لێبوردنی گشتی بۆ ریفراندۆمچییەكانی كەتەلۆنیا دەردەچێت
2021-06-22 13:31:55
(درەو):
سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ئیشی بە كورسی كەتەلۆنییەكان هەیە لەناو پەرلەمان، دەیەوێت بە بڕیارێك لێبوردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەربكات كە بەهۆی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیاوە زیندان كراون.
لە وتارێكدا لەبەردەم نزیكەی (300) كەس لە چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی كەتەلۆنیا لە بەرشەلۆنە، پیدرۆ سانشێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، حكومەتەكەی بەنیازە لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیكراوە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەربكات.
مەبەست لە "جوداخوازەكان" ئەو كەسانەن كە ساڵی 2017 هاوكات لەگەڵ ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا، سەرپەرەشتی ریفراندۆمێكیان كرد بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی كەتەلۆنیاو جیابونەوەی لە ئیسپانیا.
دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ سەركردەكانی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كەتەلۆنیا لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە بەمەبەستی "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ"یە لەگەڵ كێشەی ئەو هەرێمەدا كە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە.
زۆرینەی ئەو كەسانەی كە لەدوای ریفرامدۆمەكەی 2017وە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە حوكمیان بەسەردا سەپێندراوە، بریتین لە بەرپرسانی حكومەتی پێشووی هەرێمی كەتەلۆنیا بە سەرۆكایەتی (كارلیس بۆگدیمۆن)، نۆ كەس لە ئەندامانی حكومەتی پێشووی كەتەلۆنیا بە (9 بۆ 13) ساڵ حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، ئەو لێبوردنە گشتییەی كە حكومەتەكەی پەسەندی دەكات رێگا لەبەردەم ئاشتەوایی دەكاتەوە، چونكە دەبێت لەبارەی كێشەی كەتەلۆنیاوە هەنگاوی یەكەم هەڵبگیرێتو ئەوان ئەم هەنگاوە هەڵدەگرن.
ئۆكتۆبەری 2017 هەرێمی كەتەلۆنیا بەبێ رەزامەندی حكومەتی ئیسپانیا، بەشێوەیەكی تاكلایەنە ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامداو جیابونەوەی خۆی لە ئیسپانیا راگەیاند، هاوشێوەی ریفرامدۆمەكەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا دژی ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیا وەستانەوەو پاڵپشتیان لە حكومەتی ئیسپانیا كرد.
بەر لە ریفراندۆمەكە، ئەوكات وەفدێكی حكومەتی كەتەلۆنیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ ریفراندۆمەكەی هەردوولا كرا.
كەتەلۆنیا ریفراندۆمی كرد، حكومەتی ئیسپانیا هێزی ئەمنی ناردە سەر هەرێمەكە، سەرۆكی حكومەتو بەرپرسانی هەرێمەكە هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات.
دوای شكستهێنانی ریفراندۆمەكەیان، هاوشێوەی ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە بۆ بەغداد بۆ دانوستان، بەرپرسانی نوێی كەتەلۆنیا گەڕانەوە بۆ لای حكومەتی ئیسپانیاو بەشداری پەرلەمانیان كردەوە.
یەكێك لەو كەسانەی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی 2017ی كەتەلۆنیای كرد (ئۆریۆل جۆنكیراس) سەرۆكی پارتی چەپی كۆماری بوو، ئەم پیاوە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ئێستا پارتەكەی ئەم پیاوە یەكێكە لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكومەتی ئێستای ئیسپانیا.
بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ دەستگیركراوە كەتەلۆنییەكان، ناڕەزایەتی دروستكردووە، پارتە راستڕەوەكانی ئیسپانیا، سەرۆك وەزیرانە سۆسیالیستییەكەی وڵاتەكەیان تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەم بڕیارەی دەیەوێت سازشێك بۆ "جوداخوازەكان" بكات، چونكە پێویستی بە دەنگو پاڵپشتییە كورسییەكانی پارتە كەتەلۆنییەكە هەیە لەناو پەرلەماندا.
پاپلۆ كاسادۆ سەرۆكی پارتی میللی راستڕەوی ئیسپانیا ئیدانەی بڕیاری حكومەتی كرد بۆ دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ كەسانێك كە بەوتەی ئەو "پەشیمان نین لە ریفراندۆمەكەیان"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەی هەندێك لە سەركردەكانی كەتەلۆنیا كە دەڵێن دەستیان لە خەونی سەربەخۆیی هەڵنەگرتووەو بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان.
لە كەتەلۆنیا هێشتا توێژێكی زۆری كۆمەڵگە دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نەبووە، بەتایبەتیش پارتەكەی (كارلیس بۆگدیمۆن) سەرۆك وەزیرانی پێشتری كەتەلۆنیا، كە لەدوای ریفراندۆمەكەوە لە ترسی دادگایكردنەكانی حكومەتی ئیسپانیا رایكرد بۆ بەلجیكا.
(بیری ئاراگۆنیس) سەرۆكی ئێستای هەرێمی كەتەلۆنیاش بەهەمان شێوە سەربەخۆخوازە، ئەو لەبارەی بڕیاری دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە وتی:" ئەمە چارەسەرێك كاتییە بۆ كێشەی كەتەلۆنیا، چونكە داواكاری كەتەلۆنییەكان تەنیا لێبوردنی گشتی نییە، بەڵكو پێدانی مافی چارەی خۆنوسینیشە".