Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دەرەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پارتی نیگەران كردووە، كۆنگرە دەنگی بەوانە بەخشی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر" كە زۆربەیان پیاوانی ئەمنین، كۆنگرەی چوارەم بۆ قادر عەزیزو هاوڕێكانی سەركەوتن‌و بۆ "هاودید"‌و "گۆڕانخواز"ەكانی پێشتر بە شكست كۆتایی هات، جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتیدا نامیلكەی "یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟"ی نوسی، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟"، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتی بڵاودەكاتەوە.  دوای (5 ساڵ) دواكەوتن، دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی گرێدا، كۆنگرەیەك كە ناكۆكی لەسەر ئەنجامەكانی دروستبووە‌و دیارنییە دواجار كەشتییەكەی یەكێتی دەگەیەنێتە كەنار، یاخود لە رابردوو زیاتر حزبەكە پەرتپەرت دەكات. كۆنگرە لەژێر چاودێری دژەتیرۆردا كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەژێر چاودێری توندوتۆڵی دەزگای زانیاری‌و هێزەكانی دژە تیرۆردا بەڕێوەچوو، كە ئەو دوو دامەزراوەیە لەلایەن دوو براوە سەرپەرەشتی دەكرێن‌و بەڕێوەدەبرین كە بریتین لە هەریەكە لە (لاهور شێخ جەنگی)‌و (پۆڵات شێخ جەنگی). دەستوەردانی بەهێزی دەزگای زانیاریو دژەتیرۆر، كۆنگرەی لە ئەگەری دەستوەردانی دەرەكی‌و تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی حزب پاراست، بەڵام لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئەو دوو دامەزراوە ئەمنییە لایەنگیرییان كردووە لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، بەدیاریكراوی لەبەرژەوەندی جەمسەرەكەی لاهور شێخ جەنگی‌و ماڵباتی تاڵەبانیدا، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر رێككەوتن كراوە كۆمپانیایەكی بواری هەڵبژاردن لە دەرەوە بهێنرێت‌و بەشێوەیەكی بێلایەنانە سەرپەرەشتی پرۆسەكە بكات. لەبارەی رۆڵی هێزی ئەمنی تایبەتەوە لە كۆنگرەی چواردا، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، بەرپرسانی ئەمنی لە شوێنی دەنگدان‌و تەنانەت لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش لە تەنیشت دادوەرەوە ئامادەبوون، بەڵام هیچ راپۆرتێكی پشتڕاستكراو لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كرابێت، هەرچەندە هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان دەڵێن ئەوان دەرچوون‌و بە ساختەكاری خەڵكی تر لە شوێنیان دانراوە، یەكێك لەوانەی كە بانگەشەی روودانی ساختەكاری دەكات سامان گەرمیانی-یە كە بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتییە، سەرباری ئەمانە بەشێوەیەكی گشتی بەرپرسانی یەكێتی گلەیی لە باڵابوونی هەژموونی هێزە ئەمنییەكان بەسەر كۆنگرەكەدا دەكەن. كێ خاوەنی ماڵباتی تاڵەبانییە ؟ لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەوانەی پاشگری تاڵەبانییان هەڵگرتبوو، یاخود ئەوانەی بەدیاریكراوی لەسەر ماڵباتی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی ئەژماردەكران‌و خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەڵبژاردبوو، ژمارەیان (9) كەس بوو، ئەمە جگە لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە زیاتر لەسەر ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد ئەژمار دەكرێت، نەك تاڵەبانی. لەناو تاڵەبانییەكاندا، لاهور شێخ جەنگی (برازای جەلال تاڵەبانی) درەوشایەوە، ئەو بوو بە خاوەنی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كۆنگرە، لەكۆی دەنگی زیاتر لە (هەزار) كەس لە ئەندامانی كۆنگرە، (902) دەنگی بەدەستهێنا. لاهور شێخ جەنگی سەرباری ئەوەی خۆی دەنگی یەكەمی بەدەستهێنا، دۆستەكانیشی سەرخست بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆی (121) كەس كە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا هەڵبژێردراون، نزیكەی (70) كەسیان سەربە لاهور شێخ جەنگین، كە دەكاتە (58%)ی كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزبەكە، واتە ئێستا زۆرینەی رەهای سەركردایەتی یەكێتی لەژێر كۆنترۆڵی دەزگای زانیاریدایە كە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی ئەو دەزگایە دەكات. بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، دەنگی سێیەمی لەسەر ئاستی كۆنگرە بەدەستهێنا، لەمەشدا ژمارەی دەنگەكانی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی هاوتا بوو، بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە، بافڵ تاڵەبانی هێندەی چاوی لەسەر سەركەوتنی خۆی بوو لە كۆنگرەكەدا، هێندە بایەخی بە سەرخستنی دۆستە نزیكەكانی نەدا، بەرزان ئەحمەد كوردە كە لەدوای مەرگی تاڵەبانی باوكەوە، پاڵپشتی لە بافڵ دەكرد، لە كۆنگرەدا سەرنەكەوت. بافڵ لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێگەی بەهێز نییە، بەڵام ئەمە لەتواناو پێگەی مەعنەوییەكەی ئەو وەكو كوڕە گەورەی تاڵەبانیی كەمناكاتەوە، ساڵی 2017 بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بافڵ كە هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نەبوو، لەكۆی نزیكەی 50 كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی، ئیمزای (36) كەسی سەركردایەتی كۆكردەوە بۆ پاڵپشتیكردن لە رێككەوتنێك كە خۆی بەتەنیا‌و بێ ئاگاداری زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە ئیمزای كردبوو. كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، خاوەندارێتی ماڵباتی تاڵەبانی لەنێوان بافڵ‌و لاهوردا دابەشكرد، ئەمە وایكردووە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێشبینی ئەوە بكەن لە داهاتوودا ناكۆكی توند لەنێوان ئەو دوو ئامۆزایەدا لەسەر دەسەڵات‌و پێگەی سیاسی روبدات، هەندێكی تر رودانی ئەو جۆرە ناكۆكییانە بەدور دەزانن‌و پێیانوایە دواجار ئەو دوو كەسە لەسەر دەسەڵات‌و سەرچاوەی دارایی بەرژوەندی یەكتر دەپارێزن‌و بەگشتی جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی بۆ كۆنگرەی داهاتوو بەهێزتر دەكەن. كۆسرەت رەسوڵ‌و كوڕەكانی بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكانەوە، لە كۆنگرەی چوارەمدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەكو سیاسییەكی قاڵبووی ناو گەمەكانی یەكێتی، دوچاری پاشەكشێ هات. ئەو كە بە وریاییەوە یارییە سیاسییەكەی لەگەڵ تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیدارە دەدات، ئێستا لەسەر دەستی كوڕو برازاكانی تاڵەبانی لەپێگە سیاسییەكەی دراوە. كۆسرەت رەسوڵ لە كۆنگرەی چوارەمدا توانی خۆی‌و دوو كوڕەكەی (شاڵاو و دەرباز)‌و هەندێك لە دۆستەكانی رزگار بكات‌و سەریان بخات بۆسەركردایەتی، بەڵام ئەمە لەچاو توانا بەهێزەكەی جارانی ئەودا كەمە‌و لەئاستی پێشبینی كەسە نزیكەكانیدا نییە، هەندێك دەڵێن كۆسرەت رەسوڵ بەبەراورد بە هاوتەمەنە سیاسییەكانی خۆی، لە كۆنگرەی چوارەمدا دەستكەوتی زیاتری چنیوەتەوە‌و ئەوەی كردوەیەتی كەم نییە‌و لەدۆخی ئێستای یەكێتیدا هەرئەوەندە دەكرێت.    بەرهەم ساڵح‌و هاودیدەكانی لاوازترین كارەكتەری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح بوو، ئەو بە تەزكیەی جەمسەرەكانی یەكێتی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، دۆستەكانیشی (ئەوانەی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ناوی لێنابوون هاودید) كەسیان سەرنەكەوتن بۆ سەركردایەتی. بەرهەم ساڵح هەر دوای ئەوەی هەڵبژاردنی خۆی بە "تەزكیە" بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی زامن كرد، كۆنگرەی یەكێتی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە بۆ بەغداد، دۆستە هاودیدەكانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی ئەندامانی كۆنگرە رقی جیابوەنەوە لە یەكێتی بەسەر ئەواندا بڕێژن، دڵشاد عەبدولڕەحمان یەكێك لە دۆستە هاودیدەكانی بەرهەم ساڵح، لە نوسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هۆكاری سەرنەكەوتنی بۆ جیابونەوەكەیان لە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە. بەرهەم ساڵح خۆی بە لاوازی بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و پێگەی لایەنگرەكانیشی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لاوازە، بەڵام ئەم لاوازییە بەردەوام بووە بە پێگەی سیاسی بۆ ئەو. بەپێی زانیارییەكان، بەرهەم ساڵح تاوەكو كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی، كاندیدی بەهێزی جەمسەرەكانە یە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یەكێتی‌و دوای وەرگرتنی پۆستەكەش هەوڵی راگرتنی هاوسەنگی دەدات لەنێوان جەمسەرە جیاوازەكاندا. كەركوكییەكان یەكلابونەوە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواجار كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی یەكێتی نیشتمانییەوە، لەناو یەكێتیدا جەمسەرێكی نوێ دەركەوت، كە ئەویش جەمسەری گروپی (كەركوكییەكان) بوو، ئەم گروپە پێكدێت لە سەركردە كەركوكییەكانی یەكێتی، لەوانە (ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا- رزگار عەلی- رەوەند مەلا مەحمود- وەستا رەسوڵ)، لەدوای چونەدەرەوەی تاڵەبانی باوكەوە لە شانۆكە، ئەم گروپە بەردەوام پێگەیان بەهێز بووە‌و لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵدا پارسەنگیان راگرتووە‌و یەكلانەبونەتەوە بۆ هیچ لایەكیان. بەڵام لە كۆنگرەی چواردا كەركوكییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە زامنی پێگەی سیاسی خۆیان پێكرد، شكاندیانەوە بەلای ماڵباتی تاڵەبانیدا‌و لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیی رێككەوتن. كەركوكییەكان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا پێگەیان لە كۆسرەت رەسوڵ بەهێزترە، تا ئەو رادەیەی دەوترێت ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لەژێر فەرمانی ماڵباتی تاڵەبانی‌و كەركوكییەكاندا دەبێت. گۆڕان‌و زەحمەتكێشان لە كۆنگرەی چواردا لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، جگە لە هاودیدەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەمدواییە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی بزوتنەوەی گۆڕانیش كە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، دوچاری شكست هاتن. سەركەوت حەسەن ناسراو بە "سەركەوتی كوبە"‌و عوسمان بانیمارانی لە دیاترین ئەو سەركردانەی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕان بوون خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدكرد‌و سەرنەكەوتن، سالار عەزیز-یش كە بەهەمان شێوە لە سەركردەكانی پێشتری گۆڕان بوو، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەركەوت، بەڵام بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆست‌و پلەیەكی حزبی كۆنگرەكەی بەجێهێشت. لەبەرامبەر "هاودید"‌و "هەڵسوڕاوان"دا، هاوڕێكانی قادر عەزیز لە حزبی زەحمەتكێشان، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆربەیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، قادر عەزیز خۆی یەكێك لەوانە بوو كە لە 10 یەكەمەكەی كۆنگرە بوو، لەناو هاوڕێكانیشیدا (نەسروڵا سورچی‌و ئاسۆس عەلی) سەركەوتن. پارتی نیگەرانە پێنج رۆژ بەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا تێپەڕیوە، تائێستا پارتی دیموكرتی كوردستان بە فەرمی هیچ پیرۆزبایی‌و هەڵوێستێكی لەبارەی كۆنگرەی یەكێتییەوە رانەگەیاندووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەركردایەتی پارتی نیگەرانە لە دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هێشتا بەتەواوەتی بۆی رون نەبووەتەوە سەنتەری دەسەڵاتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لای كێ دەبێت، بڕیاردراوە كەس هیچ هەڵوێستێك لەبارەی كۆنگرەوە رانەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی سەركردایەتی پارتی خۆی راگەیەندراوێك لەوبارەیەوە بڵاودەكاتەوە. ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چاوەڕوانی نەدەكرد، لەناو یەكێتی رویدا، ئەوانەی ئەو ناوی لێنابوون "خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر" لەناو یەكێتیدا دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنا‌و داهاتووی یەكێتی تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەوان یەكلابوەتەوە، ئێستا بارزانی درك بەوە دەكات لە ریفراندۆمەكەی 2017دا ئەوەی لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەو بووە، تەنیا چەند سەركردەیەك بووە نەك تەواوی پێگەی جەماوەری یەكێتی. بارزانی پێشتر لە چەندین بۆنەدا بە سەركردەكانی حزبەكەی وتووە كاركردن لەگەڵ "جەماعەتی 16ی ئۆكتۆبەر" سەختە، بەڵام ئێستا دەبێت رێز لە ئەمری واقیع بگرێت، ئەگەر نا دەبێت لەڕێگەی دۆستەكانییەوە لەناو یەكێتی هەوڵی گۆڕینی ئەو واقیعە بدات كە كۆنگرە دروستیكردووە، ئەمە داهاتوو دەریدەخات بارزانی كلیك لەسەر كام یەكە لە بژاردەكان دەكات.  كۆمپانیای نۆكان هەستایەوە لە كۆنگرەی چوارەمدا جەمسەرێكی سیاسی لەناو یەكێتیدا دەركەوت كە پێشتر تەنانەت دوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی تاڵەبانیش بوونی نەبوو، جەمسەری كۆمپانیای نۆكان‌و ئیدارەی گشتی یەكێتی، كە دلێر سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكات، ئەو پیاوەی هەندێك ناویان لێنابوو "قاسەكەی یەكێتی"‌و هەندێكی تر پێیان دەوت "پیاوی پارەكە". دلێر سەید مەجید كە دۆستە كۆنەكانی تاڵەبانی‌و كلیلی قاسەكەی یەكێتی بوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە لە پێگەكەی درا، ئەو ئیتر وەكو پێشتر لەسەر گۆڕەپانەكەی یەكێتی بەدی نەدەكرا، بەڵام لە كۆنگرەی چوارەمدا بەهێزەوە گەڕایەوە. دلێری سەید مەجید كە پێشتر هیچ پلەیەكی حزبی نەبوو، لەم كۆنگرەیەدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، سەرباری خۆی چەند كەسێك لە هاوڕێ‌و هاوكارەكانی كۆمپانیای (نۆكان)ی سەرخست، لەوانە (سالار عومەر نوری- سالاری ئیدارەی گشتی)، (پەروین بابەكر)‌و (شوانە قادر- شوانەی نۆكان)‌و (جەزا سەید مەجید- برای دلێر سەید مەجید خۆی)‌و (شێخ ئەحمەدی نۆكان). دلێری سەید مەجید لە براوەكانی كۆنگرەی چوار بوو، پێگەی سیاسی خۆی‌و هەندێك لە هاوڕێكانی كۆمپانیای نۆكانی گەڕاندەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ ئابورییە بەهێزەكەی جارانی یەكێتی دەگەڕێننەوە ژێر دەستی خۆیان كە رۆژگارێك كۆنترۆڵیان كردبوو یاخود نا.   یەكێتی بەرەو كوێ ؟ جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بۆ رونكردنەوەی ئامانجی دروستكردنی حزبە نوێیەكە كتێبێكی نوسی بەناوی "الاتحاد الوطنى لماذا" واتە (یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟)، دوای كۆنگرەی چوار ئیتر ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟". كۆنگرەی چوار كۆتایی هات، بەڵام هێشتا یەكێتی نەبووە بە خاوەنی پەیڕەوێكی روونی ناوخۆ، بەپێچەوانەی رێسای باوی كۆنگرەی حزبەكان، لە كۆنگرەی یەكێتیدا، پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا چەند بڕگەیەكی پەسەندكراوە‌و بەشە زۆرەكەی كە تایبەتە بە دەسەڵاتی ئۆرگانە سەرەكییەكان، بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراو بڕیاری لەسەر بدات. واتە ئێستا دیارنییە سەنتەری دەسەڵات‌و بڕیاری سیاسی یەكێتی لای كام یەكێك لە ئۆرگانەكانە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەندامەكانی پێكهاتووە لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكان (مەلا بەختیار- حاكم قادر- ئەرسەلان بایز- عەدنان موفتی- دلێر سەید مەجید- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد- عومەر فەتاح) خۆیان بە سەنتەری بڕیار دەزانن، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی‌و سەرۆكی یەكێتی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و بەرپرسی مەكتەبەكان هەن كە تائێستا دروست نەكراون‌و دەسەڵاتەكانیان دیاری نەكراوە. بەشێوەیەكی گشتی رەشنوسی پەیڕەوەكە‌و ئەوەی لە پشتەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە، جۆرێكە لە دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، نەك كۆكردنەوەی دەسەڵات‌و ناوەندی بڕیار لە بازنەیەكدا، ئەمەش هەمان ئەو گرفتەیە كە یەكێتی لەدوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. پێشبینی جۆراوجۆر بۆ داهاتوو یەكێتی هەیە لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا، هەندێك دەڵێن ئەو گەنجانەی كە بەشێوەیەكی كتوپڕ سەركەوتوون بۆ سەركردایەتی، بێ ئەزموونن لە ئیدارەدانی سیاسەت لەناوخۆ‌و ناوچەكەدا، رەنگە یەكێتی دوچاری هەڵدێر بكەنەوە، هەندێكی تر بەپێچەوانەوە بیر دەكەنەوە، دەڵێن یەكێتی خوێنێكی تازە بەناو جەستەیدا هاتوچۆ دەكات، ئەم خوێنە تازەیە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زێڕێن. ئەمە لەكاتێكدایە كۆنگرەی چوارەم نەیتوانی بەتەواوەتی ململانێی نێوان گەنج‌و پیر لەناو یەكێتیدا بەلادا بخات‌و پیرەكان كە لە ئەنجومەنەكەی كۆسرەت رەسوڵدا كۆبونەتەوە چاوەڕوانی دەكرێت لە داهاتوودا مانوڕی سیاسی بكەن بۆ گێڕانەوە پێگە لەدەستچووەكەیان لە كۆنگرەی چوارەمدا. بەشێوەیەكی گشتی ئەوە دەردەكەوێت، كۆنگرەی چوارەم چارەنوسی یەكێتی داوەتە دەست پیاوە ئەمنییەكان، ئەوانەی لەگەڵ پارتی مامەڵەی سیاسییان كرد، لەپێگەیان درا، ئەمانەش هەمووی لەو گۆڕانكارییانەن كە كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی داهاتووی یەكێتی دەبێت.


(درەو میدیا): (درەو میدیا) دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی بۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، كە تێیدا باسلەوە دەكات، ئەو راسپاردنی كاندیدەكەی هاوپەیمانی بنیادنان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رەتدەكاتەوە‌و بەوەش دەستوری عێراق پێشێلدەكات، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆئەوەی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر بدەن. دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح بەزمانی كوردی: بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سڵاو و رەحمەت‌و بەرەكەتی خواتان لێ بێت نوسراوتان بە ژمارە (1360) لە رۆژی (23/12/2019)م پێگەیشت لەبارەی دیاریكردنی كوتلەی زۆرینە، بەوەی كە جەخت دەكات لەسەر ئەوەی (كوتلەی بنیادنان) كوتلەی زۆرینەیە، هەروەك نوسراوێكم لە (كوتلەی بنیادنانە) پیگەیشتووە كە كاندیدكردنی ئوستاز (ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی) لە خۆدەگرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران. لە پابەندبونمانەوە بە دەقی دەستور وەكو سەقفی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، بەرپرسیارێتی نیشتمانیم لەم بارودۆخە مێژوییە هەستیارەدا، لەبەر رۆشنایی ئەو دەستكەوتانەی كە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی رەوای رۆڵەكانی گەلەكەمان سەپاندویەتی، پێویستی كردووە لەسەرمان تەماشای بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكان بكەین بەر لە تەماشاكردنی ئیعتیباراتە كەسیی‌و سیاسییەكان. بەرژەوەندی باڵای وڵات، كە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەمدا سوێندم خواردووە بیپارێزم‌و بەرگری لێبكەم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی خستوەتە ئەستۆی سەرۆك، پشتیوانی لێكتێگەیشتن بكات لەبارەی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووەوە، كە بەرژەوەندی وادەخوازێت هۆكاری ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە بێت‌و مشتومڕی لەسەر نەبێت‌و وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت كە سەرچاوەی شەرعییەتی هەموو دەسەڵاتەكانە. زنجیرەیەك راوێژم لەگەڵ هێزەكانی ناو پەرلەمان‌و هێزە سیاسییەكان‌و چالاكی لاوان‌و سەندیكاو ئەكادیمی‌و ئاینی‌و كۆمەڵاییەكان كرد، لەبارەی تایبەتمەندی‌و مەرجەكانی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، داواكارییەكیش بە ئیمزای (174) پەرلەمانتارەوە پێشكەش كرا كە تایبەتمەندییەكانی سەرۆكی حكومەتی لەخۆگرتبوو. لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، بەرپرسیارێتی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر گەلەكەی‌و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكەی لەبەرامبەر سەقامگیری‌و سەلامەتی وڵات لەبەرچاوگیرا، لە سوربونمەوە بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتن‌و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی، خۆم دەبوێرم لە دانانی كاندیدی (كوتلەی بنیادنان). ژمارەیەك قسەی جیاواز لەبارەی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار، كە دژ بە یەكترن، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران/ نوسینگەی جێگری یەكەم لە رۆژی 16/12/2019 نوسراوی بە ژمارە (م.ر 1338) ناردووە‌و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە ئەو (16) هاوپەیمانێتییە سیاسییەی كە لە لیستێكدا هاوپێچكراوە لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوە كوتلەی زۆرینە‌و لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی راسپێدراوە بە پێكهێنانی حكومەت، لەدوای ئەم نوسراوە، لە 23/9/2019دا نوسراوێكی ترمان بەشێوەی دەستیی رادەستكراوە كە ژمارە (م. ر 2494)ی لە رۆژی 16/9/2018ی هەڵگرتووە‌و ئاماژەی بەوەكردووە كوتلەی بنیادنان گەورەترین كوتلەیەی پەرلەمانە لەڕووی ژمارەوە، بۆ زانیاری ئەم نوسراوە لەوادەی دیاریكراودا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نەنێردراوە‌و لەوكاتەدا لای ئێمە (وارد) نەكراوە، ئەوكاتە سەرۆك كۆمارمان هەڵنەبژاردبوو، سەرباری ئەوەی گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی كاندیدی پێكهێنانی حكومەت پێشكەش بكات لەلایەن كوتلەی بننیادنانەوە نەك لەلایەن ئەو (16) كوتلە هاوپەیمانەوە، دوای ئەوەی ئەم تێبینیانەمان نارد، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی تری نارد بە ژمارە (م.ر 1360) لە 23/12/2019 تێدا نوسرا بوو (سەبارەت بە بابەتی گفتوگۆلەسەركراو ئاماژەتان بۆ دەكەین بە نوسراوی ژمارە (م.ر 2494) لە 16/9/2018 واتە كوتلەی زۆرینە كوتلەی بنیادنانە‌و ئەو كوتلەیە پەیوەندیدارە بە كاندیدكردنەوە، ئەمەش دژ بە نوسراوی ئەنجومەنی نوێنەرانە بە ژمارە (2535) لە 2/10/2018‌و (م.ر 1338) لە 16/12/2019. لەچوارچێوەی ئەركەكەمدا بۆ پاراستنی دەستور، پێویستە ئاماژە بە ماددەی 76ی دەستور بكرێت كە سەرۆك كۆمار پابەند دەكات بە "پارێزگاریكردن لە سەربەخۆی عێراق‌و سەروەری‌و یەكێتی‌و سەلامەتی خاكەكەی"، هەروەها ماددەی 76 كە سەرۆك پابەند دەكات بە راسپاردنی كاندیدی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ ئەوەی مافی پەڵپگرتنی هەبێت. بەوەی ئەم هەڵوێستی خۆپارێزییە لە كاندیدكردنەكەی ئێستا كێشە لە دەقی دەستوردا دروستدەكات، بۆیە ئامادەیم بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆمار دەخەمە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەگونجاوی دەزانن، بەدڵنیایی خێر لە پۆستێكدا نابێت كە لە خزمەتی خەڵكدا نەبێت‌و زامنی مافەكانیان نەكات. من بەمە جەخت دەكەم لەسەر ئەوەی، جوڵەی سیاسی‌و پەرلەمانی دەبێت بەردەوام گوزارشت لە ئیرادەی میللی گشتیی‌و پێداویستییەكانی ئاسایش‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و مافی فەراهەمكردنی حوكمڕانییەكی رەشید بكات، كە ئاسایش بڕەخسێنێت‌و بگاتە ئاستی خواستەكانی گەل‌و قوبانیدانەكانی. لە بەلاغەتی ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تالبەوە (سلاوی لەسەر بێت) ئەم قسەیە وەردەگرم (الإمام علي: رحم الله امرءًا أحيا حقًا وأمات باطلاً ودحض الجور وأقام العدل)، دادپەروەری كرۆكی حوكم‌و مەبەستەكەیەتی، ئەوە ئامانجی كۆتایی دەستورو بەرپرسیارێتییە فەرمی‌و سەروەرییەكانە، هەروەك ئەوە دەستكەوتی گەلە دوای ئەو هەموو قوربانییانەی كە داویەتی بۆ پاراستنی نیشتمان‌و پارێزگاریكردن لە مافەكانی هاوڵاتیان. رەحمەت‌و نەمری بۆ شەهیدانی عێراق، ئاسایش‌و ئاشتی‌و بەرزیی بۆ گەلی عێراق، خوادا سەركەوتومان بكات.                                                                                                                                              بەرهەم ساڵح                                                                                                                                              سەرۆك كۆمار 


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، پارەو هێز رۆڵی خۆیان گێرا لە یەكلاكردنەوەو سەركەوتنی كاندیدەكاندا، لاهور شێخ جەنگی كۆنگرەی بە قازانجی خۆی شكاندەوە، بەشێك لە كارەكتەرە نزیكەكانی باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەرنەچوون، باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەروی پێگەو قورساییەوە لاواز بوون، پەڕو باڵی نزیكەكانی بەرهەم ساڵح كرا، كەركوكیەكان و نزیكەكانی دلێری سەید مەجید لەدوای لاهور تاڵەبانی سەركەوتووەكانی ناو كۆنگرەبوون، ئەوانەی پێیاندەوترا "ریفراندۆمچی" دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتی بە تەواوی لە دژی سیاسەتەكانی پارتی بیردەكەنەوە. لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی هاوكێشەكان بەم شێوەی خوارەوەی لێهاتووە : * باڵی ماڵی مام جەلال گۆڕدرا بە باڵی بنەماڵەی شێخ جەنگی بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، چونكە بەپێی ئەنجامەكان لە بازنەكانی (هەولێرو سلێمانی و كەركوك و دهۆك و موسڵ و راپەرین و هەڵەبجەو شارەزوور و كۆیە و سۆران و حەمرین و بەغداو ...هتد) زۆرینەی رەهای ئەو كەسانەی یەكەمبوون، یاخود دەرچوون بۆ ئەنجومەنی گشتییی سەركردایەتی، لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیكن، یاخود لە لیستی پاڵێوراوەكانی ئەودابوون و ئەو پشتگیری كردوون. لەم كۆنگرەیەدا باڵەكەی لاهور شێخ جەنگی لە دانان و حساباتی دەرچوواندنی ئەندامەكانیان لەسەرجەم بازنەكان زۆر بە وردی كاریان كرد، ئامانجەكانیان لەسەدا 99% پێكاوە. ئەو پەیڕەوەی دانرابوو بۆ مەرج و پێوەرەكانی كاندیدبوون لە بەرژەوەندی ئەوان نوسرابوو. لە ماڵی مام جەلال قوباد تاڵەبانی بە تەزكیە سەركەوت، هەرچەندە باڤڵ تاڵەبانی دووەم دەنگی كۆنگرەبوو، بەڵام ئەو كەسانەی ئەو و براكەی پشتیوانیان دەكردن هەموویان سەرنەكەوتن لە نموونەی یوسف گۆران و تەحسین نامیق و سەركەوت كوبە. باڤڵ تاڵەبانی چەند كەسێكی كەمی دەرچووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەموو رەمزەكانی شكاون. شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش كە یەكێكە لە میراتگرانی ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵی مام جەلال، لەو كۆنگرەیەدا تەنها توانیویەتی خۆی دەربچووێنێت، ئەویش بە دەنگێكی كەم، چونكە ناوبراو رووبەرووی دژایەتی زۆر بوویەوە. كەواتە لەم كۆنگەرەیەدا، دەركەوت ماڵی شێخ جەنگی زیاترو باڵادەسترن لە ماڵی مام جەلال. * گروپی كەركووكییەكان لە دوای باڵەكەی ماڵی شێخ جەنگی وەكو بەهێزترین باڵ دەركەوتن و لە كۆی ئەو 32 ئەندامەی سەركردایەتی لە سنووری خۆیان، زۆرینەی رەها هی خۆیانە. گروپی كەركوكییەكان هەماهەنگی باشیان لەگەڵ قائیمەكەی لاهور شێخ جەنگی هەبووەو ئەو دووباڵە لە داهاتوو كە دەتوانین بڵێین باڵی (لاهور+ كەركووكییەكان) ژمارە گەورە گەورەكەی نێو یەكێتیی دەبن، بەشێكی سەركەوتنی ئەو گروپە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە یەكگرتوون، پاشانیش لەگەڵ باڵەكانی دیكە بە یەك دووری مامەڵە دەكەن و هەرگیز هێلكەكانی خۆیان ناخەنە ناو یەك سەبەتەی بەرامبەرەكانیان. * بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی چووە ناو هاوپەیمانی پێگەكەی لەرووی قاعیدەی جەماوەریەوە لاوازبوو، بەڵام لەو كۆنگرەیەدا جگە لەوەی خۆی بە تەزكیە سەركەوت، لە هەمانكاتیشدا وەكو دەڵێن پەڕو باڵی كرا، ئەو چەند سەركردەیەی پێشووتریش كە لە گەڵیدابوون، زۆربەی زۆریان خۆیان كاندید نەكرد، یان دەرنەچوونەوە. كەواتە ئێستا بەرهەم ساڵح ئەگەر ببێتەوە سكرتێریش زۆر لاواز دەبێت و دەسەڵاتەكانی دیاریكراون دەبن، تەنها وەك واجیهەی یەكێتیی دەردەكەوێت. بەرهەم ساڵح لەوانەیە محمود سەنگاوی و حامیدی حاجی غالی و عدنانی حەمەی مینەی دەرچووێت، بەڵام زۆریشی دیكەشی بوونە قوربانی. * كۆسرەت رەسوڵ بەوە ناسرابوو بچێتە ناو هەر یاریەكی سیاسی ئەستەمە بدۆڕێت، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا حساباتەكانیان هەڵەبوو، ئەوان ئەگەر جاران لەبەرامبەر باڵی ماڵی مام جەلاڵ بەهێزیشبووبن، لەم كۆنگرەیەدا لەڕووی پێگەو قورسایەوە زۆر لاوازبوون، ژمارەی ئەو كەسانەی كە سەركەوتوون لە سەر لیستی ماڵی كاك كۆسرەت بە نموونە لە سنووری هەولێر ناگاتە نیوە، لە بازنەكانی دیكەش هیچ كەسیان دەرنەچووە كە لێیانەوە نزیك بێت. یەكەم نەبوونی كوڕەكانی كۆسرەت رەسول لە هەولێرو ئەو لاوازبوونەیان، وادەكات كە ئەوان نەتوانن لە دانووستاندنی حزبەكەیان لەماوەی 45 رۆژی داهاتوو بۆ گۆڕانكاریكردن لە پەیرە و هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی سەرۆكایی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن و ئۆڕگانەكان داوای شتی زۆر بكەن. ئەگەر كۆسرەت رەسول سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەو حزبەش بێت، جارێ دیار نییە بە تەواوی دەسەڵاتەكانی چی دەبن ؟ بەڵام هەموو پێوەرەكان ئەو ئەنجومەنە جگە لەوەی موراعات دەكرێن، بەڵام ناشتوانن كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئەو حزبە هەبێت. * لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی قوتابی دلێری سەید مەجیدی ئیداری گشتیی و قاسەكەی یەكێتیی بوون باش هاتوونەتە پێشەوە، بۆ نموونە سەرباری ئەوەی برایەكەی دەنگێكی زۆری هێناوەو دەرچووە، هەریەك لە (شوانەی نۆكان و سالاری نۆكان لە سلێمانی و شێخ ئەحمەدی نۆكانیش لە هەڵەبجە) لە یەكەمەكانی كۆنگرەن خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسییە. * لەم كۆنگرەیەدا پارەو هێز زۆرترین حكومیان كردووە، كەواتە كێ زۆرترین پارەی هەبووبێت و هێزی ئەمنی و چەكداری لەبەردەستدابووبێت، براوەی كۆنگرەبوو، ئەوەش بە ئاشكرا لە لیستی دەرچووانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەردەكەوێت. * لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی پێیاندەوترێن "ریفراندۆمچی" بە تەواوی دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتیی بە تەواوی لە دژی پارتی بیردەكەنەوە.


درەو میدیا: لە كۆنگرەی چوارەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ( 9) ئەندامی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی سەركەوتن، كە ( 3) ئەندامیان پێشتر لە سەركردایەتی یەكێتیدا بوون. 🔹 باڤڵ جەلال تاڵەبانی 🔹 قوباد جەلال تاڵەبانی 🔹 لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی 🔹 ئاراس شێخ جەنگی تاڵەبانی 🔹 ئاڵا تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 بێگەرد تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 پۆڵا سیروان تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 تابان عەبدوڵا تاڵەبانی 🔹 جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی


درەو میدیا: ناوی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بڵاوكرایەوە كە لە كۆنگرەی چواری یەكێتی هەڵبژێردران  دوای كۆتاییهاتنی جیاكردنەوەی دەنگەكان، لیژنەی دادوەریی چوارەمین كۆنگرەی‌ یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ئه‌ندامانی ده‌رچووی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شبوون. -بازنه‌ی سلێمانی 23 ئه‌ندام -بازنه‌ی كه‌ركوك 32 ئه‌ندام - بازنه‌ی هه‌ولێر 15 ئه‌ندام - بازنه‌ی دهۆك 5 ئه‌ندام - بازنه‌ی به‌غدا 2 ئه‌ندام - بازنه‌ی سۆران 4 ئه‌ندام - بازنه‌ی نه‌ینه‌وا 3 ئه‌ندام - بازنه‌ی خانه‌قین 5 ئه‌ندام - بازنه‌ی شاره‌زوور 7 ئه‌ندام - بازنه‌ی گه‌رمیان 6 ئه‌ندام - بازنه‌ی چه‌مه‌چه‌ماڵ 3 ئه‌ندام - بازنه‌ی كۆیه‌ 3 ئه‌ندام -بازنه‌ی شه‌نگال 2 ئه‌ندام - بازنه‌ی حه‌مرین 2 ئه‌ندام -بازنه‌ی قه‌ره‌چووغ 1 ئه‌ندام - بازنه‌ی راپه‌رین 8 ئه‌ندام بەرەبەیانی ئەمڕۆ 26ی كانونی یەكەمی 2019، پرۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان  كۆتاییهات و لیژنەی دادوەرانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوی ئەندامانی دەرچووی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی راگەیاند. لیسیتی ناوەكان: د.بەرهەم ساڵح قوباد تاڵەبانی د.رێواز فایەق بازنەی سلێمانی: شوان قادر مەعروف ئاراس شێخ جەنگی جەزا سەید مەجید سالار عومەر نوری د.سۆران شەهید جەمال تاهیر ئاوات محەممەد غەفور مستەفا چاوڕەش د.جوان ئیحسان مامۆستا مەحمود قەرەداغی د. میران محەمەد عەباس وەستا حەسەن ئاسایش تەلار لەتیف محەمەد شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەتیف شێخ عومەر ئاسۆس عەلی شۆڕش ئیسماعیل سەركەوت زەكی بێستون سابوراوایی چرای شەهید ئاسۆی دەلاك جوتیار نوری د.عیزەت سابر پەروین كاكە حەمە شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی بازنەی كەركوك: لاهوور شێخ جەنگی بافڵ تاڵەبانی ئاسۆ مامەند رەفعەت عەبدوڵڵا جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی رزگار عەلی رەوەند مەلا مەحمود حەمەسوور دووشیوانی خالید شوانی وەستا رەسوڵ چەتۆ ساڵح ئەحمەد عەسكەری خاڵە كاكەمەد مستەفا چاڵاوی كاكەڕەش سدیق ئەحمەد غازی محەمەد حەمەڕەشید ستران عەبدوڵڵا ئاڵا تاڵەبانی هیوا عەبدوڵا ئەحمەد رێبوار تەها مستەفا كاوە سەلیم فەهمی بورهان عومەر دابان عەبدولكەریم كاكە حەمە خەمینە ساڵح ئەحمەد دریڤان شەهید عەبدولقادر ئاڤێستا محەمەد عیزەدین رزگار حاجی حەمە حەسیبە عەبدوڵا خورشید سیروان كوێخا نەجم هەڵكەوت عەبدوڵڵاعەزیز فریاڵ عەبدوڵا قادر دڵپاك تاهیر بازنەی هەولێر: فەرید ئەسەسەرد بورهان سەعید سۆفی قادر عەزیز شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ شادمان مەلا حەسەن دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هەرێم كەمال ئاغا فەهیمە سابیر حەمەد د.رێبوار ئیسماعیل د. دارا رەشید مەحمود ‎سەعدی ئەحمەد پیرە جەمال نادر حەمەد (حاجی مەسیفی) د.مەجید محەمەد ئەمین سادق ژینۆ محەممەد ئیسماعیل حوسێن د. شەونم زرار بڵباس بازنەی دهۆك: لەتیف تەها فەتاح سەلام عەبدوڵڵا محەمەد مامۆستا محەمەد ئەمین شێروانی ئاراس جیهانگیر محەمەد ئاغا ئیمان عەبدولڕەزاق محەمەد بازنەی بەغدا: پۆڵا سیروان تاڵەبانی هێرش حەبیب حەمید عەلی بازنەی سۆران: زوبێر عوسمان هەژار حسێن حەسەن كوێستانی ئارێز عەبدوڵڵا ئەحمەد فێنك ئەحمەد قادر بازنەی نەینەوا: رابیحە حەمەد عەبدوڵڵا نەسروڵڵا نەجمەدین سەیفەدین سەردار سەباح بورزو خورشید بازنەی خانەقین: مەحمود سەنگاوی د.خەسرەو گوڵ محەمەد بڵێسە جەبار فەرمان عیماد ئەحمەد شێركۆ میروەیس بازنەی شارەزوور: ئەحمەد حەمە كەریم باوەشێخ سەرتیپ عەلی محەمەد سالار سەرحەد خەلیفە یونس حەمەی حەمە سەعید حامی حاجی غالی شلێر غەفور عیزەت عەتا فەتاح مەحمود بازنەی گەرمیان: نەوشیروان ئەحمەد حەسەن شیرین شێخ حوسێن عەدنان حەمەی مینا تابان عەبدوڵڵا تەیب میقداد بەهادین محێدین محەمەد حاجی فایەق بازنەی چەمچەماڵ: سەركەوت محەمەد غەفور شاڵاو عەلی عەسكەری رێبوار عومەر حەمەسور حسێن بازنەی كۆیە: رەهبەر سەید برایم كۆیی ئەبوزێد ساڵح مستەفا فەوزیە نەزیر سابر محەمەد ئەمین بازنەی شنگال: ئەمین بابە شێخ شێخ داود شنگالی بازنەی حەمرین: كەریم شكور محەمەد ئیكرام عەلی ئەمین بازنەی قەرەچوغ: سابر ئیسماعیل حەمەد بازنەی راپەڕین: ئارام قادر خەبات پەروین بابەكر حەمە ئاغا بێگەرد تاڵەبانی عەزیز حەسەن عەزیز عەبدوڵڵا ئیسماعیل عەزیز ساڵح عوسمان خزر ئەحمەد زرار مەلا ئاری


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف ساڵی 2015 كە هەرێمی كوردستان لەشەڕدا بوو دژی "داعش"، پەرلەمانی كوردستان ئامادە نەبوو دوو ساڵی تر تەمەنی یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم درێژبكاتەوە، ئەمە قەیرانێكی گەورەی سیاسی دروستكرد، بووە بەهۆی پەكخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام خولی ئێستای پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونییەوە بەیاسایەك ویلایەتی پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)ی درێژكردەوە‌و ئێستا دەیەوێت بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی درێژبكاتەوە كە دوێنێ ماوە یاساییەكەی كۆتایی هات، جگە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ژمارەیەكی زۆر لە دەستەكانی تری سەربە حكومەت وادەی یاساییان بەسەرچووە‌و دەبێت پەرلەمان چارەسەریان بۆ بكات. كۆتاییەكی خراپ كۆتایی ساڵی 2019 بۆ كۆمسیۆنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق باش نەبوو، لە هەرێم (كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی) تەمەنی یاسایی كۆتایی هات‌و پەرلەمان دەیەوێت ساڵێك بۆی درێژبكاتەوە، لە عێراقیش كۆمسیۆنە كۆنەكە هەڵوەشێندرایەوە‌و لەژێر فشاری شەقامدا كۆمسیۆنێكی نوێ هەڵبژێردرا. لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا. تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە. بۆیان درێژدەكرێتەوە؟ دوێنێ كۆتایی بە چوار ساڵ تەمەنی یاسایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان هات، ئێستا سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن شەرعیەتی یاساییان لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆمسیارەكان نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە‌و تێیدا داوا دەكەن چارەسەری بارودۆخەكەیان بۆ بكات. بەپێی یاسای كارپێكراو دەبێت پەرلەمانی كوردستان كۆمسیاری نوێ بۆ كۆمسیۆنەكە هەڵبژێرێت، یاسای كۆمسیۆن دەڵێ تەمەنی یاسایی كۆمسیاران (5) ساڵە، كۆمسیاران لە پەرلەمان متمانەی یاسایی وەردەگرن‌و لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا سوێندی یاسایی دەخۆن. (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی لیژنەی یاسایی كرد لە پەرلەمانی كوردستان، بەپێی قسەی ئەوان پەرلەمان بەرەو ئاڕاستەیەك دەڕوات كە دەیەوێت ماوەی ساڵێك تەمەنی ئەم كۆمسیۆنە درێژبكاتەوە. خولی پێنجەمی پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونییەوە تەمەنی یاسایی پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) تاكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە وادەكەی نادیارە، درێژكردەوە، ئەگەر تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش درێژبكاتەوە، واتە دوو حاڵەتی درێژكردنەوەی ئەنجامداوە، ئەوە لەكاتێكدایە ساڵی 2015 بەهۆی درێژنەكردنەوەی تەمەنی یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، كاركردنی پەرلەمان بۆماوەی دوو ساڵ پەكیكەوت. جەلال محەمەد محەمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" تا ئێستا ئەم بابەتە نەگەیشتووەتە لیژنەی یاسایی، بەڵام پێشبینی دەكەم ماوەی ساڵێك بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی درێژبكرێتەوە، چونكە گۆڕانكاریكردن لە كۆمسیۆنەكە بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردنی لایەنەكان پێویستی بەكات هەیە". (درەو میدیا) چەندینجار پەیوەندی هندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنەوە كرد، هیچ یەكێكیان وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان نەدایەوە، تاوەكو دواجار ئیسماعیل خورماڵی نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی كۆمسیۆنەكە وەڵامی دایەوە‌و لەبارەی بابەتەكەوە قسەی كرد. خورماڵی وتی:" تەنیا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وادەی یاسایی بەسەرنەچووە، زۆربەی دەستەكانی حكومەت وادەیان تەواوبووە، ئێمە داوامان لە پەرلەمان كردووە، چارەسەر بۆ ئەم بابەتە بدۆزێتەوە". كۆمسیۆن لە راپۆرتی چاودێری دارایدا بەمدواییە (درەو میدیا) راپۆرتێكی نهێنی دەستەی چاودێری دارایی لەبارەی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەستكەوت، راپۆرتەكە بە وردەی باس لە گومانی گەندەڵی گەورە لەكارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەكات. راپۆرتەكە باسی لە ناشەفافیی لە خەرجكردنی بڕی (12 ملیۆن) دۆلار دەكات كە دراوە بەم كۆمسیۆنە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017دا. سەرباری ئەمە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەدوای دەستبەكاربوونییەوە ژمارەیەك گرێبەستی تایبەت بە كڕینی كەلوپەل‌و دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆی ئیمزاكردووە كە چاودێری دارایی گومانی هەیە لێیان. لەماوەی رابردوودا (درەو میدیا) بەدوو بەشی جیاجیا، كرۆكی راپۆرتەكەی دەستەی چاودێری دارایی بڵاوكردەوە، چەندین بەشی تری ماوە كە تائێستا دەرفەتی بڵاوكردنەوەیان نەبووە‌و لەداهاتوودا بڵاویاندەكەینەوە. خوێنەرانی ئەم راپۆرتە دەتوانن لێرەوە بەشەكانی راپۆرتەكەی چاودێری دارایی لەبارەی گومانی گەندەڵی لە كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بخوێننەوە، بۆ بینینی بەشەكان كلیك لەسەر نوسراوە رەنگ سورەكان بكە: •    بەشی یەكەم •    بەشی دووەم ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بە (درەو میدیا)ی وت:" وەڵامی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی چاودێری داراییان ئامادەكردووە‌و دوای پشووەكانی سەری ساڵی نوێ بڵاویدەكەنەوە". كۆمسیۆن لە عێراق لەكاتێكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان تەمەنی یاسایی كۆتایی هات، لە عێراق كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەڵوەشێندرایەوە‌و لەجێگەی ئەو كۆمسیۆنێكی نوێ دروستكرا. لە عێراق "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان" یەكێكە لەو دامەزراوانەی كە بووە بە سەرچاوەی نیگەرانی‌و ناڕەزایەتییەكانی ئێسای شەقام، خەڵك رەخنەیان لە كۆمسیۆن دەگرت‌و تۆمەتیارن دەكرد بە ساختەكردنی پرۆسەی سیاسی، ئەمە پەرلەمانی عێراقی ناچاركرد بیر لە دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ بكاتەوە. لەیەكەم هەنگاودا پەرلەمانی عێراق وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ فشارەكانی شەقام، یاسایەكی نوێی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد. ماددەی (3)ی یاسا نوێیەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێ:  •    ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە (9) كەس پێكدێت •    (5) كەسیان دادوەرەكان دەبن لەسەرتاسەری پارێزگاكانی عێراق •    (2) كەسیان سەربە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان دەبن •    (2) كەسیان لەوانە دەبن كە راوێژكارن لە ئەنجومەنی دەوڵەت یاساكە هەڵبژاردنی ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی داوەتە دەست ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەی تیروپشك، دوێنێ ئەنجومەنی دادوەری بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، تیروپشكی بۆ ناوی ئەو كەسانە كرد كە خۆیان بۆ پۆستەكانی كۆمسیۆن كاندیدكردبوو هەروەها لە مەرجەكاتی تایبەت بەو پۆستانە دەرچوو بوون. (5) پارێزەر لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكان وەكو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە تیروپشك هەڵبژێردران، ئەو دادوەرانە بریتی بوون لە: 1- عەباس فەرحان حەسەن 2- جەلیل عەدنان خەڵەف 3- عامر موسا محەمەد 4- فەیاز حسێن یاسین 5- عەلی رەشید ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەر بە تیروپشك دوو كەسی تری وەكو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەڵبژارد كە راوێژكارن لە ئەنجومەنی دەوڵەت‌و بریتین لە هەریەكە لە: 1-    ئینعام یاسین محەمەد 2-    فەتاح محەمەد یاسین بەڵام دوو نوێنەرەكەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، تیروپشكیان بۆ نەكرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ناوی كاندیدەكانی رەوانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق نەكردبوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدكردنەكانیان بۆ ئەو پۆستانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلانەبوونەتەوە. سەرباری گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لە سایتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا ماددە‌و بڕگەكانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردنی پەسەندكرد، كە جیاوازە لە یاسا كۆنەكە‌و دەرفەتی گەورە دەكاتەوە لەبەردەم ئەو كەسانەدا كە لەچوارچێوەی حزبە سیاسییەكاندا نین‌و دەیانەوێت خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید بكەن.   


 گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا برازای جەلال تاڵەبانی‌و براگەورەی نەوەی دووەمی سیاسییەكانی ماڵباتی تاڵەبانییە، ئەو پێشمەرگەی دێرینە، بەڵام نەوەی نوێ زیاتر لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە دەیناسن، ئەوكات ئەو بە راشكاوی‌و بێ پەردە گوزارشتی لە دۆخی شێواوی سیاسی‌و سەربازی كورد دەكرد، ئەم رۆژانە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆر دەردەكەوێت، (درەو میدیا) لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەكرد، هەوڵماندا روبەڕوو بیبینین، چەندجارێك مۆڵەتی وەرگرت، دواجار پێی وتین ناچارم بەتەلەفۆن گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەتان لەگەڵ بكەم، چونكە زۆر سەرقاڵم، ئەو (ئاراس شێخ جەنگی)یە، یەكێكی ترە لە ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كە خۆی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندید كردووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا لەبارەی بارودۆخی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە وەڵامی پرسیارەكانی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:  درەو میدیا: لە كۆنگرەی چواری یەكێتی ئەبینرێن، بەرنامەتان چییە؟ خۆتان بۆ هیچ پۆستێكی باڵای حزبی كاندید دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من خۆم كاندید ئەكەم بۆ پۆستی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئەوەش كە دەردەكەوم من لە كۆنگرەكانی تریش هەر لەوێ بووم، بەڵام ئەوكات هیچ پێویستم بەوە نەبوو، چونكە خۆم كاندید نەكردبوو، ئەوكات جەنابی مام جەلالیش لە ژیاندا بوو، بەڵام ئێستا بەڵێ من خۆم كاندید كردووە. درەو میدیا: لەوێنەكانی ناو كۆنگرەدا ئێوە وەكو نێوەندگیرێك لەنێوان جەمسەرو كارەكتەرە ناكۆكەكاندا دەردەكەن، ئایا وێنەكان گوزارشت لەواقیعی كاری ئێوە دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من هەروا بووم، من بە چەپكەگوڵەكەی مام جەلال ئیش ئەكەم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هی هەموومانە، بەتەنیا هی من نییە، هی عەمر نییە، هی زەید نییە، هی هەموومانە، هەموومان بەیەكەوە ئەبێت ئیش بكەین، ئەبێت هەموومان هەموو كاتێك هاوكاری یەكتر بین بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگەڕێنینەوە سەر شاڕێگە ئەسڵیەكەی خۆی. درەو میدیا: لە دەرەوە وا دەردەكەوێت كۆنگرەی چوار بەڕێزەوە نەوەی یەكەمی سیاسییەكانی حزب خانەنشین دەكات‌و نەوەیەكی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، ئێوە خۆتان لەسەر كام یەكێك لە دوو نەوەكەی یەكێتی ئەژمار دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا من جاری بەتەمای خانەنشینی نیم (بەپێكەنینەوە)، بەڵام رەنگە بۆ كۆنگرەی داهاتوو خۆم خانەنشین بكەم.  كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە  درەو میدیا: پێتوایە نەوە كۆنەكە لەم كۆنگرەیەدا خانەنشین دەبن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من لەگەڵ ئەوە نیم، لەگەڵ ئەوەدام ئەم ئەنجومەنی سەركردایەتییە تازەیە تێكەڵ بێت لە هەردوولا هەموومان پێكەوە، هەندێك لە كۆنەكانیشی تێدا بێت‌و هەندێك خەڵكی تازەش بێتەپێشەوە، چونكە ئەوانە ئەزمونیان هەیە، ئێمە ئەبێت سود لە ئەزمونەكەی ئەوان وەربگرین، لەم مەرحەلەیەش من لەگەڵ ئەوەم كەوا مەجموعەیەك لەو هەڤاڵانە كە بەئەزمونن بمێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانین یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەبەرین. درەو میدیا: ئێوە گەورە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقن، سەرۆك كۆمار لە كۆنگرەدا دوچاری مشتومڕ كرایەوە، دەوترێت زۆرێك لە ئەندامانی كۆنگرە كارتی سوریان بەڕویدا بەرزكردوەتەوە كاتێك پێشنیازكراوە بەتەزكییە بكرێت بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: نا، مەلەسە سەرۆك كۆمار نەبوو، هەڵەتێگەیشتنێك هەبوو، ئەو هەڤاڵەی كە پێشنیازەكەی كرد، بەشێوەیەك كردی كە نەیتوانی خەڵكەكە بەباشی تێبگەیەنێت، بەڵام دوای ئەوە كە خەڵكەكە تێگەیشت ئەمە بۆ ئەم سەرۆك كۆمار نییە، ئێمە لە عێراق‌و كوردستاندا چەند پۆستێكی سیادیمان هەیە وەكو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت، لەبەرئەوە ئەبێت ئەو خەڵكانەی خۆمان بە ئیحترامەوە بخەینە ئەو سەركردایەتییەی كە هەیە، ناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم بخەمە ناو دەنگدانێكەوە‌و بیشكێنم‌و چەند كەسێك هەستێت.. یەعنی نابێت‌و لە عورف و هیچ عادەتێكدا نەبووە لە دنیادا، ئێمە پێشتریش ئەوەمان پەیڕەو كردووە، جەنابی مام جەلال‌و كاك كۆسرەت‌و كاك بەرهەم. درەو میدیا: مەبەستت ئەوەیە تەزكیەتان پەیڕەو كردووە‌و پێشتریش هەر هەبووە ؟ ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ، بەڵام ئەمە بۆ چەند كەسێكە بۆ چەند پۆستێكە، پاشان خۆم هێشتا مەعلوم نییە، ئەوان ئەوە دەرچوون، بەڵام خۆ لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سێ كەسن، ئیتر تەواو، خۆناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم سەركردایەتی نەبێت. درەو میدیا: دوای كارتە سورەكانی كۆنگرە، ئێستا بەرهەم ساڵح چانسی هەیە بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من جاری نازانم، ئەوەیان ماوەیەتی، چونكە ئەوە ئەكەوێتەوە دەست ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە داهاتوودا، نازانم بەڕاستی، كێ ئەڵێ خۆی، خۆی هەڵئەبژێرێت بۆ ئەو پۆستە، جاری من بەڕاستی ئەوەم لە جەنابی كاك بەرهەم نەپرسیوە. هێشتا دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیارینەكراوە درەو میدیا: لەبارەی جێگری سەرۆكی حزبەوە قسەوباسی جیاواز هەن، هەندێك دەڵێن سەرۆك تەنیا یەك جێگری دەبێت، هەندێكی تر باس لە چوار جێگر تاوەكو پێنج جێگر دەكەن ؟ كام یەكێك لەو پێشنیازانە دەبێتە بڕیاری كۆتایی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، چونكە مەسەلەی پەیڕەو لە كۆنگرەدا هەندێك شتی ماوە كە تەواو بكرێت، ئەو ئەنجومەنە تازەیە راسپێردراوە كەوا لەگەڵ هەندێك خەڵكی شارەزا بۆ ئەوەی كەوا رێكبكەون دەستكاری پەیڕەو بكرێت‌و ئەو پەیڕەوە بكرێت بەرێگای خەباتی یەكێتی.  درەو میدیا: ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ لە داهاتوودا سەرۆكایەتی دەكات دەسەڵاتەكانی چین ؟ راستە مافی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی سەرۆك‌و ئەنجومەنی سەركردایەتیان دەبێت ؟ ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، ئەوكات ئەویش هاوشێوەی ئەو ئەنجومەنە تازەیەی كە هەڵدەبژێردرێت دادەنیشن بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانیان دەستنیشان بكەن. درەو میدیا: چارەنوسی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چی دەبێت، ئەوان زۆربەیان ئێستا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی دانراون، كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ دەنگی بۆ نەداون ؟ ئاراس شێخ جەنگی: مەكتەبی سیاسی نەما، تەواو بوو، دوێنێ ئەو مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتییە كۆنەی كە هەبوو هەمووی تەواوبوو، ئێمە هاتینە ناو كۆنگرەی تازەوە، ئێستا كەس مەسئولی سیاسییە نییە، جگە لە سێ كەس كە سەركردایەتین‌و ئەوانەن هەڵبژێردراون (بەرهەم ساڵح- رێواز فایەق- قوباد تاڵەبانی). درەو میدیا: ئەو مەكتەب سیاسییانە لە داهاتوودا كێشەی بۆ سەرۆك‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حزب لە بڕیارداندا دروستناكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من نازانم دەسەڵاتەكانیان چییە، وەكو پێموتن دەسەڵاتەكانیان دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی تازە لیژنەیەك دیاری دەكرێت بۆ دانانی دەسەڵاتی ئەم هەڤاڵە بەڕێزانە. درەو میدیا: دەوترێت كۆنگرەی چوار بە تەوافوقێكی پێشوەختەی تەواوەتی بەڕێوەدەچێت، ئەمە تاچەند راستە ؟ ئاراس شێخ جەنگی: وانییە، وەڵا خەڵك هەیە هەڵئەسێت قسەئەكات، من خۆم هەڵساوم قسەم كردووە، رەخنەم هەبووە، بەڵام هەندێك شت هەیە ئەبێت تەوافوقی لەسەر بكرێت، خۆ ئێمە ناتوانین یەكێتی بخەینە حاڵەتێكەوە كەس نەزانێت بۆ كوێ ئەڕوات، ئێمە مەجبورین یەكێتی بەرەو كەنارێكی ئارام بەرین، لەبەرئەوە هەندێك شت هەیە خەتی سورە، ناتوانین لێی لابدەین. پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەب‌و توركمانەكانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە درەو میدیا: باسلەوەكرا فەرەیدون عەبدولقادر لە هۆڵی كۆنگرە كراوەتە دەرەوە؟ ئاراس شێخ جەنگی: راست نیە، كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، بەعەكسەوە وەكو دوێنێ خۆیشی رونكردنەوەیەكی دا، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە، یەعنی هیچ نەبووە، هەر خۆی خۆی هاتووەو خۆیشی پێش ئەوە وتویەتی دێم بۆ فەترەیەكی كەم‌و ئەڕۆم، شتی وان نییە، ئێمە كۆمەڵێك كەسین كە تۆزێك ئەدەب‌و ئەخلاقمان تێدایە، ئەم پیاوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێمە بووە، چەندەها ساڵ وەكو مەسئولمان وابووە، چۆن خەڵك ئەكەینەدەرەوە لە قاعەكەدا، ئەمە ئەسڵەن ئسوڵ‌و ئەدەبی ئێمە نییە.  درەو میدیا: ئێستا لایەنە كوردستانییەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بەچڕی چاودێری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەكەن، هاتنەپێشەوەی نەوەی دووەم لەناو یەكێتیدا بەبۆچوونی ئێوەی چ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی حزبەكەدا دروستدەكات، هەندێك لە ئێوە باسی گێڕانەوەی هاوسەنگی سیاسی دەكەن، ئەم هاوسەنگییە چۆن دروستدەكرێت ؟  ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا ئێمە ئیشی بۆ دەكەین، ئێمە پەیڕەوو پرۆگرامی تازەمان هەیە، ئەم پەیڕەوو پرۆگرامە دەبێت ئیشی بۆ بكەین، پیشانی خەڵكی بدەین كە ئێمە بەڕاستمانە دەمانەوێت خزمەتی خەڵكی بكەین، كێشەو كەموكوڕییەكانی كە هەیە بتوانین پڕی بكەینەوە، بتوانین كارو ئیشی باش پێشكەشی خەڵك بكەین، هەڵبژاردنیش هەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین بەرنامەكەمان جێبەجێ بكەین ئەوكات خەڵك هاوكارمان دەبن بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات‌و ئەو هاوسەنگییەی كە هەیە لە ناوچەكە. درەو میدیا: ئێمە پێش هەمووان لە (درەو میدیا) دەقی رەشنوسی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیمان دەستكەوت‌و بڵاومانكردەوە، وا دەردەكەوێت پەیڕەوەكە زۆر ئاڵۆزە، بەبۆچونی ئێوە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە لەواقیعدا دوچاری ئاستەنگ نابێت ؟ ئاراس شێخ جەنگی: ئەو پەیڕەوەی كە ئێوە بڵاوتانكردەوە رەشنوس بوو، دەستكاری دەكرێت، لیژنەی تایبەتمەند دادەنرێت بۆ ئەوەی دەستكاری ئەو پەیڕەوە بكات، ئەو پەیڕەوە وا دەگونجێنین، كە لەگەڵ واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بگونجێت.  درەو میدیا: پەیڕەوەكە لەڕووی دەسەڵاتەوە یەكێتی دابەشكردووە بەسەر چەند ئۆرگانێكدا، ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لەناو یەكێتیدا كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئێوە بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنن؟ ئاراس شێخ جەنگی: بۆچی..؟ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت‌و ئەوانیش لیژنەیەك هەڵدەبژێرن وەكو مەكتەبی سیاسی پێشوو، مەرج نیە ناوی مەكتەبی سیاسی بێت، ئیشوكارەكان بەڕێوەدەبات‌و سەرۆكی دەبێت‌و جێگری دەبێت، لەناو یەكێتی دەسەڵاتەكان بەردەوام وابووە، مەكتەبی سیاسی بڕیارەكانی داوەو سەركردایەتی هەبووە، باوەڕناكەم ئاڵۆزییەك هەبێت.  درەو میدیا: واتا یەكێتی پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە یەكێتییەكی جیاواز دەبێت؟  ئاراس شێخ جەنگی: بەدڵنیایەوە.. بە دڵنیاییەوە. درەو میدیا: ئەمانەوێت لەبارەی كەركوكەوە پرسیارتان لێ بكەین، ئێوە لە دوای ریفراندۆم‌و بەمدواییەش لە دانوستانی پێكهێنانی حكومەتدا كەركوكتان خستەناو گرەوی بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارەوە، بەڵام تائێستا ئەو پۆستەتان وەرنەگرتووە، چارەنوسی كەركوك بەكوێ دەگات ؟ ئاراس شێخ جەنگی: پۆستی پارێزگار دەبێت لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكەیتەوە، كاتی خۆشی رام وابووە، ئەو پۆستە دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەب‌و توركمانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە، ئەنجومەنی پارێزگا هەڵوەشاوەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دواخراوە، بارودۆخی عێراق ئاوای لێهاتووە، دەبێت لەگەڵ عێراق، لەگەڵ عەرەب‌و توركمان هەرسێكمان دابنیشین، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.  


ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی درەو میدیا:  لە كۆبونەوەی یەكەم رۆژی یەكێتی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی پەسەندكرد. كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی •    مەلا بەختیار •    ئەرسەلان بایز •    شێخ جەعفەر شێخ مستەفا •    عومەر فەتاح •    حاكم قادر •    دلێری سەید مەجید •    عەدنان موفتی •  هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مادەی ( 49) ی پەیرەوەكەدا باس لەدەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ( ئەنجومەنی باڵای دانایان دەستەی باڵا) كراوە، كە لەماوەی 45 رۆژ دوای كۆنگرەی یەكێتی هەڵدەبژێردرێن ،كە پێكدێن لە:  ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی -    پێشكەشكردنی راسپاردە  -    ناوەندگیری بۆ گرفت و كێشەكان -    پێشنیازكردنی رێكارەكانی چارەسەر سەرۆكی دەستەی پاراستنی یەكێتی پارێزەری گشتی یەكێتی دەبێت لەبەرزترین ئاستدا و پێكدێت لە: -    سەرۆكی دەستەی پاراستن -    سەرۆك/ سكرتێری حزب -    سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بەرهەم ساڵح لەگەڵ قوباد تاڵەبانی‌و رێواز فایەقدا بەهۆی پۆستە حكومییەكانیانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆو بەبێ ركابەرێتی وەكو یەكەمین كەس بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی هەڵبژێردرا، ئەمە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی توڕەكرد، مەلا بەختیار كە زۆرترین قسەی لەسەر كۆنگرە كرد، ئەمڕۆ بێدەنگ بوو، كۆسرەت رەسوڵ وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب هەڵبژێردرا، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنەكەی كە پێكدێن لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكان دەنگدانیان بۆ نەكرا، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی یەكەمین رۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە. كۆنگرە لە یەكەم رۆژیدا ئێوارەی ئەمڕۆ كارەكانی یەكەم رۆژی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، سەركردەكانی یەكێتی رۆژێكی سەختیان بەڕێكرد، ئەمڕۆ كۆنگرە چارەنوسی سیاسی (4) سەركردەی حزبەكەی یەكلاكردەوە، لەدوو رۆژی داهاتوودا ئەندامانی تری ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن كە بەكۆی گشتی ژمارەیان (121) كەسە. چی رویدا ؟ تەوەری یەكەمی كارەكانی رۆژی یەكەمی كۆنگرەی یەكێتی بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، ئەمە پۆستێكی نوێیە‌و تایبەت بەم قۆناغەی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی دروستكراوە. سەرەتا لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆدا، ئەم ئەنجومەنی ناوی "دەستەی پاراستنی یەكێتی- ئەنجومەنی باڵای دانایان" بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە كۆنگرەدا ناوەكەی گۆڕدرا بۆ "ئەنجومەنی باڵای سیاسی". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆنگرەدا حاكم قادر حەمەجان وەكو لیژنەی سەرپەرەشتیاری كۆنگرەی چوارەم پێشنیازی دروستكردنی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی)ی خستوەتە بەردەم كۆنگرە‌و ئەندامانی كۆنگرە بەزۆرینەی دەنگ پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنەیان بە سەرۆكایەتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) پەسەندكردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆنگرەدا تەنیا دەنگ لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە دراوە بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە بەبێ سەرۆك، ژمارەیان (7) كەسە لەماوەی (45) رۆژدا دوای تەواوبوونی كۆنگرە، بەهەماهەنگی لەگەڵ (ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی) هەڵدەبژێردرێن. ئەوانەی دەبن بە ئەندامی ئەم ئەنجومەنە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكایەتی دەكات، بریتین لە هەریەكە لە: •    مەلا بەختیار •    ئەرسەلان بایز •    شێخ جەعفەر شێخ مستەفا •    عومەر فەتاح •    حاكم قادر •    دلێری سەید مەجید •    عەدنان موفتی •  هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەمانە راستەوخۆ لەلایەن كۆنگرەوە هەڵنابژێردرێن‌و چیتر مافی ئەوەشیان نییە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێرن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەوڵێك هەبووە لەلایەن مەلا بەختیارەوە بۆ ئەوەی هاوكات لەگەڵ ناوی كۆسرەت رەسوڵدا، ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیش بەدەنگدانی كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ پەسەندبكرێت، بەڵام ئەم هەوڵە سەرینەگرتووەو ئێستا ئیتر ئەنجومەنەكە كە مەلا بەختیار خۆی یەكێكە لە ئەندامەكانی شەرعیەتی دەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرەی نییە. بەرهەم ساڵح مەترسی تێپەڕاند ئەمڕۆ رۆژێكی هەستیار بوو بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو مەترسی هەبوو لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا نەیارە سیاسییەكانی ناوخۆی حزبەكەی تۆڵەی مێژوویی لێبكەنەوە‌و دوچاری شكستی بكەن، بەڵام دۆستەكانی لە نەیارەكانی بەهێزتربوون‌و چارەنوسی سیاسی ئەویان لە نسكۆیەكی تر پاراست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح لەگەڵ قوباد تاڵەبانی‌و رێواز فایەق بەهۆی پۆستە حكومییەكانیانەوە بە تەزكیە‌و بەبێ ركابەرێتی خراونەتەبەردەم دەنگدانی ئەندامانی كۆنگرەوە تاوەكو بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن. (درەو میدیا) زانیویەتی، سەرەتا پێشنیازی دانانی ئەم سێ كەسە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی نەیاری زۆری هەبووە‌و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرە كارتی سوریان بەڕووی پێشنیازەكەدا بەرزكردوەتەوە. وەكو باسدەكرێت، حاكم قادر كە پێشنیازەكەی خوێندوەتەوە، بەجۆرێك باسی كردووە ئەندامانی كۆنگرە دڕدۆنگ بوون، وا قسەی كردووە ئەوانەی پۆستی باڵایان هەیە بە وەزیرەكانیشەوە راستەوخۆ بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن، بۆیە كارتی سور ژمارەی زۆر بووە، بەڵام كە دواتر رونكردنەوەی داوە لەبارەی ئەوەی پێشنیازەكە تەنیا سێ كەس (بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق) دەگرێتەوە نەك هەموو ئەوانەی پۆستیان هەیە، ئەوكاتە پێشنیازەكە دەنگی زیاتری هێناوە‌و ژمارەی كارتە سەوزەكان زیاتر بووە، واتە پەسەندكردنی هەڵبژاردنی ئەو سێ كەسە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی دووجار دەنگدانی لەسەر كراوە، هەندێك باسلەوە دەكەن لەمەدا لاهور شێخ جەنگی‌و هاوەڵەكانی رۆڵیان هەبووە‌و بەرهەم ساڵحیان لە شكست رزگاركردووە. بەمشێوەیە (بەرهەم ساڵح) مەترسی تێكشاندنی لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرە تێپەڕاند‌و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی‌و رێواز فایەقدا وەكو یەكەمین كەس بوون بە ئەندامی سەركردایەتی گشتی، لەدوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، ئەمە سەختترین ئاڵنگاری بوو لەبەردەم بەرهەم ساڵحدا. ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی لە (121) كەس پێكدێت، سێ كەسیان ئەمڕۆ هەڵبژێردرا، بڕیارە سبەینێ (118) ئەندامەكەی تر هەڵبژێردرێن، ئەم ئەنجومەنی لەماوەی (15) رۆژی داهاتوودا سەرۆكی یەكێتی هەڵدەبژێرێت، بەرهەم ساڵح كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی، ئەو كە لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری چانسی خۆی لە سەركردایەتیدا تاقیكردەوە‌و سەركەوت، ئەمجارەش بە پاڵپشتی ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت هەمان چانس بباتەوە. تائێستا باسلەوە دەكرێت سەرۆكی یەكێتی چوار جێگری دەبێت، جێگرەكان بریتی دەبن لە (لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رەفعەت عەبدوڵا)، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سەرۆك تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و خۆی ئەو پۆستە وەرگرێت، ئەمە بابەتێكە كە هێشتا مشتومڕی لەسەرە‌و یەكلانەبووەتەوە. سەرۆكی حزب جێگرو دەستەیەكی جێبەجێكاری لەگەڵ دەبێت، ئەم دەستەیە لەجێگای مەكتەبی سیاسی جارانی یەكێتییە‌و ئەندامەكانی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن.  توڕەبوونەكەی شاناز ! یەكێك لە بەشداربووانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەكاتی خوێندنەوەی پێشنیازی دانانی بەرهەم ساڵح وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بە تەزكیە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە نەیارێكی مێژوویی بەرهەم ساڵحە، چووەتە سەر منەسەی كۆنگرە‌و داوای كردووە هیچ جۆرە جیاكارییەك بۆ كەس نەكرێت‌و هەموان لەبەردەم كۆنگرەدا خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ناڕەزایەتی‌و نیگەرانییەكانی هیچ شتێكی لێ سەوز نەبووە. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تانەی لە پێشنیازی هەڵبژاردنی ئەو سێ كەسە داوە بەشێوەی راستەوخۆو وەكو ئاماژەیەك بۆ بەرهەم ساڵح وتویەتی، ئەم پێشنیازە بەتایبەتی بەباڵای كەسێكدا بڕاوە، ئەگەرنا بۆچی هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی‌و رێواز فایەق ژمارەی كاندیدبوونیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی وەرگرتووە بەڵام بەرهەم ساڵح وەرینەگرتووە.  مەلا بەختیار كە لە بابەتی لێدان لە پێگەی بەرهەم ساڵح لەم كۆنگرەیەدا لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەددا خاڵی هاوبەشیان هەبوو، بێدەنگی هەڵبژارد‌و هیچ هەڵوێستێكی روونی لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا لێ نەبینراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە رۆژانی بەر لە كۆنگرەدا پێش هەموان دەستی بە كاركردن‌و راگەیاندنی پرۆژەو بانگەشە‌و كۆڕو كۆبونەوە كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەموو ئەم مشتومڕانە لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە لەكاتێكدا بووە بەرهەم ساڵح خۆی لەناو هۆڵی كۆنگرەدا نەبووە‌و هەر سەرەتای كۆنگرە‌و لەناوەڕاستی وتارەكەی كۆسرەت رەسوڵدا هۆڵی كۆنگرەی بەجێهێشتووە. یەكێتی‌و چیرۆكی كۆنگرە كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.


(درەو میدیا): كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. ئەمڕۆ كاتژمێر 11ی بەیانی كۆنگەری چوارەمی یەكێتی دەستیپێكرد، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە وتاری سەرەتای كۆنگرەدا رایگەیاند" داواتان لێدەكەم هەمووتان لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەنەوە. لەم كۆنگرەیەدا زیاتر كە زیاتر لە ( هەزار) ئەندام بەشداری كۆنگرەی پاش جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیە، لەم كۆنگرەیەدا نزیكەی(500) ئەندام خۆیان كاندیدكردووە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كە (121) ئەندام پێكدێت.  بەپێی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بڕیارە لەم كۆنگرەیەدا دەنگی لەسەر بدرێت، پەیكەربەندی یەكێتی وەك دابەشی سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگ كراوە لەوانە: یەكەم: دەسەڵاتی چاودێری و رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی. دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە پێكدێت لە دەستەی سەرۆكایەتی و دەستەی جێبەجێكردن. سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحكیم) كە پێكدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ك). بنەما گشتییەكان پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەپێی پرۆژەی پێشنیازكراوی كۆنگرەی یەكێتی: -     مادەی (4) ی پەیرەوەكە رێژەی ژنان لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ( 25%) دەبێت . -    مادەی (5) كۆبونەوەی ئۆرگانەكان رێژەیی یاسایی وەردەگرێت بەزۆرینەی رەها( 50+1)  -    لە مادەی (15) دا بڕیار دەركردن لە دەستەی جێبەجێكارەوە دەردەچێت -    لە مادەی (18) كۆنگرەی یەكێتی هەر سێ ساڵ جارێك دەبەسترێت.  -    لە مادەی ( 19) لە هیچ بارێكدا كۆی گشتی ئەندامانی كۆنگرە لە ( 750) ئەندام تێپەڕنەكات.  -    مادەی ( 27) نابێت سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ( 40) ساڵ كەمتر بێت.  -    مادەی ( 30) لێسەندنەوەی متمانە لە سكرتارییەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ( 2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت  -    مادەی ( 37) سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگی (2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت بە پێنج رۆژ دوای كۆنگرە.  هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب سەرۆك/ سكرتێری حزب لە مادەی (39) پرۆژەی كۆنگرەدا هاتووە، بەپێی بڕگەی یەكەم: سەرۆك / سكرتێری حزب سیمبولی یەكێتی و راگری هاوسەنگی و پارێزەری پەیرەوی ناوخۆی و یەكریزی یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكانە، دوای (15) رۆژ لە كۆتاییهێنانی كۆنگرە سەرۆكی حزب هەڵدەبژێردرێت لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.   لەمادەی (41) ی پەیرەوەكەدا مەرجەكانی سەرۆك/ سكرتێری یەكێتی خراوەتەوە روو -    تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت -    ئاستی هۆشیاری و دیبلۆماسی بەرز بێت -    ناپاكی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەكردبێت -    لە دۆسیەی گەندەڵی تێوە نەگلابێت -    لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لە ریزەكانی یەكێتی هەبێت.  -    بەهیچ تاوانێكی ئابڕوبەرانە زیندانی نەكرابێت دەستەی جێبەجێكاری یەكێتی لە مادەی ( 44)ی پەیروە پێشنیازەكەدا هەیكەلی دەستەی جێبەجێكار دیاریكراوە كە پێكدێت لە  -    سەرۆكی حزب / سكرتێر  -    ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی  -    لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبار كە پێكدێت لە  - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری رێكخستن - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری دیراسات و توێژینەوە - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری مەكتەبەكان - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری ئیدارەی گشتی - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری هەڵبژاردن و ئامار - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری  راگەیاندن و میدیا - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری پەیوەندییەكان - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری حكومەت و پەرلەمان  دەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە مادەی ( 49) ی پەیرەوەكەدا باس لەدەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ( ئەنجومەنی باڵای دانایان دەستەی باڵا) كراوە، كە لەماوەی 45 رۆژ دوای كۆنگرەی یەكێتی هەڵدەبژێردرێن ،كە پێكدێن لە:  -    ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران -    ئەندامانی خولی پێشوی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەن ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی قەوارە -    پێشكەشكردنی راسپاردە  -    ناوەندگیری بۆ گرفت و كێشەكان -    پێشنیازكردنی رێكارەكانی چارەسەر سەرۆكی دەستەی پاراستنی یەكێتی پارێزەری گشتی یەكێتی دەبێت لەبەرزترین ئاستدا و پێكدێت لە: -    سەرۆكی دەستەی پاراستن -    سەرۆك/ سكرتێری حزب -    سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی -    سەرۆك/ سكرتێری حزب لەدانیشتنی دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ دوای دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە دەنگدانی راستەوخۆ بە ( 2/3) دەنگی ئەندامانی. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.


درەو میدیا:  كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان روبەروی كێشەیەكی تر دەبێتەوە، ئەویش  رێگەنەدان بەبەشداریكردنی فەرماندە سەربازییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەبێت، جارێكی تر ئەگەری دواخستنی كۆنگرە بۆ چەند رۆژێك لەئارادایە.   بەپێی لیستێكی پەشەندكراوی كاندیدەكانی كۆنگرەی یەكێتی كە كۆپییەكی دەست ( درەو میدیا) كەوتووەو ژمارەیان تا ئێستا ( 929) ئەندامە، لەناویاندا هێڵی سوور بەسەر ( 121) ئەندامی كۆنگرەدا هاتووە كە بەناوی (  یوسف عومەر  ) دەستپێدەكات و بە ( شاڵاو نادر) ناسراو بە شاڵاو گەزنەیی كۆتایی دێت، ناتوانن بەشداری كۆنگرە بكەن، لەناو لیستەكەدا ( خاڵە كاكەمەند، بەرپرسی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشمەرگەو لیوا قارەمان جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە) لەنێو ئەو ناوانەدان كە هێڵی سوریان بەسەردا هاتووە. بەپێی زانیارییەكانی د( درەو میدیا) كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەفەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە كە بەپێی یاسای حزبە سیاسییەكانی عێراق نابێت هیچ ئەندامێكی كۆنگرە كەسانی سەربازی و ئەمنی بن ". لەو بارەیەوە لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوری لە پەیجی تایبەتی خۆیدا نوسویەتی: بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسیەكانی عێراق ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پێویستە ھەمو حیزبەكان لەماوەی ساڵێكدا لەگەڵ قانونەكە خۆیان بگونجێنن و ھەر حیزبێك خۆی نەگونجێنێ قەدەغە دەكرێت تەنانەت یاسای پارتە سیاسیەكانی كوردستانیش تا ڕادەیەك وادەڵێت، یەكێك لەمەرجەكان نابێ ھیچ حیزبێك میلیشیاو ھێزی چەكداری ھەبێ یان پشت بەھیزی چەكدارو میلیشیا ببەستی ،ھەموو كەس دەزانن و دەیەھاو سەدەھا بەڵگە و نوسراوی فەرمیش لەبەردەستە كە یەكێتی و پارتی و حسك و لەوانەیە حیزبی تریش میلیشیاو ھێزی چەكداریان ھەیەو مانۆڕیش دەكەن لەژێر ئاڵای حیزبدا و خۆشیان نایشارنەوە بەتایبەتی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ كە یەكێكیان ھی یەكێتیە ئەویتریان ھی پارتیە بەم پێیە بێت دەبوایە یەكێتی و پارتی لەساڵی ٢٠١٦ ەوە قەدەغە بكرانایە چونكە خۆیان نەگونجاندوە و تا ئێستاش وەك خۆیان ،ئەوە جگە لەوەی كە دەستوری عێراق و قانونی ھەڵبژاردنەكان و یاساو رێنماییەكانی وەزارەتی بەرگری عێراقیش جەخت لەوە دەكەنەوە كەنابێ ھیچ كام لە ئەندامانی سەربە ھێزە چەكدارەكان خۆیان كاندیدكەن بۆ ھیچ ھەڵبژاردنێك و بەدەست ھێنانی پۆستێكی سیاسی و ھەر شتێكی لەوجۆرە" بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەمڕۆ یەكێتی هەوڵەكانی چڕكردۆتەوەو كێشەی بەشێكیانی چارەسەركردووە، بەڵام بەشێك لە كێشەكان وەك خۆیان ماون و هێشتا چارەسەر نەكراون، ئەگەر كێشەكە بەتەواوی چارەسەر نەكرێت، ئەگەری دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی بۆ ( 4 – 5) رۆژ لە ئاراسدایە.  بەشێك لەسەرچاوەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو فەرماندە سەربازییانە دەتوانن بەشداری كۆنگرە بكەن بەڵام ناتوانن كۆیان بۆ سەركردایەتی ئەو حزبە كاندید بكەن.  بڕیارە رۆژی شەممە 21/12/2019 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا لە شاری سلێمانی ببەسترێت، كە ژمارەی ئەندامەكانی نابێت لە ( هەزار) ئەندام زیاتر بێت، هاوكات بەپێی پرۆژەی ئامادەكراوی كۆنگرەی چوارەمی ئەكێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ( 121) كەسەو بەسەر دەسەڵاتەكانی ( چاودێریكردن، جێبەجێكردن،  داد ( تەحكیم) دابەشدەبن.     


درەو میدیا: رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێنەی مستەفا بارزانی لە شوێنی پێشوازیكردن لادەبات و ئایەتێكی قورئان لە شوێنەكەی دادەنێت.  لەدوای نۆژەنكردنەوەی نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان لەناو تەلاری پەرلەمانی كوردستان و بەپێی ئەو وێنە نوێیانەی كە ( درەو میدیا) لە سایتی رەسمی پەرلەمانی كوردستانەوە وەریگرتووە،  د. رێواز فایەق، لە شوێنی پێشوازی (پرۆتۆكۆڵ) وێنەی مستەفا بارزانی لابردووە لە جێگەی ئایەتێكی قورئانی ( وامرهم شورى بینهم) هەڵواسیوە كە گوزراشتە لە راوێژكردن.  بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) وێنەی مستەفا بارزانی لە ژووری نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان و لە لایەكی تری دیواری ژوورەكە هەڵواسراوە، كە لەبەردەم كامێراكاندا دەرناكەوێت.  هەڵواسینی وێنەی مستەفا بارزانی  لەپەرلەمانی كوردستان بەردەوام جێگەی قسەوباس بووە، بەڵام گفتوگۆكان لە خولی پێشووی پەرلەماندا زیاتر چڕبونەوە كە پەرلەمانی كوردستان كەوتە دەست هێزێكی ئۆپۆزسیۆن( بزوتنەوەی گۆڕان)، ئەوكات هەندێك لە چالاكوانی مەدەنی و سیاسی رەخنەیان لەسەرۆكی پەرلەمان ( د. یوسف محەمەد)  دەگرت كە بۆچی  وێنەی مستەفا بارزانی لە نوسینەكەی سەرۆكی پەرلەمان لانەبردووە، بەڵام بە پاساوی پرۆتۆكۆڵ و بڕیارێكی ساڵی 1997ی پەرلەمان بە هەڵواسینی وێنەی مستەفا بارزانی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، وێنەكە هەر لەشوێنی خۆی مایەوە. لەدوای رووداوەكانی شەڕی ناوخۆ وبەتایبەتیش لەدوای 31ی ئابی 1996 و كۆنترۆڵكردنی شاری هەولێر لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، وێنەی مستەفا بارزانی لە تەلاری پەرلەمان و تەواوی ئۆفیس و ژووری كۆبونەوەكاندا هەڵواسرا.     


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف فوئاد مەعسوم.. نوێترین كارتی ناو گەمە سیاسییەكانی یەكێتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، چوار بەرپرسی یەكێتی بەبێ هەڵبژاردن‌و بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەترسی دەرنەچوون، خۆیان كاندید ناكەنەوە‌و پەیڕەوی ناوخۆ لە دەرگایەكی ترەوە دەیانكاتەوە بەناو حزبدا، ئەمانە دواین پەرەسەندنەكانی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەر لە (60) كاتژمێر لەوادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزب. پۆست‌و پەیڕەو   كاتژمێر (9)ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، كۆنگرەیەك كە سەرەنجی هەموو پارتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم‌و لایەنە عێراقی‌و هەرێمییەكانیشی بەلای خۆیدا راكێشاوە. لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی یەكەم‌و كۆتا سكرتێری حزبەوە، یەكێتی بۆیەكەمجار لەماوەی (44) ساڵی تەمەنی خۆیدا، بەبێ تاڵەبانی كۆنگرە دەكات‌و دەیەوێت دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێرێت. ئەم كۆنگرەیە لەلایەن یەكێتییەكانەوە وەكو دواین چانسی هەستانەوەی دوای زنجیرەیەك شكستی سیاسی یەكلەدوای یەك تەماشادەكرێت، ركابەرە سیاسییەكانی یەكێتیش بەگومان‌و دوودڵییەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن‌و دەیانەوێت بزانن قۆناغی ئایندە مامەڵەیان لەگەڵ كێ‌و چۆن سیاسەتێك دەبێت. بەپێی رەشنوسی ئەو پەیڕەوەی كە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لە قۆناغی داهاتوودا نوسراوە‌و بڕیارە لە كۆنگرەدا پەسەند بكرێت (درەو میدیا وەكو یەكەمین میدیا پێشتر دەقی پرۆژەكەی بڵاوكردەوە)، دەسەڵات لەناو یەكێتیدا دابەشكراوە بەسەر ئۆرگانەكاندا، رەنگە ئەمە وابكات بۆ ئەم قۆناغەش تاڕادەیەك بڕیار لەناو یەكێتیدا بە یەكگرتوویی نەمێنێتەوە‌و لە دۆخە هەستیارەكاندا دوچاری پەرتبوون ببێتەوە، دۆخێك كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواتر كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە یەكێتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. سەرباری ئەمە رەشنوسی پەیڕەوەكە دەسەڵاتی بەجۆرێك دابەشكردووە، كە رەنگە پڕكردنەوەی پۆستە نوێیەكانی حزب تاوەكو كۆنگرەی داهاتووش یەكلانەبنەوە، ئەمەش تەحەدییەكی ترە لەبەردەم بەڕێوەبردنی یەكێتیدا (پەیڕەوەكە تەمەنی نێوان دوو كۆنگرەی بە سێ ساڵ دیاریكردووە، واتە دەبێت پاش سێ ساڵی تر یەكێتی كۆنگرەی پێنجەمی بكات).  كۆنگرەی چوارەم بۆ یەكێتی زیاتر تەحەددی (ئاڵنگاری) تێپەڕاندنی گرێی سازدانی كۆنگرەیە وەك لەوەی قۆناغی هەستانەوەی تەواوەتی‌و گەڕانەوەی حزبەكە بێت بۆسەردەمی زێڕین، سەرەتای دەركەوتنی كاریزمای سیاسی نوێیە لەناو لایەنگرانی حزبدا، ئەو كاریزما نوێیانە رەنگە بۆ قۆناغی ئایندە جێپەنجە لەسەر سیاسەتی یەكێتی بەجێبهێڵن، سیاسەتێك لەنێوان لۆكاڵیبوون یاخود گەڕاندنەوەی حزب بۆناو گەمە گەورەكانی عێراق‌و ناوچەكە. كاتی یەكلاكەرەوە  نزیكەی (60) كاتژمێری تر یەكێتییەكان دەچنە ناو هۆڵی كۆنگرەوە، لەگەڵ چوونەژوورەوەی ئەندامانی كۆنگرە بۆناو هۆڵەكە، بەپێی دەستوری كارپێكراوی حزب، ئیدی كەس دەسەڵاتی نامێنێت‌و هەموان بەرهەمی چەند ساڵی رابردووی سیاسەتی خۆیان دەچننەوە. لە (60) كاتژمێری داهاتوودا پێشبینی گۆڕانكاری نوێ دەكرێت، بەتایبەت لەكاتێكدا هێشتا رێككەوتنی پشتی پەردەی نێوان باڵ‌و جەمسەرەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان دەڵەمەیە‌و بەتەواوەتی نەمەیوە. كۆسرەت رەسوڵ‌و قەوارەكەی ! بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، تائێستا تەنیا پۆستی سەرۆكی دەستەی (پاراستنی قەوارەی یەكێتی) تاڕادەیەك یەكلابووەتەوە كە ئەویش بۆ (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری ئێستای سكرتێری حزبەكەیە. سەرۆكی دەستەی پاراستنی قەوارە بەپێی رێككەوتنی زارەكی نێوان جەمسەرەكانی حزب، راستەوخۆ لەناو كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت‌و مافی ڤیتۆی بڕیارەكانی سەرۆك‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت، بەڵام ئەمە لە رەشنوسی پەیڕەوەكەدا نەهاتووە‌و دەبێت لە كۆنگرەدا بە دەنگدان یەكلابكرێتەوە، تاڕادەیەك گرەنتی بە كۆسرەت رەسوڵ دراوە ئەم دەسەڵاتانەی بۆ جێگیربكرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە ئەندامانی ئێستای مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوانەی كە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزب هەڵنابژێرنەوە لەگەڵ ئەوانەشدا كە لە ترسی شكستهێنان لەبەردەم دەنگدانی كۆنگرەدا خۆیان كاندیدناكەنەوە، راستەوخۆ‌و بەبێ هەڵبژاردن دەكرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی دانایان، ئەنجومەنێك كە بەپێی رەسنوشی پەیڕەوی ناوخۆ، پێكدێت لە: * ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران * ئەندامانی خولی پێشووی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی سەرۆكایەتییەكەی بەرهەم ساڵح  بەرهەم ساڵح لە بەرزترین پۆستی سیاسی عێراقدایە، بەڵام هێشتا پۆستێكی حزبیی بۆ یەكلانەبووەتەوە. بەرهەم ساڵح چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتییە، پۆستێك كە بۆ ئەم كۆنگرەیە لەبری دەستەواژەی "سكرتێر" داتاشراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لەبارەی پۆستی سەرۆكی یەكێتییەوە تایبەتە بەخودی بەرهەم ساڵحەوە لە سێ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە: یەكەم: بەرهەم ساڵح هێشتا دڵنیا نییە لەوەی كەسی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكات، بە دیاریكراویش (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) كە ئێستا زیاتر وەكو كاندیدی سەرۆكی قەوارە باسی لێوەدەكرێت، بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە ئەگەر كۆسرەت رەسوڵ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید بكات، ئەو ناچێتە ركابەرێتییەوە لەسەر ئەو پۆستە. دووەم: بەرهەم ساڵح ئەگەر پۆستی سەرۆكی حزب وەرنەگرێت، ئامادە نییە پۆستی جێگری سەرۆكی حزب وەرگرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا باسلەوە دەكرێت چوار جێگر بۆ سەرۆكی حزب دادەنرێت. سێیەم: بەرهەم ساڵح وتویەتی ئەو پۆستی سەرۆكی حزب وەرناگرێت ئەگەر پۆستەكە هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت. پۆستی سەرۆكی حزب لە رەشنوسی پەیڕەوی ئامادەكراودا لەماددەی (41)دا لەبارەی مەرجی ئەو كەسەی كە دەبێت بە سەرۆكی حزب دەڵێ ئەو كەسە دەبێت:" لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی‌و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لەریزەكانی یەكێتیدا هەبێت" لەناو كادیرانی یەكێتیدا ئەمە وا لێكدرایەوە بەتایبەت بۆ لێدان لە بەرهەم ساڵح دانرابێت، كە بەمدواییە لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی نوێی دروستكرد‌و پاشان گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئەگەر لەلایەن جەمسەرەكانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی حزب یەكلاببێتەوە، بەئاسانی بەسەر بەربەستی مەرجە یاساییەكەدا تێدەپەڕێت، چونكە ئەو سەرباری ئەوەی لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی نوێی دروستكرد، بەڵام هیچ كاتێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە ئەندامێتی یەكێتی پەسەندنەكرا، بەپێچەوانەی ئەوەی بەرامبەر بە نەجمەدین كەریم كرا.  واتە بەشێوەیەكی گشتی تائێستا بەرهەم ساڵح بەتەواوەتی ئامادەی قبوڵكردنی مەرجی جەمسەرەكانی یەكێتی (ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵ) نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حزب، رەنگە ئەمە وەكو گوشارێك بەكاربهێنێت بەتایبەتی لەكاتێكدا بینیویەتی جەمسەرەكان جگە لە ئەو، هیچ كاندیدێكی تر بۆ ئەو پۆستە شك نابەن. ئێوارەی ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی كارەكتەرێكی سیاسی نوێی هێنایە ناو گۆڕەپانی گەمەكانی ناوخۆی یەكێتییەوە، كە ئەویش فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتییە‌و لەدوای لاچوونی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە هەولێر دادەنیشێت‌و ماوەیەكی زۆرە لە میدیاكانەوە نەبینراوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، هێنانەپێشەوەی فوئاد مەعسوم لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە لەم كاتەدا سێ خوێندنەوەی بۆ دەكرێت: خوێندنەوەی یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەیەوێت فوئاد مەعسوم وەكو بەدیلێك بۆ پۆستی سەرۆكی حزب پیشانی بەرهەم ساڵح بدات‌و پێی بڵێ ئەگەر ئەو پۆستەكە وەرنەگرێت، بەدیل ئامادەیە. خوێندنەوەی دووەم: پۆستی (سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی) كە لە رەشنوسی پەیڕەوەكەدا باسی لێوەكراوە، تائێستا كاندیدی بۆ یەكلانەكراوەتەوە، رەنگە فوئاد مەعسوم كەسێكی گونجاو بێت بۆ ئەو پۆستە. خوێندنەوەی سێیەم: فوئاد مەعسوم بانگهێشتكراوە تاوەكو سەرۆكایەتی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكات، هاوشێوەی كۆنگرەكانی پێشتری حزب كە هەر ئەو سەرۆكایەتی كردوون، بەتایبەتیش كە تەمەن‌و شارەزاییە قوڵەكە لە بواری یاسا‌و ناونیشانەكەی وەكو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حزب، بۆ ئەو كارە یارمەتیدەری فوئاد مەعسوم دەبن. تەزكیە چواركەسییەكە ! دواین زانیارییەكان لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، باسلەوەدەكەن، ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە لە پۆستی باڵای حكومیدان، بەبێ هەڵبژاردن‌و دەنگدانی كۆنگرە، بە تەزكیە دەكرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی. ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی لە (121) كەس پێكدێت، چواركەس لەوانە بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنەكە‌و (117) كەسی تریان بە دەنگدانی كۆنگرە، ئەوانە بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنەكە ئەوانە كە لە پۆستە باڵاكانی حكومەتدان‌و بریتین لە هەریەكە لە: •    بەرهەم ساڵح- سەرۆك كۆماری عێراق •    رێواز فایەق- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان •    جەعفەر شێخ مستەفا- جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان •    قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا قوباد تاڵەبانی هەندێك تێبینی لەسەر تەزكیەكردنی هەیە‌و داوا دەكات بەدەنگدان لە كۆنگرەدا هەڵبژێردرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ماڵباتی تاڵەبانی لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی حزبدا زۆرینەی نوێنەرەكانیان بردەوە)


راپۆرتی: درەو میدیا ( درەو میدیا) پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوەو بەپێی پرۆژەی پەیكەربەندی نوێی یەكێتی دابەشی سەر سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگكراوە" دەسەڵاتی چاودێری، دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەسەڵاتی داد" ئەم پرۆژەیە لەلایەن لیژنەی باڵای پەیرەوی ناوخۆی راسپێردراو لەلایەن مەكتەبی سیاسی ئەكێتیەوە ئامادەكراوەو ( درەو میدیا) كۆپییەكی تەواوی ئەو پەیڕەوەی دەستكەوتووە، پۆختەیكەی بڵاو دەكاتەوە.   سێ دەسەڵاتەكەی یەكێتی بەپێی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بڕیارە لە كۆنگرەی یەكێتی كە لە 21/12/2019 دەنگی لەسەر بدرێت، پەیكەربەندی یەكێتی وەك فەلسەفەی دابەشكردنی رۆڵی ئۆرگانی خراوەتەوە روو دابەشی سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگ كراوە لەوانە: یەكەم: دەسەڵاتی چاودێری و رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی. دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە پێكدێت لە دەستەی سەرۆكایەتی و دەستەی جێبەجێكردن. سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحكیم) كە پێكدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ك). لە پرۆژە كەدا ئەوە هاتووە كە" ئەم سێ دەسەڵاتە بەشێوەیەكی هاوسەنگ رۆڵەكانیان بەسەردا دابەشكراون و  پێكەوە جەستەی یاخود پەیكەری رێكخراوەیی ( ی، ی، ك) پێكدێنن. لەم پەیكەربەندییەدا ئەنجومەنێكی سەركردایەتی گشتی وەك پێكهاتەیەكی بناغەیی و سیستەمێكی پەرلەمانی بۆ سەركردایەتی تێكەڵ خراوەتەروو لەسەر بنچینەی دابەشبونی جوگرافی شارەكان و بەپێی پێوەری هەڵبژاردنە گشتییەكانی ( 2014) كە ژمارەی ئەندامانی ( 121) كەسە و راستەوخۆ لە چوارچێوەی یەك بازنەدا بەدەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن.  دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرە تەواوی دەستە سەرۆكایەتی و دەستە جێبەجێكار و لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبارو لێپرسراوی مەكتەبەكان لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەپێی رێكارە دیارەكانی ئەم پەیرەوە هەڵدەبژێردرین. لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش ئۆرگانەكانی یەكێتی لەسەر بنچینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەرێمەكان ( پارێزگا و ئیدارەی هاوشێوەكان) دارێژراوەتەوەو بنكە ووێستگە و ناوەندەكانی دەنگدان كراونەتە بنەمای ئۆرگانە بنكەییەكانی رێكخستن . شێوەی كاری ئۆرگانی لە پەیرەوی پێشنیازگراودا پەیكەربەندی نوێی یەكێتی میتۆدێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراوەییە لە كوردستان كە زەمینەی كاری پێكەوەیی و سەركردایەتی پێكەوەیی فەراهەم دەكات و رێ لە پاوانكردنی دەسەڵات دەگرێت و رۆڵەكان بەشێوەی دیموكراسیانە و دادپەروەرانە لە نێوان ئەندامان دابەش دەكات.  بنەما گشتییەكان پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەپێی پرۆژەی پێشنیازكراوی كۆنگرەی یەكێتی: -     مادەی (4) ی پەیرەوەكە رێژەی ژنان لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ( 25%) دەبێت . -    مادەی (5) كۆبونەوەی ئۆرگانەكان رێژەیی یاسایی وەردەگرێت بەزۆرینەی رەها( 50+1)  -    لە مادەی (15) دا بڕیار دەركردن لە دەستەی جێبەجێكارەوە دەردەچێت -    لە مادەی (18) كۆنگرەی یەكێتی هەر سێ ساڵ جارێك دەبەسترێت.  -    لە مادەی ( 19) لە هیچ بارێكدا كۆی گشتی ئەندامانی كۆنگرە لە ( 750) ئەندام تێپەڕنەكات.  -    مادەی ( 27) نابێت سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ( 40) ساڵ كەمتر بێت.  -    مادەی ( 30) لێسەندنەوەی متمانە لە سكرتارییەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ( 2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت  -    مادەی ( 37) سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگی (2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت بە پێنج رۆژ دوای كۆنگرە.  هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب سەرۆك/ سكرتێری حزب لە مادەی (39) پرۆژەی كۆنگرەدا هاتووە، بەپێی بڕگەی یەكەم: سەرۆك / سكرتێری حزب سیمبولی یەكێتی و راگری هاوسەنگی و پارێزەری پەیرەوی ناوخۆی و یەكریزی یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكانە.  لەمادەی (41) ی پەیرەوەكەدا مەرجەكانی سەرۆك/ سكرتێری یەكێتی خراوەتەوە روو -    تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت -    ئاستی هۆشیاری و دیبلۆماسی بەرز بێت -    ناپاكی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەكردبێت -    لە دۆسیەی گەندەڵی تێوە نەگلابێت -    لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لە ریزەكانی یەكێتی هەبێت.  -    بەهیچ تاوانێكی ئابڕوبەرانە زیندانی نەكرابێت دەستەی جێبەجێكاری یەكێتی لە مادەی ( 44)ی پەیروە پێشنیازەكەدا هەیكەلی دەستەی جێبەجێكار دیاریكراوە كە پێكدێت لە  -    سەرۆكی حزب / سكرتێر  -    ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی  -    لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبار كە پێكدێت لە  - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری رێكخستن - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری دیراسات و توێژینەوە - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری مەكتەبەكان - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری ئیدارەی گشتی - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری هەڵبژاردن و ئامار - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری  راگەیاندن و میدیا - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری پەیوەندییەكان - لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری حكومەت و پەرلەمان  دەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە مادەی ( 49) ی پەیرەوەكەدا باس لەدەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ( ئەنجومەنی باڵای دانایان دەستەی باڵا) كراوە، كە لەماوەی 45 رۆژ دوای كۆنگرەی یەكێتی هەڵدەبژێردرێن ،كە پێكدێن لە:  -    ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران -    ئەندامانی خولی پێشوی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەن ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی قەوارە -    پێشكەشكردنی راسپاردە  -    ناوەندگیری بۆ گرفت و كێشەكان -    پێشنیازكردنی رێكارەكانی چارەسەر سەرۆكی دەستەی پاراستنی یەكێتی پارێزەری گشتی یەكێتی دەبێت لەبەرزترین ئاستدا و پێكدێت لە: -    سەرۆكی دەستەی پاراستن -    سەرۆك/ سكرتێری حزب -    سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی -    سەرۆك/ سكرتێری حزب لەدانیشتنی دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ دوای دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە دەنگدانی راستەوخۆ بە ( 2/3) دەنگی ئەندامانی.        


درەو میدیا: بەهۆی پرۆژە یاسای چاكسازیەوە موچەی زیاتر لە 50%ی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە میراتگری دووەمی شەهیدان و ئەنفالكراونن. بڕگەی سێیەمی مادەی حەوتەمی پرۆژە یاسای چاكسازی لە ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرا بە روونی ئاماژە بەوە دەكات" لە كاتی مردن یان بڕینی مافی دارایی سەرجەم میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراون و قوربانیانی جینۆساید كە لەمەودوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بەركار ئەو میراتانە دەستنیشان دەكرێن، ئەوا ئەومافە داراییە كۆتایی پێدێت و ناگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە" . ئەم پرۆژە یاسای چاكسازییە بەرونی باس لە بڕینی موچەی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیدا دەكات كە لە ئێستادا لەزۆر مەرج و كۆت وبەند بەدەركراون، بەپێی یاسای ژمارەی(9)ی ساڵی 2007ی هەمواركراوی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی ( استپنا) بەدەرككردووە لە كۆمەڵێك رێوشوێن كە بۆ فەرمانبەرانی ئاسایی هاتووە بۆنمونە( خوشكو برا) بە میراتگر دانراون بەڵام لە یاساكەی عێراقدا رێگەی پێنەدراوە، ( كچ و كوڕ ) تا تەمەنێك لە یاسای بەركاری عێراقیدا ( 18 ساڵ) ئەتوانن موچەی دایك  وباوك وەربگرن، بەڵام لە یاسای ماف و ئیمتیازی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراواندا رێگە بە ( خوشك و برا) دراوە ببنە میراتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڵام بەپێی یاسای بەركار( یاسای خانەنشینی عێراق) میرات تەنها كوڕو كچ دەگرێتەوە ئەویش هەتا تەمەنی ( 18) ساڵ بەڵام بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان ( استپنا) كراوەو ئەو موچەیەی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەگوازرێتەوە بۆ خوشك و براو كوڕو كچ و هەموو ئەو رێگریانە لادەبات، لە ئێستادا زیاتر لە (30) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پرۆسەی ئەنفالدا، بۆیە بەشی زۆری میراتگرانی ئەنفالكراوان كە خوشك و برا و كوڕی كچی تەمەن تەمەنیان تێپەڕیوەو ئەم یاسایە نایان گرێتەوەو موچەكانیان دەبڕدرێت.  كە لە ئێستادا بەشی زۆری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خوشكوبران، بۆیە بەپێی ئەم پرۆژە یاسایە موچەی هەموو ئەو كەسانە دەبڕدرێت كە خوشك و بران یاخود كوڕو كچەكە تەمەنیان گەیشتوتە سەرو ( 18) ساڵ، بەشی زۆری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان خوشك و برا میراتیانن و موچەكانیان وەردەگرن، بۆیە بەپەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی موچەی زیاتر (50%)ی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دەبڕێت.  بەپێی پرۆژە یاسای چاكسازییەكە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو بەهۆی تێپەڕینی تەمەن و مردنی زۆری میراتگرانیانەوە، موچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان نامێنێت، لەبەر ئەوەی كەسی یەكەمیان نامێنن و بەپێی یاساكەش ناگوازرێتەوە بۆ كەسانی دووەم و سێیەم، بەپێی پرۆژە یاسا نوێیەكە.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand