Draw Media

تاقیكردنەوە لە هەژار موكریانیدا!

تاقیكردنەوە لە هەژار موكریانیدا!

2021-06-23 20:50:10


درەو:

لەكۆی (٢٤) پرسیاری تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەدەبى کوردی پۆلی نۆی بنەڕەتی، (١٤) پرسیاریان وەڵامەکەی (هەژاری موکریانی) بوو، هەژار هاوڕێ مەلا مستەفا بارزانی بوو، (١٤) پرسیاری تایبەت بە هەژار موكریانی تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕە کە داخڵ بوو بۆ تاقیكردنەوەكان.

تاقیکردنەوە لە هەژاری موکریانیدا !
دوێنێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی (زمان و ئەدەبی کوردی) پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو،
رێژەی (٥٨٪) وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەدەب کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان یەک وەڵامی هەبوو کە وەڵامەکەش شاعیر (هەژاری موکریانی) بوو.
ئەمە لەکاتێکدا بوو، (٤٧) لاپەڕە داخڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکەو سێ شاعیری تری ناوداری کورد بەشێک بوون لەم پرۆگرامە لەوانە (پیرەمێرد، وەلی دێوانە، حاجی قادری كۆیی)، بەڵام نە پرسیار و نە وەڵامی پرسیارەكاندا ناویان نەهات.
ژیان و بەرهەمەکانی (هەژاری مۆکریانی) لە کتێبی ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتیدا تەنیا پەڕەیەکی بۆتەرخان کراوە، واتە بەم پێوەرە زۆریەی پرسیارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە یەک پەڕەی کتێبەکەدا دانراوە.
تەنیا لە پرسیارەكانی ئەدەبی كوردیدا لەكۆی (٢٤) پرسیار، (١٤) پرسیار وەڵامەکەی تایبەت بووە بە (هەژاری موكریانی).
ئەم پرسیارانە بوو بە مایەی گاڵتەجاریی، تەنزنوس شێرکۆ عبدوڵڵا لەبارەیەوە نوسی" شکسپیر لەرووی دەرونییەوە حەزئەکات هەژاری موکریانی بێت، پانزە پرسیاری تێدا بێتەوە".
ئەو پرسیارو وەڵامەکانی هەژاری موکریانی
-     هەژار موكریانی لەدایك بووە لە ساڵی ؟ وەڵام: ١٩٢٠
-     عەبدولڕەحمان كوڕی مەلا محەمەد ناوی كام شاعیرە ؟ وەڵام:  هەژار موكریانی
-     كامیان شوێنی لەدایكبوونی هەژار موكریانیە ؟ وەڵام:  مەهاباد
-     هەژار موكریانی كەی كۆچی دوایی كردووە؟ وەڵام: ١٩٩١
-     بەهیوا بووە ببێتە مەلا بەڵام كۆچی دوایی باوكی ئەم هیوایەی لەدەستداوە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی
-     لە سوختەخانە و مزگەوتان خوێندنی تەواوكردووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی
-     لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان رۆڵی هەبووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی
-    هەژار موكریانی ساڵی چەند روویكردووەتە عێراق و بووەتە پەناهەندە ؟ وەڵام: ١٩٤٧
-     هەژاری موكریانی بەشداری كام شۆڕشی كوردی كردووە؟ وەڵام: شۆڕشی ئەیلول
-     من و بولبول هونراوەی كێیە؟ وەڵام:    هەژار موكریانی 
-     شاعیری دڵداری نەبوو عاشقی كێو دۆڵ و چیای كوردستان بوو ؟ وەڵام: هەژاری موكریانی
-     خونجیلانەی دندۆك ؟ وەڵام: زێڕین   شیعری هەژار موكریانیە
-     وە بیرت دێ پایزی ؟ وەڵام: پار شعری هەژار موكریانی 
- ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی

بەحیزبیکردنی پرسیارەکان
پرسیارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی:
-     لە سێ شوێنی زنجیرە پرسیارەكەدا، چوار پرسیار لەسەر یەك وەڵامەكەی (هەژار موكریانی)یە  
-    (١٤) پرسیار تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕەی کە داخڵ بوو.
-    هێنانەوەی پرسیاری هەڵە، بە نمونە (ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە) چوار بژاردەی داوە (سەبری بۆتانی، بێكەس، وەفایی، هەژار موكریانی)، وەڵامی راست هەژار موكریانیە، واتا ئەو سێ شاعیرەی تر ئازادی خوازو پێشكەوتووخوازو  ئاشتیخواز نەبوون.
-     هەندێك لە شارەزایان و مامۆستایان وای لێكدەدەنەوە لەبەر ئەوەی هەژاری موكریانی نزیك بووە لە (مستەفا بارزانی) رابەر و دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و شعری بۆ وتووە، بۆیە ئەو گرنگیەی لەڕادەبەدەری لەپرسیاری تاقیکردنەوەکاندا پێدراوەو ئەمە سەرەتایەکی خراپی بە حیزبیکردنی تاقیکردنەوەکانە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە.

شیعرەکەی هەژاری موکریانی بۆ مەلا مستەفا

ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە
‌‌ئەگەر بەفرە و شلێوەیە و تۆفانە

ئەگەر گێژە و کرێوەیە و بۆرانە
ئەگەر لەهەر ‌‌جێدا چەتە و گۆڕانە

تۆ شارەزا و رێ نیشاندەری لاوانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی

ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە
ئەگەر لاهی و لافاوی بێ پێ بازە

ئەگەر چەقه‌ی لوور و مره‌ی ده‌عبايه
هەموو دەر و دۆلێک پڕی حه‌زيايه

ئەگەر لە بن هەر بەردێ نەعره‌ی دێوە
هەر پنچکێک پڕی جند و خێوە

باکمان نیە هێزو گوڕی دلمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی

ئەگەر دوژمن پراو پری دنیا بێ
شەپۆل بداتەوە وەکو دەریا بێ

چەکی دەستی لە ئێمە زۆر زۆر تربێ
لە گشت درەندە وەحش و پیاو ‌خورتر بێ

خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن
بۆمبا لە بن فرۆکەیان دابارن

لە کوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی

با کۆخ و لادێ و شارەکان خاپور کەن
با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سور کەن

خوێنمان لە رێی ئه‌م نیشتیمانە برژی
مێشکی ژن و کور و کیژانمان بپژێ

لانک و منال بە ئاگرێ بسوژن
با وێران کەن، ببڕن، ببەن، بکوژن

لە دواتەوەین باب و براو کەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی

کوردین کوری چیا نەبەرد و شێرین
بە کوشتنی داگیرکەرانمان فێرین

لە دوژمنان تۆلە و هەقمان دەستێنین
سەد قاد سەران دەبڕین، زگان دەدرێنین

ئەو رۆژی کورد دەکرا بە دیل ئەو ڕۆیی
یان مردن و یان ژین، یان سەربەخۆیی

دوژمن کوژی، کورد پەروەری رێزانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی

 

پرسیاری نیشتمانی بۆلی نۆی بنەڕەتی

 

 

یەك پەڕە (دوولاپەڕە)ی تایبەت بەژیان و شیعرەكانی هەژار موكریانی كە (14) پرسیاری تیادا هاتووەتەوە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand