سەرۆكایەتی هەرێم.. گەڕێكی تری ناكۆكییەكان
2019-03-18 11:13:45
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
"ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكەن، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكتان پێنادرێت" ئەمە دواین پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتای دروستبونییەوە تائێستا بەردەوام یەكێك لە سەرەكیترین كێشەو ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم دامەزراوەیە ساڵی 2005 لەدوای یەكسختنەوەی هەردوو ئیدارەی پارتیو یەكێتی، دروستكرا.
لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە
ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دووئیدارەیی، یەكیگرتەوەو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتیو پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، چارەسەركردنی كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ساڵی 2005دا ماوەی زیاتر لە (6 مانگ) پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی دواخست.
دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا.
لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتیو یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوە بوو كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت.
كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا لەوەدا كورتنەبوەتەوە كە كێ لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، ئەم دامەزراوەیە بەپێی یاسا ژمارەیەكی زۆر دەسەڵاتی پێدراوە كە زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی دامەزراوەكانی تردا بەریەك دەكەون، ئەمەش كێشەكە قوڵتركردووە.
دواین پەرەسەندنەكان
مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، نزیكەی شەش مانگ تێپەڕێوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، هاوشێوەی ساڵی 2005، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بووەتە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم پێكهاتنی كابینەی نوێدا.
پارتی خوازیارە بەر لە پێكهێنانی حكومەت، دامەزاروەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، یەكێتی نایەوێت بەشداری ئەو پرۆسەیە بكات.
بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوێنێ پارتی پەیامێكی لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاڕاستەی یەكێتی كردووەو لە پەیامەكەدا هۆشداری بە یەكێتی داوە "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكاتو دەیەوێ دوای كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بە حكومەتو پەرلەمانی نوێوە بكات، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێمو هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت.
لەلایەكی ترەوە یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی هەر لە سەرەتاوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دیاریكردووەو پرۆژەی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، ئەگەر بەشداریشی كرد، ئەوا پرۆژەكەی ساڵی 2015 بێنێتەپێشەوە، كە یەكێتی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد.
لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری هەردوولادا، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئێوە دەتوانن بەردەوام بن لەسەر رێوشوێنەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمو لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتیو پارتی رامەوەستن.
بزوتنەوەی گۆڕان چی دەڵێ ؟
لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا، زیاتر چاوەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، بەوپێیەی گۆڕان لە رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر ئەو دامەزراوەیە هەبووەو لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە خولی پێشوودا سەرۆكی پەرلەمانو وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەكانیان دورخرانەوە.
دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەپێی پەیڕەو ناوخۆی ئەو بزتنەوەیە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبدا.
یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری هەندێك راوبۆچونی جیاواز، جڤاتی نیشتمانی پابەندبوونی بە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەش بڕیاردراوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بێت لە پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا.
كورتەی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەم سێ خاڵەدا كورت دەبێتەوە:
• دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە، وەكو خۆی.
• سەرۆكی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت.
• لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو شێوازی هەڵبژاردنی دەكرێتو لەوێدا جێگیردەكرێت
بەكورتی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی بۆ دەستور دواخستووە، ئەمەش هەمان داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ لەم خولەشدا پەرلەمان دەتوانێت دەستور تێپەڕێنێت یاخود نا.