Draw Media

پارتی بەمەرج رازییە یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت

پارتی بەمەرج رازییە یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت

2019-03-20 09:41:10


راپۆرتی: محەمەد رەئوف 
دوێنێ تەواوی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدابوون، لە هەمان رۆژدا وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ پارتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سیادیدا.


لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا.
چەند كاتژمێرێكی كەم لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تەواوی باڵە جیاوازیەكانیەوە لە پێشوازی سەرۆكە گەنجەكەی پەرلەمانی عێراقدا بوون، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە جلی كوردیەوە لەگەڵ چەندین سەركردەی تری حزبەكەی پێشوازیان لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقكرد، دواتر و بە كەژاوەیەكی رەسمیەوە گەیاندیانە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و لەوێ لەلایەن سەرۆك كۆمار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، لە پێشوازیدابون.
ئەم گرنگی پێدانەی سەركردەكانی یەكێتی بە تەواوی باڵە جیاوازەكانیەوە لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند كاتژمێرێك دوای رەتكردنەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوو. 
یەكێتی بەدوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و پێگەی پەرلەمان دەكات، لەلایەك رەتكردنەوەو لەلایەكیش پێشوازی گەرم.

 

رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا كە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ناو یەكێتی و پارتیەوە وەریگرتووە، لە كۆبونەوەی دوێنێ 19/3/2019 دا یەكێتی بە رەسمی بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن و رەتی دەكەنەوە، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وزاری سیادیدا، لەبەرامبەردا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندووە رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە رەزامەندی خۆتانەو لەبەرامبەردا هیچ خاڵ و پۆینتێكی تر وەرناگرن. 
وەفدی یەكێتی داوای دوو وەزارەتی سیادیان كردووە لە نێویاندا وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی لەم هەنگاوەی چەند ئامانجێك دەپێكێت:
یەكەم: یەكێتی دەیەوێت سێ پۆستی سیادی بەدەستبهێنێت، لە پێناو رازیكردنی باڵە جیاوازەكانی ناوخۆیدا، بەو پێیەی لە ئێستادا ركابەر بۆ قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت درووست بووەو دەیانەوێت ئەو كارەكتەرانە رازی بكەن.
 یەكێتی دەیەوێت، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی و پۆستی وەزیری ناوخۆ بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ( حاكم قادر یان عیماد ئەحمەد) مسۆگەر بكات كە لە ئێستادا هەردوكیان داوای جێگری سەرۆكی حكومەت دەكەن، بە واتایەكی تر ئەم هەنگاوەی یەكێتی بۆ رازیكردنی تەواوی باڵە ناكۆكەكانی ناوخۆیەتی.
دووەم: رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەردوو كاندیدی ئەو پۆستە( بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) راستە هەریەكەیان لەسەر باڵێكی ناو یەكێتی ئەژمار دەكرێن، بەڵام بەدانانی ئەوان هیچ لە ناكۆكیەكان كەمناكاتەوەو هیچیان كارەكتەری پلە یەكی ناو باڵەكان نین، سەرەڕای لێهاتووی خۆیان، بۆیە هەرلەسەرەتاوە مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی یەكێتی بە بێبایەخەوە سەیری ئەو پۆستەیانكردووە.
سێیەم: یەكێتی پێی وایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نەك هەر گرنگ نابێت بەڵكو رەنگە لە هەندێك رووداو هەڵوێستدا ببێتە بار بەسەر شانی یەكێتیەوە، بەو پێیەی پارتی ئەو دامەزراوەیەی قۆرخكردووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پارلەمان پارتین ، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و لیژنەگرنگەكان لای پارتین ، ئیدارەو كارگێری و سكوێرتی پەرلەمان لای پارتیە، لە هەمانكاتدا پارتی 45 پەرلەمانتاری هەیەو بە ئاسانی دەتوانێت بەبەردەوامی دەنگی زیاتر لە 60 ئەندام مسۆگەر بكات، بۆیە رەنگە سەرۆكی پەرلەمان تەنها وەك كارەكتەرەێكی رەمزی بمێنێتەوە. 

سەرۆكی پەرلەمان
لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووخول پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلابووە، ئەویش لە خولی دووەمی پەرلەمان ( عەدنان موفتی ) لە خولی سێیەمیش دوو ساڵ ( ئەرسەلان باییز) بووە ئەمە سەرەرای لەدوای 2003 تا 2005 و یەكخستنی دوو ئیدارە بە تەناوب  لە نێوان ( رۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد)دا سەرۆكی پەرلەمان ئاڵوگۆڕی پێكرا، بەڵام پەرلەمانتارانی هەمان خولی یەكەم بوون كە جەوهەر نامیق سەرۆكی بوو.
 یەكێتی ترسی لەوەیە كە ئەگەر لە ئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت دەركردن و پەسەندكردنی تەواوی ئەو یاسایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەم خولەدا بە ویستی خۆی تێیان بپەڕێنیت، دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی، خۆ ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش ناڕازی بێت، بە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تێدەپەڕێنرێت، بۆیە یەكێتی پێناچێت لانی كەم تا تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەو پۆستە وەربگرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand