كۆمۆنیستەكان كەیسێكی كۆن زیندودەكەنەوە
2018-12-27 12:02:23
(درەو میدیا):
دادگای سلێمانی فەرمانێكی ئاگاداركردنەوەی بۆ هەریەك (سەعدی ئەحمەد پیرە، عومەری سەید عەلی، مستەفای سەید قادر، خەسرەو گوڵ محەمەد، سەركەوت حەسەن) ناردووەو داوایان لێدەكات لەبەردەم دادگا ئامادەبن.
(درەو میدیا) زانیویەتی بانگهێشتكردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای سكاڵایەكی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانە، كە تێیدا ئەو بەرپرسانە تۆمەتبار كراون بە "دەستگرتن بەسەر بارەگاو موڵكو ماڵی حزبی كۆمۆنیست".
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، عوسمانی حاجی مارف سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستان رایگەیاند، ئێمە دوو سكاڵامان تۆمار كردووە، یەكێكیان لەسەر كوشتنی پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیستەو سكاڵاكە لەلایەن كەسوكاری كوژراوەكانەوە تۆماركراوەو ئێمە شاهیدین تێیدا، سكاڵای دووەمیش لەلایەن حزبی كۆمۆنیستەوە تۆماركراوە لەسەر بردنی كەلوپەلی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیست.
وتیشی: "ئێمە سەركردایەتی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەرپرسی سەرەكی ئەو رووداوە دەزانین".
مانگی تەموزی ساڵی 2000 شارەوانی سلێمانی بەشێوەی زارەكی حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستانی ئاگاداركردەوە دەبێت بارەگاكانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار، ئەمە وەك هەوڵێك بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لەناو شاردا، حزبی كۆمۆنیست بە بڕیارەكە رازی بوو بەڵام پێی راگەیاندن دەبێت پێشتر بارەگاكانی یەكێتی ببنە دەرەوە ئەوكات ئامادەنە ئەمانیش بارەگاكانیان بەرنە دەرەوە
رۆژی 13 ی تەموز حزبی كۆمۆنیست خۆپیشاندانی كرد دژی بڕیارەكەی شارەوانی سلێمانی، ئاساییش خۆپیشاندانەكەی بڵاوەپێكردو هێڵی كارەباو تەلەفۆنی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستی بڕی.
بەیانی رۆژی 14ی تەموزی 2000 هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستیاندا، دوای چەند كاتژمێرێك پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیست كوژرانو چەند كەسێك برینداربوون، لە هێزەكانی ئاسایشیش كەسێك كوژراو دوانی تر برینداربوون، ئاساییش لەو هەڵمەتەدا 50 كەسی لە ئەندامانی حزبی كۆمۆنیست دەستگیركردو بارەگاكانیانی حزبەكەی داخستو كاری سیاسیشی لێ قەدەغەكرد.
ساڵی 2000 كە ئەو روداوە رویدا، ئەو كەسانەی كە ئێستا دادگا داوایان دەكات ئەم پۆستانەیان هەبووە.
• خەسرەو گوڵ محەمەد- بەرپرسی ئاسایشی گشتی
• سەركەوت حەسەن- بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی
• مستەفای سەید قادر- وەزیری ناوخۆ
• عومەری سەید عەلی- بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
• سەعدی ئەحمەد پیرە- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی نیشتمانی