Draw Media

نێچیرڤان بارزانی چی لە وەفدی دانوستانكاری پارتی دەوێت؟

نێچیرڤان بارزانی چی لە وەفدی دانوستانكاری پارتی دەوێت؟

2018-12-24 14:19:05


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی گەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، بەڵام پلانەكانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەكو ئەوەی خۆی دەیەوێت، بەڕێوەناچێت.
هێنانەپێشەوەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رەوتی دانوستانەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری گرێوگۆڵ كردووە.
نێچیرڤان بارزانی كە دوای 17 ساڵ كورسی سەرۆك وەزیرانی بۆ ئامۆزەكەی (مەسرور بارزانی) چۆڵكرد، بە وردی چاودێری دانوستانەكانی وەفدی پارتی دەكات لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەو سەرۆكایەتی ئەو دامەزراوەیە دەكات.
نێچیرڤان بارزانی بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخەكە، كەسانی نزیكی خۆی لە ناو وەفدی دانوستانكاری پارتی داناوە.


كێشە گەورەكەی پارتی !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، گەورەترین ئاستەنگ كە ئێستا روبەڕووی وەفدی دانوستانكاری پارتی بووەتەوە ئەوەیە، دانوستانەكان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هاوتەریبی یەكتر ناڕۆن.
یەكێتی نیشتمانی وەكو شەریكێكی سەرەكی ئامادەی بەشداریكردنە لە كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەڵام لەسەر پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم تێبینی هەیە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پارتی پێشوەختە بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی یەكێتی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشەوە.
(درەو میدیا) پێشتر لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد كە یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی گرتووە‌و ئێستا كار لەسەر دوو خاڵی سەرەكی دەكات:
یەكەم: پارتی دەیەوێت كابینەی نوێی حكومەت بەشێوەیەكی خێرا پێكبهێنێت‌و مەسرور بارزانی شەرمەزار نەكات،  یەكێتی لەم بابەتە تێگەیشتووە، بۆیە هەوڵدەدات پرۆسەی دانوستانەكان درێژبكاتەوە تاوەكو پارتی ناچار بكات مل بە خواستەكانی بدات.
دووەم: پارتی بۆ راگرتنی پارسەنگی ناو بنەماڵەی بارزانی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێش‌و لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، دەبێت نێچیرڤان بارزانیش پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەم ناكۆكییە بنەماڵەییە تێگەیشتووە، بۆیە بەئاسانی مل نادات بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.


نێچیرڤان بارزانی چی دەوێت؟
خواستنی نێچیرڤان بارزانی لە وەفدی دانوستانكاری پارتی تەنیا لەوەدا كورت نەبووەتەوە كە زامنی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بەڵكو دەیەوێت زامنی ئەوەش بكەن سەرۆكی داهاتووی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی ) كە بۆ (یەك خول) لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت‌و لەو پرۆسەیەدا كەسایەتی نەشكێندرێت.


پارتی داوای كۆبونەوە دەكات
بڕیاربوو ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ جەژنی سەری ساڵەوە گەیشتی دەرەوەی وڵاتیان كرد، كۆبونەوەكە نەكرا.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كردووە پێش جەژنی سەری ساڵ، كۆبونەوەیەكی خێرا‌و بەپەلە لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان بكات، یەكێتی تائێستا وەڵامی پارتی نەداوەتەوە‌و پێناچێت بیەوێت پێش سەری ساڵ هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارتی بكات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی خۆی بۆ سازدانی كۆبونەوەكە دەربڕیوە.
رەنگە پارتی بۆ راگرتنی پێگەی داهاتووی دوو ئامۆزاكە (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی) شتی زۆر ببەخشێت، ئەمەش رێك پێچەوانەی پێشبینی پارتییەكان بوو دوای هەڵبژاردن، كە پێیانوابوو بەو سەركەوتنە گەورەیەی  بەدەستیهێناوە، پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندە چیتر پێویستی بە ركابەرە سیاسییەكانی نابێت‌و دەتوانێت بەو زۆرینەیەی كە لە پەرلەمان هەیەتی جڵەوی كوردستان لەدەستی خۆیدا توند بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand