درەو: سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بۆ خستنەڕوی راستی ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کەدەوترێ بەھۆی ئەوەیە تێچوی ئەم شەقامە بەبەراوردی تێچوی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر زۆر زیاترە! بەھانەیەکی ناڕاستە، بەپێچەوانەوە شەقامی ١٢٠ مەتری ھەر کیلۆمەترێکی بەبەراوردی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە! راستیەکان لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و١٢٠ مەتری ھەولێر! سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری ئەمە ناحەقی نیە؟ ھەر کیلۆمەترێکی شەقامی ١٢٠ مەتری ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچوە لەوەی بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی تەرخان کراوە! راستیەکان لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و١٢٠ مەتری ھەولێر! سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری بۆ بەدواداچونی ھۆکاری دەست کردن بەجێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی بەرپرسانی حکومەت وتیان ناکرێ شەقامی ١٢٠ مەتری بەنرخێک تەواو کرابێ بەڵام شەقامی ١٠٠ مەتری چوار ھێندە زیاتری تێ بچێ!!!! بۆ خستنەڕوی راستی ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کەدەوترێ بەھۆی ئەوەیە تێچوی ئەم شەقامە بەبەراوردی تێچوی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر زۆر زیاترە! بەھانەیەکی ناڕاستە، بەپێچەوانەوە شەقامی ١٢٠ مەتری ھەر کیلۆمەترێکی بەبەراوردی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە! ئەمەش وردەکاری راستیەکانە: قۆناغی یەکەمی پرۆژەی دروست کردنی شەقامی ١٢٠ مەتری خێرا کە ١١ کیلۆمەترە، کۆمپانیای ئەکنجلەی تورکی و ھێمن گروپ جێبەجێیان کردوە، نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر موسڵ تا ھەولێر کەرکوک دەکات، ١٦ زێرابی سندوقی و ٣ یەکتربڕو ١ ئۆڤەر پاسی تێدابووە، به گوژمەی گرێبەست و گوژمەی گۆڕانکاری و کۆی گشتی گوژمەی خەرج کراو بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەرف کراوە. ھەرچەندە نزیک بە ٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لە کۆی گوژمەکەدا ھەیە سەرف نەکراوە پێدەچێ لەبەرامبەر ئەوەدا زەوی پێ درابێ. قۆناغی دووەم نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر موسڵ تا ھەولێر شەقلاوە دەگرێتەوە کە ٩ کیلۆمەتر دەکات، ٥ یەکتر بڕو ١ ئۆڤەر پاس و ٢ ئەندەرپاس و ١ ئۆڤەرفلای و ٨ زێرابی سندوقی تێدایە، کۆمپانیای ھێمن جێبەجێی کردوە ١٦٥ ملیۆن و حەفتاو سێ ھەزارو ٢٥ دۆلاری بۆ خەرج کراوە. قۆناغی سێیەمی پرۆژەکە ١٤.٥ کم بوە، نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر کەرکوک تا ھەولێر شەقلاوە دەگرێتەوە، ٢ یەکتربڕو ١ ئۆڤەر پاس و ٤ ئەندەر پاس و ١ ئۆڤەرفلای و ٩ زێرابی سندوقی تێدایە. ١٤٤ ملیۆن و ٣٦٥ ھەزارو ٣٣٦ دۆلاری بۆ خەرج کراوە. کۆی گشتی ١٢٠ مەتری ھەولێر ٣٤.٥ کیلۆمەترە بڕی ٤٨٩ ملیۆن دۆلاری تێچووە بێ لەوەی بایی ٥٠ ملیۆن دۆلارێش زەویان پێدراوە لەبری قۆناغی یەکەم. تێچوی ھەر کیلۆمەترێک ١٤.١٧ ملیۆن دۆلارە. ١٠٠ مەتری سلێمانی ٣٣ کیلۆمەترە ٣٩١ ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە، لەکاتێک دا زەویەکەی سلێمانی سەختترەو شوێنەکەی بڕین و یەکتربڕو تێچوی زۆرترە، تێچووی ھەر کیلۆمەترێک ١١.٨٦ ملیۆن دۆلارە. کەواتە ھەر کیلۆمەترێکی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر، بەبەراوردی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە. بۆ شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر نێوان رێگای سەرەکی ھەولێر بەحرکە تا ھەولێر کۆیە ١٤ کیلۆمەترە بەبێ پارەی گوژمەی گۆڕانکاری ١٣١ ملیۆن و ٣١٦ ھەزارو ٢٨٠ دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. گوژمەی گۆڕانکاری بۆ شەقامی ١٢٠ مەتری کە خراوەتە سەر گوژمەی تەرخان کراو بڕی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بووە. گوژمەی گۆڕانکاریش بۆ شەقامی ١٥٠ مەتری کەمتر نابێ لەو بڕەی شەقامی ١٢٠ مەتری. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوە ئەم ڕاستیانەش دەزانن شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ڕاگیراوە؟ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران چۆن ڕازی دەبن بەمە؟ ئەمە ناحەقی نیە؟
(درەو): چەند مانگێك دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای سازدانی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیمان لێكرد، ئەوكات دوای كرد گفتوگۆكە دوابخەین بۆ دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، دواجار دوێنێ لە نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی بینیمانو دیدارەكەمان سازدا، ئەو یەكەمین تاكە ژنێكە كە ئێستا یەكێك لە سێ پۆستە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە دەسەڵاتەكان لەهەرێمو كێشمەكێشەكانی ناو پەرلەمانو چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتو یاسای چاكسازیو چەندین بابەتی تر دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە سازدانی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: یەكەمین ژنیت لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا پۆستێكی سیادی وەربگریت، وەكو ژنێك دوای زیاتر لەشەش مانگ سەرۆكایەتی، ژنبوون چ كاریگەرییەكی نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر خۆتو پۆستەكەت هەبووە ؟ رێواز فایەق: لەسەرەتاكانەوە كە پۆستەكەم وەرگرت، زیاتر لە جارێك هەم رۆژنامەنوسانو هەم خەڵكی تریش لێیان ئەپرسیم ژنبوون چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر ئەوەی كە تۆ ئەم پۆستە بەڕێوەدەبەیت، لەسەرەتاكانەوە ئەموت هیچ هەستێكم نییە لەبارەی ئەوەی ژنبوون هیچ كاریگەرییەكی باش یاخود خراپی هەبێت، بابەتەكە وەكو خۆی دەڕوات، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت نا، دوو جۆر كاریگەری هەیە، كاریگەرییەكیان ئەوەیە، ئەوانەی لە دەرەوە دێن ئەم بە نمونەیەكی باش سەیر ئەكەن، هەیانە زیاتر لە جارێك داوای بینینەوەم دەكەن، واتە بۆ دەرەوە مۆدێلێكی ئەرێنییە. درەو: ئەی بۆ ناوخۆی هەرێم چۆنە ؟ رێواز فایەق: لەناوخۆ كە سەیری حاڵەتەكە ئەكەم، هەست ئەكەم ژنبوون رەنگە كاریگەرییەكی خراپی هەبێت، واتە كاریگەرییەكەی خراپ بووە لەسەر ئەوەی من ئەو پۆستەم هەیە، نازانم هۆكارەكەی چییە، رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە من بڕوام بەوە نییە هێزێكی ئەمنی، هێزێكی سەربازی پشتیوانیم بكات، دەمەوێت بەهێزی نەرم مامەڵە بكەم، ئەمە وایكردووە هەركاتێك خەڵك نیگەرانییەكی هەبێت، زۆربەی روبەڕووی من دەكەنەوە، وەكو ئەوەی بەتەنها من سەرۆك بم لەم هەرێمەدا، وەكو ئەوەی هیچ كەسێكی تر لەم هەرێمەدا بەرپرسیارێتی نەبێت، خەڵك كە دانامەزرێن قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نەوتی نییە قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نیگەرانییەكی هەیە لە سیستمی سیاسی قسە بە ئێمە دەڵێن ! هەست ئەكەم خەڵك بەناداددپەروەری دەكەن قسە بە ئێمە دەڵێن ! رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت ژنبوون هیچ مەترسییەك لەسەر ئەوان دروستناكات لەسەر ئەوانەی كە هێرش دەكەن سەر ژن، واتە ژنبوون بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەم هەستە هەیە، سەرەتاكان هەندێك نیگەران دەبووم لەم دۆخە، بەڵام ئێستا بەلامەوە بووە بە شتێكی رۆتینو وەكو بەشێك لە پۆستەكە سەیری دەكەم، ئەوانەی هێرش دەكەن ئەگەر بیانزانیایە هێزێكی سەربازی یان ئەمنی پشتیوانمە، دڵنیام هەندێك ئیستیان دەكرد، بەڵام دەزانن من ئەو كارانە ناكەمو بڕواشم پێی نییە. درەو: لەدوای دەستبەكاربونتانەوە رەخنەی زۆر لە ئەدای كاری پەرلەمان لەم خولەدا دەگیرێت، دواین كەس كە رەخنەی گرت هەردوو نوسەر مەریوان وریا قانعو ئاراس فەتاح بوون، رایەكی دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت وەكو پێویست نییە ؟ رێواز فایەق: من نوسینەكەیانم خوێندەوە، لەگەڵ بەشێكی زۆری نوسینەكەیاندا بووم، ئەو قسانە بۆچونی منیشە نەك بەتەنیا بۆچوونی ئەو دوو نوسەرە، زیاتر لە جارێك لە لێدوانو قسەو چاوپێكەوتنەكانمدا وتومە پەرلەمان لە هەمان ئەو فەزاو ژینگە سیاسییەدا كار دەكات كە دامەزراوەكانی تر كاری تێدا دەكەن، لەیەك خاڵدا لەگەڵ نوسینەكەیان نیم كە دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە زۆر زوووە بۆ تەقیمكردنی ئەم خولە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە دەبێت هەمومان بیزانین، هەم حزبە سیاسییەكانو هەم دەسەڵاتی جێبەجێكردنو هەم ئەو دەزگا راگەیاندنە گەورانەی كە لە پشت حزبەكانو دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوەن، هەمویان دەیانەوێت پەرلەمان وەكو قەزەم پیشان بدەن، بەڵام دیوەكەی تری ئەمە ئەوەیە كە دەیانەوێت ئەوانەی ئێستا لەناو پەرلەمانن ئەوانەن كە راستەوخۆ خەڵك هەڵیبژاردوون، بڵێن ئەمانە ئەوانەی خۆتانن كە خۆتان هەڵتانبژاردوون، ئەمان ئاوا خراپن، ئەمان ئاوا خەمتان لێ ناخۆن، ئێمە كە ئێوە هەڵتان نەبژاردووین دەتوانین ژیانتان بگۆڕین، لەبەرئەوە ئەمە بەردەوامەو لە ساڵی 1992وە هەر هەبووە، ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆ بكەیت، سەیری یاسای هەڵبژاردن بكەیت كە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی تێدایە، بەڕوونی هەژمونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا دیارەو بە قانونو بە قەناعەتی حزبە سیاسییەكان واكراوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گەورەتر دەركەوێت لە دەسەڵاتی پەرلەمان، تەنانەت یاسای پرۆتۆكۆڵ كە لە عێراق كاری پێدەكرێتو لە هەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵمان نییە، سەرۆكی كۆمار، سەرۆكی حكومەت، ئینجا سەرۆكی پەرلەمانی داناوە، لە هەرێمیش ئەمە جێبەجێ دەكرێت، لەبەرئەوەی خۆمان قانونمان نییە، كەواتە ئەوەی كە خەڵك دەیبینێت بە قانون بەرجەستە كراوە. درەو: ئەم سەردەستبوونەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا دەبینرێت، كاتێك پەرلەمان ناچاركراوە بەر لە دەركردنی یاساكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ؟ رێواز فایەق: بەپێی پەیڕەوی نوێ، پەرلەمانتاران دەتوانن پێشنیازی یاساو بڕیار پێشكەش بكەن، حكومەتیش دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشكەش بكات، سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت پرۆژەی یاساو بڕیاریش پێشكەش بكات، لە پەیڕەوی تازەدا یەك ئیزافە كراوە كە خولی پێشوو ئەو پەیڕەوە پەسەندكرا، ئەویش ئەوەیە كە هەر پێشنیازە یاسا یان پێشنیازە بڕیارێك كە پێویستی بە پارە بێت، ئەبێت حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت، ئەمە لە كوێوە هاتووە ؟ لە ساڵی 2013وە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستاندا نییە، هەموتان ئەزانن ئەگەر بتەوێت لە پرۆژەی بودجەی گشتی كە دێتە پەرلەمان شتێك بكەیت كە پارەی تێبچێت، ئەبێت هەر لە پرۆژەكەدا پارەكە لە شتێكی تر كەمبكەیتەوە، لەبەرئەوە دەڵێن حكومەت پارەو داهات پەیدا دەكات، ئەو دەتوانێت چی جێبەجێ بكات، ئێمە ئەزمونێكی ناخۆشمان هەبووە لە پەرلەمان، لە خولی پێشوو بۆ نمونە بڕیاری تەشریعی ژمارە (19)مان سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد بۆ هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ، تائێستا حكومەت جێبەجێی نەكردووە، چونكە ئەڵێ پرستان پێنەكردوین، بۆ بارگرانی دارایی دەبێت پرسمان پێبكەن، ئێمە بۆ ئەوەی جارێكی تر توشی ئەم ئەزمونە نەبینەوە لە خولی پێشوودا پەیڕەوەكەمان بەمشێوەیە ئامادەكردەوە كە ئەگەر پرۆژەیەك پارەی ویست پێش ئەوە دەبێت بزانرێت پارەكە هەیە دواتر یاساكە دەربكرێت، بەشێكی ئەمە لەبەرئەوەیە پەرلەمان نەشكێت، چونكە خەڵك دەپرسنەوە لەو قانونانەی لە پەرلەمان دەردەچن. درەو: حكومەت پرۆژەی بودجەی نییە، بەڵام چەندجارێكە سەرۆكی حكومەت بودجە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك پرۆژە تەرخان دەكات، ئێوە ئاگادارن ئەو داهاتانە لە كوێوە دێنو چۆن خەرج دەكرێن ؟ رێواز فایەق: ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە، پێشتر بەر لە ساڵی 2013، یاسای بودجە هاتووەتە پەرلەمانو حكومەت بە فەرمی رایگەیاندووە كە داهاتەكەی چەندە، بۆ پەرلەمانیش ئاسان بووە چاودێری بكات بزانێت ئەم داهاتە راستە یاخود نا، بەڵام ئێستاو لەماوەی رابردووشدا پرۆژەیاساكە نەهاتووەتە پەرلەمان، زیاتر لە جارێك لە وەزیری دارایی پرسیاركراوە، من دەزانم لیژنە تایبەتمەندەكان پرسیاریان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت لە كۆی پارەی نەوت، من نزیكەی (375 ملیار) دینارم دێتە بەردەست، باقییەكەی تری قەرزە، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی دەوری دەستەی سەرۆكایەتییەكانی (پەرلەمانو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم)دا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد، سەرۆكی حكومەت پێی وتین كە قەرزەكانمان چۆنە، چۆن وەرمانگرتووە، تەنانەت باسی لەوەكرد كە ئەو سودەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو قەرزانەی لە رابردوودا كراونو دەبێت بیدەینەوە خۆی لە (40 ملیۆن) دۆلاری مانگانە نزیك دەكاتەوە تا ئەوكاتەی ئەو قەرزانە تەواو دەبن، ئەم نەوتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لەبەرئەوەی پێشتر پارەكەی وەرگیراوە ئەڕوات بەبێ ئەوەی پارە بگەڕێتەوە ناو خەزێنەی ئێمە، چونكە پێشتر لە ساڵی 2014 بۆ 2017 پارەكەی وەرگیراوە، جگە لەمە بەشێكی دەدرێتەوە بە سودی ئەو قەرزانە، بەشێكیشی دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكانی بەرههەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەمانە لەڕووی ژمارەوە كە هاتبێتە بەردەستی پەرلەمان، لە راستیدا نەهاتووە. درەو: كۆمپانیای دیلۆیت كە وردبینی فرۆشی نەوتی هەرێم دەكات، راپۆرتی داهاتی نەوت بۆ ئێوە نانێرێت ؟ رێواز فایەق: ناینێرێت. درەو: واتە ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوت نین ؟ رێواز فایەق: لەراستیدا، نەخێر، بەفەرمی نەخێر، شتی نافەرمی دەزانین، بەڵام بەفەرمی نەخێر پەرلەمانی كوردستان نازانێت. درەو: ئێوە وەك سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت ئاگاداری بڕیاری سیاسین لە هەرێمی كوردستان؟ رێواز فایەق: خۆی ئەوەی كە جیاواز بێت لەم خولەو لە خولەكانی پێشوودا ئەوەیە كە كۆبونەوەی دەوری سێ سەرۆكایەتییەكەمان هەیە، پێشتر ئەمە نەبووە، بەڵێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئەو بابەتەمان موناقەشەكردووە بەیەكەوە، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن راگەیەنراوەكان دەردەكەین، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەیسەكان دەكەین، بەڵێ كۆبونەوە دەكەین بەیەكەوە بڕیار دەدەین. درەو: بۆنمونە لە پرسی بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی چونەدەرەوە یاخود مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، پرستان پێكراوە؟ رێواز فایەق: بەڵێ بەیەكەوە بووینو بەیەكەوە بڕیارماندا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی عێراق بكەین، حزبە سیاسییەكانمان كۆكردەوە بەراوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكان بڕیارماندا كە چۆن مامەڵە بكەین لەبارەی مەسەلەی هەمواری دەستورو ئەو بابەتانەی تر. درەو: كاروبارەكان لەناو پەرلەمان چۆن بەڕێوەچن، پەرلەمان هیچ بودجەیەك یاخود نەسریەیەكی مانگانەی تایبەت بە خۆی هەیە ؟ رێواز فایەق: بودجەكەمان (500 ملیۆن) دینارە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمان. درەو: باس لەوەدەكرێت پەرلەمان قەرزارەو رێژەی قەرزەكانی گەیشتوەتە دوو ملیار دینار، پەرلەمان ئەو قەرزانەی لە كوێ وەرگرتووە، قەرزەكان تەنیا لەم خولەدا كراون، یاخود لە خولی پێشووەوە بۆتان بەجێماوە ؟ رێواز فایەق: خۆی ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە دیوانی پەرلەمانەوە هەیە، بەڵام بەڵێ قەرزەكانمان تەقریبەن لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە، بەپێشبینی خۆم لە خراپترین حاڵەتدا لە (200 ملیۆن) دینار زیاترمان لانەماوە، پێشبینی دەكەم دوای وردبینی ئەو قەرزانە هەر بگاتە (200 ملیۆن)، بەڵێ ئەو قەرزانە لە بازاڕ هێندراون، بەڵام پەیوەندییان بەمنەوە نییە. درەو: باسلەوەدەكرێت داواتان لە حكومەت كردووە قەرزەكانتان بۆ بداتەوە، بەڵام حكومەت رەتیكردوەتەوەو ئێوە بەناچاری خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانتان لە گوندی ئیتالی فرۆشتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ، ئێمە خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان فرۆشتووەو پارەكەیمان داناوە بۆ چاككردنەوەی مەسعەدەكانی پەرلەمان كە وەزعیان زۆر خراپە، بەجۆرێك خراپە كە ئێمە زۆربەی رۆژەكان بە قادرمەكاندا هاتوچۆ دەكەینو هەم پەرلەمانتارانو هەم فەرمانبەرەكانمان وەزعیان خراپە، بەشێكیان هەر ناوێرن مەسعەدەكان بەكاربهێننو دەترسن مەسعەدەكان بكەون. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوە ژوری تایبەت بە خۆتان لەناو پەرلەمان نۆژەنكردوەتەوە، پێشتریش هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ژوری خۆی نۆژەنكردوەتەوە، ئەمە نۆژەنكردنەوانە پێویستن، وا دەرئەكەوێ خولی پێشوو، پەرلەمانیان بە وێرانكراوی بۆ ئێوە بەجێهێشتووە ؟ رێواز فایەق: خۆی عادەتەن كە دەچیتە شوێنێك، دەبێت ئەو شوێنە رێكبخەیتەوە، من نازانم ئەوانەی پێش من بەڕێزیان چییان كردووە، بەڵام ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی من دەزانم ژوری هەموو فراكسیۆنەكان نۆژەنكراونەتەوە، ژوری هەمو لیژنەكان هەر پێداویستییەكیان هەبوبێت بۆیانكراوە، لە پەرلەمان ژوری پرۆتۆكۆڵو كۆبونەوەی فەرمیمان نەبووە، ژورێكی كۆبونەوە دروستكراوە كە نزیكەی شوێنی (54) كەسی تێدا دەبێتەوە، بۆ ئەو حاڵەتانەی كە حكومەت دێن بۆ پەرلەمانی كوردستان، ژورێكی تر بۆ هاتنی میوانانی بیانی ئامادەكراوە هەم بۆ كۆبونەوەو هەم بۆ دانیشتنو تەنانەت نانخواردنیان، پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە سەرۆكایەتییەكانی ئەم هەرێمی كوردستانە، دەبێت لە ئاستی پێویستدا بێت، بەڵێ منیش ژورەكەی خۆم نۆژەنكردوەتەوە، لەبەرئەوەی پێموابوو دەبێت نۆژەنی بكەمەوە، لەو كاتەوە كە كاك عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمان بووە، ئەو ژورە نۆژەن نەكراوەتەوەو پێویستی بەوە بوو نۆژەنبكرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی هەرێمینو میوانمان دێت، بەشێوەیەك بوو كە میوان دەهات من بۆخۆم شەرمم دەكرد لە پەردەو دیوارو دیكۆری ئەو ژورە، چونكە تەسەورناكەم ژوری هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی تر تەنانەت وەزارەتەكانیش بەوشێوەیە بێت. درەو: دوای نۆژەنكردنەوەكە، وێنەكەی كۆچكردووە مستەفا بارزانی لە شوێنی پرۆتۆكۆڵ لابرا، ئەمە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمە بەمەبەست بوو یاخود پەیوەستە بە بڕگەیەكی یاساییەوە ؟ رێواز فایەق: بڕیارێكی تەشریعی هەیە ژمارە (7) ساڵی 1997 لە پەرلەمان دەرچووە بۆ هەڵواسینی وێنەی جەنابی مەرحوم مەلا مستەفا بارزانی، لەو ساڵەوە ئەو وێنەیە لە یەك شوێندا دانراوە، ئەو وێنەیە هەر ماوە، بەڵام من شوێنی پرۆتۆكۆڵو پێشوازیكردنم لەدوای نۆژەنكردنەوەكەوە گۆڕیوە بۆ ئەو شوێنەی كە خۆم بەدڵمە. درەو: ئەو بڕیارەی كە ساڵی 1997 لەبارەی وێنەكەی مستەفا بارزانی دەرچووە بۆ هەموو دامودەزگاكانە یاخود بە تەنیا بۆ پەرلەمانی كوردستانە؟ رێواز فایەق: بەڵێ لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانە. درەو: وەكو بزانن وێنەكە لە هەموو دامودەزگاكانی تریش هەڵواسراوە ؟ رێواز فایەق: لە زۆر دامودەزگا هەڵناواسرێت، تەنانەت لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتیش لە ژوری پێشوازیكردنی میوانەكان هەڵنەواسراوە. درەو: پێشترو دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان (درەو) راپۆرتێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەوەی لە پرۆسەی كڕینی كەلوپەلو ئامادەكردنی خانوو و شوقەی نیشتەجێبوونی دەستەی سەرۆكایەتیو پەرلەمانتاراندا بەهەدەردان كراوەو گومانی گەندەڵی هەیە، بەر لە دەستبەكاربوونی ئێوە ڤالا فەرید لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكهێنا بوو، كاری ئەو لیژنەیە بە كوێ گەیشتووە ؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بەهەدەردانە یان هەر شتێكی تر، پەیوەندی بەوكاتەوە نییە كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەندی بە پێش ئێمەوە هەیە، بەرلەوەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەگوێرەی پەیڕەو سەرۆكی دیوان تا ئەوكاتەی سەرۆك هەڵدەبژێردرێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت، سەرۆكی دیوان لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و شوقەكانی پەرلەمانو كڕینی پێداویستییەكانیان، دوای ئەوەی بەڕێز دكتۆرە ڤالا بووە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەو لیژنەیە هەر لەكارەكانی خۆی بەردەوام بووە، لە نوقتەیەكدا پێیانوابووە بەهەدەردان هەیە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕی 850 ملیۆن دینار لە كڕینی كەلوپەلدا خەرجكراوە، گومانی گەندەڵی لەسەر 450 ملیۆن دیناری هەیە، دەوترێت دەستەی چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لەو گومانانە دەكات، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: نا ئەو بڕە زۆرە نییە، دكتۆرە ڤالا ئەو لیژنەیەی دروستكردووە، ئەو رۆژەی كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان پێی وتم دكتۆرە تكادەكەم كاری ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت، وتم بێگومان بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی لیژنەیەكی قانونییە، ئێمە دەرفەتێكی زۆرماندا بە لیژنەكە ماڵ بە ماڵ، شوقە بە شوقە، واتە 56 خانوو و 56 شوقە ماڵ بە ماڵ گەڕاونو چوون بۆ ماڵی ئەندامی پەرلەمانو بانگیان كردووەو ئەو شتانەی كە بۆی كراوە یەك بە یەك بۆیان خوێندوەتەوەو پێیان وتووە تۆ ئەمەت بۆ كراوە یاخود نا، هەر ئەمە نزیكەی سێ بۆ چوار مانگی پێچوو تا كارەكەیان تەواوكرد. درەو: ئێستا راپۆرتی كۆتایی لەوبارەیەوە گەیشتووە بە ئێوە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ گەیشتووە. درەو: راپۆرتەكە ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت ؟ رێواز فایەق: دوای ئەوە راپۆرتەكە تەواوكرا، هێنرایە بەردەستی ئێمە، لە هەموو جیهاندا كەسێك كە لیژنەیەكی تەحقیقی لەسەر دروستدەكرێت، ئەویش مافی خۆی هەیە وەڵام بداتەوە، واتە مافی بەرگری لەخۆكردن بۆ هەموو كەسێك پارێزراوە، ئێمە بڕیارماندا كۆپییەكی ئەو راپۆرتەی كە لیژنەی وردبینییەكە نوسیویەتی لەسەر لیژنەی كڕینەكە بیاندرێتی بۆ ئەوەی بە نوسین وەڵاممان بدەنەوە، دەرفەتمان پێیانداو وەڵامیان داینەوە، ئێستا ئێمە چی دەكەین. ئەم وەڵامانە بڕگە بە بڕگە بەراورد دەكەین، ئەو حساباتانە دەبەینە وردبینی فەرمی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئەمە حەقی خەڵكی تێدایە، بۆ من ئاسانە بەیانی ئیحالەی محكەمەیان دەكەم، زۆر زۆر ئاسانە تەنیا نوسراوێكە، هیچ لە دۆخی من ناگۆڕێت، بەڵام پارەی خەڵك لە دەرەوە كە پارەی پەردەیە، پارەی قەنەفەیە، پارەی كەلوپەلی كارەباییە، دەبێت تەسفیە بكرێت، خەڵكی كاسب هیچ پەیوەندی بەم كێشەیەوە نییە، وردە وردە ئێمە لە تەسفیەكردنی تەواوەتی نزیكبوینەتەوە، دوای ئەوەش ئێمە هاتووین ئەم راپۆرتەمان داوە بە لیژنەی كاروباری پەرلەمان، كە لیژنەیەكی تایبمەتمەندەو یەكێك لە كارەكانی چاودێریكردنی پەرلەمانە، ئەمە بۆ ئەوەی ئەوانیش قسەی خۆیان بكەن، ئەم لیژنەیە چەند پێشنیاریان بۆ ئێمە كردووە، یەكێكیان ئەوەیە راستەوخۆ رەوانەی دەستەی نەزاهە بكرێت، یەكێكی تریان ئەوەیە لیژنەیەكی ئینزباتی لە پەرلەمان دروستبكرێتو لەناوخۆدا سزا بدرێن. درەو: بەڵام دەوترێت لە دەرەوەی پەرلەمانەوە دەستوەردان كراوەو بەوهۆیەوە رێواز فایەق راپۆرتەكەی راگرتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: ئێمە لای خۆمانەوە بڕیارمانداوە، نە هیچ شتێكی دەرەكی كاریگەری لەسەر من هەیە، نە سازش لەسەر بابەتێك دەكەم كە لەڕووی یاساییەوە بڕوام پێیەتی، نە هیچ كەسێكیش بۆ مفاوەزاتو دانوستانی لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ مندا كردووە، كە پارەی خەڵكی كاسب درایەوەو زانیم كێشەی بازاڕ حەل بوو، دڵنیاتان ئەكەم كە ئەم كەیسە ئیحالە ئەكەین بۆ ئەو شوێنەی كە قانون ئەیخوازێت. درەو: دوای دەستبەكاربونتان بڕیارتاندا بە راگرتنی ئیفادی پەرلەمانتاران، بەمدواییە پەرلەمانتارێك باسی لەوەكرد بڕی (5 هەزار) دۆلارتان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران خەرجكردووە، ئێوە لە راگرتنی ئیفاد پارە دەگەرێننەوەو لە كڕینی ئۆتۆمبیلدا پارەكان دەدەنەوە بە پەرلەمانتاران، ئەمە لەحاڵێكدایە بەپێی گرێبەستی پەرلەمان لەگەڵ كۆمپانیای جیهان دەبێت پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خۆیان بە قیست ئۆتۆمبیل رابكێشن؟ رێواز فایەق: با سەرەتا لە بابەتی ئیفادەوە قسە بكەم، تەبعەن من ئێستا ئیفادم بۆ پەرلەمانتاران كردوەتەوە، بەڵام بەمەرج، مەرجەكە ئەوەیە ئەگەر دەعوەت بویت، مادام دەعوەتیت با ئەو شوێنەی كە دەعوەتی كردویت پارەت بۆ بدات، ئێمە پارەت بۆ نادەین، وە ئەگەر ئێمە خۆمان وەكو پەرلەمانی كوردستان بڕیار ئەدەین وەفدێك بنێرین، خۆمان ئەندامەكانی دیاری دەكەین كێ بچێت بۆ ئەو وەفدە، ئەوكاتە مەسرەفی ئەكەین، دیارە پێویستییەك هەیە بۆیە وەفدێك دەنێرین، وە ئەگەر فراكسیۆنەكانو ئەندامانی پەرلەمانیش دەعوەتی شەخسییان بۆ دێت، ئێمە بەس مۆڵەتیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو چەند رۆژەی كە سەفەر دەكەن غیاب نەدرێن، ئەگەرنا هەموو شتێكیان لەسەر خۆیانە، بابەتی ئەوەش كە قەراردراوە هەر پەرلەمانتارێك (5 هەزار) دۆلاریان پێبدرێت، ئەمە پێش ئێمە كراوە، ئێمە كە هاتین ئەم بڕیارە دراوە، كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان ئەم بڕیارە درابوو، بەشێكی زۆریش لە پەرلەمانتاران وەریانگرتبوو، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە ئەمەوێت باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە ئێمە بە پەرلەمانتارانی خۆمانمان وت، حكومەت چیكرد بۆ وەزیرەكان، ئێمەش ئەوەتان بۆ ئەكەین، ئێمە وامان پێوتن، دوایی بۆمان دەركەوت حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو (لاندكرۆز)ی سفری كڕیوە، راستە ئەوان تائەوكاتەی وەزیر ئەبن ئەو ئۆتۆمبیلانەیان لادەبێتو دواتر ئەیدەنەوە بە حكومەت بۆ وەزیرەكانی دوای خۆیان، بەڵام ئەمە نیگەرانی زۆری لای پەرلەمانتاران دروستكرد، دەمەوێت ئەو ڕاستیەش باس بكەم كە دۆخی هەموپەرلەمانتاران وەك یەك نیە، بەشێك لە پەرلەمانتاران بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسێۆن، چونكە ئەوان نیوەی تەواوی موچەكەیان ئەدەنەوە بە حزبەكانیان، ئەمە حاڵەتێكە كە بەراوردی پەرلەمانتار ئەكەیت لەگەڵ وەزیرێك ناتوانیت بڵێی من هاوكاری ناكەم، لەبەرئەوە بەش بە حاڵی خۆم جگە لەوەی ئەوە جێبەجێكردنی بڕیارێكە كە پێشتر دراوەو جێبەجێ دەكرێت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت من بزانم ئەندامێكی پەرلەمان پێویستی هەیە، شكۆی ئەندامی پەرلەمان دەپارێزم. درەو: دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پەرلەمان بە كوێ گەیشتووە، ئێوە لە سەرەتاوەی هەندێك گۆڕانكاری كاتیتان لە پۆستە ئیدارییەكان كرد، بەڵام دواتر پرۆسەكە راوەستا، ئەمە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانەوە هەیە، بەڵام دەوترێت بەهۆی دۆخی یەكێتی نیشتمانییەوە كە ئێوە لەو حزبەن، دابەشكردنی پۆستەكان راگیراوە ؟ رێواز فایەق: جاری یەكێتی نیشتمانی متمانەی بە ئێمە هەبووە بۆیە لەو پۆستەی داناوین، هەموو ئەو پۆستانەی كە لە پەرلەمان گۆڕانكارییان تیێدا كراوە بۆ خۆم كردومن، هیچ كەسێك لە یەكێتی نیشتمانی بە منی نەوتووە ئەم پۆستە بدە بەكێ یاخود مەیدە، كەس تەدەخول لەم ئیشانەدا ناكات، من تەكەتولچی نیم لەو بابەتانەدا، راگرتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە هەندێك شوێن پێوستی بە ئاڵوگۆڕ نییە، خۆی ئەو كەسەی كە لەو شوێنەدایە كەسێكە كە موەفەقە یاخود ماوەیەكی زۆر نییە لەو شوێنەدایە، حەقیقەتێكیش هەیە ئەبێت باسی بكەین كە ئەوەش ئەوەیە لە خولی پێشوودا برای بەڕێزمان كاك دكتۆر یوسف سەرۆكی پەرلەمان بووە بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی كە وەرگیرانەوەو گۆڕان وەریانگرت لە یەكێتی وەرگیرانەوە نەك لە پارتی، واتە لەناو پەرلەماندا كە گۆڕان هاتو كاك یوسف بوو بە سەرۆكی پەرلەمان تەنانەت یەك پۆستیشی لە پارتی وەرنەگرتەوەو بیدات بە گۆڕان، هەموو ئەو پۆستانەی كە دابووی بە گۆڕان لە یەكێتی وەرگرتەوە. درەو: ئەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەكەن ؟ رێواز فایەق: سێ بەڕێوەبەرایەتی لەناو پەرلەمانی كوردستان هەیە كە بریتین لە كارگێڕیو دارایی، كاروباری پەرلەمانو لیژنەكان لەگەڵ راگەیاندنو پەیوەندییەكان، كارگێڕیو دارایی لای پارتییە، كاروباری پەرلەمان من خۆم ئیختیارم كردووە لەبەرئەوەی زۆر زۆر پێویستم پێیەتی لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە، ئەوە لای ئێمەیە، راگەیاندنو پەیوەندییەكانیشمان دابوو بە فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام ئەوان خۆیان رەتیانكردەوەو وتیان ئێمە ئەوەمان ناوێت بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاك عەلی حەمەساڵحی بانگكردبوو بۆ ئەوەی كەسێك دیاری بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، وتویەتی ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان ناوێت، بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، لەوحاڵەتەدا پارتی بۆ خۆی وەریگرتەوەو بەشی خزمەتگوزاری كە لای ئەوان بوو دایان بە گۆڕان. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەییان لە ئەدای كاركردنی ئێوە هەیە تەنانەت لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی خۆتان (فراكسیۆنی یەكێتی) دەڵێن رێواز فایەق پرۆتۆكۆڵ پێشێلدەكاتو دەچێتە ژوری هێمن هەورامی، لەكاتێكدا هیچ كاتێك لە پەرلەمان روینەداوە سەرۆك بچێت بۆلای جێگرەكەی، هەمیشە جێگر چووە بۆلای سەرۆك ؟ رێواز فایەق: جاری ئەمە پێشێلكردنی پرۆتۆكۆڵ نییە، هیچ شتێك لەناو پرۆتۆكۆڵدا نییە بڵێ كێ نابێت بچێت بۆلای كێ، بۆ نمونە رەنگە نەخۆش بێت پێویست بكات من بچم سەری لێبدەم، من ئەچمە ژوری مونا خانیش، سەرۆك پەرلەمانەكانی پێش منیش ئەوەیان كردووە، با كەس ئەو رمڵە لێنەدات، من خۆم سەرۆكی پەرلەمانم لە ژووری جێگردا بینیوە، من بەدیاریكراوی ئەزانم چەندجار چووم بۆ ژورەكەی كاك هێمنو جاری تریش ئەچم، بەڵام بەبەردەوامی ئەو دێتە ژورەكەی من بۆ ئەوەی كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەین، جارێك نەخۆش بوو، عەمەلیاتێكی كردبوو، هاتبووەوە، چووم بۆ لای، جارێكی تر كۆبونەوەیەكمان هەبوو لەسەر دانانی قانونێك بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ژورەكەی مندا مێزێكی وا نەبوو، ئەوكات من ژورەكەم نۆژەن نەكردبووەوە، نزیكەی هەشت كەس بوین چوین لە ژورەكەی ئەو كۆبونەوەكە بكەین، جارێكی تر كە سەفەرم كرد چووم بۆ ژورەكەیو پێم وت من ئەڕۆم ئەمانەتی تۆو ئێرە، ئەوە سێجار، بەدیاریكراوە رەنگە چوار بۆ پێنج جار چوبم، بەڵام ئەو رەنگە سی جار هاتبێت، لەبەرئەوە من جاری تریش دەچمو ئەویش دێتو ئەوەش پەیوەندی بە پرۆتۆكۆڵەوە نییە. درەو: لەسەر ئەوەش قسە هەیە گوایە سەرۆكی حكومەت ئێوە بانگ دەكات بۆ كۆبونەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو دەبێت ئێوە ئەو بانگ بكەن ؟ رێواز فایەق: سەرۆكی حكومەت منی بانگ نەكردووە بۆ كۆبونەوە، من داوای كۆبونەوەم كردووە لە سەرۆكایەتی حكومەت، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئەو قسەیە دەكەن، ئەوان بە ئێمەیان وتو فشارێكی زۆر زۆریان كرد كە نایانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی گرێبەست بێت، ئەیانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی هەمیشەیی بێت، ئەوەی كە ئێمە مانگانە حكومەت پارەمان بۆ ئەنێرێت بەلای منەوە زۆر ئیستفزازییەو زور پێی ناڕەحەتم، ئەسڵ ئەوەیە قانونی بودجە لە پەرلەمانی كوردستان هەبێتو ئێمە بەشی خۆمان دیاریكراو بێتو ئەنجومەنی دادوەری بەشی خۆی دیاریكراو بێتو مانگانە بچێتەسەر حسابەكەی بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئێمە بچن بە وەزیری دارایی بڵێین كەی موازەنەكەمان دێت، ئەمە كێشەی دووەممان بوو، موشكیلەی سێیەم لە خولەكانی پێشوودا بەردەوام ئەو كێشەیە هەبوو كە پێویستی ئەكرد وەزیرێك بێت بۆ پەرلەمان بەتایبەتی لە خولی پێشوو، وەزیرەكە نەئەهات بۆ پەرلەمان، ئەمە كێشەیەكی تر بوو، كێشەی چوارەم ئەوە بوو ئەمانویست لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەت لە داهاتوودا بەرچاوڕونییەكی زیاترمان هەبێت، لەوەی كە پێشتر هەبووە، ئێمە داوامانكرد بچین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ حكومەت، جیاوازی چونەكەی من لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆم چییە، ئەوانەی پێش منیش چوون، بەڵام ئەوان نەیانهێشتووە ئیعلام بزانێت هەر (200 مەتر)ەكەی بەینی خۆمانیان بڕیوەو چونەتە ئەودیو و كۆبوونەتەوە، دەیان جار كۆبونەتەوە، بەڵام من ژنێكی ترسنۆك نیم، هیچ شتێكیش بەدزییەوە ناكەم، كاردانەوەكان چییە زۆر بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر خۆم باوەڕم بەخۆم بوو، من ئەو كەسەم كە خۆم هەم، ئێمە داوای كۆبونەوەمان كردبوو، ئەوان داوای كۆبونەوەیان نەكردبوو، بە سوپاسەوە چوین لەوێ دانیشتین بە یەكەوە، ئەو بابەتانەمان لەگەڵ باسكردن كە ئێمە دەمانەوێت قانونێكی خۆمانمان هەبێت لە پەرلەمان، ئەم حاڵەتە ئێمە پێی ناڕەحەتین كە دەبێت لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكەین، وە دەمانەوێت قانونی بودجە بێتە پەرلەمان، وە دەمانەوێت پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت، چونكە ئێمە لە دۆڵێك نینو ئێوەش لە دۆڵێك، ئەو بەڕێزانەی كە لە سەرۆكایەتی حكومەت كە لەگەڵ ئێمە دانیشتن لە هەمان ئەو حزبانەن كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان پێكهێناوە، ئێمە هیچ گرێ و كینەیەكمان نیە بەرامبەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمەكەمان...چووینە سەرۆكایەتی هەرێمیش، بڕیاربوو بچینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریش بەڵام ئەوان لوتفیان كرد و هاتن.. درەو: ئێوە لەبەرنامەتاندایە هاوكات لەگەڵ بانگهێشتكردنی وەزیرەكان، سەرۆكی حكومەتیش بانگ بكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن پرسیارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت دەكەن، وەڵامەكە دێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی نایداتەوە بە پەرلەمانتاران؟ رێواز فایەق: هیچ كەسێك موقەدەس نیە، هیچ كەسێك ئەوەندە مەحسونو پارێزراو نیە كە پێویستبكات ئێمە بیپارێزین، پێموایە ئەو حكومەتە پەرلەمان دەنگی پێداوە، بە یاساو بە پەیڕەو لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیر ئەبێت پابەندی پرۆسەی چاودێری بن لە پەرلەمانی كوردستان، من بڕوام بەوە نیە هەموو كارەكان لەدەستی خۆمدا بێتو خەڵكی تر كاری لەبەر دەستدا نەبێت، لەسەرتای دەستبەكاربوونمدا هاتم بە نوسراوێكی فەرمی مەسەلەی ئاڕاستەكردنی پرسیارو گێرانەوەی وەڵامی پرسیار بۆ پەرلەمانتاران، لەبەرئەوەی لەڕێگەی وەزیری هەرێمەوەیە بۆ كاروباری پەرلەمان، دام بە موناخان سكرتێری پەرلەمان، بابەتی لیژنەكان كە لەپەیڕەودا جێگر بۆی هەیە چاودێری كاروبارەكان بكاتو سەرپەرشتیان بكات، لەگەڵ نوسراوی نوسینگەكانو فراكسیۆنەكانیش واژووكردنو ئاڕاستەكردنیم داوە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بابەتی پرسیار بەتەواوی لای سكرتێری پەرلەمانە. ئێمە دوایین ئامارمان بۆ هاتوەتەوە، پێشتر (155) پرسیاری وەڵامنەدراوەمان هەبوو، ئێمە لەناو پەرلەمان بە سكرتێری پەرلەمانمان وت نوسراوی جەختكردنەوە بۆ حكومەت بكە، نوسراوی جەختكردنەوەی كردووە، ئێستا (39) پرسیار ماوە وەڵامنەدراوەتەوە، هەر لە دوایین كۆبونەوەدا كە 30/1/2020 بوو، پێمان وت نوسراوێكی تر بكە بۆ ئەو (39) پرسیارە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن ئەگەر بزانن وەزیرێك خۆی لە پرسیار دەدزێتەوە بچن بۆ پرۆسەی پرساندن (استجواب)، چی رێی لێگرتوون، چەندینجاریش من لە هۆڵی كۆبونەوە جەختمكردوەتەوە، ئەگەر وەزیر یان حكومەت خۆی دەدزێتەوە لە پرسیارەكانتان، بڕۆن بۆ پرۆسەی پرساندن، داوای پرساندنی ئەو وەزیرە بكەن كە وەڵامناداتەوە، بەڵام قسەكردن لەسەر ئەوەی وەڵامی پرسیارێك لەلای سكرتێری پەرلەمان مابێتو وەڵامی نەدابنەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانە كێیە كە وا دەڵێت من سێشەممە چاوەڕێی دەكەم با بڵێت فڵان پرسیارم وەڵامدراوەتەوەو سكرتێری پەرلەمان وەڵامەكەی نەداومەتەوە، ئەوكات بزانێت هەڵوێستی من چی دەبێت، بەڵام بە وتی وتی نابێت. كاك قوباد گەورەترین كەسی یەكێتییە لەناو حكومەتدا، لە كاك قوبادەوە بۆ دوا وەزیرەكانی یەكێتی پارێزراو نین، ئەمە ئەگەر وەكو حزبییەك قسە بكەم، وەكو سەرۆكی پەرلەمانیش هیچ كەسێك پارێزراو نیە، لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیرو ئامادەش نیم هیچ كەسێك بپارێزم ئەگەر زانیم ئەو كەسە موخالەفەی یاسایی هەیە. درەو: ئێستا چوار فراكسیۆن هەن كە لەناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی) وەكو سەرۆكی پەرلەمان ئەدای پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئۆپۆزسیۆن هیچ كێشەیەكی بۆ ئێوە دروستكردووە؟ رێواز فایەق: هیچ كێشەیەكیان بۆ ئێمە دروست نەكردووە، هیچ كێشەیەكمان نیە، خۆی من پێموایە ئەوكاتەی كە بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسێۆن بوو، كاری ئۆپۆزسێۆن لەناو پەرلەمان بەڕوونی دەركەوت،من پێم وایە باشترین فراكسێۆنی ئۆپۆزسێۆن لە ئێستادا فراكسیۆنی یەكگرتووە،چونكە بەدواداچوون دەكەن، ڕەخنەدەگرن، بیرۆكە و چارەسەریش پێشكەش دەكەن) درەو: بەمدواییە لەگەڵ هێمن هەورامی جێگرت بە بەیاننامە قسەتان لەگەڵ یەكتر دەكرد، لەدەرەوە وا دەردەكەوێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوە دابەشبووەو هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانتان نەماوە، ناكۆكییەكانی ئەمدواییە پەیوەندی بە چییەوە هەیە ؟ رێواز فایەق: لەڕاستیدا بەرلەوەی بە بەیاننامە قسەبكەین ئێمە بە نامەو تەلەفۆن قسەمان دەكرد بەیەكەوە، خۆی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان راگەیاندن سەربە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، ئێمە هەرسێكمان دەتوانین بابەتو هەواڵ بڵاوبكەینەوە لەناو ماڵپەرەكە، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەر هەموویان دەتوانن شت بڵاوبكەنەوە لەناو ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم كەیسە كەیسێكی تایبەتە (كەیسی مەجید ئیبراهیم)، هەندێك هەستیاری هەیە، لەڕاستیدا ئێمە لەپەرلەمان بۆمان نیە لیژنەی تەحقیقی دروست بكەینو هیچ بابەتێك یەكلایی بكەینەوە، بۆ نمونە بڵێین فلان كەس خۆی كوشتووە یان كوژراوە، بۆ نمونە بشوترایە كوژراوە هەر هەڵەبوو، لیژنەكە ئیمزایان لەسەر كۆنوسی ئامادەبوون كردووە، لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنەیەك كۆدەبێتەوە دوو جۆر ئیمزا هەیە، ئیمزایەكیان كۆنوسی ئامادەبوونەكەیە، هەموان ئیمزای دەكەن، ئیمزایەكی تریان ئیمزایە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو شتەی كە بڕیاری لەسەر ئەدرێت، ئەوەی ئەو رۆژە كراوە هەمووان ئیمزایان كردووە لەسەر ئەوەی ئەو رۆژە لە كۆبونەوە ئامادەبوون، بۆخۆم من پێموابوو بۆخۆی زوو بوو، چونكە كۆبونەوەی لیژنەكە لەم هەفتەیەدایە، دووەم، من پێموابوو زەرور نیە سایتی پەرلەمانی كوردستان ئەمە بڵاوبكاتەوە، سێیەم، ئەم بابەتە مادام بابەتێكی هەستیارە ئەبوو بەیەكەوە دابنیشین، راستە لیژنە هەواڵەكەیان هێناوە، بەڵام بەیەكەوە دابنیشینو سیاغەی هەواڵەكە بەشێوەیەك بكەین كە هەم میدیا هەم رایگشتی بە ئاڕاستەیەك نەبات، بۆ نمونە ئێوە (درەو) نوسیبوتان بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان، مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی كوشتووە، لەكاتێكدا ئەمە كاری پەرلەمانی كوردستان نیە باس لەوە بكات، ئەوە دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە، كێ كێی كوشتووە، من ئەزمونم زیاترە، ئەگەر ئەو هەواڵەم ببینیایە پێش ئەوەی بڵاوببێتەوە نەمئەهێشت بەوشێوەیە بڵاوببێتەوە كە لەلای رایگشتیو ئیعلام شتێك دروست ببێت كە پەرلەمان كەیسەكەی یەكلاییكردوەتەوە، لە كاتێكدا ئیشی پەرلەمان نیە كەیس یەكلایی بكاتەوە، ئیشی دادگایە یەكلایی بكاتەوە. درەو: پێشتریش لەسەر كەیسێكی تر كە دۆسیەی پێوەرەكانی ئاو بوو بەهەمان شێوە كێشە لەسەر راپۆرتەكە دروستبوو، دەوترێت پەرلەمانتارێكی پارتی ئەو كارانە دەكات ؟ رێواز فایەق: من نەمزانی بوو كە بۆ پێوەرەكانی ئاویش هەر هەمان پەرلەمانتار هەمان هەواڵی ئامادەكردووەو بەناوی هاوڕێكانییەوە بردویەتی بۆ سایتی پەرلەمانو دوایی رێگەی لێگیراوە، دوای ئەوەی ئەمە رویدا ئینجا بە منیان وت ئەم حاڵەتە رویداوە، چونكە لیژنەكان پەیوەندی بە جێگرەوە هەیە، تایبەتمەندی جێگرە ئەو كێشانەی لە لیژنەكان دروست دەبێت ئەگەر خۆیان نەیەن بۆ منی باس بكەن، لەڕاستیدا نایزانم بەدواشیدا ناگەڕێم، چونكە ئەوەندە فزوڵی نیم، بەڵام دەڵێن هەر هەمان پەرلەمانتار بووە، ئەبێ تەحقیق بكەم بزانم وایە، هەر هەمان پەرلەمانتار هەر بە هەمان شێوە هەواڵی ئامادەكردووە، بەهەمان شێوە شتێكی بەناوی كۆی پەرلەمانتارانەوە ئامادەكردووە، كە رەئی هەموویانی لەسەر نەبووە، بەڵام دڵنیانیم لێی تاوەكو تەحقیقی تێدا نەكەم، نازانم با تەحقیق بكەم، بزانم هەمان پەرلەمانتار هەمان تەسەروفی جارێكی تریش كردووە، ئەو كاتە قسەی خۆم دەبێت. درەو: یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان بەوشێوەیە تێپەڕی ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە بەڕێژەیەك موچە خانەنشین دەبن، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: من بڕوا ناكەم ئەو یاسایە، ئەو بەشەی پەیوەندی بە خانەنشینیەوە هەیە جێبەجێبكرێت، چونكە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی كوردستان دەردەچێت، ئەوكاتە حكومەت ئامادەی دەكات، دوێنی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەگەڵ من كرد كە پرۆسەی نوسینەوە دەستیپێكردووە، واتا پرۆسەی دانانی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، كە هەموو خەڵك بەیەك پێوەر خانەنشین دەبن. من داوام كرد ئەو مادەیە لاببەین لەو یاسایە، چونكە ئەو یاسایە شتی زۆر باشی تێدایە، مادام یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو دێتو پەرلەمانتار جارێ سێ ساڵی ماوە بۆ ئەوەی خانەنشین ببێت، وەزیر سێ ساڵی ماوە بۆ خانەنشینی، قەیچێكە ئەم شەش مانگەش با چاوەڕێ بكەین تا یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دێت، بەڵام بۆچونێكی تر هەبوو وتیان ئەگەر لای بدەین رایگشتی دەڵێن ئەو مادەیەی پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبوو لایان برد. بۆچونی من بە شەخسی باسی دەكەم ئەوەی بە (2.5) كەڕەتی خزمەتی ساڵانە هەرچی بێت بۆ من یەك شت دەكات، چونكە من تا تەواو دەبم دەبێت بە (27) ساڵ خزمەتو دكتۆراشم هەیە بۆ خۆم بەشەخسی، لەڕاستیدا من حەزم دەكرد ئەوەی عێراق جێبەجێبكرێت، ئەوەی عێراق وەكو خۆی واتا یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارەی (9)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بەركار بكەین، بۆ فەرمانبەریشو بۆ پەرلەمانتاریشو بۆ حاكمیش، كە دادپەوەری زیاتری تێدایە، كە ئەوە نەبوو بەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هەر (111) پەرلەمانتارەكە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەی خانەنشینیانە، بەڵام بیهێننە پێش چاوی خۆتان (78) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رازی بوون بەوەی دەنگ بدەن نزیكەی (4 ملیۆن) دینار لە موچەكەیان كەمببێتەوە، خەڵك وا تێگەیشت كە ئێمە یاسای خانەنشینی بۆ پەرلەمانتار دادەنێین، وانەبوو، یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار هەیە هەر پەرلەمانتارێك هەر وەزیرێك (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەیەتی، كە یاسای چاكسازی دێت، پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی تێدا نیە، خۆی دەستبەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی موچەكەی لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە كەمبكرێتەوە بۆ (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینار هێشتا قسەی پێدەوترێت، ئەمە حاڵەتە ناسروشتییەكەیە، لەوێ هیچ مەرجێك نیە. درەو: بەشێكی پەیوەندی بە هەڵاو موزایەدەی پەرلەمانتاران خۆیانەوە نەبوو، بەتایبەت ئێستا فۆرمێك هەیە كە پەرلەمانتاران پڕی دەكەنەوەو بەوەی خانەنشینی وەرناگرن؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر گرنگەو جەدەلێكی یاسایی زۆر گەورەشی لەسەرە، حەق پێش ئەوەی دروست ببێت چۆن تەنازولی لێدەكەیت، مافی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم هێشتا دروست نەبووە، چۆن تەنازولی لێدەكەیت، ئەمە قسەیەكە، جەدەلێكە دەوترێت كە تەنازولكردن لە مافێك كە دروست نەبووە یاسایی نیە، ئەم جەدەلە بەچی چارەسەر كرا، ئەی بۆ ئاساییە بۆ نمونە منو تۆ كە رێككەوتنێك دەكەین، (عەقد شەریعەتی موتەعاقدین لە نێوان منو تۆدا) ئەڵێت من بەرپرسیار نیم لەهیچ زیانێك تۆش دەڵێیت من تەنازول دەكەم لە تەعویز، خۆ هێشتا مافی تەعویزت نیە تا تەنازولی بۆ بكەیت، بەراورد كرا بەوە. بەشێك لە پەرلەمانتاران وتیان مادام هەندێك لە پەرلەمانتاران ئەڵێن نامانەوێت ئەبێت مادەیەك دابنرێت لە یاساكەدا كە مادەكە دێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر لە هۆڵی پەرلەمان دەنگی هێنا ناتوانم هیچ رێگریەك لەمە بكەم. درەو: تۆ خۆت لەگەڵ ئەو مادەیە بوویت یان نا؟ رێواز فایەق: من لەگەڵ ئەو مادەیە نیم لەو مونتەڵەقەی كە یاسا چارەسەری ئەوەی كردووە، ئەوەی كە تەمەنی (63) ساڵ نیە ئیجبار نیە خانەنشین ببێت، ئازادە، ئەمە بۆ فەرمانبەر وایە، بۆ حاكمێكو بۆ ئێمە وایە، بۆ هەمو كەسێك (45) ساڵ ئەتوانێت بچێتەوە سەر وەزیفەكەی خۆی، بەڵام كە هێنایان وتم بە ئارزەووی خۆتان با تێیدا بێت، ئێستاش لەدوای بەركاربوونی یاساكە كە (30) رۆژەكە دەستی پێكرد، دیوانی پەرلەمانی كوردستان، بەرەسمی ئیعلانی كرد ئەڵێت ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ئەو (30) رۆژەیە كە یاسای دایناوە، ئەندامانی پەرلەمان بێن فۆرمەكە پڕبكەنەوە. درەو: ئەو پەرلەمانتارانەی فۆرمەكەیان پڕكردوەتەوە، ئیتر خانەنشینی ننایانگرێتەوە؟ رێواز فایەق: ئەو فۆرمە ئێستا ئەرزشی یاسایی نیە، بەڵام ئێمە ئیعلانی ئەكەین بە رەسمی، كە یاساكە بەركاربوو چووە بواری جێبەجێكردن، دەڵێت ئەمڕۆ ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات كە بڕگەی (4)ی مادەی (7)دا هاتووە، ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەیەوێت خانەنشینی وەرنەگرێت ئەچێت فۆرمەكە پڕ دەكاتەوە، كە (30) رۆژەكە تەواو بوو هەر دیوانی پەرلەمان ئەڵێت ئەو (30) رۆژە تەواو بوو كە یاسا داینابوو بۆ تەنازولكردن لە مافی خانەنشینیو ئەم پەرلەمانتارە بەرێزانەی خوارەوە خانەنشینیان رەتكردوەتەوە، ئێمەش بە نوسراوێكی رەسمی دەینێرین بۆ بەڕێوەبەرێتی خانەنشنینیو دەڵێین لەدوای كۆتایهاتنی ئەم خولە، ئەم پەرلەمانتارانە مامەڵەی یاساییان بۆ خانەنشینی بۆ ناكرێت، بەڵام بڕوای خۆمتان پێ بڵێم ئەو ژمارەیەی كە ئیعلانیان كردبوو كەمدەبێتەوە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارو راوێژكاری پەرلەمان هەن كە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتارییاندا دەخوێنن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەپێدراو نییە پەرلەمانتار جگە لە كارەكەی هیچ ئەركێكی تر لەئەستۆ بگرێت، قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: هیچ پەرلەمانتارێك بەرەسمی نەهاتووە، داوای مۆڵەت لە ئێمە بكات بۆ ئەوەی بچێت بخوێنێت، ئەو تەعلیماتەی كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت بۆ خوێندنی ماستەر، ئەبێت تەفەروغی تەواو بكات، ئەمەش بۆ ئەندامی پەرلەمان نابێت، چونكە كاری پەرلەمانتار فەرمانبەر نیەو نوێنەرایەتییەو بۆ (4) ساڵەو دەبێت چوار ساڵەكەی خۆی تەواو بكات، لەبەرئەوەی هەر ئەندامێكی بەڕێزی پەرلەمان بێت بۆلای ئێمە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بۆ خوێندنی ماستەر نایدەینێ، ئەگەر مۆڵەتی نەبێتو بخوێنێت ئەوكاتە بڕوانامەكەی ئەهێنێتەوە وەزارەت خوێندنی باڵا بەرپرسە لەوەی بۆی تەعدیل نەكاتو بۆی ئەژمار ناكرێت، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ غیابو مۆڵەتی دانیشتنەكانی پەرلەمانو لیژنەكانی پەرلەمان لەمەوداو دوای ئەوەی ئیعلانمان كردووە، رێوشوێنی یاساییو پەیڕەویی دەكەین لەگەڵ غیاباتیش. درەو: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلەی خوێندنتان بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرزكرایەوە، ئێوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی خوێندندان ؟ رێواز فایەق: ئەزانن كە من پێش ئەوەی لە خولی پێشو ببم بە ئەندامی پەرلەمان،ئەندامی دەستەی ئەندامی دەستەی وانەبێژی بووم لە زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی، لەمادەی (44) لەناو یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا دوو بڕگە هەیە، لە بڕگەیەكیاندا ئەڵێت هەركەسێك ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە بێت، تەنانەت دوای خانەنشینبوونیش یان گواستنەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەر فەرمانگەو دامودەزگایەكی تر، مافی ئەوەی هەیە پلە زانستییەكەی بەرزبكرێتەوە، ئەگەر مەرجی تێدا بوو، بەبێ وانە وتنەوە. من دكتۆراكەم تەواوكردووە نازناوی زانستیم هەبووە، كە بووم بە ئەندامی پەرلەمان، مودەریس بووم، دەستمكرد بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانم، هەلومەرجەكە وابوو كە لەساڵی 2015 دەرگای پەرلەمانی كوردستان داخرا، خەڵك ئەگەر بە شتی ترەوە سەرقاڵ بوبێت من سەرقاڵی لێكۆڵینەوەكانم بوومو لێكۆڵێنەوەكانم تەواوكرد. ئەو سێ لێكۆڵینەوەی من نوسیومە بۆ ئەوەی نازناوی زانستی پێوەرگرم، یەكەم كەسم لەسەر ئاستی عێراقو هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو سێ بابەتەم نوسیوە، لە ۳ گۆڤاری زانستی باوەڕپێكراویش بڵاوكراونەتەوە،هەركەس بیەوی بە سێرچی گۆگڵ دەیاندۆزێتەوە، لەناو گۆگڵیش هەیە بڵاوكراوەتەوە، ئەگەر كەسێك خۆی بە خاوەنی حەرفێكی ئەو لێكۆڵینەوەیەی من بزانێت، تەحەمولی ئەنجامەكەی دەكەم. درەو: لێكۆڵینەوەكانت لەسەر چ بابەتێكن ؟ رێواز فایەق: یەكەمیان باسی (نیزامی خاوەندارێتی نەوتو ئوسوڵی نەوتیی) دەكات، لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە لەنێوان یاسای عێراقیو یاسای ئەمریكی، لە ئەمریكا ئەگەر من پارچەیەك زەویم هەبێت بەناوی خۆمەوە بێت نەوتی تێدا بێت، خۆم ئەتوانم كۆمپانیا بێنم، بەڵام لە عێراق نیزامەكە جیاوازە، ئەگەر هاوڵاتیەك لە زەویەكەیدا نەوت بدۆزرێتەوە ئەبێت بڕوات تەعویز دەكرێتەوە، دەوڵەت بۆی هەیە كۆمپانیا بهێنێت، راكێشانی بۆری نەوت لە شوێنێك بۆ شوێنێك لە نیزامی ئەمریكیدا مانگانە دەبێت پارەی بدەیتێ لەبەرئەوەی بەناو زەویەكەیدا بردوتە، بە بەردەوامی وەكو موڵكێكی ئەو وایە كە بەكرێت گرتبێت، بەڵام لە عێراقدا كە زەوی هاوڵاتییەك بۆریەكی نەوتی پێدا دەڕەوات، یەكجار تەعویزیەكی دەدرێتیێو تەواو، تەحەدا دەكەم لەهەموو عێراقو هەرێمی كوردستانیشدا یەك كەس ئەم كارەی كردبێت. دووەم: لەسەر نیزامی تەئمین (دڵنیایی) نوسیوەمە، تەئمین لەسەر ئەو مەترسیانەی كە بەهۆی پیشەسازی نەوتییەوە ئەكەونەوە، بەڵام بەراوردمكردووە لەنێوان عێراقو نەرویجدا، لەوێ كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چینو لێرە كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چین، چەند جیاوازن؟ لێرە شۆفێری تەنكەرێك كە بە تەنكەرەكەیەوە دەسوتێت پێشتر (12) ملیۆن دینار حەقی پارەی تەنكەری نەوتەكەشی داناوە، لەوێ چۆن تەعویز دەكرێتەوە، بە ملیۆن دۆلار تەعویز دەكرێتەوە. خەڵكی تر لەسەر بواری گشتی نەوتی نوسیوە، من لەسەر بواری تایبەتی نەوتم نوسیوە، بۆ نمونە تەعویز بەهۆی تەئمینەوەیە (دڵنیایی)، تەعویز یەكێكە لەوانەی لە یاسای مەدەنیدا هەیە، خاوەندارێتی لە یاسای مەدەنیدا هەیە. سێیەم: بیرتانە كاك نێچیرڤان بارزانی دەیوت كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی دادەمەزرێنین خەڵك دەكەینە خاوەنی پشك، ئێستا ئارامكۆ بەشێك لە پشكەكانی دەفرۆشێت لەكاتێكدا كۆمپانیایەكی نیشتمانییە، من لەسەر ئەوەم نوسیوە كە (كۆمپانیایەكی نیشتمانی چۆن لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت پشكەكانی بفرۆشێت بە هاوڵاتی ئاسایی) لە یاسای نەوتی ژمارە (22)ی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 رێگەی بەوەداوە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێمی كوردستان پشكەكانی بە خەڵك بفرۆشێت، كێ لەسەر ئەمانەی نوسیوە با بێت بڵێت وشەم لەسەری نوسیوە، لەبەر ئەوەی من (ئیستحقاقی) خۆم وەرگرتووە، من بۆم نیە راستەوخۆ پێشكەشی زانكۆكەی خۆمی بكەم، دەبێت مامەڵەكەم راستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەم، چونكە ئێستا من لەناو دەستەی وانەبێژیدا نەماوم، ئەوان بە رۆڵی خۆیان ئاڕاستەی زانكۆكەی منی دەكەنەوە بزانن من لەوێ مودەڕیس بووم، چیم كردووە چیم نەكردووە، ئەم بەڕێزانە لەوێ رێوشوێنەكانی یاسایی چیە، تەبعەن لەوێ خەڵكی یاسایی لێ نییە، ئەوانیش ئاڕاستەی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانیان كردوەتەوە، بۆ دانانی لیژنە، من ئەگەر یەك تۆز ترسم هەبوایە لەڕووی یاسایی، لەڕووی ئیجرائی، ئەو كارەی من كێشەیەكی تێدایە، جورئەتم نەدەكرد بڵاوی بكەمەوە، من فەخری پێوە دەكەم، وە دەستم كردووە بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانی پرۆفیسۆریو ئینشەڵا لە ئایندەیەكی نزیك لەوەختی خۆمدا دەبم بە پرۆفیسۆر.
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف كۆمپانیایەك كە رێژەی 40%ی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆری لە چەمچەماڵ بۆ دەرچووە، بەڵام هێزێكی چەكدار رێگری دەكات لەوەی كارەكەی بكات، ئەمە بووە بە هەڕەشە لەسەر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی غازی ماڵان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، كێشەكە پەیوەندی بە ململانێی گرێبەستی گواستنەوەی غازەوە هەیە لەنێوان هەندێك بەرپرسی باڵای یەكێتیداو قەیرانی غازی ماڵانی لە هەولێرو سلێمانیو دهۆك دروستكردووە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. قەیرانی غاز لەپاڵ قەیرانی كەمی كارەباو سوتەمەنی، چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی غازی ماڵان دروستبووە، حكومەتی هەرێم دەڵێ: كۆمپانیایەك گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی لە كێڵگەی كۆرمۆر قۆرخكردووە، كابینەی نۆیەمی حكومەت دوای ئەوەی دەستبەكاربووە، گرێبەستەكەی لەو كۆمپانیایە وەرگرتووەتەوەو داویەتی بە كۆمپانیایەكی تر، ئەمە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی غازە. قەیرانێكی سەرتاسەری حكومەتی هەرێم باسلەوەدەكات، كێشەی كەمی غاز لە پارێزگای هەولێرو دهۆك هەیەو لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە گازی پێویست بۆ ئەو دوو پارێزگایە نانێردرێت. بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو)، كێشە پارێزگای سلێمانیشی گرتوەتەوە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك گازفرۆشەوە كرد لە سلێمانی، باسیان لەوەكرد، ئەوانیش غازیان دەستناكەوێتو رێژەیەكی كەم لە كارگەكان هەیەو قەیران دروستبووە. سەرچاوەی كێشەكە بەپێی قسەی حكومەت، كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) سەرچاوەی ئەو كێشەیەیە كە لەبارەی دابینكردنی غازی پێویست بۆ هاوڵاتیان دروستبووە. كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لە ساڵی 2004 لە هەرێمی كوردستان دروستكراوە، كۆمپانیایەكی تایبەتە بە (كڕین، گواستنەوە، هەناردەكردنو هاوردەكردنی) سوتەمەنی. ئەم كۆمپانیایە لە مانگی ئازاری ساڵی 2015وە لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی غازی كۆرمۆری بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز) ئیمزاكردووە. بەگوێرەی قسەی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رۆژی 1/1/2020 گرێبەستەكەی كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لەگەڵ كۆمپانیای (دانە غاز) تەواوبووەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ماوەی یەك مانگ وادەی كاركردنی بۆ درێژكردوەتەوە تاوەكو كارەكانی رادەستی ئەو كۆمپانیا نوێیە بكات كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كردووە. ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە كارەكەی گرتوەتەدەست ناوی (سورگاز)ە، ئەم كۆمپانیایە دوێنێ بەفەرمی دەستبەكاربووە، خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (شێخ بەكر)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) شەوی هەینی، ژمارەیەك چەكدار كە جلوبەرگی فەرمییان لەبەردابووە، چونەتەسەر ماڵی شێخ بەكرو رفاندویانەو لێیانداوەو دواتر ئازادیان كردووە. بەرەبەیانی دەستبەكاربوونی كۆمپانیا نوێیەكە لەناو كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەم، ژمارەیەك چەكدار رێگرییان لەوە كردووە كۆمپانیاكە بەتانكەر غاز بگوازێتەوە. قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) تۆمەتبار دەكات بەوەی، پاڵپشتی سەربازی هەیەو رێگری لەوەدەكات غاز بۆ شارەكانی كوردستان بگوازرێتەوە. كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) وتەبێژی فەرمی نییە، بەڵام یەكێك لە بەرپرسەكانی كۆمپانیاكە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەوەی رویداوە هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمپانیاكەی ئەوانەوە نییە. بەرپرسەكەی كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار وتی:" گرێبەستی ئێمە كۆتایی هاتووەو كارەكە دراوە بۆ كۆمپانیایەكی تر، ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە دەستبەكاربووە بوتڵی پێوستو پارەی پێشەكی ئامادەی نەبووە، بۆیە ماوەی مانگێك كاركردنی ئێمە درێژكرایەوە، بەڵام ئێستا ئیتر كارمان تەواوبووەو هیچ پەیوەندییەكمان بەو چەكدارانەوە نییە كە رێگرییان لە كاری كۆمپانیا نوێیەكە كردووە". وا دەردەكەوێت خاوەنی كۆمپانیاكان وازیان هێناوەو ئێستا ئەوانەی لە پشت كۆمپانیاكانەوەن شەڕەكە دەكەن. قوباد تاڵەبانی دەستوەردان دەكات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەستوەردانی كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو كۆتایهێنان بە رێگریكردنی هێزە چەكدارەكە. عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانو پیشەسازیو بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" تاوەكو ئەم ساتە گرفتو هەڕەشە بەردەوامە لەلایەن هێزێكی ئەمنی.. ناكرێت هێزێك بە جلوبەرگی ڕەسمی بڕواتە سەر كێڵگەی غازو ڕێگربێت لە ناردنی غازی ماڵان بۆ سەرتاسەری كوردستان". عەلی حەمەساڵح باسلەوەدەكات، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری یەكجاری ئەم گرفتە.. ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ لادانی ئەم ڕێگریە كردویانە، بەڵام لەبەرامبەر هێزێكی گەورەی ئەمنی هەرئەوەندە كراوەو هەڕەشە لە سایەقو وەكیلەكان كراوە هەركەسێك غاز باربكات دەكوژرێت. بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، كۆمپانیای سورگاز كە گرێبەستەكەی بۆدەچووە، رێژەی 40%ی گرێبەستەكەی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتییە. ئێستا بەفەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیوای نەوتو غاز رۆشیتون بۆ كێڵگەی كۆرمۆر بۆ پاسەوانیكردن. عەلی حەمەساڵح دەڵێ:" ئێستا غاز باردەكرێت، بەڵام ئەو هێزە ئەمنیەی كە پێشتر ڕێگربووە، بەردەوام هەڕەشە دەكات" بەبێ ئەوەی ناوی هێزە ئەمنییەكەو بەرپرسی هێزەكە بهێنێت. كێشەیەكی كۆن لە بەرگێكی نوێدا كێشەی كۆمپانیاكان لەبارەی كڕینو گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆر نوێ نییە. ساڵی 2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بەپێی فەرمانێكی وزاری بە ژمارە (351) لە رۆژی 17/1/2016، گرێبەستی فرۆشتنی (800 تەن)ی رۆژانەی غازی شلی (LPG) بۆ ماوەی (90) رۆژ بە نرخی (275 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، دایە كۆمپانیای (سورگاز). ئەم گرێبەستەی ئاشتی هەورامی لەكاتێكدا بوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كە كاری گواستنەوەی گازی كێڵگەی كۆرمۆری دەكرد، تەنیا ماوەی (مانگو نیوێك) وادەی گرێبەستەكەی مابوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) وەكو كاردانەوەیەك دژ بە بڕیارەكەی ئاشتی هەورامی، هەناردەكردنی گازی بۆ پارێزگای سلێمانی راگرت، ئەوەش گرفتی كەمی غازی ماڵانی دروستكرد. ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای (سورگاز) باسی لەوەكرد، هێزێكی چەكدار چووەتە كێڵگەی كۆرمۆرو رێگری كردووە لەوەی كۆمپانیاكەی كاربكات، ئەو ساڵە هێزەكانی ئاسایشی دەستوەردانیان كردو دۆخەكەی لە كێڵگەكە كۆنترۆڵكرا. بەهۆی ناكۆكی ئەو دوو كۆمپانیاوە، چەند رۆژێكی ساڵی 2016 قەیرانی غاز دروستبوو، كارگەكانی غاز ناچاربوون روو لە شاری كەركوك بكەن بۆ دابینكردنی غازو پێداویستی خەڵك لە سنوری سلێمانی. ساڵی 2016 ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان باسیان لەوەدەكرد، گرێبەستەكەی ئاشتی هەورامی لەگەڵ كۆمپانیای (سورگاز) گەندەڵی تێدا كراوە، چونكە گرێبەستەكە بەبێ هیچ كێبركێیەك بەو كۆمپانیایە دراوە. بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، كۆمپانیای (سورگاز) بەر لە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی غازی شلی هەبووەو بۆ هەر تەنێك بڕی (192 دۆلار)ی داوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كردووە بە پارەیەكی زیاترو بەبڕی (200 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، كۆمپانیای سورگاز بە پارەیەكی كەمتر بەبەراورد بە كۆمپانیای پێش خۆی كاری گواستنەوەی گازەكەی وەرگرتووە. دەستوەردانی بەرپرسانی حزبیو حكومی لە كاری كۆمپانیاكان، وایكردووە حكومەتی هەرێم لە داهاتی گازی شلدا مانگانە زیانێكی زۆری بەربكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو داهاتانە ناگەڕێندرێنەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە رێگاوبانەكانی ناوچەكەدا. لەبارەی كێڵگەی كۆرمۆر-ەوە كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە سنوری ناحیەی قادر كەرەم- لە نزیك چەمچەماڵ، بەپێی قسەی غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەم كێڵگەیە رۆژانە زیاتر لە (هەزار) تەن گازی شل بەرهەم دەهێنێت، جگە لە بەرهەمی خۆی، كێڵگەكە لە چەندین سەرچاوەی ترەوە گازی شلی دەستدەكەوێت، لەوانە لە پاڵاوگەكانی (كەڵەك)و (بازیان)و هەندێكی تریش لە كەركوكەوە. بەرهەمهێنانی گازی شل لە كێڵگەی كۆرمۆر تایبەتە بە كۆمپانیای (دانەغاز)، حكومەتی هەرێم گازی شل لەو كۆمپانیایە دەكڕێتەوە، بەرهەمهێنەرو كڕیاری گازی شلی كێڵگەكە جێگیرن، ناكۆكییەكە لەسەر گرێبەستی گواستنەوەی گازە شلەكەیە لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، رێگریكردنی ناوبەناوی دەرچوونی گاز لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكان، بۆ فشاركردنە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی. بەكۆی گشتی كۆی ئەو غازە شلەی كێڵگەكە، كە گواستنەوەكەی دراوە بە كۆمپانیای (سورگاز) زیاتر لە (هەزارو 400 تەن)ە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی پەرلەمانتار غالب محەمەد، هەرێمی كوردستان لە رۆژێكدا پێویستی بە كەمتر لە (700 تەن) گازی شل هەیە، هەرچەندە ئەمە بەپێی وەرزەكان گۆڕانكاری بەسەردادێتو ئاستی بەكارهێنانی گازی شل لە وەرزی زستانو سەرمادا زیاترە. پێداویستی شارەكانی هەرێم بۆ گازی شل لە رۆژێكدا بەمشێوەیەیە: • 13 تانكەر بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە • 13 تانكەر بۆ پارێزگای هەولێر • 6 تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك هەر تانكەرێك زیاتر لە (20) تەن گازی شل لەخۆدەگرێت، دەبێت كۆمپانیای تایبەت بە گواستنەوەی گازەكە، هەر تەنێك لەو گازە بە بڕی (430 هەزار) دینار بدات بە كارگەكان. كێڵگەی كۆرمۆر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی پێداویستی غازی ماڵانە لە هەرێمی كوردستان. مافیا لە كوردستان ئێستا دەستەواژەی مافیا لە بواری ئابوری كوردستاندا تەنیا قسەوباسی ناو خەڵك نییە، حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ بەفەرمی ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێنا. جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كێشەی گازی كۆرمۆرەوە دەڵێ:" بابەتی گواستنەوەی گاز لە كۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، كە لە لایەن كۆمپانیایێكەوە قورخ كرابوو، كرایە تەندەرو دوای ئەوەی بۆ كۆمپانیایەكی دیكە دەرچوو، بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەكار ببێت، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیانو سلێمانی رێگرییان لێ كراوەو وەك كارتێكی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆك وەك پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە". وتەبێژەكە رایگەیاند:" حكومەتی هەرێم لە هەنگاوەكانی چاكسازی پاشگەز نابێتەوەو هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخكارانو مافیاكان روبەڕووی یاسا بكرێنەوە".
درەو: بەپێی پرۆژەكەی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی كە ناوەرۆكەكەی دەست (درەو) كەوتووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێتی و سەرپەرشتیاری هەموو هێزەكانی یەكێتی دەبێت و دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەموو رێككەوتنێكی دەبێت كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گستی دەیكات، بەپێی ئەو دەسەڵاتانە بێت كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی بۆ خۆی نوسیوە، هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەكەوێتە لای ئەو ئەنجومەنە باڵایە. ئەمڕۆ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لە كرنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەیەكمان داڕشتووە سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و داومانە بە كاك كۆسرەت و ئەویش بەرەسمی ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ پەسەندكردنی. بەپێی ئەو پرۆژەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە ناوەڕۆكەكەی دەست ( درەو) كەوتووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی وا پێناسە كراوە كە: "ئەنجومەنێكی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە بەپێی بریاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سەرۆك و هەشت هەڤاڵی بڕیار لێدراوی كۆنگرە پێكدێت ئەركی ئەنجومەنی باڵا سەرخستنی بڕیارەكانی كۆنگرەو راگرتنی هاوسەنگی ئۆرگانەكان و لێپرسینەوەو چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكێتیە لە هەموو ئاستەكاندا" دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا بەپێی ئەو پرۆژە نوسراوەی ئەنجومەنی باڵا كە ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كراوە، سەرۆكی ئەنجومەن و ئەنجومەنی باڵا، زۆرترین دەسەڵاتیان بۆخۆیان دیاریكردووەو بەپەسەندكردنی هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەچێتەوە لای ئەنجومەنی باڵای سیاسی. دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا پێكدێن لە:. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. • ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیە. • ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی دارایی و موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی • دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت. • سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات • لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە بەپێی پرۆژەكە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی دەبێت، بەپێی زانیارییەكان ( مەلا بەختیار) چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئەو پرۆژەیە بەو شێوەیەی نوسراوە پەسەند ناكات، چونكە بەپەسەندكردنی پرۆژەكە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هاوشێوەی ئەنجومەنی ناوەندی پێشوی یەكێتی لێدێت.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم ناكۆكییەكانی یەكێتیی لە دوای كۆنگرەی چوارەم، ڕۆژ دوای ڕۆژ روو لە زیادبون دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی، بە تەواوی ناكۆكییەكان دەركەوتن، ئەمەش دوای ئەوەهات كە ( ماڵی كۆسرەت رەسول و ئەوانەی لە دلێری سەید مەجیدەوە نزیكن لەوانە عیماد ئەحمەد، هەریەك لە عەدنانی حەمەی مینە و رەفعەت عبداللە و ئاسۆ مامەند و چەند كەسێكی دیكە) بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیان كرد. زۆری نەمابوو ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی دیكەی سەركردایەتی كە سەر بە ماڵی مام جەلال نین نەچنە كۆبونەوەكە، بەڵام دواجار لەسەر داواكاری ئەو سەركردانەی كە نەچوونە كۆبوونەوەكە، داوایان لێكرا بچنە كۆبوونەوەكە، تاوەكو دۆخەكە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێت. ناكۆییەكانی ماڵی مام جەلال بە تایبەت باڤڵ تاڵەبانی لەگەڵ گشت باڵ و گروپەكانی دیكەی نێو یەكێتیی لەسەر هەیكەلی ئەو حزبەیە، هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێت هەیكەلی یەكێتی لە نێوان باڵەكان لەسەر بنەمایی تەوافوق و دادەپەروەری بێت، نەك ماڵی مام جەلال پۆستە باڵاكان بۆخۆیان ببەن، لە نێویشیان هەردوو جێگری سكرتێری گشتیی. هەموو باڵەكان پێیانوایە، لە دوای كۆنگرەوە جۆرێك لە غروری ماڵی مام جەلالی گرتوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوان لەرووی دارایی و ئابووری و ئەمنیەوە، دەستیان بەسەر حزب داگرتوەوە، لە ئێستاشدا دەیانەوێ جگە لەخۆیان هیچ كەسێك پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی وەرنەگرێت، لەبەرامبەردا ماڵی كاك كۆسرەت و عیماد ئەحمەد و گروپی كەركووكییەكان و عدنانی حەمەی مینە داوای پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی دەكەن و بە مافی خۆیان دەزانن. هەرچەند ماڵی مام جەلال لە چەند ڕۆژی رابردوودا، پێشنیازی چەند پۆستێكی باڵایان لە نێویان پۆستی سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی و ژمارەیەك مەكتەب و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان و چەند پۆستێك لە ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆنیان داوەتە بە لایەن و باڵەكانی دیكە، بەڵام هەر هەموویان رەتكراونەتەوە و ئەوان سوورن لەسەر داواكارییەكانیان. ئەو كەسانەشی لە بەرهەم ساڵحەوە نزیكن بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەوەنین ماڵی مام جەلال هەردوو پۆستی جێگر بۆخۆیان ببەن، بۆیە سەرجەم ئەو گروپ و باڵانە دوو پێشنیازیان بۆماڵی مام جەلال كردوە، كە یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێ لە نێوان ( لاهور شێخ جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی) یەكێكیان ببنە جێگری سكرتێر. پێشنیازی دووەم ئەوەیە كە سەرۆك زیاتر لە چەند جێگرێكی هەبێت و ئەو جێگرانەش لە نێوان باڵەكان بە هاوسەنگی دابەشبكرێت. دۆخی لاهور شێخ جەنگیش لەبەردەم دوو بژاردەیە، یان هەڵبژاردنی ئامۆزاكانی و یان باڵ و گروپەكانی دیكە، ناشزانێت كامیان هەڵبژێرێت، چۆن چارەسەری ئەو كێشەیە بكات؟چونكە لە هەر حاڵەتێكدا لایەنەكانی دیكە هەڵوێست بنوێنن رەنگە ئەو حزبە لە كێشەوە بەرەو قەیرانی ناوخۆیی ببات. ئەگەر وابڕوات و لایەنەكان نەگەونە رێككەوتن ئەوا هەموو كات دۆخی یەكێتیی لەبەردەم دۆخی ئیفلیج بوون و دروستبوونی قەیرانێكی ناوخۆیی نوێدا دەبێت، یاخود دابەشبوون روودەدات.
درەو: عوسمان سێدەری سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە گیان لەدەستدانی (مەجید ئیبراهیم) بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتی لیژنەكە لە سایتی پەرلەمان دەردەبڕێت و رەتی دەكاتەوە. عوسمان سێدەری كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) ئاماژەی بەوەكرد" ئەمڕۆ لیژنەكە كۆبونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی لیژنەكە بۆ ئەوەی لە بەدواداچونەكانماندا هەموو بابەت و بۆچونەكان كۆبكەینەوە، ئێمە رێككەوتن كە بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبونەوەكە بەم شێوەیە بێت كە لیژنەكە كۆبوەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو كارانەی كەوا بۆ بەدواداچونی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم كردویەتی، بەڵام بەداخەوە هەندێك برادەر بەو شێوەیە بڵاویان كردۆتەوە ئیتر ئێمە نازانین چۆن بڵاویان كردۆتەوە، زیاتر لە نیوەی برادەرانی لیژنەكە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە نین، هەربڵاوكراوەیەكیش ئیمزای منی بەسەرەوە نەبێت، ئەو بڵاوكراوەیە مەقبول نیە" سێدەری ئاماژەی بەوەشكرد كە " ئەو راگەیەنراوەی پەرلەمان رەت دەكەینەوە، بەتایبەتیش ئێمە ئاگاداری ئەوە نین كە لیژنەكە پشتگیری لە راگەیەنراوەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دەكات" سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم ئەوەشی خستە روو"ئەوە كاری ئێمە نیە كە روداوەكە چۆنەو چۆن نیە، كاری ئێمە ئامادەكردنی راپۆرتێك و چاودێربین بەسەر دۆسیەكەوە، مافی ئەوەشمان نیە هیچ راگەیەنراوێك بڵاوبكەینەوە جگە لە كۆبونەوەی ئاسایی" ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە. بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات: - مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە - مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "ڤیتۆ".. ئەو چەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە ئەم ساڵانەی دوایی، بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكان كاراكراوە، (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كەس بوو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوان"ی پارتییەوە، ئێستا ژمارەیەك پۆستی حكومەتی هەرێم بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە، هەندێك لە پۆستەكان پشكی یەكێتی-ن، (درەو) لەم راپۆرتەدا لیستی ناوی ئەو كارەكتەرە سیاسییەكان بڵاودەكاتەوە كە پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر داناونو رێگری دەكات لەوە لە هەرێمی كوردستانو عێراق هیچ پۆستێك وەربگرن. سیاسەتی "ڤیتۆ"كردن سیاسەتی سەپاندنی "ڤیتۆ"، یەكێك لە دیارترین سیاسەتە كارپێكراوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ روبەڕووبونەوەی ئەوانەی بەزمانی توند رەخنە لە سیمبولەكانی پارتی دەگرن یاخود نەیاری سیاسەتی سەركردەكانی پارتین. پارتی، ئەم سیاسەتە لەناو حكومەتی هەرێمو دامەزراوە فەرمییەكاندا جێبەجێ دەكات، ئەوانەی كە لە لیستی "ڤیتۆكراوان"دان، رێگەنادات نە لە هەرێمی كوردستانو نە لەسەر پشكی كورد لە عێراق، هیچ پۆستێك وەربگرن، تەنانەت هەندێكجار دەگاتە ئاستی ئەوەی رێگرییان لێدەكاتە بچنە ناوچەكانی قەڵەمڕەویی پارتییەوە. ئەم سیاسەتەی پارتی، بەمدواییە كاریگەری خۆی لەسەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دروستكردووە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو زۆرێك لە پارتە سیاسییەكاندا ئێستا قسەكردن لەسەر پارتی لەلایەن سیاسییەكانەوە وەكو جۆرێك لەسەرچڵیكردن لێكدەدرێتەوەو ئاماژەی باشی بۆ ناكرێت، ئەمەش دۆخێكی بێدەنگیی لەناو لایەنەكان بەرامبەر بە سیاسەتەكانی پارتی لە حكومەتو دەرەوەی حكومەت دروستكردووە. گۆڕانو دواین كارتی "ڤیتۆ" چالاكی موهەندیس.. دواین ناو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. چالاكی موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەلایەن بزوتنەوەكەیەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی (بریكاری وەزیری شارەوانی)، دوێنێ لەلایەن حكومەتی هەرێمو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراو دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە بكێشێتەوەو لەبری ئەو كەسێكی تر كاندید بكات. موهەندیس لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (ناس كورد) وتی:" ئێمە بەنیازو ئامانجی چاكسازیكردن چوینە حكومەت، بۆ ئەوە نەچووین ببینە شەریكە دز، یان ئێمە بكەنە داردەست و ئابڕومان ببەن لەناو خەڵكو بڵێن گۆڕانیشمان لەگەڵە، بۆیە ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت لە ئێستادا و لەشەش مانگی داهاتووشدا هەڵوێستی روونمان دەبێت". ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی نیگەرانی خۆی نیشاندا بوو لەوەی" سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت كەسانێك لە پۆستەكاندا دادەنێن، كە بۆ گۆڕان وروژێنەرن"، لەمەشدا نمونەی بەدانانی (محەمەد حاجی)و (رێباز حەملان) هێنابووەوە، كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بوونو ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ گۆڕاندا نەماوەو مەسرور بارزانی وەكو یاریدەدەری خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دایناون. ئەم قسانە پارتی توڕەكرد، پێدەچێت بەرپرسانی پارتی لەبارەی قسەكانی چالاكی موهەندیس توڕەیی خۆیان بە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندبێت، چونكە بە چەند كاتژمێرێك دواتر، بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی ژوری رۆژنامەوانی خۆیەوە، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند" گۆڕان لەگەڵ ئەم شێوازی دەربڕینە نیەو ناوەڕۆكی قسەكانی ناوبراو، گوزارشت لە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان ناكاتو رای كەسیی خۆیەتی". رونكردنەوەكەی گۆڕان، توڕەیی پارتی هێورنەكردەوە، جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەربە پارتییە، دواتر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند: • حكومەتی هەرێم قبوڵ ناكات خەڵكانێكی هاوشێوەی چالاكی موهەندیس، بەشداری لە حكومەتدا بكەن. • چالاكی موهەندیسو هاوشێوەكانی بە فیتی كەسانی تر هەڵدەسوڕێندرێن. ئەم راگەیەندراوە، چانسی چالاكی موهەندیسی لە وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی سوتاند، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی (3 مانگە) بزوتنەوەی گۆڕان ناوی موهەندیسو سێ كەسی تری بۆ وەرگرتنی چوار پۆست، ئاڕاستەی حكومەت كردووەو تائێستا دەستبەكارنەبوون، سەرباری ئەوە، راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەت لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕانەوە وەكو پەیامێكی هەڕەشە لێكدەدرێتەوە بۆ ئەو پەرلەمانتارو بەرپرسانەی بزوتنەوەكە كە هێشتا پابەندنەبوون بەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتیو بەزمانی توند رەخنە لە پارتیو سیاسەتەكانی دەگرن. دیارنییە بزوتنەوەی گۆڕان چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە دەكات، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، گۆڕان كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس بۆ پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی بكێشێتەوەو كەسێكی تر كاندید بكات. لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەندین كارەكتەری تر هەن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی هەڵوێستو لێدوانە سیاسییەكانیانەوە، لەلایەن پارتییەوە "ڤیتۆ"یان لەسەردانراوە، رەنگە دیارترینیان (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بێت. ڤیتۆكانی پارتی لەسەر یەكێتی لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا، پارتی هەرزوو لەڕێگەی وەفدی دانوستانكاری خۆیەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان، دانا. ئەوانەی "ڤیتۆ"یان لەسەر دانرابوو، ئەو كەسانە بوون كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"و لە فەرهەنگی سیاسی پارتیدا بە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ناودەبرێن. مەبەستی پارتی لە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ئەو بەرپرسانەی یەكێتی نیشتمانییە، كە پارتی تۆمەتباریان دەكات بەوەی لە هێرشی حەشدی شەعبیدا بۆسەر كەركوك لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017، هێزی پێشمەرگەی یەكێتییان لە كەركوك كشاندوەتەوەو بەرگرییان نەكردووە. لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێتی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە بەشداریكردنی لە كابینەكە، پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا داواكارییەكەی یەكێتی قبوڵ كرد، بەڵام ئێستا كە شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی مەسرور بارزانیدا تێپەڕدەبێت، هێشتا پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی نیشتمانی بۆ كەركوك دانەنراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی رابردوودا یەكێتی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی هەموو كاندیدەكانی رەتكردوەتەوەو زۆربەیانی تۆمەتباركردووە بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ن، دواجار هەردوولا لەسەر ناوی (تەیب جەبار) رێككەوتن، ئەویش تائێستا دەستبەكارنەبووە. لە پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، "ڤیتۆ"كانی پارتی كاری خۆی كردو پرۆسەكەی بەجۆرێك دواخست، كە چیتر لای یەكێتی دانانی پارێزگاری كەركوك لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتیدا بایەخێكی نەماوەو بەرپرسانی یەكێتی چاویان لەوەیە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە لە بەغداد، دۆسیەكە چارەسەر بكەن. هەر لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە، (حاكم قادر حەمەجان) كاندید نەكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو لەبری ئەو، یەكێتی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی كاندیدكرد، كە لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا هەیە. ئێستا پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی تازەهەڵبژێردراوی یەكێتی هەیە كە (رەوەند مەلا مەحمود)ەو لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، پارتی (رەوەند مەلا مەحمود) تۆمەتبار دەكات بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ەو رەخنەی توندی لە سەركردەكانی پارتی گرتووە، بەهۆی رەوەند مەلا مەحمودەوە یەكێتی تائێستا سێ پۆستی سەرۆكی دەستەی پڕنەكردوەتەوە، كە لە كابینەی نوێدا وەریگرتووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی تا دواین سات ئامادەنەبووە لەسەر "ڤیتۆ"ی پارتی، كاندیدبوونی رەوەند مەلا مەحمود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكێشێتەوەو دیارنییە لەداهاتوودا ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت. هەر لەناو یەكێتیدا چەندین كارەكتەری تر هەن سەرباری ئەوەی تائێستا خۆیان بۆ هیچ پۆستێكی حكومی كاندیدنەكردووە، بەڵام بەهۆی لێدوانە توندەكانیانەوە لەدژی پارتیو بنەماڵەی بارزانی، خراونەتە لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ەوە، لە نمونەی (مەحمود سەنگاوی)و (ئاراس شێخ جەنگی)و (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)و (قادر عەزیز) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیو هەندێك لەو فەرماندە سەربازییانەی یەكێتی كە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیدا رۆڵیان هەبووە، (حاكم قادر) یەكێك لەو بەرپرسانەی یەكێتییە كە "ڤیتۆ"كردنەكەی لەلایەن پارتییەوە مێژووەكەی بۆسەردەمی شەڕی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە. بەرهەم ساڵح لە بازنەی ڤیتۆكراواندا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە ئێستا كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی یەكێتی، یەكێك لەو كارەكتەرە سیاسییانەی كە بەمدواییە كەوتووەتە ناو بازنەی "ڤیتۆ"ی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە. ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەرهەم ساڵحی كرد بە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمە مەسعود بارزانی توڕەكرد، بارزانی فوئاد حسێن-ی كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق كاندیدەكەی بارزانی سەرنەكەوت. ئەمە، پەیوەندییەكانی بەرهەم ساڵحی لەگەڵ بارزانی تێكدا، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ بارزانی، ئەم كارەشی لەڕێگەی مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانییەوە كرد، تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانیو خۆدەربازكردن لە "ڤیتۆ"كە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا ئاڵۆزی كەوتوەتەوە نێوان بارزانیو بەرهەم ساڵح، لەدوای ئەو گرژییە بوو كە چەند رۆژێك دواتر پارتی لە بازگەی "سماقوڵی" رێگری لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد بچێتە شاری هەولێر. بازگەكانو ڤیتۆ سەرباری "ڤیتۆ" بۆ رێگریكردن لە وەرگرتنی پۆستی حكومی، پارتی شێوازێكی تری "ڤیتۆ" بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكانی بەكاردەهێنێت، كە بریتییە رێگریكردن لە سەردانی ئەو كەسانە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی. چیرۆكی رێگریكردن لە بەرپرسە سیاسییەكان لە بازگەی (دێگەڵەو پردێو سماقوڵی)، بۆ زۆرێك لە خەڵكی كوردستان بابەتێكی ئاشكرایە، پارتی لەماوەی رابردوودا لە (دێگەڵە) رێگری لە كۆسرەت رەسوڵ كرد، لە (پردێ) رێگری لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمان كرد بۆ شاری هەولێر، بەمدواییەش لە بازگەی (سماقوڵی) رێگری لە مەحمود سەنگاوی كرد. لیستی سزاكانی پارتی لە شێوەی "ڤیتۆ"دا، ئەمساڵانەی دوایی تەنانەت راگەیەندكارو دەزگا میدیاییەكانیشی گرتوەتەوە، چەندین چیرۆكی ئاودیوكردنی رۆژنامەنوسو پەیامنێران لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی لەو بازگانەدا، تۆماركراون.
درەو: لیژنە پەرلەمانییەكەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) كە سەرۆكی لیژنەكە یەكێتیە ئەنجامی بەدواداچونەكەی راگەیاندوو پشتگیری لە بەیاننامەكەی ئاسایشی گشتی دەكات كە دەڵێت "مەجید ئیبراهیم لە بەندیخانە خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولیر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە. بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات: - مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە - مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە لەدوای گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) لە زیندانی ئاساییش لە 16/1/2020 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی لەسەر دۆسیەكە بۆ درووست بوو، بەوهۆیەشەوە داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەیان كردوو لیژنەیەكی لاوەكی لەپەرلەمانی كوردستان پێكهات بەسەرۆكایەتی ( عوسمان سێدەری) پەرلەمانتاری یەكێتی، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە: - بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانیان - لیژنەی پزیشكی دادی لە هەولێر - ماڵی مەجید ئیبراهیم لە كۆتاییدا لیژنە پەرلەمانییەكە ئەنجامی بەدواداچونەكانی خستە روو : - پشتگیری لە بەیاننامەی ئاسایشی گشتی دەكەین - هیچ خالێكی وا تێبینی نەكراوە كە پێچەوانەی راگەیێندراوی ئاسایش بێت، بەو پێیەی لیژنە پەرلەمانیەكە پشتیوانی لە بەیاننامەكەی ئاساییش دەكات كە دەڵێت" مەجید ئیبراهیم لە زیندان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە" واتا لیژنە پەرلەمانیەكەش گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی خنكاندووەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە ئەندامانی لیژنە پەرلەمانیەكە -عوسمان كەریم سوارە( عوسمان سێدەری) سەرۆك -رۆمیۆ هەكاری -رزگار محمد محمود -سەعید هەركی -حەسیبە گەردی -هیمداد سەباح -زكری زێباری -شادی نەوزاد -د. وەعدی سلیمان علی رۆژی 16/1/2020 ئاساییشی گشتی هەولێر راگەیەنراوێكی لەسەر گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم بڵاوكردەوە: دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی بڕی (٦٠) كیلوگرام ماددەی هۆشبەر لە لایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی كە خاوەنداریەتی مادەكە دەگەرێتەوە بۆ هاولاتی (مەجید ئیبرایم عەبدوڵا) ، ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لە گوندی سیساوەی سەربە شاروچكەی هەریر، لە كاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی، كەسێكیتر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركرا و بڕێكی دیكی ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا، بەداخەوە لە رۆژی ١٦-١-٢٠٢٠، ناوبراو لەناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگاداركردنی بەڕێز دادوەر، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، شایانی باسە تەواوی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەم دۆسیە و ڕێكارە یاساییەكان بەردەستن".
(درەو): لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (فصلنامه مطالعات سیاست خارجی تهران)ی ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بۆ كورد دەركەوت كە ئەم كارە (سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی) رێگا و شێواز(نەهجێك)ی راست نەبوو، ئەم سیاسەتی سەربەخۆخوازییە لەئێستادا شتێكە كە قابیلی بەدیهاتن نییەو ئەنجامی نییە". ئەو پیاوەی كە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامداوە ناوی (حسین صفدری)یە، لە پێشەكی چاوپێكەوتنەكەدا باسی لەوەكردووە كە نێچیرڤان بارزانی بە زمانێكی فارسی رەوان قسە دەكات. لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: بوونی هێزە بیانییەكان لە ناوچەكە كێشەكان زیاتر دەكات وەك لەوەی چارەسەریان بكات. لە دیدارەكەدا لەبارەی بارودۆخى هەرێم و سوریاو یەمەن چەندین پرسیار ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە. دوابەدوای بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە وتەبێژێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە كە چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەرزنامەی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی تاران (فصلنامه مطالعات سیاست خارجی تهران) هی هاوینی ساڵی 2019 یە، تیایدا بۆچوونێك دەربارەی ڕیفراندۆم بە ناوی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە خراوەتە ڕوو كە بە تەواوی و بە ئەنقەست مانا و مەبەستی قسەكانی دەستكاری كراوە و بەڕێزیان بە هیچ شێوەیەك ئەو وشە و دەستەواژانەی بۆ ئەو مەبەستە بەكار نەهێناوە. دەقی چاوپێكەوتنەكەی نێچیرڤان بارزانی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان سبەینێ هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی دەكات، لەكۆی (67) پۆست، دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی وەرگرتووە، دوێنێ پارتی وەكو نیشاندانی نیازپاكی، داواكارییەكی بزوتنەوەی گۆڕانی جێبەجێكرد، چاوەڕوان دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیامێكی نوسراو بۆ پارتی بنێرێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. هەڵسەنگاندنی شەش مانگ شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێپەڕی، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكێك لە لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەكە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی حكومەتو رێككەوتنی بەشداربوونی لە كابینەكە دەكات. سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی دوو تەوەرەوە گفتوگۆ دەكرێت: تەوەری یەكەم: ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكە تەوەری دووەم: هەڵسەنگاندنی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت دوای شەش مانگ. رۆژی 9ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو سەرەتایەك گفتوگۆكرا لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بڕیاردرا، بابەتەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی حكومەت شەش مانگی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو دەكات. بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەشداربوونیدا لەكابینەی نوێی حكومەت، بەهۆی فشاری لایەنگرانییەوە بڕیاریدا دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربوونەكەیو جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بكات كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، پاشان دوای شەش مانگی تر بڕیار لەسەر مانەوە یاخود دەرچوونی لە حكومەت بدات. رۆژی 16ی شوباتی 2019 گۆڕانو پارتی لەمەراسیمیێكدا رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (12) كورسی بردەوە، بەپێی رێژەی كورسییەكانی، (12%)ی كۆی پۆستەكانی حكومەتی بۆ دیاریكرا. پشكی گۆڕان لە حكومەت دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، تائێستا گۆڕان تەنیا پێنج پۆستی وەرگرتووە كە ئەمانەن: • جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان- مستەفا سەید قادر • وەزیری داراییو ئابوری- ئاوات شێخ جەناب • وەزیری ئاوەدانكردنەوە- دانا عەبدولكەریم • وەزیری بازرگانیو پیشەسازی- كەمال موسلیم • وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی- كوێستان محەمەد هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێددوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) وتی:" تائێستا رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێژەی 5%ی جێبەجێكراوەو هەست دەكەین پارتی كات دەكوژێت". شێخانی دەڵێ:" پێدەچێت دوای كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانی، بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی پارتی بكات لەبارەی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكەوە، چونكە ئێمە نەچووینەتە حكومەتەوە بۆ پەردەپۆشكردنی عەیبی هیچ لایەنێكی سیاسی". پۆستە پڕنەكراوەكان بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی باڵای تر بەناوی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی) وەرگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستا پڕنەكراوەتەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش دڵی لە وەرگرتنی پۆستەكە ساردبووەتەوە. لە سەرەتای دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەكرد، بەهۆی ناڕەزایەتی یەكێتیو بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی، پارتی ئامادەنەبوو جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت زیاد بكات، بەڵام گۆڕانی قایل كرد بەوەی پۆستی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی پێدەداتو ئەو پۆستە هاوشێوەی جێگری سەرۆك وەزیران دەبێت، گۆڕان بە پێشنیازەكەی پارتی قایل بوو. پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وا رێككەوتنی لەسەر كراوە كە دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربچێت، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونییەوە مەسرور بارزانی (چوار) كەسی وەكو یاریدەدەر بۆخۆی دامەزراندووە بەبێ هیچ پشتیوانییەكی یاسایی لە پەرلەمانەوە، زۆربوونی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت، گۆڕانی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی پێشتر بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانانی ئەو یاریدەدەرانەوە بۆ سەرۆكی حكومەت داوەتەوەو وتویەتی:" ئەو یاریدەدەرانە بۆ ئەو وەزارەتانە دانراون كە لای پارتینو هیچ یاریدەدەرێكیان كارەكەیان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە" ئەم بەهانەیە، نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەواندوەتەوە. سەرەتا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو پۆستێكی باڵا تەماشا دەكرا، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن كە خۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ئیمزاكرد، خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە كاندیدكردبوو، بەڵام كە مەسرور بارزانی یاریدەدەری تری بۆخۆی دامەزراند، جەلال جەوهەر لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كشایەوە، ئێستا ئەم پۆستە بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو دیارنییە كەی بزوتنەوەی گۆڕان پڕی دەكاتەوە، بەپێی زانیارییەكان (شوان قلیاسانی) ئێستا تاكە كاندیدە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. سەرباری پۆستە باڵاكان، بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری حكومی وەرگرێت كە تائێستا وەرینەگرتووە، سەرەتای تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چوار كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی (4) پۆستی بریكاری وەزیر رەوانەی حكومەت كرد، بەڵام تائێستا ئەو چوار كەسە دەستبەكارنەبوون كە بریتین لە هەریەكە لە: * كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا * د. سەیوان عەلی- بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە * مستەفا سەلیم- بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ * چالاك موهەندیس- بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی هەر بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت لەكابینەی نوێدا (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار وەرگرێت، تائێستا ئەم پۆستانەش پڕنەكراونەتەوە. بەپێی قسەی بەرپرسانی گۆڕان، پارتیو مەسرور بارزانی هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی نیشتمانی دەگەڕێننەوە، بەوپێیەی بەشێك لەو پۆستانەی كە بە گۆڕان دراون، ئێستا لای یەكێتی-نو پارتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی یەكلابكرێتەوە تاوەكو لەسەر ئەو پۆستانە رێككەوتنی كۆتایی بكرێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەم پۆستانەوە پێشتر پێشنیازی سازدانی كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی كرد لەنێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان)، پارتی قایل بووە بە پێشنیازەكە، بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانە بەمنزیكانە دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی یەكێتی، ئەو كۆبونەوە سێقۆڵییە بەڕێوەبچێت. هەندێك پۆستی تر هەن كە بەهەمان شێوە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوونو هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە: • دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان • دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێشتر لەبارەی دوو پۆستەكەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، پارتی بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداركردووە لەوەی بابەتی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دوابخات بۆ كاتێكی تر، چونكە ئەوان خۆیان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێشتا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشیان پڕنەكردوەتەوە، كە پێشتر ئەو پۆستە بەدەست مەسرور بارزانییەوە بووە. هەندێكی پۆستی تریش هەن كە بەهەمان شێوە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە: • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریگرتوون یان وەریاندەگرێت بەپێی قسەی هێمن شێخانی، لەكۆی (67) پۆست كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە تەنیا (5) پۆستیان وەرگیراونو ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە. چاكسازیو بەرنامەی حكومەت سەرباری پۆستەكان، بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك پرۆژەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێشكەشكردووە، بەڵام دوای شەش مانگ ئەو پرۆژانە هێشتا شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبووە. یاسای چاكسازی لە موچەی پلەباڵاكان كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، لە بنەڕەتەوە پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەرگرییان لێكرد، پرۆژەكە پەسەندكرا، بەڵام لە شەقامدا وەكو دەستكەوتێك نەچووە گیرفانی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆتایی بەو رەخنانە نەهێنا كە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لە بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان لە حكومەت، هەیانە. پرسی جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوبەشی لایەنەكان بۆ چاكسازی، یەكێكی ترە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بەمدواییە جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی ئیمزای لەسەر رێككەوتنە سیاسییەكە كردووە، لە وتارێكدا لە مێرگەسور وتی:" ئێمە كاتی خۆی رێككەوتین كە قانونێكی شاملو كامل هەبێت بۆ ئیسڵاحی سیاسیو یاساییو ئابوریو داراییو كارگێڕیو ئەمنیو سەربازی، بەڵام ئێستا مەعلوماتەكان وایە كە ئەم حكومەتە دەیەوێت ئیسڵاح تەنیا لە موچەو هەندێك بابەتی خانەنشینیدا كورتبكاتەوە". پەیامێك لە پارتییەوە بۆ گۆڕان هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە یەكێك لە داواكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت جێبەجێ كرد كە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆسەر كارەكانیان. هێمن شێخانی بە (درەو)ی رایگەیاند، دوێنێ ئێوارە حكومەت واژۆی لەسەر لیستی گەڕانەوەی سزادراوە سیاسییەكانی گۆڕان كردووە بۆسەر كارەكانیان. بەپێی قسەی شێخانی، بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی (هەزار) كەسی هەیە كە لە ساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزوتنەوەكەوە، بەهۆی گۆڕانبونیانەوە لەدامودەزگاكانی حكومەت دورخراونەتەوەو موچەیان بڕدراوە. بابەتی گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكان بۆسەر كارەكانیان یەكێك لەو بڕگانەیە كە لەرێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رێككەوتنی لەسەركراوە. پرسی سزادراوانی سیاسی لەكابینەی پێشووی حكومەتدا بەهەمان شێوە یەكێك لە مەرجەكانی بەشداربوونی گۆڕان بوو لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا، بەڵام تا ئەوكاتەی گۆڕان لە حكومەت دەركرا، ئەم داواكارییەی گۆڕان بەتەواوەتی جێبەجێ نەكرا. ئیمزاكردنی لەسەر گەڕاندنەوەی لیستی سزادراوانی گۆڕان لەلایەن حكومەتەوە لەم كاتەدا، وەكو پەیامی نیازپاكی پارتی لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە. لە هەرێم دەسەڵاتو لە بەغداد ئۆپۆزسیۆن بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی دوو فراكسیۆنی پەرلەمانییە، یەكێكیان لە هەرێمو ئەویتر لە بەغداد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد نیگەران لە رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا، لەماوەی رابردوودا فراكسیۆنی بەغداد چەندجارێك نیگەرانی خۆیان بە جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندن گەیاندووە لەبارەی ئەوەی پارتی لە بەغداد هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵدا ناكات. (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی لەگەڵ خانەی راپەڕاندن كردووەو تێیدا ئەندامانی فراكسیۆن باسیان لەوەكردووە كە پارتی لە بەغداد هەموو پۆستەكان بۆ خۆی دەباتو لەژێرەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكات بەبێ ئەوەی ئەوانی لێ ئاگاداربكاتەوە، لە كوردستانیش داوای یەكڕیزی دەكات، بۆیە ئەوان پابەندنابن بە رێككەوتنەكەی هەرێمو ئەو جۆرە یەكڕیزییەی كە پارتی داوای دەكات. لەبەرامبەردا بەرپرسانی گۆڕان باسلەوەدەكەن، رێككەوتنی ئەوان لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی گشتگیر نییەو تەنیا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمە، هەندێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان بەبێ گوێدانە رێككەوتنەكەی هەرێم، بەردەوام بە زمانی توند رەخنە لە پارتی دەگرن.
درەو: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان مەكتەبێك بۆ كاروباری حكومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی درووست دەكات. راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان یاداشتێكیان ئاراستەی لیژنەی هەمواری پەیڕەوەی ناوخۆی یەكێتی كردبوو و تیایدا داوایانكردبوو كاروباری حكومەت و پەرلەمانیش هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی یەكێتی رێكبخرێتەوە، چونكە ئەو بارودۆخەی بەسەر ناوەندەكانی یەكێتی هاتبوو، بەهەمان شێوەش بەسەر فراكسیۆنەكانی یەكێتیش هاتووە بۆیە پێویست بە درووستكردنی مەكتەبێك دەكات بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری حكومەت و پەرلەمان. سەبارەت شێوەو فۆرمی پێكهاتەی ئەو مەكتەبە ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد: ئەندامانی لیژنەی پەیڕەو یاداشتەكەی فراكسیۆنی یەكێتیان پەسەندكردووەو لە پەیڕەودا جێگیریانكردووە بەناوی ( مەكتەبی كاروباری حكومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان) كە لە دوو بۆرد پێكدێت ( بۆردی حكومەت، بۆردی پەرلەمان)و دوو ئەندامی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن و ئەندامێكی سەركردایەتی گشتیش دەبێتە بەرپرسی مەكتەبەكە بەو پێیەش سێ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەی دەبەن. لیژنەیەكی (19) كەسی راسپێردراوە بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پەیڕەوەكە ئامادەیەو لە كۆبونەوەی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی دەنگی لەسەر دەدرێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، بەڵام هێشتا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە تەواونەبوون، كۆنگرەی راستەقینە ئەو رۆژە دەستپێدەكات كە دەسەڵاتی ئۆرگانەكانو پۆستی سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلادەبێتەوە، چەند رۆژێكە ململانێی نێوان جەمسەرەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان چڕبووەتەوە، لیژنەی هەمواری پەیڕەو (2) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، بەڵام (5) كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. بچوككردنەوەی بازنەی گەمەكە دوای پێنج ساڵ دواكەوتن لەوادەی دیاریكراوی خۆی، دواجار كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی گرێدا، كۆنگرەیەك كە دوای زیاتر لە مانگێك هێشتا نەیتوانیوە سەرۆكێك هەڵبژێرێتو پەیڕەوێكی نوێ ئامادە بكاتو حزبەكە لەكێشەی نەبوونی ناوەندی بڕیاردان رزگاربكات. سەركردەكانی یەكێتی كە لەژێر فشاری توندی بنكەی جەماوەری حزبەكەیاندا بوون بۆ سازدانی كۆنگرە، بەناچاریو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی كرچو كاڵدا رۆژی 21ی كانونی یەكەمی رابردوو كۆنگرەیان سازكرد، لەو كۆنگرەیەدا بەبێ یەكلاكردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبو دەسەڵاتی ئۆرگانەكان، سەركردایەتییەكی نوێیان بۆ حزب هەڵبژارد كە ژمارەیان (121) ئەندامە، كۆنگرە هەموو كاروبارەكانی تری وەكو هەڵبژاردنی سەرۆكو جێگرەكانیو دەسەڵاتی ئۆرگانەكانو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی دایە دەست سەركردایەتییە نوێیەكە، بەم هەنگاوە سەركردەكانی یەكێتی لە قۆناغی یەكەمدا خۆیان لە ناڕەزایەتیو توڕەیی بنكەی جەماوەری حزب پاراستو ئاستی ململانێو ناكۆكییەكانیان جارێكی تر لەناو بنكەی جەماوەرییەوە هەڵدایەوە بۆ ناو سەركردایەتیو بازنەی گەمەكەیان بچوككردەوە. هەمواری پەیڕەو دوای (24) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لیژنەیەكی (19) كەسی راسپارد بۆ پێداچوونەوەو هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، بەجۆرێك هەموارە نوێیەكە لەگەڵ دەرەنجامەكانی كۆنگرەو دۆخی نوێی یەكێتیدا بگونجێت. بڕیاربوو لیژنەكە دوای دەستبەكاربوونی لەماوەی (10) رۆژدا هەموار پەیڕەو تەواوبكاتو بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ دەنگدان لەسەریو پەسەندكردنی، بەڵام ئەمڕۆ سێ رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیو هێشتا پەیڕەوی نوێ نەخراوەتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی. هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ باسلەوەدەكەن زۆربەی كارەكانیان تەواوكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەروو لیژنەكەو لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا هەندێك بابەت هەن كە هێشتا ناكۆكییان لەسەرەو یەكلانەكراونەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت ئەوەی یەكێتی كردی رێژەی 25%ی كۆنگرە بوو، ئێستا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە ماونو تەواو نەبوون. بابەتە كێشەلەسەرەكان بەشێوەیەكی گشتی ئێستا دوو بابەتی سەرەكی لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا كێشەیان لەسەرە، كە بریتین لە: • دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان ئۆرگانەكاندا • پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكو ژمارەی جێگرەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، ئەم دوو بابەتە مشتومڕیان لەسەر بوو، كۆنگرە نەیتوانی چارەسەریان بكات، بۆیە ئێستا جارێكی تر یەخەی سەركردایەتی نوێی یەكێتی گرتوەتەوە. كۆنگرە تەنیا ناوی (دوو) ئۆرگانی نوێی بۆ یەكێتی پەسەندكرد كە یەكێكیان (ئەنجومەنی باڵای سیاسی)یەو ئەوی تریان ناوی لێنراوی (ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی). ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كە لە (121) كەس پێكدێتو هەمویان بە دەنگی كۆنگرە سەركەوتوون، ئەركی گەورەیان لەسەر شانە، لەپێش هەموشیانەوە دەنگدان لەسەر هەمواری پەیڕەو و هەڵبژاردن دەستەی راپەڕاندنو سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب. ئێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات لیژنەی هەمواری پەیڕەو هەموارە نوێیەكەی بخاتە بەردەم بۆ دەنگدان لەسەری، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەی هەموار رەشنوسەكە بخاتەبەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەمە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت لەدوای هەڵبژاردنییەوە، ئەگەر لەوادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێتو دوانەخرێت. كێشەی دەسەڵات یەكێك لە كێشە یەكلانەكراوەكانی كۆنگرە، پرسی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەم ئەنجومەنە نوسراوێكی لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانییەوە ئاڕاستەی لیژنەی هەمواری دەستور كردووە، یەكێك لە داواكارییەكانی ناو نوسراوەكە ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی هەبێت، دەوترێت ئەمە خواستی مەلا بەختیارەو چاوی لەوەیە ببێت بەجێگری كۆسرەت رەسوڵ، سەرباری ئەوە داواكراوە هەندێك دەسەڵات بە ئەنجومەنەكە بدرێت. ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) سەرۆكایەتی دەكاتو بەدەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرە هەڵبژێردراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە كە بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەمانە كۆنگرە دەنگی پێنەداونو بە تەعین دانراون. ئەوانەی لە پشت كۆسرەت رەسوڵەوەن، جگە لە دلێری سەید مەجید، هەمویان لەو كەسانەن كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەو بڕیاربەدەست بوون، ئەمانە لە كۆنگرەدا لەسەردەستی گەنجەكان گورزی گەورەیان بەركەوت، ئێستا دەیانەوێت لە گەڕی نوێی یارییەكەدا لەڕێگەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆوە جارێكی تر پێگە لەدەستچووەكەیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەمەش بەچڕی كار لەسەر ئەوە دەكەن ئەنجومەنەكەیان دەسەڵاتی هاوشێوەی مەكتەبی سیاسی پێشووی هەبێتو لە بارەگا كۆنەكەی مەكتەبی سیاسی دەوام بكات، لەناو ئەمانەدا زیاتر (مەلا بەختیار، حاكم قادر، دلێر سەید مەجید) كارەكە دەكەنو ئەوانی تر تاڕادەیەك بێئومێد بوون لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ پێگە سیاسییەكەی پێشتریان، هەندێك لەمانە نیگەرانن لەوەی لەناو سەركردایەتی نوێی حزبدا وەكو خانەی "پیران" ناوی ئەنجومەنەكەیان دەهێندرێت. ئەمانە لەناوخۆی یەكێتیدا تاڕادەیەك پێگەی جەماوەرییان لاواز بووە، بەڵام بە دەرەوەی یەكێتیدا هێشتا پێگەیان بەهێزە، بەتایبەتیش لای پارتی دیموكراتی كوردستانو حزبە سیاسییەكان. سەرباری مەكتەب سیاسییەكانی پێشوو، كۆسرەت رەسوڵ كە بەدەنگدانی راستەوخۆی گۆنگرە بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، نایەوێت ئەنجومەنەكەی بێ دەسەڵات بێت، بەر لە كۆنگرەش جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو پۆستو ئەنجومەنێكی بێدەسەڵاتی ناوێت، تەنانەت بەر لە كۆنگرە باسی لەوە كردووە دەبێت ئەنجومەنەكەی مافی "ڤیتۆ"ی لەسەر بڕیارەكانی یەكێتی هەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو نامەیەدا كە ئاڕاستەی لیژنەی پەیڕەو كراوە، باسی بابەتی مافی "ڤیتۆ" نەكراوە. سەرۆكی حزب بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب، تاڕادەیەك یەكلابووتەوە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. بەرهەم ساڵح هەرچەندە لە كۆنگرەدا بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، بە "تەزكیە" هەڵبژێردرا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتیو دۆستو لایەنگرەكانی لە پێگەیان درا، بەڵام هێشتا كاندیدی بێ ركابەرە بۆ پۆستی سەرۆكی حزب. بەرهەم ساڵح بەمدواییە كە سەردانی داڤۆسی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابوری جیهان، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ خۆیدا برد، دەركەوتنی لاهور شێخ جەنگی لە داڤۆس هێندە وەكو پەیامێك بۆ ناوخۆی یەكێتی لێكدرایەوە، هێندە مانای تری پێنەدرا، لاهور شێخ جەنگی ئێستا خاوەنی زۆرترین دەنگە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەرهەم ساڵح دەیەوێت لەو رێگەیەوە پۆستی سەرۆكی حزب بۆخۆی زامن بكات. جێگرانی سەرۆك.. كێشە گەورەكە كێشەی گەورەی پێش سازدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پرسی جێگرانی سەرۆكی حزب بوو، كۆنگرە ئەم كێشەیەشی بەلادا نەخست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لیژنەی هەمواری دەستور، لە هەموارەكەیدا (دوو) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی چاویان لەو پۆستەیە، بافڵ تاڵەبانی خوازیارە سەرۆك یەك جێگری هەبێتو خۆی ئەو پۆستە وەرگرێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەمە رەتدەكاتەوە، لاهور كە براوەی یەكەمی كۆنگرە بوو، دەیەوێت خۆی پۆستی جێگری سەرۆكی حزب وەرگرێت. ناكۆكی ماڵباتی تاڵەبانی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبەوە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەكی لەنێوان بافڵی برایو لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا كردووە بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوەو ماڵباتی تاڵەبانی لەم قۆناغەشدا بە یەكگرتوویی لەبەرامبەر جەمسەرەكانی تری یەكێتیدا بمێننەوە. لەكاتێكدا هێشتا لەناو ماڵباتی تاڵەبانی كێشەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی یەكلانەبووەتەوە، جەمسەرەكانی تری حزب-یش بەهەمان شێوە چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگرە، پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی سەرۆك (5) جێگری هەبێت، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لەدوای لاهور شێخ جەنگی براوەی دووەم بوون، (رەفعەت عەبدوڵا)یان كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حزب، گروپی دلێر سەید مەجید كە بە گروپی كۆمپانیای نۆكانو ئیدارەی گشتی یەكێتی ناسراوەو لە كۆنگرەی چوارەمدا سەریهەڵدا (عیماد ئەحمەد)یان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك، بەهەمان شێوە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوەیە (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) ببێت بە جێگری سەرۆك. ئەگەر سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا (دوو) جێگر بۆ سەرۆكی حزب پەسەند بكات، ماڵباتی تاڵەبانی یەكێكیان چانسی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبیان دەبێت، واتە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی دەبێت یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوە، گروپی كەركوكییەكانیش كە لە كۆنگرەی چوارەمدا بەپێگەیەكی بەهێزەوە دەركەوتن، پۆستێكی باڵایان دەوێتو رەنگە (رەفعەت عەبدوڵا) بكرێت بە سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، لەم حاڵەدا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ چانسی گەورەی دەبێت پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حزب وەرگرێت. ناكۆكی لەبارەی جێگرانی سەرۆكەوە، جارێكی تر بیرۆكەی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی هێناوەتە پێشەوە، دیارنییە لە رۆژانی داهاتوودا یەكێتی ئەم كێشەیە بە چ شێوەیەك یەكلادەكاتەوە. جەمسەرەكانی یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەبری كاڵكردنەوەی جەمسەربەندیو باڵباڵێن لەناوخۆی حزبەكە، جەمسەرو باڵی نوێی بۆ حزب پەیداكرد، ئێستاو لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا... جەمسەر دەبینرێت، كە ئەمانەن: • ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لە كۆنگرەی چوارەمدا پاشەكشێیەكی چاوەڕوان نەكراویان بەخۆوە بینی، بەڵام هێشتا كوتلەیەكی یەكگرتوونو لەناو سەركردایەتی نوێیی یەكێتییەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگە بەهێزەكەی جاران دەدەن. • ماڵباتی تاڵەبانی: بەر لە كۆنگرە پەرتو ناكۆك بوون، لە رۆژانی پێش كۆنگرە یەكیان گرتەوە، ئێستا سەرلەنوێ ناكۆكن، ناكۆكییەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیدایە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جارێكی تر لە ماڵباتی تاڵەبانی دوركەوتووەتەوەو بەپێی دواین زانیارییەكان ئێستا لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ نزیك بووەتەوە، تا ئەو رادەیەی لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵەوە بەڵێنی پێدراوە ئەگەر یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی حزب بدرێت بە ژنێك، ئەو كاندید بكرێت بۆ ئەو پۆستە. • گروپی كەركوكییەكان: ئەمانە بریتین لە ئەندام مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی لە سنوری كەركوك كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ ئەڵمانی، رزگار عەلی، خالید شوانی، وەستا رەسوڵو چەند كەسێكی تر)، ئەمانە بەر لە كۆنگرەی چوارەم خاڵی پارسەنگ بوون لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵدا، لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، پێگەی خۆیان بەهێزكردو بوون بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن لەدوای لاهور شێخ جەنگی، ئەمانە رەفعەت عەبدوڵایان كردووە بە كاندیدی بەهێزی خۆیانو چاویان لە یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكەو لەسەر بنەمای ئەو پۆستە باڵایە دەچنە رێككەوتنی نوێ لەگەڵ جەمسەرەكانی تردا. • جەمسەری دلێری سەید مەجید: دلێری سەید مەجید كە پێشتر لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ پۆستێكی نەبوو، لە كۆنگرەی چوارەمدا بوو بە ژمارەیەكی گەورە، ئەوانەی كە ناویان لێنراوە گروپی ئیدارەی گشتی یەكێتیو كۆمپانیای نۆكان، بە پاڵپشتی دلێر سەید مەجید ژمارەیەكیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی یەكێتی، دلێر سەید مەجید كە رۆژگارێك ناوی لێنرابوو "قاسەكەی یەكێتی" ئێستا دەیەوێت لەپاڵ رۆڵ و پێگە داراییەكەیدا، پێگەیەكی سیاسیشی لەناو حزبدا هەبێت، ئەو (عیماد ئەحمەد)ی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كاندید كردووە، ئەمە دلێر سەید مەجید دەباتە ناو مامەڵەی نێوان جەمسەرەكانو دەیكات بە بەشێك لە گەمە گەورەكەی ناو حزب. • ناڕازییەكان: سەرباری ئەوەی رەوتی ناڕەزایەتی لەناو یەكێتیدا مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەفەرمی رەوتێكی ناڕەزایەتی نوێ دژ بە شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە دروستبووە، ئەمانە زۆربەیان ئەو كەسانەن كە لە هەڵبژاردنی كۆنگرەدا بۆ سەركردایەتی سەرنەكەوتوون، چارەنوسی ئەم رەوتە نوێیە پابەندە بە یەكلابوونەوەی ناكۆكی نێوان جەمسەرەكانی ترو كامڵبوونی تەواوەتی پەیكەری نوێی حزب، رەنگە ئەوكات جەمسەرەكان بەشی زۆری ناڕازییەكان بگەڕێنەوە بۆ ناو چوارچێوە حزبییەكەو لە پێگەو پۆستی جۆراوجۆردا شوێنیان بۆ بكرێتەوە. یەكێتیو چیرۆكی كۆنگرە یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرەو دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.
(درەو): سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هەردووكیان سەربە یەك حزبی سیاسین، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان خراپە، ئەمڕۆ كاتێك چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ كرد، چەند كاتژمێرێك بوو كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نوسراوێكی ئاڕاستە كردبوو، تێیدا دەڵێ چیتر هیچ نوسراوێك لە ئێوە وەرناگرینو كاری لەسەر ناكەین، ئەو باسی ئەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری داهاتو خەرجییەكانی پارێزگار نییە، باسی ئەو (14) ملیۆن دینارە دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلێك بۆ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجیكردووە، لەگەڵ چەندین بابەتی تری تایبەت بە كارەكانی ئەنجومەنو پارێزگار، ئەو بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەم چاوپێكەوتنەدا قسە بۆ (درەو) دەكات. چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: سەرلەنوێ لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی كەشوهەوا، دۆخی كارەبا خراپ بووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سوتەمەنیشتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەی سوتەمەنیو كارەبا كە هەردووكیان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێكی ئەم بابەتە كێشەی سیاسییە. درەو: چۆن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە، بۆخۆتان باش دەزانن كە پارەیەكی باش هاتووەتە ئەم وڵاتەوە، ساڵانە پارەیەكی باش بۆ سێكتەری كارەبا خەرجدەكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا كێشەكە چارەسەر نابێت، ئەم كێشەیە سودی بۆ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، چونكە وا ئەكات بەردەوام هەرێم چاوی لە توركیاو ئێران بێت كە سوتەمەنی بۆ بنێرن، مەسەلەی نەوت لە دەرەوەی ئیرادەی كوردستانەو لای ئێرانو توركیاو وڵاتانی زلهێزی بواری نەوتە، ئەگەرنا لە بابەتی كارەبادا هەموو هەرێمی كوردستان هێندەی شارێكی چین نییە، بۆ نمونە ئێوە بچن پرسیاری لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن لە چەمچەماڵ، بەردەوام دوو هێڵی وێستگەكە كارناكات، چونكە حكومەت گازی پێویستیان پێنادات، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت گاز هەناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە خۆی پرسیارە. درەو: ئەم قسانەی ئێوە دەچێتەوە سەر هەمان رێچكەی قسەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە وتی: كارەبا كاری ئێمە نییە ؟ ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە پرسی خراپی كارەبادا هیچ بەرپرسیارێتییەك ناخەنە ئەستۆی خۆتان ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا دەبێت سەیری دەسەڵاتەكان بكەیت، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتێكی چاودێرییە، ئەتوانێت دەست بخاتەسەر كەموكوڕییەكان لەبواری خزمەتگوزاریدا، بۆ نمونە هاوڵاتی بەشێوەیەكی ئاسایی دەڵێ كارەبا نییە، بەڵام ئێمە ئەمە ئەكەین بە نوسراو و ئاڕاستەی پارێزگاری دەكەین، ئەویش وەزارەتی كارەبای لێ ئاگاداردەكاتەوە، بەڵام پارێزگار دەسەڵاتی جێبەجێكارەو سەرۆكی یەكەی ئیداری پارێزگایە. درەو: ئەی بۆ بابەتی سوتەمەنی چی دەڵێن، زستان تەواو دەبێت هێشتا نەوتتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، پارێزگار وتی با خەڵك دەخیلەیەك دروست بكەن و خۆیان نەوت بكڕن چاوەڕوانی حكومەت نەكەن ؟ بەرزان محەمەد: دەبوو پارێزگار بڵێ من ئاگام لەو بابەتەیەو كردومە، پارێزگار بەدەیان نوسراوی بەرزكردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت، ئەوەنەی من ئاگاداربم ئێمە وەكو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی حكومەت دانیشتین، سەرۆكی حكومەت ئێمەی دڵنیاكردەوەو وتی نەوتی هەموو كوردستان بۆ هەموو ساڵەكە كڕدراوە، هۆكاری ئەوەی كە نەوتەكە دابەشناكرێت، بۆمن جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئێمە هەرسێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكان بوین (سلێمانی- هەولێر- دهۆك) لە كۆبونەوەكەدا وتی ئێمە نەوتی ساڵەكەمان دابین كردووە. درەو: ئێستا بۆچی بەدواداچوون ناكەن لەبارەی ئەوەی بۆ نەوتەكە دابەشنەكراوە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە رۆژانە هاوڵاتیان دێنە لامانو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوتو كانزاكانەوە ئەو پرسیارە دەكەین، ئێستا رۆژانە لەدەرەوەی ناوەندی پارێزگاكان نەوت دابەشدەكرێت، هەفتەی رابردوو لە بەرزنجە نەوت دابەشكرا، لە بازیان نەوت دابەشكراوە. درەو: بەڵام رەنگە زستان كۆتایی بێتو دابەشكردنی نەوت نەگاتە ناو شار ؟ بەرزان محەمەد: بەدڵنیایی، پرۆسەكە زۆر خاوە. درەو: ئێستا پێمان بڵێ ئایا دۆسیەی نەوتو كارەبا پەیوەستە بە پارێزگارەوە كە پارێزگار دەڵێ ئەوە كاری ئێمە نییەو ئەو بوارانە وەزارەتی تایبەت بە خۆیان هەیە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، پارێزگار وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پارێزگای سلێمانی وایە، هەموو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لایە. درەو: ئایا پارێزگار ئەو دەسەڵاتانەی جێبەجێ دەكات، بۆنمونە بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا لەڕووی كردارییەوە چی كردووە ؟ بەرزان محەمەد: نەك هەر پارێزگار، ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكمان هەیە بەناوی لیژنەی وزە، بەراستی بەدواداچوونی كردووە بۆ هەموو ئەو مەسەلانە، بەردەوامیش لەسەر دابەشكردنی نەوتی ماڵان لیژنەكەمان قسەی خۆی هەیە. درەو: كەواتە جەوهەری كێشەكە لە كوێدایە ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەوەدایە پرۆسەی دابینكردنەكە بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچێت، كێشەكە ئەوەیە لامەركەزیەت نەچەسپاوە، ئەنجومەنی پارێزگا وەكو پێویست دەسەڵاتی نییە، داهاتی پارێزگا ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، تاوەكو ئەنجومەنەكان بتوانن دەسەڵات بدەن بە پارێزگارەكان بۆ ئەوەی لەو داهاتانە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری. درەو: ئێستا پارێزگای سلێمانی داهاتی خۆی بۆ پرۆژەكان لە كوێوە پەیدا دەكات ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ داهاتێكمان نییە. درەو: ئەنجومەن نا، مەبەستمان پارێزگارە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەن هیچ شارەزاییەكمان نییە لەبارەی داهاتەكانی پارێزگارەوە. درەو: واتە ئێوە نازانن پارێزگار داهاتەكانی چەندێكەو لەچیدا خەرجیان دەكات ؟ بەرزان محەمەد: نەخێر. ئاگادار نین. درەو: واتە هیچ ژمارەیەكیش لەبەردەستتاندا نییە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە لیژنەیەكمان هەیە كە لیژنەی داراییە، ئێوە ئەتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە پرسیار بكەن، هەرچەندە من بۆخۆم چەندجارێك یاداشتی لیژنەی دارایم بەرزكردوەتەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنو ئاگاشم لێبووە سەرۆكی ئەنجومەن بە نوسراو لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تائێستا یەك داتای رێكوپێكمان نەهاتووەتە بەردەست. درەو: بەمدواییە پارێزگار هەندێك خەرجی دەكات بۆ كڕینی پێداویستی بۆ خوێندنگەكان، نازانن سەرچاوەی ئەم خەرجییەش لەكوێوە دابین كراوەو چۆن خەرجكراوە ؟ بەرزان محەمەد: من جێگری سەرۆكی ئەنجومەنم، نازانم داهاتەكان لە كوێوە دێن، تەنیا ئەوەم بیستووە كە ئەڵین هەندێك كۆمپانیا هاوكاری دەكات. درەو: كۆمپانیا هاوكاری پارێزگار دەكات ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ. درەو: ئەو هاوكارییەی كۆمپانیاكان لەبەرامبەر چیدایە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا من وردەكارییەكەی نازانم، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار پارەیەكی بەردەستیشی هەیە نازانم بەدیاریكراوی مانگانە (50 ملیۆن) دینارە. درەو: ئەی ئەو (50 ملیۆن) دینارە لە كوێوە هاتووە ؟ بەرزان محەمەد: ئەوە هی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوە بۆ هەموو خەرجییە تەشغیلییەكانی پارێزگارە. درەو: ئێوە نازانن ئەو پارەنەش چۆن خەرجدەكرێن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە تائێستا نازانین چی لەبەردەستدایە، كە نەمانزانی چی لەبەردەستدایە چۆن بزانین چۆن خەرجكراوە! درەو: ئەی ئێوەی دەسەڵاتی ئەوەتان نییە لە پارێزگار بپرسنەوە، ئەی نابێت ئەو داهاتە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنو لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدرێت. بەرزان محەمەد: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی هەیە لێی بپرسێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەدوای قەیرانی داراییەوە كۆمەڵێك بودجە هەبوو كە ساڵانە دەهات وەكو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، ئێستا ئەوانە نەماون، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو پارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین دەكرێنو هەر لەوێش بڕیاریان لەسەر دەدرێت، پارەكان بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەكرێت كە رێژەی 90%یان تەواوبوون. درەو: ئێوە گومانتان لە خەرجكردنی ئەو پارانە هەیە ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم ناتوانم گومان بكەم، ئەگەر بەڵگەیەكم پێ نەبێت، بەڵام ئێمە لەڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام پرسیارمان كردووەو وەڵامی پێویستمان وەرنەگرتووە، راپۆرتێكی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەموان) هەیە زۆر بە وردی باسی ئیشوكارەكانی ئەنجومەن دەكات، ئەو رێكخراوە كە رێكخراوێكی ئەمریكی سپۆنسەری دەكات ساڵانە چاودێرە بەسەر ئیشوكارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو دواتر بە راپۆرت بڵاوی دەكاتەوە. درەو: واتە ئێوە بە نوسراوی فەرمی داوای داهاتو خەرجیتان لە پارێزگار كردووە ؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو سەرۆكی لیژنەی داراییو كارگێڕی داوای هەموو داهاتو خەرجی پارێزگای سلێمانی كرد، بەڵام لەڕاستیدا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆ نەهاتە بەردەستمان، تەنیا بەژمارە رێژەی داهاتو خەرجییان بۆ ناردین نەك وردەكارییەكەی. درەو: واتە وەسڵی داهاتو خەرجی نیشانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا نادرێت ؟ بەرزان محەمەد: لەوانەیە سەیركردنی وەسڵ كاری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، چونكە ئەوە چاودێری داراییو نەزاهە ئەو كارانە دەكەن. درەو: ئێوە ئاگاداری گرێبەستەكانی پارێزگارن ؟ بەرزان محەمەد: ئەوەی ئێمە زیاتر ئاگامان لێیەتی ئەو كەمكردنو زیادكردنانەیە كە بۆ بوارە خزمەتگوزارییەكانن وەكو پاككردنەوە، بەڵێ ئێمە ئاگاداری ئەوانەینو ئەگەر سەرەنجێكیشمان هەبوبێت پێیان وتوین. درەو: ئێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا ئێوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بانگەشەی چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریتان دەكرد لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەڵام ئێستا ئەنجومەنو پارێزگارەكان چاوەڕێی رەحمو كەرەمی حكومەتن لە هەولێر یارمەتیدان بدات، بۆچی لامەركەزیەتی ئیداری نەچەسپا ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆمو بزوتنەوەی گۆڕانیش لەراستیدا باش لە بابەتەكە نەگەیشتبوین، چونكە یاسای ژمارە (3) یاسایەكە دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە لامەركەزیەتەوە نییە، شتێك كە پەیوەندی بەوەوە نەبێت، ئەبێت هەمواری بكەیتەوە، یاساكە ئەنجومەنی پارێزگای سەرپشكردووە چاودێر بێت بەسەر حكومەتی خۆجێییەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەسەڵاتەكانی مەحدودە، بۆ نمونە ئەو رێنماییانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەردەچێت لەبارەی ئەو باجانەی دەخرێتە سەر هاوڵاتیان، ئێستا دوكاندارێك پێنج جۆر باجی لەسەرە، لەوانەیە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەمەدا نەبێت، بەڵام هەر لە یاساكەدا هاتووە ئەڵێ ئەنجومەن كاتێك دەتوانێت بڕیارو رێنمایی دەربكات كە دژ نەبێت لەگەڵ بڕیاری ناوەنددا، لەوكاتەدا ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەریان دەكات لە ئەرزی واقیعدا هیچ ئەرزشێكیان نابێت. درەو: واتە بەبڕوای ئێوە بەرلەوەی باس لە چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری بكرێت دەبێت یاساكان هەموار بكرێنەوە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، دەبێت یاسای ژمارە (3) زۆر بەباشی هەموار بكرێتەوە، بەداخەوە ئەمساڵ هەمواركرایەوە بۆ دوو مەبەست، یەكەم بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دووەم ئەوە بوو دەسەڵاتی ئەوەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا سەندەوە كە خۆی پارێزگار دیاری بكات، بۆئەوەی حزبەكان لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەوە خەڵك بهێنن بیكەن بە پارێزگار. درەو: دەمانەوێت لەبارەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ خەڵك قسە بكەین، ئێستا ئەگەر تەماشای راگەیاندنی پارێزگار بكەیت دەردەكەوێت پارێزگار زیاتر سەرقاڵی كاروباری تەشریفاتییەو زۆر بەكەمی وێنەی كردنەوەی پرۆژەكان دەبینرێت، وێنەكانی پارێزگار وای نیشان دەدەن پارێزگای سلێمانی بێ كێشەیە، ئەو وێنانە بەبۆچونی ئێوە گوزارشت لەواقعی پارێزگاكە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لەڕاستیدا منیش ئەوە جێگەی سەرەنجمە، من ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار زۆر ئیشی باشی كردووە، هەر لە نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەوە بۆ كاری تر، بەڵام من تێناگەم، ئەو پرسیارە لەخۆی بكەن، بابەت بڵاودەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە پارێزگارەوە نییە، تەنانەت بابەتێكی میدیاییش نییە، بۆ نمونە تۆ بۆ پشتیوانی كرێكاری شارەوانی دەچیت شت كۆدەكەیتەوە، ئەمە هیچ لەبەرژەوەندی گشتیدا نییە، یاخود ئافرەتێك لە بواری خۆیدا سەركەوتووە تۆ ئەو هەموو كێشەیەی ئەم شارە بەجێبهێڵیتو بچیت رەسمی لەگەڵدا بگریت، بەراستی من لەوەی پارێزگار تێناگەم، بەڵام من پێتان ئەڵێم ئاگام لێیەتی جۆرەها ئیشی باشی كردووە، ئەوانە هیچی لە ئیعلامدا نابینم، بەڵام ئەو شتانە ئەبینم كە ئیشی پارێزگار نییە. درەو: واتە بەقسەی ئێوە ئەوەی راستە كە پارێزگار جارێك وتی لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردووە ؟ بەرزان محەمەد: من ئێستا تەنیا ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چوار بۆ پێنج داواكاریی هاتوەتە لام، چوار پێنج نوسراوم كردووە، ئەگەر لێكی بدەیتەوە ئەوانە هەمووی ئیشە، بەڵام تۆ وەختێك ئەتوانیت بە شتێك بڵێی ئیش كە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتی تێدا بێت، بۆ نمونە ئەگەر تۆ بتوانیت كارەبای سلێمانی لەباتی ئەوەی خەڵك هەشت كاتژمێر كارەبای هەبێت دە كاتژمێر هەیبێت ئەوە پێی ئەوترێت ئیش، بەڵام تۆ كێشەیەكی شەخسی هاوڵاتییەك یان نوسراوێك بۆ شوێنێك خۆی بە ئیشە بەڵام ناتوانی وەكو ئیش باسی بكەیت. درەو: باسی بەرژەوەندی گشتیت كرد، ئەتویست بڵێی كارەكانی پارێزگار بۆ بەرژەوەندی تایبەتین، بەمدواییە باسلەوەكرا پارێزگار بڕی 14 ملیۆن دینار بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەندامێكی ئەنجومەن خەرجكردووە ؟ بەرزان محەمەد: من لەسەر بابەتی 14 ملیۆن دینارەكە هیچ سەرەنجێكم نییە، ئەندامێكی ئەنجومەن لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای تۆماركردووەو ئێمەش سكاڵاكەمان داوە بە لیژنەی یاساییو چاوەڕێی وەڵامی لیژنەی یاسایی دەكەین. درەو: ئەی دۆسیەی گومانەكانی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەكوێ گەیشت كە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە جوڵێندرا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە بەرێز بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانیمان بانگهێشتی ئەنجومەن كرد، كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ كرد، دوای كۆبونەوەكە دۆخەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، ئەو بەڕێزەی كە ئەندامی ئەنجومەنەو سكاڵاكەی كردووە هیچ بەڵگەیەكی نەبوو تاوەكو ئێمە مەسەلەكە بجوڵێنین، بۆیە ئێمە كە بەڕێوەبەری رۆشنبیریمان بانگ كرد داوای زانیاریمان لێكرد واتە بۆ لێپرسینەوە نەبوو، ئەو بابەتە تائێستا لای بەرێز سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیرییە. درەو: بەمدواییە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بابەتی دەروازە سنورییەكانو گەندەڵیدا جوڵەیەكی كرد، هەرچەندە وا دەركەوت جوڵەیەكی تاكەكەسییەو هەوڵی یەك ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام بەگشتی ئێستا زۆر باسی قاچاخچێتی دەكرێت لە دەروازە سنورییەكان، ئێوە لەم بوارەدا چیتان كردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا ئێمە لیژنەكانمان ئەوەی وابەستەبێت بەو بابەتەوە، لیژنەی وزەو لیژنەی كشتوكاڵو لیژنەی كارگێڕی سەردانی دەروازەی باشماخیان كردووە، ئەوەندەی من ئاگاداربم یاداشتی خۆیان داوەو سەرەنجی خۆیان لەسەر كۆمەڵێك شت هەبووە، بەڵام وەكو پێموتن ئەوانەی ئێمە دەیخەینەڕوو بەمەبەستی چارەسەر دەبێت بەڵگەی لەگەڵدا بێت نەك بەتەنیا قسە بێت. درەو: ئێوە چاودێرن لەسەر كاروباری فەرمانگەكان لە سلێمانی، دوای زیاتر لە چوار ساڵ كاركردنی ئێوە هێشتا رۆتینات زۆرەو كەمینەكردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا رۆتینات لە فەرمانگەكاندا جیاوازی هەیە، تاڕادەك كەمبوەتەوە، بەڵام لە كوێدا كەمبووەتەوە، لەو فەرمانگانەدا كەمیكردووە كە باج وەردەگرن. درەو: لە بواری خزمەتگوزاریدا چیتان كردووە لەگەڵ فەرمانگەكاندا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە ئەگەر رۆژانە دە نوسراو بكەین، هەشت نوسراویان بۆ بایەتی خزمەتگوزارییە. درەو: سایلۆی سلێمانی كە روخێندرا بڕیاربوو بكرێتە پرۆژەیەكی گەورە، ئەوە بەكوێ گەیشت، بۆچی كاری تێدا ناكرێت؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن لەڕێگەی لیژنەی پلانو پرۆژەكانەوە هەردوو كۆمپانیای (هیوا رەئوفو ئاردی سەفین) لەگەڵ بەڕیوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، میوانداریمانكردن لە ئەنجومەن، بابەتەكان تاوتوێكرانو خەلەلەكان دۆزرایەوە، هۆكارەكان چیە كۆمپانیای ناوبراو ئەم پرۆژەیەی نەجوڵاندووە ؟، كارگەی ئاردی سەفین بۆ كارگەیەكی بە براندێكی باشتر درووست نەكردووە، كە لە گرێبەستەكەدا تێیدایەتی، بڕیارماندا كۆبونەوەی دواتر لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانیدا بێت، ئێمە نوسراومان بۆ پارێزگاری سلێمانی كرد، كە لەبەروارێكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەنجومەن، لە راستیدا نەهات، لەوكاتەدا چوبوو بۆ هۆتێل تایتانێك بۆ مەراسیمیێكی زۆر ئاسایی كە ئەیتوانی نەچێت، دیارە ئەنجومەن پێی ناخۆش بوو كە نەهات، یاداشمان نوسی و داوای رونكردنەوەمان كرد، ئەو هات لەبری ئەوە رێنمایی بۆ ئەنجومەن دەركرد كە نوسی بووی دەبێت بەم هۆكارانە من بانگ بكەن، یەكەمجارە لە بەڕێوەبردندا لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات، خۆی پرۆسەكە بەپێچەوانەوەیە، ئەمەش بە رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەن كردبووی، من وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن وەڵامی نوسراوەكەیم دایەوە، تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمڕۆ بەداخەوە بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی نوسراوێكی بۆ كردبووم كە نوسراوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەرناگرینو كاری لەسەر ناكەین، كە ئەمە لەڕووی كارگێڕییەوە كارێكی خراپە، زۆر نایاساییە، من پشت بە پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەن دەبەستم بۆ نوسراو، كە دەسەڵاتی نوسراوم هەیە، من پشتبەست بە پەیرەو ئەو نوسینەم كردووە، ماوەیەكی دیاریكراویش لەسەر ئەو مەسەلەیە دەوەستین، كە ئەوە كەمكردنەوەیە لە شكۆی ئەنجومەنو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە نوێنەری راستەوخۆی خەڵكن، نەبووە لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات. درەو: ئێوە چەندجار پارێزگارتان لەم خولەدا بانگهێشتی ئەنجومەن كردووە بۆ لێپرسینەوە؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو لە مانگی 12دا دووجار بانگی پارێزگارمان كرد نەهات. درەو: دەوترێت پارێزگار كەسە نزیكەكانی لە نوسینگەكەی دامەزراندووە، ئەمە راستە؟ بەرزان محەمەد: لەراستی من وەكو خۆم وەكو بەرزان ئەوانە بە كێشەی گەورە نازانم، من كاركردنی پارێزگار بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان بەلامەوە گرنگە، ئەوە بەشتێكی تایبەتی خۆی دەبینم. درەو: پارێزگاری سلێمانی جگە لە ئۆفیسی خۆی لەناو پارێزگا هیچ ئۆفیسیكی تری لەدەرەوەی پارێزگار هەیە؟ بەرزان محەمەد: قسە لەسەر شوقە دەكەن لە دەروازەو خۆی وتویەتی ئەوە موڵكی پارێزگایە، نەك خۆی، تائێستا ئێمە داوای رونكردنەوەمان لێنەكردووە. درەو: زۆر باس لەوە دەكرێت پارێزگای سلێمانی دواكەوتووە، دەوترێت سلێمانی پەراوێزخراوە، ئێوە درك بەوە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لە سلێمانیدا هەموو بێ خزمەتگوزارییەك هەیە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیم لابوو، وتی: چووم بۆ هەولێر بۆلای وەزیرو بریكاری وەزیری كارەبا، قەناعەتم پێكردوون (32) ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجبكەن بۆ راكێشانی كارەبا، وتی: پێم وتوون بەقەد ئاستی پرۆژەكانی هەولێر یان دهۆك بێت، دیارە ئەمە بۆخۆی ئەوە دەگەیەنێت كە جیاوازییەك هەیە، ئەوە پارێزگاری سلێمانی ئەتوانێت قسە بكات، چونكە ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێكارن، مانگانە ئەوەی دەدرێت بە سلێمانی كەمترە لەوەی هەولێر یان دهۆك یاخود نا ؟! درەو: پارێزگاری سلێمانی لەنێوان قسەو كرداردا كامیانی زۆرترە ؟ بەرزان محەمەد: واباشترە ئەو پیاوە (پارێزگار) بۆ هەموو شتێك قسەی نەبێت، ئەو پارێزگارە، لەوانەیە ئێستا خراپترین بارودۆخی نێوان منو ئەو بێت، بەڵام من ئاگام لێیەتی زۆر كاری باش دەكات، ئەو پیاوە ئیش دەكات، بەڵام ئەو كارانەی دەیكات باشەكان باس ناكات ، بەڵام ئەوانەی پێویست ناكات خەڵكی بزانێت دێت ئەوانە باس دەكات، ناشكرێت تۆ لەسەر هەموو شتێك قسەت هەبێت، ئەو برادەرە وا تێگەیشتووە كە لەبەر ئەوەی پارێزگارە دەبێت لەسەر هەموو شتێك قسەی هەبێت. درەو: بەمدوایانە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوە كرد هەوڵێك لەلایەن یەكێتییەوە هەیە بۆ گۆڕینی پارێزگار، هیچ شتێكی جدی هەیە لەناو ئەنجومەن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە، چونكە ئەوە بەرێككەوتنی سیاسی كراوەو ئەگەر باس بكرێت لەنێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕاندا دەكرێت. درەو: رێككەوتنەكە كۆتایی هاتووە، كە كۆتایی هاتووە چۆن پرسی پارێزگا باس نەكراوە ؟ بەرزان محەمەد: ئەو بارودۆخە سیاسییەكەی كە لەم ناوچەیەدا هەیە ئەو بوارەی هێشتوەتەوە كە ئەو پرسە وا بڕوات، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەم ناوچەیە خۆی نەگرتوتەوە، ئەو لایەنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵدا هەیە كە یەكێتییە، تائێستا كۆنگرەكەشی یەكلانەكردوەتەوە، بڕوام وایە ئەگەر كۆنگرەكەیان تەواوبێت بە پەیوەندییەكانی خۆیاندا دەچنەوە، تا ئەم ساتەوەختە هیچ شتێك لە بارەی گۆڕینی پارێزگارەوە نەهاتووە. درەو: بە قسەكانتدا دەردەكەوێت پەیوەندی نێوان پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن كە یەكێتییە زۆرباشە، بەڵام پەیوەندی نێوان پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە هەردوكتان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن خراپە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بەرزان محەمەد: هۆكارەكەی تەنها بۆ كاركردن دەگەڕێتەوە، پێموایە لیژنەكانی ئەنجومەن كە یاداشتێك بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە، ئەوە پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی پێداون، ئەو یاداشتانەش بۆ ئەوەیە زانیارییان دەستكەوێت یان لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان بكەن، بەڵام بۆ زۆر بابەت بەتایبەت سایلۆكە ئەوە وەڵامی پارێزگار بوو، ئەوەی ئەركی سەرشانی خۆمەو پەیڕەوەكە دەسەڵاتی پێداوم ئەوە جێبەجێ دەكەم. درەو: ئێستا پەیوەندی نێوان پارێزگارو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، ئەوەندە ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگاو بزوتنەوەی گۆڕانیش بن؟ بەرزان محەمەد: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندی ئاساییە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیشدا تەبعەن تا ئەم ساتە ئەو نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لەو پۆستە، نە خۆی وتویەتی نە بزوتنەوەی گۆڕانیش وتویەتی، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو پیاوی دەوڵەتە (بە پێكەنینەوە)، كۆبونەوەی فراكسیۆن جیایە لە حكومەت، بەڵام یەك كۆبونەوەمانكردووە لەنێوان فراكسیۆنی ئەنجومەنی خۆجێیو حكومەت ئەو نەهاتبوو، نازانم ئەچێتە كۆبونەوەكان یان ناچێت، بەڵام تا ئەم ساتە هەر گۆڕانە، لەسەر پشكی گۆڕانە.
درەو : وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت" گومرگەكان بەشێوەیەكی پاك و روون داهات كۆدەكەنەوە" و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت" خاڵە سنوریەكان بوەتە ناوەندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری" ئەمڕۆ رۆژی جیهانی گومرگە، لە هەرێمی كوردستان كاری گومرگی دەروازە سنورییەكان گومانی زۆری لەسەرە، گومانەكە پەرلەمانتارانی كوردستان دروستیان كردووە. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە رۆژی جیهانی گومرگدا ستایشی كاری گومرگەكان دەكات و دەڵێت بەشێوەیەكی "پاك" كاردەكەن وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا: ئەو سەركەوتنە بەرچاوانەی لە بواری كۆكردنەوەی داهاتدا بەشێوەیەكی پاك و رون بەدیتانهێناوە جێگەی پێزانینە؟ لەبەرامبەردا لە نوسینێكدا عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە" خاڵە سنوریەكان بوەتە ناوەندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری و بە ملیۆنێركردنی چەند بەرپرس وكەسێك" سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بەرونی ئاماژە بەوە دەكات" ئەم دۆخی گەندەڵیە لەسەرجەم خاڵە سنوریەكاندا ھەیە، ھەریەكە بە شێوازی جی، بەدواداچونمان بۆ ھەموو دۆسیەكان كردوە، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلكاوە تاوەكو باشماخ...ئەوەی دیومە، لوتكەی فەسادو گەندەڵییە..كۆی بەرپرسانی حكومەت لەم دۆسیە مەترسیدارانە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردەوامە" عەلی حەمە ساڵح بە روونی باس لە گەندەڵی لە خاڵە سنورییەكان دەكات" لەم نوسینەدا دوو نمونەی تری گەندەڵی باس دەكەم! یەك: ئەوەی لە خاڵی سنوری سمێلكا، حومكمڕانەو بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت كۆمپانیای ستێرە.. نەك حكومەت ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە... دوو: ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشكنینێك تێناپەڕێت، قەباری ئەم قاچاخی جگەرە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردوە، ٨٠٪ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەكرێت، مانگێكە بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەكانمان ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردەوامە... بەراوردی ھاتنی جگەرە لە نێوان شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٨ بە شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٩ دەریدەخات مانگانە ٢٠٠ ھەزار كارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت... جگەرەی هاتوو بە گومرگی باشماخ ٦ مانگی كۆتایی ٢٠١٨ (١٦٩٢٢٢٦) یەك ملیۆن و شەش سەدو نەوەدو دوو ھەزار و دووسەدو بیست و شەش كارتۆن لە ٢٠١٩ قاچاخ دەستپێدەكات و گومرگی فەرمی ٨٠٪ كەمدەكات جگەرەی هاتوو ٦ مانگی كۆتایی ٢٠١٩ (٣٢٢٥٧٤) سێ سەدو بیست دوو ھەزارو پێنج سەدو چل و حەوت... جیاوازی ڕەسمی گومرگی لە نێوان هەردوكیان (٥٤٧٨٦٠٨٠) پەنجا و چوار ملیۆن حەوت سەد و هەشتا شەش هەزار و هەشتا دۆلار. تەنیا لە باشماخ، قازانجی مانگێكی قاچاخی ھێلكەو جگەرەو مەشروب دوگ ٢٥ ملیۆن دۆلارە... بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، ئەم ٢٥ ملیۆن دۆلارە ھەموو مانگێك ٢٥ قوتابخانەی پێدروستددەكرێت، ئەمە یەك ڕێگای گەندەڵیە!!! بەھۆی ئەم دۆسیەی خاڵە سنوریانە، فشارێكی ئێجگار زۆرمان لەسەرە بۆ ئەوەی بێدەنگ بین، بەنیەتی چاكسازی ھاتینە حكومەت، بەدڵنیای ئەگەر لە ڕێگا لەم تاڵانیە نەگرێت، بێدەنگ دانانیشین، و ئەوانەی بەرپرسن لەم تاڵانیەو بە گرێبەست كۆمەڵێك كەس و كۆمپانیایان كردە ملیۆنێر دەبێت دادگایی بكرێت، نەك دەستخۆشیان لێبكرێت..
(درەو): هەینی، رۆژی جیهانی فێركردن (خوێندن) بوو، بەپێی ئامارەكان لە جیهاندا 800 ملیۆن كەس نەخوێندەوارن، لەم ژمارەیە (3 ملیۆنو 700 هەزار) كەسیان لە عێراقو هەرێمی كوردستاندان. نەخوێندەواری لە هەرێم بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2007 رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی كوردستان (27%) بووە، بەڵام (10) ساڵ دواترو بە دیاریكراوی لە ساڵی 2017دا رێژەكە كەمیكردووە بۆ (21%). ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 دەریدەخات رێژەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووەو لە 2018دا رێژەی نەخوێندەواری (21%) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئاماری وەزاتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2013 رێژەی نەخوێندەوارەی لە هەرێمی كوردستان (16%) بووە، واتە لەمساڵانەی دوایدا رێژەی نەخوێندەواری بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە. نەخوێندەواری لە عێراق دوێنێ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێكی نوێی لەبارەی خوێندەواری لە عێراق بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارە نوێیەكە، ساڵی 2019: • رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق لەناو ئەو كەسانەدا كە تەمەنیان (10) ساڵە، گەیشتوەتە (13%)، لێرەدا رێژەكە لەناو كچاندا بەرزترە. • ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو (10) ساڵییەوەیە، لەناو كچاندا (82%) خوێندەوارن، لەناو كوڕانیشدا (92%) خوێندەوارن، واتە لەسەرو (10) ساڵییەوە رێژەی نەخوێندەواری زۆر كەمە. • رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندی سەرەتاییەوە گەیشتوەتە (93%)، رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ناوەندییەوە گەیشتوەتە (57%)، بەڵام رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ئامادەیی كەمەو تەنیا (30%)ە. • ئامارەكە باس لەوەدەكات ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتوانی عێراق (39 ملیۆن) كەسی تێپەڕاندووە، لەم ژمارەیە بەكۆی گشتی (13%) نەخوێندەوارن، واتە (3 ملیۆنو 700 هەزار) كەس، پێوەری یەكەم ئەژماركردنی نەخوێندەواری لە تەمەنی (10) ساڵییەوە دەستپێدەكات. نەخوێندەواری لە جیهان بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە جیهاندا نەخوێندەوارن گەیشتووەتە نزیكەی (800 ملیۆن) كەس. ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن، (260 ملیۆن) منداڵ لە جیهاندا ناچن بۆ خوێندنگەكان، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێك لە ئامانجە نێودەوڵەتییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030، فەراهەمكردنی خوێندنی گشتگیرو باشە بۆ هەموان.