Draw Media

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری نەدا

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری نەدا

2018-12-22 17:15:23


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، بەڵام بڕیاری نەدا لەسەر ئەوەی ئایا بزوتنەوەكە بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات یاخود نا، جڤاتی نیشتمانی كە ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر لە (50) كەسە، بڕیاری خۆی دایە دەست لیژنەیەكی (5) كەسی كە دیاریكراون بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی، (درەو میدیا) هۆكاری بڕیارنەدانی جڤاتی نیشتمانی ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەیدا، كۆبوەوە. كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دوو پرسی سەرەكی بوو:
یەكەم: بەشداربوون یان نەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم
دووەم: كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە

لەبارەی بەشداری لە حكومەت
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بڕیار نەدراوە لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام زۆرینەی بەشداربووانی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە قسەكانیاندا پاڵپشتییان لە بەشداری بزوتنەوەكەیان لە حكومەت كردووە، جگە لە چەند دەنگێكی كەم كە باسی ئەگەری ئۆپۆزسیۆنبوونیان كردووە.
جڤاتی نیشتمانی كە بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیار لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بدات لە حكومەت، لە كۆبونەوەكەدا هیچ بڕیارێكی نەدا‌و لیژنەی دانوستانكاری راسپارد بەردەوام بێت لەسەر دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت.

بۆچی جڤات بڕیاری نەدا؟
سەرباری ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پشتیوانی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە حكومەت، بەڵام جڤات هیچ بڕیارێكی نەدا‌و پرسەكە نەخرایە دەنگدانەوە، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا بۆچی جڤات بڕیاری نەدا؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی بڕیاری نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی بزوتنەوەكە لە حكومەت یاخود نا:

هۆكاری یەكەم:
ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری بدایە لەسەر بەشداربوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، پارتی پێشوەختە لە نیازی بەشداربوونی گۆڕان دڵنیا دەبێت‌و ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر رەوتی دانوستانەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پشكەكانی گۆڕان لە كابینەی نوێدا، واتە سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت ئەگەرى بەشدارنەبوون لە كابینەی نوێ وەك ئەگەرێكی كراوە بهێڵنەوە‌و وەكو كارتی فشار لەسەر مێزی گفتوگۆكان بەكاری بهێنن، لەلایەكی تریش ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن ئەگەری پەیوەندیكردن بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە كارێكی سەخت نەبێت.

هۆكاری دووەم:
ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری بدایە لەسەر بەشدارنەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت كۆتایی دەهات، چونكە جڤاتی نیشتمانی بەرزترین ئاستی بڕیاردانە لەناو گۆڕان، واتا چیتر بابەتێك بۆ گفتوگۆ‌و كارتی فشار نامێنێتەوە.

گۆڕان‌و پەیوەندییەكانی !
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیدا لەبارەی پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ كرا.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باس لەو هەوڵانە كراوە كە بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی خستویەتیەگەڕ بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆبونەوەكەدا جەخت كراوە لەسەر ئەوەی كە كۆبونەوەی "كۆمەڵایەتی" لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كراوە، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی نەكراوە.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وتووە:" هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ یەكێتی ناكەین، چونكە یەكێتی نە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ گۆڕان، نە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، جێبەجێ نەكردووە".
رێكخەری گشتی گۆڕان وتویەتی:" بە بەرپرسانی یەكێتییان وتووە، تا ئەو رێككەوتنانە جێبەجێ نەكەن، كۆبونەوەتان لەگەڵدا ناكەین".
لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، گفتوگۆ كراوە، باسلەوە كراوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشداریكردندا لە كابینەی نوێی حكومەت كۆمەڵی ئیسلامی بەجێنەهێڵێت، بەڵام لەبەرامبەردا بۆچونێكی تریش هەبووە كە باسی لەوە كردووە كۆمەڵ لە ماوەی رابردوودا لە چەند وێستگەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان بە جێهێشتووە، لەوانە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی كە كۆمەڵی ئیسلامی لیستی "خزمەت"ی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا دروستكرد‌و پشتیوانی گۆڕانی نەكرد، لە وێستگەیەكی تریشدا كە بزوتنەوەی لە حكومەت دەركرا، كۆمەڵ لە حكومەت نەكشاوەتەوە تاوەكو دواین ساتەكان ماوەتەوە، دواینجاریش كە بزوتنەوەی گۆڕان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، كۆمەڵی ئیسلامی بۆچونی پێچەوانەی هەبووە.

لەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە
تەوەرێكی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بوو بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، جڤات لیژنەكانی راسپاردووە دەست بە كاركردنی خۆیان بكەن.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand