Draw Media

لە كابینەی چاكسازییەوە بۆ كابینەی قەرزكردن 

لە كابینەی چاكسازییەوە بۆ كابینەی قەرزكردن 

2021-06-29 10:15:20


راپۆرت: درەو
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سیقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، بڕی زیاتر لە (6 ترلیۆن) دینار قەرزی گشتی‌و زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری قەرزی لێبڕینی (10) مانگی موچە‌و نەدانی موچەی (2) مانگی موچەخۆرانی كەوتوەتە سەر شان، كۆی گشتی قەرزەكانی حكومەت لە كابینەی نۆیەمدا گەیشتوەتە نزیكەی (10 ترلیۆن) دینار.

قەرزەكان چۆنن ؟
نێچیرڤان بارزانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی بە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار قەرزەوە رادەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم كرد.
بە هەمان میكانیزمی كابینەی هەشتەم، كابینەی نۆیەم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەفۆرمی جیاوازەوە قەرزی هێناوەتە سەر شانی حكومەت.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند، مانگی 3ی ساڵی 2020، كۆی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار بووە، مانگی 3ی 2021 كۆی قەرزەكان بووە بە (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار.
بەپێی ئەم قسەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی یەك ساڵدا قەبارەی قەرزەكانی بەبڕی (3 ملیارو 161 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە، واتا كابینەی نۆیەم بۆ هەر مانگێك بڕی (263 ملیۆن) دۆلار قەرزی كردووە. 
لە كابینەی نۆیەمدا كە ناوی "كابینەی چاكسازی" لەخۆی ناوە، قەرزەكانی هەرێم بەشێوەیەكی خێرا هەڵدەكشێت، پێش دەستبەكاربوونی ئەم كابینە سێقۆڵییە لە 10ی تەموزی 2019دا، كۆی گشتی قەرزەكانی حكومەت (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار بوو، دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوونی كابینە نوێیەكە، ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وتی قەبارەی قەرزەكان بۆ (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئێستا كە كابینەی مەسرور بارزانی دوو ساڵی تەمەنی تەواو كردووە، قەبارەی قەرزەكان بۆ  (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە، واتە تەنیا لە دوو ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیەدا قەبارەی قەرزەكانی بەبڕی (4 ملیارو 88 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە. 

31 ملیاری قەرز
بڕی ئەو (31 ملیار) دۆلارەی كە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران خستیە روو پێكهاتووە لە:
-    12 ملیار دۆلار قەرزی پاشەكەوتی موچە
-    3 ملیارو 966 ملیۆن دۆلار قەرزی (TPI)
-    4 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار قەرزی دەرەكی 
-    2 ملیارو 267 ملیۆن دۆلار قەرزی ناوخۆیی 
-    8 ملیار و 703 ملیۆن دۆلار پابەندییە داراییەكان 
-    

قەرزێكی ئەژمارنەكراو !
سەرەڕای ئەم قەرزانە، كابینەی سێقۆڵی بڕێكی زۆری پارەی موچەی فەرمانبەرانی نەداوە‌و ئەم پارانەی بە قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژمار نەكردووە.
بەپێی قسەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە كۆی ئەو (31 ملیار) دۆلارەی قەرز كە كەوتوەتە سەرشانی حكومەت، بڕی (12 ملیار) دۆلاری بەتەنیا پارەی پاشەكەوتكراوی موچەی موچەخۆرانە، ئەم (12 ملیار) دۆلارەی پارەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران، بڕی (9 ملیار) دۆلاری پارەی پاشەكەتی موچەی كابینەی پێشوو بووە‌و لەم كابینەیەشدا موچەی فەوتاوی پێنج مانگی ساڵی 2020 بۆسەر قەرزی موچە پاشەكەوتكراوەكان زیاد كراوە‌و قەرزی موچە لە (9 ملیار) دۆلاری كابینەی پێشووەوە بەرزبوەتەوە بۆ (12 ملیار) دۆلار. 
بەم پاكتاوكردنەشەوە كە حكومەت كردویەتی، ئێستا چارەنوسی موچەی فەوتاوی دوو مانگی ساڵی 2020ی فەرمانبەران نادیارە كە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 788 ملیار) دینارە. 
* كابینەی نۆیەم ماوەی (10) مانگ بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردووە: كۆی پارەی لێبڕاوی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 880 ملیار) دینارە
* كۆی گشتی پارەی فەوتاوی پێنەدان‌و لێبڕینی موچە بڕەكەی (3 ترلیۆن‌و 668 ملیار) دینارە

قەرزو موچە پێكەوە
ئێستا كۆی گشتی قەبارەی قەرزو پارەی موچە لەسەر شانی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە:  
* نەدان‌و لێبڕینی موچە: (3 ترلیۆن‌و 668 ملیار) دینار (2 مانگ موچەی نەداوە مانگانە 894 ملیار دینار)
* قەرزی گشتی: (6 ترلیۆن‌و 50 ملیار) دینار
* كۆی گشتی قەرزو نەدان‌و لێبڕینی موچە: (9 ترلیۆن‌و 718 ملیار) دینار

 

راپۆرتی پەیوەندیدار:

حكومەتێكی قەرزار !

پاشەكەوتی موچەخۆران (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلارە
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand