ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران دەكڕدرێت
2019-03-18 09:44:23
(درەو میديا):
سەرچاوەیەك لە دیوانی پەرلەمانی كوردستانەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوێنێوە دەستكراوە بە مامەڵەی كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی:" لەلایەن ئیدارەی پەرلەمانی كوردستانەوە بەشێوەی (قیست) گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) دەكرێت بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلی (لاندكرۆزەر 2019 )، كە نرخی هەر یەكێكیان (75 هەزار دۆلار)ه"، ئەم پارەیە بە زمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە (7 دەفتەرو 50 گەڵا)، كۆی گشتی پارەی 111 لاندكرۆزەرەكە دەكاتە ( 8 ملیۆن و 325 هەزار دۆلار) واتا ( 800دەفتەر دۆلار ).
سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، گرێبەستەكە بەشێوەیەكە سەرەتا پەرلەمانی كوردستان لە 30%ی پارەكەی بە سێ قیست دەدات بە كۆمپانیاو، دواتر مانگانە بڕی (1 ملیۆن دینار) لە موچەی پەرلەمانتاران دەبڕدرێت، پێدەچێت دواتر ئەو بڕە پارەیەش لە پەرلەمانتاران وەرنەگیرێتەوە، بەناوی پەرلەمانتاران خۆیانەوە دەبێت و لە كۆتایی خولەكەش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.
دوێنێ پەرلەمانتارانی كوردستان یەكەم موچەی بێ پاشەكەوتیان وەرگرت، كە موچەی هەریەكێكیان بڕی (8 ملیۆن و 200 هەزار) دینار بوو، كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار.
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوەو پەرلەمانتاران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان داوایانكرد بەشێوەی قیست ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت و مانگانە لە پارەكەیان ببڕدرێت، ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە هاوشێوەی بڕیارەكەی خولی پێشووە.