Draw Media

چوار پۆست چەقی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییە

چوار پۆست چەقی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییە

2019-03-12 15:09:56


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش، داوای وەزارەتی ناوخۆ دەكات، لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش داوای پۆستی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكات، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
ئەمڕۆ جارێكی وەفدی باڵای پارتی و یەكێتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتوەنەتە ئەنجام، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتی.

 

چوار پۆستەكە
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی چڕكراوە لەسەر چوار پۆستی باڵا كە ئەوانیش بریتین لە پۆستەكانی (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان).
وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، ئەو چوار پۆستە هەر چواریان لای پارتی دەبێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەندامی وەفدی یەكێتی وتویەتی:" دەبێت ئەو چوار پۆستە دابەشبكرێت، دوانیان بۆ یەكێتی‌و دوانەكەی تر بۆ پارتی".
لاهور شێخ جەنگی بە وەفدی پارتی وتووە:" پۆستی وەزیری ناوخۆ لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشە، پۆستی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە‌و دەبێت لەو چوار پۆستە دوانیان بۆ یەكێتی بێت، وەفدی پارتی داواكارییەكەیان رەتكردوەتەوە.
لە كۆبونەوەكەدا وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، سەردانی سلێمانی دەكەن بۆ رێككەوتن لەسەر هەموو پۆستەكان، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" سەردانی سلێمانیش بكەن، یەكێتی لە داواكارییەكانی خۆی نایەتەخوارەوە، ئەندامانی وەفدی یەكێتی هیچ قسەیەكیان لەسەر هەڵوێستەكانی لاهور شێخ جەنگی دەرنەبڕیوە.

 

پرسی پەرلەمان
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتی داوای لە یەكێتی كردووە بێتەپێشەوە‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەمواربكرێتەوە‌و كاندیدی سەرۆكی حكومەتیش راسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی‌و یاسای سەرۆكایەتیش هەموار بكاتەوە، یەكێتی كێشەی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا نییە، چاوەڕوان دەكرێت لەسەر بنەمای ئەم قسەیەی وەفدی یەكێتی، پارتی دەستبەكاركردن بكات بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆتایی ئەم مانگە كاندیدی پارتی (مەسرور بارزانی) رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

جەوهەری كێشەكە !
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، وەفدی پارتی بەتەواوەتی بۆی روونبوەتەوە كە كرۆكی كێشەكانی یەكێتی‌و بەرزركردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی، پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە.
یەكێتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا سێ پۆستی باڵا وەرگرێت، تاوەكو بەو پۆستانە پارسەنگی ناكۆكی نێوان باڵە جیاوازەكانی خۆی بكات، سێ پۆستی سیادی بۆ هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانی- دەرباز كۆسرەت رەسوڵ- حاكم قادر).
ئەو پۆستانەی كە ئێستا بەر یەكێتی كەوتوون، بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی باڵەكان ناكات، یەكێتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێتەوە بە دوو پۆستی باڵا، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناڕەزایەتی هیچ یەكێك لە باڵەكان دانامركێنێتەوە.
چاوەڕواندەكرێت پارتی هاوكات لەگەڵ كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی لەناو كابینەی نوێ، كاریش بكات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان باڵەكانی یەكێتی لەناوخۆی ئەو حیزبەدا، ئەمەش لەڕێگەی پێشنیازكردنی پێدانی پۆستی حزبی باڵا بەوانەی كە لە حكومەت پشكیان بەرناكەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand