تاوانێكو دوو سزا
2018-12-23 15:19:38
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێ" مێردمنداڵان كە تۆمەتباركراون بە ئەندامێتی داعشو لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان سزای خۆیان وەرگرتووە، دوای ئازادكردنیان جارێكی تر لەسەر هەمان تاوان لە دادگاكانی عێراق سزا دەدرێنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان هیچ نوسراوێكی یاساییان پێنادات كە بیسەلمێنێت سزای تاوانەكانیان وەرگرتووە"، حكومەتی هەرێمیش راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە رێكخراوێكی بواری بەرگریكردنە لە مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ راپۆرتێكی نوێی لەبارەی دۆخی زیندانیان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
"مەترسییەكی دووسەرە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا" ئەمە ناونیشانی راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ-ە، تێدا باسلەوەكراوە" مێردمنداڵانی سەربە پێكهاتەی عەرەبی سوننە كە بەهۆی پەیوەندییان بە رێكخراوە داعشەوە دەستگیركراون، كاتێك ماوەی حوكمەكانیان لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان تەواو دەكەنو ئازاد دەكرێن، جارێكی تر روبەڕووی مەترسی دەستگیركردن دەبنەوە".
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات" ئەو مێردمنداڵانە دوای ئەوەی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێنو دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان لە ناوچەكانی خۆیان كە ئێستا ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغداددان، جارێكی تر لەلایەن دەزگای دادوەری عێراقەوە روبەڕووی مەترسی دەستگیركردن دەبنەوە بەهۆی ئەوەی هیچ جۆرە هەماهەنگییەك لەنێوان سیستمی دادوەری عێراقو هەرێمی كوردستاندا نییە".
رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا وێنەی گەنجێكی بڵاوكردوەتەوە بە ناوی كەریم كە تەمەنی (18) ساڵەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركراوەو بەپێی راپۆرتەكە ئەشكەنجەدراوەو جگەرە لەسەر دەستو قۆڵەكانی كوژێندراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئازادكراوەو گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ، جارێكی تر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەربە حكومەتی بەغدادەوە دەستگیركراوەتەوەو ئەشكەنجەدراوەو بۆ ماوەی چەند مانگێك دەستبەسەركراوە.
ئازادبونێكی مەترسیدار
بەگوێرەی راپۆرتەكە، نزیكەی (20) منداڵ هەن كە دوای زیندانكردنیان بەتۆمەتی تیرۆر، ئێستا ئازادكراونو بەمنزیكانە دەیانو سەدان گەنجی تازەپێگەیشتووی تر لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێن، ئەمەش بەواتای مەترسی دوبارە دەستگیركردنەوەیان دێت، بۆیە ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بۆ ئەوەی جارێكی تر ئاوێتە ببنەوە بە كۆمەڵگە، چونكە رەنگە گەڕانەوەیان ببێتەهۆی ئەوەی جارێكی تر بخرێنە ناو زیندانەكانی عێراقەوە.
تاوانێكو دوو سزا
لەمما فەقێ جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێ:" نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دوو سیستمی دادوەری جیاواز لە عێراق، بوەتە هۆی مەترسی دووبارەكردنەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر هەمان تاوان، ئێستا ئەم مەترسییە روبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە كە ماوەیەكی كورتی سزاكانیان بەسەربردووە، بەڵام لەگەڵ ئازادكردنی ئەوانەی كە ماوەی حوكمەكانیان تەواوكردەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە، روبەڕووی هەمان كێشە دەبنەوە".
راپۆرتەكە نوسیویەتی: هەردوو سیستمی دادوەری عێراقو هەرێمی كوردستان یاسای تایبەتی خۆیان هەیە بۆ روبەڕووبونەوەی تیرۆر كە لە دادگاكانیاندا پەیڕەوی دەكەن، حوكمەكانی بۆ تۆمەتی تیرۆر لە دادگاكانی كوردستان زۆر كەمترە.
لەڕووی مێژووییەوە (عێراقو كوردستان) سیستمێكیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی، بەڵام دادوەرانی هەردوولا بە هیومان رایتس وۆچ-یان رایگەیاندووە، ئەو سیستمە لەم ساڵانەی دوایدا كەمتر كارایە، بەتایبەتیش لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەی "ئەنجومەنی باڵای دادوەری" عێراق كە لە رۆژی 17ی كانونی یەكەمدا بڵاوكراوەتەوە جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگییەكی باشتر دەكاتو باسلەوەدەكات، مانكی تشرینی دووەم فەرماندراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چاككردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتە دادوەرییەكە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە تائێستا ئەو لیژنەیە دەستی بەكاركردن نەكردووە.
خەڵك چۆن دەستگیر دەكرێن؟
وەكو بەشێك لە هەڵمەتی لەناوبردنی "داعش" هێزە ئەمنییەكانی عێراقو هەرێمی كوردستان وردبینی ئەمنی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكەن كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەجێدەهێڵن، بۆ ئەمەش هێزە ئەمنییەكان پشت بە لیستێك دەبەستن كە نوێنەرانی هەردوولا لە ساڵی 2014وە ئامادەیان كردووە، سەرباری ئەمە لە چەند سەرچاوەیەكی جۆراوجۆرەوە لیستی ناوی ئەو كەسانە كۆدەكەنەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ "داعش" هەبووە، لەوانە وەرگرتنی زانیاری گشتی لەبارەی ئەندامانی "داعش" یاخود ئەو ناوانەی كە "داعش" خۆی بڵاویكردونەتەوە، یاخود ناوی كەسانی گومانلێكراو كە لەو كەسانە وەریانگرتووە كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی "داعش" هەڵاتوون.
