" یەكێتی ئامادەبوو تەواوی رێككەوتنی دەباشان جێبەجێ بكات"
2019-03-13 14:43:46
دیداری رۆژنامەوانی: درەو میدیا
لە چل دەیەی رابردوودا یەكێك بووە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە رووداوە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان، بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكان لە جەلال تاڵەبانیو هاوكات نەوشیروان مستەفاش، زۆرجار رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، ئێستا دوای دەرچوونی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لە شانۆكە، پشتیوانێكی بەهێزی بەرهەم ساڵحە.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا)، شێخ محەمەدی سەرگەڵو چیرۆكی جیابونەوەو گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی دەگێڕێتەوە، باسی ساتی جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتیو جەلال تاڵەبانی دەكات، سەرگوزشتەی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕێتەوە، بۆیەكەمجار لەم دیدارەدا چەندین نهێنی پشتی پەردەی رووداوە سیاسییەكانی ئەمدواییەی كوردستان، بەدیاریكراویش وردەكاری هەوڵێك بۆ رێككەوتن لەنێوان یەكێتیو گۆڕان ئاشكرادەكات.
دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكە:
درەو میدیا: ئێوە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەركەوتن، ئێستا ئەو حزبە هەڵوەشاوەتەوە، رۆڵی ئێوە لە كوێیە، لەناو یەكێتیە یا وەك جاران بێلایەننو ناتانەوێت بەشداری سیاسەت بكەن؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من هەرلە زووەوە لە ساڵی 1990ەوە كاك بەرهەمم ناسیوە، پێموابوو كادرێكە بەكەڵكی ئەم وڵاتە دێت لەڕووی دیپلۆماسیو ئیداریو دەوڵەتدارییەوە، ساڵی 1990 هێشتا راپەڕین نەبووبوو، جارێكیان مام جەلال بۆخۆی بە ئێمەی وت:" من دەتوانم بە كاك بەرهەم بڵێم مامۆستای منە، چونكە قسەم بۆ راستئەكاتەوە لەگەڵ ئەوروپییەكان"، ئەو كاتەش كە هاتەوە من بۆخۆم زۆر ئەمەلم پێی هەبوو، پێموابوو كارەكتەرێكی باشە بۆ ئەم وڵاتە، پێم وابوو ئەگەر پشتیوانی لێبكرێو پشتگیری بكرێت، سەركەوتنی باش بەدەستدەهێنێت لەڕووی دیپلۆماسیو ئیداریو دەوڵەتدارییەوە، من هەر پشتیوانیم كردووە، سەركەوتبێت یان كەوتبێت، سەرگەڵوش هەیە وەك ماڵی خۆی حسابی كردووە هەفتانە سەردانی كردووین.
كاتێك نەشتەرگەریم بۆ كرابوو پار مانگی چوار هات بۆ لام وتی:" حەز ئەكەم لەگەڵمان بیت، وتم لەگەڵتان نابم وەك بەرپرسیارێتی"، بۆ جێگری خۆی باس دەكرام، بەڵام من وتم ئەو شتانە ناكەم، پشتیوانتانم، دوایش داوایانكرد سەرپەرشتی سلێمانی بكەم، كردیشم، هەڵمەتێكی باشمانكردو دەنگی باشیش هات، بەڵام دەنگەكان زۆری بڕان، ئەوەی من زانیاریم هەیە ئەوەی لە هاوپەیمانیو گۆڕان بڕا هی هیچ هێزێكی دیكە ئەوەندەی لێكەمنەكرایەوە، لە كاتی خۆیدا هەموو ئەو پێشێلكاریانە بڵاوكرانەوە.
كاك نەوشیروان پێی وتم یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت
درەو میدیا: رێككەوتنێكی پشتی پەردە هەبوو لەلایەن یەكێتیو پارتییەوە بەدیاریكراوی بۆ پرسی ساختەكاریی؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بڕوا ناكەم، بەڵام بۆ لێدانی بەرهەم ساڵح هەموو لایەك موتەفیق بوون، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو كاتەدا كە ئێمە هاوپەیمانی بووین، راستگۆ نەبوون لەگەڵ بەرهەم ساڵحو هاوپەیمانیدا، پێموابوو نەیاندەویست بەرهەم ساڵح ببێتە كارەكتەرێكو لەم ناوچەیە دەوری خۆی ببینێت، بەرەئی من ئەوە جەماوەری گۆڕان نەبوون، چونكە جەماوەری گۆڕان خۆشیاندەویست، هاوپەیمانیشیان پێ باش بوو، پێشیان مەقبول بوو، هاوپەیمانیش دەبوو بە چەترێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزەكان، پێموایە بەرژەوەندی هەندێك لە سەرەكردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رێگای بەوە نەدا.
درەو میدیا: ئەو كاتە هەوڵتان ئەدا بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكە فراون بكەنو یەكگرتوو و گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بێنە ناو بەرەكەی ئێوەوە، ئەو هەنگاوانە بۆچی شكستیان هێنا؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: هۆكاری یەكەم بزوتنەوەی گۆڕان بوو، چییان لەگەڵ ئەوەتین دوایی بە جۆرێكی تر رەفتاریان دەكرد، بە قەناعەتی من مەسەلەكە شتی شەخسی بوو، ئەیانزانی ئەم كۆكراوەیە كۆكراوەیەكی باشە، هەموو بەیەكەوە، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی لەژێر یەك چەتر بوینایە، ئەبوینە هێزێكی زۆر باش، چەند محاوەلەیەكیشمانكرد، من خۆم لە كۆبونەوەیەك بەشداریم كردو لەگەڵ برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، وتمان با خانەی راپەراندن نەبێت (د. یوسفو عەدنان عوسمانو محەمەد هەورامیو كاك ئاكۆو ئەمانە هاتبوون، كۆمەڵێك رۆژنامەنوسیش لە هاوپەیمانی هاتبوون)، دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق بوو، من قسەمكردو وتم:" ئەو هەموو دەنگانەیان تەزویركردو رۆیشتیش، خەڵكی بڕوای بە حزب نەماوە، بڕوای بەوە نەماوە پەرتەوازە بین، بەڵام ئێمە ئەتوانین یەك لیستی هاوبەش دروستبكەین، لیستی چاكسازی ناودەنێن، لیستی كوردستانی ناودەنێن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەتوانین ئێمە چوار تەلەفزیۆنمان هەیە ئەو چوار حزبە، ئەتوانین بەیەك نەفەس تەوجیهی خەڵك بكەین، دەستەیەكی راگەیاندنی باش دابنێین بۆ سەرپەرشتیكردنی تەلەفزیۆنەكانو یەك دەستەش بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە ئەتوانین متمانەی خەڵك بگێرێنەوە، دوو سێ مانگمان لە پێشەوەیە".
هەموو زۆریان پێ باش بوو، د. یوسف بە هەمان نەفەس قسەیكرد، كاك عەدنان عوسمانو كاك محەمەد هەورامی قسەیان كرد، وتمان وەڵاممان بدەنەوە، كاك كەمال رەئوفمان لەگەڵ بوو وتی:" مادام ئەوەندە رێكن با كامێرەیەك بێت وێنەی بگرێت، د. یوسف وتی:" نەوەڵا ئێمە پرسمان بە خانەی راپەڕاندن نەكردووە، خۆش نیە لە پشتی ئەوانە بێین، بەڵام بە تەئكید ئێمە سبەینێ وەڵامتان ئەدەینەوە".
كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین
درەو میدیا: راستە دەوترێت كاریگەری یەكێتی لەسەر كارەكتەرەكانی گۆڕان هەبووە بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە سەرنەگرێت؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبوو هەنێدك برادەر لەسەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە خانەی راپەڕاندن یاخود لە ماڵی كاك نەوشیروان پەیوەندییەكیان لەگەڵ ماڵی مام جەلال هەبووە لەو سەردەمە، دانیشتینیان هەبوو، شتیان هەبوو، بەرژەوەندییان لەگەڵیان هەبوو، پێموابێت ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبوو ئێمە ئەو شتانەی لە كۆبونەوەكان باسمان دەكرد لەگەڵ سەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ رۆژی دواتر ماڵی مام جەلال لە دەباشان دەیانبیستەوە.
درەو میدیا: لەو كاتانەدا باسی سەرۆكایەتی كۆمار كرابوو، پێتان وابوو بەو 11 كورسییەی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرۆك كۆمار بەدەستدەهات؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەكرا، ئەو سەردەمە وترابوو، مەگۆركیش (بریت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) وتبووی:" بەو 11 كورسییەوە یەكێك خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك كۆمار"، پێیانوابوو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت، تەنانەت بەرهەم ساڵح وتبووی:" ئێوە لەخۆتان كەسێك هەڵبژێرن، ئێمە دەكشێینەوە، یاخود بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئێمە ناچینە پرۆسەكەوە هەموو دەنگەكان كۆدەكەینەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان"، سوڵحەكەیان لەگەڵ نەكردین، دەلیلی بەهێز ئەوەبوو كە لە ساڵیادی كۆچی كاك نەوشیرواندا كە بەرهەم ساڵح چووە ئەوێ، برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆریان پێخۆش بوو.
كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین.
درەو میدیا: لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆمەڵێك هەبوون لەسەر خەتی بەرهەم ساڵح بوون، بەڵام كاتێك بەرهەم ساڵح هاوپەیمانێتییەكەی راگەیاند هیچ یەكێك لەو كەسانە نەهاتنە ناو هاوپەیمانێتییەكەی؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: داوایان لێنەكرا، ئەهاتن ئەگەر داوایان لێبكرایە.
درەو میدیا: بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا هەرچی هەیبو لەناو یەكێتی هێنایە دەرەوە؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان پارەیەكی زۆری بەدەستەوە بوو، كەسێتییەكی كاریزمایی زۆر بەهێزی هەبوو، كاك نەوشیروان هەر ئەو (12 ملیۆن) دۆلارە نەبوو كە لە مام جەلالی وەرگرت، كاك نەوشیروان رەنگە چەندین (12 ملیۆن) دۆلاری دیكەشی لەملاولاوە بۆ هاتبێت، ئیمكانیەتێكی گەورەی لەبەردەستدابوو، زانیاریم هەبوو كە بەرهەم ساڵح نزیكەی ملیۆنێك دۆلار قەرزار بووە لەسەر هاوپەیمانی، دەوترا كەسێكی وەك مەحمود سەنگاوی لە گەرمیان بێت زۆر بەهێزە، بەڵام مەحمود سەنگاوی (400 بۆ 500) چەكداری لەگەڵە بەچی بەخێوی دەكەیت ؟!، هەم زەمەنە، هەم كەسێتییە كاریزماییەكە، هەم توانا ئابورییەكەش دەوری خۆی هەبوو.
درەو میدیا: پرۆسەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی چۆن بوو، بێگومان ئێوە لەناو روداوەكاندا بوون ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: سەرەتاكەی لە كاك بافڵ تاڵەبانیو كاك لاهورەوە دەستیپێكرد، ئەهاتن سەردانی دكتۆر بەرهەمیان دەكردو قسەیان لەگەڵ دەكرد، هەمیشە دەیان وت تۆ كەسێكی بەتواناو لێهاتووی، بەڵام هەرگیز نە لەسەرەوە نە ژێربەژێر باسی ئەوە نەكراوە كە هاوپەیمانێتییەكە هەڵوەشێنێتەوەو بەجێی بهێڵێت، هەتا دوای تەزویرو هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری عێراق، ئەوەبوو مەكگۆرك دووجار هات بۆ سلێمانی، جاری یەكەم هەوڵێكیدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، وە ئێرانییەكانیش هەوڵیاندا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، چەندین دانیشتن كرا لەوبارەیەوە.
ئارام قادر موافق بوو، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی
درەو میدیا: رەئی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوكاتەدا چی بوو؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی پێی خۆش بوو بەرهەم ساڵح بەسەربەخۆ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی یەكێتی لاوازو پارچە پارچە بێت. دواینجار ئەوەبوو مەكگۆرك هات، چووە ماڵی دكتۆر بەرهەمو نانی بەیانی لەوێ خوارد، دوایی چونە گردەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو لەوێ كۆبونەوەیەك كرا، سێ كۆبونەوەشی لەگەڵ یەكێتی كرد، لەگەڵ دەباشان بەجیا، لەگەڵ مەلا بەختیار بەجیا، لەگەڵ كاك كۆسرەت بەجیا. كۆبونەوەی یەكەم ئەوەبوو بە 11 كورسییەكە، دكتۆر بەرهەم هەر تەركیزی لەسەر 11 كورسییەكە بوو، ئەیویست لەو رێگەیەوە بڕوات بۆ سەرۆك كۆماری، ئەمەیان نەكرا، ئێمە گەیشتینە قەناعەت كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو تەعامولەمان لەگەڵ ناكاتو متمانەی نەبوو، ئەوەی دەیان وت متمانەمان بە بەرهەم نیە لە جڤاتی نیشتمانیو گشتی گۆڕان، مەسەلەكە متمانە نەبوو، بەرهەم هەموو بەڵێنێكی پێدەدان، بەڵام خۆیان نەیاندەویست، چونكە نەیان دەویست بەرهەم لەو بەرەیە نزیكبێتەوە، بە بڕوای من، كە ئەمە رەئی خۆمە، هەندێكیان پێیان وابوو كە بەرهەم كەسێتی ئەوان دەخوات، رەنگە ئەو رۆڵەیان نەمێنێت ئەگەر ئەو بچێت، هەندێكی حەساسیەتی شەخسی بوو.
بۆیە دواینجار ئێمە لە ماڵی كاك بەرزان هەورامی لە تەویڵە كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت هات، برادەرانی خەتەكەی ئێمە لەناو یەكێتی 10 ئەندامی سەركردایەتی بوون هاتبوون، كاك بافڵیش لەسەر خەت بوو بەتەلەفۆن لەگەڵمان، كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت داوای لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد كە كاندیدی دەكەن بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراقو بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئێمە لەو سەردەمە پێمان لەسەر ئەوە چەقاند كە دەبێت سەرەتا وەك سەربەخۆ خۆی هەڵبژێرێت دوایی ئەوە بگەڕێتەوە ناو یەكێتی، ئەمە مەقبول نەبوو، وتیان ناتوانینو دەنگیش ناهێنین لە سەركردایەتیو ئەشخرێتە دەنگدانەوە، مەكگۆرگیش هەر بڕوای وابوو، لەو سەردەمەدا ئێرانییەكانیش هەر رەئیان وابوو، هەموولایەك رەئیان وابوو كە بەرهەم ساڵح بچێتە سەركردایەتی یەكێتیو لەوێ هەڵیبژێرن وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
درەو میدیا: هاوپەیمانی نیشتمانیو سەركردەكانی لەم گفتوگۆیانەی نێوان بەرهەم ساڵحو یەكێتی ئاگاداربوون ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێش ئەوە دكتۆر بەرهەم لەگەڵ ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی كۆبوەوە، لەگەڵ هەموو كادرە ئەساسییەكانی هاوپەیمانی كۆبونەوەی كردووە، پرسی بەهەموویان كردووە، ئەو كەسەی بڵێ من ئاگام لێی نەبووە، یان بەجێی هێشتوین، هیچ راست نیە.
درەو میدیا: ئارام قادر ئەو كاتە بەشداربووە لە كۆبونەوەكان؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر بەشداربووەو موافقیش بووە، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، بەڵێ بەشداربوو لە كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵح، یەكێك لەوانە كاك حەمەرەئوف بوو، ئەوانی تریش هەموویان.
درەو میدیا: رەئی ئەوان چی بوو؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر پێی ناخۆش نەبوو، پێی باش بوو، بەڵام مامۆستا حەمەرەئوف وتی :"زەمان چیە كە فێڵت لێناكەن ؟"، بەس من پێم وابوو دكتۆر بەرهەم زەمانەتەكەی وەرگرتبوو، زیاتر لەلایەنی ئەمریكییەكانەوە، زەمانەكەش ئەگەر بیرتان بێت ئەو ئیشارەتە بوو كە مەكگۆرگ لە دەباشانەوە قسەی كرد، وتی ئێمە بۆ سەرۆك كۆمار یەكێكمان دەوێت زمانزان بێت، دیپلۆماسی بێت، بڕوانامەی هەبێتو پەیوەندی نێودەوڵەتی باش بێت، لەناو یەكێتی كێی ترت هەیە واتا یەعنی دكتۆر بەرهەم، ئەوەبوو هێرۆخانیش هیچ تەعلیقێكی نەبوو، بافڵو لاهوریش پشتیوانی یەكەمی بوون، زۆریان پێ باش بوو، بۆیە چەندجارێك هەر دادەنیشتینو گفتوگۆمان دەكرد، پێمان باش بوو دەستلەكاربكێشێتەوە لە هاوپەیمانی، بۆیە دەستیلەكاركێشایەوەو ئێمەش پێمان باش بوو، رەنگە یەكێك لەوانە من بووبم كە پێم وت:" ئەمە زۆر زۆر بڕیارێكی قورسە، بەراستی جورئەتێكی ئەوێت مرۆڤ ئەو بڕیارە بدات، بەڵام هەر ئەمە باشترە لەوەی ئێمە چوار ساڵی دیكە دابنیشین بەدیار دوو ئەندام پەرلەمانەوە، دەسەڵاتی هیچت نەبێتو پارەشت نەبێتو كرێی بارەگاكانیشت نەبێت"، وەزعی ئابوریشی خراپ بوو هەتا ئێستاش هاوپەیمانی قەرزی خەڵكی بەسەرەوە ماوە، هەربۆیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا زۆرینەیان دەنگیان بە دكتۆر بەرهەمداو ئەوانی دیكە دەنگی زۆر كەمیان هێنا.
ئەوەنەی من ئاگادارم یەكێتی جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئامادەن رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەن
درەو میدیا: ئێستا هیچ پەیوەندییەك هەیە لەنێوان بەرهەم ساڵحو ئەو حزبە تازەیەی كە لەسەر داروپەردووی هاوپەیمانی دروستبووە، واتا هاوپەیمانی نیشتمانی؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك ئارام قادر سەرەتای پێی وتم لەگەڵمان بێیت بۆلای دكتۆر بەرهەم، كە سەرەتا هەڵبژێردرابوو بە سەرۆك كۆمار، بۆیە كۆبونەوەو كاك ئارامو ئەوان داوای لۆگۆی هاوپەیمانیان كرد، بەرهەم ساڵح وتی بەسەرچاو، داوای مومتەلەكاتەكانی هاوپەیمانیان كرد، وتی هەمووی بۆ ئێوە، داویانكرد كە دوو بۆ سێ مانگ كرێی ئەو بینایانەیان بۆ بدەن، وتی بەسەرچاو، داوای دوو ئەندام پەرلەمانەكەی هاوپەیمانیان كرد، دكتۆر بەرهەم وتی ئەندام پەرلەمان كورسیو مێز نیە، ئێوە ئەتوانن قسەیان لەگەڵ بكەن، ئەگەر لەگەڵتان مانەوە ئەوە پیرۆزەو ئێوە هەر دۆستی ئێمەنو هاوڕێی ئیمەن، ئەوانیش بەهەمان شێوە، جگە لە مۆڵەتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری كە ئەوەی نەدانێ، چونكە ئەوە بەناوی دكتۆر بەرهەمەوە بوو، بۆیە ناوەكەیان گۆڕی.
لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی سیاسی ژێربەژێر لەنێوان بەرهەم ساڵحو ئەواندا نەماوە، بەڵام هاورێیەتیان ماوە، بەڵام وەك خۆیان ئاماژەیان پێكرد، چەندینجار هەندێك لە كەناڵەكانی نزیك لە پارتی هەوڵیانداوەو ختوكەی ئەو سەركردانەیان داوە كە دژی بەرهەم ساڵح قسە بكەن، بەڵام ئەوان هیچ قسەیەكیان دژی نەكردووە.
درەو میدیا: ئێستا تۆ یەكێتیت یان هاوپەیمانی یان كەسایەتییەكی بێلایەن؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من هەروەكو پێش هاوپەیمانی ساڵی 2000، مام جەلال ناردمی بۆ ئیدارەو مالیەی یەكێتی قەناعەتم وابوو ناتوانم لەوێ درێژە بە كارەكانم بدەم، دوو مانگ سێ مانگ لەوێ مامەوەو ئیستیقالەم كردو لەو سەردەمەوە من هیچ كارێكو بەرپرسیارێتییەكم لە یەكێتی نەبووەو تا 2003 كە لە عێراقدرا من نوێنەری یەكێتی بووم لەگەڵ ئەمریكییەكان لە میحوەری كەركوك، ئێستا من پەیوەندی شەخسیم باشە لەگەڵیان، بەینم باشە لەگەڵیان، بەڵام لە هیچ دامودەزگایەكی یەكێتی ئیشم نەكردووەو ئیشیش ناكەم، من خانەنشینم، حەزمكردووە حورمەتی پێشمەرگایەتی خۆم بپارێزم بەڕاستی.
درەو میدیا: هەست بەوە دەكرێت لاسەنگییەك لە سیستمی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەتایبەتی باس لەوە دەكرێت سلێمانی لە هەموو بوارەكاندا دواكەوتووە، لەڕووی دەسەڵاتی سیاسیشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆربەی جومگەكانی كۆنترۆڵكردووە، وەكو كەسێك لەناو رووداوە سیاسییەكانی چل ساڵی رابردوودا بوون، هۆكاری ئەو لاسەنگییە بۆچی دەگەڕێننەوە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە بە درێژایی مێژووی دوای راپەڕین، ئێمە كە لە یەكێتی هاتوینەتەوە، كۆمەڵێك هەڵەی سیاسی گەورە كراوە، یەكێك لەوانە ئێمە ئەو دروشمانەی كە لە شاخ بەرزمانكردبووەوە، ئەو ئازادیو دیموكراتییەی كە ئێمە باسمان دەكرد، ئەو دژبوونی بنەماڵەییەی كە باسمان دەكرد، ئەو خۆنەویستییەو خەباتكردنە بۆ خەڵك كە باسمان دەكرد، كە هاتینەوە بەداخەوە بەشێك لە بەرپرسەكانمان وا تەسەڕوفیان نەكرد، وای لێهات لە چاوی زۆركەسی بێلایەن ئێستا كە سەیری پارتیو یەكێتی دەكات، دەڵێ وەكو یەكن. ئەمەش بۆ یەكێتی ناگونجێت، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانو ماڵی مەلا مستەفا ئەگونجێت، چونكە ئەوان بە ئاشكرا ئەڵێن ئەو حیزبە هی ئەو بنەماڵەیەیەو ئەبێت هەمیشە یەكێك لەو بنەماڵەیە سەرۆكی ئەو حیزبە بێت، نابێت خەڵكی تر، لە هەموو شوێنە كاریگەرو هەستیارەكاندا یەكێك لەو بنەماڵەیە مەسئولیەتی، لە ئەنجومەنی ئاسایشو سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم، ئەوانە هێڵی سورنو دەبێت بۆ یەكێك بن لە بنەماڵە، بەڵام ئەوەی یەكێتی نیشتمانی لە شاخ بانگەشەی بۆ دەكرد، بەپێچەوانەی ئەوانەوە بوو، خەڵكی سلێمانیش لەزووەوە خەڵكێكی رۆشنبیرو خەڵكێكی چاوكراوەو رەخنەگرن، تەحەمولی ئەم وەزعەی یەكێتییان نەكرد كە هاتینەوە لە شاخ، بۆیە من پێموایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لێیو بەدانیشتنی كۆمەڵێك لە كادیرەكانی، تۆ سەیركە یەكێتی چی بەسەرهاتووە، لە راپەڕین هاتینەوە باشترین كادیرەكانی یەكێتی ئەو سەردەمە لە قاسمەڕەشو لە سەقزو دیوی ئێرانەوە بەرەو ئەوروپا رۆشتن، دوای راپەڕین هاتینەوە كاك نەوشیروانیش رۆشت، ئەویش لە شەقلاوەوە بەجێی هێشت لە دوای كۆنگرەی یەك، بەدرێژایی پێنج شەش ساڵ نەهاتەوە لە ئەوروپا، كۆمەڵێك كادیری باشی تر رۆشتن، باشە ئەم كادیرە باشانە كە ئەڕۆن كێ جێیان ئەگرێتەوە، خەڵكی تر جێگای ئەگرێتەوە كە شیاو نییە بۆ ئەو شوێنە، من هەمیشە رەخنە لەخۆم دەگرم لەگەڵ هەموو هاوڕێكانمان، مەسئولیەتی یەكەمی ئەو وەزعانەی كە وای لێهات ئێمە هەموومانین كە بەجێمانهێشت، هەر كەسێك شوێنی خۆی بەجێهێشتو كەسی تر شوێنەكەی پڕكردەوە، ئیتر وای بەسەردێت، ئینجا بزوتنەوەی گۆڕانیش كە جیابونەوە باشترینی كادیرەكان لە مەكتەبی سیاسییەوە تا ناوەڕاستو خوارەوە جیابونەوەو رۆشتنو نانبڕاوبوون، بێ پارە بوون، بێ وەزع بوون، وازیان لە هەموو ئیمتیازاتی ناو مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی هێنا، كادیرە پێشكەوتووەكانی یەكێتی وازیان لە ئیمتیازات هێناو لەگەڵ گۆڕان رۆیشتن، ئەمانە كە رۆشتن هەموو بەنیەتی پاك رۆیشتن، بەنیەتێك رۆیشتن كە درێژە بەو رێبازە بدەن یەكێتی لە شاخ هەیبوو، ئێ بەڵام دەركەوت بزوتنەوەی گۆڕان كە ئومێدێكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، وە ئەو جەماوەرەی كە بزوتنەوەی گۆڕان هەیبوو خۆڕسك بەوشێوەیە، لەمێژووی تازەی كوردستاندا شتی وا نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەویش ئیدارەیەكی باشی نەدراوە، ئەویش وەكو پێویست نەبوو، ئێستا ئەیبینین.
كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە
درەو میدیا: ئێستا دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینی ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە ئێستا دۆخی باش نییە، ئەوانەی كە وەزیفە وەردەگرن ئەڵێن هەرگیز گۆڕان دۆخی وەكو ئێستا باش نەبووە (بەپێكەنینەوە)، ئەوەشی كە كادیرە دڵسۆزەكانیەتی ئەڵێ وەزعەكان زۆر خراپە، ئەوەی من ئەیبینم بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵوەرین ئەڕوات، من پێموایە ئایندەیەكی رەش چاوەڕێی گۆڕان ئەكات، نەك گەش.
درەو میدیا: ئەی لەسەر یەكێتی بۆچونت چییە، پێتوانییە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی وایكردووە سلێمانی دوابكەوێت ؟ یان بەكورتی ئەوەندەی ئێوە ئاگاداربن ئێستا دۆخی یەكێتی چۆنە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من ئەیبینم دۆخی یەكێتی ئێستا بەرەو باشتر ئەڕوات، من بۆخۆم یەكێك لەو پرسیارانەی كە لە كاك بافڵم كرد رۆژێكیان، وتم ئێوە چۆن گەیشتنە قەناعەت كە بەوشێوەیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح تەعامول بكەن، ئەو وتی من ئێستا پورەكانمو كێ و كێ مەرحەبایم ناكەن، وتم چۆن گەیشتیە ئەو قەناعەتە، وتی من گەیشتومەتە قەناعەتی تەواو كە یەكێتی بە ئەو نەبێ (بەرهەم ساڵح) بەئێمە بەڕێوەناچێت، پێویستمان بە بەرهەم ساڵحە سەرپەرەشتی ئەو وەزعانە بكات، من پێموایە ئێستا وەزعەكان وا گۆڕاوە، لە هەندێك حاڵەتدا كارەكتەرێكی وەكو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت بڕیار بدات، بەڵام هێشتا ماویەتی، ئەگەر هەوڵبدەینو رەگ دابكوتێو یەكێتی نیشتمانی تۆزێك خۆی كۆبكاتەوە، یەكێتی لەبارە بۆئەوەی بەپێی ئەو مێژووەی كە هەیەتی، ئەو جەماوەرەی كە هەیەتی، لەبارە بۆ ئەوەی بەرەو باشتر بچێت، من پێموایە ئەمساڵ باشترە لە پار.
درەو میدیا: هیچ هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی یەكێتیو گۆڕان تواناكانیان یەكبخەن، چونكە دەوترێت بەشی گەورەی كێشەی ئەم ناوچەیە پەیوەندی بە كێشەی نێوان یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەمدواییە زۆر ویستی بەرەو بزوتنەوەی گۆڕان بچێتو رێككەوتنێك بكات بەتایبەتی لەم دوو سێ هەفتەی دوایدا.
درەو میدیا: چۆن ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەنەی من ئاگادارم جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئێمە ئامادەین رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەین، ئەمە پێش ئەوەی گۆڕانو پارتی ئیتیفاق ئیمزا بكەن، یەكێتی داوایكرد لەگەڵ گۆڕان پێكەوە بچن بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتیو یەكتری بەجێنەهێڵن، یەكێتی ئامادەیی دەربڕی ئیتیفاقی "دەباشان" جێبەجێ بكات یان ئیتیقافێكی نوێ لەگەڵ گۆڕان بكات، كاك مەسعود عەبدولخالق ئەو قسەیەی گەیاند بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ یەك دوو برادەری تردا، بەڵام لەوەدەچوو ئەوان گەیشتبنە قەناعەت كە ناتوانن لەگەڵ یەكێتی رێكبكەون، من پێموایە ئەسڵەكەی ئەوە نەبوو، پێدەچێت پێشتر لەگەڵ پارتی رێككەوتبن، رەنگە رێككەوتنەكەیان بگەڕێتەوە بۆ دوای 12/5 كە تەقەكان لە گردەكە كرا.
درەو میدیا: ئێستا یەكێتیو گۆڕان بە جیا بەشداری حكومەتیان كرد، پێشبینی ئێوە بۆ پەیوەندی نێوان ئەو دوو هێزە لە چەند ساڵی داهاتوودا چییە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من وای ئەبینم هەردوكیان یەك چارەنوسیان هەیە، دەبێت لە كۆتایدا هەر نیمچە بەرەیەك دروستبكەن یان یەكبگرنەوە، چونكە بەمشێوەیە نابێت، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، زۆرێك لە كادیرە ئەساسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، بەڵام موشكیلەكەی بزوتنەوەی گۆڕان چییە ؟ ئێستا گۆڕان زۆری لێ هەڵدەوەرێت، زۆری لێ ئەڕوا، زۆر وازئەهێنێ، كادیرە بەهێزەكانی دادەنیشتن، بۆ نمونە ئەوە كاك عوسمانی حاجی مەحمود، ئەوە كاك قادری حاجی عەلی، كاك سەڵاح رەشید، كاك رۆستەم، جەمال عەزیز..، دانیشتون هەركەس لە ماڵی خۆی، من پێموایە ئەو خراپە بەڕاستی، من پێموابوو لەژێر هەر پەردەیەكدا بێت، ئەو برادەرانە بۆخۆیان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان شتێك دروستبكەنو نەهێڵن ئەو خەڵكە بەملاولادا بڕوات، تاوەكو وردە وردە زەمەن وا حوكم ئەدات، چونكە تەعامولكردن لەگەڵ پارتی وائاسان نییە، ئەو تەعامولەی كە ئێستا پارتی دەیكات، ئیشی بە بزوتنەوەی گۆڕانە كە بەوشێوەیە بەپیریەوە ئەچێتو ئەڵێ تۆ 12%ی كورسییەكانت هەیە ئێمە 20% پێدەدەین، رەنگە ئەمە بۆ دروستكردنی فەوزاو ناكۆكی بێت لە سلێمانی، بەهەمان شێوەش كە لەگەڵ یەكێتی دێتەپێشەوە من پێموایە یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان زۆر ئاگاداری خۆیان بن، زۆر وریا بن، ئەبێ ئەو حەقیقەتە بزانن بەڕای من لە ئایندەیەكی زۆر دوریش نا، رەنگە چارەنوسیان هەر یەك چارەنوس بێت، ئەبێت هەر لە یەكتر نزیكببنەوە.
یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوەو تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە
درەو میدیا: ئێستا یەكێتیو گۆڕان هەردوكیان لاوازن لەبەرامبەر پارتیدا ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ هەردوكیان لاوازن، بەڵام ئەگەر تەبابنو تەنسیقێكی مونەزەم بكەن، من پێموایە وەزعیان باش ئەبێت.
درەو میدیا: رێككەوتنەكەی یەكێتیو پارتی چۆن دەبینی، سەرەتا وادەردەكەوت كێرڤی داواكارییەكانی یەكێتی بەرزە، بەڵام دواتر دابەزی، یەكێتی لە هەندێك لە داواكارییەكانی كشایەوە بەتایبەتیش لە پرسی كەركوكدا ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەگەر بە نەخشەو پلان كاربكات، ئێستاش دەتوانێت هەر داواكارییەكی هەبێت بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، بەڵام موشكیلەی یەكێتی تائێستا ئەوەیە كۆدەنگیی تێدا نییە، هەیە زۆری پێخۆشە لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، هەیە زۆری پێناخۆشە، ئەمە بوەتەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكانیش كێشە دروست ببێت، من نازانم كاك كۆسرەتو كاك مەسعود چیان قەرارداوە، پارێزگاری كەركوكیان هێشتوەتەوە لەنێوان خۆیانداو بەدوو قۆڵی خەریكن، بەڵام پێموایە یەكێتی تەنازول نەكات لەو مەوزوعە، ئەگەر تەنازول بكات وەزعی خراپ ئەبێ، یەكێتی ئەبێت پێ لەسەر ئەو داواكارییە دابگرێت كە هەیبوو، كە ئەویش ئاشتەواییە لە بەغدادەوەو بۆ كەركوكو بۆ كوردستان.
درەو میدیا: ئێوە یەكێكن لە كەسە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەبارەی ناردنی پارەی موچە لە بەغدادو هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەوە چ زانیارییەكتان هەیە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من بزانم دكتۆر بەرهەم تەنسیقێكی زۆر باشی لەگەڵ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی هەیە، بەبەردەوامی ئەندام پەرلەمانەكانی عێراقو حەلبوسی دەبینێ، ماڵەكانیان یەك دیواری بەینە.
درەو میدیا: ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر موچەو ژیانی خەڵك دەبێت ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە یەكێك لەو شتانەی كە وایكردووە بەغداد بەوشێوەیە بێتەپێشەوە، دكتۆر بەرهەم كاریگەری خۆی هەبووە.
درەو میدیا: ئێستا پارتی دەڵێت ئێمەبووین موچەمان گەڕاندووەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕانو لایەنەكانی تریش دەڵێن ئێمە بوین؟
شێح محەمەدی سەرگەڵو: هەمووی ئەڵێ ئێمە بووین، تۆ سەیربكە، بڕینی موچەیان بە كاك قوباد راگەیاند، بەڵام كاك نێچیر رایگەیاند كە پاشەكەوت هەڵدەگیرێت، بەداخەوە كاك قوباد پیاوێكە بێ تەجوروبەیە، ئەگەرنا ئەبوایە هەرئەوكات مایكەكەی لەدەست كاك نێچیر وەربگرتایە، یان بۆ نمونە ئەڵێ ئێمە سوپاسی فوئاد حسێن ئەكەین، كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە، بۆیە بەدڵنیایی دكتۆر بەرهەم رۆڵەكەی گێڕاوە.
درەو میدیا: واتە ئیتر كێشە لەنێوان هەرێمو بەغداد نەماوە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر ئێستاش كێشە ماوە، هەرێمی كوردستان ئەبێت پابەند بێت بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە حكومەتی عێراقی، ئەگەر نەیدات ئەو بودجەیە بەوشێوەیە نایەت.
درەو میدیا: چۆن ؟ ئەمە زانیارییە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ ئەمە زانیارییە، ئەمە زانیاری چەند رۆژێك پێش ئێستایە (بەپێكەنینەوە)، ئەبێ حكومەتی هەرێم ئەو نەوتە رادەستبكات، ئێستا حكومەتی هەرێم دەڵێ ئێمە 400 هەزار بەرمیل دەفرۆشین، 250 هەزاری ئەنێرین بۆ بەغداد، 150 هەزاریش تەكمیلەی داهاتی ناوخۆی پێ تەواو ئەكەین، بەڵام خەڵكی تر لەملاولاوە ئەچێ ئەڵێ 600 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، خەڵك هەیە ئەچێت ئەڵێ 700 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، ئاوا ناكرێت، ئەبێ حكومەتی هەرێم مل بدات بۆ ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ بەغداد كردویەتی، ئەگەر نەیكات، بەغداش پابەند نابێت بە ناردنی ئەو پارەیەوە.
درەو میدیا: بۆچونی تۆ چییە لەسەر هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە بۆ خەڵك زۆرباشە، ئەگەر بەردەوام بێت، بەڵام ئینسان گومانی هەیە، ئایا پارتی پابەند دەبێت بەو رێككەوتنانەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویەتی یان نایكات.
پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی
درەو میدیا: ئێوە پێتانوایە پارتی فایلی نەوت رادەستی بەغداد بكات، لەكاتێكدا بەمدواییە رێككەوتنێكی لەبارەی غازەوە كردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: دەبێت فایلی نەوت رادەست بكات، ئەگەر نەیكات دوچاری كارەساتێكی تر دەبینەوە، ئەوەش بە فشاری بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی بوو.
درەو میدیا: گۆڕانو یەكێتی ئەو كارتانەیان بەدەستەوەیە فشار لە پارتی بكەن ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە یەكێتی كارتی باشی بەدەستەوەیە، یەكێتی لە سلێمانی سنورێكی گەورەو گرانی بە ئێرانەوە هەیە، سنورێكی گەورەی لەگەڵ بەغداد هەیە، ئەتوانێت بەهەموو جۆرێك مامەڵە بەو غازەوە بكات كە سەرچاوەكەی لە سنوری یەكێتیدایە، بتەوێت یان نا لە كوردستان كورسی گرنگ نییە، مەسەلە هێزو ناوچەو پارەیە.
درەو میدیا: ئەی گۆڕان كارتی فشاری لەسەر پارتی هەیە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە گۆڕان وەزعی زۆر خراپ ئەبێت، چونكە نە ئەو پارەیەی بەدەستەوەیە نە ئەو هێزەشی بەدەستەوەیە، كورسی زۆریشی نییە، ئێستا پارتی ئیشیان بە بزوتنەوەی گۆڕانە، دڵیان رائەگرنو هەموو دڵدارییەكیان لەگەڵ ئەكەن تا ئەوكاتانەی مەرامەكانی خۆیان جێبەجێ ئەكەن.
درەو میدیا: لەبارەی دۆخی ناوخۆییەوە، پێشبینی ئێوە بۆ دۆخی یەكێتیو گۆڕان چییە، ئایا یەكێتیو گۆڕان دواجار وەكو پارتی دەبن بە حزبی بنەماڵەیی ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئێستا بەرەو ئەوە ئەڕۆن، یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوەو تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە (بەپێكەنینەوە)، من نازانم لە بزوتنەوەی گۆڕاندا مەسئولیەتم نییە، بەڵام ئەوەی لە برادەرەكانی ئەبیستم ئەڵێن بڕیار لای جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی نییە، بڕیار لای چەند كەسێكە ئەویش كوڕەكانی كاك نەوشیروان دەوری خۆیان دەبینن بەتایبەتی كاك چیا.
دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیلو زاخۆو دهۆك بوو
درەو میدیا: هەندێك قسە هەیە دەڵێن پارتی دەیەوێت لەم ناوچەیە بزوتنەوەی گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت پارتی دەیەوێت هێزی چەكدار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكات، چ زانیارییەكتان هەیە لەوبارەیەوە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، دڵنیابە پێش ئەوەی هێزی سەربازی بۆ گۆڕان دروستبكات، یەكێتی هەڵوێستی زۆر توندی دەبێت، دڵنیابە.
درەو میدیا: باسی پەیوەندی نێوان یەكێتیو گۆڕانمان كرد، بەوپێیەی ئێوە نزیك بوون لە رووداوەكان، سەرەتای كۆتایهاتنی هاوڕێیەتی سیاسی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لەكەیەوە دەستیپێكرد ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: لەسەرەتای راپەڕین یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تاكە سواری مەیدانەكە بوو، لەسەردەمی پێشمەرگایەتیشدا بە پانتایی سنورەكانی سلێمانیو هەولێرو دهۆكو كەركوكو خانەقین یەكێتی دەسەڵاتی یەكەم بوو، لەدوای راپەڕینیش كە هاتینەوە لە زاخۆوە تا خانەقین یەكێتی تاكە سواری مەیدانەكە بوو، پارتی ئەوكات هاتبووەوە، بەڵام ئەو هێزە نەبوو، بۆ نمونە دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیلو زاخۆو دهۆك بوو، هەرچی كاك دلێرو یەكێتی بڕیاریان نەدایە پارتی نەیدەتوانی لەوێش هیچی وا بكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ناوخۆییو بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەو بانگەوازەی دەیكرد، لە شاخەوە بۆ خەڵك وەك پێویست پەیرەوی نەكرد، وای لێهات زۆرێك لە كادریرەكانی داوای چاكسازیان دەكردو داوایان دەكرد بچنە ناو خەڵك، پێداوایستی خەڵكی دابین بكەن، بەڵام لە فرۆشتنی بەنداوی بێخمەوە بیگرە كە یەكێتیو پارتی پێكەوە فرۆشتیان تا ئاودیوكردنی ئەو مەكاینو شۆفڵو شتانەی كە لە كوردستان هەبوون، ئەمە بوو بەهۆی ناڕەزاییەتییەكی گەورە، لەبەرئەوەی كادرەكانی یەكێتی فێری رەخنەگرتن بووبوونو رێكخستنەكانیشی زۆر بەهێزبوون لە شار، بەمافی خۆیان دەزانی كە هەر كەموكوڕییەكیان لە هەر شوێنێك ببینیایە باسیان بكردایە، ئەمانە درێژەیان كێشا تا ئەوەبوو كاك نەوشیروان ماوەیەكی دوورو درێژ چوە دەرەوەو لە لەندەن دەژیا، ئەو سەردەمانە ئێمە زیاتر لەگەڵ كاك نەوشیروان پێكەوە بوین، كاك نەوشیروان هەمیشە باسی ئەوەی دەكرد كە چاكسازی لەناو یەكێتیدا، بڕیاری بەكۆمەڵەو دەبێت مافی تاك پارێزراو بێت، بتوانین بینای موئەسەساتی دەوڵەتیو حوكمڕانی بەڕێكوپێكی بكەین، ئەمە درێژەی دەكێشا چەندجارێك كە كێشە دروست دەبوو، مام جەلال دەینارد بەدوای كاك نەوشیروانداو ئەهاتەوەو كێشەكان بەشێوەی كاتی چارەسەر دەبوون، تا گەیشتە ئەو رادەیەی كە نێوانی مام جەلالو كاك نەوشیروان بەتەواوی تێكچوو، ئەوەی من ئاگادارم ئەوەی لە مام جەلال خۆیم بیستووە، لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی لە بەغداد، مام جەلال وتی كاك نەوشیروان جیایكردمەوەو وتی ئیشم پێتە، جیابووینەوەو كاك نەوشیراون وتی من پیاوێكی رۆژنامەنووسم، حەزم بەنوسینو خوێندنەوەی مێژووە، نامەوێ ئیتر تەداخولی سیاسەت بكەم، بۆیە من دێمە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیو خواحافیزیتان لێدەكەم.
درەو میدیا: واتە ئەوكات نەوشیروان مستەفا باسی پرۆژەی سیاسی نەكردووە؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە كاك نەوشیروان هەر باسی سەنتەری ستراتیژی لێكۆڵینەوەی كوردی كردووە. مام جەلال بە كاك نەوشیروانی وتووە ئێمە چەند ساڵێكە بەیەكەوە خەبات دەكەینو با بەردەوام بین پێكەوە، بەڵام كاك نەوشیروان رازی نەبوو، دوایی چوینەوە ناو كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیو كاك نەوشیروان وتی هاورێیان ئەوە ئیتر من سەنتەرێكی ستراتیژی دادەنێمو وازدەهێنم لە یەكێتیو ئەتوانن ئێوەش تێیدا بنوسن، مام جەلال وتی منیش تێیدا دەنوسم، بەڵام كاك نەوشیروان وتی من پێویستیم بە پارەیە، وتم چەندت دەوێت وتی پێویستم بە 12 ملیۆن دۆلارە، وتی یەكسەر لەوێ بەرپرسی ئیدارییەكەم بانگكرد وتم ئەو پارەیە بێنن، وتی هێنایان (5 یان 7 ملیۆن دۆلار) بوو، تەلەفۆنی بۆ كاك دلێری سەید مەجید كرد لە سلێمانی باقییەكەی تری بۆ دابین بكەن، ئەوەبوو (12 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجكرد، بۆ خەرجی پێداویستییەكانی راگەیاندنو رۆژنامەو سایت، دواتر داوای گردەكەشی كردبوو.
درەو میدیا: واتە هەر ئەوكات گردی زەرگەتە تاپۆكراوە ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ، هەر ئەو سەردەمەش تاپۆكرابوو، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە ئەوە بوو كە كاك نەوشیروان وتویەتی بۆ ئەوەی سبەینێ برادەرەكان هەریەكەیان نەڵێن ئەوە بەشی منەو كێشە دروست ببێت، با یەكجاری لەسەر خۆم بێت باشترە، بۆیە منیش وەزیری دادو تاپۆم بانگكرد، چوون لە ماڵی كاك نەوشیروان ئەوەیان لەسەر تاپۆكرد، مام جەلال بۆی گێرامەوەو وتی: من تەسەورم دەكرد یەكەم نوسین من بینوسم لە سایتو رۆژنامەكەی كاك نەوشیروان، بەڵام یەكەم نوسین دژی خۆم بوو.
من شتێكتان بۆ دەگێرمەوە، ئێمە (10) كەس بووین لە ئاوێنە (رۆژنامەی ئاوێنە) راپۆرتێكمان بۆ مام جەلال نوسی بوو، كە چەند خاڵێك بوو بۆ ئەوەی جێبەجێی بكات، یەكێك لەو خاڵانە ئاشتبوونەوە بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، خاڵێكی تر موفاتەحەی ئەنجومەنی سەرای سلێمانی بوو لە 17ی شوباتدا، كە كاوە محەمەد ئەو سەردەمە كادری یەكێتی بوو (ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی گۆڕان) قسەی كرد، مام جەلال لێی توڕە بوو، وتی: تۆ گۆڕانیت، تۆ جاسوسی گۆڕانیت، بڕۆ دەرەوە، منیش قسەم كردو پێشنیازم كرد كە لەگەڵ ئەنجومەنی سەرای ئازادی كۆببنەوە، ئەوانە كۆمەڵێك گەنجنو لەگەڵیان دابنیشەو دەعوەتێكیان بكە، مام جەلال وتی: چەند كەس دەبن ؟، منیش وتم: رۆژانی هەینی دەگەنە (5 هەزار) كەس، وتی ئینجا ئەوە چییە من پاسەوانەكانی خۆم (11 هەزار) كەسە، منیش وتم هەر ئەو (5 هەزار) كەسە نین، (10) پێنج هەزاری دیكەش دڵی لەگەڵ ئەواندایە، مام جەلال وتی: كاكە تۆ ئاگات لێ نیە، مانگی پێشوو پارەیان پێنەبووە من پارەم بۆ ناردوون (مەبەستی لەوە بووە پارەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە)، دواتر هاتمە دەرەوە دكتۆر بەرهەم تەلەفۆنی كرد، وتم: مام جەلال دەڵێ من پارەم بۆ ناردووە، وتی: بۆ مام جەلال باسی كرد !! وتم بەڵێ.
درەو میدیا: ئەی سەبارەت بەخۆت، تۆ لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بووی، چۆن بەشداری پرۆژە سیاسییەكەی ئەوت نەكرد ؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان ئەیزانی كە من نابم بە گۆڕان، بەڵام ئەیزانی لەگەڵ برادەران زۆر نزیكم، وتی:" یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت"، سەرەتا هێشتا گۆڕانیان رانەگەیاندبوو، هێشتا ناوەكەشی نەبوو بوو بە گۆڕان، وتی:" بۆ دەعوەتێكیان ناكەیت، وتم:" باشە"، منیش (كاك عومەری سەید عەلی، كاك جەلال جەوهەر، لەگەڵ كاك عوسمانی حاجی مەحمود، كاك قادری حاجی عەلی بوو وابزانم) لەوێدا كاك نەوشیروان مەبەستی كاك عوسمانی حاجی مەحمود بوو بە پلەی یەكەم، لەوێ دانیشتین زۆر مناقەشەمان كرد، بە كاك عوسمانم وت:" كاك نەوشیروان رەئی ئەوەیە"، كاك عوسمان خواهەڵناگرێ ئەو دەمە تەقیمی خۆی هەبوو بۆ كاك نەوشیروان، وتی:" من چی بكەم ئێستا لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەمانەدا كارم بۆ ناكرێت، هەرچۆنێك بێت لای كاك نەوشیروان باشترە"، هەرچۆنێك بێت بڕیاریداو كاك عومەری سەید عەلیش سوپاسی منی كردوو وتی:" دەستت خۆش بێت كە قەناعەتت هێنا بە كاك عوسمان".
درەو میدیا: بۆچی نەوشیروان مستەفا زیاتر عوسمانی حاجی مەحمودی بەلاوە گرنگ بوو؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێی وابوو پیاوێكی خۆشەویستەو بەرپرسێكی سەربازی سەركەوتوو بوو لەناو یەكێتیدا، پیاوێكی بەخشندەبوو كە وەزیری ناوخۆ بوو، لەگەڵ گەرمیانییەكان وەكو گۆشتو خوێن وابوو، قەناعەتی وابوو ئەگەر كاك عوسمانی لەگەڵ نەبێت، لە گەرمیانو كەركوك وەزعیان خراپ دەبێت.
درەو میدیا: سەرەتا مام جەلال پێشبینی دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو 25 كورسییە بهێنێت؟
شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نا، مام جەلال وایان تێگەیاندبوو كە لەزۆرترین حاڵەتدا (3 بۆ 4) كورسی دەهێنێت، من جارێكیان هەفتەیەك پێش هەڵبژاردنی 25ی تەموز سەردانی مام جەلالم كرد، وتی:" چۆن دۆخەكە دەبینیت؟" منیش وتم:" لە سلێمانی یان وەكو یەكن، یان بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەهێنێت"، تورە بوو، پێی ناخۆش بوو، وتی:" ئەتۆ نازانیت، بزوتنەوەی گۆڕان (2 بۆ 3) كورسی دێنن، منیش كورسییەكیان دەدەمێ"، وا تێگەیەنرا بوو، زۆر راپۆرتی هەڵەی بۆ چووبوو، منیش وتم:" من لەناو خەڵكم، وانیە، گۆڕان زۆر دەهێنێت"، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان ئەچوو بۆ دوكان، تەلەفۆنی بۆكردم، من لەگەڵیدا چووم، وتی:" یا شێخ ئەتو راستت پێ وتم، ئەوانی تر هیچیان راستیان پێ نەوتوم"، مام جەلال بە ئەنجامەكان توشی شۆك بووبوو، بەڵام مام جەلال عادەتێكی هەبوو نەئەبەزی، رۆژێك پێم وت:" بۆ لەگەڵیان دانانیشیت، ئەوان 25 كورسیان هێناوە ؟، وتی:" ئینجا با 100 كورسیش بهێنن، كورسی چیە؟".