Draw Media

یەكێتی خۆی لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەدوردەگرێت

یەكێتی خۆی لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەدوردەگرێت

2019-03-14 15:30:53


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
"سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوەو دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نوسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت" ئەمە قسەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
 لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی، وتەبێژی پارتی وتی:" سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون‌و دیدگاكانی پارتی‌و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات‌و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت‌و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی چی دەبن".
بەپێی ئەم قسانە بێت، پارتی بەنیازە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆی‌و بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە كارابكاتەوە، دامەزراوەیەك كە لە چوار ساڵی رابردوودا بووەهۆی لێكترازانی ناوخۆیی‌و پەكخستی پەرلەمانی كوردستان.

سەرۆكایەتی هەرێم چۆن كارادەكرێتەوە ؟
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی كارابكرێتەوە، دەبێت پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەرشتێك یاسایەك پەسەند بكات‌و لە یاساكەدا:
•    یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە
•    یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە
•    ئەو ماددەیەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە كە دەڵێ سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، وای لێبكات كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت ئەگەر بۆ یەك خولیش بێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا پارتی پرۆژەی خۆی ئامادەكردووە.


یەكێتی بەشداری ناكات !
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی نێوان وەفدی یەكێتی‌و پارتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەوان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان ناوێت، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی‌و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكاتەوە، یەكێتی كێشەی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا نییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات لە پەرلەمان، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت.
پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە بنەڕەتەوە پارتی پێویستی بە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر هەیە بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ؟ پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا هاوپەیمانن، دەتوانن بەزۆرینەی دەنگ یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند بكەن‌و لەو یاسایەدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان بە دەنگی (50+1) دیاری بكەم، بە چەسپاندنی ئەم رێژەیە، دەتوانن بەئاسانی‌و بەبێ پاڵپشتی یەكێتی‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرن.

سەرۆكایەتی هەرێم‌و كورسییەكانی پەرلەمان
ئەوەی تائێستا دەركەوتووە، ئەوەیە، ئەگەر پارتی بەمزوانە دەستبكات بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوا (یەكێتی نیشتمانی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی) پاڵپشتی هەمواركردنەوەكە ناكەن، یاخود لانی كەم ئەگەر زۆرینەی ئەو لایەنانە دژایەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەكەن، ئەوا دەنگیشی پێنادەن.
ئەگەر دۆخەكە بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، (41) كورسی پەرلەمان پشتیوانی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ناكات، كە ژمارەی كورسییەكانی ئەو چوار لایەنەیە.
لەبەرامبەردا هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاراكردنەوەی دامەزراوەكە دەكەوێتە ئەستۆی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەكەم.
پارتی‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانەكانی پارتی لەناو پەرلەماندا پێكەوە (69) كورسییان هەیە‌و بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێویستیان بە كورسی تر نییە.
لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا سەرەتای هەماهەنگی نێوان پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەركەوت، پارتی پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەندكرد، ئەو رێككەوتنە سیاسییە تائێستا بەردەوامە‌و لە خولی نوێی پەرلەماندا پەیوەندییەكانی هەردوولا زیاتر گەشەی كردووە.

پێشینیەكی پێویست
پێشترو لە چوار ساڵی رابردوودا، كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بووبوو بە چەقی ململانێی نێوان لایەنەكان، بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌و لەو پرۆژەیەدا داوایان دەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە، یەكێتی نیشتیمانیش بەشێوەی سەربەخۆ پرۆژەی خۆی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەبوو، یەكێتی هاوشێوەی سێ لایەنەكەی تر داوایدەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە.
ئەوكات لە گەمەكەدا زیاتر دوو جەمسەر دەردەكەوتن، جەمسەرێك بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە داوای سیستمی پەرلەمانی دەكرد، جەمسەرەكەی تر پارتی بوو كە داوای سیستمی سەرۆكایەتی دەكرد.
ئێستاو دوای چوار ساڵ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، پارتی بەهۆی ئەوەی نەیتوانی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكات، ئێستا قایل بووە بەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، پەرلەمانێك كە خۆی تێیدا زۆرینەیە‌و دەتوانێت بەهۆی ئەو زۆرینەیەوە رێگری لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەكی پەرلەمان لە سەرۆكی هەرێمی داهاتوو بكات كە نێچیرڤان بارزانییە.
هاوكات روون نییە ئاخۆ پارتی بۆ هەمیشە قایلە بەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم پەرلەمانی بێت‌و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود نا، پارتی ئەو پرسەی بۆ دەستوری هەرێم جێهێشتووە، كە دیارنییە ئاخۆ لەم خولەدا، هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاوەنی دەستوری خۆی یاخود نا، بەڵام بەرپرسانی باڵای پارتی بەمدواییە لە چەندین لێدواندا جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە پارتی سورە لەسەر ئەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت، واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت.

پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟
هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، پارتی پەلەیەتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، پێویستی پارتی بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر بایەخەكەی لە حكومەت زیاتر نەبێت، كەمتر نییە.
مەسعود بارزانی كە 12 ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، دواجار لەدوای ریفراندۆم دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بارزانی پۆستەكەی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای جێهێشت‌و لەبەرامبەر ئەوەدا، نێچیرڤان بارزانی دوای 18 ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزایی چۆڵكرد.
كشانەوەی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمە، وەفدی دانوستانكاری پارتی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی بپارێزێت، ئەوەش لەڕێگەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، ئەمە لەلایەك نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی دەڕەوێنێتەوە، لەلایەكی تر وادەكات نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم مەرسوم بۆ مەسرور بارزانی دەربكات‌و رایسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئێستا دەسەڵاتی دەركردنی ئەو مەرسومە لەدەستی ئەنجومەنی دادوەریدایە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand