پشتی پەردەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق
2018-12-28 19:52:02
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد روئوف
لەسەردانەكەی دۆناڵد ترەمپدا بۆ عێراق، ئەمریكییەكان هەوڵیاندا سیناریۆكەی ساڵی 2006ی جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەیان دووبارە بكەنەوە، واتە ویستیان لەناو خاكی عێراقدا سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فڕۆكەی ئەمریكی ببەن بۆ دیداری ترەمپ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق ئاشكرا دەكات.
درەنگانێكی شەوی چوارشەممە میدیاكانی جیهان بەشێوەیەكی بەپەلە هەواڵی سەردانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایان بۆ عێراق بڵاوكردەوە، سەردانێك كە پێشتر هیچ زانیارییەكی لەبارەوە رانەگەیەندرابوو.
فڕۆكەكەی ترەمپ لە بەغدادی پایتەختو لە ناوچەی سەوز نەنیشتەوە وەكو ئەوەی هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی پێشبینی دەكات، بەڵكو لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە خۆرئاوای شاری رومادی كەوتەسەر زەوی، ئەو بنكەیەی كە ساڵی 2006 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا سەردانی كرد.
میدیاكانی عێراقو هەندێك لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان وا بڵاویانكردەوە ترەمپ بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت هاتوەتە عێراقو سەروەری عێراقی پێشێلكردووە، ئەمە كاردانەوەی لە شەقامی عێراقی دروستكرد، ئەوەی وایكرد خەڵك زیاتر باوەڕ بەم چیرۆكە بكەن ئەوە بوو ترەمپ لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق دیداری لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەكردو دوای پیرۆزبایكردن لە سەربازانی وڵاتەكەی لە بنكەی (عەین ئەسەد) بەبۆنەی كرسمسو جەژنی سەری ساڵی نوێوە، بەبێدەنگی گەڕایەوەو عێراقی بەجێهێشت.
دوای دوو رۆژ لەو سەردانە پڕكێشمەكێشەی ترەمپ بۆ عێراق، (درەو میدیا) بەدواداچونێكی نوێی كردو لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای عێراقییەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی ئەو سەردانە دەستكەوتووە.
بەرپرسانی عێراقی ئاگاداركران ؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییە نوێیانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بەر لە هاتنی، دۆناڵد ترەمپ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانەكەی ئاگاداركردوەتەوە، ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەیە كە باسیان لەوەدەكرد هیچ یەكێك لە بەرپرسانی عێراقی ئاگاداری سەردانەكە نەبوون.
بەڵام تیمەكەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراقیان ئاگاداركردووە لەوەی ئامانج لە گەشتەكەی ترەمپ بۆ عێراق سەردانكردنی سەربازانی ئەمریكییە نەك سەردانی فەرمیو دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی.
دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدیو ساڵح !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لە بەغداد دەستیكەتووە، سەرباری ئەوەی پێشتر تیمی سەرۆكی ئەمریكا سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگاداركردووە لەوەی سەردانەكەی ترەمپ بەمەبەستی بەسەركردنەوەی سەربازانی ئەمریكییە، بەڵام هاوكات باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد هەوڵیداوە لە پەراوێزی ئەو سەردانەی سەرۆكی وڵاتەكەیدا بۆ عێراق، دیدارێك بۆ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا رێكبخات.
باڵیۆزی عێراق پێشنیازی بۆ عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح كردووە، هاوشێوەی سەردانەكەی ساڵی 2006ی جۆرج بوش كە سەردانی هەمان بنكەی (عەین ئەسەد) كردو بە فڕۆكە ئەمریكی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئەوكاتیان برد بۆلای، ئەمانیش بە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی عەین ئەسەد بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی بەپێی پێشنیازەكەی ئەمریكا لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە یاخود نا، عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح كۆبونەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریانداوە بەوشێوەیە لەگەڵ ترەمپ دیدار نەكەن، چونكە كاردانەوەی خراپی لە شەقامی عێراقیدا دەبێت.
مەرجەكان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ
ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەەوەدەكەن، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح رەتیانكردوەتەوە بە فڕۆكەی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی (عەین ئەسەد)، چەند پێشنیازێكی نوێیان خستوەتە بەردەم ئەمریكییەكان، پێشنیازی یەكەم ئەوە بووە دوایانكردووە ترەمپ خۆی سەردانی بەغداد بكاتو لەگەڵ ئەواندا كۆببێتەوە، ئەمریكییەكان ئەم پێشنیازەیان رەتكردوەتەوە، پاشان سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراق رازی بوون بەوەی لە بنكە ئاسمانییەكە لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە، بەڵام بەمەرجێك بە فڕۆكەی تایبەتی عێراقی بچنە ناو بنكەكەوەو كۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ ترەمپدا بكەنو پرۆتۆكۆڵی سەربازی دیدارەكەش لەلایەن سەربازانی عێراقیو بە ئاڵای عێراقەوە نمایش بكرێت، ئەمریكییەكان رازی دەبن بەوەی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح بە فڕۆكەی عێراقی بچنە ناو بنكە سەربازییەكەوە، بەڵام رازی نابن بەوەی سەربازانی عێراقی پرۆتۆكۆڵی دیدارەكە بكەن.
ئەمریكییەكان هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ قایلكردنی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح، لەوچوارچێوەیەشدا شوێنی تایبەت بەدیدارەكە ئامادە دەكرێتو ئاڵای عێراقو ئەمریكای تێدا دادەنرێت، جارێكی تر عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح پێكەوە گفتوگۆ دەكەنەوەو دیسان رازی نابن بەبێ ئەنجامدانی پرۆتۆكۆڵی سەربازی لەلایەن سەربازانی عێراقییەوە دیدار لەگەڵ ترەمپدا بكەن، بەوهۆیەوە هەوڵەكان شكستدەهێنن.
تەنیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی!
دوای كۆتایهاتنی هەوڵەكان بۆ سازدانی دیدار لەنێوان بەرپرسانی عێراقیو دۆناڵد ترەمپ لە سەربازگەیەكدا، ترەمپ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دەكاتو ئاگاداری دەكات لەوەی كە بەهۆی كەمی كاتو نەبوونی پرۆتۆكۆڵەوە ناتوانێت سەردانی بەغداد بكاتو داوا لە عەبدولمەهدی دەكات سەردانی واشنتۆن بكاتو لەوێ دیدار بكەن.
ترەمپو سەروەری عێراق
زۆرێك لە بەرپرسانی عێراقی نیگەرانییان لە سەردانەكەی ترەمپ بەوشێوەیە بۆ عێراق دەربڕی، هەندێك تۆمەتباریان كرد بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق، ترەمپ خۆشی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی بەوجۆرە سەردانی عێراقی كردووە، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمە لەكاتێكدایە ترەمپ پێشتر بەهەمان شێوە سەردانی سەربازانی وڵاتەكەی كرد لە ئوردنو لەوێ هیچ بەرپرسێكی ئوردنی نەبینی، لە گەڕانەوەشیدا لە عێراق، سەردانی ئەڵمانیای كردو لەوێ جگە لە بەسەركردنەوەی سەربازانی وڵاتەكەی هیچ دیدارێكی سیاسی نەكردو ئەڵمانییەكانیش تۆمەتباریان نەكرد بەوەی سەروەری وڵاتەكەیان پێشێلكردووە.
ئەو دیدارەی كە نەكرا !
رۆژنامەنوسێكی عێراقی بەناوی (رافید جبوری) كە لە كەناڵی (BBC)ی بەریتانی كاردەكات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی ئەو شوێنەی بڵاوكردەوە كە ئەمریكییەكان لەناو سەربازگەی (عەین ئەسەد)دا ئامادەیان كردووە بۆ دیداری عادل عەبدولممەهدیو بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا، ئەو دیدارەی كە هەرگیز روینەدا.
رۆژنامەنوسەكە دەڵێ" لە چوارچێوەی گەڕانمدا بەدوای راستییەكان، وێنەی ئەو شوێنەم لە چەند سەرچاوەیەكەوە كە باوەڕم پێیانە دەستكەوتووە، كە لایەنی ئەمریكی ئامادەی كردووە بۆ دیداری عاددل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا".
رافید جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەو شوێنەی كە بۆ دیداری عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا ئامادەكراوە، خێوەتێكە كە سەربازانی ئەمریكی تێدایە، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنەكەی نێوان هەردوولایە.
بەپێی قسەی جبوری، لایەنی عێراقی رێوشوێنی گرتوەتەبەر بۆ ئەوەی مەراسیمی پێشوازیكردن لە سەرۆكی ئەمریكاو كۆبونەوە لەگەڵیدا لە بارەگای فەرماندەیی بنكە سەربازییەكە بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵی عێراقی بەڕێوەبچێت، بەڵام ناكۆكی لەبارەی شوێنو مەراسیمەكەوە وایكردووە عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا كۆنەبێتەوەو تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پێكەوە قسە بكەن.