Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

لیستەكەی عەبادی لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 2757 ) دەنگی بەدەستهێناوە.  بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 12ی ئایار  ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی لە پارێزگای سلێمانی تەنها ( 818 ) دەنگی بەدەستهێناوە، سەرۆكی لیستەكەی ( 85) دەنگ و دوایین كاندیدیشی ( 8 ) دەنگی بەدەستهێناوە  لە پارێزگای هەولێر ( 919 ) دەنگی بەدەستهێناوە  لە پارێزگای دهۆك ( 1020 ) دەنگی بەدەستهێناوە   


درەو میدیا:  لەكۆی پارێزگاكانی  عێراق ( 10653 ) فلاش میمۆری دەنگەكان نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی نیشتیمانی دەنگەكان لە بەغداد كە زۆرینەی لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكانە بەم شێوەیە:. پارێزگای هەولێر  دەنگی ( 1071 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای سلێمانی دەنگی ( 779 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای دهۆك   دەنگی ( 609 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای كەركوك   دەنگی ( 1887 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای نەینەوا دەنگی ( 2847 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  بەو پێیەش ساختەكاری گەورە جگە لە موسڵ و ئەنبارر لە هەر چوار پارێزگایەكەی (هەولێر، سلێمانی، كەركووك و. دهۆك ) كراوە  ئەمە سەرەرای ئەوەی بە پێی خشتەیەكی بڵاوكراوەی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان جیاوازیەكی زۆر لە نێوان دەنگی راگەیەنراوی  راگەیەنراوو راستەقینەدا هەیەو هێڵی سوری تێپەراندووە. هێڵی سور سەرو 10% و  جگە لە پارێزگای ئەنبار هەموو ئەو پارێزگایانەی لیستی كوردی و كاندیدی لیستە كوردیەكانی تێدایە لە سەرو هێڵی سورەوەن.       


راپۆرتی شیكاریی: نامیق رەسوڵ لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان و  هەرسێ‌ جێگرەكەی سەرۆك كۆمار و 11 وەزیری كابینەكەی عەبادی خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق كاندیدكرد. سەرۆك وەزیران و هەرسێ‌ جێگرانی سەرۆك كۆمار دەنگی هاوڵاتیانیان بەدەستهێنا و كورسی پەرلەمانیان مسۆگەركرد، جگە لە سەرۆكی پەرلەمان كە كورسییەكەی پەرلەمانی لەدەستدا. هەروەها (11) وەزیری ئێستای كابینەكەی عەبادی لە چەند لیستێكی جیاوازدا چارەنوسی خۆیان دایەدەست سندوقەكانی دەنگدان، لەو ژمارەیەش (8) كەسیان متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و (3) وەزیریان شكستیانهێنا، هاوكات وەزیرێكی كابینەكەی عەبادی كە لە لایەن پەرلەمانەوە لەسەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە. ئەنجامی بەرپرسە باڵاكانی سێ‌ دەسەڵاتەكەی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەمشێوەیە بوو: •    سەرۆكایەتی كۆمار: 1-  فوئاد مەعسوم:  سەرۆك كۆمار كە سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، خۆی لە هیچ لیستێكدا بۆ هەڵبژاردن كاندید نەكردەوە.        2- ئەیاد عەلاوی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانیی بوو، لە هەڵبژاردندا لە بەغدادی پایتەخت (28069) دەنگی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە.        3- نوری مالیكی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا،  لە بەغداد خۆی كاندیدكرد و (102128) دەنگی بەدەستهێنا و زۆترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.       4- ئوسامە نوجێفی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی قەراری عێراقی، لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (11650) دەنگی بەدەستهێنا. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ( پەرلەمان) 1- سەلیم جبوری: سەرۆكی خولی ئێستای پەرلەمان، لە هاوپەیمانێتییەكەی ئەیاد عەلاویدا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا. 2- هومام حەمودی: جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، لە هاوپەیمانێتی فەتحی هادی عامریدا خۆی كاندید كرد، دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا. 3- ئارام شێخ محەمەد: جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بزوتنەوەی گۆڕانە و بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار خۆی كاندیدنەكردەوە. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: حەیدەر عەبادی: سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر"ی كرد لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (59710) هەزار دەنگی بەدەستهێنا. •    وەزیرەكان: (11) وەزیری كابینەكەی حەیدەر عەبادی لە چەند لیستێكی جیادا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆیان كاندید كرد و ئەم وەزیرانە دەنگی پێویستی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و كورسیی پەرلەمانیان مسۆگەركرد: 1- قاسم ئەعرەجی: وەزیری ناوخۆ، كاندیدی هاوپەیمانی " الفتح" بوو لە پارێزگای واست، (11372) دەنگی بەدەستهێنا. 2- محەمەد شیاع سودانی: وەزیری كار، لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (14326) دەنگی بەدەستهێنا. 3-قاسم فەهداوی: وەزیری كارەبان لە لیستی " عابرون" لە پارێزگای ئەنبار بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (7993) دەنگی بەدەستهێنا. 4- فەلاح حەسەن زێدان: وەزیری كشتوكاڵ، لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (12558) دەنگی     بەدەستهێنا. 5- محەمەد ئیقباڵ سەیدەلی: وەزیری پەروەردە ، كاندیدی لیستی " نەینەوا ناسنامەمانە"  بوو لە پارێزگای نەینەوا (7668) دەنگی بەدەستهێنا. 6-  جەبار لعێبی: وەزیری نەوت، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی بوو، (28645) دەنگی بەدەستهێنا. 7- عەبدولحسێن عەبتان: وەزیری وەرزش و لاوان، لە بەغداد كاندیدی ژمارە یەكی لیستی " رەوتی حیكمە"ی  عەممار حەكیم بوو، (34461) دەنگی بەدەستهێنا. 8- كازم فنجان حەمامی: وەزیری گواستنەوە، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بوو ، بەبەدەستهێنانی (8493) دەنگ كورسییەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد. •    ئەو وەزیرانەی كە خۆیان كاندیدكرد و دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و دەرنەچوون: 1-    ئان نافع ئەوسی: وەزیری شارەوانی و نیشتەجێكردن 2-    عەدیلە حەمود: وەزیری تەندروستی 3-    سەلمان جومەیلی : وەزیری پلاندان و بازرگانی " وەزیرە گەندەڵەكە و هەڵبژاردن" خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری كابینەكەی حەیدەر عەبادی بوو، مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار لیستێكی بەناوی " بیارق الخیر" پێكهێنا، بەڵام خۆی لەسەر لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای نەینەوا كاندیدكرد و (72690) دەنگی بەدەستهێنا و لە دەرگای پەرلەمانەوە دەچێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسەت.          


( درەو میدیا) : تۆفیق كەعبی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی، رایگەیاند كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەكانی عێراق لە شاری دیترۆیتی ئەمریكا  شوێنێكی " مردوو شۆردن"ی كردوەتە بنكەی دەنگدان و رۆژێك پێش هەڵبژاردنیش دەنگدەران لە بوونی ئەو بنكەیە ئاگاداركراوەنەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر نەچوون بۆ دەنگدان. كەعبی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عێراق وتیشی:" چەندین بەڵگە هەن كە دەیسەلمێنن پێشێلكاری زۆر لە هەڵبژاردنەكاندا كراون، لە رووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكان و ناراستی زانیارییەكان و دزینی دەنگی دەنگدەران." ئاماژەیبەوەشدا كە :" كوتلە سیاسییەكان ئەگەر بڕواننە بەرژەوەندی دەتوانن هاوپەیمانێتی بكەن، چونكە ئەنجامەكانیان نزیكن لەیەكەوە، بەڵام ئەگەر بڕواننە بەرژەوەندی وڵات ئەوا پێویستە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنرێتەوە، بە تایبەتی دەنگدانی دەرەوەی وڵات." ئەو پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی وتیشی:" بەڵگەی زۆرمان لەبەردەستدایە كە سندوقەكانی دەنگدان لە دەرەوە پێش دەنگدان پڕكراون لە دەنگ."  


(درەو میدیا): دوێنێ شەو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر) كرد. بەپێی هەواڵێك كە تەلەفزیۆنی (سكای نیوز)ی عەرەبی لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە رەوتی سەدر بڵاویكردوەتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا موقتەدا سەدر مەرجێكی خستوەتە بەردەم حەیدەر عەبادی بۆ پشتیوانیكردن لە خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ویلایەتی دووەم. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، لە كۆبونەوەكەدا موقتەدا سەدر بە عەبادی وتووە بە مەرجێك پشتیوانی لە خۆكاندیدكردنەوەی دەكات، وازهێنانی لە حزبی دەعوە رابگەیەنێت. وەك باسدەكرێت، ئامانج لەم مەرجەی موقتەدا سەدر بۆ حەیدەر عەبادی رێگرتنە لەو هەوڵانەی كە ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوە دەستیپێكردووە بۆ زیندوكردنەوەی لێكتنێگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوو باڵی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بەمەبەستی گەرەنتیكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حزبی دەعوە. لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ سەدر، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، ئامانج لە كۆبونەوەكە ئەوەبوو پێكەوە كار بكەن لەپێنان پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لە زاری موقتەدا سەدریشەوە لەبارەی كۆبونەوەكەوە راگەیەندرا، دیدارەكە نامەیەكی دڵنیاكەرەوە بوو بۆ عێراقییەكان لەبارەی بایەخی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێك كە لە ئاست خواستی رۆڵەكانی گەلدا بێت.  


( درەو میدیا) د. محەمەد عەلی ساڵح كاندیدی ژمارە 22ی لیستی  هاوپەیمانی مەدەنتی دیموكراتی لە بەغدا بەبێ‌ هەڵواسینی هیچ پۆستەرێك توانی 7351 دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. دكتۆر محەمەد ساڵح لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا  هیچ پۆستەرێكی لە شەقامەكاندا بڵاونەكردەوەو تەنها كارتێك كە بەشێك لە سیڤی خۆی و بەرنامەی هەڵبژاردنی لەسەربوو لە شەقامەكانی بەغدا بڵاوكردەوە و وێنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەوە و بەوەش توانی كورسییەكی پارێزگای بەغداد لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت. د. محەمەد ساڵح، كەسایەتییەكی تەكنۆكراتە و ساڵی 1962 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریدا لە زانكۆی بێرمینگهام بەدەستهێناوە و ساڵی 1973ش لە زانكۆی موستەنسرییەی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە و ساڵی 1977 ماستەری لە ئابوری نەوتدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆی ئەمریكا بەدەسهێناوە و ساڵی 1980 دكتۆرای لە هەمان پسپۆریدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆ بەدەستهێناوە. د. محەمەد ساڵح بەهۆی ئەوەی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەیە، سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی قسەكردن و بڕیاردان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كۆبوەوە. بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە راوێژكاری بێت، بەوهۆیەشەوە پەرلەمانی نەیتوانی بڕیار بدات لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لەبری ئەوە شەش داواكاری ئاڕاستەی كۆمسیۆن كرد. بەهۆی ئەوەی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هێزی بڕیاریان نییە، كۆمسیۆن دەتوانێت ملكەچ نەبێت. دەقی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 1- كۆمسیۆن هەموو رێگایەك بگرێتەبەر كە گەرەنتی گەڕانەوەی متمانە بكات بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پاك و دادپەروەرانە، لەناویاندا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی و هەرەمەكی بۆ ژمارەیەك لە سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی ئەو سندوقانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكانەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە باش كاركردنی ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی. 2- هەر كەیسێكی تاوان رەوانەی دەسەڵاتە تایبەتمەندەكان بكرێت لەو حاڵەتانەی كە تێیدا شێوازی خراپ مامەڵەكردن بە خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن فەراهەم بووە. 3-  پێویستە دەستبەجێ كۆپییەكی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان بدرێتە قەوارە سیاسییەكان لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لەڕێگەی مانگی دەستكردی (V-SAT) بۆ سێرڤەری سەرەكی لە كۆمسیۆن كە لە تالی سەنتەرە. 4- جەخت بكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی ئەو داتانەی بە ئەلیكترۆنی نێردراون لەگەڵ داتای سندوقەكاندا، ئەوەش لەرێگەی چەند سندوقێكەوە (فلاش و SD كارت)، لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكاندا بەشێوەیەكی شەفاف. 5- داوا لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان دەكرێت بە شێوەیەكی زۆر لەسەرخۆ و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ تانەكاندا بكات و بایەخی زۆریان پێبدات بەئامانجی گەیشتن بە دادپەروەری. 6- لیژنەی یاسایی بەدواداچون بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و راپۆرتێكی بەپەلە دەرباری ئەو پرۆسەیە و ئەو گیروگرفتانەی كە چەند لایەنێكی سیاسی بانگەشەی دەكەن، پێشكەش بكات.  


( درەوە میدیا) حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی " بزوتنەوەی ئیرادە" دەنگی پێویستی نەهێنا و كورسییەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدەستدا، بەڵام لیستەكەی سێ‌ كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە. فەتلاوی كە بە لێدوانە ئاگرینەكانی دژی هەرێمی كوردستان ناسراوە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لیستێكی بەناوی " ئیرادە" پێكهێنا و خۆی لە پارێزگا بابل سەرۆكی لیستەكە بوو، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و بە گوێرەی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن دەنگەكانی نەگەیشتوەتە ئەوەی كورسییەكی پارێزگای بابل لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەربكات، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا لەو پارێزگایە زیاتر لە 90 هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لیستەكەی فەتلاوی لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە و قادسیە سێ‌ كورسی بەدەستهێناوە و لە پەیامێكیشیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" كەسوكاری بەڕێزمان لە بەسرە، دیوانیە و بەغدا، لە دڵە سوپاستان دەكەم بۆ وەفاداریتان و دەنگدانتان بە لیستی ئیرادە، و شانازیتان پێوەدەكەم و بە ویستی پەروەردگار ئیرادە و سێ‌ پەرلەمانتارەكەی بەوەفا دەبن بۆتان، سوپاس بۆ ئەوەی لە دەرەوە دەنگیان بە ئیرادەدا، سوپاس بۆئەوانەی لە دیقار و نەجەف و موسەننا و بابل دەنگیان بۆ ئیرادەدا و هەتا ئەگەر سەركەوتووش نەبوین، سوپاس بۆ ئەو كەسانەی درۆیان لەگەڵ كردن بەوەی پشتگیری ئیرادە دەكەن و كە بە درۆ هەڵڕشتنیان بۆ پشتیوانیمان ئەزمونێكیان پێداین و لە ئەزمونەكانیشدا زانیاری بەسود هەیە."  


( درەو میدیا) سەلیم جبوری سەرۆكی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدا و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. سەلیم جبوری كاندیدی " هاوپەیمانی نیشتمانی" بوو لە بەغدا كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكرد و نەیتوانی دەنكی پێویست بەدەستبهێنێت و ئەم خولەش بچێتەوە پەرلەمان. ئەمەش لە كاتێكدا پێش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە نوسینگەی سەلیم جبوری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو جبوری لە پارێزگای بەغدا 23 هەزار و 887 دەنگی بەدەستنەهێناوە. كاندیدە دەرچووەكانی ئیئتیلافی نیشتمانی لە بەغدا: •    ئەیاد عەلاوی    28069 دەنگ •    زیاد تارق عەبدوڵا     7389 دەنگ •    كازم عەتیە كازم     6996 دەنگ •    غاندی محەمەد عەبدولكەریم    6846 دەنگ •    كەریم یوسف حەسەن    5585 دەنگ •    حسێن خزەیر عەباس    5339 دەنگ •    عائشە غەزال مەهدی      4642 دەنگ •    زەیتون حسێن مراد      2968  دەنگ


  (درەو میدیا) موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" كە 54 كورسی پەرلەمانی نوێی عێراقی بەدەستهێناوە، ئامۆزایەكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندیددەكات. چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سایتی " بەغداد نیوز" یان راگەیاند موقتەدا سەدر لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كە جەعفەر سەدری ئامۆزای بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیددەكات و حەكیمیش بەڵێنیداوە وڵاتانی عەرەبی لەوە ئاگاداربكاتەوە و رەزامەندییان وەربگرێت. سەرچاوەكان ئاشكراشیانكرد موقتەدا سەدر كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزەكانی ئوردن و سعودیە و كوەیت و توركیا كردووە و ئاگاداریكردونەتەوە. جەعفەر سەدر كوڕی ئایەتوڵا محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوەیە و سەدر دەیەوێت بە كاندیدكردنی رێگە لە حزبی دەعوە بگرێت لەكاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. پێشتریش موقتەدا سەدر لە وەڵامی لایەنگرێكیدا رایگەیاندبوو عەلی دەوای پارێزگاری میسان یەكێكە لەو كەسانەی كە كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.  


(درەو میدیا): كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ قسەكردن لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد. بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا دانیشتنەكە (تداول)ی بێت، واتە تەنیا گفتوگۆ دەكرێت و ئەنجومەن ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات یاخود دەنگ لەسەر هیچ بڕیارێك بدات. هەندێك لەو لایەنە سیاسییانەی كە گومانیان هەیە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، خوازیاربوون لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت كارێك بكات و بۆ لێپێچینەوە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەوەی كە دانیشتنەكە نیسابی یاسایی تەواونەكرد پێناچێت ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت هیچ كارێك لەوبارەیەوە بكات.  


نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت پەیوەندییان بە هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە : موعتەمید موسەویی و سەعید كاكەیی" یەوە كردووە و رەتیانكردوەتەوە كە هەرَەشە لە خۆیان و خێزانەكانیان كرابێت. ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە: روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانەوە لەبەر رۆشنایی ئەو نوسراوە رەسمییەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڕەشەكردن لە دوو ئەندامی كۆمسیۆن و نوسینگەی كەركوك ئاراستەیان كردووین دەمانەوێت بەمشێوەیەی خوارەوە روونیبكەینەوە: كۆمسیۆن لە نوسراوەكەیدا جۆری ئەو هەڕەشەی باسنەكردووە كە ئەو دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران رووبەڕووی بوونەتەوە و ئەو لایەنەش كێیە كە هەڕەشەكەی كردووە، هەروەها دەزگا ئەمنییەكانیش هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیان لەسەر بوونی هەڕەشە بەدەستنەگەیشتووە پێش راگەیاندنی لە دەزگاكانی راگەیاندندا. ئاماژەبۆئەوە دەكەین كە سەرەڕای ئەوەش، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دكتۆر حەیدەر عەبادی فەرمانیدا بە دەستپێكردنی دەستبەجێ‌ لێكۆڵینەوە لەو هەڕەشانەی باسكراون، لەبەر رۆشنایی ئەوە پەیوەندی بە بەڕێزان ( موعتەمید نیعمە موسەوی ) و ( سەعید حەمید كاكەیی ) یەوە كرا بۆ ئەوەی جەخت لەوە بكرێتەوە كە رووبەڕوووی هەڕەشە بونەتەوە، بەڵام هەریەك لە ناوبراوان رەتیانكردەوە رووبەڕووی هەڕەشە بوبێتنەوە، بەڕێز موعتەمید موسەوی لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی رۆژی 17/5/2018 ئاگاداریكردوینەتەوە كە هیچ هەڕەشەیەك نیە، بەڵكو لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانەوە هەڵمەتێكی راگەیاندن هەیە و جەختیشیكردەوە كە هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ پاسەوانی تەواوەتییان بۆ فەراهامكردووە. سەبارەت بە بەڕێز سەعید حەمید كاكەییش ، هەروەها ئەویش رۆژی 17/5/ 2018 پەیوەندی پێوەكراو ئەویش جەختیكردەوە كە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر خۆی یان خێزانەكەی نییە. ئاماژە بەوەشدەكەین كە بنەكانی هەڵبژاردن و نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگای كەركوك بە تەواوەتی پارێزراون لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان چەند رۆژێك لەمەوبەر فەرمانیداوە بە ناردنی هێزی زیاتر و دۆخی ئەمنی كەركوك لەژێر كۆنترۆڵدایە. داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەین بە ئاگاو وردبێت لە گواستنەوەی زانیارییەكان و نەبێتە هۆی شڵەژانی دۆخی ئەمنی بە تایبەتی لەم ماوە هەستیارەدا. ---------------------- نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران 17/ ئایار/ 2018  


(درەو میدیا) سەعید كاكەیی كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە پاشگەز بوەتەوە. بەپێی زانیارییەك كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، سەعید كاكەیی لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی لە كۆمسیۆن پاشگەزبوەوە. ئەو سەرچاوانە كە خۆیان داوایانكرد ناوەكانیان بڵاونەكرێتەوە، رایانگەیاند، بڕیاربووە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەعید كاكەیی لە سلێمانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی بكات و وەكو ناڕەزایەتی لەدژی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە ناكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، سەعید كاكەیی پێشتر بە ئەندامانی كۆمسیۆنی وتووە ئەو لەلایەن  بزوتنەوەی گۆڕانەوە فشاری لەسەرە، كاكەیی لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بە دەستلەكاركێشانەوەی لە كۆمسیۆن كرد. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە وەڵامی نیگەرانییەكانی سەعید كاكەیدا رایگەیاند، كاكەیی فشاری لەسەرەو هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە، تەلەفزیۆنی KNNی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان وەكو وەڵامێك بۆ كۆمسیۆن هەواڵێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سەعید كاكەیی كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەكات و لەو كۆنگرەیەدا ئەو قسانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن هەڕەشەی لێكراوە، بەڵام سەعید كاكەیی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا بەهیچ جۆرێك باسی لەو بابەتە نەكرد، دواتر و لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی KNN دا  رەتیكردەوە هەڕەشەی لێكرابێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە بڕیاری كشاندنەوەی سەعید كاكەیی لە كۆمسیۆن پاشگەزبووەتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و ئیئتیلافەكەی نوری مالیكی ناڕەزایەتی خۆیان لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردن راگەیاند. ئەو سەرچاوەیە وتی: گۆڕان بەباشی دەزانێت لەم بارودۆخەدا سەعید كاكەیی لە كۆمسیۆن بمێنێتەوە و ئاگاداری رووداوەكان بێت. زانیاریەكان دەڵێن پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان پێی باش بووە سەعید كاكەیی لەبەرامبەر ئەو گۆڕانكاریانەی لە دەنگەكانیانكراوە دەستلەكار بكێشێتەوەو تەنانەت لەلایەن زۆرێك لە لایەنگرو بەرپرسانی گۆڕانەوە لۆمەی سەعید كاكەیی كراوە كە ئەو غەدرە گەورەیە لە گۆڕانكراوە بۆچی هەڵوێستی نیەو بێدەنگی هەڵبژاردووە.     


(درەو میدیا) نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات جارێكی تر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك ئەنجامبداتەوە و داواشی لێدەكات دەستبەجێ‌ لێكۆڵینەوەی گشتگیر لە هەموو ئەو سكاڵایانە بكات كە لەسەر پرۆسەی دەنگدان تۆماركراون. لە بەیاننامەیەكدا یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی:" پێویستە كۆمسیۆن بە خێراییی جوڵەبكات بۆ مامەڵەكردن بە جدییەوە لەگەڵ هەموو سكاڵاكان و ئەگەر پێویسیتیشی كرد  جیاكردنەوە دەستی بۆ ئەنجامەكانی چەند بنكەیەكی دیاریكراو بكرێت بە تایبەتی لە كەركوك." كۆبیچ جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە ئەو رێوشوێنتنە بە شەفافەیتی تەواوەوە ئەنجامبدرێت و ئەوانەی پەیوەستن بەو پرسەوە  ئاگاداریی بن بۆئەوەی متمانەیان بە پرۆسەكە بەهێز بێت و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئامادەیە هاوكاری پێشكەش بكات ئەگەر داوای لێبكرێت. كۆبیچ لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كرد پشتیوانی لە ئاشتی بكەن و پابەندی ئەوەبن كە هەموو كێشەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە رێگەی كەناڵە یاساییە كارپێكراوەكانەوە چارەسەربكەن.    


(درەو میدیا) عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیكان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیددەكات. بەرزنجی لە بەیاننامەیەكدا وتی:"مایەی شانازیمە كە كاندیدكردنی خۆم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رابگەیەنم، با بەیكەوە دەستبكەین بە بونیادنانەوەی عێراق لەسەر بنچینەی دەستور و پاراستی یەكێتی عێراق و سەروەرییەكەی و پاراستی سیستمی فیدراڵی دیموكراتی و فرەیی و سەلامەتی خاك و ئاو و ئاسمانی." بەرزنجی جەختیشیكردەوە كە " بە دروشمی سەرۆكی هەموو عێراقییەكان وەك هاوڵاتییەك خۆم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكەم." باڵیۆز عومەر بەرزنجی  ساڵی 19960 لە كەركوك لە دایكبووە و ساڵی 1984 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە و لەسەر پشكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ساڵی 2017 كراوەتە باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیكان و لە ساڵی 2015ش بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووە بۆ كاروباری سیاسی و پەیوەنددییەكان تا شوباتی 2017 و لە 2013 بۆ 2015 باڵیۆزی عێراق بووە لە رۆمانیا و هەروەها لە 2009 تا ئایاری 2013 باڵیۆزی عێراق بوە لە لوبنان.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand