كورسی ) سۆسیالیست ( 2 كورسی ) پارتی كرێكاران و رەنجدەران ( 1 كورسی ) هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی كە لەدەرەوەی ئەو لیستە هاوبەشە بوو ( 6 كورسی ) بەدەستهێناو لیستی زەحمەتكێشانیش ( 1 كورسی ) بەدەست هێنا، بەو پێەیەش رێژەی دەنگەكانیان ئەگەرچی بە تێكەل و پێكەوەیە بەڵام دابەزیوە بەهۆی دەنگی یەكگرتوو لایەنەكانی ترەوە، بەڵام ئاستی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 كە ( 50 بە 50 ) بوو دابەزی بۆ ( 38 بە 37 ) واتا لە 100 كورسیەوە بۆ 75 كورسی واتا 25 كورسی كەمیان كرد، بەرێژەی 25% ی كورسیەكانی پارلەمانی كوردستان. بەڵام لە هەڵبژاردنی 2009 دا بەهۆی درووست بوونی لیستی گۆڕانەوە گۆڕانكاریەكان زیاتر دەركەوتن لە نەخشەی سیاسی هێزەكاندا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 25/7دا كە (24) لیست و هاوپەیمانێتی و كەسایەتی بەشداریان تێدا كرد و لە هەڵبژاردنی 2009 دا كە ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 793 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، ( 1 ملیۆن و 876 هەزارو 196 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 74.5 % ) ، تیایدا لیستی كوردستانی كە (یەكێتی و پارتی و چەند هێزێكی تری لە خۆ دەگرت) لە پلەی یەكەمدا هات بە (1076370) بە رێژەی (57.37%) و بەدەستهێنانی (59) كورسی، لیستی گۆڕان لە پلەی دووەم هات بە (445024) بەڕێژەی (23.72%) و بەدەستهێنانی (25) كورسی، لیستی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی كە (لە یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵی ئیسلامیی و زەحمەتكێشان و سۆسیالیست پێكهاتبوو) بەبەدەستهێنانی (240842) لە پلەی سێیەمدایە بەڕێژەی (12.84%) و (13) كورسی، هاوكات لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی (27147) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (1.45%) و (2) كورسی بەدەستهێنا، لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیی (حیزبی شیوعی و چەند گرووپێك)، (15028) دەنگ بەڕێژەی (0.80%) و (1) كورسی بەدەستهێنا. گەر بەراوردی بكەین بە دەنگ و كورسیەكانی هەڵبژاردنی 1992 و 2005 گۆڕانكاریەكە زیاتر دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش بوون بۆیە ئاستی دەنگەكانیان بەجیا ئەژمار ناكری بەلام ئاستی كورسیەكانیان 59 كورسی بوو بەرێژەی 59%ی كورسیەكانی پەرلەمان بەبێ كۆتاكان، بەو پێیەش بە بەراورد بە هەڵبژارندنی 1992 یەكێتی و پارتی پێكەوە 41 كورسی بەرێژەی 41%ی كۆی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان كەمیان كرد، رێژەی دەنگەكانیشیان كە لە هەڵبژاردنی 1992 پێكەوە 89% بوو دابەزیوە بۆ 57% واتا 32% دابەزیوە. لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستاندا ( 2 ملیۆن و 654 هەزارو 696 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو كە ( 73%) یان دەنگیاندا واتا ( 1 ملیۆن و 945 هەزارو 124 ) كەس، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان و لیستی گۆڕان (476736 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 24.4 ) و 24 كورسی و یەكێتی (350500 ) بەرێژەی( 17.8% )و 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (186741 ) دەنگ و بەرێژەی 9.6% و 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش ( 118574 ) بەرێژەی 6% و 6 كورسی و بزوتنەوەی ئیسلامیش ( 21834 ) دەنگ و بەرێژەی 1% و 1 كورسی و سۆسیالیست ( 12501 ) دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و لیستی ئازادی ( 12392 )دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و ئاراستەی سێیەم ( 8681 ) دەنگ و بەرێژەی 0.4% و 1 كورسی. بەراوردی نێوان دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی و پارتی لەنێوان 1992 و 2013 گۆڕانگاریەكی زۆر رویداوە هەم لە دەنگ و هەم لە كورسیەكانی پەرلەمان، بە جۆرێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 1992 دا ( 438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و 50 كورسی پەرلەمانیش بەڵام لە 2013 و لە دوایین هەڵبژادرنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستاندا (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان واتا رێژەی دەنگەكانی 6.5% دابەزیوەو رێژەی كورسیەكانیشی 12 كورسی 12% كورسیەكانی دابەزیوە، هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لە هەڵبژاردنی 1992دا (423682 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 44.033% ) و لەگەڵ 50 كورسی بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكێتی (350500 ) بەرێژەی ( 17.8% )و 18 كورسی، بەو پێیەش رێژەی دەنگەكانی 26% كەمی كردووەو كورسیەكانیشی لە 50 كورسیەوە بۆ 18 كورسی واتا 32 كورسی كەمی كردووە بەرێژەی 32%. بەهەردوكیشیان یەكێتی و پارتی، رێژەی كورسیەكانیان كە ( 50 بە 50 ) بووە واتا 100 كورسی بەهەردوكیان بووە بە ( 38 بە 18 ) واتا 56 كورسی واتا 44 كورسی كەمی كردووە بە رێژەی 44% ی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەنگەكانیشیان كە پێشتر ( 89%) بووە دابەزیوە بۆ ( 38% بە 18% ) واتا 56% دەنگەكانیان هەیە واتا بەرێژەی 33%ی دەنگەكانیان كەمیكردووە، لێرەدا بۆیە زیاتر تەركیز لەسەر بەراوردی دەنگ و كورسی یەكێتی و پارتیە، لەبەر ئەوەی لە یەكەم خول تا دوایین خولی پەرلەمان ئەوان لیستیان هەبووەو لە هەمانكاتیشدا ئەو دوو هێزە لە 1992 تا ئێستا خاوەنی زۆن و ناوچەی جێدەسەڵاتی خۆیانن. ئەوە جەوهەری گۆڕانكاریەكەیە لە كوورسی و دەنگداندان رویداوە كە لەماوەی نێوان چوار خولی هەڵبژاردن روویداوەو بەڵام، بەهۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی پرسی هێز و پارەو پۆستەكانیان لەدەست خۆیاندا هێشتۆتەوە، بۆیە هەڵبژاردنەكان كاریگەری زۆری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئەو هێزانە درووست نەكردووە، سەرەرای ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە كورسی و دەنگەكانیان رویداوە، بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لە هەرێمدا هەیەو پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتین چاوەڕەوانی گۆڕانكاری گەورە ناكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. بۆیە رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەوشیراون مستەفا كە لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا كردی " هەڵبژاردن گرنگی ماوە ، پەرلەمان گرنگی ماوە" جۆرێك لە نائومێدی بووبێت بەوەی چیتر سندوقەكانی دەنگدان " شاڕێی گۆڕانكاری" نین و هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانكاری گەورە لە نەخشەی سیاسی هێزەكان درووست بكات.