دەسەڵاتی خەرجكردن لە نێوان سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییدا
2021-06-25 16:56:06
راپۆرت: درەو
نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تەواو دەبێت هێشتا حکومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەکێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) رەشنوسی بودجەی ئەمساڵی نەناردووە بۆ پەرلەمان، لەنێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی مشتومڕ لەسەر دەسەڵاتی خەرجکردن هەیە، مەسرور بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتی یەکەمی خەرجکردن لای خۆی بێت، ئەمە ئامادەکردنی رەشنوسەکەی دواخستووە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
کوردو بودجە
ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ە.
پێنج رۆژی تر نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەکەی تەواو نەکردووە، دوای تەواوکردنی رەشنوس هێشتا کاتی تر پێویستە بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە دەبێت حکومەت رەشنوسەکە بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە پەرلەمان لیژنەی دارایی راپۆڕتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات و رەشنوسەکە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژ لای لیژنەکان دەمێنێتەوە دواتر دەبرێتە ناو پەرلەمان و خوێندەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان بکەوێتە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ.
لە ساڵی ٢٠١٣وە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووەو لە دەرەوەی یاساو چاودێری پەرلەمان داهاتی کۆکردوەتەوەو خەرجییەکانی کردووە.
لەماوەی (٢٩) ساڵی تەمەنی هەرێمی کوردستاندا (١١) ساڵ یاسای بودجە هەبووەو (١٨) ساڵ یاسای بودجە نەبووە.
کێشەکانی بەردەم بودجه
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لەسەرەتای کارکردنەوە لەسەر رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١، وەزارەتی دارایی روبەڕووی چەندین کێشەو گرفت بوەتەوە کە بونەتەهۆی دواکەوتنی ئامادەکردنی رەشنوسەکه.
یەکێک لە کێشەکان ئەوە بوو لەسەرەتاوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبووە داتاکانی خۆی رادەستی وەزارەتی دارایی بکات.
یەکەمین کۆبونەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بوو، ئەم کۆبونەوەیە لە روژی ٢٤ی مانگی یەکی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرپرسی دۆسیەی نەوتە، نەوت یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە.
بەڵام چەند سەرچاوەیەک لەناو حکومەت کە (درەو) قسەی لەگەڵ کردوون باسلەوە دەکەن، كێشەی راستەقینەی بەردەم رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم پەیوەندی بە دەسەڵاتەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییەوە هەیە، چونکە بەپێی یاسای بودجەدا، زۆربەی دەسەڵاتی خەرجکردن دەکەوێتە لای وەزیری دارایی، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی نیگەران كردووە.
سەرباری ئەوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەرگری لە دەسەڵاتەکانی لەناو بودجەدا کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە رەشنوشی بودجەدا بەشێك لە دەسەڵاتەكان لە وەزیری دارایی وەرگیراوەتەوەو دراوە بە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، نەك هەر وەزیری دارایی، تەنانەت دەسەڵاتی خەرجکردن لەزۆربەی وەزیرەكان كەمكراوەتەوە.
سەرباری دەسەڵاتەکان، لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی (٢١٪)ی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا بچەسپێندرێت و چوارچێوەی یاسایی پێبدرێت، بەڵام ئەم هەوڵە وەکو خۆی سەرکەوتوو نەبووەو دواتر بەشێوەیەكی تر جێی كراوەتەوە، کە ئەویش قسە باوەکەی سەرۆک وەزیرانە کە دەڵێ "خەرجی موچە بەپێی داهاتی بەردەست دەبێت".
داهاتەکان لەناو رەشنوسی بودجەدا
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستاند، تێکڕای داهات بۆ ماوەی یەک ساڵی دارایی بە بڕی (٢٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دینار دیاریکراوە، کە بڕی (٨ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دیناری كورتهێنانە.
رەشنوسەکە داهاتەکانی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەمشێوەیە دیاریکردووە:
- داهاتی هەناردەكردنی نەوت: (٥ ترلیۆن و ٩٥٤ ملیارو ٦٢ ملیۆن) دینار.
- باجی دەرامەت و سامان: (٥٦ ملیارو ٧٤٢ ملیۆن) دینار.
- باجی كاڵاو رسوماتی بەرهەمهێنان: (٢٥٥ ملیارو ٣٣١ ملیۆن) دینار.
- رسومات: (١٩٥ ملیارو ١٢٩ ملیۆن) دینار.
- داهاتی تەمویلکراو: (١٨ ملیار) دینار.
- داهاتی تر: (٤٨ ملیارو ١٢٢ ملیۆن) دینار.
- كۆی داهات جگە لە بودجەی وەبەرهێنان و پڕكردنەوەی كورتهێنان بریتییە لە: (٦ ترلیۆن و ٣٥١ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن) دینار.
- كۆی داهاتی ناوخۆ: (٢ ترلیۆن) دینار.
- پشكی هەرێم لە بەغداد: (١٢٫٦٧٪) كۆی داهات كە دەکاتە (٩ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) دینار.
خەرجی لە رەشنوسی بودجەدا
كۆی خەرجییەكانی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە خەرجیانە دیاریکراوە:
- خەرجی موچە
- خەرجی وەبەرهێنان (خەرجی وەبەرهێنانی پارێزگاكان + وەبەرهێنانی وەزارەتەكان)
- خەرجی وەزارەتەكان
بودجە له ١٩٩٣وە بۆ ٢٠١٣
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٧) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠).
بە دریژایی ئەو (٢٩) ساڵە تەنها (١٢)ساڵ یاسای بودجەی هەبووە كە پێك دێت لە ساڵانەکانی ( ١٩٩٣، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣).