Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو میدیا:  هێمن هەورامی هۆشداری دەداتە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی كە دەبێت پشتیوانی لە پرۆژە یاسای چاكسازی بكەن و پەیوەست بن بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەوە. دوێنی كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی سێ فراكسیۆنی پەرلەمان( پارتی ، یەكێتی ، گۆڕان) بەرێوەچوو لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی كە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان خوێ،دنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" لە كۆبونەوەكەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕانی راگەیاندووە، كە قبوڵمان نیە هیچ بڕگەیەكی پرۆژە یاساكە بگۆڕن، چونكە ئێوە رێككەوتنتان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەبێت پشتیوانی لە پرۆژە یاساكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و نابێت ناڕەزایی هەبێت لەلایەن ئەم سێ فراكیسیۆنەوە لە پرۆژە یاساكە. هێمن هەورامی داوای كردووە كە دەبێت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی پشتیوانی لە پرۆژە یاسای چاكسازی بكەن.  بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) فراكسیۆنی گۆڕان پشتیوانی پرۆژە یاساكە دەربڕیوەو فراكسیۆنی یەكێتیش فراكسیۆنی یەكێتی تا ئێستا رەزامەندیان لەسەر پرۆژە یاساكە دەرنەبڕیوەو پێیان وایە كەموكوڕی تیایەو پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت ئەو پرۆژە یاسایە كێشەو گرفتی زۆری بۆ درووست ببێت.  بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا)لە كۆبونەوەكەدا، د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی كردووە  تۆپەكەی خستۆتە گۆڕەپانی فراكسیۆن و پەرلەمانتارانەوە كە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەكە بكەن و هەموان سەرنج و قسەی خۆیان هەبێت لەسەری و بە رێگەی یاسایی خۆیدا پرۆژەكە تێپەڕێنرێت. ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە كە فشارێكی زۆر لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەیە لەلایەن پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كە لەگەڵ ئەوە نین تەمەن و ساڵی خزمەت بۆ خانەنشینیان دیاری بكرێت، دەیانەوێت فێڵیكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ دەستكارینەكردنی خانەنشنینی پەرلەمانتاران. 


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف زیاتر لە (هەزارو 100) كەس لە هەرێمی كوردستان بەپلەی وەزیر‌و پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان خانەنشینكراون، ساڵانە زیاتر لە (60 ملیار) دینار بۆ موچەی خانەنشینی ئەم كەسانە دەڕوات، وەزیرو پەرلەمانتار لەكاتی خزمەتیاندا مانگانە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار وەردەگرن، كە خانەنشین دەبن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ مەرجێكی تەمەن‌و خزمەت‌و بڕوانامە مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار وەردەگرن، پرۆژەیاسای چاكسازی كە ئێستا بووەتە باسی گەرمی شەقام، چ گۆڕانكارییەك لەم ژمارانەدا دەكات ؟ ئایا پەرلەمانتاران بە دەنگ‌و دەستی خۆیان موچەی خانەنشینی خۆیان دەبڕن ؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانە‌و چەندین پرسیاری تردا دەگەڕێت. پرۆژەیەكی كۆن بە كابینەیەكی نوێوە دوای دوو ساڵ هێنان‌و بردن لەنێوان حكومەت‌و پەرلەماندا، دواجار رۆژی12ی ئەم مانگە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق)  رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردەوە. ئەمە جاری دووەمە ئەم پرۆژەیاسایە دەچێتە ناو پەرلەمان، سەرەتا رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017 پرۆژەكە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراو رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا. پەرلەمانی كوردستان رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری هەمان ساڵ بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە بەدیاریكراویش بڕی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە‌و پرۆژەكەی گەڕاندەوە بۆ حكومەت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا تەبەنی پرۆژەیاسا بەجێماوەكەی كابینەی پێش خۆی كرد، ئەوەی ئێستا رەوانەی پەرلەمان كراوە، هەمان پرۆژەی كابینەكەی پێشووە بە هەندێك دەستكارییەوە، واتە ئەوەی هەیە پرۆژەیەكی كۆنە بە كابینەیەكی نوێوە. پلەباڵاكان كێن ؟ پرسی زۆری موچەی پلەباڵاكان لەدوای ساڵی 2005‌و یەكخستنی حكومەت سلێمانی‌و هەولێرەوە، وردە وردە بووەتە جێگەی باسی گەرم لە شەقامدا، لەو ساڵانەدا بۆیەكەمجار میدیای ئەهلی لە سلێمانی بە مانشێتی گەورە دەستی بۆ ئەم بابەتە بردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام هیچ كات رەخنەكان حكومەتی ناچار نەكرد پێداچونەوە بە زۆری موچەی پلە باڵاكاندا بكات. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەپەرلەمانی كوردستانە، پلەباڵاكان ئەوانەی لەكاتی خزمەت‌و دوای خانەنشینبوونیش موچەی زۆر وەردەگرن، بریتین لەوانەی لە یەكێك لەم پۆستانەدا كار دەكەن: •    سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و جێگرەكانی •    سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی •    سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكانی •    ئەندامانی پەرلەمان‌و وەزیرەكان‌و ئەوانەی بەپلەی ئەوانن •    بریكارەكانی وەزارەت‌و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن‌و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزیر وەردەگرن •    خاوەن پلەتایبەتەكان •    بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و ئەوانەی بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی‌و ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن •    سەرۆكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم •    گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێمی كوردستان موچەی‌و دەرماڵەی هەردوو پلەباڵای (ا)‌و (ب) لەسەر میلاكی (شارستانی‌و سەربازی‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) وەردەگرن سەرەتایەكی پڕ لە كێشە لەگەڵ گەیشتی پرۆژەیاساكە بە پەرلەمانی كوردستان، قەیرانێكی نوێ لەنێوان پەرلەمانتاران‌و لایەنەكان دەستیپێكردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان‌و پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان‌و خانەنشینانی سەربازی لەڕێگەی كەناڵی جیاجیاوە فشاری توندیان دروستكردووە، تاوەكو پەرلەمان پرۆژەیاساكە بەوشێوەیە تێنەپەڕێنێت كە لە حكومەتەوە بۆی نێردراوە. زۆرێك لە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان نیگەرانن لەم پرۆژەیاسایە، چونكە پرۆژەكە موچەی خانەنشینی ئەوان كەمدەكاتەوە، بەپێی یاسا بەركارەكەی ئێستا، پەرلەمانتاران‌و وەزیرەكان بەڕێژەی (80%)ی كۆی گشتی موچەكەیان لەكاتی خزمەتدا خانەنشین كراون، واتە بۆ نموونە پەرلەمانتاران كە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراون، لەكۆی (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناری موچەكەیان لەكاتی خزمەتدا، بە (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار خانەنشین كراون، بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی (تەمەن‌و ساڵی خزمەت‌و بڕوانامە)، بەڵام بەپێی پرۆژە نوێیەكە، چەند پێوەرێك بۆ خانەنشینبوون دانراوە لەوانە (تەمەن‌و خزمەت‌و بڕوانامە)، سەرباری ئەمە، بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان كەمكراوەتەوە، بەجۆرێك لە پرۆژە یاساكەدا پێشنیازێك لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانەوە خراوەتەڕوو كە بەراورد بە یاسا بەركارەكەی ئێستا، موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان كەمتردەكاتەوە، بەمشێوەیە: ئەو پێشنیازە كە لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە داوا دەكات: •    پلە باڵاكان بە رێژەی (25%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیە خانەنشین بكرێن كە لەكاتی خزمەتدا وەریانگرتووە. •    سەرباری ئەمە، رێژەی (2.5%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیەی كە پلەباڵاكان لە كاتی خزمەتدا وەریانگرتووە، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت. •    هەموو ئەمانە بە مەرجی ئەوەی شایستەی موچەی خانەنشینی رێژەی (70%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیە تێنەپەڕێنێت كە پلەباڵاكان لە كاتی خزمەتدا وەریانگرتووە. بەپێی ئەم پێشنیازە، پەرلەمانتارێك كە هەموو مەرجەكانی تێدا بێت، هێشتا بە هێندەی ئەوە موچەی خانەنشینی وەرناگرێت كە ئێستا وەریدەگرێت، ئێستا پەرلەمانتارانی رێژەی (80%)ی كۆی ئەو موچەیە وەردەگرن كە لەكاتی خزمەتدا وەریانگرتووە، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیازە، پلەباڵاكان نابێت (70%)ی كۆی گشتی موچەكەیان وەرگرن، واتە پەرلەمانتاران كە لەكاتی خزمەتدا (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناریان وەرگرتووە، خانەنشینییەكەیان دەبێت بە (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا هەموو پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەن‌و خزمەت مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار دینار) موچەی خانەنشینی وەردەگرن. سەرباری ئەمە، ئەوانەی لەناو پلە باڵاكاندا خانەنشین دەكرێن، بەپێی پرۆژەیاساكە دەبێت ئەم مەرجانەیان تێدابێت: •    خزمەتی خانەنشینییان لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت. •    (45) ساڵی تەمەنیان تەواو كردبێت. •    لە هیچ حاڵەتێكدا بەبێ بوونی ئەم دوو مەرجەی سەرەوە هیچ خانەنشینییەك بۆ پلەباڵاكان ئەژمارناكرێت جگە لە حاڵەتەكانی (مردن) یان (شەهیدبوون) یاخود (خانەنشینبوون بە هۆكاری تەندروستی). •    پرۆژەكە دەرگای گەڕانەوەی بۆ ئەو كەسانە كردوەتەوە كە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانیان ناوێت‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان (ئەمە دەرگای موزایەدەكردن لەناو پەرلەمانتارو وەزیرەكان دادەخات) سەرباری ئەو كەمكردنەوەیەی كە بۆ موچەی پلە باڵاكان لە پرۆژەیاساكەدا دانراوە، هێشتا زۆر كەس رەخنەیان هەیە‌و دەڵێن موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەم پرۆژە نوێیەشدا هێشتا زۆرەو دەبێت كەمتر بكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە پرۆژە بنەڕەتییەكەدا واتە بەر لە دەستكاریكردن، بڕیاربووە بەهۆی ئەم چاكسازییانەوە مانگەی بڕی (130 ملیار) دینار بۆ خەزێنەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەهۆی لابردنی بڕگەی تایبەت بە (رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران) لە پرۆژە نوێیەكەدا، دەستكەوتی دارایی چاكسازییەكە لە (130 ملیار)‌و بۆ (50 ملیار) دینار كەمدەكات، واتە بە بەبڕی (80 ملیار) دینار كەمیكردووە. كۆی گشتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمانگێكدا (881 ملیار) دینارە، لەم بڕە (476 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ (دەرماڵە)ی موچەخۆران دەچێت، بڕی (405 ملیار) دینار بۆ موچەی بنەڕەتییە، واتە (54%)ی كۆی گشتی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم بۆ دەرماڵەكان دەچێت‌و رێژەی (46%)ی كۆی گشتی موچە بۆ موچەی بنەڕەتی دەچێت، سەرباری ئەمە ئاماژانە، حكومەت لە ترسی ناڕەزایەتی شەقامی موچەخۆر خۆی لە دەستبردن بۆ ئەم بابەتە بوارد. زۆرینەی كێشەی ئەم پرۆژەیە لەو بڕگانەدایە كە تایبەتە بە خانەنشینی پێشمەرگە، كە بەشێكی زۆریان كەمئەندامی سەنگەرو پێشمەرگە دێرینەكان‌و كادیرە حزبییەكانن‌و خزێندراونەتە ناو لیستی خانەشینی پێشمەرگە، لەكاتێكدا ئەوانە زۆربەیان تەمەنیان نەگەیشتووەتە خانەنشینی‌و بەپلەی نەقیب‌و عەقیدو رائیدو لیوا موچەی خانەنشینی وەردەگرن.  چاكسازی رێكخستن ؟ چەند رۆژێكە بابەتی ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بووەتە پرسی گەرمی گفتوگۆی سیاسەتمەداران‌و خەڵك‌و میدیا، هەندێك ئەمە بە سەرەتایەكی باش بۆ دەستپێكردنی چاكسازی ریشەیی لە هەرێم ناودەبەن، هەندێكی تر رەخنەیان هەیە‌و دەڵێن ئەوەی لەو پرۆژەیاسایەدا هاتووە چاكسازی نییە، بەڵكو (رێكخستنەوە)ی موچە‌و كۆتایهێنانە بە ناعەدالەتییەك كە دەبوو حكومەت زوتر بیكردایە. دەستبردن بۆ موچەی پلەباڵاكان لەكاتێكدایە، هێشتا كەرتی نەوت كە ئێستا بڕبڕەی پشتی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، ناشەفافە‌و بۆ زۆرێك لە چاودێران‌و تەنانەت پەرلەمانتارو وەزیرەكانیش ناڕوونە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لە كۆتایی تەمەنی خۆیدا وەكو سەرۆكی حكومەت، گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی بواری بوردبینیدا ئیمزا كرد بەمەبەستی چاودێریكردن‌و وردبینیكردن لە نەوتی هەرێم، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە ئەو كۆمپانیایە (شەش) راپۆرتی لەبارەی فرۆش‌و داهاتی نەوتەوە بڵاوكردەوەتەوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خەڵك‌و پەرلەمانتاران قایل بكات بەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی پرۆسەیەكی شەفافە. سەرباری كەرتی نەوت وەكو بڕبڕەی پشتی داهات، كەرتە هەستیارەكانی تریش لە نمونەی وەبەرهێنان‌و بازاڕۆ بازرگانی ناشەفافن‌و لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە قۆرخكراون، حكومەت‌و پەرلەمان تائێستا هەنگاوێكی ئەوتۆیان لەو بوارانەدا هەڵنەگرتووە كە خەڵك هەست بە ئەنجامەكانی بكەن. لەپاڵ رەخنە زۆرەكاندا، هەوڵدان بۆ یەكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت لەیەكەكانی هێزی پێشمەرگە لەم پرۆژەیاسایەدا، هەوڵێكە بەئاڕاستەی شەفافكردنی موچەی هێزی چەكدار، كە لەئێستادا دوو یەكەی ژمێریارییان هەیە، هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی سەربازی كە دەوترێت گەەندەڵییەكی زۆری تێدایە، یەكێكی ترە لە هەوڵە باشەكانی ناو پرۆژەكە، ئێستا (شەش) فەرمانگەی خانەنشینی سەربازی لە هەرێمدا هەیە، یاساكە دەیەوێت فەرمانگەیەكی یەكگرتووی خانەنشینی سەربازی دروستبكات. رێكخستنەوەی لیستی موچەی (كەمئەندامانی سەنگەر)، (زیندانیانی سیاسی)، (پێشمەرگەی دێرین)، (لیستی شەهیدان) هەوڵێكی تری پرۆژەیاساكەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەو بوارە شێواوانە. بەشێوەیەكی گشتی پرۆژەیاساكە ئەگەر پەسەندبكرێت، كۆتایی بە نادادی لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەهێنێت، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لە لەو موچە زۆرەدا ناكات كە ئێستا وەزیرو پەرلەمانتار‌و پلەباڵاكان لەكاتی خزمەت‌و بەر لە خانەنشینبوونیان وەریدەگرن، كە ئەوەش بەبەراورد بە فەرمانبەرانی ئاسایی جیاوازییەكی زۆرە، بەجۆرێك ئێستا وەزیر یاخود پەرلەمانتارێك مانگە بڕی زیاتر لە (8 ملیۆن) دینار وەردەگرن، لەكاتێكدا تێكڕای موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی مانگانە (500 هەزار) دینارە.   بەگۆی گشتی بۆ زۆرێك لەوانەی لە نزیكەوە چاودێری كاری پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵاكان دەكەن‌و (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، پێناچێت پەرلەمانتاران بە دەست‌و دەنگی خۆیان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی موچەی خۆیان بدەن، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن لە پشتی پەردەوە ژمارەیەك زۆر لە پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان هەوڵی ئەوە دەدەن دەستكاری بڕگەی تایبەت بە موچەی خانەنشینبون‌و مەرجەكانی خانەنشینبوونیان بكەن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەو پێشووی پێشووی پەرلەمان گەنجن‌و بەپێی پرۆژەنوێیەكە موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە.  كورتەیەكی مێژوویی لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم واتە بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا): • 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون • هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە • كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە • 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر • 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون • 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە  


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  له‌وه‌ته‌ی باس و خواسی یاسایی چاكسازی هاتۆته‌ گۆڕێ زۆر كه‌س و لایه‌ن خۆیان ده‌كه‌ن به‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌ و كه‌سان و لایه‌نێك به‌ یاری پڕۆژه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ندێكیشیان نه‌یاری پڕۆژه‌كه‌، زۆرجاریش ئه‌و بابه‌ته‌ بۆته‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی و ئیعلامی، خه‌ڵكانێكیش ده‌یانه‌وێ بیكه‌نه‌ ماده‌یه‌ك له‌ پێناو په‌رده‌پۆشكردنی كه‌م كورییه‌كانی خۆیان و حزبه‌كه‌یان. میدیای یه‌كێتیی و یه‌كێتییه‌كان واخۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان شه‌ڕیان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ كردووه‌، هه‌ندێ و ماده‌ و بڕگه‌یان پێ باش نه‌بووه‌، له‌كاتێكدا له‌ كابینه‌ی رابردوو بیرۆكه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن (قوباد تاڵه‌بانی و د.ئامانج ره‌حیم)ه‌وه‌ دروستبوو، ئه‌وان یه‌كه‌م كه‌س بوون باسیان له‌ رێكسختنه‌وه‌ی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ كرد، هه‌موو ئه‌و لێدوان و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ش ماوه‌ن كه‌ قوباد و تاڵه‌بانی و ئامانج ره‌حیم، خۆیان به‌ ئه‌ندازیاری نوسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی ده‌زانی، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وان له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانیش پێداگریان له‌سه‌ر ده‌كردو به‌رگریان ده‌كرد. له‌ كابینه‌ی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی به‌ ته‌واوی زانیاری له‌باره‌ی ورده‌كاری ره‌شنووسی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ نه‌بوو، تاوه‌كو نێردرا بۆ په‌رله‌مانیش، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كردی تیمی یه‌كێتیی بوو له‌ حكومه‌ت. كه‌واته‌ ئێستا كه‌ یه‌كێتیی ده‌ڵێ شه‌ڕمان له‌سه‌ر چه‌ند ماده‌ و بڕگه‌یه‌كی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ كردووه‌، جگه‌ له‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی و ئیعلامی و جۆرێك له‌ چه‌واشه‌كاری هیچی دیكه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌بوون له‌ ڕابردوودا. به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ر له‌وه‌ی یه‌ك وه‌زیری یه‌كێتیی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بكات، خودی مه‌سرور بارزانی به‌ تایبه‌ت له‌و بڕگه‌یه‌ی تایبه‌ت بوو به‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، كه‌ ئه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌بده‌ئیه‌ن له‌گه‌ڵ بڕینی هیچ جۆره‌ ده‌رماڵه‌یه‌ك وكه‌مكردنه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ موچه‌یه‌ك نییه‌، كه‌ كار له‌ ژیانی هاوڵاتیان بكات، ئه‌مه‌ش ده‌رگای كرده‌وه‌ ئه‌وانی دیكه‌ تێبینی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ بخه‌نه‌ڕوو. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا روو له‌ نوێنه‌رانی یه‌كێتیی كراوه‌، به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ئێستا پێداگری له‌سه‌ر هه‌ندێ بڕگه‌و ماده‌ ده‌كه‌ن و له‌ دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌ ڕابردوودا خۆیان خاوه‌نی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌بوون. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌ر له‌وه‌ی وه‌زیرێكی یه‌كێتیی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆ كه‌ پشكی پارتیه‌ و وه‌زیره‌كانی گۆڕانیش به‌رگریان كردووه‌ له‌سه‌ر ماده‌ی ده‌رماڵه‌ تێبینیان هه‌بوو، بۆیه‌ حه‌ق نییه‌ له‌وبابه‌ته‌دا چه‌واشه‌كاری بكرێت، ئه‌و وه‌زیره‌شی كه‌ زۆرترین به‌رگری كردووه‌ له‌ پشكی یه‌كێتی وه‌زیری پلاندانان نه‌بووه‌ كه‌ باسده‌كرێت. گۆڕان كه‌ ئێستا خۆی به‌ به‌رگریكاری ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌زانێت به‌ تایبه‌ت له‌زاری فراكسیۆنه‌كه‌یان، پێیناوایه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ مه‌رجه‌كانی هاتنه‌ ناو حكومه‌تیان، ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی دوو ڕوویی، چونكه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی هه‌شته‌م و دوای نوسینه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ئامانج ره‌حیم و گفتووگۆكردن له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ ئیمزای نێچیرڤان بارزانی به‌نوسراوی ژماره‌ (17 ) له‌ رێككه‌وتی 3ی مانگی كانونی دووه‌م نێردرایه‌ په‌رله‌مان، گۆڕان ئه‌وكات له‌ حكومه‌ت ده‌ركرابوو، له‌ په‌رله‌مانیش ئۆپۆزسیۆن بوو، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ نه‌بوو. ئێستاش ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌مان پڕۆژه‌یه‌ و دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد و دواتر له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نێردرایه‌وه‌، وه‌كو خۆیه‌تی پڕۆژه‌كه‌ تۆزێك ده‌ستكاری كراوه‌، كه‌واته‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ گۆڕانه‌وه‌ نییه‌، كه‌چی ئێستا به‌شێكیان كردوویانه‌ به‌ موزایه‌ده‌و بابه‌تی میدیای. پارتییه‌كانیش له‌ نێوشیان به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌یان، كه‌ زۆرجار شانازی به‌و پڕۆژه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش تیمه‌كه‌ی حكومه‌تیان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بابه‌ته‌یان به‌ شتێكی لاوه‌كی وه‌رگرتووه‌ و به‌ ئاشكرا دوێنێ باسیان له‌وه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌نها په‌یوه‌سته‌ مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشینه‌كان و چاكسازی به‌ مانا فراوانه‌كه‌ له‌ خۆناگرێت. ئه‌مه‌ش جیاوازی دوو هه‌ڵویستی پارتی ده‌رده‌خات، كه‌ جاران پێیانوابوو گرینگ و سیحراویه‌ ئێستاش ده‌ڵێن شتێكی رووكه‌شه‌. ئێستا نیفاق و دوو روویی لایه‌نه‌كانمان له‌ حكومه‌ت بۆ ده‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ گه‌یشته‌ په‌رله‌مان ئه‌وكاتیش ده‌رده‌كه‌وێت كێ راستگۆیه‌ و كێ دوو ڕووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و بڕگه‌یه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاره‌وه‌ هه‌یه‌؟!


راپۆرت: سەرتیپ وەیسی كەریم  ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 11ی كانونی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ره‌شنووسی یاسایی چاكسازی كۆده‌بێته‌وه‌و بڕیاریشه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت. دوای خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ره‌شنووسه‌كه‌ ئه‌وه‌ی گرینگ و په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شێكی ناوه‌ڕۆكی ره‌شنووسه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ : یه‌كه‌م: له‌باره‌ی خانه‌نشینی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان له‌باره‌ی خانه‌نشینی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان و پله‌ تایبه‌ته‌كان ...هتد دوو پێشنیاز كراون : پێشنیازی یه‌كه‌م: مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ و ته‌نها بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م بڕگه‌یه‌ موچه‌ی بنه‌ره‌تی ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌ك وه‌زیر هه‌ژمار ده‌كرێت: 1. رێژه‌ی ( 25%) بیست و پێنج له‌سه‌دا له‌ كۆی گشتیی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا وه‌ریده‌گرێت. 2.رێژه‌ی ( 2.5%) دوو و نیو له‌سه‌دا له‌ كۆی گشیتی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا وه‌ریده‌گرێت ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌ی خانه‌شنیی بۆ هه‌ر ساڵێكی خزمه‌ت. 3.شایسته‌ی موچه‌ی خانه‌نشین نابێت له‌ رێژه‌ی ( 70%) حه‌فتا له‌سه‌دا تێپه‌رێت له‌ كۆی گشتیی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خزمه‌ت وه‌ریده‌گرێت. پێشنیازی دووه‌م : موچه‌ی خانه‌نشینی هه‌ژمار ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌: ئه‌نجامی لێگدانی تێكرای مووچه‌ له‌ ژماره‌ی ساڵانی خزمه‌تی خانه‌نشینی به‌ رێژه‌ی كۆكراوه‌ی ( 2.5%) دوو له‌ سه‌دا. واته‌ موچه‌ی خانه‌شینی یه‌كسانه‌ به‌ تێكرای مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی جارانی 2.5% جارانی ژماره‌ی مانگه‌كانی خزمه‌ت دابه‌ش دوانزده‌ له‌سه‌ر 100. 2. ده‌رماڵه‌ی ئه‌م بڕاوانامه‌ی خواره‌وه‌ یان هاوشێوه‌كه‌یان كه‌ له‌ پێش وه‌زیفه‌ یان له‌ كاتی وه‌زیفه‌ به‌ده‌ستیان هێنابێت به‌م رێژه‌یه‌ ده‌بێت و ته‌نها دوا بڕوانامه‌ هه‌ژمارده‌كرێت: * ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆم به‌ رێژه‌ی پێنج له‌ سه‌دای مووچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت. *ده‌رماڵه‌ی به‌ كه‌لۆریۆس به‌ رێژه‌ی ده‌ له‌ سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت. * بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵاو ماسته‌ر به‌رێژه‌ی پانزده‌ له‌ سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت. * ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ رێژه‌ی 20 له‌سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت. هه‌ر به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ش پێویسته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشین بێت ته‌مه‌نی له‌ 45 ساڵ زیاتر بێت و ساڵانی خزمه‌تیشی له‌ 15 به‌سه‌ره‌وه‌ بێت. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ك له‌ موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌رۆك هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و پله‌ تایبه‌ته‌كان وه‌رگرین به‌م شێوه‌یه‌ی لێدێت : له‌ پێشنیازی یه‌كه‌می خانه‌نشینی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان : موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی په‌رله‌مانتار به‌ نموونه‌ * 2.5% = بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌ی بنه‌ره‌تیه‌كه‌ 5.500.000 بێت * 2.5 = 1.375.000 ئینجا موچه‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ (5.500.000) * 2.5% * ساڵانی خزمه‌ت/ 12 ( ئه‌گه‌ر 15 ساڵ بێت) = 3.433.500 دینار ئه‌گه‌ر ساڵانی خزمه‌تی 35 ساڵ بێت 5.500.000 * 2.5% * 35 ساڵ خزمه‌ت/ 12 = 6.187.500 له‌به‌رئه‌وه‌ی نابێت موچه‌ی خانه‌نشینی رێژه‌كه‌ی بگاته‌ له‌سه‌دا حه‌فتای كۆی موچه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ دواین رۆژانی خزمه‌تكردن وه‌ریده‌گرێت كه‌واته‌ موچه‌كه‌ی ده‌بێته‌ 5.600.000 كه‌واته‌ به‌پێی پێشنیازی یه‌كه‌م كه‌مترین و زۆرترین موچه‌ی خانه‌شینی په‌رله‌مانتاران كه‌ به‌ نموونه‌ وه‌رمانگرتووه‌ له‌ نێوان ( 3 ملیۆن چوارسه‌د و سی و حه‌وت هه‌زار) بۆ ( پێنج ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار ده‌بێت) . نموونه‌ بۆ پێشنیازی دووه‌می خانه‌نشینی : مووچه‌ بنه‌ڕه‌تی* 2.5% ساڵانی خزمه‌ت ئه‌گه‌ر موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی 5.5.00.000 * 2.5% * 15 ساڵ خزمه‌ت = 4.812.500 ئه‌گه‌ر بڕونامه‌كانیش حساب بكه‌ین موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی* ( 5%ی دبلۆم، 10% ی به‌كه‌لۆریۆس، 15%ی ماسته‌رو دبلۆمی باڵا، 20% دكتۆرا) كه‌واته‌ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار بڕوانامه‌ی دبلۆم 2.337.000 هه‌زاره‌ و زۆرترینیش به‌ دكتۆرا 5.412.000 دیناره‌. دووه‌م : له‌باره‌ی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران : ماده‌كه‌ زۆر لاستیكیه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌وانه‌ی شایسته‌ نین وه‌رده‌گرن ده‌رماڵه‌كه‌یان لێده‌برێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان به‌ یاساو رێنمایی دراون ئه‌سته‌ ببڕدرێت، ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ نین. ماده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ : یه‌كه‌م : خه‌رجكردمی ده‌رماڵه‌ پیشه‌ییه‌كان و ده‌رماڵه‌ی ترسناكی له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رو كارمه‌نده‌ شایستانه‌ی كه‌ له‌ بواری پسپۆری خۆیاندا به‌ فیعلی خزمه‌تی تایبه‌تمه‌ندی له‌ بواری ئه‌رك و چاڵاكی ته‌كنیكی و وه‌زاره‌تیان دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌نیدار ئه‌نجامده‌ن و یه‌كخستنی ده‌رماڵه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ وه‌زیفیانه‌ی له‌ گشت وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌ك ناونیشانی وه‌زیفین و هه‌مان وه‌سفی وه‌زیفیان هه‌یه‌. دووه‌م: راگرتنی كاركردن به‌هه‌ر په‌یره‌و رێنماییه‌ك كه‌ به‌ ده‌ر له‌ حكومی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و هه‌ر ئیمتیازاتێكی دارایی تر ده‌به‌خشنه‌ فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان. هه‌ردوو بڕگه‌كه‌ لاستیكی و ناڕوونه‌، بۆیه‌ جێبه‌جێكردنیان قورسه‌. سێهه‌م: له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌نشینی وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو راوێژكار و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ رێزی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان بوون پێش رێككه‌وتی 5ی 3ی 1991 وه‌ك رێزلێنانێك موچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، له‌ بڕی ئه‌وه‌ پێویسته‌ دوای دڵنیابوون له‌ مه‌رج و پێداویستی و وردبینیكردن و پاككردنه‌وه‌ی لیستی ناوی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌ ناوی كه‌سانی نا شایسته‌، ئیمتیازانی دارایی شایسته‌یان بۆ دابینده‌كرێت له‌به‌ر رۆشنایی یاسایی رێزلێنانی پێشمه‌رگه‌ی ( زێره‌ڤانی هه‌رێمی كوردستان- عێراق) ژماره‌ (23)ساڵی 2007، یان یاسای راژه‌ی خانه‌شینی پێشمه‌رگه‌ ( زێره‌ڤانی هه‌رێمی كوردستان -عێراق) ژماره‌ (28) ساڵی 2007) به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی. ره‌شنووسه‌كه‌ چه‌ند ماده‌ و بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی تێدایه‌ وه‌كو كەمكردنەوەی موچەی پلە بالاكان، برینی موچە نایاساییەكان، یەكخستنی پلە وەزیفییەكان، لادانی بن دیوارەكان و پاك كردنەوەی لیستی موچەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و كەمئەندامی سەنگەر و چاودێری كۆمەلایەتی لە كەسانی نا شایستە. كه‌ و كوڕییه‌كانی ره‌شنووسه‌كه‌ : * ره‌شنووسه‌كه‌ له‌رووی ناونیشانه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و له‌زۆرشت له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جیاوازه‌ (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌) . * یاسای چاكسازیه‌كه‌ ته‌نها ده‌ستكاریكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشینه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ چاكسازی گشتیه‌وه‌ نییه‌. * مووچه‌ خانه‌نشینی پله‌كانی خواره‌وه‌ زیاد نه‌كراوه‌ واته‌ ئه‌وانه‌ی 300 هه‌زار كه‌مترن.. *چاكسازی له‌ خه‌رجی و داهات و نه‌وت و بواره‌كانی دیكه‌ نه‌هاتووه‌ و ده‌بوایه‌ باسی هه‌موو سێكته‌ره‌كان بكات . * زۆربه‌ی ئه‌و رێككارانه‌ی له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌ بڕیار كراون له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌ی پێویستی به‌ یاسا نییه‌. * هیچ نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و داهاته‌ نا نه‌وتییه‌كان نییه‌. * باس له‌ چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان نه‌كراوه‌. * له‌ زۆر شوێن ئاماژه‌ به‌و برگه‌و ماده‌ یاسایانه‌ ناكات كه‌ ئه‌و یاسایه‌ هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌.    


عەبدوڵا حەوێز   - بڕی یەک ملیار دۆلار لە بانکی دەریای ناوەراست لە لوبنان سڕ کراوە بەهۆى ناڕوونی سەرچاوەى ئەم پارەیە. پارەکە لەژێر حیسابی بانکی کەسێکە بەناوى (مورتەزا لاخانی). - بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەر (مورتەزا لاخانی)، شکاتی لە بانکەکە کردووە لە دادگایەکی ئەمریکا، دواى ئەوەى داواکەى لە دادگاکانى لوبنان سەرکەوتوو نەبوو (١). - ئێستا بابزانین مورتەزا لاخانی کێیە و پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چیە؟ - مورتەزا بزنسمانێکی کەنەدی بەرەگەز پاکستانیە و لە سالانی ٢٠٠٠ـەکان وەک نوێنەری کۆمپانیا گلینکۆری بەریتانی-سویسری لە بەغدا کاری کردووە (٢) - دواتر لەرێی ئاشتی هەورامیەوە دەهێنرێتە هەرێم و دەبێتە بەشێک لە کەرتی نەوتی هەرێم. بەهۆى سووکردنی ئەم کۆمپانیایانەى لە نەوتی هەرێم کار دەکەن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کاری مورتەزا دۆزینەوەى ئەم کەشتیانە دەبێت کە رازی دەبن بە گواستنەوەى نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکیەوە. - مورتەزا لاخانی ماڵێکی لە هەولێر هەیە و راوێژکارێکی نزیکی ئاشتی هەورامی بووە و دەستی تێکەڵە لەگەڵ بنەماڵەى بارزانی لە چەندین بازرگانی تایبەت بە نەوت (٣) - بەپێی قسەى مورتەزا لاخانی خۆى، موچەى مانگانەى لەلایەن حکومەتی هەرێم یەک ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەهۆى قەیرانی دارایی هەرێم موچەکەى بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار کەم بۆتەوە (٣)، کەچی ئێستا یەک ملیار دۆلار لەژێر حیسابی ئەوە لە لوبنان! - بەپێی قسەى سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی لوبنان، ئەم پارەیە هی بنەماڵەى بارزانیە (٤) - هەر بەپێی قسەى ئەم سەرکردە لوبنانیە، ئەم کەسەى کە سکاڵای لە دژی بانکی دەریای ناوەراست بەرزکردۆتەوە کەسێکە بەناوى (ریمۆند رەحمە). - (ریمۆند رەحمە) بزنسمانێکی لوبنانیە و وەک مورتەزا لاخانی لەگەڵ سەرکردەکانى هەرێم کار دەکات - بۆ نموونە لە راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرزدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە (ریمۆند رەحمە) سەهمی لە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم هەیە و کۆرەک بە دەیان ملیۆن دۆلاری داوە بە ریمۆند رەحمە (٥). - ئەمانە و چەندین کەسی تریش هەموویان بەیەکەوە تۆڕێکن و کار بۆ سەرکردەکانى هەرێم دەکەن و زیاتر وەک واجیهەى ئەم پارەیە دەردەکەون کە لە پارەى نەوتی هەرێم براوە. . سەرچاوەکان: ١- https://uk.reuters.com/…/oil-trader-imms-sues-lebanons-bank… ٢- https://uk.reuters.com/…/exclusive-how-kurdistan-bypassed-b… ٣- https://www.ft.com/con…/02a7065a-78cd-11e5-933d-efcdc3c11c89 ٤- https://twitter.com/wiamwahhab/status/1200293214927937536 ٥- https://mobile.reuters.com/article/amp/idUSL8N1QW3WG…


راپۆرت: سەرتیپ وەیسی كەریم به‌ر له‌وه‌ی رێواز فایه‌ق ببێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له‌( ڤاڵا فه‌رید و هێمن هه‌ورامی) خه‌رجییه‌كی زۆریان كردووه‌،  په‌رله‌مان به‌هۆی دانانی ناوماڵ بۆ ژماره‌یه‌ك خانووی په‌رله‌مانتاران( كه‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردانی تێدا كراوه‌) له‌ ئێستادا قه‌رزه‌كانی په‌رله‌مان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ دوو ملیار دینار. ئێستا په‌رله‌مان قه‌رزاره‌وه‌ حكومه‌تیش ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و قه‌رزهه بداته‌وه‌، ناچاریش سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت به‌ چ یاساو رێنمایه‌ك ئه‌و كاره‌ ده‌كات به‌هۆی فشاری بازار، هه‌ستاوه‌ خانویه‌كی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی له‌ گوندی ئیتاڵی یه‌ك فرۆشتووه‌ به‌ بڕی 80 ده‌فته‌ر دۆلار. له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی ساڵێكدا به‌ هه‌ده‌ردانی زۆر كراوه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی داواكاری په‌رله‌مانیان له‌باره‌ی خه‌رجكردنی پاره‌ ره‌تكردبێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی هه‌بووه‌، كارێكی باشه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ نه‌بێـت، كه‌واته‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌ی په‌رله‌مان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌ و ده‌بێت بۆ خه‌رجكردنی هه‌ر پاره‌یه‌ك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی، به‌مه‌ش به‌ ته‌واوی په‌رله‌مان ملكه‌چی حكومه‌ت ده‌بێت، ئه‌ركه‌كانی خۆیان وه‌كو پێویست به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ چاودێكردنی حكومه‌ت هه‌یه‌ ناتوانن جێبه‌جێبكه‌ن. له‌ هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئێستا قاسه‌ی به‌تاڵه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هێمن هه‌ورامی ژووره‌كه‌ی خۆی نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ و خۆشتره‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئێستا ریواز فایه‌قیش هه‌ستاوه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ ژوورێكی دیكه‌ داده‌نیشێت. به‌شێك له‌و به‌هه‌ده‌ردانه‌ی په‌رله‌مان په‌یوه‌ندی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ خانووه‌كانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان خۆی به‌وشێوه‌یه‌ به‌ هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵى ئه‌نجامبدات، كه‌سیش لێینه‌پێچێته‌وه‌، كه‌واته‌ چاكسازی خۆتان خۆش ! هه‌ركارێكی چاودێری په‌رله‌مانیش ده‌یكات له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت، ئه‌ویش به‌شێوازی رۆژنامه‌وانی نه‌ك په‌رله‌مانی.


(درەو میدیا): ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق ئەو پیاوەی وەكو كاندیدی یەكێتی پۆستەكەی وەرگرت‌و ئێستا لە پارتییەوە نزیكە، دواجار خانەنشین كرا‌و دیارنییە كێ شوێنەكەی پڕدەكاتەوە نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق ئیمزای لەسەر نوسراوێك كرد بۆ خانەنشینكردنی ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی‌و 58 ئەفسەری تر. بەپێی نوسراوەكە، ئەنوەر حەمەئەمین‌و ئەفسەرەكانی تر بەهۆكاری تەمەنەوە خانەنشین كراون. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووە‌و لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووە‌و ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە‌و بەمدواییە كە پارتی‌و یەكێتی كێشەیان لەسەر كاندیدی پارێزگاری نوێی كەركوك هەبوو، ناوی خرایە ناو ناوانەوە، بەڵام دواجار كاندیدنەكرا.  


درەو میدیا:  "ئێستا حكومەت چالاكتر و شەفافترە، فەرمانبەران باشتر لە جاران دەوام دەكەن، ئێستا گشت هاوڵاتیانی هەرێم ئەتوانن بزانن كە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكان چەندەو لە چی بوارێكدا خەرجدەكرێت" ئەمە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەبۆنەی( 100 )رۆژی كاركردنی كابینەی نۆیەم، بڵاویكردەوە. گرنگترین ئەو خاڵانەی كە مەسرور بارزانی ئاماژەی پێكردن:   🔹ئێستا حكومەت چالاكتر ئەكتیفتربووە 🔹ئێستا حكومەتی هەرێم بەهێزتر و سەقامگیرترە 🔹بە دڵنیایی ئێستا حكومەت شەفافترە  🔹كەمكردنەوەی رێژەیەكی بەرچاوی رۆتین  🔹فەرمانبەران باشتر لە جاران دەوام دەكەن 🔹چاوپۆشی لە گەندەڵی هیچ كەس و لایەنێك ناكەین 🔹چەندین فەرمانبەر لەسەر گەندەڵی دراونەتە دادگا 🔹تا كۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ 50% زیاد دەكەین 🔹 ئێستا پرۆسەیەكی سەفافمان گرتۆتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سروشتییەكان 🔹بە شێوەیەكی بەردەوام داتاو زانیارییەكانمان خستۆتە روو 🔹ئێستا گشت هاوڵاتیانی هەرێم ئەتوانن بزانن كە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكان چەندەولە چی بوارێكدا خەرجدەكرێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هرەێمی كوردستان لە 7ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد كە دەكاتە ( 147 ) رۆژ.  پێشتر و لە (100) رۆژەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی ( درەو میدیا) راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە. لینكی راپۆرتەكەی درەو میدیا دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100رۆژ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵم ئەمڕۆ دوای تێپەربوونی سەد ڕۆژی کارکردن بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم گوتارەتان پێشکەش بکەم. لە ڕۆژی سوێندخواردنی کابینەکەمان لە پەرلەمان، ئاماژەم بەوەکرد، کە ئەرکێکی سەختمان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام وتمان پشت بەخوا و متمانەی هاوڵاتیانمان، دەتوانین بەسەر سەختییەکاندا زاڵ ببین و ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەدا ڕایده‌گه‌ینم، بە بڕوای ئێمە قۆناغی باشمان بڕیوە و ڕەوتی کارەکانمان کەوتووەتە سەر ڕاستەڕێ و دەسکەوتی بەرچاو بەدی هاتوون. من پێشتریش باسمکردووە، ئێمە حکومەتێکمان دەوێت، خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و حکومەتێک کە خزمەتی خەڵک بکات، نەک بە پێچەوانەوە، ئەمەش بنەمای کارکردنمان بووە لە ڕۆژی دەستبەکاربوونمانەوە. ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەشزانم هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵام بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی، پێویستی بە کاتی زیاتر و زەمینەی لە بارتر هەیە. پشتیوان بە خوا و هاووڵاتیان، ئومێدمان زۆرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست چاوەڕوانی ئێوەدا بێت. بێگومان تێپەربوونی سەد ڕۆژ، تەنیا دەسپێکێکە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە لە سەد ڕۆژی دەستپێکدا، کاری بەرچاومان کردووە و لە چەندین بواری گرنگدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتوون. بۆ نموونە باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها گەڕاندنەوەی شەفافییەت و دڵنیایی زیاتر لە بواری داهاتی گشتی و ناوخۆ و نەهێشتنی ڕێژەیەکی بەرچاوی ڕووتین، دەتوانین بڵێین بە گشتی حکومەت چالاکتر و ئەکتیڤتر بووە. دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، ئێستا کوردستان بەهێزتر و سەقامگیرترە و حکومەتیش شەفافترە. ئێمە هیوادارین بە بەردەوامبوون لەم پلان و ڕێکارانەی کە گرتوومانەتەبەر، لە چەند ساڵی داهاتوودا دەسکەوتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنین. هاووڵاتیانی بەڕێز: بەر لەهەموو شتێک، هەر حکومەتێک بیەوێت خزمەتی خەڵک بکات، پێویستە حکومەتێکی ڕوون و شەفاف بێت. لە بارەی داهاتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیەوە، بڕیاردرا بە کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە جۆرێک کە بزاندرێت داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە، هەروەها بۆ خەرجییە پێویستییەکانیش بەرچاومان روون بێت. لە سەر ئەم بنەمایە، پلانمان داناوە بۆ زیاترکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی بە پێی پێویستی. ئەم رێکارانەش هاوتەریب بوون لە گەڵ ڕەچاوکردنی پێداویستی دارایی وەزارەت و فەرمانگەکان. تا ئێستا توانیومانە داهاتی ناوخۆمان زیاد بکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی ‪50‬٪ زیاد بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە و دانانی سیستەمێکی هاوسەنگی باج، کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی بێت و بتوانێت، داهات بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات. ئێستا سەرقاڵێ ڕێکخستنەوەی باجین لە هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، هەموو ئەو ڕێکارانەی ڕاگرتووە، کە ببوونە هۆی ئەوەی هەندێک کەس و کۆمپانیا بە شێوەیەکی نایاسایی لە باجدان ببەخشرێن. ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت و لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆنترۆڵێکی ناوەندییەوە، چاودێرییەکی وردی خەرجییە گشتییەکان دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین داهاتی گشتی بە فیڕۆ نادرێت و خەرجیە گشتییەکانیش بە پێی پێداویستییە لە پێشینەکان بێت. ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت، دەمانەوێت دڵنیابین ئەو خەرجیانە، بە شێوەیەکی دروست و لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێن. هەر پەیوەست بە داهاتە گشتییەکانی حکومەتەوە، پرۆسەیەکی شەفافمان گرتووەتەبەر، بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سرووشتییەکان. بە شێوەیەکی بەردەوام داتا و زانیارییەکانمان خستووەتەڕوو. ئێستا گشت هاووڵاتیان دەتوانن بزانن، داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانمان چەندە و لە چ بوارێکدا خەرج دەکرێت. • •​لە بابەتی پەیوەندیدار بە پرسی گەندەڵییەوە کەشێکی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە، کە چیتر گەندەڵیی تیایدا گەشە ناکات، خۆم زۆرلە سەر ئەم بابەتە رژدم و چاوپۆشی لە گەندەڵیی هیچ کەس و لایەنێک ناکەم. ئێستا ڕێکاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەرتیل وەردەگرن، یان بەرتیل دەدەن. چەندین کارمەند و بەرپرسی حکومی لەسەر بەرتیل وەرگرتن و چەندەها خاوەنکاریش، بە هۆی بەرتیلدان، لەم ماوەیەدا کەیسەکانیان دراوەتە دادگاکان. تا ئێستا بە سەدان فەرمانبەری وەهمیمان لە لیستەکان پاک کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت دڵنیابین کەسانی شایستە مافەکانیان نافەوتێت و تەنیا ئەوانەی زێدەڕۆییان کردووە، ڕێکاری پێوستیان لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر. لە ئاستی گشت وەزارەت و دامەزراوەکان، چەندین لیژنە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی پێکهاتوون، ڕێکاری تووند بەرامبەر هەر سەرپێچی و گەندەڵییەک دەگیرێتەبەر. دوای سەد رۆژ کارکردن، ئێستا دەتوانم بڵێم گەندەڵیمان تاڕاددەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە. بە یاساش ڕووبەڕووی هەموو گەندەڵکاران دەبینەوە. لەم ماوەیەدا، زۆر هەوڵیش دراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ساردمان بکەنەوە، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە، بە هەموو توانایەکمان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین. • •​لە بارەی چاکسازییەوە یەکەم بڕگەی بەرنامەی کارمان کە لە پەرلەماندا پێشکەشم کرد، پەیوەست بوو بە چاکسازی. لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیە، لێژنەیەکی باڵامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت پێک هێنا و دوای چەند مانگ پێداچوونەوەیەکی باش و واقعیانە بە پڕۆژە یاسای چاکسازی، ئێستا ئەم پڕۆژە یاسایە، ئامادەیە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. بۆ باشتر و خێراتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، داوام لە هەموو وەزارەتەکان کردووە، بیرۆکراسی کەم بکرێتەوە و پلانی چوار ساڵەی خۆیان بۆ چاکسازیکردن ئامادە بکەن. دەستمان بە ئەلکترۆنیکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتی کردووە و پەرەشی پێدەدەین. خەریکین داتاسەنتەرێک، واتا ناوەندێکی زانیاری بۆ حکومەت دادەمەزرێنین، کە زیاد لە پەنجا لە سەدی کارەکانی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت. ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی، خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی هاووڵاتیان و خاوەنکاران دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بگات. بۆ نموونە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، چەندین دەروازەی سنوورییمان بە یەکەوە بە ستوونەتەوە و ئێستاش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی دیکە و فڕۆکەخانەکان بەو سیستەمەوە. ئەمەش ئاسانکارییەکی باشی کردووە لە بواری کۆکردنەوەی گومرگ و سەرەئەنجام بزاڤی بازرگانی گەشەی کردووە، هەروەها بووەتە هۆی باشتربوونی کوالیتی کۆنترۆل. جیا لە بەئەلیکترۆنیکردن، هەوڵمان داوە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان کۆ نەکرێنەوە، بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی خەڵک بێت لە سەنتەری شارەکانی وەکو هەولێر و سلێمانی پاسپۆرت دەربهێنێت، یان نوێی بکاتەوە. ئێستا چەند بنکەیەکی پاسپۆرت لە چەند شارۆچکەیەک کراونەتەوە و هی تریش دەکرێنەوە. بەم شێوەیەش کات و سامانی هاووڵاتیان بە فیڕۆ ناچێت و قەرەباڵغی و جەنجاڵی لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کەم دەکرێتەوە. هەروەها لە بابەتی دەوامکردنی فەرمانبەرانیش، گۆڕانکاری ڕوویداوە و ئێستا فەرمانبەرانی حکومەت باشتر لە جاران پابەندن بە کاتژمێرەکانی کارکردنیان و بەوجۆرەش ڕایی کردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتیان خێراتر و کاریگەرتر بووە. ئێستا کاردانەوەی باشی هاووڵاتیانمان پێدەگاتەوە، کە نەمانی ڕووتین و خێرایی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە زۆر دامودەزگادا، جێگەی خۆشحاڵییان بووە، ئەمەش زیاتر هانمان دەدات ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی کات و کوالێتییەوە بەرزتر بکەیەنەوە، چونکە ڕەزامەندی و خۆشحاڵیی هاووڵاتیان ئامانجمان بووە. ئێستا لە پرۆسەی زۆر خزمەتگوزاری وەک، پاسپۆرت، ساڵنامە و مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و دادنووسی و کاروباری شارەوانییەکان، خێرایی زیاتر بەدی دەکرێت، بە خستنەگەڕی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان، ئەم خزمەتگوزارییانە، خێراتر و ئاسانتریش دەبن. • •​ دەربارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەغدامان کرد، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، لە چوارچێوەی دەستوردا بۆ بەغدا دووبارە بکەینەوە. باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بەغدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقیشە. ئێمە ئامانجمان ئەوەیە، ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی گشتگیر لە گەڵ حکومەتی عیراق بکەین، کە لە بەرژەوەندی هەمووماندا بێت. لێرەدا خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم پێشکەوتنێکی باش لە گفتوگۆکانمان بەدیهاتووە و لە سەر چوار تەوەر دانوستانەکان بەردەوامن: یەکەم : دۆزینەوەی فۆرمۆڵەیەک کە دادپەروەرانە بێت بۆ بابەتی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق. دووەم: بە پێی دەستووری عێراق، دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی نەوت و گاز پارێزراو بن. سێەم: کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێن. چوارەم: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق و مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بێت. حکومەتی فیدراڵی نیگەرانییەکانی ئێمەی وەرگرتووە و ئێستا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان دەکەین. بۆ نموونە بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی ساڵانەی عێراق دەکات و هەنگاوی باشمان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیوە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی ‪2020‬ دا. ئێمە ئێستا بەشێکمان لە بودجە پێدەگات. نەوتی کەرکووکیش بە هاوبەشی هەناردە دەکەین. سیاسەتە گومرگییەکانیشمان هاوتا کردووە. بێگومان چارەسەرکردنی پرسی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، زۆر یارمەتیمان دەدات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بێت. لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ تاکو بگەین بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و مووچە و شایستە داراییەکانیان بە شێوەی مانگانە، بە تەواوەتی بگات و جارێکی دیکە مووچەی هاووڵاتیان پاشەکەوت نەکرێت. لە بواری جۆراوجۆردا، پێشڤەجوونی باش لە پەیوەندییەکانمان لە گەل بەغدا بەدیهاتوون، بۆ نمونە، ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارئاسانی بۆ پێدانی ڤیزا بۆ هاتنی بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش وادەکات وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئاسانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئێمەش ئاسانکاریمان کردووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق سەردانی هەرێم دەکەن و کارتی نشینگە و ئەو پارەیەی بەرامبەری وەردەگیرا لابردران، ئێستا تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە پێداچوونەوە بە ناوەکان دەکرێت و هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت تاکو لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن و لە دۆخی سەقامگیر و هێمندا کات بەسەر ببەن. • •​ دەربارەی راهێنان و چاکسازی لە پێشمەرگە ئامانجێکی هەرە لەپێشی حکومەتی هەرێم پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی ئاسایش بکەم بۆ ئەو دۆخە ئارام و سەقامگیرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە جێی سەرنج و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. من خۆم شاهیدی قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگەم، کە چۆن لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان بوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕێز لە قارەمانێیتی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە دەگرێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدە نەمرەکانمان بکرێت. ولاتانی هاوپەیمان بەردەوامن لە ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆیان. لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی کردووە لە نێو یەکەکانی هێزی پێشمەرگە. لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشمەرگە، لە سەر ئەم بابەتە کار دەکەین. • •​لەبارەی پەرەپێدانی وەبەرهێنان خەریکین یاسایەکی نوێی وەبەرهێنان دادەڕێژین، کە پرۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەمەش زەمینە بۆ وەبەرهێنەران خۆشتر و ئاسانتر دەبێت. ستراتیج و پلانێکی تایبەتمان بۆ وەبەرهێنان داڕشتووە، کە لەمەودا پرۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە هەرە گرنگەکان، بەڵام پێشتر تەنیا ‪2‬% وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەو کەرتەدا ئەنجام دراوە. پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی یاسا و بە پێی ستاندارد و مەرجی دیاریکراو بن، هەر لایەنێک ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکات، مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسەنرێتەوە. خەڵکێکی زۆر ئارەزوویان هەیە بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئێمەش ئاسانکاری پێویست بۆ هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین، لە هەمانکاتیشدا، هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆش دەدەین بۆ وەبەرهێنانی زیاتر. تا ئێستا چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێنەری نوێ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە کۆی وەبەرهێنانیان نزیک لە نیو ملیار دۆلار دەبێت لە گشت کەرتەکاندا. دڵنیاشین چەندین وەبەرهێنەری دیکەش ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. لەبارەی پرۆسە کارگێڕیی و یاساییەکانی وەبەرهێنان، بە نیازین خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان پەرە پێ بدەین و سیستەمی یەک پەنجەرەیی ڕەچاو بکەین، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت. لە بواری پێشخستنی ژێرخانی ئابووریدا، دوای ماوەیەک لە بەدواداچوون و پێداچوونەوە، لە مانگی ‪10‬ی ئەمساڵدا ڕەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی شەشسەد و حەڤدە ملیار دینار داوە بۆ ئەنجامدانی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لەوانەش بۆ پرد و ڕێگەوبانەکان و بەنداو و دابینکردنی ئاوی خاوێن و یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ هاوولاتیانی کەمدەرامەت و دروستکردنی فەرمانگەی حکومی. مەبلەغی ئاماژە پێکراو بە شێوەیەکی مانگانە و بە قستی جیا و بە پێی توانای دارایی هەرێم بۆ پڕۆژەکان خەرج دەکرێت. لە میانەی ئەو پڕۆژانەش، پڕۆژەی یازدە بەنداو، هەروەها سێ سایلۆ لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی شایەنی ئاماژە پێدانن، چونکە گرنگییەکی زۆریان بۆ ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمدا هەیە. هەروەها خەرجی پێویستمان بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دابین کردووە. بە نرخێکی هەرزانیش، سەدان یەکەی نیشتەجێبوونمان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەستەبەر کردووە. هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەش، سی و سێ ملیار دینارمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان تەرخان کردووە. هاووڵاتییانی بەڕێز: هاوتەریب لەگەل ئەنجامدانی چاکسازی، پێویستە کار لە سەر گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانیش بکەین. ئابووری و داهاتی ئێمە تا ئێستا بەشی زۆری بەندە بە داهاتی نەوتەوە. بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت بەستراوە و کەرتەکانی دیکە فەرامۆش کراون. بۆیە یەکێک لە کار و ئەرکی لە پێشینەمان هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتە. نابێت چیتر تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستین. دەمانەوێت لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە، ببین بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر. بۆ نموونە دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و سووود وەرگرتن لەو کەرتە، وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکاتی داهاتمان. هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش. لەم ڕووەوە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی گەشەپێدان لە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجام بدەین. هەروەها دەمانەوێ پشتگیریی کەرتی پیشەسازیش بکەین و پێشیبخەین. بۆ ئەم مەبەستەش کارمان لە سەر پێشخستن و بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەک ئاماژەمان پێدا لە دروستکردن و چاککردنی پرد و ڕێگاوبانەکان و بەنداو و سایلۆ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێم بابەتی گەڕاندنەوەی قەرزە کشتوکالییەکانی کردووەتە پرۆسەیەکی درێژخایەنتر و ئاسانتر، تاکو فشاری دارایی بۆ سەر جووتیاران دروست نەکرێت. هەروەها پلانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هەیە. ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئێمە کار دەکەین بۆ هێنانە ئارای زەمینەیەکی لە باری ئەوتۆ کە بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بتوانن کێبرکێ لە گەل بەرهەمی بیانیدا بکەن. لە کەرتی کشتوکاڵدا، تا ئێستا ڕەزامەندیمان لەسەر سی پڕۆژەی کشتوکاڵی داوە، وەبەرهێنەرانی بیانیش ئارەزووی خۆیان نیشان داوە وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا بکەن. لە دانیشتنەکانمدا لەگەل شاندە ئابوورییە بیانییەکان، هەمیشە جەختم لەسەر هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکال لە هەرێمدا کردووە. هاووڵاتیانی خۆشەویست: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بنیاتنانی دواڕۆژە بۆ خۆمان و نەوەکانمان. ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە دەکەین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز، ئەو ژێرخانانەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنین. من دەزانم بۆ خەڵکی ئێمە تا ئێستاش کارەبا جێی نیگەرانی و ناڕەزایی بووە، کە پێداویستییەکی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانیش. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا. ئێستا زیاتر گازی کوردستان بەکار دەهێنین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش ئێستا کەمتر پشت بە گازوایلی دەرەکی دەبەسترێت، بەوجۆرەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم دەبێتەوە. بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی کارەبای هەرێم، پێداچوونەوەی پێویستە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەو پرۆسەیەین و هەوڵ دەدەین کەمترین ڕێژەی کارەبا بە فیڕۆ بچێت. بێگومان هاوکاریی هاووڵاتیان لەم بوارەدا زۆر کاریگەر دەبێت و بۆیە کۆمپانیاکان و ناوەندە بازرگانییەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەبێت ئەرکی خۆیان لە بەفیڕۆنەدانی کارەبا و گەڕاندنەوەی خەرجیی بەکارهێنانی کارەبا لە ئەستۆ بگرن. پەیوەست بە دۆخی پەروەردەوە، من ئاگادارم قوتابخانەکانیشمان لە ڕەوشێکی باشدا نین. سەردانی چەند قوتابخانەیەکم کردووە و دەزانم کێشە وگرفتی زۆریان هەیە و ژمارەیەکی زۆری قوتابیان لە یەک پۆلدا دەخوێنن و ڕۆژانە سێ شەفت، دەوامیان تێدا دەکرێت. هەر بۆیەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە و باشترکردنی دۆخی قوتابخانەکانمان، بودجەیەکی تایبەتمان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی پێویستن. لە بواری چاکسازی لە کەرتی پەروەردەشدا، لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە، قوتابخانە و قوتابی و مامۆستاکان بە یەکەوە دەبەستینەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕوونتر، پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت. داهاتووی منداڵەکانمان بە خوێندن و پەروەردەوە به‌نده‌، بۆیە گرنگییەکی تایبەتی پێ دەدەین. چاوەڕوانیمان لە خاوەنکار و کۆمپانیا خۆماڵییەکان هەیە، کە هاوکاریی زیاتری کەرتی پەروەردە بکەن و لە هەڵمەتی دروستکردنی قوتابخانە لە سەرانسەری هەرێم بەشدار بن. هاووڵاتییانی بەڕێز بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، ڕەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی هاوکارییەک داوە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایش و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و بریندارەکانمان. بە پێی تواناش هاوکاری پێویست پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، یان ئەوانەی شایستەی چاودێری کۆمەڵایەتین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا پشتیوانیی دارایی پێشکەشی دەیان هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات و لە دوا هەنگاویشدا، دوای پێداچوونەوە، یارمەتیی دارایی بۆ زیاتر لە دوازدە هەزار کەسی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕاندەوە، کاریش دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یارمەتییە تەنیا خەڵکی شایستە لێی سوودمەند ببن. هاووڵاتیانی بەڕێز هەرچەندە لە سەد ڕۆژی کارکردنماندا دەسکەوتی باش بەدەست هاتوون. بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لە پێشە. تا ئێستا دامودەزگاکانی حکومەت لە ئاستی ویستی ئێمەدا چالاک و بەرهەمدار نین، دەکرێ زۆر کاراتر و بەرهەمدارتر، توانا مرۆڤی و ماددیەکانمان بەکار بهێنین. ئامانجمان کوردستانێکی بەهێزتر و سەقامگیرتر و گەشەسەندووترە. کوردستانێک کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی ئاشتیانەی لە گەڵ دراوسێکان هەبێ و جێی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێت. خوازیارم بە پشتیوانی خوای گەورە و ئێوەی بەڕێز، بتوانین ئەم ئامانجە بەدیبهێنین . لە چەند ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ئێمە دووچاری بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەوە و زۆر ئازایانەش بەرگەی ئەو ڕۆژە سەختانەیان گرت. بۆیە ئێمە لە کاتێکدا ڕێز و پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ ئەو قوربانیدان و ئارامگرتنەتان، پێمانوایە ئێوە شایانی ژیان و گوزەرانێکی باشترن. ئێوە شایستەی حکومەتێکی کارامە و چالاکن، کە بتوانێت خزمەتێکی شایستەتان پێشکەش بکات. ئێمە هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتکردنی ئێوە. هاووڵاتیانی بەڕێز، لایەنە سیاسییە بەڕێزەکانی هەرێمی کوردستان... خۆشبەختانە کەشێکی لە بارمان ڕەخساندووە کە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و دەستە سەربەخۆکان هەیە. ئەمەش کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە سەر بەرەوپێشچوونی پرۆسە یاسایی و کارگێڕییەکان، لە ناو هەرێمی کوردستاندا. حکومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە، بە تەنیا هی تاکە کەسێک و یان چەند حیزبێک نییە، بۆیە چاوەڕوانین هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بەهێزکردنی ئەم حکومەتە پاڵپشتمان بن. لە کارە باشەکان هاندەرمان بن و هەڵەکانمان بۆ دەستنیشان بکەن. دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت، کە هەموومان تەبا و یەکگرتووتر بین. چەند جیاوازی و بۆچوونی جیامان هەبێت، پێویستە لە ئاست بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان یەکریز بین. لە جیاتی لەمپەر خستنە بەردەم یەکتری و دڵەڕاوکی و نیگەرانی دروست کردن بۆ هاووڵاتیان، با وزە و تواناکانمان و کاتمان بۆ پێشخستنی نیشتمان و خزمەتی هاووڵاتیان تەرخان بکەین. لە کۆتایی ئەم وتەیەمدا، ڕایدەگەیەنم کە ڕاپۆرتێکی وردی کار و دەسکەوتەکانی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت ئامادەکراوە، کە لە ڕێگەی میدیاکانەوە، دەخرێتە بەر دیدەی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان. سوپاس بۆ خۆڕاگریتان.. سوپاس بۆ هاوکاریتان. هەر شاد و سەرفراز بن کوردستانیش ئاوەدانتر و بەهێزتر بێت


 (درەو میدیا): ئەمڕۆ 14 ساڵ تێپەڕی بەسەر پەلاماردانی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دەڤەری بادینان، كە بەهۆیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی و ژمارەیەكی كادری ئەو حزبە كوژران. بەبۆنەی ئەو رۆژەوە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا نوسیویەتی" ئەمرۆ 6/12 ڕۆژی  وەفای شەهیدانی بادینانە، وێڕای  ناردنی درودو سڵاو ورەحمەت بۆ گیانی پاكیان و ڕێزو حورمەت بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان، باشترین وەفا بەردەوامی ودرێژە دانە بە خەبات و ڕێبازەكەیان، بۆیە گرێدانی كۆنفرانسی ڕێكخستنەكانی بادینان بۆ كۆنگرە لەم ڕۆژەدا  بەڵگەی  وەفایە". ساڵی 2005 دووەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای روخانی رژێمی بەعس بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی و زۆربەی لایەنەكانی دیكە بەیەكەوە بە لیستێكی هاوبەش بەشداریانكرد، بەڵام یەكگرتوو بڕیاریدا بەتەنیا و لەدەرەوەی پۆلەكەی یەكێتی و پارتی بفڕێت، ئەمە ئەو حزبەی خستە بەردەم زنجیرەیەك هێرش و هەڕەشە لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد، هەڕەشەكان لە بادینان گەیشتنە ئاستی پەلاماردانی بارەگاكانی یەكگرتوو بەو روداوانەدا ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوو كوژران و چەندین بارەگایان لەو دەڤەرە سوتێنرا. لەسەر ئەم روداوە ماوەیەك پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەگكرتووی ئیسلامی كوردستان ساردی تێكەوت، بەڵام دواتر لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی كۆمەڵایەتیدا كێشەكە چارەسەكراو پەیوەندییەكان ئاساییكرانەوە، پارتی زیانەكانی تەواوی بارەگاكانی یەكگرتوی بژاردو قەرەبووی كەسوكاری كوژراوەكانیشی كردەوە، لەوكاتەوە تا ئێستا یەكگرتوو و پارتی پەیوەندییەكانیان ئاساییەو هیچ ئاڵۆزیەكی ئەوو تۆی تێنەكەوتووە. یادكردنەوەی كوژراوانی بادینان لە ئێستادا لەلایەن ئەمینداری گشتی یەكگرتووەوە لە كاتێكدایە یەكگرتوو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بڕیاریداوە وەكو هێزێكی ئۆپزۆسیۆن كاربكات، سەرباری ئۆپۆزسیۆن بوونی بەڵام لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای دهۆكدا لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا ژمارەیەكی پۆستی ئیداری سنورەكەی بەدەستەوەیە.  یەكگرتوو تاكە حزبی هەرێمی كوردستانە كە تاڕادەیەك خۆی لە دابەشبوونە سیاسیەكەی نێوان زۆنی سەوز و زەرد پاراستووەو پارێزگاری لە پێگەی جەماوەری خۆی لە سنوری بادینان كردووە كە بە سنوری قەدەغەكراوی كاری سیاسی ناودەبرێت، بەڵام دابەشبوونی زۆنەكان لە هەرێمی كوردستان بێكاریگەری نەبووەو زۆرجار بڕیارە سیاسیەكانی یەكگرتووی لەبارەی روداوە هەنوكەییەكانەوە لاواز كردووە.  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئێستا سەرقاڵی كۆنفرانسە ناوخۆییەكانیەتی و ئامادەكاری دەكات بۆ سازدانی كۆنگرە، تا ئێستا یەكگرتوو (7) كۆنگرەی كردووە،  ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ گۆنگرەی هەشتەم،  كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت پڕكێشمەكێش بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی لە دوایین هەڵبژاردندا بەسەر ئەو حزبەدا هات. خاڵی سەركەوتن‌و گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1994وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە. لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكی‌و بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رەنگە دواجار بازەكە لەسەر شانی (شێخ باز) بنیشێتەوە‌و ببێت بە دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان (یاخود وەزیری نەوت) لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەو وەزیر بێت ئیتر گۆڕان كێشەی لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا نامێنێت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە دەڵێ:" خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاست‌و توانایەدا هەبوایە" ئەمە لە وەسفەكەی ساڵی 2016ی فازل میرانی دەچێت بۆ ئاشتی هەورامی كە وتی:" وەزیری نەوتی ئێمە یەكێك لە هەرە وەزیرە زیرەكەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"، شێخ باز كێیە ؟ لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. دەركەوتنی شێخ باز لە كۆبونەوەی حكومەتدا رۆژی 24ی مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وەفدەدا كۆبووەوە كە بەنوێنەرایەتی هەرێم لەبارەی نەوت‌و بودجەوە لەگەڵ بەغداد گفتوگۆیان دەكرد. لەم كۆبونەوەیەدا كەسێكی غەریب بینرا، ئەو كەسە (شێخ باز) سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار گروپ) بوو. بەشداربوونی شێخ باز لە كۆبونەوەكەی سەرۆكی حكومەت‌و وەفدی هەرێم، هەرزوو بوو بە هەواڵی میدیاكانی ناوخۆ، زیاتر لە پێنج مانگە كابینەی نوێی حكومەت پێكهاتووە، بەڵام هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكراوەتەوە، لەناو وەفدی دانوستانكاری هەرێمدا شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتاڵ بوو، بۆیە دەركەوتنی شێخ باز لە كۆبونەوەكەدا وا لێكدرایەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە شوێنی ئاشتی هەورامی وەردەگرێت. چارەنوسی وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ساڵی 2005 دروستكرا، لەدوای دروستبونییەوە تاوەكو ئێستا تەنیا یەك پیاو ئەم وەزارەتەی بەڕێوەبردووە، ئەویش (ئاشتی هەورامی) بووە.  چارەنوسی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نویەمدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات نادیارە، بینای تایبەتی وەزارەتەكە لەناو شاری هەولێر ئێستا بووە بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانی‌و جێگرەكانی دەوامی تێدا دەكەن، ئاشتی هەورامی كە لە 13 ساڵی رابردوودا ئیدارەی ئەم وەزارەتەی دەدا، بۆ یەكەمجار لە كابینەی نوێدا لەسەر دەستی مەسرور بارزانی دورخرایەوە‌و ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە. لە سەرەتای دروستكردنی كابینەی نۆیەمەوە دۆسیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ مەسرور بارزانی بابەتێكی گەرم بووە، سەرەتا هەندێك لە بەرپرسانی خۆرئاوایی پێشنیازیان بۆ بەرپرسانی هەرێم دەكرد ئەو وەزارەتە هەڵوەشێندرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغداد رێككەوێت‌و بەغداد زۆر چاوی لەسەر نەوتی هەرێم نەمێنێت، دواتر پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوشێوەی عێراق بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت، پێدەچێت ئەمەی دواتر دواجار ببێت بە بڕیار، واتە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، چەند مانگێك بەر لە دروستكردنی كابینەكەی دەستیكردووە بە گەڕان بەدوای كەسێكدا بۆ دانانی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەو گەڕانەدا سەرەنجی چووەتە سەر ژمارەیەك ناو، یەكێك لەوانە مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكی بووە لە دهۆك، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنەوە كاندیدكردنی بۆ پۆستەكە رەتكردوەتەوە، چەند ناوێكی تر پێشنیازكراون، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی بڕیاری كۆتایی نەداوە، ئەو بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە تواناكانی لە ئاستی ئاشتی هەورامیدا بێت‌و لە دۆسیەكە تێبگات. رەنگە دواجار بازەكە لەسەر شانی (شێخ باز) بنیشێتەوە‌و ببێت بە دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان (یاخود وەزیری نەوت) لە مێژووی هەرێمدا. شێخ باز كێیە ؟ حەزی لە دەركەوتنی زۆر نییە لە میدیاكاندا، كەمترین گفتوگۆی هەیە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا، بۆیە سەرباری ئەوەی سەرمایەدارێكی گەورەیە، خەڵك زۆر شت لەبارەی ئەوەوە نازانن. ئەو ناوی (باز كەریم بەرزنجی)یە، پەنجا ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە‌و خەڵكی شاری هەولێرە، ساڵی 1999 بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی دروستكردووەو لە بواری بیناسازی‌و نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكاندا كاریكردووە، ماوەیەكیش كاری بۆ ئاژانسی فریاگوزاری سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، هەندێك سەرچاوەی تر مێژووی دروستبوونی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵی 1992 دەگێڕنەوە. روخانی رژێمی سەددام حسێن لە ساڵی 2003دا دەرفەتی ئەوە بۆ شێخ باز دەڕەخسێنێت سەرمایەكەی گەورە بكات، ئەوەش لەڕێگەی كاركردنی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە بواری ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا، لە یەكێك لەو بەڵگەنامە نهێنیانەیانەی ئەمریكا كە سایتی (ویكلیلیكس) بڵاویكردنەوە، ناوی شێخ باز هاتبوو، ئەو لەگەڵ ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)‌و كاری كردووە، پشتی بە شەراكەت لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی توركی بەستووە لە بواری بیناسازیدا، دواتر رووی لە كەرتی نەوت كردووە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ یەكێك لە میدیا خۆرئاواییەكان، شێخ باز لەبارەی چیرۆكی كۆمپانیای كارەوە لە دەڵێ:" تاوەكو ساڵی 2003 بەتەواوەتی حكومەت خۆی كەرتی نەوتی بەڕێوەدەبرد، بەڵام دوای 2003 ستراتیژیەتێكی نوێ هاتوەتە ئاراوە، ئەوەش بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتە، لە كۆمپانیای كار گروپ دەستمانكرد بە كۆكردنەوەی تیم، بڕیارماندا بەشداری لە كەرتی نەوتدا بكەین، بەشداریمان لە كەمكردنەوەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا كرد، كەمكردنەوەكەمان بردەوە، بوین بە یەكەمین كۆمپانیای عێراقی كە گرێبەستی كێڵگەیەكی نەوت وەربگرێت، كە ئەوەش گرێبەستی كێڵگەی خورمەڵە بوو لە ساڵی 2004دا". واتە وەكو خۆی دانی پێدادەنێت شێخ باز لە ساڵی 2004وە لە كەرتی نەوتدا دەستی بەكاركردن كردووە، بەڵام هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن، كاركردنی شێخ باز لە كەرتی نەوت بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، ئەوكات ئەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە بەغداد ژیاون، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی (31ی ئابی 1996) شێخ باز بووە بە نێوەندگیر لەنێوان حكومەتی عێراق‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەو زەمەنەدا كە فرۆشتنی نەوت لە عێراق قەدەغەكرابوو، شێخ باز نەوتی هەندێك كێڵگەی عێراقی بەتانكەر گواستەوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و لە ئیبراهیم خەلیلەوە رەوانەی توركیای كردووە. كۆمپانیای (كار گروپ) كە شێخ باز سەرۆكایەتی دەكات ئێستا جڵەوی ئەو بۆرییانەی بەدەستەوەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەن، رێژەی 40%ی خاوەندارێتی بۆرییەكان بۆ كار گروپ دەگەڕێتەوە‌و (60%)ی بۆرییەكانیش كۆمپانیای رۆسنەفتی روسی خاوەندارێتی دەكات، راكێشانی ئەو بۆرییە دەستی شێخ بازی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا بە تەواوەتی درێژكرد. سەرباری ئەمە، كۆمپانیاكەی شێخ باز كێڵگەی خورمەڵەی بەدەستەوەیە كە رۆژانە (170 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم گرێبەستە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا كراوە، بەردەوام لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە گومانی گەندەڵی لەسەر دادەنرێت‌و داوای راگرتنی دەكرێت. ساڵی 2014 چەكدارانی داعش لە سنوری كەركوك بڵاوبونەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لەبەردەم "داعش"دا توشی داڕمان هاتن‌و لە سنورەكە كشانەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی كرد‌و كۆنترۆڵی سنورەكەی گرتەدەست، ئەمە دەرفەتێكی زێڕێنی بە كۆمپانیاكەی شێخ باز بەخشی، كۆمپانیای كارگروپ لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان چووە كەركوك‌و دەستیگرت بەسەر هەردوو كێڵگەی نەوتی (هاڤانا)‌و (بای حەسەن)، هەر لەو سەردەمەدا بۆری نەوتی كەركوكی بەستەوە بەو بۆرییەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا هەناردە دەكرد، ئەوكات لەڕێگەی بۆرییەكەوە رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك لە هەرێمەوە رەوانەی توركیا دەكرا‌و دەفرۆشرا. لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەری 2017) كە هێزی پێشمەرگە لە كەركوك كشایەوە‌و هێزە عێراقییەكان گەڕانەوە، كۆمپانیای كار كۆنترۆڵی كیڵگەكانی (هاڤا)‌و (بای حەسەن) لەدەست دەرچوو، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی دەستی كۆمپانیاكەی لە نەوتی كەركوك نەبڕی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای كاردا ئێستا: •    رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت، كار نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێورێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵ‌و ناوچەكانی دەوروبەری، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك، كۆمپانیاكە نزیكەی (10 دۆلار) وەردەگرێت، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە. •    رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە "سۆمۆ"یە، بەڵام كرێی گواستنەوە ئەم نەوتە (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار. شێخ باز پێشتر لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرا، بەڵام ئێستا چانسی گەورەی پێدراوە كە قسەی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا هەبێت، هەندێك لە كەسە نزیكەكانی دەڵێن" شێخ باز پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق هەیە". ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێمی كوردستان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لە وەسفی شێخ بازدا دەڵێ:" بوونی شێخ باز لە دانوستانەكاندا زۆر بەسود بوو، وەكو كەسێكی هونەری بۆ وەفدەكە زۆر زۆر هاوكاربوو ، خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاست‌و توانایەدا هەبوایە". ئەمە لەكاتێكدایە لە كابینەی پێشوودا بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی زۆری لەسەر كارەكانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان هەبوو. شێخ باز دەرچووی كۆلیژی تەكنیكییە‌و هیچ بڕوانامەیەكی تایبەتی لەبواری نەوتدا نییە، بەڵام ئاشتی هەورامی هەم بڕوانامەی باڵاو هەمیش ئەزمونی كاری زۆری لە بوارەكەدا هەبوو. ئەوكات كە گۆڕان رەخنەی لە ئاشتی هەورامی دەگرت، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا وتی:" وەزیری نەوتی ئێمە یەكێك لە هەرە وەزیرە زیرەكەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا". ئەگەر شێخ باز پۆستی وەزیری نەوتی هەرێم وەرگرێت، پێناچێت چیتر لەبارەی نەوتەوە هیچ كێشەیەك لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا بمێنێت، گۆڕان لەڕێگەی وەزیری داراییەوە بەر لە دەستبەكاربوونی پشتیوانی خۆی بۆ شێخ باز راگەیاند. ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن، دەڵێن شێخ باز كەسێكی بەخشندەیە‌و لەو سامانەی كە كۆیكردوەتەوە خێری زۆر دەكات‌و هاوكاری هەژاران دەكات، پێشتر وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی ناوی دەهێنرا، بەڵام نزیكبونەوەی لە مەسرور بارزانی گومانی زیاتری دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسرور بارزانی ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دورخستەوە بۆ ئەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە كەرتی نەوت دەربهێنێت.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كرد، رێككەوتنێكی نوێ كراوە، پۆستی سەرۆكی یەكێتی (چوار) جێگری دەبێت كە بریتین لە (بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رەفعەت عەبدوڵا)، دەستەیەكی شەش كەسیی سەركردایەتی یەكێتی دەكەن لە شارەكان، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ بڵاودەكاتەوە.   30 هەزار كەس بەشداری دەكەن ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سازدانی كۆنگرەی بۆ (14) رۆژ دواخست، بڕیارە رۆژی 21ی ئەم مانگە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.  پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆژی 7ی ئەم مانگەی بۆ سازدانی كۆنگرە دیاریكردبوو، بەڵام بەبیانوی تەواونەبوونی ئامادەكارییەكان، گۆڕانكاری لە وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكەدا كرد. كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە كەشوهەوایەكی پڕ لە دڵەڕاوكێ بەڕێوەچوو، كاتێك سەركردەكانی خزب لە ژورەوە تاوتوێی دواخستنی كۆنگرەیان دەكرد، سەدان كەس لە كادرو لایەنگرانی حزبەكەیان لە دەرەوە دژی دواخستنی كۆنگرە هوتافیان دەكێشا.  (درەو میدیا) زانیویەتی، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەگەڵ ئەوەبوون تاوەكو ئامادەكارییەكان بەستنی كۆنگرە تەواو نەبێت، كات بۆ سازدانی كۆنگرەكە دیاری نەكرێت، هەندێكی تر لەگەڵ ئەوەبوون 26ی ئەم مانگە دیاری بكرێت بۆ سازدانی كۆنگرە، بەڵام ئەم پێشنیازە بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەلایەن ئەندامانی سەركردایەتییەوە رەتكراوەتەوە، لە كۆتاییدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەزۆرینەی دەنگ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی 9ی ئەم مانگە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بەڕێوەبچێت كە دواین هەڵبژاردنی ناوخۆییە بەر لە كۆنگرە، رۆژی 21ی مانگیش كۆنگرە بەڕێوەبچێت. بەم بڕیارە سەركردایەتی كۆتایی بە مشتومڕەكان لەبارەی دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی هێنا، كۆنگرەیەك كە دیارنییە ماڵی یەكێتی یەكدەخات یاخود زیاتر پەرتی دەكات‌و ئاڕاستەكان بەتەواوەتی لە یەكتر جیادەكاتەوە. چەتۆ ساڵح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" یەكێتی لەدوای نائومێدی ئومێدی بەخشیەوە، یەكێتی حزبی دوای نائومێدیە، ئەوەمان تێپەڕاند یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت، یەكێتی بڕیارە قورسەكەی داو وەڵامی خواستی جەماوەرەكەی دایەوە". پرۆسەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەسەر سێ قۆناغدا دابەشبووە: قۆناغی یەكەم: كۆنفرانسی كۆمیتەكان كە (19 هەزار) كەس‌و (220) كۆمیتە بەشدارییان تێداكردووە. قۆناغی دووەم: كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە كە رۆژی 9/12/2019 بەڕێوەدەچێت. قۆناغی سێیەم: بەڕێوەچوونی كۆنگرەیە لە رۆژی 21/12/2019. بە هەرسێ قۆناغەكە (30 هەزار) كەس لەو سێ پرۆسەیەدا بەشدار دەبن‌و  (هەزار) ئەندام دەچنە ناو كۆنگرەوە. رێككەوتنێكی نوێ دوای یەكلابونەوەی سازدانی كۆنگرە بەر لە كۆتایی ساڵی 2019، ئێستا سەركردەكانی یەكێتی لە پشتی پەردەوە زنجیرەیەك گفتوگۆی تریان لەبارەی رێككەوتن لەسەر ئامادەكردنی پەیكەرێكی نوێ بۆ حزبەكەیان، دەستپێكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كردووەو هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.  كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی یەكێتی بووە لە پەیكەری نوێی حزبدا، لەبری ئەوە قایل بووە پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەرگرێت، كە پۆستێكە بۆ كۆنگرەی چوار داتاشراوە‌و تاڕادەیەك هاوشێوەی (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمە) لە ئێران كە دامەزراوەیەكی دەوڵەتییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بافڵ تاڵەبانی كە چاوی لە وەرگرتنی پۆستی (سەرۆك)ی یەكێتییە، بە كۆسرەت رەسوڵی راگەیاندووە" بەرهەم ساڵح لەسەر ئەوان ئەژمار ناكرێت"، ئەمە پەرەسەندنێكی نوێیە لە كێشمەكێشەكانی ناوخۆی یەكێتی، پێشتر بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەوانە بوو بەشێوەیەكی سەرسەختانە لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان كرد لەپێناو جێگیركردنی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، لەو هەنگاوەشدا سەركەوتوو بوون، بەڵام پێدەچێت لە پرسی كۆنگرەی حزبدا ئیتر كارێكی ئەوتۆیان بە بەرهەم ساڵح نەمابێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە كۆنفرانسی كۆمیتەكاندا بۆیان دەركەوتووە پێگەی جەماوەرییان لەناو یەكێتیدا بەهێزە‌و خۆشیان دەتوانن لەم قۆناغەدا سەركردایەتی یەكێتییەكان بكەن، ئەوان كە پێشتر پەنایان بۆ بەرهەم ساڵح دەبرد، ترسیان هەبوو لەوەی لەم قۆناغەدا رەنگە وەكو پێویست لەلایەن جەماوەری یەكێتییەوە پێشوازییان لێنەكرێت‌و لەبەرامبەر كۆسرەت رەسوڵ توشی گلان ببن. سەرباری ئەمەش، هێشتا بەرهەم ساڵح چانسێكی تری ماوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی یەكێتی وەرگرێت، كە ئەمەش هاوشێوەی سەرۆكی قەوارە، پۆستێكی نوێیە كە تایبەت بە دۆخی ئێستا یەكێتی داتاشراوە. پۆستی (سەرۆك) لەبری دەستەواژەی (سكرتێر) دانراوە، كە ئەمەی دووەمیان ماوەی (44) ساڵە هاوڕێی تەمەنی یەكێتی‌و فەرهەنگە سیاسییەكەیەتی. خواستی بافڵ تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی گەیشتووتە ئاستێك، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)  لە كۆبونەوەیەكدا وتویەتی:" بەرهەم ساڵ دەنێرینە بەغداد، خۆم دەبمە سەرۆك‌و كاروباری یەكێتی بەڕێوەدەبەم". لە هەموو حاڵەكاندا بافڵ تاڵەبانی سەرۆك بێت یاخود بەرهەم ساڵح، پۆستی سەرۆكی یەكێتی هاوشێوەی سكرتێرەكەی سەردەمی كۆچكردووە جەلال تاڵەبانی نابێت‌و دەسەڵاتی رەهای بەدەستەوە نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكی قەوارە كە كۆسرەت رەسوڵە، مافی "ڤیتۆكردن"ی بڕیارەكانی سەرۆكی هەبێت. پەیكەری نوێی یەكێتی هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی یەكێتی بە پەیكەری ئێستایەوە بەڕێوەناچێت‌و دەبێت پەیكەرێكی نوێی بۆ دروستبكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ حزبێكی سەردەمیانە‌و چارەسەرێكیش بێت بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكان‌و خواستی زۆری جەمسەرەكان بۆ پۆست. (درەو میدیا) زانیویەتی لەناو یەكێتیدا چەند پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری یەكێتی، بەڵام نوێترینیان ئەوەیە، یەكێتی دابەشبكرێت بەسەر سێ دامەزراوەی سەرەكیدا: دامەزراوەی یەكەم: سەرۆكی قەوارەی یەكێتی بەپێی ئەوەی سەرچاوەكان باسی لێوەدەكەن، سەرۆكی قەوارەی یەكێتی (ئەنجومەنی دانایان یاخود ئەنجومەنی بەرژەوەندی) كە هێشتا ناوەكەی بەتەواوی یەكلانەكراوەتەوە، بەو كەسە دەوترێت كە دەبێت بە پارێزەری قەوارەی یەكێتی‌و لەدابەشبوون دەیپارێزێت. بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەربگرێت، هێشتا بەتەواوەتی دەسەڵاتەكانی ئەم پۆستە بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە، بەڵام باسلەوە دەكرێت سەرۆكی قەوارە راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، بۆیە چەند دەسەڵاتێكی گرنگی دەبێت كە ئەمانەن: • توانای ڤیتۆكردنی بڕیاری دوو دامەزراوەكەی تر (سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن)ی دەبێت. • توانای لابردنی سەرۆكی یەكێتی هەیە. • ژمارەیەك كەس لەگەڵ سەرۆكی قەوارەدا دەبن لە چوارچێوەی ئەنجومەنەكەدا، لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی لەو ئەنجومەنەدا دەبن هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، دیارنییە سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) خۆی دیارییان دەكات، یاخود كۆنگرە هەڵیاندەبژێرێت، هەندێك زانیاری هەن باسلەوە دەكەن، كە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێكدێن لە مەكتەب سیاسیەكانی پێشوو پێشمەرگە دیرین و كەسایەتیەكان پێكدێت.   دامەزراوەی دووەم: ئەنجومەنی جێبەجێكردن (مەكتەبی سیاسی)  ئەم دامەرزاوەیە دەبێت بە شوێنگرەوەی مەكتەبی سیاسی ئێستای یەكێتی، واتە دەستەواژەی مەكتەبی سیاسی چیتر لە فەرهەنگی یەكێتیدا نامێنێت. ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوی یەكێتییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، ئەركی جێبەجێكردن بڕیارو راسپاردەكانی سەركردایەتییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (11) كەس پێكدێن : •    شەش ئەندامیان سەركردایەتی شارەكان دەبن (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك، هەڵەبجە، گەرمیان).  •    چوار كەسیان دەبن بە جێگری سەرۆكی یەكێتی، كە هەریەكەیان بۆ بوارێكە لەوانە: - جێگری سەرۆك بۆ كاروباری ئەمنی - جێگری سەرۆك بۆ كاروباری ئابوری - جێگری سەرۆك بۆ كاروباری رێكخستن - جێگری سەرۆك بۆ كاروباری پەیوەندییەكان بۆ جێگرانی پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی ئەم ناوانە باسدەكرێن كە پۆستەكان وەرگرن (بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، رەفعەت عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ). پێشتر یەكێك لە مەرجەكانی بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو پۆستی سەرۆكی یەكێتی تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و ئەو، پۆستەكە وەرگرێت، بافڵ تاڵەبانی لەم هەنگاوەدا چاوەی لەوە بوو بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆكی یەكێتی وەرگرێت، لەم حاڵەدا بەهۆی ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، بۆ چەند ساڵی داهاتوو نایپەرژێتەسەر یەكێتی‌و ئەو (بافڵ) وەكو جێگر دەبێت بە سەرۆكی فیعلی یەكێتی، بەڵام ئەم خەونە لەناوخۆی یەكێتی‌و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشیەوە بەدیاریكراوی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایەوە هەرزوو بەتاڵكرایەوە، تەنانەت بۆ روبەڕووبونەوەی ئەم سیناریۆیە، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا لاهور شێخ جەنگی بە كۆسرەت رەسوڵی وتبوو:" منیش خۆم بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی كاندید دەكەم".  •    بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی تائێستا تەنها ناوی (بەرهەم ساڵح) دەهێنرێت‌و تا ئاستێك زۆربەی جەمسەرەكان لەسەری كۆكن، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بكات، ئەم پۆستە وەكو شوێنگرەوەی پۆستی سكرتێری گشتی دیاریكراوە، واتە بەپێی پەیكەرەكە، هاوشێوەی دەستەواژەی (مەكتەبی سیاسی)، بەڵام ئەمەش هێشتا مشتومڕی لەسەر ماوە‌و یەكلانەبوەتەوە.    دامەزراوەی سێیەم: سەركردایەتی یەكێتی بەپێی ئەو پەیكەرە نوێیەی كە ئامادەكراوەو تا ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەنجومەنی ناوەند كە ئێستا رۆڵی پەرلەمانی حزب دەگێڕێت لەناو یەكێتیدا، لادەبرێت‌و لەبری ئەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت، بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە هەیە، هەندێك داوا دەكەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ژمارەیان (101) كەس بێت، هەندێكی تر داوا دەكەن ژمارەیان (120) كەس بێت. ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دابەشدەبن بەسەر ئەنجومەنی بەرژەوەندییەكان‌و ئەنجومەنی جێبەجێكردن.   كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ بەپێی پەیڕەوی كارپێكراوی ئێستای یەكێتی، ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێك دەبێت لە (هەزار) كەس زیاتر نەبن، ئەندامانی كۆنگرەی چوار پێكدێن لە ئەندامانی: •    ئەنجومەنی ناوەند •    سەركردایەتی •     ئەندام مەكتەبەكان (بۆ هەر مەكتەبێك 5 ئەندام دیاریكراوە، ئەندامانی مەكتەب‌و دەزگاو ئۆرگانەكانی یەكێتی 268 كەسە، رێژەی 35%ی ئەمانە دەچنە ناو كۆنگرەوە) •    سەرباری ئەمانە، (100) كەسایەتی دیاری یەكێتی لەوانە پێشمەرگە سەرەتایی‌و دێرینەكان دەبن بە ئەندامی كۆنگرە، پڕكردنەوەی ئەم (100) كورسییەی ئەندامانی كۆنگرە، بەرێككەوتن دەبێت لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆمیتە‌و مەڵبەندەكانەوە سەردەكەون، بڕیارە 9ی ئەم مانگە كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستپێبكات. بەپێی ئامادەكارییەكان، یەكەمین ئەركی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم لە رۆژی 21ی داهاتوو، ئەوەدەبێت سەرەتا بە دەنگدانی زۆرینە، ئەم پەیكەرە نوێیەی حزب پەسەند بكەن، دواتر بە هەر بەدەنگدان سەرۆكی قەوارە هەڵبژێرن، پاشان ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن. سەركردایەتی نوێ دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆنگرەوە، ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن هەڵدەبژێرێت. ئەو زانیارییانەی لەم راپۆرتەدا باسكراون، پشتئەستورن بە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتی‌و گوزارشت لە دۆخی ئێستا رێككەوتنی نێوان جەمسەرەكان دەكەن لەبارەی پەیكەری حزبەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، رەنگە تا ساتی بەستنی كۆنگرەكە چەندین پێشنیازی تر بێنە ئاراوە، (درەو میدیا) هەوڵدەدات خوێنەرانی لە كۆنگرەی چوارەمی دووەم گەورە حزب لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئاگاداربكاتەوە. یەكێتی‌و كۆنگرە رۆژی (21) ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوور نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.  


درەو میدیا: وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بە رەسمی رێككەوتنی لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە راگەیاند،  لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، توانیمان رێككەوتن لەسەر نەوت بكەین و رۆژانە (250 هەزار )بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكەین. هەروەها تونیمان لەبارەی قەرزەكان، بگەینە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد. وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر بەغداد پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە ئەوا كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نامێنێت، سەبارەت بە قەرزی موچەخۆرانی هەرێمیش وەزیری دارایی رایگەیاند"  حكومەتی هەرێمی كوردستان 8 مووچەی فەرمانبەران و 12 مووچەی خانەنشینان قەرزارە" سەبارەت بە بوونی شێخ باز سەرۆكی كار گروپ كە هیچ سیفەتێكی رەسمی نەبوو لە وەفدەكەی هەرێم، ئاواتی چێخ جەناب رایگەیاند" بوونی شێخ باز لە دانوستانەكاندا زۆر بەسود بوو، وەكو كەسێكی هونەری بۆ وەفدەكە زۆر زۆر  هاوكارربوو، خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاست و توانایەدا هەبووایە"  


درەو میدیا: ئەنجومەنی ناوەنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت " دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت" بڕیارە 7/12/2019 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەرێوەبچێت و دەنگی دواخستنی كۆنگرە هەیە بۆ ساڵی داهاتوو لەوبارەیەوەو لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنێت" ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین "  دەقی بەیاننامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی كــــــەس و كــــــــاری ســـــــەربەرزی شـــــەهـــیدان پێشــــمەرگــــە‌و فەرماندە قارەمانەكان هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ك) دوای بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم و ئامادەكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی كۆمیتەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ كەرنەڤاڵی ئەنجامدانی كۆنگرە ، بۆیە هیچ پاساوێك نی یە بۆ دواخستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و سەرجەم كارە تەكنیكی و هونەری و لۆجستیەكان تەواوبووە و ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر كۆی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەش بەم شێوەی خوارەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەكاتەوە:- 1. دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت كە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆكراوە. 2. دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت . 3. ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین . 4. دەستخۆشی لە مەكتەبی هەڵبژاردن‌و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانەو سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە ، داوایان لێدەكەین بەردەوام بن لەسەر كارەكانی خۆیان. 5. ئەنجومەنی ناوەندی بەهەموو شێوەیەك گشت جۆرە لیستێكی داخراو رەت دەكاتەوە‌و لەگەڵ پرۆسەیەكی شەفاف‌و دێموكراسی داین . 6. ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی دڵسۆزی‌و پشودرێژی سەرجەم هەڤاڵان‌و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكات كە ڕوو لە ئەنجومەنی ناوەندی دەكەن‌و داوای هەڵوێست ‌و پشتگیریمان لێدەكەن . 7. بە ووردی چاودێری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) دەكەین‌و هیوادارین بڕێارێكی بەرپرسیارانە بدەن لەم ساتە هەستیار‌و مێژووییەدا و روحیانەتی سەرۆك (مام جەلال ) ‌و سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان شاد بكەن لەگەڵ رێزدا ...... ئــــــەنـــــجومـــەنی نــــــاوەنــــدی (ی.ن.ك)      


 (درەو میدیا): كەناڵێكی لوبنانی دەڵێت" لەدوای سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی، ئیمارات سێ فڕۆكە باری چەكی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە". كەناڵی مەیادین كەناڵێكی عەرەبییە‌و بارەگا سەرەكییەكەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، (سێ) فڕۆكە كە باری چەكیان هەڵگرتووە، گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر). كەناڵەكە باسلەوەدەكات، ئەو سێ بارە چەكە، دوای سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ ئیماراتی عەرەبی، بەبێ ئاگاداری حكومەتی بەغداد لە ئیماراتەوە رەوانەی هەرێم كراون. تەلەفزیۆنەكە دەڵێ:" بە ناردنی ئەو چەكانە ئیماراتی عەرەبی چووەتە ناو دۆزی كوردەوە لە عێراق، بەڵام دیارنییە ئەو چەكانە هەرێمی كوردستان بەكاریاندەهێنێت یاخود هێزەكانی سوریای دیموكرات (شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان)". هەر لە هەواڵەكەیدا، كەناڵە عەرەبییەكە ئاماژەی بە سەردانێكی دوێنێی ئەحمەد زەهراوی كونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر كردووە بۆلای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە تێیدا هەردوولا باسیان لە دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق‌و ناوچەكە كردووە‌و ئیمارات ئامادەیی خۆی نیشانداوە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدات لە دۆسیەی ئاوارەكاندا. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی زانیارییەكانی ئەو كەناڵە عەرەبییە، (درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردسانەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت سیان لەو كەسانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدی كردوون، چەند مانگێكی تر تەمەنیان دەگاتە (64 ساڵ)‌و بەپێی یاسا دەبێت خانەنشین بكرێن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو كەسانە هێشتا لەو پۆستانەدا دەستبەكارنەبوون كە بۆی كاندیدكراون، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان یەكێكە لە بابەتە بنەڕەتییەكانی ناو پرۆژەی چاكسازی حكومەت، كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە، ئەمە بارگرانی لەسەر بودجە دروستكردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ بڵاودەكاتەوە.  پلە باڵاكان‌و تەمەنی خانەنشینی  بەپێی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی 2004ی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی پلەی وەزیفی باڵایان هەیە لە تەمەنی (65) ساڵیدا خانەنشین دەبن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەو پرۆژەیاسا "چاكسازی"یەی كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ پەسەندكردن، تەمەنی خانەنشینی هاوشێوەی عێراقی لێبكرێت‌و لە (65) ساڵەوە كەمبكرێتەوە بۆ (60) ساڵ. بەگوێرەی یاساكە، جگە لە وەزیرو پەرلەمانتاران، هەندێك پۆستی تر هەن كە بە پلەی باڵا ئەژماردەكرێن، كە ئەمانەن:  •    بریكاری وەزارەت •    پارێزگار •    راوێژكار •    بەڕێوەبەری گشتی •    شارەزا •    سەرۆكی زانكۆكان‌و سەرۆكی هەیئەتی پەیمانگا هونەرییەكان‌و ئەندامانی هەیئەتی تەدریسی زانكۆو پەیمانگاكان، ئەوانەیان كە پلەی ئوستازیان هەیە •    خاوەن پلە تایبەتەكان •    سەرۆك‌و ئەندامانی كۆڕی زانیاری كورد پۆستە پڕنەكراوەكان كابینەی (نویەم)ی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ماوەی نزیكەی (پێنج مانگ)ە دەستبەكاربووە، پۆستە وزارییەكان هەموویان پڕكراونەتەوە، بەڵام سەرۆكی دەستەكانی سەربە حكومەت كە هەندێكیان پلەی وەزیریان هەیە هێشتا هەموویان بە كەسانی نوێ پڕنەكراونەتەوە، سەرۆكایەتی (سێ) دەستەكە، كە بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتووە، هێشتا پڕنەكراونەتەوە‌و پارتی تێبینی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكانی یەكێتی هەیە بۆ ئەو پۆستانە، سەرۆكایەتی هەندێك لە دەستەكانی تر وادەی یاساییان بەسەرچووە‌و هێشتا نوێ نەكراونەتەوە. لەكاتێكدا هێشتا دەستەكانی حكومەت بەتەواوەتی پڕنەكراونەتەوە، حزبەكان ناوی كاندیدی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی (بریكاری وەزارەتەكان) پێشكەشی سەرۆكی حكومەت كردووە، قۆناغی داهاتووش پڕكردنەوەی پۆستەكانی (بەڕێوەبەری گشتی)و (راوێژكارەكان)ە دەستپێدەكات. 20 پۆستی تر بەدیاریكراوی نازانرێت لە هەرێمی كوردستان چەند پۆستی بریكاری وەزارەت‌و راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی هەیە، (درەو میدیا) بۆ زانینی ژمارەی ئەو پۆستانەی كە تائێستا لە كابینەكەی مەسرور بارزانیدا پڕنەكراوەتەوە، پەیوەندی بە ژمارەیەك وەزیرو پەرلەمانتارەوە كرد، هیچیان بە دیاریكراوی ژمارەكانیان نەزانی. كابینەی نۆیەمی حكومەت لە (21) وەزارەت پێكدێت، لەكۆی ئەم وەزارەتانەدا نزیكەی (20) بریكاری وەزیری فیعلی هەیە، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا دەیان پۆستی تر هەن كە پلەی (بریكار وەزیر)یان پێدراوە لەحاڵێكدا بە ئەركی بریكار وەزیر هەڵناسن‌و پێدانی ئەو نازناوە تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی پلە وەزیفییەكەیانە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە زۆرێك لە پەرلەمانتارو وەزیرو تەنانەت ئەوانەشی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری حزبەكان بوون بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، نازانن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی چەند پۆستی (بریكار وەزیر) هەیە. سەبارەت بە ژمارەی پۆستەكانی (راوێژكار)‌و (بەڕێوەبەری گشتی)، هەندێك زانیاری نافەرمی باسلەوە دەكەن زیاتر لە (400) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار هەیە. بەشی دووەمی رێككەوتنەكە سەرەتاكانی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی (چوار) كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی (بریكاری وەزارەت) لە كابینەی نویەم ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كرد، هەمان رۆژ پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی (8) كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان راگەیاند، ئەمە جێبەجێكردنی بەشی دووەمی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان حزبەكان سەبارەت بە دابەشكردنی كێكی دەسەڵات، بەڵام یەكێتی نیشتمانی هێشتا كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتەكان یەكلا نەكردوەتەوە. پارتی‌و گۆڕان پێكەوە (12) پۆستی بریكاری وەزیریان بردووە‌و كاندیدەكانیان بریتین لەمانە: كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكانی بریكاری وەزارەت * كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا * د. سەیوان عەلی- بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە * مستەفا سەلیم- بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ * چالاك موهەندیس- بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی   كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستەكانی بریكاری وەزارەت * سەربەست لەزگین- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە * رابەر سدیق- بریكاری وەزارەتی دارایی * سالار عوسمان- بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری * زاگرۆس فەتاح- بریكاری وەزارەتی پلاندانان * بەرەڤان حەمدی- بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان * د. محەممەد حەسەن- بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا * زەكیە سەید ساڵح- بریكاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی * ئاگرین عەبدوڵا- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن پۆست‌و خانەنشینی حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ قسەی كرد بۆ (كوردستان تیڤی) سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و وتی:" لە عێراق ئەوەی تەمەنی بگاتە 60 ساڵ خانەنشین دەكرێت، بەڵام تائێستا ئەو یاسایە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت". بەڕێوەبەری خانەنشینی هەرێمی كوردستان دەڵێ:" حكومەت داوایكردووە رای خۆمان دیاری بكەین لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی، ئێمەش پێمان راگەیاندوون ئەگەر یاسای ژمارە (9)ی عێراق جێبەجێ بكرێت، زۆر باشە شەفافی و دادگەری‌ دێنێتە دی".  پرسی خانەنشینی‌و موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لە كابینەی (پێنجەم)ی حكومەتی هەرێمەوە باسی گەرمی میدیاكانە، ساڵ لەدوای ساڵ رەخنەكان لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان‌و چۆنیەتی خانەنشینبوونیان زیادی كردووە. ساڵی 2018 لەژێر فشاری قەیرانی دارایی‌و پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەراندا، كابینەی هەشتەمی حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، ناچاربوو چاوێك بە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكاندا بخشێنێتەوە، ئەوەش لەوچوارچێوەی پرۆژەیاسای " چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق"، ئەم پرۆژەیاسایە لە پەرلەمان پەسەندكرا، دواتر بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە هەڵوەشێندرایەوە‌و رادەستی كابینەی نۆیەم كرا، ئێستا حكومەتی هەرێم دەیەوێت بە هەندێك دەستكاری كەمەوە پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكاتەوە بەمەبەستی پەسەندكردن. دیارنییە پرسی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان چۆن چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوەی كە دیارە، كابینەكەی مەسرور بارزانیش دوای سێ ساڵی تر كە وادە یاساییەكەی كۆتایی دێت، ژمایەكی تر بۆ لیستی خانەنشینی پلە باڵاكان زیاتر دەكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەكۆی ئەو (چوار) كاندیدەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكار وەزیرەكان پێشكەشی كردووە، (سێ) كەسیان دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوون، تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون تەواو دەكەن، چونكە دوانیان لەدایكبووی ساڵی (1957)‌و یەكێكیان لەدایكبووی (1956)ە‌و دەبێت بە موچەی پلە باڵاكان خانەنشین بكرێن‌و بزوتنەوەی گۆڕان (سێ) كەسی تر كاندید بكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، كە ئەوانیش دواجار بە هەمان موچە خانەنشین دەبن. خۆ ئەگەر یاساكەش لە پەرلەمانی كوردستان هەموار بكرێت‌و تەمەنی خانەنشینی بۆ (60) ساڵ كەمبكرێتەوە، ئەوا بەر لە دەستبەكاربوونیان ئەو كەسانەی كە لەناو كابینەكەدا لەدایكبووی ساڵی (1959)ن، دەبێت خانەنشین بكرێن، بەڵام یاسای خانەنشینی هەرێم دەرفەتێكی هێشتوەتەوە‌و رێگە دەدات لە حاڵەتی "ئەوپەڕی زەرورەتدا" لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی (3) ساڵ ئەو كەسانە لەسەر كارەكانیان بهێڵێتەوە‌و خانەنشینیان نەكات. كورتەیەكی مێژوویی لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم، بەپێی زانیارییەكان: •    461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون •    هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە) •    كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە •    163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر •    506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون •    44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand