وەزیرێكی خانەنشین كەس نیە موچەكەی بۆ وەرگرێت
2021-06-23 15:01:48
(درەو):
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق كە ماوەی 25 ساڵە كۆچی دوایی كردووە، لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپلەی "وەزیر" خانەنشین كراوەو موچەكەی رانەگیراوەو كەس نیە بۆی وەربگرێت، پارەكەی كەڵەكەبووە لە بانك.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆر (رەحیم عەجینە) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق كە مانگی ئایاری ساڵی 1996 لە لەندەن كۆچی دوایی كردووە، لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە بەفەرمانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپلەی (وەزیر) لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خانەنشین كراوە.
(درەو) زانیویەتی، موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) هێشتا نەبڕدراوەو لە بانكی (سەلام)ە لە شاری سلێمانی، پێشتر خاتوو (بوشرا پرتۆ)ی هاوسەری موچەكەی وەرگرتووە، بەڵام (بوشرا پرتۆ) خۆشی لە ساڵی 2017دا كۆچی دوایی كردووە.
كەسوكارەكەی وەفاتنامەی (بوشرا عەجینە)یان رادەستی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینییەكەی دكتۆر (رەحیم عەجینە) رابگیرێت، كەچی دوای ساڵێك لە مردنی (بوشرا عەجینە)، ساڵی 2018 لە بانكی سەلامی سلێمانییەوە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بریكارەكەی (بوشرا پرتۆ)وە كراوەو داوای لێكراوە سەردانی بانك بكات بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتر لە (50 ملیۆن) دیناری موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) كە ماوەیەكی زۆر مانگانە پارەكەیان وەرنەگرتووەو لە بانكدا كەڵەكە بووە.
وەكیلەكەی (بوشرا پرتۆ) لە سلێمانی، كە ناوەكەی لای (درەو) پارێزراوە، بە بەرپرسانی بانكی سەلامی وتووە" بوشرا كۆچی دوایی كردووەو چیتر ئەو بریكار نییەو ناتوانێت پارەكە وەربگرێت".
دواتر لە بانكی سەلامەوە بەتەلەفۆن پەیوەندی كراوە بە (خالید) ناوێكەوە لە شاری بەغداد كە دەوترێت خوشكەزای (بوشرا پرتۆیە)، ئەم پیاوە هاتوەتە سلێمانیو بڕی زیاتر لە (50 ملیۆن) دیناری موچەی كەڵەكەبووی ئەو ساڵانەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە)ی وەرگرتووە.
(درەو) زانیویەتی، ئەم هەفتەیە جارێكی ترو لە بانكی سەلامەوە پەیوەندی بە بریكاری پێشووی كۆچكردوو (بوشرا پرتۆ)وە كراوەو داوای لێكراوە سەردانی بانك بكات بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی دكتۆر (رەحیم عەجینە) كە بڕێكی زۆر پارەیەو لە ساڵی 2018وە تائێستا كەڵەكەبووە.
بریكاری پێشتری (بوشرا پرتۆ) جارێكی تر بەرپرسانی بانكی ئاگاداركردووە لەوەی، بوشرا كۆچی دوایی كردووەو لەوكاتەوە كۆتایی وەكالەتنامەی ئەو بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە كۆتایی هاتووە.
لە دۆسیەی خانەنشینكردنی دكتۆر (رەحیم عەجینە)دا لەچەندجارێك یاسا پێشێلكراوە، چونكە ئەم پیاوە بە مردوویی خانەنشین كراوە، سەرباری ئەمە نە لە عێراقو نە لە هەرێمی كوردستان رۆژێك لە رۆژان لە هیچ پۆستێكی وزاریدا كاری نەكردووە، لەسەرو ئەمانەشەوە دوای مردنی هاوسەرەكەی وەك كەسی یەكەمی هێشتا موچەی خانەنشینییەكەی رانەگیراوە.
ئەمە لەكاتێكدا روودەدات ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، فۆرمی بەسەر ئەو كەسانەدا دابەشكردووە كە بەپلەی (وەزیر) خانەنشین، تاوەكو موچەی ئەو كەسانە ببڕدرێت كە بەشێوەی نایاسایی خانەنشین كراون.
لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم، (461) كەس بەپلەی وەزیرو بریكاری وەزیر خانەنشین كراون، ئەمانە بەشێكیان هیچ كاتێك پۆستی وزارییان نەبووەو وەكو رێزلێنان لە خەباتو تێكۆشانیان بەم پلەیە خانەنشین كراون.