Draw Media

یەكێتی و پارتی وەفدی دانوستانیان گۆڕی

یەكێتی و پارتی وەفدی دانوستانیان گۆڕی

2019-03-17 13:28:03


راپۆرتی: نامیق رەسول، فازل حەمەرەفعەت، محەمەد رەئوف

یەكێتی‌و پارتی تیمی نوێی دانوستانیان دیاریكرد، تیمە نوێیەكان زیاتر لە تیمی رێكنەكەوتن دەچن، وەك لە تیمی رێككەوتن، یەكێتی بەشداری كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات‌و باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە حكومەت، لەبەرامبەر ئەمەدا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە قایم بكاتەوە.
رۆژی 5ی  ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا رێككەوتنیان ئیمزاكرد، لەدوای ئەو رێككەوتنەوە ئەو دوو هێزە هێندەی لەیەكدی دوركەوتونەتەوە، هێندە لەیەكدی نزیك نەكەوتونەتەوە، واتە رێككەوتن بە تامی رێكنەكەوتن.
لە نوێترین پەرەسەندندا هەردوولا تیمی دانوستانكاری خۆیان ئاڵۆگۆڕكرد، بە تەماشاكردنی ئەندامانی نوێی وەفدی دانوستانكاری هەردولادا دەردەكەوێت جارێكی تر بە ئاڕاستەی رێكنەكەوتن هەنگاودەنێن، نەك رێككەوتن.

گۆڕینی تیمی دانوستانكار
لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تیمێكی نوێ بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی پێكهێنرا، ئەندامانی نوێی تیمی دانوستانكاری یەكێتی زۆرینەیان لەو كەسانەن كە تاڕادەیەك توندن بەرامبەر پارتی، ئەندامانی تیمەكە بریتین لە: 
•    عیماد ئەحمەد- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    عەدنان حەمەی مینا – ئەندامی سەركردایەتی
•    بافڵ تاڵەبانی
•    لاهور شێخ جەنگی – ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند
•    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ- ئەندامی سەركردایەتی

لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەم هەنگاوەی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەفدی دانوستانی خۆی گۆڕی، بەتەماشاكردنی تیمە نوێیەكەی وەفدی دانوستانكاری پارتیش دەردەكەوێت، پارتی لەبری ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دەیەوێت بە هەمان زمانی وەفدی یەكێتی گفتوگۆ بكات، وەفدە نوێیەكەی پارتی بریتین لە:
•    كەمال كەركوكی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    كاكەمین نەجار- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    عەلی حوسێن- ئەندامی سەركردایەتی
•    هێمن هەورامی- ئەندامی سەركردایەتی
•    دڵشاد شەهاب- ئەندامی سەركردایەتی
•    عەلی عەونی- ئەندامی سەركردایەتی
•    فرسەت سۆفی- ئەندامی پێشووی پەرلەمان

یەكێتی بەتەمای چییە؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی دوێنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سازش بۆ پارتی نەكرێت‌و پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بسپێردرێت بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی ئەو دوو هێزە رێككەوتنیان هەیە‌و دەتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمجارە نایەوێت شانی خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا تۆزاوی بكات‌و دەیەوێت سیناریۆی 30ی حوزەیرانی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەبكاتەوە. 
لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوەكراوە، ئەوان بە وەفدی پارتی رادەگەیەنن كە لە ساڵی 2015دا پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خستوەتەڕوو، تائێستا سورن لەسەر ئەو پرۆژەیە.
یەكێتی بەمە لەلایەك دەیەوێت بە پارتی بڵێت" ئێمە نایەینە ژێر باری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم"، لەلایەكی تریش بە بزوتنەوەی گۆڕان بڵێت"  ئێمە پەشیمان نین لە پرۆژەكەی 2015، ئەوە ئێوەن پاشگەزبونەتەوە".
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە خۆی رابگرێت‌و لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكات، تا پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی دێت. 

یەكێتی كێرڤی داواكانی بەرزدەكاتەوە 
لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە كۆكبوون لەسەر ئەوەی "نابێت یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بچێتە ناو حكومەتەوە، كە تەواوی پۆست‌و دەسەڵاتەكان لای پارتی بێت".
دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی وتی:" دەمانەوێت لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین، هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم، لە بڕیارەكاندا هاوبەش بین، لە پەرلەمان‌و  حكومەتدا  هاوبەش بین، لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت‌و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا هاوبەش بین".
وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بە دوو خاڵی تر كرد، كە تاڕادەیەك بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتییە:
•    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتە ئیداری‌و مالییەكان دابەشبكرێت‌و شۆڕبكرێتەوە.
•    ئەگەر پارتی بەجدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت‌و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت‌و خەڵكی لە دڵەراوكێ نەبێت، كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا، بەغداد موچە دەنێرێت یان نا.

یەكێتی ئیدارەی خۆی رێكدەخاتەوە !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی چڕ هەیە لەبارەی پرسی لامەركەزیەت‌و تاڕادەیەك دوو ئیدارەیش، رەنگە ئەمە ئامادەكاری بێت بۆ ئەو قۆناغەی كە یەكێتی لەگەڵا پارتی ناگاتە رێككەوتن.
یەكێتی بەنیازە دوای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشداری لە حكومەتی هەرێم بكات، تەنانەت ئەگەر پۆستەكانیش بەدڵی خۆی نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە رێكبخاتەوە، چ لەڕووی  سەرچاوەكانی داهاتەوە چ لەڕووی پۆستە ئیدارییەكانەوە، یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە حكومەتی نوێدا بەریدەكەوێت، هاوكات دەیەوێت دەستی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی سنوردار بكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand