ژنێکی كورد خەڵاتی داهێنەرانی بەریتانیای بۆ ساڵی 2019 بردەوە
2019-03-14 14:12:54
راپۆرتی : بی بی سی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
ژنێکی كوردی خەڵكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان خەڵاتی داهێنەرانی بەریتانیای بۆ ساڵی 2019 پێبەخشرا، بەهۆی داهێنانی مادەیەك كە دژە ئاوەوەو دەكرێت لە پیشەسازی پەرداخ و پیاڵە سەفەری بەكاربهێنرێت وابكات جارێكی تر بەكاربهێنرێتەوە.
ئەو ژنە كوردە كە ناوی " فانیا ئیسماعیل"ەو لەلایەن دامەزراوەی " Innovate UK" ( داهێنانەكانی شانشینی یەكگرتووە) ەوە خەڵاتی ژنانی داهێنەری بۆ ساڵی 2019 لە بەریتانیا پێبەخشرا، جێڵێكی تایبەت بە كوپی دروستكراو لە كاغەزی داهێناوە، وادەكات بتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوەو مرۆڤ لە بەكارهێنانی كوپی پلاستیكی دووربخاتەوە كە تەنها بۆ یەكجار بەكاردەهێنرێت.
ئەگەر ئەم داهێنانەی فانیا لە بەریتانیاو دواتر جیهان گشتگیربكرێت، ئەوا جیهان لە پیسبونی ژینگە رزگاردەكات، كە یەكێك لە هۆكارەكانی پاشماوەی كوپە پلاستیكییەكانە و تەنها لە یەك ساڵدا لە بەریتانیا زیاتر لە 90 ملیۆن دانە بەكاردەهێنرێت.
ئەو دامەزراوە بەریتانییە لەپای داهێنانەكەی بڕی 50 هەزار پاوەندی بەریتانی لەگەڵ كۆمەڵێك پرۆگرام و پێداویستی بە فانیا بەخشی بۆئەوەی یارمەتیدەری بن لە بەردەوامیدان بە داهێناكەی.
هەروەها دامەزراوەكە لەگەڵ سەرجەم خوێندنگەكانی بەریتانیادا گرێبەستی كرد بۆئەوە قەڵغانی وەنەوشەیی بڵاوبكەنەوە كە هێمایە بۆ داهێنانەكانی ژن، لە پێناوی ئەوەەی كچانی لاوی بەریتانیا هانبدرێت تا چاو لە فانیا بكەنو بەشداری بكەن لە داهێناندا بە تایبەتی لە بواری زانستدا.
فانیا كێیە؟
فانیا ئیسماعیلی تەمەن 48 ساڵ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەدایكبووەو گەورەبووەو ساڵی 1992 لە زانكۆی سەلاحەدین بەشی كیمیای بە سەركەوتوویی تەواوكردووەو پاشان لە تەمەنی 24 ساڵیدا دوای جەنگی كەنداو ساڵی 1993 لەگەڵ خێزانەكەیدا روویان لە بەریانیا كردووە.
فانیا لە خێزانێكی خوێندەوارو رۆشنبیردا گەورەبووە وخێزانەكەیان لەچوار كچ و پێنج كوڕ پێكدێت و باوكی یەكێك بووە لەو كەسانەی هەرێمی كوردستان كە زانستی شەریعەتی ئیسلامی لە ئەزهەر لە میسر خوێندووە.
فانیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ" بی بی سی " دەڵێت:" هاوسەرگیریكردنو خستنەوەی سێ منداڵ رێگەیان لێ نەگرتم و بەردەوام بووو لە خولیاو هەوڵەكانم لە كیمیادا، لە هەمان كاتدا ئامانجو خولیاكانم رێگەرنەبوون لە بەجێهێنانی رۆڵو ئەركەكانی شانم وەك دایك، لە بیركردنەوە بۆ گۆڕینی بیرۆكەكان بۆ شتی پراكتیكی راناوەستم، پرسە بە سانایی بریتیە لە خۆڵقاندنی هاوسەنگییەك لە نێوان ئەركەكانی خێزان و ئەركە پیشەییەكانم".
ژینگەیەكی پاک و خاوێن
فانیا ئیسماعیل كە بەڕێوەبەری جێبەجێكارو دامەزرێنەری كۆمپانیا ( Coating and Advanced Material Sol-Gel )، تێكەڵەیەكی نوێی داهێناوە، كە بریتیە لە شلەیەكی كیمیایی گەردیلەی بچوك بەرهەمدەهێنێتو دەچێتە پیشەسازی دروستكردنی كوپی سەفەری لە پلەی گەرمی ژوورێكدا و ئەم تەكنۆلۆژیایە پێی دەوترێت Sol-Gel
ئەوەش وادەكات كوپە ئامادەكراوەكان بەرگەی ئاو بگرنو پێویست نەكات مادەی پلاستیك لە دروستكردنیاندا بەكاربهێنرێت.
شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن بڕێكی زۆر پاشماوەی پلاستیك لە دەریای سپی ناوەڕاستدا كۆدەبێتەوەو نزیكەی دووهەزار تۆن مادەی پلاستیكی كە زۆربەی پاشماوەی شوشە و جانتا و عەلاگەیە دێتە سەر رووی دەریاكە، هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا مادەی پلاستیكی لەناو سكی چەندین ماسیو باڵندەو كیسەڵ و نەهەنگدا دۆزرانەوە كە لە كەنارەكانی باكوری ئەوروپا گەشەدەكەن.
فانیا دەڵێت تەكنۆلۆژیا نوێكەی ( سۆڵ جێڵ) ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێتو جەختیشدەكاتەوە لەپێناوی ژینگەیەكی پاكو خاوێندا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پرۆژەكەی.