هاوپەیمانی نیشتیمانی: د. بەرهەم هیچ یارمەتی هاوپەیمانی نەداوە
2019-03-13 20:38:16
درەو میدیا:
لە رونكردنەوەیەكدا كە بۆ ( درەو میدیا) نێردراوە، دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی وەڵامی چاوپێكەوتنێكی درەو میدیا دەداتەوە كە لەگەڵ شێخ محەمەدی سەرگەڵو ئەنجامی داوەو رایگەیاندووە" كە بە بڕیاری دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرجەم مومتەلەكاتی هاوپەیمانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە و تەنانەت كورسی و مێزو تەپڵەكی بارەگانیشیان بەجێنەهێشتووە وە ھیچ یارمەتی هاوپەیمانی نەداوە بەڵكو قەرزاری مادی بەشێك لە ئەندامەكانی ئێستای هاوپەیمانیی نیشتمانیە"
هاوپەیمانی نیشتیمانی راشیگەیاندووە كە " هیچ پەیوەندییەكمان دوورو نزیك بە دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە نەماوە "
دەقی رونكردنەوەكە
ڕونكردنەوەیەك لەدامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەوە
لەچاوپێكەوتنێكدا كە كاك شێخ (محمد سەرگەڵوی ) كەسایەتی دیاری نزیك لەبەرهەم ساڵح لەگەڵ ماڵپەڕی درەو میدیایی ڕاگەیاندووە كە بەرهەم ساڵح پاش بەجێهێشتی هاوپەیمانی گوایە بەڵێنی پاڵپشتی داوە و یارمەتی هاوپەیمانیی نیشتمانیداوە و مومتەلەكاتی هاوپەیمانیەكەی بۆ بەجێ هێشتوون وە كرێی ٣ مانگی ئۆفسەكانی ھاوپەیمانی داوە؟ لەگەڵ رێز و خۆشەویستیمان بۆ كاك شێخ محمد بەڵام ناچارین وەڵام بدەینەوە و ڕایبگەیەنین كە بە بڕیاری دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرجەم مومتەلەكاتی هاوپەیمانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە و تەنانەت كورسی و مێزو تەپڵەكی بارەگانیشیان بەجێنەهێشتووە وە ھیچ یارمەتی هاوپەیمانی نەداوە بەڵكو قەرزاری مادی بەشێك لە ئەندامەكانی ئێستای هاوپەیمانیی نیشتمانیە ، وە سەبارەت بە لۆگۆی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەو لۆگۆیە جیاوازییەكی زۆری لەوەی رابردوو هەیە
ئێمە لە دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی دوپاتی دەكەینەوە بەهیچ جۆرێك و لەدوای ڕاگەیاندنی بەردەوامی هاوپەیمانی هیچ پەیوەندییەكمان دوورو نزیك بە دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە نەماوە هاوپەیمانیی نیشتمانی بڕوای بە ئازادی تەواو هەیەو هەركەسێك ریزەكانی بەجێ بهێڵێت رێز لە بڕیارەكانی دەگرێت تەشهیر و تەخوینكردن دورە لە بنەمای كاری هاوپەیمانیی نیشتمانی.
دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی
۱۳/۳/۲۰۱۹