Draw Media

رابەر چۆن تیماری بزوتنەوەی ئیسلامی دەكات   

رابەر چۆن تیماری بزوتنەوەی ئیسلامی دەكات   

2018-12-27 12:35:03


 (درەو میدیا):
ئەمڕۆ ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوەوە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەكە سەرپەرەشتی كۆبونەوەكەی كرد.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی (6) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەیە.
لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (6) كەسە، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورادا ئاماژە بەوەكراوە" لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیەكی بابەتیانە كرا لەسەر بارودۆخی حیزبی‌و ریكخراوەیی‌و ئیداری‌و نێوخۆیی بزوتنەوە، بەتایبەت لەسەر ئەو چەند برایەی كە لەم دواییانەدا دەستیان لە پۆستەكانیان هەڵگرت، بزوتنەوەی بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری هیچ ئەندام‌و كادیرو دۆست‌و لایەنگریكی نابێت".
هەر لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامیدا بڕیاردرا" لەماوەیەكی نزیكدا دوای تەواوكردنی كارە هونەری‌و ئیدارییەكانی لیژنەی ئامادەكاری، كۆنفرانس ببەستریت بەمەبەستی گۆڕانكاری ریشەی‌و سەرلەنوێ ریكخستنەوەی ئۆرگانەكان".
رۆژی 25ی ئەم مانگە، شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە، ئەو كەسانە بریتی بوون لە هەریەكە لە (كامیل مەحمود- محمد ئەمین ئاشوری- محسن محمد ئەمین- عبدالغفور چەمچەماڵ- ئارام كەمال- سەرباز خۆشناو).
ئەو بەرپرسانەی كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێننەوە كە ئەمانەن:
1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی‌و قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا.
2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات‌و دارایی‌و چۆنیەتی سەرف‌و خەرجی‌و سپاردنەوەی بە مەكتەبی دارایی.
3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە.
4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری‌و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand