پارتی پەتاكەی یەكێتی دەگرێت !
2018-12-30 13:00:19
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
ئەم رۆژانە هەر وەفدێكی بیانی سەردانی هەولێر بكات، دەبێت لە سێ شوێنی جیاواز دیدار لەگەڵ سێ كەسی بنەماڵەی بارزانی بكات، ئەمڕۆ ناوەندی بڕیار لەناو پارتیدا لەبەردەم مەترسیدایە، یەكێتی لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی باوكەوە دووچاری دەردی بڕیاردان بوو، بەڵام پارتی هێشتا بارزانی باوك لە ژیاندایە سەرەتای نەخۆشییەكەی تێیدا دەركەوتووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەیەكە دوچاری هەمان ئەو پەتا كوشندە بوەتەوە كە یەكێتی نیشتمانی لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
بنەماڵەیەكو سێ سەر
لەدوای هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانیو كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ناوەندی بڕیاری پارتی دابەشبووە بەسەر سێ جەمسەردا (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی)، ئێستا هەر وەفدێكی بیانی سەردانی هەولێر بكات، دەبێت هەرسێ جەمسەرەكە ببینێت تاوەكو لە بۆچونی پارتی تێبگات .
بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) لەدوای كاندیدكردنی مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، زۆرینەی ئەو وەفدانەی سەردانی هەولێریان كردووە، هەرسێ جەمسەرەكەی پارتییان بینیوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو وەفدی باڵا سەردانی هەولێریان كرد:
وەفدی یەكەم:
كاردینال (پیترۆ پارۆلین) سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، ئەم پیاوە لە یەك رۆژدا لە سێ شوێنی جیاواز لەگەڵ (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی).
وەفدی دووەم:
(جینین هینیس بلاسخارت) نوێنەری نوێی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەردانی هەولێری كرد، كە بەمدواییە لە شوێنی یان كۆبیچ دەستبەكاربووە، ئەم خاتونەش بەهەمان شێوە لەیەك رۆژدا سەردانی هەرسێ جەمسەرەكەی پارتی كرد، سێ جەمسەر كە پێكهاتوون لە (باوك- كوڕ- برازا).
پارتی كە لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە زۆرجار تانەی لە یەكێتی دەدا بەوەی كە ناوەندێكی دیاریكراوی بڕیاری نیەو وەفدە ناوخۆییو دەرەكییەكان نازانن لەگەڵ كێو كام باڵدا قسە بكەن كە گوزارشت لە بۆچونی راستەقینەی یەكێتی بكات، ئێستا خۆی لەدوای كاندیدیكردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوچاری هەمان دەرد بوەتەوە، دەردێك كە رەنگە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، برینی كوشتندە لەسەر جەستەی پارتیو بڕیاری پارتی لە داهاتوودا دروستبكات.
سێ جەمسەرەكەو دەسەڵات !
ئێستا پارتی بەشێوەیەكی كردەیی دابەشبووە بەسەر سێ جەمسەری بڕیاردا، هەر یەكێك لەو جەمسەرانە كۆمەڵێك كێشەو گرفتی خۆی هەیە.
جەمسەری یەكەم: مەسعود بارزانی
مەسعود بارزانی كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو كۆڵەكەی راگری بنەماڵەی بارزانییە، بڕیاریداوە لە دەسەڵات بكشێتەوەو تەنها وەك مەرجەعێكی پارتیو بنەماڵەكەی بمێنێتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی گۆڕەپانەكەی بۆ كوڕو برازاكەی چۆڵ نەكردووەو هاوشێوەی ئەوكاتەی كە سەرۆكی هەرێم بوو رۆڵ دەگێرێتو پێشوازی لە وەفدەكان دەكات، رەنگە هۆكارەكەی جموجوڵەكانی ئەمدواییەی بارزانی باوكو دیدارەكانی لەگەڵ وەفدە بیانییەكان پەیوەندی بە رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017وە هەبێت، كاتێك دوای ریفراندۆم شاندە بیانییەكان بەتەواوەتی مەسعود بارزانیان بایكۆت كرد، پێدەچێت بارزانی بەر لە دانیشتنی یەكجارەكیو خانەنشینبوونی بیەوێت هەندێك لەو رۆڵە سیاسییە لەدەستچووە بۆخۆی بگێرێتەوە كە لە پێش ریفراندۆم لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە هەیبوو، هەرچەند بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) زۆرێك لە دیدارەكانی ئەمدواییەی مەسعود بارزانی، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی رێكخراوەو برازا لەو رێگەیەوە هەوڵیداوە كەمێك خۆی لە توڕەیی مامی بەدوربگرێت.
جەمسەری دووەم: مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، هاوكات كاندید كراوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، حكومەتێك كە دیارنیە كە كەیو بەچی شێوازو دەسەڵاتێكەوە پێكدێت.
جەمسەری سێیەم: نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی هێشتا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هاوكات كاندیدیش كراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێم، دامەزراوەیەك كە دیارنیە كەیو بەچی دەسەڵاتێكەوە كارادەكرێتەوە.
ئەركی وەفدە بیانییەكانیان سەختكردووە
ئێستا سێ كەسایەتی سەرەكی پارتی كە بریتین لە (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی) هەموو شتێكن، هاوكات هیچ شتێكیش نین، بارزانی باوك چیتر سەرۆكی هەرێم نییەو هیچ دەسەڵاتێكی یاسایی نییە، مەسرور بارزانی كاندیدی سەرۆكی حكومەتەو هێشتا حكومەتەكەی پێكنەهاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتە، بەڵام كاتی كابینەكەی تەواو بووەو رۆژ بەرێدەكات تا ئەو كاتەی كابینەی نوێ پێكدێت.
ئەم دابەشبوونە نوێیەی بڕیارو دەسەڵات لەناو پارتی، ئەركی وەفدە بیانییەكانی سەخت كردووە، ئەوانەی لەم رۆژانەدا سەردانی هەولێر دەكەن، بەڕوونی ئەو دابەشبووە دەبینن.