Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، نزیكەی 60 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی و ناوخۆی رۆژی شەممە چاودێری پرۆسەی دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن. ردێنی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیكی روسی رایگەیاند ژمارەی چاودێرانی رێكخرا و دەستە نێودەوڵەتییەكان و باڵیۆزخانەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا گەیشتوەتە زیاتر لە 900 چاودێر. وتیشی ژمارەی چاودێرانی ناوخۆ لەسەرتاسەری عێراقدا گەیشتوەتە زیاتر لە 50 هەزار چاودێر. راشیگەیاند 1340 میدیاكاری ناوخۆیی و جیهانی رووماڵی دەنگدانی گشتی دەكەن لە 12ی ئایار و دوو وێستگەش بۆ دەنگدانی میدیاكاران لە بەغدا ئامادەكراوە.  


كەریم تەمیمی وتەبێژی  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند رێژەی بەشداربوون لە دەنگدانی تایبەتدا گەیشتوەتە 78% و زیاتر لە 700 هەزار كەس لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیانداوە و زیاتر لە 22 ملیۆن كەسیش مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی گشتیدا هەیە. ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد، دەنگدانەكە تایبەت بوو بە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق و هێزە ئەمنییەكان و هێژی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەگەڵ زیندانیان و راگیراوانی نێو گرتوخانەكان و كاتژمێر شەشی ئێوارەش بە كاتی عێراق پرۆسەكە كۆتاییهات. بە گوێرەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رێژەی بەشداریكردنی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی  هەرێم بەمشێوەیە بووە: پارێزگای هەولێر: 81% پارێزگای سلێمانی: 67% پارێزگای دهۆك: 78% پارێزگای كەركوك:  66% رێژەی بەشداریكردن لە پارێزگاكانی عێراق: نەینەوا: 73% نەجەف: 83% میسان: 89% واست: 85% زیقار: 85% كەربەلا: 89% سەلاحەدین: 69% دیالە: 83%    


هۆگر چەتۆ رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: وەك ئەوەی پێشبینیمان دەكرد كۆمسیۆن لە هەڵبژاردنەكاندا رووبەرووی چەند گرفتێك دەبێتەوە لەوانە:.  یەكەمیان پەیوەستە بە رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن لەبەرئەوەی ئامێری نوێ هاتوەتە ناو پرۆسەی دەنگدان و ئامێری ئەلیكترۆنی بەكاردەهێنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە كە كارمەندانی كۆمسیۆن هەموویان نەتوانن ئەو رێوشوێنانە وەك خۆی جێبەجێبكەن.  هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەندێك شوێن پرۆسەكە بە باشی بەرێوەدەچێت و رێوشوێنە نوێیەكان بە باشی جێبەجێ دەكرێن، لە هەندێك شوێنی دیكە وانیە بۆ نمونە لە قەزای حەویجە بە شێوازە كۆنەكە دەنگ دەدەن. كە ئەمە رێگە پێنەدراوە كە نە سندوق هەیە نە رێوشوێنەكان وان. پرسی دووەم بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و نەزانینی تەكنەلۆجیایە. لە چەندین شوێن ئامێرەكە رادەگیرێت و دەوەستێت كە ئەمە پێشبینیكراو بوو، كە كۆمسیۆن چۆن دەتوانێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە. سێیەمیان مەسەلەی هۆشیارەیە لە گەیاندنی زانیاری ئەم دەنگدانی تایبەتە تەنها بۆ ئەوانەیە كە بایۆمەتریان هەیە، ئەوەی بایۆمەتری نیە خراوەتە رۆژی دەنگدانی گشتی هەندێك كێشە دروست بووە بەهۆی ئەوەوە كە هەندێك كارتی كۆنی پێبووە و ویستویەتی دەنگ بدات، ئەمانەش بوەتە هۆی ئەوەی كۆمسیۆن لەو بنكانە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی راگرتووە، بەتایبەتیش دەمە قاڵێ لە نێوان ئەفسەران و كارمەندانی كۆمسیۆنە، لە موسڵ ئەفسەرەكان ئامادە نەبوون كارتی دەنگدان بدەنە كارمەندانی كۆمسیۆن. ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە قەزای حەویجە بە سیستمی كۆن دەنگدان بەرێوە دەچێت كە ئەوە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنە، لە بنكە قوتابخانەی كەفائی لەناو قەزای حەویجە روویداوە بە بیانوی ئەوەی ئامێرەكان هەموویان وەستاون و كارناكەن، لەوێ ئەنجامی دەنگدان رەتدەكرێتەوە.   


سبەی پێنج شەممە 10ی ئایار دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی رەوەندی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكات و یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام دەنگدانەكەیان مەرجدارە و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی جیاناكرێتەوە. كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دەنگدانی تایبەت بە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری بەڕێوەدەچێت و لە كۆی 904 هەزار و 950 كارتی دەنگدانی تایبەت 794 هەزار و 591 كارت دابەشكراوە و رێژەكەی لەسەروو 86% ەوەیە و بەگوێرەی یاساش دوای دەنگدانیان كارتەكانیان لێ وەردەگیرێت. تەمیمی وتیشی وادەی دابەشكردنی كارتی دەنگدانی بایۆمەتری تا كۆتایی سبەی پێنج شەممە درێژكراوەتەوە.


لە سبەی پێنجشەممەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە دەستپێدەكات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. حەیدەر حوسەینی بەڕێوەبەری نوسینگەی ئێرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەهۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند لە نۆ شاری ئێران 14 بنكەی هەڵبژاردنیان ئامادەكردووە و بە گوێرەی داتای وەزارەتی دەرەوەی عێراق 100 هەزار كەس لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە و دوای دەنگدان سندوقەكانی هەموو بنكەكان رەوانەی عێراق دەكرێن بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 21 وڵاتی دەرەوە بنكەی دەنگدانی كردووەتەوە و رەوەندی عێراقی لەو وڵاتانە دەتوانن لە رۆژی 10 و 11ی ئایار دەنگ بدەن.  


موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشكراكرد ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەی " سائرون" ئەوەندە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت كە مافی ئەوەی پێببەخشێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت. سەدر لە وەڵامەی پرسیارێكدا رایگەیاند  "عەلی دوای" پارێزگاری ئێستا میسان یەكێكە لە كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بە تایبەتی ئەگەر كوتلەكەی كە تێپەڕێنەری تائیفیەتە بتوانێت كورسی پێویستی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. لە خولی پێشووشدا كوتلەی ئەحراری سەربە رەوتی سەدر "عەلی دوای" پارێزگاری میسانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریكردبوو. موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاردا پشتیوانی لە هاوپەیمانیی " سائرون" دەكات كە لەلایەن حزبی ئیستیقامەی سەربە رەوتی سەدر و چەند لایەنێكی مەدەنی و حزبی شیوعی عێراقەوە پێكهێنراوە.      


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر حەوتی بەیانی رۆژی هەینی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژارن رادەگیرێت و بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەكات. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی:" رێوشوێنی پێویست بۆ رۆژی هەڵبژاردن گیراوەتەبەر  و رێگە بەوە نادرێت مۆبایل ببرێتە وێستگەكانی دەنگدان ." داواشی لە هاوڵاتیان كرد هاوكاربن و مۆبایل نەبەنە بنكەكانی دەنگدان. تەمیمی وتیشی:" بێدەنگیی هەڵبژاردن لە كاتژمێری حەوتی بەیانی رۆژی هەیینەوە دەستپێدەكات." هەر لەو كۆنفرانسەدا موعتەمید موسەوی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی :" هەرچی ئامێر و كەلوپەلی تایبەت بە هەڵبژاردن هەیە لە مۆر و مەرەكەب و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ئامادەكراون." وتیشی:" تا ئێستا كۆمسیۆن 10 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دابەشكردووە كە دەكاتە رێژەی 76%." سبەی پێنج شەممەش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و رۆژی 12ی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا 320 حزبی سیاسی و هاوپەیمانێتی و لیست بەشداری دەكەن و ژمارەی كاندیدەكانیشیان حەوت هەزار و 367 كاندیدە.  


ڕاپۆرتی ئارام مەحمود كاتێك نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردندا پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی بەرزكردەوە، زۆرێك پێیانوابوو تەنها دروشمی بانگەشەیە و دەیەوێت بە پرۆژە و بەرنامەیەكی جیاوازتر لەهێزەكانی تر بچێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆی ڕابكشێت و دەنگی پێ كۆبكاتەوە، بەڵام وەك دەوترێت لاوازی بەرنامەی هەڵبژاردنی زۆرینەی لایەنەكان و شكستی پرۆسەی سیاسی، كە زۆرینەی هێزەكان ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی پیادەكردنی سیستمی تەوافوق، ئەو سیستمەی لەدوای ساڵی 2003وە بوەتە بنەمای بەڕێوەبردن و ئیدارەدان لە عێراق، خەریكە پرۆژەی حكومەتی زۆرینە لە دروشمە و دەبێتە واقیعێك ئەگەر لایەنە عێراقییەكان بەڕاشكاویش پشتیوانی نەكەن، ئەوا دەربڕینی دژایەتی بۆ سیستمی تەوافوق خۆی لە خۆیدا دەربڕینی پشتیوانییە بۆ پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لە ئایندەدا. بە وتەی بەشێك لەچاودێران، نوری مالكی توانیویەتی لێزانانە تەوزیفی پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سیاسی بكات وەك فریادڕەس و چارەسەر و بەجۆرێك لە جۆرەكان بیكاتە ڕایگشتی، كارێكی زۆریشی لەسەر ناشرینكردنی تەوافوق كردەوە وەك سیستمێكی بێزار و هۆكاری كێشە كەڵەكەبووە سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزراییەكان، بۆ ئەمەش سودی زۆری لەو ناڕەزایەتییە میللییانە وەرگرتووە كە لە عێراق گەیشتونەتە ترۆپك و خەڵك بەدوای تاقیكردنەوەی ئەزمونێكی نوێدا دەگەڕێت بۆئەوەی ئەنجامێكی جیاوازتر و گۆڕانكاری لە ژیانی ببینێت ، هەموو ئەمانەش وایكردەوە ئەوانەی لە ڕابردووشدا دژایەتی حكومەتی زۆرینەیان كردەوە، ئێستا دژایەتی تەوافوق بكەن، چونكە تەوافوق یەكسان كراوە بە پشكێنەی تائیفی و هۆكاری پەرەسەندنی گەندەڵییەكان، بی ئەوەی بچوكترین هەڵوەستە لەسەر زەمینەی جێبەجێكردنی زۆرینەی سیاسی لەم قۆناغەدا لە عێراق و لێكەوتەكانی بكرێت.  ڕەشكردنی تەوافوق ئاشی مالیكی دەگێڕێت عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە كە یەكێكە لەو كەسایەتیانەی لەگەڵ پێكهێنانی كوتلەیەكی فرە ڕەنگدا بوو كە پێكهاتەكان تێپەڕێنێت (كتلە عابرە للگائفیە)، لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت، سازانی سیاسی هاوكێشەیەكی شكستخواردەوە و شایەنی تازەكردنەوە نیە، هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی سەركەوتن (النصر) كە پێشتر دژایەتی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەكرد، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاند، بەشێك نابێت لە حكومەتی بەشبەشێنە و تەوافوق. بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان نوری مالیكی كە عەرابی پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسیە ماوەیەكە سەرقاڵی گفتوگۆیەكی ژێربەژێری چڕە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە ، بەقسەی هیشام ركابی بەڕێوەبەری نوسینگەكەی، مالیكی پەیامی پشتیوانی لە پرۆژەی حكومەتی زۆرینە لەزۆرێك لە هێز و لایەنەكانەوە پێشگەیشتوە و بەنیازن دوای هەڵبژاردنەكان ڕایبگەیەنن. ئەو قسانەی ڕكابی لە كاتێكدایە، ڕۆژنامەی قودسی عەرەبی لە ژمارەی ڕۆژی 7ی ئەم مانگەیدا ئاماژەی بەوەكردبوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی پەیامی پشتیوانیان بۆ مالیكی ناردووە، بەڵام سەعد مەتڵەبی كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی مالیكی دروستی هەواڵەكەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند: هیچ هەوڵێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لەئارادا نیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی (العربی الجدید) لە زاری چەند بەرپرسێكی كوردەوە ئاماژەی بەنزیكبونەوەی مالیكی و چەند لایەنێكی "ئۆپۆزسیۆن"ی، هەرێمی كوردستان كرەوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێكی كوردی ڕاستی ئەم هەواڵی دووپاتنەكردوەتەوە، بەڕای بەشێك لە چاودێران لەگەڵ ئەوەی فڕێدانی ئەم جۆرە زانیارییانە لەم كاتەدا چەند ئامانجێكی لەپشتەوەیە كە دیارترینیان پەرتكردنی زیاتری ناوماڵی و كورد و دروستكردنی فشارە لەسەر لایەنە كوردییەكان، بەڵام لە ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەدا دابەشبونی كورد بەسەر بەشداریكردن لە حكومەتی ئایندە و بوونە ئۆپۆزسیۆن پرسێكی چاوەڕواننكراوە، چونكە ئەستەمە حكومەتی زۆرینە تەواوی لایەنە كوردییەكان لەخۆبگرێت. حەنین قەدۆ پەرلەمانتار و كاندید لە هاوپەیمانی (الفتح) كە لیستی گروپەكانی حەشدی شەعبی و چەند لایەنێكی سیاسییە و پێشبییدەكرێت یەكێك بێت لەوهێزانەی كە ژماریەكی بەرچاو لە كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانێتیەكەیان پشتیوانی پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەكات، لەگەڵ ئەوەی چەند لایەنێكی سیاسیش دژایەتی دەكەن، ئاماژەی بەوەشكردوە، بژاردەی زۆرینەی سیاسی بوەتە پێویستییەكی قۆناغەكە بۆ ڕاستكردنەوەی ئاڕاستەی پرۆسەی سیاسی .  


ڕاپۆرتی: نامیق رەسوڵ عەلی حوسەینی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف، لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و بونیادنانەوەی عێراقی نوێ‌ كەسایەتییەكی بە هەژمونە و رۆڵێكی گەورەی هەبووە لەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی دوای 2003 لە عێراق روویانداوە، لە چەندین پرسی تایبەت بە دەستوری هەمیشەیی عێراق و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران رۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە و قسەی كۆتایی لای ئەو بووە. سیستانی تەمەن 87 ساڵ، لە 4ی ئابی ساڵی 1930 لە شاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، نازناوەكەی لە زێدی باپیرییەوە وەگرتووە كە شاری "سیستان"ە.  سیستانی ماوەی 60 ساڵە لە عێراق و بە دیاریكراوی لە شاری نەجەف مەڵبەندی ئاینی شیعەكان دەژی، لە دوای مردنی ئەبولقاسم خوئیەوە رابەرایەتی حەوزەی عیلمی نەجەفی پێسپێردراوە، كە یەكێكە لە خوێندنگە ئاینییەكانی شیعەی 12ی ئیمامی لە جیهاندا. هەڵوێستی سیستانی لە پرسە سیاسییەكانی عێراقدا لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، سیستانیی پەیامێكی ئاڕاستەی گەلی عێراق كرد و تێیدا داوای لە عێراقییەكان كرد نەكەونە شەڕی تائیفی و مەزهەبییەوە و یەكگرتوو بن، دەربارەی رووبەڕووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكاش، سیستانی كە بۆچوونەكانی لە رێگەی وتاربێژەكانی نەجەف و كەربەلاوە لە رۆژانی هەینیدا بڵاودەكاتەوە، بەرگری چەكدارانەی دژی ئەو هێزانە رەتكردەوە و داوایكرد بەرگرییان دژی ئەو هێزانە بە شێوازی ئاشتیانە بێت. سیستانی و دەستوری هەمیشەیی عێراق دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە عێراق لە ساڵی 2003 پلانیاندا دانا بۆئەوەی دەستورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق بنوسنەوە، سەرەتا بڕیاریاندا ئەنجومەنێك بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنن، بەڵام سیستانیی ئەو هەنگاوەی رەتكردەوە و لە نامەیەكدا كە نوێنەرەكانی بڵاویانكردەوە، داوایكرد ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی ئەركی نوسینەوەی دەستوریان پێ‌ دەستپێدرێت هاوڵاتیان هەڵیببژێرن، دوای چەندین گفتوگۆی نێوان پۆڵ برێمەر حاكمی مەدەنی عێراق و سیستانیی، دەسەڵاتی هاوپەیمانان ناچاربوو ملبدات بۆئەوەی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بەشێوەی هەڵبژاردن دیاری بكرێن، ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتیقالی هەڵبژێدرا كە لە 100 ئەندام پێكهاتبوو، 19یان ئەندامی ئەنجومەنی حكوم بوون و سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەش بە (حاچەم حەسەنی)ی سپێدرا. ئەنجومەنەكە رۆژی 10 ی ئایاری 2005 لیژنەیەكی 55 كەسی بۆ نوسینەوەی دەستور هەڵبژارد و دواتر 15 ئەندامی تری بۆ زیادكراو و دوای نوسینەوەی دەستورەكە لە راپرسییەكەدا لەلایەن دەنگدەرانی عێراقەوە پەسەندكرا و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. سیستانیی و حەشدی شەعبی  دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە  10ی حوەزیرانی 2014 و نزیكبوونەوەی ئەو رێكخراوە لە بەغداد، نوسینگەی سیستانیی لە نەجەف بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای لە هێزە سیاسییەكانی عێراق كرد یەكگرتوو بن و وتاریان یەكبخەن، سیستانی پشتیوانی خۆشی بۆ سوپای عێراق دەربڕی و رۆژی 13ی حوەزیران فەتوایەكی بۆ جیهاد و هەڵگرتنی چەك لەدژی داعش دەركرد، لەسەر بنەمای ئەو فەتوایە هێزەكانی حەشدی شەعبیی پێكهێنران، كە رۆڵی دیاریان لە كۆتاییهێنانی داعشدا گێڕا و دواتر لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە یاسایەك بۆ رێكخستنی ئەو هێزانە پەسەندكرا و هەندێك لێپرسراو و چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێن" ئەو فەتوایەی سیستانیی عێراقی رزگاركرد و پلانەكانی داعشی لەباربرد". سیستانی و پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران  لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2014، نوری مالیكی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و هەوڵیدا بۆ خولی سێیەم پۆستەكە وەربگرێتەوە، ئەم هەوڵەی مالیكی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوماڵی شیعەشی پەرتكرد، وەك باقر جەبر زوبەیدی سەركردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە وتارێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكردووە" عەلی سیستانی بە نامەیەك توانی كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت و نوری مالیكی لە وەگرتنی خولی سێیەم دووربخاتەوە و حەیدەر عەبادی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت". سیستانیی و هەڵبژاردنی 12ی ئایار شەممەی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دەنگدەرانی عێراق كە ژمارەیان 24 ملیۆن كەسە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و 329 پەرلەمانتاری نوێ‌ بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێرن. ئەم پرۆسەیە زیاتر لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بێت، شاڕێگەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە چوار ساڵی ئایندەدا، بەو پێیەی كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان  رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. سیستانی هەفتەی رابردوو لە نامەیەكی دەستنوسدا هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەربڕی، لە نامەكەیدا سیستانی جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكات: یەكەم: گرتنەبەری رێگای هەڵبژاردن بژاردەی راست و دروستە بۆ ئێستا و داهاتووی گەل، رەتكردنەوەی حوكمی تاكەكەسی و رژێمی ستەمكار لەژێر هەر ناوێكدا بێت. دووەم: بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنەدا مافی هەموو هاوڵاتییەكە كە مەرجی یاسایی تێدا بێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە لەوەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن یاخود نا، بەڵام دەبێت ئەو بڕیارە بە ئاگاییەكی تەواوەتی و سوربوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵات و داهاتووی رۆڵەكانی بدرێت. سێیەم: مەرجەعییەتی باڵا بە یەك دووری لە هەموو كاندید و لیستەكانی هەڵبژاردنەوە رادەوەسێت، بەو واتایەی پشتیوانی هیچ كەس و لایەنێك یاخود لیستێك ناكات. پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردوو، ئەمجارە شیعەكان كە زۆرینەی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن، پەرتبوون و بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، هەر لیستێكیش لەوانە هەوڵدەدات پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بۆ خۆی بێت، ئەمەش وادەكات كە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە ناو ماڵی شیعەكاندا ئاسان نەبێت و كاتی زۆر بخایەنێت. دیارنییە ئاخۆ ئەمجارەش هاوشێوەی 2014، سیستانیی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلادەكاتەوە یاخود نا ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوای 12ی ئایار و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە ئاشكرادەبێت.


راپۆرت: رۆیتەرز وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ساڵی 2014 خەڵكێكی زۆر كەم لە دەرەوەی عێراق ناوی حەیدەر عەبادییان دەزانی، كاتێك لە كەسایەتییەكی تاڕادەیەك نەناسراوەوە بوو بە سەرۆكی وڵاتێك كە بە بارێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕی. عەبادی وەكو كاندیدی چارەسەری مامناوەند لەدوای دورخستنەوەی نوری مالیكی لە ململانێكان لەسەر دەسەڵات دەركەوت، لە مانگی ئەیلولی ئەو ساڵەدا دوای دوو مانگ لە كۆنترۆڵكردنی روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعش و راگەیاندنی خەڵافەت، عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران. دوای چوار ساڵ عەبادی ئاڵنگاری پێشبینی سوپایەك لەو كەسانەی كرد كە گومانیان لە تواناكانی دەكرد. سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا راگەیاند و ئاگری ئاڵۆزییە تائیفییەكان كوژراندەوە كە مالیكی خۆشی كردبوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننیدا چاككرد و پارێزگاری لە یەكێتییە لەرزۆكەكەی عێراق كرد بە روبەڕوبونەوەی هەوڵێكی شكستخواردووی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی. هەروەك عەبادی كاریكرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە ناكۆكەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا وەكو دوو پاڵپشتكاری سەرەكی خۆی. عەبادی پێشتر ئەندازیاری كارەبا بووە، ماوەیەك لە ماوەكان بەرپرسی بەشی چاككردنەوەی ئەسانسۆر (مصعد)ەكانی ئێزگەی بەریتانیا (بی بی سی) بووە، لەو ساڵانەی كە بەناچاری لە بەریتانیا پەناهەندە بوو. ئەو گرەو لەسەر ئەو دەستكەوتانە دەكات كە لە پۆستەكەیدا بەدەستیهێناون بۆ بردنەوەی ویلایەتی دووەم لەو هەڵبژاردنەدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت. بەڵام سەركەوتن زامن نەكراوە. وەكو هەموو ئەوانەی كە لەدوای روخانی سەددام حسێنەوە لە ساڵی 2003 پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە، حەیدەر عەبادی (66 ساڵ) سەربە پێكهاتەی زۆرینەی شیعەیە، بەڵام دەنگی شیعەكان، كە وەكو هەمیشە پێویستە بۆ بردنەوە و وەرگرتنی مافی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، دابەشبووە. بەپێچەوانەی مالیكییەوە كە ئەو شیعانە سەرسامن پێی كە ترسیان لە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە لەگەڵ كەمینەی سوننە و كورددا، عەبادی روبەڕوی هادی عامری دەبێتەوە كە فەرماندەیەكی جەنگییە و وەكو یەكێك لە پاڵەوانەكانی شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەماشادەكرێت. عەبادی هەستی بەوە كردووە كە ناكرێت بە تەنیا گرەو لەسەر دەنگی شیعە بكرێت، ئەو چاوی لە بنكەیەكی فراوانتری دەنگدەرانە. عەبادی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی عێراق بە لیستێك "هاوپەیمانی سەركەوتن- نەچر" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتییە كە لەسەر ئاستی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن بكات. بەدر فەحل كە پەرلەمانتارێكی سوننەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەیەوێت بۆ چوارەمینجار ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان، لیستەكەی عەبادی هەڵبژاردووە بۆ چونەناو هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە لیستەكە هەموو پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و كەسی پەراوێز نەخستووە. بەدر فەحل لە بارەگای هاوپەیمانی سەركەوتن لە تكریت بە (رۆیتەرزی) وت" بەڕێز عەبادی كوتلەیەكی پێكهێناوە كە تائیفیەتی تێپەڕاندووە. ئەو تاكە كوتلەیە لە ساڵی 2003 وە. ئەو كوتلەیە پێكدێت لە 18 پارێزگا، هەموو پارێزگاكانی عێراق، لە سوننە و شیعە و كورد و مەسیحی و ئێزدی". ئاماژەی بەوەكرد" هەست دەكەین بەڕێز عەبادی گوتارێكی تائیفی نییە، دەیەوێت وڵات بنیادبنێت، پشتیوان بەخوا قۆناغی داهاتوو قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنان دەبێت". فەحل وتی عەبادی لە پارێزگا سونییەكان ئازادی تەواوی بە هاوپەیمانە سیاسییەكان داوە لە هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەسەر لیستەكەی. رونیكردەوە كە لیستی هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای سەڵاحەدین هەمویان سوننەن. وتاری سەركەوتن تەنانەت عەبادی مانگی رابردوو سەردانێكی دەگمەنی كرد بۆ پارێزگا كوردییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك هیچ كەسێك وای نابینێت دەرفەتێكی وەهای لەبەردەمدا بێت بۆ راكێشانی كاندیدە كوردەكان كە هێشتا توڕەن لەو هەڵمەتەی كە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی رابردوو، كردیەسەر هەرێم كە بەشێوەیەك لە شێوەكان حوكمێكی ئۆتۆنۆمی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە سوننەكان هەست بە هەندێك توڕەیی دەكەن بەرامبەر بەو حكومەتەی كە شیعە سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی ئەو جەنگ و وێرانكارییەی كە بەر زۆرینەی ناوچەكانیان كەوت لەگەڵ هاتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا. بۆیە سەرباری ئەمەش زۆر كەس عەبادی بە باشتر سیاسەتمەدارەكانی تری شیعە دەزانن، چونكە خۆی لە تائیفیەت بەدور گرت، بەڵام ئەمە نابێت بە دەنگ بۆ كاندیدەكانی. هەروەها روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامبونی گەندەڵی و سەختی دۆخی ئابوری كە بەهۆی شەڕو رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان لەلایەن حكومەتەوە، قورستر بووە، هاوكات هەڵوێستی پاڵپشتیكارانەی ئەو بۆ كەرتی كار لە وڵاتێكدا كە زۆرینەی خەڵكەكەی فەرمانبەری دەوڵەتن و متمانەیان بە كەرتی تایبەت نییە. مەحمود غەزبان كە خوێندكارە لە شاری نەجەف كە شارێكی پیرۆزە لای شیعەكان وتی" عەبادی پیاوێكی رۆشنبیر و سیاسییەكی تەوافوقییە، بەڵام كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی بۆ هێناین". عەبادی دركی بەم خاڵە لاوازە كردووە، بۆیە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەكات. عەبادی لە كانونی یەكەمدا سەركەوتنی راگەیاند دوای هەڵمەتێكی سەخت كە سێ ساڵ بەردەوام بوو بۆ رزگاركردنی عێراق لەو توندڕەوانەی كە لە ماوەیەك لە ماوەكاندا دەستیان بەسەر یەك لەسەر سێی روبەری عێراقدا گرت. بۆ بەدیهێنانی ئەوە، لە یەككاتدا پاڵپشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران وەرگرت و هەردوولایان خۆیان بەدورگرت لە ململانێی هەرێمایەتی بۆ شكستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكایەتی دەكرد سەرەنجی خستبووە سەر دووبارە بنیادنانەوە و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی لە ناوچووەكەی عێراق، هاوكات بەشێوەی نیمچە رۆژانە گورزی ئاسمانی دەوەشاند و گروپە شیعەكانیش كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لەناو تەونی كۆمەڵگەی عێراق و دەزگاكانی دەوڵەتدا یەكخراون و بوون بە پاڵپشتییەكی سەربازی زیندوو بۆ هێزەكانی حكومەت. لێهاتوویی عەبادی لە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەكاتێكدا كە ئاڵۆزییەكان بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران توند دەبونەوە، بووە هۆكار بۆ ئەوەی بیكات بە باشترین كاندید لەلای هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان كە لەدوای راماڵینی عێراقەوە بەر لە 15 ساڵ هیچ شتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی وەكو دەستكەوت نیشانی بدەن، جگە لە توندوتیژی و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك دامەزراوەی بیمار. هەروەك عەبادی بەهۆی چاككردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییە سوننەكان ستایش كرا، ئەوەش ستراتیژییەتێك بوو كە مالیكی دژی بوو. رێز نەك حەماس سەرباری ئەوەی یار و نەیارەكانی عەبادی لەسەر ئەوە هاوڕان كە ئەو بە سروشت سیاسی نییە، بەڵام دەڵێن بە بەراورد بە سەرەتا كە پۆستەكەی وەرگرت دوودڵَ بوو، ئێستا متمانەی زیادی كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەكو رێبەرێكی شپرزە دادەنرێت لە بڕیارداندا و وا بە باش دەزانێت بۆ ماوەیەكی درێژ راوێژ لەگەڵ راوێژكار و ئەندامانی پەرلەماندا بكات. سێ دیپلۆماتكاری خۆرئاوایی لە بەغداد وتیان، حكومەتەكانیان عەبادی بە ئاسانترین كاندید دادەنێن كە بكرێت كاری لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەم نەرمونیانییە لە هەندێك لەو دەزگایانەی كە وەكو ئامرازێكی دەستی بیانییەكان ئەژماردەكرێن، گوزارشت لە لاوازی دەكات. فەلاح عەبدوڵا كە ئەفسەرێكی خانەنشینی پۆلیسە (65 ساڵ) لە گیارە كە دەكەوێتە دوری (60 كیلۆمەتر) لە باشوری موسڵ وتی" عەبادی پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام كۆنترۆڵی بەسەر بڕیارەكانیدا نییە. لەنێوان ئەوەی ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت هاتوچون دەكات". ئەمە پەیوەندییەكی گەورەی بە كەلەپوری پێش خۆیەوە هەیە كە مالیكییە و خاوەنی كەسایەتییەكی جەمسەرگیرە كە ئامادەگییەكی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بەتایبەتی لەبەر رۆشنانی دابەشبوونی دەنگی شیعەكاندا. سەرباری ئەوەی زۆر كەس بەرپرسیارێتی لەدەستدانی كۆنترۆڵ بەسەر روبەڕێكی گەورەی وڵات لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی و گەندەڵی لە وەزارەتە گەورەكانی عێراق دەخەنە ئەستۆی مالیكی، بەڵام هێشتا بنكەی جەماوەری گەورەیە و وەكو رێبەرێكی بەهێز تەماشا دەكرێت كە بەڕووی خۆرئاوادا وەستا و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی شیعە كرد. هاوكات عەبادی روبەڕوی ركابەرێتی توندی عامری رێبەری رێكخراوی بەدر دەبێتەوە كە گەورەترین لایەنی شیعەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر هەمان گوتاری لیستەكەی عەبادی دەكات. عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبییە كە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و رۆڵێكی گەورەی بینی لە شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دوای ئەوەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بانگەوازی كرد بۆ هەڵگرتنی چەك. لەكاتێكدا كە زۆرێك لە عێراقییەكان رێز لە عەبادی دەگرن، كە ئەمەش شتێكە زۆرێك لە دەستەبژێری سیاسی عێراق ناتوانن بانگەشەی بكەن، بەڵام ئەوەی تائێستا پشتیوانی كردووە تەنیا گوتاری سەركەوتن (النصر)ە،  نەك هەر ئەمە بەڵكو زۆرێك لەوانەی كە دەیانەوێت دەنگ بە عەبادی بدەن دەڵێن ئەوان لەبەر ئاڕاستەی كرداریی دەنگی پێدەدەن نەك لەبەر حەماسەتی ئەو. ئەحمەد هادی (32 ساڵ) كە لە سۆپەرماركێتێك لە بەغداد كار دەكات وتی" عەبادی باشترینی خراپەكانە، وەكو سەرۆك وەزیران دەمێنێتەوە و ئاشتی و بنیادنانەوەی عێراق بەردەوام دەبێت".  


"ڕێگە نادەین سازانی سیاسی درێژە بكێشێت" ئەمە دواین قسەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانییە لەبارەی دۆخی سیاسی عێراقەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگە ڕۆژنامەوانییەكەی كە وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەمڕۆ عەممار حەكیم لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، هاوكێشەی سیاسی خواستەكانی گەلی عێراق بەدیناهێنێت و پارێزگاری لەسەروەری خاك و ئاسایشی نەتەوەیی ناكات و هاوكێشەیەكی شكستخواردووەو شایەنی تازەكردنەوە نییە. حەكیم وتویەتی: ڕێگە بە دەستدرێژكردنە سەر سەروەری خاك و بڕیاڕی سیاسی عێراق نادەین، ئەگەر لەپێناوەدا ژیانیشمان دابنێن.    سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەڵێ" ڕێگە بە بەردەوامبونی سازانی سیاسی نادەین لەسەر حسابی پێشكەشكردنی خزمەتگوزرای و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و ئەو ناڕەزایەتیانەی كە بەهۆی لێنەپرسینەوە لە گەندەڵكاران كۆمەڵگا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.  


ئێوارەی یەكشەممە دكتۆر فاروق محەمەد زەرزور راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و كاندیدی ئیئتیلافی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات لە ماڵەكەی خۆیدا لە گوندێكی گەیارەی پارێزگای نەینەوا كوژرا. رێكخراوی داعش كە پێشتر هەڕەشەی تیرۆركردنی ئەوانە كرد كە بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەكەن بەرپرسیارێتی كوشتنی ئەو كاندیدەی گرتە ئەستۆ، بەڵام وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەڵێت ئەو كاندیدەی لیستەكەی عەلاویی بەهۆی كێشەی خێزانییەوە كوژراوە و پەیوەندی بە كردەوەی تیرۆریستییەوە نییە. عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی:" لێكۆڵینەوە سەرتاییەكانی تایبەت بە كوژرانی كاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانیی فاروق محەمەد زەرزور دەریانخستووە كە ئەو رووداوە پەیوەندی بە تاوانە تیرۆریستییەكانەوە نییە." بەیرەقدار وتیشی :" ئەو تاوانە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە روویداوە و كوڕێكی كاندیدەكە دانی بەوەدا ناوە كە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە باوكی كوشتووە."  


ئەو شەوەی عەبادی راسپێدرا و مالیكی بەخشرا ئەمە روویدا نووسینی: باقر جەبر زوبەیدی وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ حزبی دەعوەی ئیسلامی نامەیەكی بۆ سەماحەتی مەرجەعی باڵا بەڕێز عەلی سیستانی نارد، داوایلێكرد هەڵوێستی شەرعی خۆی روونبكاتەوە دەربارەی ئەوەی مالیكی خولی سێییەم پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست، لە ناو بوونی بڕێكی زۆر لە رەخنە و ناڕەزایەتی نەك تەنها لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا، بەڵكو لە ناو خودی هاوپەیمانی نیشتمانیدا بە شێوەیەكی وردتر لەناو ریزەكانی حزبی دەعوەدا. دوای مانگێك لە نامەكەی حزبی دەعوە، كە كۆپییەكیمان بەدەست نەگەیشت، سەماحەتی سیستانیی وەڵامی دایەوە كە لە خوارەوە دایدەنێم، ئەو گڵۆپی سەوزی بۆ دەعوە و هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵكرد گۆڕانكارییەكە بكرێت و لەوەڵامەكەیدا مەرجەعی باڵا جەختی لێكردەوە. ئەوەی روویدا ئەوەبوو كە وەڵامەكەی مەرجەعی باڵا بۆ مانگێكی تەواو لای حزبی دەعوە بە پێچراوەیی مایەوە و ناكۆكییەكی توندیش لە ئارادابوو خەریك بووە حزبی دەعوە نغرۆی دابڕان ولێكترازانێكی توند بكات، بەڵام گروپێك لە دەعوە سەركەوتوو بوو لە كۆكردنەوەی 38 ئیمزای ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە پێناوی دەستكردن بە كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لەناو هاوپەیمانی نیشتمانیدا. رۆژی 11/ 8/ 2014 كۆبوونەوەیەك لە ماڵی دكتۆر جەعفەری رێكخرا، بە سیفەتی ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بوو، دوو كاتژمێری خایاند و تێیدا ئیمزای سەرۆك كوتلەكان كۆكرایەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی كە زۆرینەی حزبی دەعوە لەسەری رێككەوتون كە عەبادی وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەشدەكەن. ئەوانەی ئیمزایان كردبوو، لە پێشبڕكێدا بوون لەگەڵ كاتدا، چونكە وادە دەستورییەكان لە كاتژمێرەكانی كۆتاییهاتنیان نزیكدەبوونەوە، تەنها 90 خولەك كات مابوو بۆئەوەی جوڵە بكەین بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی وادەی دەستوری بۆ ئەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران دیاریبكرێت و وەك وەڵامدانەوەیەكیش بۆ بانگەوازی مەرجەعەیەتی باڵا لە گونجان لەگەڵ ئەوەی بە رەزامەندیی نیشتمانی ناونرابوو. پێش ئەوەش چەند گفتوگۆیەكمان لەگەڵ سەركردەی كوتلە سیاسییەكانی گۆڕەپانی نیشتمانیدا كردبوو، بۆئەوەی بۆچونیان بەرامبەر گۆڕانكارییەكە بزانین، هەموو كوتلەكان پشتیوانیان كرد لە بۆچونی بەڕێز مەرجەعی باڵا و ویستی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری. بە كاروانێكی دوورودرێژ بەرەو سەرۆكایەتی كۆمار كەوتینەڕێ‌، كاتژمێر یەك و نیوی نیوەڕۆ بوو، لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆك نەهاتینەدەرەوە هەتا مەرسومی كۆمارییمان بۆ راسپاردنی عەبادی وەك كاندیدی گەورەترین كوتلە نەهێنایەوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوێنێ شەممە لە لوبنان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، یەك هەفتە دوای لوبنان واتە رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت. لەم چەند خاڵەدا" درەو میدیا" بەراوردێكی نێوان هەڵبژاردنەكەی لوبنان و هەڵبژاردنی عێراق دەخاتەڕوو: •    لە لوبنان (500) كاندید كێبركێیان كرد لەسەر بردنەوەی (128) كورسی پەرلەمان، بەڵام لە عێراق (6 هەزار و 986) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمان دەكەن. •    لە لوبنان (3 ملیۆن و 600 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لە عێراق (24 ملیۆن و 33 هەزار و 494) كەس مافی دەنگدانیان هەیە. •    لە لوبنان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمینجار لە مێژوودا رەوەندی دەرەوە بەشداری دەنگدانیان كرد، بەڵام لە عێراق لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە رەوەندی دەرەوە مافی بەشداریكردنیان هەبووە. •    لە لوبنان بەپێی یاسا دەبوو ساڵی 2013 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە، لە عێراق هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. •    لە لوبنان بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردن ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كەمكرایەوە بۆ (15) بازنە، بەڵام لە عێراق بازنەكانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشووە و (18) بازنەیە. •    لە لوبنان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكە لە رێژەی 54%وە بۆ 49.2% كەمیكرد، لە عێراق هەڵبژاردنی رابردوو ئاستی بەشداری ئاستی بەشداری گەیشتە 60%، بەڵام دیارنییە ئاستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەمجارە چۆن دەبێت. •    هەردوو وڵات لوبنان و عێراق بونەتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی نێوان ئێران و سعودیە. •    لە لوبنان كێبركێی هەڵبژاردن لە نێوان سێ پێكهاتەی سەرەكیدایە (سوننە و شیعە و مەسیحی)، لە عێراق بەهەمان شێوە كێبركێ لە نێوان سێ پێكهاتەدایە (سوننە و شیعە و كورد). •    لە هەردوو وڵات بەپێی رێككەوتنێكی نەنوسراو پۆستە سێ‌ پۆستە سەرۆكایەتیەكەی لەنێوان پێكهاتەكان دابەشكراوە، لە لوبنان پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ سوننەیە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ شیعە، سەرۆك كۆماریش یەكلاكراوەتەوە بۆ كەسێكی مەسیحی، بەڵام لە عێراق پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆ كورد دانراوە. •    سیستمی سیاسی هەردوو وڵات پەرلەمانییە، واتە لە لوبنان هاوشێوەی عێراق سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بەخۆی و كابینەكەی دەبەخشرێت. •    لوبنان هاوشێوەی عێراق لە ماوەی رابردوودا بە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی و تائیفیدا تێپەڕیووە. •    سەرۆك كۆماری لوبنان ماوەكەی شەش ساڵە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق چوار ساڵە و هەردووكیشیان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردێن. • خاڵێكی تری هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات لوبنان و عێراق ئەوەیە ژمارەیەك دەموچاوی سیاسی دووبارە لەسەر گۆرەپانەكە ئامادەن، لە لوبنان (سەعد حەریری و حەسەن نەسروڵا و میشاڵ عەون، نەبیه بڕی..)، لە عێراقیش (مالیكی و عەبادی و عەلاوی و نوجێفی و ..).


سەرچاوە: سۆمەریە نیوز هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 21 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت پرۆسەكە رۆژانی 10 و 11 مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت 868993 كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە وڵاتانی دەرەوە  129 ناوەندی دەنگدان و 669 وێستگەی دەنگدان ئامادەكراون بنكەكانی دەنگدان كاتژمێر حەوتی بەیانی دەكرێنەوە و شەشی ئێوارە دادەخرێن پێدوایستییەكانی دەنگدان: -    كارتی دەنگدانی بایۆمەتری یان كارتی دەنگدانی ئاسایی -    كارتی نیشتمانی یان پاسپۆرت یان ناسنامەی باری شارستانیی



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand