Draw Media

لەسەر داوای یەپەگە سوریا هێزی رەوانەی مەنبەج كرد

لەسەر داوای یەپەگە سوریا هێزی رەوانەی مەنبەج كرد

2018-12-28 14:45:18


( درەو میدیا):
لەسەر داوای یەكینەكانی پاراستی گەل  " یەپەگە" هێزەكانی حكومەتی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج و ئاڵای سوریایان تێدا هەڵكرد.
فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا " سانا" بڵاویكردوەتەوە رایگەیاند چەند یەكەیەكی سەربازی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج لە ریفی حەڵەب.
فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" لە سۆنگەی پابەندی تەواوەتی سوپا و هێزە چەكدارەكانی  سوریا بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكانی بۆ سەپاندنی سەروەری دەوڵەت  بەسەر هەموو بستە خاكێكی كۆمار سوریای عەرەبی و وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەواززی خەڵكی ناوچەی مەنبەج، فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەكدارەكان رایدەگەیەنمێت كە چەند یەكەیەكی سوپا چونەتە مەنبەج و ئاڵای كۆماری سوریای عەرەبییان هەڵكردووە تێیدا".
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش رایگەیاند سوپای سوریا لە چواردەوری مەنبەج جێگیربووە  لەو ناوچانەی كە دەكەونە نێوان مەنبەج و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات.

یەپەگە هێزەكانی لە مەنبەج كشاندوەتەوە
شاری مەنبەج ساڵی 2016 لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات" هەسەدە" ەوە لە چەكدارانی " داعش" پاككرایەوە و لەوكاتەوە شارەكە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجەوە كۆنترۆڵكراوەو دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی سوریا كرد بە ئەركی سەرشانی هەستێت و هێز رەوانەی مەنبەج بكات بۆئەوەی لە هەڕەشەكانی توركیا بیپارێزێت.
یەپەگە لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" بەهۆی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بۆ داگیركردنی هەرێمی باكوری سووریا و كۆچبەركردنی گەلەكەی كە بەهەمان شێوە لە جەرابلوس، عەزاز، باب و عەفرین كردی، ئێمە وەك یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنین كە دوای ئەوەی هێزەكانمان لە مەنبەج كشاندەوە، هەموو هێزەكانی خۆمان لە چێوەی شەڕی دژ بە داعشدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات جێگیر كرد. بۆیە داوا لە حكومەتی سوریا دەكەین كە؛ ئێمەش بەشێكین لە خاك، نەتەوە و سنورەكانی، با هێزەكانی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێن و ناوچانەی مەنبەج بنێرێت و هەرێمەكە لە دژی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بپارێزێت".
ئەردۆغان بە گومانە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە راگەیەندنەكەی سوپای سوریا بە گومانە و رایدەگەیەنێت كە هێزەكانی ئەسەد جەنگێكی دەروونیان  لە مەنبەج دەستپێكردووە و بە گوێرەی هەواڵگری توركیا و بەرپرسانی روسیا تا ئێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand