ئەمریكا چەكو یارمەتییە سەربازییەكان لە یەپەگە وەردەگرێتەوە؟
2018-12-29 13:44:47
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" سەرقاڵی دانانو تاوتوێكردنی پلانی كشاندنەوەی هێزەكانیەتی لە رۆژئاوای كوردستانو باكوری سوریا.
بەوتەی چوار بەرپرس كە قسەیان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، داواكراوە ئەمریكا ئەو چەكو تەقەمەنییو كەلوپەلە سەربازییانە لە یەكینەكانی پاراستی گەل"یەپەگە" وەرنەگرێتەوە، كە لەمیانی شەڕ لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" پێشكەشیكردوون.
ترەمپ بڕیاری كۆتایی دەدات
سێ لەو بەرپرسانە كە بەرمەجی ئەوە قسەیان كردووە ناوەكانیان ئاشكرانەكرێت، دەڵێن:" لە گفتوگۆكانی ئامادەكردنی رەشنوسێك دەربارەی پلانی سوپای ئەمریكا، داوایانكردووە چەكو كەلوپەلە سەربازییەكان لە هێزەكانی یەپەگە وەرنەگیرێنەوە"، ئاشكراشیانكردووە" پێنتاگۆن ئەو راسپاردەیە بۆ كۆشكی سپی بەرزدەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی لەلای دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایە".
شین رۆبرستۆن، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا وتی:" پلان هەیە بۆ پاشەكشێیەكی تۆكمەو رێكخراوی هێزەكان، لە هەمانكاتدا هەموو رێوشوێنێك دەگیرێتەبەر بۆ گەرەنتیكردنی سەلامەتی سەربازەكانمان".
فەرماندەكان لە بڕیارەكەی ترەمپ نیگەرانن
هەفتەی رابردوو، سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ بڕیاریدا هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بكشێنێتەوە، ئەمە كاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی وڵاتو دەرەوە لێكەوتەوە، بەهۆیەوە جیم ماتیس وەزیری بەرگریو برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەستیلەكاركێشایەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریكییانەی كە قسەیان بۆ "رۆیتەرز" كردووە، ئاماژەیان بەوەداوە، راگەیاندنەكەی ترەمپ، نیگەرانیو دوودڵی فەرماندە ئەمریكییەكانی لێكەوتوەتەوەو باوەڕیان وایە ئەو بڕیارە پشتكردنە لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد، كە سەركردایەتی شەڕیان لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا كرد بۆ لەناوبردنی "داعش".
"ناتوانین چەكەكان بگەڕێنینەوە"
یەكێك لە بەرپرسەكان ئاشكرایكردووە" ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشتر بەڵێنی بە یەكینەكانی پاراستی گەل داوە كە تاوەكو كۆتایهاتنی شەڕی دژ بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، چەكیان پێشكەشدەكات".
ئەو بەرپرسی وتی:" شەڕ كۆتایی نەهاتووە، ناتوانین زۆر بە سادەیی دەستبكەین بە داواكاری گەڕاندنەوەی چەكەكان".
پێشنیازی هێشتنەوەی چەكو موشەكو ئامێرو ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی ئەمریكا لەلای هێزەكانی یەپەگە، پەیامێكی دڵنیایی دەبێت بۆ هاوپەیمانە كوردەكان، بەوەی واشنتۆن دەستبەرداریان نابێت، ئەم پێشنیارە پێچەوانەی خواستو داواكاری توركیایە، كە بەردەوام داوا لە واشنتۆن دەكات چەكو كەلوپەلە سەربازییەكانی لە یەپەگە وەربگرێتەوە، رەنگە ئەم پرسەش پلانەكەی ترەمپ بۆ سپاردنی شەڕی "داعش" بە توركیا ئاڵۆزبكات.
پێنتاگۆن تۆماری هەموو ئەو چەكانەی لایە كە پێشكەشی"یەپەگە"ی كردووە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئەمریكیانە دەڵێن" دیاریكردنی شوێنی ئەو هەموو چەكانە، پرۆسەیەكی نیمچە مەحاڵە"، یەكێك لەو بەرپرسانە دەپرسێت:" چۆن وەریبگرێنەوەو كێ وەریاندەگرێتەوە؟".
گفتوگۆكردنی هێشتنەوە چەكو كەلوپەلە سەربازییەكانی ئەمریكا لای (یەپەگە) یان وەرگرتنەوەیان لەكاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سوریا سەردانی توركیاو ئیسرائیل بكات.
ئەمریكا لە ئایاری 2017ەوە بۆ هێرشیكردنەسەر شاری رەققەی پایتەختی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی"داعش" دەستیكرد بە دابەشكردنی چەكو تەقەمەنیو كەلوپەلی سەربازی بەسەر هێزەكانی (یەپەگە)دا، ئەوكاتە واشنتۆن توركیای ئاگاداركردەوە كە دوای كۆتاییهێنان بە "داعش" ئەو چەكانە وەردەگرێتەوە.
یەكێك لەو برپرسانەی كە قسەی بۆ "رۆیتەرز" كردووەی دەڵێت:" بیرۆكەی ئەوەی كە ئێمە دەتوانین ئەو چەكانە وەربگرێنەوە، گەمژانەیە، چونكە لە شوێنی خۆیان بەجێیاندەهێڵین".
كۆشكی سپیو ئەردۆغان هاوهەڵوێستن
لە لێدوانێكیدا بۆ هەمان ئاژانس، كەسێك كە ئاگاداری گفتوگۆكانی پلانی پاشەكشێی ئەمریكایە لە سوریا باسی لەوەكردووە" كۆشكی سپیو رەجەب تەیب ئەردۆغان دژی پێشنیاری هێشتنەوەی چەكەكانی ئەمریكان لەلای یەپەگە".
ئەو كەسە كە داوایكردووە ناو و ناسنامەی ئاشكرانەكرێت، دەربارەی راسپاردەی هێشتنەوەی چەكەكان لەلای یەپەگە وتویەتی:" ئەو پێشنیارە رەتكردنەوەی سیاسەتی ترەمپە بۆ كشانەوە لە سوریا".