Draw Media

ئینشیقاق.. دەردە كوشندەكەی حزب

ئینشیقاق.. دەردە كوشندەكەی حزب

2018-12-26 15:43:18


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
72 ساڵ پێش ئێستا تەنیا یەك حزبی سیاسی لە باشوری كوردستان (هەرێمی كوردستانی ئێستا) هەبوو، ئەو حزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، (31) لیست‌و قەوارە ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن تۆماركرد.
رەنگە ژمارەی حزبە سیاسییەكان بەمزوانە بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، چەند رۆژێكە گەردەلولێك لەناو حزبە ئیسلامییەكاندا هەڵیكردووە‌و دیار نییە چی لەگەڵ خۆی رادەماڵێ.
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا (6) ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و (2) ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی وازهێنانی خۆیان لە كاری حزبی راگەیاندووە.
زۆربوونی ژمارەی پارتە سیاسییەكان لە هەرێم تەنیا زادەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموكراسی‌و فرەیی نییە، چونكە زۆرێك لەو پارتە سیاسییانەی ئێستا لە  گۆڕەپانەكەدا كاردەكەن زادەی یەك منداڵدانی سیاسین‌و بەهۆكاری جیاواز جیابونەتەوە (انشقاق) یان كردووە.
ساڵێك‌و سێ حزب
لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا (3) پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەدایكبوون كە ئەمانەن:
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ
•    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری
•    هاوپەیمانی نیشتمانی
ئەم سێ پارتە نوێیە یەكێكیان لەسەر داروپەردووی حزبێكی تر دروستبووە‌و دوانی تریان زادەی جیابونەوە (انشقاق)ن.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
سەرباری ئەوەی سەرۆكی ئەم جوڵانەوەیە بەردەوام شانازی بەوەوە دەكات جوڵانەوەكەی یەكەمین پارتی سیاسییە كە زادەی (انشقاق) نییە، بەڵام لە دیمەنە گەورەكەیدا ئەم هێزە لەسەر داروپەردوی بزوتنەوەی گۆڕان بنیادنراوە، ئەوە لەكاتێكدایە باڵەخانەكەی گۆڕان بەتەواوەتی نەڕوخاوە‌و هێشتا بەپێوەیە.
ئەم جوڵانەوەیە لە گوتارەكانیدا وا دەردەكەوێت هێندە گرەو لەسەر مردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، هێندە گرەو لەسەر گەورەبوونی خۆی بەشێوەیەكی ئاسایی قۆناغ بە قۆناغ ناكات، واتە بەپلەی یەكەم سەركەوتنی خۆی لەسەر مەرگی گۆڕان هەڵچنیوە.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەوەری
سوڕی ژیانی ئەم هێزە سیاسییە تەنیا (10) مانگ بوو، بەرهەم ساڵح كە ئێستا سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە سەرۆكایەتی دەكرد.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری هێندەی وەكو هێزێكی جیابوەوە (منشق) لە یەكێتی دەركەوت، هێندە وەكو هێزێكی نوێ‌و پێویست بۆ ئەم قۆناغەی دۆخی سیاسی هەرێم دەرنەكەوت، ئەمە لەكاتێكدابوو، جگە لە بەرهەم ساڵح كە ناكۆكی لەگەڵ حزبەكەی (یەكێتی) هەبوو، چەندین كارەكتەری سیاسی تری دەرەوەی یەكێتیش لەو هێزە نوێیەدا بەشداربوون. 
بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتە‌و كارەكتەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری زادەی جیابونەوە (انشقاق)ی سێ حزب بوون (یەكێتی نیشتمانی- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی).
لەم ناو ئەم هێزە نوێیەدا دەگمەنترین روداوی سیاسی لە مێژووی ژیانی حزبایەتی لە كوردستان تۆماركرا، ئەویش كاتێك كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە حزبەكەی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، تا ئەو ساتە لە مێژوودا روینەدابوو سەرۆكێك حزبەكەی بەجێبهێڵێت، چونكە دیمەنی باو ئەوە بوو هەمیشە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسانی تری حزب لە حزب‌و سەرۆكەیان جیادەبنەوە، بەڵام ئەمجارە سەرۆك لە حزبەكەی جیابوەوە.
هاوپەیمانی نیشتمانی
ئەمە نوێترین پارتی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، ئارام قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی سەرۆكایەتی ئەم پارتە دەكات.
هاوپەیمانی نیشتمانی هەم لەسەر داروپەردوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) دروستبووە‌و هەم زادەی جیابونەوەیەكی پێشوەختەیە لە ناو (كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی).
ئینشیقاق لە شەش دەیەدا
جیابونەوە (انشقاق) لەناو حزبی كوردیدا نوێ نییە، بەڵام لە مێژووی نوێدا یەكەمین جیابونەوە (انشقاق)، جیابونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1964دا.
هەشتاكانی سەدەی رابردوو جیابونەوەیەكی تر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان رویدا، ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی لە پارتی جیابوەوە‌و حزبێكی بەناوی "حزبوڵای شۆڕشگێڕی كوردستان"ەوە راگەیاند، بەڵام دواتر ئەدهەم بارزانی گەڕایەوە بۆ ناو پارتی.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ساڵی 1975 راگەیەندرا، لەسەر داروپەردوی پارتی دروستكرا، چونكە سەركردە دیارەكانی حزبە نوێیەكە لەوانە بوو لە مەكتەبی سیاسی‌و ئۆرگانەكانی تری پارتی جیابونەوە.
حزبە نوێیەكە كە خۆی بە جۆرێك لە جۆرەكان زادەی (انشقاق) بوو، لەشێوەی نیمچە بەرەیەك دروستكرا‌و پێكهاتبوو لە (كۆمەڵەی رەنجدەران- بزوتنەوەی سۆسیالیست- شۆڕشگێڕان)، زۆری نەخایاند ئەم هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە‌و بزوتنەوەی سۆسیالیست جیابوەوە، ئاڵای شۆڕش (ئاش) راگەیەندرا، كۆمەڵەی رەنجدەران هەڵوەشێندرایەوە.
لەدوای ساڵانی 2000وە لە ناو حزبەكاندا ژمارەیەك جیابونەوەی تر رویاندا، لەوانە باڵێك لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جیابووەوە.
هاوكات یەكێتی چەند گۆڕانكارییەكی تری بەسەردا هات، ساڵی 2008  ژمارەیەك كادری ئەو حزبە لە دەرەوەی وڵات رەوتێكیان بەناوی "رەوتی گۆڕانكاری- رەگ" راگەیاند، ئەمە جیابونەوەی تەواوەتی نەبوو، بەڵام ساڵێك دواتر‌و بە دیاریكراو لە ساڵی 2009دا نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی جیابوەوە‌و هێزێكی نوێی بە ناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" رایگەیاند.
بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی بنكەیەكی جەماوەری فراوان‌و تێكەڵی هەبوو، بەڵام نەیتوانی خۆی لەوە رزگاربكات كە وەكو هێزێكی "منشق"ی یەكێتی دەربكەوێت، نەوشیروان مستەفا كە خۆی رۆژگارێك بە زەبری هێز روبەڕووی ئەوانە دەبووەوە كە لە شاخ هەوڵی جیابونەوە یان پەرتكردنی یەكێتییان دەدا، ئەمجارە خۆی سەركردایەتی جیابونەوەی كرد، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە ئەو هەمیشە دژی ئەوانە دەوەستایەوە كە دەیانوت "بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكە لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە"، ئەو هەمیشە دەیوت "بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی نوێیە‌و مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە".
هەردوای بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان جیابونەوەیەك رویدا، بەڵام دواتر جیابوەوەكان گەڕانەوە بۆ ناو حزبەكەیان.
سەرەتای ساڵانی 2000 هەندێك جیابونەوەی تر لە ناو حزبە كوردییەكاندا رویدا، رەنگە دیارترینیان بزوتنەوەی ئیسلامی بێت كە لەماوەیەكی كەمدا بەتەواوەتی لێكهەڵوەشا‌و بووەهۆی لەدایكبوونی ژمارەیەك هێزی نوێ، لەوانە كۆمەڵی ئیسلامی- ئەنسار ئیسلام.
شەپۆلێكی نوێ !
چەند رۆژێكە شەپۆلێكی ناڕەزایەتی لەناو سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی دەستیپێكردووە، پێشبینی دەكرێت چیرۆكەكە بە جیابونەوە كۆتایی بێت.
یەكێتی نیشتمانی دوای دوو جیابونەوەی فەرمی‌و چەندین هەوڵی جیابونەوەی تر، هێشتا لە دەردی پەرتبوون‌و (انشقاق) رزگاری نەبووە‌و هەركاتێك كێشەی باڵەكانی ناو ئەو حزبە توند دەبێتەوە، دەنگۆی جیابونەوە دێتە ئاراوە، رەنگە ئەوەی تائێستا یەكێتی بە یەكگرتووی راگرتووە ئەوە بێت، ئەم حزبە دەسەڵاتداری زۆنێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستان‌و سامانی ئەم ناوچەیەی لەژێردەستدایە‌و ئەو سامانەش دۆخی ناوخۆیی یەكێتی تاڕدەیەك راگرتووە.
بزوتنەوەی گۆڕان كە لە ناو هەناوی یەكێتییەوە هاتە دەرەوە، ئێستا خۆی روبەڕووی هەمان دۆخ دەبێتەوە، بەمدواییانە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە ئەوروپاوە هاوشێوەی "رەگ"ەكەی یەكێتی، رەوتێكیان بەناوی "پرۆ گۆڕان" راگەیاند، هەرچەندە ئەمانە بەتەواوەتی جیابونەوەی خۆیان لە گۆڕان رانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی جیابونەوە دەدەن.
جیابونەوە بۆچی ؟
بەخوێندنەوەی هەموو ئەو حاڵەتانەی جیابونەوە (انشقاق) لەناو حزبی كوردیدا لە باشوری كوردستان لە شەش دەیەی رابردوودا رویانداوە، دەردەكەوێت بەهانەی جیابونەوە لەناو حزبی كوردیدا لە چەند خاڵێكدا كورتبووەتەوە كە ئەمانەن:
•    بێ متمانەیی نێوان سەرۆكی حزب‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی
•    تاكڕەوی سەرۆكی حزب لە بڕیارداندا
•    بەبنەماڵەیكردنی حزب‌و هێنانەپێشەوەی كوڕەكان
•    دەستگرتن بەسەر دارایی حزبدا لەلایەن سەرۆك‌و ئەندامانی بنەماڵەی سەرۆكەوە
•    ناڕوونی داهات‌و خەرجی حزب
•    دەستگرتن بەسەر میدیای حزبدا (ئەمە دوای گەشەكردنی ئامرازەكانی رایگەیاندن‌و پەیوەندیكردن دەركەوت)
ئەوەی جێگای سەرەنجە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی لەسەر ئەم بەهانانە لە حزب جیابونەتەوە‌و حزبی نوێیان دروستكردووە، دواتر خۆیان روبەڕووی هەمان كێشە‌و رەخنە بونەتەوە، بەجۆرێك وایلێهاتووە "ئینشیقاق" بوەتە دەردێكی ئەزەلی حزبی‌و كوردی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand