Draw Media

حزبە سیاسیەکان ”کۆمەڵگا پشتگیری کاندیدە ژنەکانمان نیە!“

حزبە سیاسیەکان ”کۆمەڵگا پشتگیری کاندیدە ژنەکانمان نیە!“

2021-06-21 17:57:07


 درەو:
راپۆرت:رێناس ساڵح -  نەوژین 

رۆژەکان نزیک دەبنەوە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جیاواز لە رابردو بەیاسایەکی نوێ کێبڕکێکە دەستپیدەکات، تێدا (٩٦٣) ژن ململانیەی  گەشتنە پەرلەمان دەکەن، ژنان لەبەردەم گۆڕانکاریەکی مێژویدان، حزبە سیاسیەکان گومان دەکەن کۆمەڵگە ئەو دەرفەتەبدات بە ژنان لە کاتێکدا خۆشیان بە پێی ژمارەی کاندیدەکانیان ئەو گومانەیان لەسەرە، بەڵام ئاخۆ کۆمەڵگەی عێراقی ئەم هەڵبژاردنە دەکاتە بنەمای گۆڕانکاری بۆ بەشداری سیاسی ژنان؟

لە ساڵی (١٩٨٠)ەوە لە عێراق ژنان مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی هەیە، لەوکاتەوە لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی زیاتر، هەروەک لە دەستوردا بڕیار لە پێگەی ژن دراوە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا.

 

ژمارەو رێژەی کورسی ژنان لە خولەکانی پەرلەمانی عێراق

ژنان بە دەنگی راستەقینەی خۆیان دەگەنە پەرلەمان؟

لە هەڵبژاردنەکانی رابردودا چەندین کاندیدی ژن بە دەنگی راستەقینەی خۆیان و بەبێ کۆتا گەشتونەتە پەرلەمان، بەڵام بە پێ یاساکان رێژەی کۆتایان تێنەپەڕاندوە

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەختی کردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ سێ کاندیدی ژن لە لیستەکەیان لە پارێزگای دهۆک بە دەنگی خۆیان گەشتونەتە پەرلەمان.

ئەو بۆ 'نەوژین' وتی: ”ئومێد دەکەین ژنان بە دەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی هەیە ژنان رۆڵی راستەقینەی خۆیان نەبینوە وەک سەرکردە یان لە پرۆسەی سیاسی ئەگەرچی ژنانی کورد بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی زۆر باشدان بەشاهێدی گەڕیدەو مێژونوسان رۆڵی سەرکردایەتیان هەبوە لە رۆژئاواو باکوری کوردستان، لە باشوریش باشە، بەڵام دەکرێت بەروپێشی ببەین“.

 لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم پارتی ١٢ کاندیدی ژنی هەیە واتە لەم سێ پارێزگایە بە رێژەی ٤١،٣٪ کاندیدەکانی لە رەگەزی مێن لەهەمان کاتدا لیستی هاوپەیمانی بە رێژەی ٤١،٦٧٪ کاندیدەکانیی لە رەگەزی مێن لە سێ پارێزگاکەی هەرێم.

براکۆ شێرکۆ فاتیح، وتەبێژی مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی سوێند بە 'گۆڕی شەهیدان' دەخوات ئاگەداری زانیاریەکان نیە لە بارەی کانیدانی حزبەکەی و دەڵێت: ”بەشێکی زانیاریەکان لەسەر کانیدەکانیان دزەی پێکراوە“. ئەو ئەوەی بە نەوژین راگەیاند: ئەو کاتەی کۆمسیۆن بڕیاری کۆتایی بدات لە بارەی کاندیدەکانەوە  قسەلەسەر ئەم بابەتە دەکەن.

 

 

داتای کاندیدانی قەوارەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرچاوە: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق+ پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن

 

هەندێک قەوارە هیچ کاندیدێکی ژنیان نیە

بە گوێرەی خشتەی داتاکانی کۆمسیۆن چەند قەوارەیەکی سیاسی هیچ کاندیدێکی ژناین نیە لەوانە حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، یاخود هەندێک لایەنی سیاسی کەمترین کاندیدی ژنیان هەیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆی ٦ کاندیدی ئەو حزبە تەنها یەک کاندیدی لە رەگەزی مێیە.

 یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنەکانی گۆڕان بۆ 'نەوژین' وتی: ئەوان لەگەڵ یەکێتی تەمسیلی یەک لیست دەکەن بۆیە بۆ هەمو بازنەکان بەڕێژەی ٢٥٪ بەشدارن.

ئەمەی گرێدایەوە بە هاوپەیمانیەتیەکەیان لەگەڵ یەکێتی کە ئەوان پێکەوە رێژەکە تەواو دەکەن نەوەک وەک حزب.

 

”تێپەڕاندنی کۆتایی ژنان ناڕونە“

 

یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆارنکاری زۆری تێداکراوە، بەڵام لەم نێوەندەدا پرسی ژن وادەردەکەوێت چەقبەستوبێت، بەشێوەیەک ئارام جەمال، کارگێڕی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەخت دەکاتەوە ”هیچ گۆڕانکاریەک نایەتە بون لە ژمارەی پەرلەمانتاری ژن لەم هەڵبژاردنەی عێراق، تەنها لەیەک باردانەبێت کە ئەویش بە ناڕونی ماوەتەوە“.

لە یاسا نوێکەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەبەوەکراوە لە هەربازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت کاندیدانی هەرلایەنێک ٢٥٪ لە رەگەزی مێبێت، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن لە خۆ دەگرێت ئەمەش دەکاتە ٢٥٪ کورسیەکانی هەڵبژاردن، ناڕونی یاساکە لەوەدایە ئایا ئەگەر لە بازنەیەک کاندیدێکی ژن بە دەنگی خۆی کورسی بەدەستهێنا ئەوا لەو بازنەیە هەژماری کۆتا دەکرێت یاخود نا؟

ئارام جەمال، دەڵێت: ئەم خاڵە ماوەتەوە بەوەی ئایا کۆمسیۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوبڕگەیە دەکات لە یاساکە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەیاساکەی پێشوتری عێراق کۆتایی ژنان بە ٢٥٪ دیاری کرا، بەڵام لەکاتی هەژماری دەنگەکان ئەو ژنانەشی بە دەنگی خۆیان سەرکەوتن بۆ پەرلەمان لە گەڵ رێژەی کۆتاکەدا هەژمارکرابون.

 

حزبەکان عورفی کۆمەڵگا بەبەربەست دەزانن بۆ ژنان ئەی چیانکردوە بۆ ئەوە؟

لەم هەڵبژاردنەدا هاوڵاتی دەنگ بە لیست نادات بەڵكو راستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەو بازنەی هەڵبژاردن کە مافی دەنگدانی تێدا هەیە، حزبە سیاسیەکان عورفی کۆمەڵگە بۆ تێڕانیان بە تواناکانی ژنان بە کێشە دەزانن لەبەردەم سەرکەوتنیان.

یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە گەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن عورفی کۆمەڵگاو متمانەنەبون بە ژنان بە هۆکار دەزانێت لە کەمی کاندیدی ژن ئەمە هەمان بۆچونی خەسرەو گۆرانە و دەڵێت:  ” وەک پارتی بڕوامان بە رێژەیەی کۆتا نیە بۆ ئافرەتان، چونکە چەندین ئافەرتمان هەیە توانای سیاسی چەند بەرامبەر بە پیاوە کەواتە ئەرکە رۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت، کۆتا بۆ پاڵپشتیە چونکە کۆمەڵگە رێگرە لە بەردەمیان“.

ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق هیچ لیستێک هاوسەنگی رەگەزی لە ژمارەی کاندیدەکانیدا نیە، ئەوەی هەیە لە بازنەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کۆتایی ژنان کاندیدی ژن زیاترە لەو قەوارانەی کە  گومان دەکەن دەنگی تەواوی کورسیەک بەدەست نەهێنن.

بە نمونە پارتی لە بازنەی سلێمانی لە کۆی ٦ کاندید ٥ لە رەگەزی مێن و لیستی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕانی لە پارێزگای دهۆک هەردو کاندیدەکەیان لە رەگەزی مێن.

بەڕێوبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەختیکردەوە هیچ حزبێکی سیاسی عێرق و کوردستان باڵانسی جێندەری لە کاندیدەکانیانن نیە، ئەو پێشی وایە قورسە ژنان لەم هەڵبژاردنە بە دەنگی خۆیان دەربچن دەشڵێت: حزبەکان پشتگیری کاندیدە پیاوەکانیاننو دەیانەوێت ژنەکان بە کۆتا دەربچن.

بە پێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن لە هەربازنەیەک چەند کورسی دیاری کرابێت ئەوەندە کاندید سەردەکەوێت بە پێی ریزبەندی ئەو بازنەیە، کۆی ژمارەی کاندیدانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق (٢٥٦٠) کاندید و تێیدا لەو ژمارەیە ژنان بە رێژەی (٢٧،٣٣٪)بەشدارن بە (٩٦٣)کاندید، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (٤٩)ژن کاندیدن واتە بە رێژەی (٣٦،٠٢٪) ژنان لە هەرێمی کوردستان دەچنە ململانیەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە ١٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand