Draw Media

پارتی ڤیتۆ لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵدەگرێت

پارتی ڤیتۆ لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵدەگرێت

2019-03-19 15:45:35


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ-محەمەد رەئوف
پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵگرت‌و ئامادەیە جێگرێكیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام كێشەی چوار پۆستە باڵاكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی ئەمڕۆ جارێكی تر كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە سلێمانی.
كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی.

یەكێتی هۆشداری دەدات !
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر یەكێتی لە هەموو سەرۆكایەتی‌و جومگە سەرەكییەكانی حكومەتدا هاوبەشی راستەقینە نەبێت، بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام ناشبێت بە ئۆپۆزسیۆن !".
یەكێتی بەم پەیامە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هۆشداری بە پارتی داوە لەبارەی ئەگەری جیابوونەوە‌و دووئیدارەیی.

كێشەی چوار پۆستەكە 
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی جەختی كردووە لەسەر داواكارییەكانی كۆبونەوەی پێشوو.
رۆژی 12ی ئەم مانگە وەفدی یەكێتی‌و پارتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی داوای كردووە لە كۆی (4) پۆستی باڵا، دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان).
یەكێتی پۆستی وەزیری ناوخۆی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش داناوە، پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و دەیەوێت لەكۆی ئەو چوار پۆستە دوانیان ببات، بەڵام پارتی تائێستا رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لەو پۆستانە بە یەكێتی بدات.
لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستە كە ئێستا بووەتە جێگای ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكی ئەوتۆیان نەداوە، تەنیا وتویانە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم چەند پۆستێكی گرنگ بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام رایانگەیاندووە داواكارییەكانی یەكێتی دەبنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی، یەكێتی ئێستا چاوەڕوانە پارتی لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستەوە لە كۆبونەوەكەی دوای نەورۆزدا وەڵامی لێبگێڕێتەوە.

لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم
سەرچاوەیەك باڵا نزیك لە دانوستانەكان، بە (درەو میدیا)ی رایانگەند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی رەزامەندی نیشانداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بدرێت بە یەكێتی.
بەڵام وەفدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە مەرجی هەبووە، مەرجەكەش ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكرێت، نەك دەسەڵاتی نەبێت‌و سەرۆكی هەرێم خۆی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكات.
ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا پۆستێكی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە.

لەبارەی وەزارەتەكانەوە
نوێترین پەرەسەندن كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رویدا، هەڵگرتنی ڤیتۆ بوو لەسەر ژمارەیەك وەزارەت لەلایەن وەفدی پارتییەوە.
پارتی ئەمڕۆ دەرگای گفتوگۆی لەسەر هەندێك وەزارەت لەگەڵ یەكێتی كردەوە كە پێشتر ئامادەنەبوو بەهیچ جۆرێك گفتوگۆیان لەسەر بكات، لەوانە پۆستەكانی وەزارەتی (شارەوانی‌و تەندروستی).
بەڵام یەكێتی لەمبارەیەشەوە مەرجی هەبووە‌و داوایكردووە، تەواوی پۆستە وزارییەكان بخرێنەسەر مێزی گفتوگۆ‌و بەدانوستان یەكلابكرێنەوە، نەك پارتی هەندێك وەزارەت بەبێ گفتوگۆ بۆخۆی یەكلابكاتەوە.
بەبێ هیچ رێككەوتنێك كۆبونەوەی ئەمڕۆش كۆتایی هات، وەفدی یەكێتی‌و پارتی چارەنوسی دانوستانەكانیان سپارد بە كۆبونەوەیەكی تر كە بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوەبچێت.

پارتی چی دەكات ؟
دوێنێ پارتی دواین پەیامی خۆی لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یەكێتی گەیاند، ناوەڕۆكی پەیامەكە بریتییە لەوەی " ئەگەر یەكێتی بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنادرێت".
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی دركی بەوە كردووە یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت" تا ئەوكاتەی پارتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە، یەكێتی دەیەوێت لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بكات كە ئێستا هاوپەیمانی پارتییە‌و تۆڵەی روداوەكانی 30ی حوزەیرانی 2013 لە گۆڕان بكاتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، پارتی لەوە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكات‌و دواین وادە بۆ یەكێتی كۆتایی ئەم مانگەیە، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، پارتی بەبێ یەكێتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە‌و مەسرور بارزانیش رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەنیازە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، پرۆژەیاسا كۆنەكەی خۆی كە ساڵی 2015 لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد، جارێكی تر بگەڕێنێتەوە بۆ ناو پەرلەمان.
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی‌و یەكێتی لە كۆتایدا ناگەنە رێككەوتن‌و پارتی بەبێ یەكێتی‌و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواردەكاتەوە.
بەم هەنگاوە هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و بەپێچەوانەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر پارتیدا راوەستابوو، لە خولی پێنجەمدا یەكێتی دەبێتە جەمسەرو لەبەرامبەر پارتیدا رادەوەستێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی یارییەكە ناڕوونە‌و كات وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand