Draw Media

كاتێك پارتی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن !

كاتێك پارتی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن !

2021-06-29 12:29:36


راپۆرت: درەو
لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا فراكسیۆنی پارتی ئۆپۆزسیۆن بوو، هەموان ناڕازین لە بارودۆخەكە، تەنانەت پارتیش چیتر بەرپرسیارێتی حكومەت هەڵناگرێت، ئێستا ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەت لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حكومەت‌و شەقام بەهێزترە، ئەمە دۆخی كابینەی سیقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

پارتیش رەخنەی هەیە
پارتی هەموو جومگە گرنگەكانی لە هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیە، تەنیا جومگەی ناڕەزایەتی‌و توڕەیی شەقام نەبێت، دوێنێ شەو ئەم جومگەیەشی كۆنترۆڵ كرد.
پەرلەمانی كوردستان تا درەنگانێكی شەو لەبارەی كێشەی موچەی فەرمانبەرانەوە لە كۆبونەوەدا بوو، وەزیرەكانی (نەوت، دارایی، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد، سەرۆكی لیژنەی چاكسازی) لەبەردەم پەرلەماندا ئامادە بوون.
ئەمە كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بوو لەبارەی كێشەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و گۆڕان وەكو دوو لایەنی بەشدار لە دەسەڵات، خوازیاربوون لەم كۆبونەوەیەدا پەرلەمان بە بڕیارێك حكومەت ناچار بە كۆتایهێنان لە لێبڕینی موچە بكات، هەموان خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەیەكی سەخت لەگەڵ حكومەت ئامادە كردبوو، ئەمە وەكو هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، دەبوو هەموان ئەسپی خۆیان لەبەردەم موچەخۆراندا تاو بدەن، ئەو موچەخۆرانەی كە چەند مانگی داهاتوودا دەبن بە دەنگدەر‌و پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنەكەی عێراقدا دیاری دەكەن. 

پارتی بۆ یەك شەو دەبێت ئۆپۆزسیۆن !
پەرلەمانتارانی پارتی لە كۆبونەوەی دوێنێ شەوی پەرلەماندا، لە دەربڕینی ناڕەزایەتی‌و رەخنەگرتن لە حكومەت، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن‌و ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەتیشیان تێپەڕاند. 
بەگوێرەی زانیاریی (درەو)، رەخنە توندەكانی دوێنێ شەوی پەرلەمانتارانی پارتی لە كابینەی مەسرور بارزانی، چەند رۆژێك بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەلایەن مەسرور بارزانی خۆیەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە.
پەرلەمانتارانی پارتی گلەییان لە حزبەكەیان كردووە، كە كاری نوێنەرایەتی ئەوان لە پەرلەمانی كوردستان تەنیا بووە بە بەرگریكردن لە حكومەت‌و ئەمەش پێگەی ئەوانی لەناو شەقامدا لاواز كردووە، لەسەر ئەم بنەمایە، پارتی بڕیاریداوە پەرلەمانتارەكانی هاوشێوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان قۆناغی بەرگریكردن بگۆڕن بۆ هێرشكردن، بەڵام رەخنە توندەكانیان لە حكومەت تەنیا لەسەر ئاستی وەزیرەكان مایەوەو هێڵی سوری تێنەپەڕاندو نەگەیشتە سەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.  
پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، حكومەتی مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتاوە بەم زۆرینەیە گرەنتی ئەوەی كردووە، روبەڕووی لێسەندنەوەی متمانە نابێتەوە، بۆیە رەخنەگرتن بەتەنیا سەر بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەت ناكێشێت‌و چیتر پارتییەكانیش دەتوانن رەخنە بگرن. 
رێبوار كەریم وەلی نوسەرو رۆژنامەنوس لەبارەی ئەم پەرەسەندنە نوێیەی فراكسیۆنی پارتییەوە نوسی:" ئەو قسانەی ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی كردیان یەك خاڵی كافییە كە بتوانی متمانەی پێ لە حكومەت بستێنییەوە !". 
سەرباری قسەو رەخنە توندەكانی پارتی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی بە بڕیارێك‌و بە زۆرینەی دەنگ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە، لێبڕینێك كە تائێستا مەسرور بارزانی ئامادە نییە وەكو قەرز لەسەر شانی حكومەتەكەی ئەژماری بكات‌و ناوی لێناوە "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی".
تیمی پارتی لە حكومەت‌و پەرلەمان، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەماندا بەیەك ئاڕاستە كاریان كرد، وێنەیەكی نوێیان لەسەر خۆیان لەبەردەم خەڵكدا كێشا، كەمال ئەتروشی وەزیری نەوت كە كەمترین دەركەوتنی هەیە بۆیەكەمجار ئەستێرەی درەوشایەوە، بەتوندی لەبارەی گەندەڵییەوە قسەی كرد، چەپڵەڕێزانی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەموو سەرەنجەكان لەبارەی كۆتایهێنان بە لێبڕینی موچە لەسەر ناشەفافی داهاتی نەوت بوو. 
لە كاتێكدا پارتییەكان بەبەرنامەوە داخڵی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە بەردەوام رەخنەیان لە دۆخی ئابوری هەبوو، وەكو پێویست ئامادەكارییان بۆ كۆبونەوەكە نەكردبوو، بەهەمان ئەو ستایلە رەخنەیان لە حكومەت دەگرت، كە بۆ رایگشتی ناسراو و ئاشكرابوو.
پارتی دوێنێ شەو چەكی رەخنە‌و ئۆپۆزسیۆنبونیشی لە لایەنەكانی تر وەرگرتەوە‌و لە پێگەی دەسەڵاتەوە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی گێڕا، ئەم رۆڵە نوێیەی پارتی رەنگە لە كورت مەودادا لەبەرژەوەندی پارتی بشكێتەوە، بەڵام بۆ داهاتوو ئەگەری هەیە ناكۆكییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی قوڵبكاتەوە، سەرەتای ئەم ئەگەرە لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بەدی كراوە، لەناو پەرلەمانتارانی پارتی ناكۆك دروستبوو لەبارەی تۆمەتباركردنی كابینەكانی نێچیرڤان بارزانی بە بەرپرسی هەموو ئەو شكستە داراییانەی كە ئێستا رووبەڕووی كابینەی مەسرور بارزانی بوەتەوە.   
لەسەر ئاستی دەرەوەی پارتیش، ئەم شێوازە كاركردنەی فراكسیۆنی پارتی ئەگەر بۆ داهاتووش بەردەوام بێت، رەنگە بنەمای یارییەكە بگۆڕێت‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ناچار بكات بەدوای شێوازێكی نوێی كاركردندا بگەڕێن، كە لە رەخنەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان جیایان بكاتەوە.

ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەت
ئێستا لە هەرێمی كوردستان سێ جۆر ئۆپۆزسیۆن خۆی نمایش دەكات كە ئەمانەن:
•    ئەو لایەنانەی كە بەشێوەیەكی فەرمی ئۆپۆزسیۆنن‌و بەشدار نین لە حكومەت كە بریتین لە (كۆمەڵی دادگەریی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، حزبی شیوعی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كە هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نییە).
•    ئەو لایەنانەی كە لەناو حكومەتن‌و لە پەرلەمان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن (یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان)، ئێستاش پارتی دێتە سەر هێڵی ئەم جۆرە كاركردنە سیاسییە.
•    ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان، كە لە هەڵبژاردنەكاندا بە بایكۆتكردن‌و كارتی سپی گوزارشت لە ناڕەزایەتی خۆیان دەكەن. 
فراكسیۆنی پارتی دواین لایەنە كە دەچێتە سەر هێڵی ناڕەزایەتییەكان، چونكە فراكسیۆنی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كە حزبەكانیان بەشدارن لە حكومەت، لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە‌و تاڕەدەیەكیش لە كابینەی رابردووی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن‌و بەرپرسیارێتی بڕیارەكانی حكومەت ناگرنەئەستۆ، وا دەردەكەوێت قۆناغی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەنگی ناڕەزایەتی دەبێتە زۆرینە، بەڵام ناڕەزایەتییەك كە بۆ چەواشەكردنی رایگشتییە‌و هەرگیز سەرناكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت‌و ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی. 

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand