لیژنەكەی عەبادی لێكۆڵینەوەی لە بەرپرسانی كۆمسیۆن دەستپێکرد
2018-05-27 23:44:48
( درەو میدیا):
ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن پێكیهێناوە ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر نۆی بەیانی لێكۆڵینەوە دەكات لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن و لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی عێراق و بەرپرسی تەكنۆلۆژیای زانیاری كە سەرپەرشتی كاری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدانی كردووە.
لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران كە د. سەلاح نوری خەڵەف سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەرۆكایەتی دەكات دوێنێ 27ی ئایار نوسراوێكی ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان , تێیدا شەش داواكاری لە كۆمسیۆن كردووە كە ئەمانەن:
1- لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوای وەرگرتنی ئەم نوسراوە، ناوی دەنگدەران ( ساڵی لە دایكبون، ناوی دایك، ژمارەی پاسپۆرت، هەر ناسنامەیەكی تر) لە هەڵبژاردنی دەرەوە و مەرجدار و ئاوارەكان لەسەر سیدییەك دەدەنە لیژنەكە.
2- ئەم بەڕێزانەی لە خوارەوە ناونیشانی وەزیفییان هاتووە لە كاتژمێری نۆی بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتنی 28/5/2018 لە بارەگای دەستەی نەزاهە لە هۆڵی خولد ئامادەدەبن.
أ- سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران
ب- سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن
ج – لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە
د- لێپرسراوی تەكنۆلۆژیای زانیاری، سەرپەرشتیاری كاری ئامێرەكانی دەنگدان.
3- راپۆرتێكی تەكنیكیمان بدەنێ كە ئەم تایبەتمەندییە تەكنیكیانەی ئامێرەكان لەخۆبگرێت( سندوق، ئامێری گواستنەوە، پرۆگرام و سێرەڤەر، ئەرشیڤ و شیكاریی ).
4- رێساكانی چۆنێتی بەكارهێنانی ئامێرەكان و ناوی ئەو كەسانەشی ئاگادار و سەرپەرشتیار سیستمەكە بوون.
5- نمونەكانی SDRAM ی تایبەت بە ( داقوق، ناوەندی كەركوك، واستی ناوەندی فەجر، تسعین قوتابخانەی هدایەت) ، سەلاحەدین( سامەڕا دەوروبەر 4 ، ئامادەیی بازرگانی ، ناوەندی بێجی 3 ، خوێندنگەی تەقوا)
6- راپۆرتی ئاماری دەنگدەران( دەنگدانی گشتی پارێزگای سەلاحەدین)