چەند بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەكاركێشایەوە
2018-12-25 09:19:37
( درەو میدیا):
لە راگەیەنراوێكدا شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیانلەكار كێشایەوە كە پێكهاتوون لە (كامیل مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی، محەمەد ئەمین ئاشوری ئەندامی مەكتەبی سیاسی، موحسن محەمەد ئەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسی، م. عەبدولغەفور چەمچەماڵ ئەندامی سەركردایەتی، ئارام كەمال ئەندامی سەركردایەتی، سەرباز خۆشناو ئەندامی سەركردایەتی).
سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان ئاماژەیان بە چەند خاڵێك كردووە لەوانە :.
1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و قۆرخكاری لەبڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا.
2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات و دارایی و چۆنیەتی سەرف و خەرجی و سپاردنەوەی بەمەكتەبی دارایی.
3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لەسیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە.
4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.
دەقی راگەیەندراوەكە…
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
راگەیەنراوێك بۆ ئەندامان و كادیران و بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕای گشتی خەڵكی كوردستان.
ئێمە كە پێكهاتووین لەژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای دانبەخۆداگرتنێكی درێژخایەن و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەكی گونجاو بۆ ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەو كۆتاییهێنان بەقۆرخكاری و دەسەڵاتی تاكڕەوی و بەهەدەردانی وزەو توانای كادیران و ئەندامانمان و لەپێناوی لەدەستنەكانی زیاتری پێگەی سیاسی و جەماوەری بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ئەوەی چەندین جار ڕێگاچارەی دروست و حەكیمانەمان خستەبەردەستی كەسی یەكەم و شورای ناوەندی، بەڵام دەسەڵاتی تاكڕەوانەو قۆرخكاری لەناو حزبدا لەلایەن كەسی یەكەمەوە هەمیشە دەبووە هۆكاری سەرەكی لەباربردنی هەوڵەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرەنجام بزووتنەوە بەم بارودۆخە لاوازە گەیشت كەهەموومان دەیبینین، لەكۆتا هەوڵیشماندا لە ۱/۱۱/۲۰۱٨ پرۆژەیەكی چاكسازیمان دایە ڕابەری گشتی و مەكتەبی سیاسی كە گرنگترین خاڵەكانی بریتی بوون لە:
1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و قۆرخكاری لەبڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا.
2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات و دارایی و چۆنیەتی سەرف و خەرجی و سپاردنەوەی بەمەكتەبی دارایی.
3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لەسیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە.
4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.
لەبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوەو بێ ئاكامكردنی هەوڵەكانمان ئێمە ئەم ئەندامانەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان دا لەئەندامیەتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی..
كامیل مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی
محمد ئەمین ئاشوری ئەندامی مەكتەبی سیاسی
محسن محمد ئەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسی
م. عبدالغفور چەمچەماڵ ئەندامی سەركردایەتی
ئارام كەمال ئەندامی سەركردایەتی
سەرباز خۆشناو ئەندامی سەركردایەتی
۲٥/ ۱۲ / ٢٠١٨