راپۆرتەكە لەزاری ژمارەیەك خێزانەوە كە بەتۆمەتی ئەندامێتی "داعش" دەستبەسەركراون دەڵێ: " دراوسێ یاخود كەسانی تر زانیارییان داوە لەبارەی یەكێك لە ئەندامانی ئەو خێزانانەو تۆمەتباریان كردوون بە ئەندامێتی داعش، ئەمەش تەنیا بەهۆی ناكۆكی خێڵەكی یاخود تایبەتی یاخود ناكۆكی لەسەر زەویو زار".
دەستوری عێراقو سزاكان
لەبارەی مەترسی دووبارە دادگایكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێن راپۆرتەكە دەڵێ بەپێی دەستوری عێراق " تۆمەتبار دوای ئازادكردنی لەسەر هەمان تۆمەت دادگایی ناكرێتەوە، مەگەر بەڵگەی نوێ دەركەوێت".
دوو پسپۆڕی یاسایی لە هەرێمی كوردستانو عێراق بە رێكخراوەكەیان وتووە" ئەگەر كەسێك لە یەكێك لە سیستمە دادوەرییەكاندا تۆمەتباركرا بە تاوانێكو ماوەی سزاكەی تەواو كرد، ناكرێت جارێكی تر لەسەر هەمان سەرپێچی دادگایی بكرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەڵگەی نوێش دەركەوت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەوە، سەختە داواكار لە یەكێك لەو دوو سیستمە دادوەرییەدا بزانێت ئاخۆ ئەو بەڵگەیەی دۆزراوەتەوە بەڵگەی نوێیە یاخود نا، تەنانەت نازانرێت ئایا ئەو كەسە لە سیستمە دادوەرییەكەی تردا سزاكەی وەرگرتووە یاخود نا.
ژمارەیەك پسپۆڕ كە چاودێری دۆخی ئەو مێردمنداڵانە دەكەن بە رێكخراوەكەیان وتووە: ئەوان 5 نەوجەوان دەناسن كە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیانو دەستگیركراونەتەوە، بەڵام وردەكاری ئەوە نازانن كە چییان بەسەر هاتووە، بەپێی قسەی ئەوان ئاسایش نوسراوی دادگایان بەو نەوجەوانانە نەداوە كە لە زیندانی چاكسازی هەولێر ئازادیان كردوون، ئازادكراوەكان بۆ ئەوەی ئەو نوسراوەیان دەستكەوێت دەبێت بۆ ماوەیەكی درێژ پشت بە پارێزەرەكان ببەستن.
هیومان رایتس وۆچ باس لە نامەیەكی ئەلیكترۆنی (ئیمێڵ)ێكی دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەم بۆ رێكخراوەكەی ناردووەو لە وەڵامی مەترسی نەبووی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو سیستمە دادوەرییەكە دەڵێ:" هەماهەنگی هەبووەو بەهۆی ئەو هەماهەنگییەوە 6 كەس لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە حەواڵەی زیندانەكانی عێراق كراون، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیاری رێكخراوەكەی نەداوەتەوە لەبارەی نوسراوی ئەستۆپاكی كە دەبێت بە ئازادكراوەكان بدرێت.
وەڵامی هەرێمی كوردستان!
هەر دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ- ی دایەوە.
دیندار زێباری دەڵێ: هەر كەسێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بە تۆمەتی تیرۆر، دوای ئەوەی بە بەڵگەوە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوەو ددان دەنێت بە پەیوەندیكردنی بە داعشەوە، ئینجا دەستگیر دەكرێت، واتە لە دەستگیركردن تەنیا پشت بە ددانپێدانانی گومانلێكراوان نابەسترێت، هەروەها دوای دەستگیركردنیان كەسوكاریان ئاگاداردەكرێنەوە لە شوێنی دەستگیركردنیانو مافی هەبوونی پارێزەرو سكاڵا تۆماركردنیشیان هەیە لە دادگا دژی هێزە ئەمنییەكان".
لەبارەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری زێباری ئاماژە بەوەدەكات" حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ پڕۆسەیەكیان دەستپێكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەو دەستگیركراوانەو حكومەتی هەرێم ئاسانكاریی زۆری كردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەم دەستگیركراوانەو تائێستا بەپێی بەرنامەیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی، بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە (هەزارو 400) دەستگیركراوی داعش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی كراون، كە زوربەیان خەڵكی ناوچەكانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالەو حەویجە بوونو لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوون، واتە سزایان بۆ دەرنەچوو بوو لەلایەن دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە".
لەبارەی ئەو دەستگیركراوانەی كە لە هەرێم سزایان بۆ دەردەچێت یان بە بڕیاری دادگا ئازاد دەكرێن، زێباری رایگەیاند " هەر كەسێك بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابێتو حوكم درابێ، تۆمەتو سزاكەی دەخرێتە نێو پەڕاوەكەیو لە كاتی پێویستدا دەتوانرێت لەڕێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەستبكەوێت".