ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی

Draw Media

2021-06-27 07:17:57



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە (11)

 

مەبەستی پێکهێنانی
یەکێک لەو دەزگا  هەستیارانەی لەئێراندا (بەهۆی ئەرکە دەستوورییەکەیەوە هەیەتی، دەزگای ئەنجوومەنی شارەزایانە(مجلس خبرگان رهبری) کە ڕاستەوخۆ ئەرک و کار و مەبەستی دامەزراندنی پەیوەستە بە دەزگای ڕێبەرایەتییەوە کە لوتکەی هەموو دەسەڵاتەکانی دادوەری، یاسادانان و جێەجێکردنە. گەرچی ئەرکی ئەم دەزگایە سنووردارە و کەمترین کۆبوونەوە دەکەن، بەڵام لەدەسەڵاتییاندایە چاودێریی ڕێبەر و ئەرکەکانی بکەن و تەنانەت دەتوانن ڕێبەریش لابدەن یاخود لێپێچینەوەشی لێ بکەن، گەرچی ئەمە هیچکات لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووی نەداوە، بەڵام لە توانای دەزگاکەدا (بالقوە) ئەم دەسەڵاتەی هەیە و (بالفعل) بەکاری نەهێناوە.
گەرچی وەک هەر وڵاتێکی دیکە، (لە قۆناغی ڕاگوزەردا) ئەم دەزگایە سەرەتا کاتی و تەنها بۆ قۆناغیک دانرا، بەڵام پاشتر بەهۆی ئیسلامیزەکردن و بەشیعەکردنی دەسەڵاتەوە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، وردەوردە ئەرکەکەی لە کاتییەوە کرا بەهەمیشەیی و بنەما و ڕەوایەتی هەبوونیشی (کە بریتی بوو لە پێداچوونەوەی دەستوور) گۆڕدرا بۆ بنەمایەکی ئاینی-دەوڵەتی، لە بەرایی یاسای ئەنجوومەنی شارەزایاندا هاتووە: "بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕیوایەتی یەعقوبی کوڕی شوعەیب کە لە ئیمام سادقەوە گێڕاویەتییەوە لەبارەی زەمینەی ناساندن و دیارییکردنی جێنشینی پایەی ڕێبەری و وەلی موسڵمانان لەهەر زەمەنێکدا، بۆ پێشگرتن لە دەرکەوتنی فتورەت لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و زەمانەتی بەردەوامی حکومەتی شەرعی لەسەر بنەمانی ویلایەتی فەقیه، لە میانەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٠٧ و ١٠٨ی دەستووردا، یاسای هەڵبژاردن، ژمارەی ئەندامان، مەرج و پێڕەوی نێوخۆیی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەمشێوەیە ڕێکخراوە".(سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 )
لەو بەراییەی یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیانەوە دەردەکەوێت، کە بنەمای بەردەوامی و هەبوونی، بنەمایەکی ئاینی-شیعی-دوانزەئیمامی-ویلایەتی فەقیهیە و پشتی بە چیرۆکێکی نێو ئەدەبیاتی نێو ئەو مەزهەبە بەستووە و بنەمایەکی وا لای دەوڵەتێکی هاوچەرخی سیکۆلار تەنانەت لای پێڕەوانی وەک سوونەمەزهەبەکانیش ڕەتکراوەیە. ئەمە لەکاتێکدا لەئیراندا گەر دابنێین سەرجەمیشی موسڵمانن (کە ئاین و پێڕەوی دیکە و بێ ئاینیشی تێدایە)، بەگوێرەی هەندێک ئامار ٢٠ ملیۆن لە کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتووان تەنها سوننەمەزهەبن و زۆرینەیان کورد و بەلوچ و تورکەکان و هەندێک لە فارسەکانیش دەگرێتەوە و بە باوەڕی ئاینییان بڕوایان بە ویلایەتی فەقیه و ئەنجوومەنی شارەزیان نییە.

لەدامەزراوەیەکی کاتییەوە بۆ دەزگایەکی هەمیشەیی
ئەم دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی یەکەمی شۆڕش(١٩٧٩)، ئەرکی لەپێشینە و مەبەستی دامەزراندنی سەرەتا تەنها بۆ پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەستوور بوو کە لەو ئانەدا بۆ گشتپرسی ئامادە کرابوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ساڵی ١٩٨٢دا جارێکی دیکە یاساکەی هەمووار کرایەوە و کۆی دەزگاکە و ئەرکەکانی تایبەتمەند کرا بە دیاریکردنی ڕێبەری باڵا و چاودێرییکردنی ئەرک و ڕەفتارەکانی(کە بەپێی بەندی ١٠٩ی دەستوور دیارییکراوە)، هاوکات ئەو دەسەڵاتەشی پێدرا کە لەتوانایدا بێت لە کاتی لەدەستدانی شایستەیی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، ڕێبەری باڵا لە ڕێبەرایەتی لابدات. هەروەها لە کاتی مردن یا هەر ڕووداوێکیشیدا کە بەسەر ڕێبەردا بێت، بە گوێرەی دەستووری وڵات، ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی کاتیی پێکدەهێنن تا ئەوکاتەی ڕێبەری نوێ دیارییدەکەن، ئەم ئەنجوومەنە لەکارەکانی بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر بە دابەشکراوی بەسەر ئەندامەکانییدا جێبەجێ دەکەن.(بڕوانە: ئێراننامەی ٤،ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ زانیاریی زیاتر و چۆنێتی پێکهێنانی ئەم لیژنەیە و ئەندامانی و پشئەستوورییە دەستوورییەکانی، لەوێدا ڕوونکراوەتەوە).
ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە هەر لەخۆکاندیدکردنیانەوە و شایستەیی و پەسەندکردنیان پاش هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنیان بەگشتی و بەپێی دەستوور لە ئەستۆی شورای پاسەوان دایە، کە خۆی دەزگایەکی هەڵنەبژێردراوە (بڕوانە: ئێراننامەی ٣، شورای پاسەوان)
بەگوێرەی دوایین هەموواری یاسای ئەنجوومەنی شارەزیانی ڕێبەری لە ٢/٩/٢٠١٥دا (١١/٦/١٣٩٤هەتاوی)، بەپێی ماددەی یەکەمی یاساکە: ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە هەشتاوهەشت(٨٨)ئەندام پێکدێت.(پێشتر ٧٣ ئەندام بوو)، ماوەی هەر خولێکی ئەندامانی هەشت(٨) ساڵە و لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، پێویستە شەش مانگ بەر لە کۆتایی هەر خولێک هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی نوێی خولی نوێ ئەنجام بدرێت. (پاش پەسەندنامەی کاندیدبوونیان لەلایەن شورای پاسەوانەوە). 
شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیان بازنەییە و بەپێی پارێزگاکانی ئێران دابەشکراووە:
 پایتەخت (تاران): ١٦ نوێنەر.
خۆراسانی ڕەزەوی و خوزستان هەریەکە ٦ نوێنەر.
پارێزگای ئەسفەهان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، و فارس هەریەکە ٥ نوێنەر.
پارێزگاکانی گیلان و مازنداران یەکی ٤ نوێنەر.
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی(ورمێ) و کرمان هەریەکە و ٣ نوێنەر.
هەرچی ئەردەبیل، ئەلبورز، سیستان و بەلوچستان، قەزوین، سنە، کرماشان، گولستان، لوڕستان، مەرکەزی و هەمەدان هەریەکە و ٢ نوێنەریان بەردەکەوێت.
پارێزگاکانی ئیلام، بوشەهر، چوارماڵە و بەختیاری، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی باکوور، زنجان، سمنان، قوم، کەهگیلویە و بویرئەحمەد، هورمزگان و یەزد، هەریەکە یەک(١) نوێنەری ئەنجوومەنی شارەزایانیان بەردەکەوێت. (سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 )

مەرجەکانی ئەندامێتیی لەئەنجوومەندا
هەر ئەندامێکی ئەنجووومەنەکە پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت، کە شایستەیی و مەرجەکانی خۆپاڵاوتووان، شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە:
- ناوبانگی بۆ دیانەت و متمانەداری و شایستەیی ڕەوشتی هەبێت.
- توانای ئیجتیهادی لە ئاستێکدا هەبێت کە بتوانێت هەڵێنجان بۆ هەندێک بابەتگەلی ئاڵۆزی فیقهی و بتوانێت ڕێبەرێک کە نیشانە و مەرجەکانی ڕێبەرایەتی تێدا بێت دەستنیشان بکات.
-دیدگای سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئاشنایی بە بابەتی هەنووکەیی و ڕۆژ هەبێت.
- باوەڕی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت.
- پێشینەی خراپی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت.
- مەرج نییە نوێنەرەکانی هەر بازنەیەک دانیشتوو یان لەدایکبووی ئەو بازنەیە بن. واتە دەکرێت بۆ نمونە مەشهەدی یان تارانییەکی شیعەمەزهەب بە نوێنەرایەتی شاری سنە یان بەلوچستان ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و ئەمەش ڕوویداوە.
سەرجەمی ئەم مەرجانە و دروستییان شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە. (بڕوانە ئێراننامەی ٣: شورای پاسەوان). بەڵام بەپێی بڕگەی دووی یاسای ئەنجوومەنەکە، کەسانێک کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی یان پەسەندی کردبن لە بۆنەیەکدا، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی شورای پاسەوان نابێت و ڕاستەوخۆ پەسەندکراوون. (بڕوانە: یاسای ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ١٣٩٤).

ئەرک و بەرپرسیارێتی
لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی شارەزایانەوە، دەستووری ئێرانی، لە بەشی هەشتەمی پەیوەست بە ڕێبەری باڵا و شێوازی هەڵبژاردنی و لە ماددەی ١٠٧ و  ١٠٨دا، ئاماژە بە ئەرکی ئەنجوومەنی شارەزایان کراوە، کە بریتییە لە هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، پاش مردن، یان لادان یان بێتوانایی و لەدەستدانی مەرجێک لەمەرجەکانی ڕێبەریی. بەڵام وردەکاریی ڕۆڵ و پێڕەو و ژمارەی ئەندامان و ماوەی هەر خولێکیان بە گوێرەی یاسایەک ڕێکخراوە، کە یەکەمین جار لەلایەن شورای پاسەوانەوە، ئامادەکراوە و بەزۆرینەی دەنگی ئەوان کە (١٢)ئەندامن دەنگی لەسەردراوە و پاشتر لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە پەسەندکراوە و وەک یاسایەک کاری پێکراوە و دەکرێت، بەڵام هەر بەپێی ماددەی ١٠٨ ئاماژە بەوەش کراوە، تەنها یەکەمجار شورای پاسەوان یاساکە ئامادە دەکات و هەمووار و چاکسازیی لەیاساکەدا، لەوەپاشتر ئەنجوومەنی شارەزایان خۆیان ئامادەی دەکەن و بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەژمار دەکرێت.(بڕوانە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماددەی ١٠٧ و ١٠٨)

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand