رۆژئاوای كوردستان لە واشنتۆن نائومێد بووە چاوی لە مۆسكۆ و دیمەشقە
2018-12-27 21:56:45
نوسینی: ئیلن فرەنسیس/ رۆیتەرز
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
دوای ئەوەی ئەمریكا نائومێدی كردن، ئێستا سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان داوا لە روسیا و ئەسەد دەكەن بیانپارێزێت.
سەركردە كوردەكان كە زۆرینەی باكوری سوریایان لەژێردەستدایە و لە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ناوچەكە ناوئومێد و نیگەران بوون، روسیا و سوریای هاوپەیمانی هاندەدەن، هێز رەوانەی سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەن بۆ پارێزگاریكردنی لە مەترسی هێرشی توركیا.
ئەم بانگەوازەی كوردەكان، بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ سنورەكان كە چەند ساڵێكە لەژێر دەستی خۆیاندایە، قوڵی ئەو قەیرانە نیشاندەدات كە دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی تێیكەوتوون.
هەرچەندە تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە رووینەداوە و هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەن و ترەمپ دەڵێت " پاشەكشێكە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت"، بەرپرسە كوردەكان بە خێرایی بەدوای ستراتیژێكی نوێدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی ناوچەكەیان لە توركیا پێش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
سەركردایەتی كورد هەوڵەكانی خۆی زیاتر لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و مۆسكۆدا چڕكردوەتەوە و خراپترین ئەگەریش كە لێی دەترسێت دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هێرشی سەر عەفرینە، كە ئەمساڵ توركیا ئەنجامیدا و بەهۆیەوە دانیشتوانی ناوچەكە و شەڕڤانانی یەپەگە ناچاربوون ناوچەكە چۆڵبكەن.
هاوكات سەركردە كوردەكان هەوڵدەدەن وڵاتانی تری خۆرئاوا قایل بكەن كە بۆشایی ئەو 2000 سەربازەی ئەمریكا پڕبكەنەوە كە جێگیربوونیان لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا تائێستا بەربەستێك بووە لەبەردەم هێرشی توركیادا.
ئەو ناوچەیەی كە رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە چارەكێكی روبەری سوریا پێكدەهێنێت و زۆرینەی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی رووباری فورات و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانێتییەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) هەژمونی تێدا هەیە، كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی كردووە، ناوچەكە دەكەوێتە سنوری خۆرهەڵاتی عێراق و سێ شاری سەرەكی لەخۆدەگرێت كە ئەوانیش قامیشلۆ، حەسەكە و رەققەن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات، تاكە لایەنی سوریا بوون كە لە شەڕ دژ بە " داعش" هاوپەیمانی واشنتۆن بوون" بەڵام توركیا یەپەگە كە بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەیە وەك هەڕەشەیەك تەماشادەكات و بەڵێنیداوە لەناویان بەرێت.
ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری كورد بە " رۆیتەرز"ی راگەیاند كە بەرپرسانی باكوری سوریا هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆیان كردووە و بەمزوانەش سەردانی تر دەكەن، بەهیوای ئەوەی روسیا فشاربخاتە سەر دیمەشق بۆئەوەی بە " ئەركی سیادیی" خۆی هەستێت.
خەلیل كە پلانی حكومی خۆبەڕێوەبەریی لە باكوری سوریا داناوە وتی:" پەیوەندییەكانمان لەگەڵ روسیا و رژێم بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنی روون و ئاشكرایە بۆ پاراستنی سنورەكانی باكور و بۆئەوەی سوریا ئەركی سیادی خۆی جێبەجێبكات، دەمانەوێت روسیا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە گۆڕانكارییەكان بۆئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بەدەستبێت".
هەڕەشەی "دەوڵەتی ئیسلامی"
بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا كە بە هاوكاری هاوپەیمانە ئێرانی و روسەكانی زۆربەی سوریای لەژێر دەستدایە، هەوڵدەدات ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەو ناوچەی كە دەوڵەمەندە بە نەوت و ئاو و زەوی كشتوكاڵی بەپیت بە گرنگ دادەنێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا.
سەرەڕای ئەوەی كە ئەو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییەی كە كوردەكان دەیانەوێت بە ئاشكرا دژی خواستی دیمەشقە، بەڵام هێزە كوردییەكان تا ئاستێكی باش خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتدا بەدوورگرتووە لە میانی جەنگی سوریادا، و هەتا لە هەندێك كاتدا شەڕیان دژی یەك دوژمنی هاوبەش كردووە و هەردوولا ئەم هاوینە دانوستانی سیاسییان ئەنجامداو هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، بەڵام ئێستا كە بەهۆی جوڵەكانی ترەمپەوە پێگەی دانوستانیان لاواز بووە، دەسەڵاتدارانی كورد لەگەڵ كاتدا لە پێشبڕێكدان بۆئەوەی رێككەوتنێك بكەن لەم كاتەدا كە هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر خۆرهەڵاتی فورات لە ئارادایە.
توركیا "یەپەگە" بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنێت كە 34 ساڵە لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا " كوردستانی باكور - وەرگێڕ" شەڕی بەرپاكردووە، هەروەها ئەنكەرە پشتیوانی لە گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكات بۆئەوەی لە شەڕی دژ بە "یەپەگە" هاوكاری بكەن.
لەترسی ئەوەی كە راگەیاندنەكەی ئەمریكا رێگا بۆ هێرشی توركیا دەكاتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هۆشداری ئەوەیدا كە هێشتا مەترسی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" بەردەوامە و هەروەها وڵاتانی ئەوروپاش هۆشداریاندا لەوەی كە توندڕەوەكانی " داعش" كە ئێستا لە زیندانەكانی هەسەدەدان لەوانەیە بتوانن هەڵبێن و لە وڵاتەكانیان هێرش بكەن.
بەدران چیاكورد، یەكێك لەو بەرپرسە كوردانەی هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆی كرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ روسیا وتی:" چەند بژاردەیەك تاوتوێدەكەین بۆ دوورخستنەوەی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا... پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا و فەرەنسا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە بۆئەوەی هاوكاری ئیداری خۆسەری دیموكراتی بكەن".
چیاكورد بە "رۆیتەرز"ی وت:" ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بەشێكە لە سوریا و پاراستنی سنورەكانی ئەو ناوچانە ئەركی دەوڵەتی سوریایە و هەروەها تاوتوێی ئەو بژاردەیەش دەكەین".
چارەسەری سیاسیی
لە دواهێرشی ئەمساڵی توركیا بۆسەر عەفرین، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەستیان بەوەكرد كە روسیا پشتی تێكردون، دوای ئەوەی كە باوەڕیان وابوو کە گەرەنتیان بەدەستهێناوە بۆئەوەی توركیا هێرش نەكاتە سەر ناوچەكە .
چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێت دەڵێن خۆیان بۆ هێرشی داهاتوو ئامادەدەكەن و ئامانجی یەكەمیان شاری مەنبەجە كە دەكەوێتە سنوری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان.
شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج كە هاوپەیمانی هێزەكانی سوریا دیموكراتە و مەنبەج لەژێر دەسەڵاتیاندایە دەڵێت هێزەكانی ئەمریكا هێشتا جموجوڵەكانیان لە نزیك مەنبەج بەردەوامە و هیچ شتێك نەگۆڕاوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنەكە حكومەتی سوریا و روسیا رۆژی سێشەممە هێزیان بۆ نزیك شارەكە رەوانەكردووە.
هاوكات ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كە ئەمساڵ دانوستانی لەگەڵ دیمەشقدا كردوە رایدەگەیەنێت كە پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتدا هەرگیز رانەگیراون.
ئیلهام ئەحمەد لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هۆزەكانی رەققە رۆژی چوارشەممە وتی:" ئێستا ئێمە لە قۆناغی دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەكی نوێداین، بەردەوام دەبین لەسەری و بە هەموو رێگایەك هەوڵدەدەین فشار بخەینە سەر رژێم بۆئەوەی پرۆسەی چارەسەری سیاسی دەستپێبكات بە جۆرێك پارێزگاری لە كەرامەتی هاوڵاتی سوریا بكەین و پرۆسەی سیاسی راستەقینە لە چوارچێوەی پرۆژەی دیموكراتنی بۆ سوریایەكی لامەركەزی بەدیبێنێت".