Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

سبەینێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی سەرکەوتن " النصر " سەردانی كەركوك دەكات. سوفیان نعێمی سەرۆكی ئیتئلافی " النصر" لە پارێزگای كەركوك ئاشكرایكرد، لەسەردانەكەیدا حەیدەر عەبادی لە یەكێك لە یاریگاكان چاوی بە خەڵك دەكەوێت. بەپێی قسەی نعێمی كە لێدوانی بۆ سایتی سۆمەریەنیوز داوە، هەر لە سەردانەكەیدا بۆ كەركوك، عەبادی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی جەماوەری دەكات كە لە هۆڵێكی داخراودا بەڕێوەدەچێت، پاشان سەردانی ماڵی ژمارەیەك لە شەهیدان دەكات لە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك. لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك و هاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركوك، یەكەمجارە عەبادی سەردانی ئەو پارێزگایە دەكات، سەردانەکەشی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندایە. پێشتر و بەر لە سەردانی بۆ كەركوك، عەبادی سەردانی  سلێمانی و هەولێری كرد، بڕیار بوو سەردانی دهۆكیش بكات، بەڵام سەردانەكەی بۆ كاتێكی تر دواخست.  


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف  ئێستا پرسیاری جەوهەری لای هاوڵاتیانی كوردستان ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردن گرنگی ماوە، ئایا هەڵبژاردن چی لەژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی گۆڕیوە، لەكاتێكدا هەڵبژاردنەكان گۆڕانیان لە ئاست و رێژەی دەنگ و كورسی هێزەكاندا درووست كردووە، بۆچی گۆڕانگاری لە نەخشەی سیاسی و پێگەو دەسەڵاتی هێزەكاندا درووست نەكردووە. سەرەرای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی ساختەكاری و ناوی دوبارەو مردوو، ناشرین كراوە، بەڵام هەڵبژاردنەكان كاریگەریان لەسەر زیادكردن و كەمكردنی دەنگ و كورسی حیزبە سیاسیەكان درووست كردووەو نەخشەی سیاسی هێزەكان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەگەرچی ئەو گۆڕانكاریانەی كە هەڵبژاردنەكان دروستیان كردوون كاریگەری زۆریان لەسەر سیستمی حوكمرانی و دەمو چاوی حكومەت درووست نەكردووە.  هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان  لە هەرێمی كوردستان سەرەرای سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوهەڵبژاردنی پارێزگاكان، چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە ( 1992 ، 2005 ، 2009 ، 2013 )، لێرەدا بەووردی ئاستی دەنگ و كورسی هێزە سیاسیەكان دەخەینە روو لەو چوار هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لەماوەی 21 ساڵەدا چی گۆڕانكاریەك بەسەر دەنگ و كورسی ئەو هێزانەدا هاتووە، لە هەڵبژاردنی 1992 دا كە ( 1 ملیۆن و 112 هەزار ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو ( 971 هەزارو 953 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 87.4% )، هەرچەندە  (لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای دهۆك 178 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەبوو 198 هەزار كەس دەنگیدا واتا رێژەكە 111% بوو ) بەڵام بەهۆی دیاریكردنی رێژەی 7% بۆ چونە پەرلەمان ئەویش بەپێی بڕگەی 3 لەمادەی 36ی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، 7 لیست بەشداریان تێدا كردوو تەنها لێستی یەكێتی و لیستی پارتی ئەو رێژەیەیان تێپەراندوو چونە پەرلەمانەوەو دواتر دەنگەكانی ئەو لیستانەشیان بەسەر خۆیاندا دابەشكرد كە رێژەی 7% یان نەهێنابوو لە هەڵبژاردنی 1992 دا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (  438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و لیستی یەكێتی (423682 ) بەرێژەی ( 44.033% ) بەڵام ئەو لیستانەی نەچونە پەرلەمانەوە لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی (49073 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (5.100% ) و كە زۆرترین دەنگی دوای لیستی یەكێتی و پارتی هێناو نەچووە پەرلەمانەوە دواتریش لیستی سۆسیالیست (24867 ) دەنگ بەرێژەی( 2.584% ) بەدەستهێناو لیستی پارتی گەل (21106 ) بەرێژەی ( 2.193% )، لیستی حیزبی شیوعی(  9902 ) بەرێژەی (1.029% ) بەدەستهێناو لیستی دیموكراتخواز و بێلایەنەكانیش (500 ) بەرێژەی (0.519% ) بەدەستهێنا كۆی گشتی دەنگی ئەو لیستانەی كە نەچونە پەرلەمانەوە ( 105517 ) دەنگ بوو كە بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە فەوتان و خرانە سەر دەنگی یەكێتی و پارتی. كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بەسەر یەكێتی و پارتی ( 50 بە 50 ) دابەشكران، بەو پێیەش رێژەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان 50% و رێژەی دەنگەكانیشیان بە نزیكەی 44% بووە. بەڵام بەهۆی شەری ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە دوای 13 ساڵ لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنێكی تر كرایەوەو لە هەڵبژاردنی 2005 ی پەرلەمانی كوردستاندا كە (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكردوو، هەڵبژاردنی 2005 دا ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 1 ملیۆن و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 75.6% ) ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم كە لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو (1112000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (1178736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (51.5%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە رێژەی (75.6%) دەنگیاندا بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 (10%) كەمی كردووە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 1992 دا ئاستی بەشداریكردن (87.4%) بووە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 1992 بۆ 2005 ئاستی بەشداری هاوڵاتیان نزیكەی (12%) دابەزیوە لەو هەڵبژاردنەدا 13 لیست بەشداری كردبوو لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان كە لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو شیوعی و چەند لایەنێكی تر پێكهاتبوو (1570663 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (89.55% ) و لەكۆی 100 كورسی بێ كۆتاكان ئەو لیستە ( 93 كورسی ) بەدەستهێنا بەو شێوەیە یەكێتی ( 38 كورسی ) پارتی ( 37 كورسی ) یەكگرتوو ( 9 كورسی ) شیوعی ( 3 ) یەكێتی نەتەوەیی ( 1 كورسی ) سۆسیالیست ( 2 كورسی ) پارتی كرێكاران و رەنجدەران ( 1 كورسی ) هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی كە لەدەرەوەی ئەو لیستە هاوبەشە بوو ( 6 كورسی ) بەدەستهێناو لیستی زەحمەتكێشانیش ( 1 كورسی ) بەدەست هێنا، بەو پێەیەش رێژەی دەنگەكانیان ئەگەرچی بە تێكەل و پێكەوەیە بەڵام دابەزیوە بەهۆی دەنگی یەكگرتوو لایەنەكانی ترەوە، بەڵام ئاستی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 كە ( 50 بە  50 ) بوو دابەزی بۆ ( 38 بە 37 ) واتا لە 100 كورسیەوە بۆ 75 كورسی واتا 25 كورسی كەمیان كرد، بەرێژەی 25% ی كورسیەكانی پارلەمانی كوردستان.  بەڵام لە هەڵبژاردنی 2009 دا بەهۆی درووست بوونی لیستی گۆڕانەوە گۆڕانكاریەكان زیاتر دەركەوتن لە نەخشەی سیاسی هێزەكاندا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 25/7دا كە (24) لیست و هاوپەیمانێتی و كەسایەتی بەشداریان تێدا كرد و لە هەڵبژاردنی 2009 دا كە ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 793 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، ( 1 ملیۆن و 876 هەزارو 196 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 74.5 % ) ، تیایدا لیستی كوردستانی كە (یەكێتی و پارتی و چەند هێزێكی تری لە خۆ دەگرت) لە پلەی یەكەمدا هات بە (1076370) بە رێژەی (57.37%) و بەدەستهێنانی (59) كورسی، لیستی گۆڕان لە پلەی دووەم هات بە (445024) بەڕێژەی (23.72%) و بەدەستهێنانی (25) كورسی، لیستی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی كە (لە یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵی ئیسلامیی و زەحمەتكێشان و سۆسیالیست پێكهاتبوو) بەبەدەستهێنانی (240842) لە پلەی سێیەمدایە بەڕێژەی (12.84%) و (13) كورسی، هاوكات لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی (27147) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (1.45%) و (2) كورسی بەدەستهێنا، لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیی (حیزبی شیوعی و چەند گر‌ووپێك)، (15028) دەنگ بەڕێژەی (0.80%) و (1) كورسی بەدەستهێنا. گەر بەراوردی بكەین بە دەنگ و كورسیەكانی هەڵبژاردنی 1992 و 2005 گۆڕانكاریەكە زیاتر دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش بوون بۆیە ئاستی دەنگەكانیان بەجیا ئەژمار ناكری بەلام ئاستی كورسیەكانیان 59 كورسی بوو بەرێژەی 59%ی كورسیەكانی پەرلەمان بەبێ كۆتاكان، بەو پێیەش بە بەراورد بە هەڵبژارندنی 1992 یەكێتی و پارتی پێكەوە 41 كورسی بەرێژەی 41%ی كۆی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان كەمیان كرد، رێژەی دەنگەكانیشیان كە لە هەڵبژاردنی 1992 پێكەوە 89% بوو دابەزیوە بۆ 57% واتا 32% دابەزیوە.  لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستاندا ( 2 ملیۆن و 654 هەزارو 696 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو كە ( 73%) یان دەنگیاندا واتا ( 1 ملیۆن و 945 هەزارو 124 ) كەس، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان و لیستی گۆڕان (476736 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 24.4 ) و 24 كورسی و یەكێتی (350500 ) بەرێژەی( 17.8% )و 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (186741 ) دەنگ و بەرێژەی 9.6% و 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش ( 118574 ) بەرێژەی 6% و 6 كورسی و بزوتنەوەی ئیسلامیش ( 21834 ) دەنگ و بەرێژەی 1% و 1 كورسی و سۆسیالیست ( 12501 ) دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و لیستی ئازادی ( 12392 )دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و ئاراستەی سێیەم ( 8681 ) دەنگ و بەرێژەی 0.4% و 1 كورسی. بەراوردی نێوان دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی و پارتی لەنێوان 1992 و 2013 گۆڕانگاریەكی زۆر رویداوە هەم لە دەنگ و هەم لە كورسیەكانی پەرلەمان، بە جۆرێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 1992 دا (  438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و 50 كورسی پەرلەمانیش بەڵام لە 2013 و لە دوایین هەڵبژادرنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستاندا (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان واتا رێژەی دەنگەكانی 6.5% دابەزیوەو رێژەی كورسیەكانیشی 12 كورسی 12% كورسیەكانی دابەزیوە، هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لە هەڵبژاردنی 1992دا (423682 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 44.033% ) و لەگەڵ 50 كورسی بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكێتی (350500 ) بەرێژەی ( 17.8% )و 18 كورسی، بەو پێیەش رێژەی دەنگەكانی 26% كەمی كردووەو كورسیەكانیشی لە 50 كورسیەوە بۆ 18 كورسی واتا 32 كورسی كەمی كردووە بەرێژەی 32%. بەهەردوكیشیان یەكێتی و پارتی، رێژەی كورسیەكانیان كە ( 50 بە 50 ) بووە واتا 100 كورسی بەهەردوكیان بووە بە ( 38 بە 18 ) واتا 56 كورسی واتا 44 كورسی كەمی كردووە بە رێژەی 44% ی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەنگەكانیشیان كە پێشتر ( 89%) بووە دابەزیوە بۆ ( 38% بە 18% ) واتا 56% دەنگەكانیان هەیە واتا بەرێژەی 33%ی دەنگەكانیان كەمیكردووە، لێرەدا بۆیە زیاتر تەركیز لەسەر بەراوردی دەنگ و كورسی یەكێتی و پارتیە، لەبەر ئەوەی لە یەكەم خول تا دوایین خولی پەرلەمان ئەوان لیستیان هەبووەو لە هەمانكاتیشدا ئەو دوو هێزە لە 1992 تا ئێستا خاوەنی زۆن و ناوچەی جێدەسەڵاتی خۆیانن.  ئەوە جەوهەری گۆڕانكاریەكەیە لە كوورسی و دەنگداندان رویداوە كە لەماوەی 21 ساڵی نێوان چوار خولی هەڵبژاردن روویداوەو بەڵام، بەهۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی پرسی هێز و پارەو پۆستەكانی لەدەست خۆیاندا هێشتۆتەوە، بۆیە هەڵبژاردنەكان كاریگەری زۆری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئەو هێزانە درووست نەكردووە، سەرەرای ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە كورسی و دەنگەكانیان رویداوە.   


راپۆرتی: درەو میدیا پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لەو وێستگە گرنگانەی وێنەیەك لە قەبارەی ئەو گەندەڵییە گەورەیە ئاشكرادەكات كە پارتە سیاسەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پێ تۆمەتباردەكرێت، ئەو پارە زەبەلاحەی كە هەندێك بە ماڵی سیاسی و هەندێكی تریش بە ماڵی ڕەش ناودێری دەكەن هاوشێوەی سەرچاوەكەی، بڕەكەشی نادیارە ، تائێستا هیچ پارتێكی سیاسی بەشێوەیەكی ڕوون و شەفاف بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرانەكردووە كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان خەرجیدەكات، بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی چاودێریش كە بەر لەوەی لەبڕی پارەی تەرخانكراو بكۆڵێتەوە، سەرچاوەكەی ئاشكرابكات، ئەم پرسە لە تاریكیدا ماوەتەوە. زۆرینەی ئەو پارت و كەسایەتیە حزبیانەی كە پرسیاری سەرچاوەی داهاتی تەرخانكراویان بۆ بانگەشەی لێدەكرێت وەڵامەكەیان ئەوەیە كە لەڕێی ئابوونەی ئەندامان و هاوكارییەوە كۆیدەكەنەوە، بەڕای زۆرێك ئەم وەڵامە بۆ هەر جێگایەكی تر ڕاستبێت بۆ هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە سێ‌ ساڵی ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی قوڵ بوەتەوە نەك هەر بڕواپێكەر نیە بەڵكو ئەو بڕوایەش زیاتر تۆخدەكاتەوە كە سەرچاوەی ئەم داهاتانە ماڵی گشتین و لەدەستی حزبدا بووە بە ماڵی سیاسی یان وەك هەندێك ناویان ناوە ماڵی ڕەش و پارتەكان لەپێناو مانەوە و بەهێزكردنی هەژمونی خۆیان بەكاریدەهێنن. ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق پاڵپشت بە بڕگەی 8 لەمادەی 4 لەیاسای كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان،  خەرجی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بەپێی (سیستمی ژمارە  (1) بۆ ساڵی 2013)  ڕێكخستوە و بە كۆمەڵێك ڕێنمایی سنوری خەرجی قەوارە و كاندیدەكانی دیاریكردوە، بەكارهێنانی ماڵی گشتی و وەرگرتنی هاوكاریی دەرەكیشی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەكردوە، وێڕایی چەندین ڕێنمایی تر، بەڵام قەبارەی ئەو خەرجییە گەورەیەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و قەوارە سیاسییەكاندا خەرجدەكرێت، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ پابەندنەبوونی لایەنەكان بەو ڕێنمایانە. خەرجی پارت و قەوارە  سیاسییەكان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن تەنها لە چاپی فلێكس و پۆستەر و ئاڵا و لۆگۆی حزب و كاندیدەكانیان و ڕیكلامی كەناڵە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن كورتنابێتەوە كە بەشی هەرە زۆری لە وڵاتانی دراوسێ‌ چاپدەكرێن و خەرجییەكەی بە چەندین ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەڵكو پارەیەكی ئێجگار زۆریش لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەرجدەكرێت بۆ پڕوپاگەندە و هەزاران كەس بەناوی (سوپای ئەلیكترۆنی) خراونەتەگەڕ كە ئەركیان تەنها تەرویج و بانگەشەكردن نیە بۆ حزب و كاندیدەكان بەڵكو هێرشكردنە سەر لیست و قەوارەكانی تریش بەشێكی گرنگی ئەركەكانیانە. ناڕوونی سەرچاوەی دارایی حزبەكان وایكردوە سەرچاوەی خەرجییەكانیشان نادیاربێت و هەرچی دەوترێت لە چوارچێوەی خەمڵاندندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە مانای وانیە ئەو تەمومژە چڕە دەستكردەی بوەتە بەربەست لە ڕێی ڕونبونەوەی ئەم پرسە دروستكراوبێت و بوونی نەبێت ، نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە لە ساڵی 2006وە بۆ 2014 لە لوتكەی جێبەجێكردنی عێراقدا بووە و ئیئتیلافەكەشی یەكێكە لە قەوارە بەهێز و بە هەژموونەكانی عێراق، لە نوێترین لێدوانیدا ئەوەش ئاشكرادەكات" لێشاوێك پارەی سیاسی ڕژاوەتە ناو عێراق بەئامانجی ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوكات قەحتان جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی (سائرون) بە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی وتوە، بەداخەوە زۆربەی قەوارە و پارتە سیاسییە گەورەكان كە لەساڵی 2003وە، هەژمونیان كردوە بەسەر پرۆسەی سیاسییدا خاوەنی سامانێكی زۆرن لە ماڵی سیاسی و لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەتەواوی ڕەنگدەداتەوە.         ئەوەی بەرچاوە و لەسەر زەمینی واقیع دەبینرێت، پارتە دەسەڵاتدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پشكی شێری خەرجییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت، بەهۆی ئەو دەسەڵات و هەژمون و توانا داراییەی هەیانە، كە وەك بەشێك لەچاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، تەنها بۆ پرسی بانگەشەكردن بەكاریناهێنن، بەڵكو كاریگەری لەسەر ڕای دەنگدەر و بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنیش دروستدەكەن و بەشێكی گەورەی دەخەنە خزمەتی كڕینی دەنگ و چەواشەكردن و بەهەڵەبردنی هاوڵاتیان لەڕێی خستەگەڕی میدیای زەبەلاحەكانیان و كەرەستە جیاوازەكانی ئاڕاستەكردن كە خاوەندرێتی دەكەن تا دەگاتە بەكارهێنانی دامودەزگا جیاوازەكان دەوڵەت. ئەوەی بۆ زۆرێك لە چاودێران مایەی هەڵوەسەتە لەسەركردنە، خاڵی هاوبەشی بەرنامەی هەڵبژاردنی تەواوی لیست و قەوارە سیاسییەكان قسەكردنە لەسەر ژیانی خەڵك و باشكردن و بەرەپێشبردنی گوزەرانیان، بەڵام تائێستا نەبانگەشەكان بونەتە بەشێك لە پرۆسەی گەشەدان بەژیانی سیاسی و هۆشیاركردنی هاوڵاتیان و پارێزگاریكردن لە ماف و ئیرادەیان، نە زۆرینەی بەڵێنەكانیش بوون بەكردار و شتێكی بەرجەستە لە ژیانی خەڵك بگۆڕێت، بەڵكو ئەوەی هەیە بەوشێوەیە پێناسە دەكرێت كە بانگەشەكان لە ناوەرۆكدا شەڕی كۆمەڵێك حزب و قەوارەی سیاسییە، هەندێكیان بۆ مانەوە و بەشێكیشان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لەژێر ناونیشانی خەڵك و بەپارەی خەڵك و خەڵكیشان كردوە بەكەرەستەی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی پارتە سیاسیەكان مافی بانگەشە و ئیمكانیاتی دارایی و نمایشكردنی بەرنامە و دونیابینیەكانی خۆی نەبێت، بەڵكو قسەكە لەسەر ئەو پرۆسە ناتەندروستەیە كە لە تاریكیەكی تەواودا بەڕێوەدەچێت.  


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت " 30 پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق زمانی عەرەبی نازانن و لەم خولەدا هیچ قسەیەكیان نەكردووە" ئەمە قسەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئایا مەرجە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی تری كورد لە دامەزراوەكانی عێراقدا زمانی عەرەبی بزانن ؟ (درەو) لەم راپۆرتەدا لەروانگەی یاساییەوە شیكاری بۆ پرسی زمان وەكو مافێكی بنەڕەتی دەكات لە دەستوری عێراقدا و وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە ئاخۆ مەرجە نوێنەرانی كورد لە بەغداد عەرەبی بزانن و بە عەرەبی قسە بكەن یاخود نا ؟ پاشخانێكی مێژوویی كورت بەر لەوەی باس لەوە بكرێت ئایا نوێنەرانی كورد مافی قسەكردنیان هەیە بە زمانی كوردی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، گرنگە باس لە ریشەی مێژوویی كێشەی زمانی كورد لە عێراق بكرێت، بۆ ئەوەش تەماشاكردنی پێگەی زمانی كوردی لە دەستورە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سەرەتایەكی گرنگە. زمانی كوردی لە دەستورەكانی عێراقدا • دەستوری بنچینەیی عێراق  ئەم دەستورە لە ساڵی 1925دا نوسرایەوە، تاوەكو روخانی رژێمی پادشایەتی لە عێراق كاری پێكرا.  لەم دەستورەدا بەشێوەیەكی فەرمی زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی قسەكردنی دەوڵەت دانراوە و بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكراوە، بەڵام لە ماددەی (16)ی بەشی یەكەم "مافەكانی گەل" ئاماژە بەوەكراوە" تائیفە جیاوازەكان مافی ئەوەیان هەیە خوێندنگە دروستبكەن بۆئەوەی تاكەكانیان بە زمانی تایبەتی خۆیان بخوێنن". • دەستوری كاتی عێراق  دەستوری كاتی دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 و كەوتنی رژێمی پادشایەتی و راگەیاندنی رژێمی كۆماری لە عێراق نوسرایەوە، لەم دەستورەدا بۆ یەكەمجار و لە مادەی (3)ی بەشی یەكەمدا ئاماژە بەوەكراوە" عەرەب و كورد هاوبەشن لەم وڵاتەدا"، لەمە زیاتر دەستورەكە بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكردووە. • دەستوری 1960 شەستەكانی سەدەی رابردوو عێراق چەند كودەتایەكی سەربازی بەخۆوە بینیی، لەم ماوەیەدا دوو دەستوری كاتی بۆ عێراق نوسرانەوە، لە دەستوری ساڵی 1960 دان بەوەدا نرا كە لە چوارچێوەی یەكێتی نەتەوەییدا دان بەمافەكانی كورد دادەنرێت، بەڵام لە پرسی زماندا وەكو یەكێك لە مافە بنەڕەتییەكان دەستورەكە ئاماژەی بەوەكرد كە زمانی عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتە. • دەستوری 1968 لەم دەستورەشدا زمانی كوردی پشتگوێخرا، زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكرا، بەڵام لە دەستورەكەدا لە بەشی سێیەم "ماف و ئەركە گشتییەكان" لە مادەی (21) دا دان بەوەدا نراوە كە "عەرەب و كورد لە ماف و ئەركەكاندا هاوتان و هیچ جیاكارییەك ناكرێت لە نێوانیاندا بەهۆی رەگەز و ئیتنیك و زمان و ئاین..". • دەستوری كاتی 1970 لەدوای قۆناغی كودەتاكانەوە ئەم یەكەمین دەستوری كاتی بوو كە بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە تاوەكو ساڵی 1990 كاری پێكرا، ئەوەی ئەم دەستورەی لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاكردەوە ئەوە بوو كە تێیدا جگە لە مافە نەتەوەییەكانی كورد، باسی لە مافی كەمە نەتەوایەتییەكانی تری عێراقیشی كردبوو. لە خاڵی (ب)ی مادەی (5)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتە بە پێناسەكردنی كۆماری عێراق ئاماژە بەوەكراوە" گەلی عێراق پێكدێت لە دوو نەتەوەیی سەرەكی، كە ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستورە دان بە مافەكانی گەلی كورد و هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی تردا دەنێت..". لەبارەی زمانەوە وەكو مافێكی بنەڕەتی، دەستورەكە لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاوازترە و لە (ب)ی ماددەی (7)ی بەشی یەكەمدا بەڕونی نوسراوە"لە ناوچە كوردییەكاندا زمانی كوردی زمانی فەرمییە لە تەنیشت زمانی عەرەبیدا"، بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا هەر زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكراوە. • دەستوری 1991 ساڵی 1991 دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان و گەلی شیعە لە باشوری  دژی رژێمی عێراق، دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا پرۆژەی دەستورێكی نوێیان نوسییەوە، بەڵام ئەم دەستورە بەشێوەیەكی كرداری كاری پێنەكرا و تەنیا وەكو بانگەشەیەك مایەوە. لەم دەستورەدا زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكراوە، زمانی كوردی تەنیا لەو ناوچانە قسەی پێدەكرێت كە كوردنشینن. دەستوری هەمیشەیی 2005 و گۆڕانكارییە گەورەكە ساڵی 2003 رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن روخێنرا، ساڵی 2005 دەستورێكی نوێ بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە قەڵەمبازێكی گەورەی تێدایە بۆ مافە نەتەوییەكانی كورد بەتایبەتی زمان. لە مادەی بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (4)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتكراوە بە "بنەما سەرەكییەكان" بەتەواوەتی دانراوە بە زمانی كوردیدا وەكو زمانی فەرمی وڵات و هاتووە" زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمی وڵاتن..". مەرجە نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بزانن ؟ لەبەر رۆشنایی ئەو مادەیەی دەستوری عێراق كە زمانی كوردی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكردووە، نوێنەرانی كورد دەتوانن لە دامودەزگاكاندا بە زمانی رەسەنی خۆیان قسە بكەن و لە مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیشدا بۆ كاندیدبوون هیچ مەرجێكی زمان دیارینەكراوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەكو یەكێك لە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەوڵەتی نوێی عێراق سیستمێكی تەكنیكی جێبەجێكردووە كە دەرفەت لەبەردەم نوێنەرانی كورد دەڕەخسێنێت بە زمانی كوردی قسە بكەن و راستەوخۆ قسەكانیان وەربگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی. لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران (4) كارمەندی هەبوو، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، محەمەد ئەبو بەكر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی: لەو چوار كارمەندە (2) كارمەندیان دوورخراونەتەوە و كارمەندێكیش كۆچی كردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ئێستا بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ (1) كارمەندی هەیە كە فریای كارەكەی ناكەوێت. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەكرد، داوای دامەزراندنی كارمەندی نوێی كردووە بۆ بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ، بەڵام بەبیانوی ئەوەی پلەی وەزیفی و دامەزراندن نییە، تائێستا هیچ كارمەندێك بۆ بەشەكەیان دانەمەزرێندراوە. سەرباری سیستمی تەكنیكی قسەكردن، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر سایتی فەرمی خۆی هەموو هەواڵ و بابەتەكانی تایبەت بە ئەنجومەن لە پاڵ زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش بڵاودەكاتەوە، لە ماددەی (149)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی ناسێندراوە. لە توركیا بەپێی دەستور زمانی توركی زمانی فەرمی قسەكردنە لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بەڵام سەرباری ئەوەش نوێنەرانی كورد بۆ بەرگریكردن لە زمان و ناسنامەی خۆیان زۆرجار یاساكان پێشێل دەكەن و بەزمانی كوردی قسە دەكەن، رەنگە چیرۆكەكەی (لەیلا زانا) باشترین نمونەبێت، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسا نوێنەرانی كورد بۆیان هەیە بە زمانی خۆیان قسەبكەن، كەچی كەمتەرخەمن. لە بری كاركردن بۆ جێبەجێكردنی مافی دەستوری كورد لەڕوی زمانەوە لە بەغداد، بەمدواییانە هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەر لە دیاریكردنی كاندیدەكانیان، تاقیكردنەوەی زمانی عەرەبییان پێدەكەن، وەكو ئەوەی زمانی كوردی لە بەغداد یاساغ بێت، رەنگە لەمڕوەوە بەرپرسانی بەغداد خۆشحاڵ بن. لەبەرامبەردا هەندێك لە چاودێران بە باشی دەزانن نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بەباشی بزانن، ئەمە نەك تەنیا بۆ قسەكردن، بەڵكو بۆ ئەوەی بەتەواوەتی زاڵ بن بەسەر كێشەی زمان و ئاستەنگەكانی تێگەیشتن لە یاساكان.      


چاوپێكەوتنی/ نیاز عەبدوڵا  - هەولێر  دكتۆر جه‌رجیس گولیزاده‌ سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ولێر، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ره‌ كوردانه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی چه‌ندین ساڵه‌ ده‌نووسێت و له‌ سایت و رۆژنامه‌ ناسراوه‌كانی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی بابه‌ته‌كانی بڵاوكردوەته‌وه‌، له‌ 28ی ئایاری 2010 له‌ دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان شیعرێكی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی "سه‌رده‌شت بۆ قه‌ڵه‌م چیایه". ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ له‌ چۆنییه‌تی ئیداره‌دانی سیاسه‌تی ئابووری و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ. ئێستا ئه‌و له‌گه‌ڵ 7كاندیدی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر كه‌ 5 له‌و كاندیدانه‌ توركمانن و دوو له‌وانیش خوشك و بران، كیبڕكێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ لیسته‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانی تر بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. بۆیه‌ " دره‌و میدیا " له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ جه‌رجیس گولیزاده‌ پاڵنه‌ره‌كانی بوونی ئه‌و لیسته‌ له‌ كوردستان ده‌خاته‌ به‌رباس. ‌  دره‌و میدیا: هاوپه‌یمانێتی " النصر" بۆچی بڕیاریدا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و له‌ پارێزگاكانی لیستی هه‌بێت؟ جه‌رجیس گولیزاد: خودی دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پاش ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منیی و سیاسییه‌ی له‌ دوای هاتنی داعش دروست بوو، به‌ تایبه‌ت پاش زاڵبوون به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش بۆچوونێكی تایبه‌تی بۆ دروست بوو به‌وه‌ی‌ ده‌بێ دیدگایه‌كی نوێ به‌سه‌ر دۆخی پڕ كێشه‌ی عێراق زاڵ بێت.  بۆیه توانی دیدگایه‌كی عێراقی بخاته‌ روو، كه‌وا ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك له‌وانه‌.  یه‌كه‌م: سیستم و پرۆسه‌ی سیاسی عه‌یبداره‌ و دیدگای نوێی پێویسته‌ كه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حكومه‌تێكی ره‌شید و دوور له‌ مه‌زهه‌بگه‌رایی‌ و موحاسه‌سه‌ و كێشه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌ڕێوه‌ ببرێت. دووه‌م: ده‌خوازێت سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی له‌ عێراق هه‌بێت و‌ عێراق جارێكی تر دووچاری بوومه‌له‌رزه‌ی تیرۆر نه‌بێته‌وه. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی زۆر لا گرنگه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئابووری ببووژێته‌وه‌. له‌ روانگه‌ی ئه‌و كێشه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ئابوورییه‌و و ده‌یه‌وێت ئه‌و بوژانه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای بازرگانی و كشتوكاڵ و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆیه‌ ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو پارێزگاكان و ته‌واوی عێراق، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ نێو پلانه‌كه‌ی ئه‌و. دره‌و میدیا: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم چه‌ند پاڵنه‌ر بوو تا ئێوه‌‌ روو له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ هۆی ریفراندۆم به‌غداد هه‌ستیكرد خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌ كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق هه‌وڵده‌ده‌ن. به‌ حیساباتی ستراتیژی و جیۆپۆلۆتیكی ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداد به‌ حاڵه‌تێكی ترسناك زاندرا. تائێستا ئه‌و دیدگایه‌ له‌ناو عێراقییه‌كان دروست نه‌بووه‌ كه‌ تیگه‌یشتنیان بۆ بابه‌تی مافی نه‌ته‌وایه‌تی كورد هه‌بێت یان تێگه‌یشتنیان بۆ جیابوونه‌وه‌ی كوردستان هه‌بێت. ئیتر له‌به‌رئه‌وه‌ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ستی كرد پیویسته‌ خۆی بێته‌وه‌ ناو كورد و هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌ په‌یامی یه‌كتری بگه‌ن، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پاڵنه‌ر بوو بۆ به‌شداریمان له‌ كێبڕكێی راسته‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان . بۆ نموونه‌ به‌غداد به‌ كورد ده‌ڵێت من دوژمنی تۆ نیم و شه‌ریكی ده‌ستووری تۆم، له‌ هه‌مان كات كوردیش ده‌بێت له‌و په‌یامه‌ تێبگات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌سه‌ر ئاستی خاڵی هاوبه‌ش بێت بۆ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی كه‌ بتوانن ئیداره‌یه‌كی مۆدێرنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكه‌ن به‌بێ كێشه‌و به‌بێ قه‌یران. سەرۆكی لیستەكەی عەبادی لە هەولێر: - بەشداریكردنی لیستەكەی عەبادی لە هەرێم رەمزیە وەك لەوەی بۆ دەنگ كۆكردنەوە بێت. - تا ئێستاش ئەرزیەت دروست نەبووە كە بەئاسایی تەماشای عەبادی بكرێت لە هەرێمی كوردستان    دره‌و میدیا: به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ده‌كرد ئێستا كاندیدن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پێتوایه‌ ده‌توانن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد چاره‌سه‌ربكه‌ن؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ڕاستی من وای بۆ ناچم ئه‌وانه‌ بتوانن ئه‌و رۆڵه‌ ببینن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان رێچكه‌ی پێش ریفراندۆم یان هه‌مان بیروبۆچوونی ریفراندۆم-یان هه‌بێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌یه‌ له‌ بیری ئه‌و كه‌سانه‌. ئه‌وه‌ واده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و كه‌سانه‌ خوێندنه‌وه‌یان به‌گشتی بۆ دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نییه‌، خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌ستووری عێراق و دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی نییه‌. ده‌بێ تێبگه‌ین ئێمه‌‌ 1974 زه‌ربه‌مان پێكهو‌ت و شۆڕشی كورد تووشی شكست بوو. ئه‌م جاره‌ش به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ تووشی شكستێكی تر بووین. له‌ ده‌رگا‌ی واشنتنمان دا ئه‌نجامی نه‌بوو، قیاده‌ی سیاسی كوردی له‌ ده‌رگا‌ی ئه‌نقه‌ره‌ تاران-ی دا هه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوو، كه‌واته‌ ته‌نیا ده‌رگا و رێگا كه‌ بۆ كورد هه‌یه‌ له‌‌و مێژووه‌ی ئێستا به‌غدایه‌. بۆیه‌ ده‌بێ زۆر به‌ ئاقڵی و زیره‌كانه‌ به‌غداد بخوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئینكاری ناكرێ له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌دوای رووخانی‌ رژێمی سه‌دام حوسێن باشترین ده‌ستوور چه‌سپابێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌موو جیهان كه‌ مافی كوردی تێدا چه‌سپابێت ده‌ستووری نوێی عێراقه‌‌. به‌ به‌راورد به‌ مافه‌كانی كورد له‌ ئاستی توركیا و ئێران ئه‌م مافه‌ ده‌ستووریانه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ته‌نانه‌ت به‌ 500 ساڵیش له‌ توركیا و ئێران كورد ناگه‌نه‌ ئه‌م مافانه‌. وه‌ك مافی دروست كردنی كیانی فیدڕاڵی، مافی ده‌رهێنانی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان، مافی دانانی حكومه‌ت و مافی هه‌ڵبژاردن و مافی دانانی په‌رله‌مان، ئه‌وانه‌ مافی گه‌وره‌ن‌ ‌بۆ كورد هاتوونه‌ته‌‌ جێ. هه‌رچه‌نده‌ خۆشمان به‌شدارین له‌ نووسینی ده‌ستووری عێراق، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و مافانه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌ یاسا و یاسای بۆ ده‌ربینین تا تووشی ئه‌و كیشانه‌ نه‌بین كه‌ ئێستا تووشی بووین. دره‌و میدیا: تۆ وه‌ك كوردێك كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" ده‌كه‌یت له‌ هه‌ولێر، رووبه‌ڕووی چ ره‌خنه‌یه‌ك بوویته‌وه‌؟ چی پاڵنه‌ڕبوو ئه‌و كاره‌ بكه‌ی؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ته‌كلیفه‌. ئیتر ئه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی من ئه‌و ژماره‌یه‌ی داوه‌ته‌‌ من. من له‌ بنه‌ماوه‌ كه‌وتوومه‌ته‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ و ‌خۆم چه‌ند په‌یامێكم هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بگه‌یه‌نم، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌ربچم یان ده‌رنه‌چم ‌بۆ من كێشه‌ نییه،‌ خه‌ڵك ده‌نگم پێ بدا و ده‌نگم پێ نه‌دا بۆ من كێشه‌ نییه. به‌ڵام‌ ئه‌م سێ په‌یامه‌م هه‌یه‌: یه‌كه‌م: ئێمه‌ی كورد نابێ به‌چاوی دووژمن سه‌یری عێراق بكه‌ین. نابێ به‌چاوی دووژمنه‌وه‌ سه‌یری عێراقییه‌كان بكه‌ین. به‌دژی ئه‌وه‌ ده‌بێ به‌چاوی دۆستایه‌تی سه‌یری عێراق بكه‌ین. نه‌ك هه‌ر دۆستایه‌تی به‌ڵكو وه‌ك دۆستایه‌تی هاوبه‌ش سه‌یری به‌غداد بكه‌ین. دووه‌م: ئیمه‌ ئه‌و چه‌تره‌ی له‌ژێری كۆببینه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستوور بێت و به‌ قوڵی‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرین، چونكه‌ به‌ڕێژه‌ی 60بۆ70%ی مافه‌كانی كورد به‌ كاملی له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانین به‌دیبهێنین. به‌ڵام تائێستا ئه‌و بۆچوونه‌مان نییه‌ بۆ ده‌ستوور، سه‌ركردایه‌تی كوردی هۆكارن له‌ تووشبوونی كورد به‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئاقڵانه‌ و زیره‌كانه‌یان هه‌بووایه‌ بۆ ده‌ستوور خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بووایه‌ كه‌ ئێمه‌ هاوبه‌شین ئێستا تووشی ئه‌و كێشانه‌ نه‌ده‌بووین.  سێیه‌م: به‌غداد ده‌بێت به‌ دیدگای ستراتیجی سه‌یری كوردستان بكات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ره‌گه‌زی ئابووری زۆر گرنگی هه‌یه.‌ سه‌رچاوی ئاوی عێراق له‌ كوردستانه.‌ سه‌رچاوه‌ی خاكی باش و پته‌و بۆ‌ كشتوكاڵ و‌ سامانی ئاژه‌ڵ‌ هه‌ر له‌ كوردستانه‌. كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌و دیدگا ستراتیجییه‌ له‌ به‌غداد دروست بێت، زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكرێت. كوردستان سه‌رچاوه‌ی ئابوورییه‌ ‌بۆ گشت عێراقییه‌كان. له‌ هه‌مان كات ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ سوود له‌و 30 ملیۆن كه‌سه‌ عێراقییه‌ وه‌ربگرین وه‌ك بازاڕی ئابووری ‌بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان، تاوه‌كو سه‌رچاوه‌ی ئابووری و دارایی زیاتر بدۆزینه‌وه‌ و‌ زیاتر بچینه‌‌ ناو ژیانی ئابووری خۆمان و هه‌نگاوبنێین بۆ زرگاربوون له‌م كێشه‌ داراییانه‌ی له‌م سێ بۆ چوار ساڵه‌ی رابردوو تووشی بووینه‌. دره‌و میدیا: گه‌وره‌ به‌رپرسانی نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌تان له‌ رۆژانی داهاتوو به‌ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كان دینه‌ هه‌رێم؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌رزییه‌ت‌ دروست نه‌بووه‌ هاووڵاتی به‌ ئاسایی ته‌ماشای عه‌بادی بكات له‌ هه‌رێم. زۆرینه‌ی خه‌ڵك لێره‌ وا تێده‌گه‌ن عه‌بادی بۆته‌‌ هۆی ئه‌و ناتێگه‌یشتنه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ روویدا. سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسه‌كانی تریش ئێستا زیاتر له‌ شاره‌كانی تری باشوور و به‌غداد خه‌ریكن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ حیساباتی هه‌ڵبژاردنی خۆیان ده‌نگه‌كانیان له‌وێ مسۆگه‌ره‌. به‌شداربوونه‌كه‌ی ئه‌وان لێره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌كو به‌شدارییه‌كی ره‌مزییه‌ له‌وه‌ی سه‌نگی خۆی هه‌بێ له‌ پێناو هێنانی ده‌نگ، چونكه‌ ئه‌وانیش واقعین و خۆشم واقعیم وا ئاسان نییه‌ بتوانین له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگ بهێنین و ده‌نگه‌كه‌ش به‌ قه‌د كوردسییه‌ك یان دوو كورسی یان سێ كورسی بینین. دره‌و میدیا: ده‌نگدره‌كانی ئێوه‌ له‌ كوردستان كێ ده‌بن؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌وعه‌ره‌بانه‌ی لێره‌ ده‌ژین ناتوانن ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی ئێمه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بده‌ن، ته‌نیا ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی خواروو ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌ده‌ن به‌پێی پارێزگاكانیان. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان چه‌ندین ساڵه‌ لێره‌ن به‌ڵام نفوسیان نه‌گواستۆته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، نفوس گواستنه‌وه‌ش نییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئاسان هاووڵاتییانی هه‌رێم نفوسه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ چونكه‌ كێشه‌كه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌. سه‌باره‌ت به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفراندۆم دا جووڵه‌ به‌ سۆزی خه‌ڵك زۆر كرا، ئه‌وه‌ش‌ زۆر ناواقعیانه‌ بوو. سۆزه‌كه‌ هه‌ر به‌رزده‌بۆوه،‌ له‌ ناكاو تووشی شۆك بووین نه‌ده‌بووایه‌ به‌و ئاسته‌ سۆزی هاووڵاتییان له‌ په‌نای ریفراندۆم به‌و پله‌یه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ‌بوون زۆر تاوانبارن. نابێ سۆزی خه‌ڵك ئه‌وها گه‌مه‌ی پێ بكرێ و دوایی 99% خه‌ڵك دابڕووخێنن. دره‌و میدیا: چاوه‌ڕوانده‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بتوانن هه‌مان رێژه‌ی پێشووی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: زه‌حمه‌ته‌ بتوانن. ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بتوانن 4كورسی به‌ده‌ستبهێنن به‌ پێی ئه‌م دۆخه‌ باشه‌. له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیش 40 بۆ 45كورسی بهێنن له‌گه‌ڵ كورسی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ 50 كورسی، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ كورد هه‌مان رێژه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.  


ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە پێیدراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ژمارەیەك رێوشوێنی دیاریكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. بەپێی "سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ژمارە 11ی ساڵی 2018" كە رۆژی 19/2/2018 لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەمانەی خوارەوە بە سەرپێچی دادەنرێن: • هەڵواسینی پۆستەری كاندید و لیستەكان لە دووری كەمتر لە 100 مەتر لە بنكەكانی دەنگدان یاخود بیناكانی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. • بەكارهێنانی هەر ئامرازێك لە ئامرازەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە بە مەبەستی بانگەشەكردن. • بەكارهێنانی پۆستەر و نوسراوی لەزگەی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن نوسین لەسەر دیوارەكان. • بەكارهێنانی بینای وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەت و شوێنەكانی خوداپەرستی و سیمبوڵە ئاینییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان. • بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە و ریكلام و بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن و نوسرا و ئەو وێنانەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێن. • بەكارهێنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و سەرچاوەكانی دەوڵەت لەلایەن كارمەندەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان هەر كاندیدێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، ئەمە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانیش دەگرێتەوە. • بەكارهێنانی سامانی گشتی یاخود بودجەی وەزارەتەكان و سەروەت و سامانی وەقفە ئایننییەكان و یان پارەی یارمەتی دەرەكی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. • بەكارهێنانی هەر شێوازێك لە شێوازەكانی فشار و ناچاركردن و پێدانی دەستكەوتی ماددی و مەعنەوی یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو دەستكەوتانە بەمەبەستی دانانی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن • دەركردنی بەیاننامەی ساختە و بەكارهێنانی شێوازی ناوزڕاندن دژی كاندید یاخود حزبی سیاسی بەشدار لە پرسەی هەڵبژاردن یاخود دژی كۆمسیۆن. • بانگەشەكردن بۆ دروستكردنی ناكۆكی نەتەوەیی و ئاینی و تائیفی و خێڵەكی و هەرێمی لە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان، چ لەڕێگەی دروشم یاخود وێنە یان پەخشی تەلەفزیۆن و ئێزگە یان هەر ئامرازێكی تری راگەیاندن و پەیوەندیكردن. • پێشكەشكردنی دیاری یان هەر سودێكی تر یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو شتانە بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران لەلایەن كاندید یاخود لیستەكانەوە. • پەیڕەوكردنی توندوتیژی و رق و ترساندن و پشتیوانیكردنی تیرۆر، یاخود هاندان بۆ ئەو كارانە لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. • دەستدرێژیكردن بۆسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی هەر لایەن یاخود كاندیدێكی تر. • دانانی پۆستەر یاخود بڵاوكردنەوەی بەرنامەی كار یان بڵاوكراوە و كارت بەناوی كاندیدێكەوە كە ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا نەبێت كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە. • بەكارهێنانی سەرچاوەی دارایی نایاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا. • بەكارهێنانی وێنە و ناوی سەرۆكی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان لەلایەن هەر كاندیدێكەوە لەكاتێكدا ئەو كەسانە لە لیست و حزبەكەی خۆی نەبن. سزای سەرپێچیكاران بەپێی هەمان سیستم كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری لەسەرداوە، هەر كاندید یاخود لیستێك ئەو قەدەغەكراوانە بشكێنێت، بەمشێوەیە سزا دەدرێت: • ئاگاداركردنەوەی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە سەرپێچییان كردووە بۆ لابردنی سەرپێچییەكە لەماوەی (3) رۆژ دوای ئاگاداركردنەوەی لە سەرپێچییەكە، لە حاڵەتی لانەبردنی سەرپێچییەكەدا سزا دەدرێت و ناویشی لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە. • دەبێت سەرجەم حزبە سیاسییەكان لە دوای رۆژی دەنگدانەوە لەماوەی (30) رۆژدا هەموو پۆستەر و بڵاوكراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خەرجی لابردنی ئەو بڵاوكراوانەیان لێدەسەنرێت، ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانەوە دیاری دەكرێت. • كۆمسیۆن پارەی دڵنیایی ناگەڕێنێتەوە بۆ حزبە سیاسییە براوەكان تاوەكو پارەی سەرپێچییەكانیان نەدەن بە شارەوانی، ئەگەر پارەی دڵنیاییەكە بەشی پێدانەوەی ئەو سزایانەی نەكرد، یاخود سەرپێچییەكە لەلایەن لایەنێكی سەرنەكەوتووەوە بێت، دەبێت لەماوەی (10) رۆژدا ئەو پارەیە بدات، بەپێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی لەدژ دەگیرێتەبەر. • كۆمسیۆن سزای ماددی بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنێت بەبڕی پارەی جیاواز تا حاڵەتی دوورخستنەوەی كاندید.  


لە بڕگەی چوارەمی مادەی 49 ی دەستوری عێراقدا هاتووە: كە نابێت كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 25% كەمتر بێت، دواتر ئەم مادەیەی دەستور یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا چەسپێنرا. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان 12 كورسی بەر ژنان دەكەوێت لە كۆی 44 كورسی  پارێزگای هەولێر 15 كورسی 4 كورسی بۆ ژنان و 11 كورسی بۆ پیاوان  پارێزگای سلێمانی 18 كورسی 5 كورسی بۆ ژنان و 13 كورسی بۆ پیاوان  پارێزگای دهۆك  11 كورسی 3 كورسی بۆ ژنان و 8 كورسی بۆ پیاوان   


پێشبینی بۆ كورسی لیستە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف لە رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوكراوەتەوە  هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو بۆ حزبە سیاسیە كوردیەكان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەموو كارتێكەرە ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتیەكان لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا كاریگەری لەسەر دەنگی دەنگدەران درووست دەكەن،لەلایەكەوە كاریگەری  ئەو رووداوو گۆڕانكاریانەی كە لەماوەی 4 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا رویانداوە كاریگەری لەسەر دەنگدەران درووست دەكەن، لەلایەكی تریش درووست بونی لیستی نوێ و ژمارەیەكی زۆری دەنگدەری نوێ كە تەمەنەكانیان گەیشتۆتە ئاستی دەنگدان، كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگی هێزەكان درووست دەكەن. لێرەدا بە خوێندنەوەی بارودۆخەكەو هەڵوێست و تێروانینی هێزەكان لە چوارساڵی رابردوودا و پشت بەستن بە دەنگ و كورسی هەڵبژاردنی رابردوو، پێشبینی كورسی لیستەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان دەخەینە روو، كە ئەم پێشبینیانە بۆ هەفتەی سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەو گۆڕانكاریەكانی داهاتوو كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری لە پێشبینیەكاندا دەبێت. یەكەم/ پارێزگای هەولێر ئەنجامێی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو چارەنوسی هێزەكان دیاری دەكات، بەو پێیەی كەمبون یان زیاد بونی دەنگی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كاریگەری لەسەر گفتوگۆی داهاتوی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای هەولێر  11 لیست كێبەركێ دەكەن، بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی ، لەگەڵ یەك كورسی كۆتا، كە 158 كاندید هەیە لەو پارێزگایە،  كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ( 1194592 )كەسە  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   1123433  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  70083  وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 1076 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (936557)كەس لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانی هەبوو واتا  تەنها لە پارێزگای هەولێر (186876) كەس زیادی كردووە دیارە بەبێ  دەنگی تایبەت و ئاوارە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت.لەپارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014دا، پارتی  دیموكراتی كوردستان، (354735) دەنگ و 7كورسی بەدەست دەهێنێت ،  یەكێتی (168688) دەنگی بەدەستهێنا 4 كورسی ، لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت  و 2 كورسی لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ و 2 كورسی ، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و  كورسی بەدەستنەهێنا،  پێشبینی  بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای هەولێر پارتی 5 بۆ 6 كورسی بەدەستبهێنێت  گۆڕان 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت هاوپەیمانی 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت یەكێتی 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت كۆمەڵی ئیسلامی 2 بۆ 2 كورسی  بەدەستبهێنێت یەكگرتوو 1 كورسی بەدەستبهێنێت نەوەی نوێ 1 كورسی بەدەستبهێنێت   دووەم/ پارێزگای سلێمانی  گەرمترین ململانێی دەنگدان دەكەوێتە پارێزگای سلێمانیەوە بەو پێیەی لیستەكانی ( هاوپەیمانی و نەوەی نوێ ) لە پارێزگای سلێمانی درووست بوون، كە ململانێیەكی توندی خستۆتە  نێوان هاوپەیمانی و یەكێتی لەلایەك و گۆڕان و نەوەی نوێ لەلایەكی ترەوە،  لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، 211 كاندید لە 12 لیستدا كێبەركێ دەكەن،    كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی( 1380924 )كەس  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   1305323  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  71748 ) وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 3853 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (1168459 )كەس لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانی هەبوو واتا  تەنها لە پارێزگای سلێمانی (212465) كەس زیادی كردووە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت. لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای، لیستی گۆڕان توانی (347799) دەنگ بەدەست بهێنێت و 7 كورسی، یەكێتی (294265) دەنگی بەدەستهێناوە  6 كورسی، لیستی پارتی توانی (93410) دەنگ بەدەست بهێنێت 2 كورسی، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (81392) دەنگ و 2 كورسی، لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (57102) دەنگ و 1 كورسی بەدەستهێنابوو .  پێشبینی بۆ كورسیەكانی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی  لیستی گۆڕان 5 بۆ 6 كورسی  هاوپەیمانی 3 بۆ 4 كورسی  یەكێتی 3 بۆ 4  كورسی  پارتی 2 كورسی  یەكگرتوو 2 كورسی  كۆمەڵ 1 بۆ 2 كورسی  نەوەی نوێ  1 بۆ2 كورسی  سێیەم/ پارێزگای دهۆك  لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای  دهۆك  9 لیست كێبەركێ دەكەن كە 103 كاندید هەیە لەو پارێزگایە،  ، بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی ، لەگەڵ یەك كورسی كۆتا، كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆك بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ( 790340 )كەسە  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   716378  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  48017  وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 25945 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (٦١٢٠٦٦) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە پارێزگای دهۆك ،كە (٤٩٠٤٥٢) هاوڵاتی دەنگیانداوە بەرێژەی ( ٨٠ )، واتا  لە پارێزگای هەولێر (104312) كەس زیادی كردووە دیارە بەبێ تایبەت و ئاوارە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت.   لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی 2014 دا لیستی پارتی (٣٠٤٨٦٩) دەنگی بەدەستهێناوە و  توانی توانی (٨) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، یەكگرتووی ئیسلامیی (٨٤٤٦٤) دەنگی و (٢) كورسی، یەكێتی (٣٣٥٨٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١ ) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام بز‌ووتنەوەی گۆڕانیش (٢٠٦٤٥) دەنگ و هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێناوە و كۆمەڵی ئیسلامی ( ٣١٧٧) دەنگی بەدەستهێناوە وهیچ كورسیەكی بەدەست نەهێناوە. پێشبینی بۆ كورسیەكانی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای دهۆك  پارتی 6- 7  یەكگرتوو 2 هاوپەیمانی 1  چارەنوسی كورسیەك لە نێوان یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوودا دەمێنێتەوە  چوارەم/ پارێزگای كەركوك  بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پێشبینی ناكرێت كورد دەنگەكانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەهۆی گۆڕانكاریەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار  (279) كاندید كە دابەشبوون بەسەر (23) لیست و هاوپەیمانێتیدا لە پارێزگای كەركوك كێبەركێ دەكەن  كە 7 لیست و هاوپەیمانێتی كوردی تێدایە.  ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو،كە لە هەڵبژاردنی 2014 دا  لە  كەركوك (870000) كەس بوو مافی دەنگدانی هەبوو ، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە  لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە. لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەیە كورد 8 كورسی بەدەستهێنابوو،  یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی( كە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار پارتی لیستی نیە و بڕیارە دەنگەكانی بەسەر لیستەكانی یەكگرتوو و سۆسیالیستدا دابەش بكات )  پێشبینی بۆ كورسی لایەنە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو لە كەركوك  كە پێشبینی دەكرێت كورد لەو پارێزگایە 5 بۆ 6 كورسی بەدەست بهێنێت  یەكێتی 3 – 4 كورسی  لیستی نیشتیمان ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، هاوپەیمانی ) 1 بۆ 2 كورسی  سۆسیالیست یان یەكگرتوو 1 كورسی  پێنج/ پارێزگای نەینەوا  بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای نەینەوا 120 كاندیدی كورد كە پێكهاتەكانی ( ئێزدی و شەبەك و مەسیحین)یشیان تێدایە كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 31 كورسی گشتی و 3 كورسی كۆتا، لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا كورد لەو پارێزگایە بە كورسی كۆتاكانەوە 11 كورسی بەدەستهێنان، كە پارتی 6 كورسی گشتی و یەكێتی 2 كورسی گشتی هەبوو، واتا لە پارێزگای نەینەوا  پێشبینی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای نەینەوا پارتی 3 بۆ 4 كورسی  یەكێتی 1 كورسی  پێكهاتەكانیش رون نیە  شەشەم/  پارێزگای دیالە لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی 30 نیسانی 2014 ( 61807) دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی 2 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا كورد لەو پارێزگایە 1 كورسی بەدەستبهێنێت كە بۆ یەكێتی دەبێت. حەوتەم پارێزگای سەڵاحەدین لە ( دوزخورماتو )  لە پارێزگای دیالە لە هەڵبژاردنی 30 نیسانی 2014  كورد (26901) دەنگی هەبوو بەڵام كورسی بەدەستنەهێنابوو، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا یەكێتی شەلال عەبدول قایمقامی دوزخورماتووی لە لیستێكی عەرەبیدا كاندید كردووە، بۆیە چاوەروان دەكرێت كورسیەك بەدەست بهێنێت، كە ئەگەر بە لیستی سەربەخۆ بوایە كورسی بەدەست نەدەهێنا. ئەنجامی پێشبینی بۆ كۆی كورسی لیستە كوردیەكان  یەكەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان  لە پارێزگای هەولێر ( 6 بۆ 7 ) كورسی لە دهۆك ( 6 بۆ7 ) كورسی ، لە سلێمانی ( 2 ) كورسی، لە نەینەوا ( 3بۆ 4 ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكان لە نێوان ( 18 بۆ 19 )كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  28 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كۆتاكانەوە واتا بە نزیكەی 8 كورسی كەم دەكات.      دووەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی لە دهۆك ( 0 ) كورسی ، لە سلێمانی ئەگەری ( 3 بۆ 4 ) كورسی، لە كەركوك ( 3 بۆ 4 ) كورسی لە نەینەوا ئەگەری ( 1 ) كورسی، لە سەڵاحەدین ( 1 ) كورسی ، لە دیالە ( 1 ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكانی یەكێتی لە نێوان ( 10 بۆ 11 )كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  21 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران واتا بە نزیكەی 10 كورسی كەم دەكات.    سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان  لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ( 5 بۆ 6  ) كورسی، لە كەركوك ( 1) كورسی. كۆی گشتی كورسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان  لە نێوان ( 8 بۆ 9)كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  9 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی وەك خۆی دەمێنێتەوە.    چوارەم / یەكگرتووی ئیسلامی  لە پارێزگای هەولێر ئەگەری ( 1 ) كورسی، لە سلێمانی ( 2  ) كورسی، لە دهۆك ( 1 ) كورسی ،كە هەڵبژاردنی پێشوو  4 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی 1 كورسی زیاد دەكات. پێنجەم / كۆمەڵی ئیسلامی  لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ئەگەری  ( 2  ) كورسی، كە هەڵبژاردنی پێشوو  3 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی 1 كورسی زیاد دەكات. شەشەم / هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری   لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ( 3 بۆ 4  ) كورسی، لە دهۆك ( 1 ) كورسی ،كۆی گشتی كورسیەكانی بە نزیكەی 5 بۆ 6 كورسی دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حەوتەم / نەوەی نوێ   لە پارێزگای هەولێر ( 1 ) كورسی، لە سلێمانی ( 1 بۆ 2  ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكانی بە نزیكەی 2 بۆ 3 كورسی دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. كۆی گشتی كورسی لیستە كوردیەكان كە ئێستا 62 كورسیەو بە كۆتاكانەوە 65 كورسیە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لە نێوان 55 بۆ 57 كورسی دەبێت.  


" درەو میدیا" كۆپییەكی رێككەوتنێكی بزوتنەوەی گۆرٍِان و كۆمەڵی ئیسلامیی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری بڵاودەكاتەوە كە رۆژی 14ی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن هەریەك لە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەیی ئیمزایان كردووە. لە رێككەوتنەكەدا ئەو سێ‌ لایەنە لەسەر چەند خاڵێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان و هەماهەنگی لە هەڵمەتی بانگەشە و پێكهێنانی فراكسیۆنێكی یەكگرتوو یان ئیئتلافی فراكسیۆنەكان دوای هەڵبژاردنەكان رێككەوتوون. ئەمەش كۆپییەكی رێككەوتنەكەیە:  


چەندین شێوازو رێگا هەیە بۆ دابەشكردنی كورسی قەوارەكانی هەڵبژاردن، عێراق لە ساڵی 2014 ەوەكار بە شێوازو رێگای سانتلیگۆی هەمواركراو دەكات كە لە 2014 دا شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوی (1.6) بۆ بەڵام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی 2018ی بڕیاریدا (1.7) پیادە بكرێت، ئەم شێوازە پێشتر رەخنەی زۆری لێگیرا بەو پێیەی بە زیانی ئەو لیستانە كۆتایی دێت كە كورسی كەم بەدەست دەهێنن و دەنگی كەمیان هەیە، بەو پێیەی بە دابەشكردنی دەنگەكانیان بەسەر 1.7 دا دەنگەكانیان كەمدەبێتەوە.ئەم شێوازەی سانتلیگۆ تەەها لە عێراقدا پیادە دەكرێت  و لە هەرێمی كوردستان شێوازی بەركەوتەی هەڵبژاردن پیادەدەكرێت.   لە مێژوودا شێوازی  سانتلیگۆ لە وڵاتی سوید لەساڵی 1910 داهێنرا،  یەكەمجاریش لەساڵی 1951 لە وڵاتی سوید و نەرویج پیادەكرا. كە ژمارەی دەنگی لیستەكان دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرا (1، 3، 5 ، 7، 9، ....)، كە ئەمیش لە قازانجی لیستەگەورەكان و زیانی لیستە بچوكەكان بوو، بەڵام دواتر شێوازی سانتلیگۆ گۆڕا بۆ ( 1.4 ) بە سانتلیگۆی هەموار كراو ناسرا.  شێوازی دابەشكردنی كورسی لیستەكان بەسەر سانتلیگۆی هەمواركراودا كە لە ئێستادا بۆ عێراق ( 1.7 ) خشتەیەكی نموزەجی درووست دەكرێت و كۆی دەنگی لیستەكانی تیادادەنرێت، دواتر كۆی دەنگی لیستەكانی دابەشی ( 1.7 ، 3 ، 5 ، 7 ، 9 ، 11 ، ..... ) ژمارە تاكەكان دەكرێت،  لە كۆتاییدا بەرزترین ژمارە كورسی یەكەم دەبات و دواتر كورسی دووەم و سێیەم...  لێرەدا نمونەی دەنگی لیستەكان لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014   لە پارێزگای سلێمانی كە (1168459) كەس مافی دەنگدانی هەبووەو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 كە (893226 ) كەس دەنگیان داوەبەرێژەی ( 76% ) و 18 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە بەهای كورسیەك لە پارێزگای سلێمانی ( 49623 ) دەنگە ، لیستی گۆڕان (347799) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (39%)و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (294265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە ( 6 ) كورسی بەدەستێنا، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (93410) دەنگ بەدەست بهێنێتبەرێژەی (10% )  و (2) كورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (81392) دەنگ وبەڕێژەی (9%) و ( 2 ) كورسی مسۆگەركردووە، لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (57102) دەنگ بەڕێژەی (6%)و توانی (1) كورسی بەدەست بهێنێت.    


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 12ی ئایار خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەدەچێت، كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای نەینەوا دابەشبووە بەسەر (6) لیستی جیاوازدا، بەهۆی پەرتبون و ئەو شكستانەی بەمدواییانە رویدا، دەنگەكانی كورد لەو پارێزگایە لەبەردەم هەڕەشەدایە. (درەو) میدیا لەم راپۆرتەدا شیكاری نەخشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا دەخاتەڕوو: پارێزگای نەینەوا نەینەوا دووەم گەورە پارێزگای عێراقە، رووبەری ئەم پارێزگایە دەگاتە (25 هەزارو 300 كیلۆمەتر چوارگۆشە)، شاری موسڵ مەڵبەندی پارێزگاكەیە، ژمارەی دانیشتوانی نەینەوا دەگاتە نزیكەی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەس، بەهۆی شەڕی داعشەوە، نزیكەی (500 هەزار) كەس لە دانیشتوانی ئەم پارێزگایە ئاوارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق بوون. نەینەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا پارێزگای نەینەوا (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (3 كورسی) وەكو كۆتا بۆ كەمینەكان دیاریكراوە: • ئێزدیی: یەك كورسی كۆتا • شەبەك: یەك كورسی كۆتا • مەسیحی: یەك كورسی كۆتا  ژمارەی دەنگدەران لە نەینەوا لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (ملیۆنێك و 921 هەزارو 447) كەس بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەكە بووە بە (2 ملیۆن و 267 هەزارو 356) دەنگدەر، واتە زیاتر لە (345 هەزار) دەنگ زیادیكردووە كە ئەمەش چوار تەمەن دەگرێتەوە (1997- 1998- 1999-2000). كۆتای ژنان لە نەینەوا بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنانە، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە. نەینەوا كە (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (8) ژنی بەردەكەوێت. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوو كە ساڵی 2014دا لە هەموو لیستەكان (138) ژن خۆیان كاندیدكردبوو بۆ بردنەوەی (8 كورسییەكەی كۆتای ژنان)، لە ئەنجامدا ئەم ژنانە سەركەوتن بۆ پەرلەمانی عێراق: • ئینتیسار عەلی خزر/ متحدون للاصلاح • محاسن حمدون حامد/ متحدون للاصلاح • نورە سالم محەمەد/ متحدون للاصلاح • ڤیان دەخیل/ هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا • بەهار سلێمان عیسا/ هاوپەیمانی كوردستتانی لە نەینەوا • جەمیلە محەمەد سوڵتان/ ئیئتیلافی نیشتیمانی • نەهلە حسێن سەعدوڵا/ هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی • ساجیدە محەمەد یونس/ ئیئتیلافی عەرەبی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی لیستەكان ژنیان كاندید كردووە بە ئومێدی بردنەوەی كورسییەكانی كۆتای ژنان. لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (35) لیست و هاوپەیمانی بە (919) كاندید ركابەرێتی دەكەن لەسەر بردنەوەی (34) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. كورد لە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوادا بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە كۆی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەسی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا، (ملیۆنێك و 200 هەزار) كەسیان كوردن، ئەم پارێزگایە ژمارەیەك ناوچەی جێناكۆكی تێدایە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كە بریتین لە قەزاكانی (شەنگال- تلكێف- شێخان- حەمدانیە- تەلەعفەر- مەخمور) لەگەڵ ناحیەی (باشیك). لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد لەم پارێزگایە بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بەڵام ئەوانەیان كە كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە دوو لایەنی سەرەكی بوون كە بە هەردووكیانەوە لە كۆی (34) كورسی نەینەوا (8) كورسییان بردەوە: • هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان: (6) كورسی بردەوە • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (2) كورسی بردەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد بە (6) لیست بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، هەموو لیستە كوردییەكان لە نەینەوا (151) كاندیدیان هەیە: • پارتی دیموكراتی كوردستان: (61) كاندید هەیە • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (61) كاندیدی هەیە • لیستی نیشتمان: (5) كاندیدی هەیە • جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (11) كاندید هەیە • پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان: (4) كاندیدی هەیە • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (9) كاندیدی هەیە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی جەماوەری لایەنە كوردییەكان لە ناوچە جێناكۆكەكانی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەو ناوچانەدا دەستڕۆشتوو بووە. رووداوەكانی كەوتنی شەنگال و كوشتن و دەستگیركردنی سەدان خەڵكی ئێزدیی لەسەر دەستی چەكدارانی داعش و دواتر كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دەنگدەران دەبێت. لیستە عەرەبییەكان لە نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (17) لیستی عەرەبی هەن كە بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، ژمارەیەك لەو لیستانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن، هەندێكی تریان نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە، هەندێكیشان لیستی تێكەڵ و جیاوازن: • هاوپەیمانی فەتح: (60) كاندید هەیە، (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە پێكهاتووە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، رێكخراوی بەدر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی، كوتلەی منتصرون، حزب المهنیین للاعمار، بزوتنەوەی صادقون، حزب الطلیعە الاسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی لە عێراق، تجمع كفی صرخە للتغیر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی) • البنا‌ء و الاصلاح: (28) كاندیدی هەیە • رەوتی حیكمەی نیشتمانی: (60) كاندیدی هەیە و (عەممار حەكیم) سەرۆكایەتی دەكات • تجمع عراقیون للتغیر: (10) كاندیدی هەیە • التیار الوطنی العشائری فی العراق: (5) كاندیدی هەیە • ائتلاف كفا‌ءات للتغیر: (40) كاندیدی هەیە • نینوی هویتنا: (62) كاندید هەیە و هاوپەیمانێتی لایەنە سوننەكانەو پێكدێت لەم لایەنانە (یەكێتی رۆڵەكانی عێراق، حزبی وەفا، بەرەی رزگاری توركمانی عێراق، حزبی حەل، اتحاد القوی) • تمدن: (61) كاندید هەیە و (فائق شێخ عەلی) سەرۆكایەتی دەكات • عراق الارض: 4 كاندیدی هەیە • سائرون: (23) كاندید هەیە، (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لەم لایەنانە (گردبونەوەی كۆماریی عێراق، حزبی شیوعی، حزبی ئیستیقامە، بزوتنەوەی لاوان بۆ گۆڕانكاری، دەوڵەتی دادپەروەر) • ئیئتیلافی النصر: (62) كاندید هەیە و (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات • النهج الدیمقراطي: 60 كاندیدی هەیە • هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی: (62) كاندیدی هەیە و (ئوسامە نوجیفی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی سوننەیە لە عێراق، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب للعراق متحدون، پرۆژەی عەرەبی لە عێراق، حزبی حەقی نیشتیمانی، حزبی مەجدی عێراقی، حزبی بانگەوازی نیشتیمانی) • تضامن: (48) كاندید هەیە و (وەزاح مالیك) سەرۆكایەتی دەكات، پێكهاتووە لەم لایەنانە (تجمع العزة الوطنی، امل العراقیة ) • حزبی جەماوەری نیشتمانی: (62) كاندید هەیە، (ئەحمەد عەبدوڵا جبوری) پارێزگاری سەلاحەدین سەرۆكایەتی دەكات • ئیئتیلافی نیشتمانی: (60) كاندید هەیە، (ئەیاد عەلاوی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب التقدم المدنی الحر، حزبی ویفاقی نیشتمانی، گردبونەوەی مەدەنی بۆ چاكسای، گردبونەوەی یەكێتی عێراقی، بەرەی رابون و چاكسازی عێراقی، حزب تصحیح الوطنی، المشروع الوطنی، عمل، وفاق، تجمع نهضة جیل، الخیار العربی، معاهدون) • هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی: (21) كاندیدی هەیە ئێزدییەكان دابەشبوون بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق دەگاتە (550 هەزار) كەس، زیاتر لە (100) هەزار كەسیان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات. ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە كۆنەكانی كورد، زۆرینەی ئێزدییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك ننیشتەجێن. سەرەتاكانی ساڵی 2014 هاتنی رێكخراوی داعش بۆ عێراق جارێكی تر ئێزدییەكانی دووچاری كارەساتێكی مێژویی كردەوە، چیرۆكی كوشتن و بردنی كچانی ئێزدی لە قەزای شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، هەموو جیهانی پڕكرد. بەپێی كۆتای كەمینەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی بۆ پێكهاتەی ئێزدیی لە پارێزگای نەینەوا تەرخانكردووە، بۆ بردنەوەی ئەو كورسییە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان دروستكردووە، سەرباری ئەوەش هەندێك لە لایەنە عێراقی و كوردییەكان خەڵكانی ئێزدییان لە لیستەكانیان كاندیدكردووە تاوەكو دەنگی ئێزدییەكان بۆخۆیان كێش بكەن. بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ لیست بە (6) كاندید ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی ئێزدییەكان دەكەن، لیستێكی تری ئێزدیش بە (16) كاندید چوەتە ناو كێبركێی بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەواوە. لیستی پارتە ئێزیدییەكان لە نەینەوا • تەڤگەری ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن: حاجی كەندور سمۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم بزوتنەوەیە بە 2 كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی پێكهاتەی ئێزدیی لە نەینەوا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەم حزبە كورسی كۆتای ئێزدیی لە نەینەوا بردەوە و بەوهۆیەوە حاجی كەندور سمۆ گەیشتە سەر كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاجی كەندور ئەمجارەش خۆی كاندیكردوەتەوە و سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی. • پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدیی: ئەمەش یەكێكی ترە لە پارتەكانی پێكهاتەی ئێزدیی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (2) كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكان لەسەر كورسییە كۆتاكەی ئێزدیی لە نەینەوا. • پارتی ئێزدیی دیموكراتی: ئەمە یەكێكە لە پارتە سیاسییە نوێیەكان لەناو پێكهاتەی ئێزدیدا، حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، كە بەمدواییانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوەوە و هێزێكی سەربازی دروستكرد بەناوی "هێزی پاراستنی ئێزدخان"، حەیدەر شەشۆ خۆی كاندید نەكردووە، حزبەكەشی كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نییە و بە (16) كاندید ركابەرێتی دەكات لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەوا، ژنێك بە ناوی (سۆنیا سالم حەسەن) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیی: ئەمەش حزبێكی نوێی پێكهاتەی ئێزدییەكانە، سەرەتاكانی ساڵی 2017 پێكهێنراوە و مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، (قەحتان عەلی) سەرۆكایەتی حزبەكە دەكات، دەوترێت باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YBS) یە، ئەم حزبە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە (2) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەكات لە نەینەوا. جگە لەو لیستانەی كە لەسەر پێكهاتەی ئێزدی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەمەبەستی راكێشانی دەنگی دەنگدەرانی پێكهاتەی ئێزدیی، ژمارەیەك كەسایەتی ئێزدییان لە لیستەكانیاندا كاندید كردووە. لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەسی ئێزدیی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێكیان (ڤیان دەخیل) بوو كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا كاندید بوو، ئەوی تر (حاجی كندور سمۆ) بوو كە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان خۆی كاندید كردبوو. هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەی ئێزدیی دەڵێن ئەگەر ئەو دابەشبونە سیاسییە لەنێوان ئێزدییەكان نەبوایە، ئەو پێكهاتەیە دەتوانێت (8) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە، بەمدواییانە و بەر لە نزیكبونەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەندێك هەوڵ هەبوون بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی ئێزدییەكان، بەڵام دواجار ناكۆكی و پەرتبون زاڵ بوو بەسەر یەكێتی و یەكبون. شەبەك لە هەڵبژاردنی نەینەوادا بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی كوردە شەبەكەکان لە عێراق نزیكەی (400 هەزار) كەس دەبێت، زۆرینەیان لە (57) گونددا لە دەشتی نەینەوا و ناحیەكانی (باشیك و بەرتەلە) و قەزاكانی حەمدانیە و تلكێف نیشتەجێن. کوردی شەبەك لەڕوی مەزهەبییەوە دابەشبوون، هەندێك سەرچاوە دەڵێن رێژەی 40%ی شەبەكەكان سەربە مەزهەبی شیعەن و ئەوەی كە دەمێنێتەوە سوننەمەزهەبن، سەرچاوەكانی تر باسلەوە دەكەن رێژەی 55%یان شیعە مەزهەب و 45%یان سوننە مەزهەبن. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكامی عێراق لە پارێزگای نەینەوا كورسییەكی كۆتای بۆ پێكهاتەی شەبەك دیاریكردووە، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (سالم جومعە خزر) كە لەسەر لیستی (ئەنجومەنی ئازادیخوازانی شەبەك) خۆی كاندید كردبوو، كورسییە كۆتاكەی پێكهاتەی شەبەكی بردەوە. بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ، ژمارەیەك لیست و كەسایەتی سەربەخۆ كێبركێ دەنگ لەسەر بردنەوەی دەنگی دەنگدەرانی شەبەك و كورسی كۆتای شەبەك: • گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی: یەكێكە لە حزبە سیاسییەكانی پێكهاتەی شەبەك، ئەم حزبە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات بەشداری هەڵبژاردن دەكات و لەو هاوپەیمانێتییەدا (2) كاندیدی هەیە، كاندیدەكان كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكان دەكەن نەك كورسی كۆتای تایبەت بە پێكهاتەی شەبەك. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنی 2014 بەهەمان شێوەی ئێستا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بۆ بردنەوەی كورسییە گشتییەكان بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (حەنین مەحمود ئەحمەد قەدۆ) ئەمینداری حزبەكە لەسەر لیستی هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. • رەوتی ئازادیخوازانی شەبەك: ئەم رەوتە بە (2) كاندید چوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سنوری پارێزگای نەینەوا، یەكەمین پارتی سیاسی پێكهاتەی شەبەكە لە عێراق، رۆژی 6ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە قەزای شێخان پێكهێنرا. سەرەرای لیستەكان، ژمارەیەك كەسایەتی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای شەبەك: • قوسەی عەباس • سالم محەمەد • یاساناس سەعد سالم سوڵتان مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی نەینەوادا بەپێی هەندێك ئاماری نارەسمی، بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003دا، لە دەشتی نەینەوا (ملیۆنێك و 500 هەزار) مەسیحی هەبوون، بەڵام بەهۆی شەڕی تائیفی لە عێراق و شەڕی داعش بەمدواییانە، ژمارەیەكی زۆریان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود لەناوخۆی عێراقدا ئاوارەبون. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی كۆتای بۆ مەسیحییەكان لە نەینەوا داناوە، سەرباری ئەو كورسییە كۆتاییە، حزب و لیستەكان چەندین كەسایەتی مەسیحییان كاندید كردووە. بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (7) لیستی مەسیحی كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن لە پارێزگای نەینەوا و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە. • ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: (2) كاندید هەیە • یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی: (2) كاندید هەیە • بزاڤی گردبونەوەی سریان: (1) كاندیدی هەیە • ئیئتیلافی كلدان: (2) كاندیدی هەیە • ئیئتیلافی رافیدەین: (2) كاندیدی هەیە • ابنا‌ء نەهرەین: (2) كاندید هەیە • بزوتنەوەی بابلیۆن: (2) كاندید هەیە


فارس محەمەد سادق، بەرێوەبەری گشتی كارگێریی لە ئۆفیسی سەرەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم كادری پێشكەوتووی یەكێتی لە هەولێر تیرۆركرا.  بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە شەقامی سەد مەتری هەولێر و لەبەردەم سوپەرماركێتی فامیلی مۆڵ، بەدەستڕێژی گولــلە‌ كوژراوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، فارس محەمەد سادق یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەرە و ئەندامی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی بووە و كادرێكی پێشكەوتوی یەكێتی بووە  داواشی لە سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر كرد هەرچی زووە بكوژانی فارس محەمەد سادق بدۆزنەوە. ئەکاونتی فارس محەمەد سادق  https://www.facebook.com/fars.mohammad     


لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ناوچە جێناكۆكەكانی لێ سنورداركراوە بۆ چالاكی سیاسی و حیزبی و تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنیش، ئێستا لایەنە كوردییەكان ناتوانن بە ئازادی لەو ناوچانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، لە ماوەی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی كاندیداكانی هەڵبژاردنی نەینەوای لە قەزای شێخان كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی كەركوكی لە قەرەهەنجیر كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، هەروەها یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی پارێزگای دیالەی لە كەلار كرد لە كاتێكدا كورد لە خانەقین زۆرینەیە.  ئەم نەمانی هەیمەنەیە و بەرتەسككردنەوەی چالاكی سیاسی لیستە كوردییەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بە زیانی گەورەی دەنگی كورد كۆتایی دێت لەو ناوچانە، چونكە كورد لە رابردوودا بەهۆی هەژموونی سیاسی و سەربازییەوە لەوناوچانە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە. لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  هۆشداری دەدات لەو رێگریانە لە لیستە كوردییەكان دەكرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان و راگەیەنراوەكەی  ئاڕاستەی (سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، دەوڵەتمەداری عێراق، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق) كردووە و ڕایگەیاندووە، لە كەركوك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیكەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەریی ‌و ئەمنیی ڕێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی ڕەسمی‌ و یاسایین، بكرێتەوە، تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە " سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی، پێچەوانەی دەستور و ڕێسای پەیوەندییەكانمانە، بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدوریشی نازانین، ڕوداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە". ................................ دەقی راگەیەنراوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  جەنابی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ! دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق! سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز! لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق‌ و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەبێ‌‌ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (6 مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شەنگار، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی تریش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری ‌و ئەمنی، رێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانیەكان، كە حزبی رەسمی‌و یاسایین، بكرێتەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانیەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شارو شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس‌و كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون.   بەرێزینە! ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری‌و ئەمنی، پێچەوانەی دەستورو رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووەو بەدوریشی نازانین، روداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.  بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە، بەزوترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاساییی‌و مافە سیاسیە بدەن. لەگەڵ رێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23/4/2018


ئاسایشی پارتی سێ‌ كاندیدی لیستەكەی عەبادی لە دهۆك دەڕفێنێت ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك سێ‌ كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لەو پارێزگایە دەڕفێنێت و داوایان لێدەكات لەو لیستە بكشێنەوە. ناسر بەگ بەرواری سەرۆكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای دهۆك بە " درەو میدیا"ی رایگەیاند دوێنێ‌ یەكشەممە هێزێكی ئاسایشی پارتی سێ‌ كاندیدی لیستەكەیان بەناوی " ئەنوەر مەعسوم مائی، فادیە حسێن ، عومەر عەلی " رفاندووە و بەیانی ئەمڕۆ ئازادیانكردوون. وتیشی ئەو سێ‌ كاندیدە داوایان لێكراوە لەسەر تەلەفزیۆن كشانەوە بێ‌ بەریبونی خۆیان لە لیستەكەی عەبادی رابگەیەنن و جوێن بە عەبادی بڵێن و ئەو كاتە هەر داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت. سەرۆكی لیستی  هاوپەیمانی " النصر" راشیگەیاند سكاڵایان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارنەكردووە، بەڵكو لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیان لە بەغدا لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و 26 كاندیدی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە.  


راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف موهەیمەن عەلی حەمدانی كاندیدی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك رایگەیاند: ئەوەی كوردەكان دەڵێن ئێمە بە هێز كەركوكمان داگیركردووە راست نیە، بەڵكو ئەمجارە ئێمە بەدەنگ كەركوك داگیردەكەین، رەنگە وتەی ئەم كاندیدەی پێكهاتەی عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەوان هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركوك وەك هەلێك لێی دەڕوانن بۆئەوەی پێگەی خۆیان تێدا بەهێزتربكەن لەكاتێكدا كە پێگەی كورد بەهۆی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەو پارێزگایە لاواز بووە. پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارە لەناوچە جێناكۆكەكان، جیاوازتر بێت بۆ كورد لە هەموو ئەو هەڵبژاردانانەی كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدراون، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، كورد لەلایەك هەژموونی سیاسیی و سەربازی لەو ناوچانەدا هەبووە و بەو هۆیەوە بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەنگیان بە لیستە كوردییەكانداوە، لەلایەكی تریش بەردەوام لیستە كوردییەكان بەهۆی هەژمونیان بەسەر تەواوی دامەزراوەكانی ئەو ناوچانەدا ساختەكاری زۆریان كردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتودا ئەو دوو كارتەیان لەدەستدا نەماوە و ئەگەری پێچەوانەبوونی پرسەكە بوەتەوە بۆ پێكهاتەكانی دیكە، بۆیە ئەگەری دابەزینی دەنگی كورد لەوناوچانە زۆرە. لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد دەسەڵاتی لەو ناوچانە لەدەستداوە و پێگەكەشی لەو ناوچانە بەجۆرێك لاواز بووە، كە رەنگە بەشێكی زۆری كورسییەكانی لەو ناوچانە لەدەست بدات، ئەم هەڵبژاردنە رەنگە ببێتە ریفراندۆمێك بۆ دیاریكردنی سەنگ و پێگەی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە. دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان لەدوای كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەوەی بۆ كورد  جێگای مەترسییە لەو ناوچانە دابەزینی ئاستی دەنگەكانی كوردە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كە لەو پارێزگایانە كورد لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 دا ( 21 كورسی ) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێناوە، بەشێوەیەك كە لە پارێزگای كەركوك 8 كورسی بەدەستهێناوە ( 6 كورسی یەكێتی و 2 كورسی پارتی) و لە نەینەوا 10 كورسی بەدەستهێناوە ( پارتی 6 كورسی و 1 كورسی كۆتای ئێزدی، 1 كورسی كۆتای شەبەك،  یەكێتی 2 كورسی) و لە دیالە 2 كورسی بەدەستهێناوە ( هەردووكیان هی یەكێتیە ) و لە سەڵاحەدین 1 كورسی هێناوە كە كورسی یەكێتیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگە كورد بەشێكی زۆری ئەو كورسیانەی لەدەست بدات، كە ئەویش پەیوەستە  بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلول، بەو پێیەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوەو كورد 51%ی خاك و خەڵكی كوردستانی لەو ناوچانە لەدەستدا، بەجۆرێك لە كۆی ( 44330 ) كم2 تەواوی خاكی كوردستانی ناوچەی جێناكۆك كە 51.4%ی تەواوی خاكی باشووری كوردستانە، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری هاوڵاتی كورد لە خورماتوو،  كەركوك، شەنگال و ناوچەكانی نەینەوا ئاوارەن و رەنگە بەشێكیان بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن. -    لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی. -    بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پارێزگای نەینەوا لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 كە كورد لەو پارێزگایە 8 كورسی هەیە پارتی 6 كورسی بەركەوتووە لەگەڵ 2 كورسی كۆتاكان یەكێتیش 2 كورسی هەیە، واتا لە پارێزگای نەینەوای 8 كورسی هەیە كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران 2014 پارتی لەو پارێزگایە (185804 ) دەنگی هەبووە.   -     لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 61807) دەنگی هەبووە كە دوو كورسی دەكات و هەردوكیان بەر یەكێتی كەوتوون. -    لە پارێزگای سەڵاحەدینیش لە دووزخورماتو كورد (26901) دەنگی بەدەستهێناوە بەڵام كورسی بەدەست نەهێنا بە شێوەیەكی گشتی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( ناوچەی جێناكۆك) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014  بەگشتی ( 18كورسی ) گشتی و ( 3 كورسی كۆتاكانی ) بەدەست هێناوە، ( 8 كورسی لە كەركوك ، 8 كورسی لەگەڵ 3 كۆتا لە نەینەوا، لە دیالە  2 كورسی ، لە سەڵاحەدین 1 كورسی ). ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی كورد لەو ناوچانە و پەرتەوازەیی كورد لەو ناوچانە و  لەدەستدانی دۆسیەی ئەمنی و  پۆستە كاریگەرەكان لەو ناوچانە چاوەڕوان دەكرێت كورد لە كەركوك كورسیەكانی لە  8 كورسیەوە بۆ 5 بۆ 6 كورسی كەمبكات، لە نەینەوا لە 11 كورسیەوە بۆ 6 بۆ 7 كورسی كەم بكات، لە سەڵاحەدین ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكە قورسە، لە دیالە كە 2 كورسی هەبووە پێشبینیدەكرێن یەك كورسی بەدەستبهێنێت، لە 21 كورسیەوە بۆ 13 بۆ 14  كورسی دابەزێت واتا 7 بۆ 8  كورسی كەمبكات. بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان گێمی دووەمی یاریەكە بدۆڕێنێت كە لە گێمی یەكەمدا تەواوی خاكی ناوچە جێناكۆكەكانی دۆڕاند، چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كورد دەنگی خەڵكەكەشی بدۆڕێنێت، بەو پێیەش كورد خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە بەتەواوی دەدۆڕێنێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand